“لافاو”

بۆ مۆحەمەد مۆرادی کە خۆی خنکاند...

[خەڵوەتخانەکەت بەجێ بێڵە]

پەندێکی باوکە زۆسیما بۆ ئالیۆشا

لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆف

(کەو)


یەک چارەکە چیرۆکی نیوەتەواو و تێکەڵاوپێکەڵاوم هەیە. یەک لەو چیرۆکانە چیرۆکی باوکێک و کوڕێک و کەوێک و خەنجەرێک و فەرمانێکە.

– سەری ببڕە.

کوڕەکەیش ئەڵێت: (نا)

من  لە نووسین  ترسم هەیە، زۆرجار بۆ نووسینی چیرۆکێک بە مانگ و ساڵ هەوڵ ئەدەم. سەرەتا دڵم خۆش ئەبێت و بە خۆم ئەڵێم ئەم جارە تەواوی ئەکەم، بەڵام دیسان ئەو بێشەرمە بە خۆی و بۆنێکی توندەوە دێت و ئەڵێت “نا ناتوانی”!

ئەڵێم نەفرەت لە بۆنی سیر و سێو، هەمیسان کەم دێنم و چیرۆکەکە نیوەتەواو بەجێ دەهێڵم و دڵتەنگ ئەبم. کاتێک دڵتەنگ ئەبم سێ کار ئەکەم: یان ئەڕۆمە لای “مایکڵ” بۆ پڵاوخواردن، یان کون بە کونی تاران بەدوای کونێکا ئەگەڕێم، یان لە ماڵ ئەمێنمەوە و کتێبی هاگاکورە ئەخوێنمەوە.

لە تاران تەنها دوو هاوڕێم هەیە؛ مایکڵ و هاگاکورە، هاگاکورە یان ئەخلاقی ساموورایی! کتێبێکە باس لە چۆنیەتی بوون بە ساموورایییەکی ڕاستەقینە ئەکات. من دوو کارەکتەری ئەم کتێبەم زۆر خۆش ئەوێت: ئەمیر کاتاسۆشیگە و ئوستاد ئیتای. [ئەمیر کاتاسۆشیگە ئەڵێت: “چوار جۆر ساموورایی هەیە، خێرای هێواش، هێواشی خێرا، هەمیشە خێرا و هەمیشە هێواش.]

خێرای هێواش هەرچەندە فەرمانەکە بەباشی وەرئەگرن و قەبووڵی ئەکەن بەڵام دواتر کات بەفیرۆ ئەدەن و ئەمڕۆ و سبەی پێ ئەکەن.

هەندێک جار پێم وایە ساموورایییەکی خێرای هێواشم، هەندێک جار پێم وایە ساموورایییەکی یاخیم، سامووراییی یاخی ساموورایییەکە کە سەر بە هیچ گرووپێک نییە.

[ئوستاد ئیتای ئەڵێت: دەکرێ متمانە بە یاخیبووان بکەی].

متمانەیەکی زۆرم بە مایکڵ هەیە، هاودێییمە. لێرە چێشتخانەی هەیە و چێشتلێنەرە؛ بۆنی پڵاوەکەی تا کاکێشانی ڕێگای شیری ئەڕوات. ناوی ڕاستەقینەی جوتیارە، بەڵام چونکە دەنگی خۆشە من ناوم ناوە “مایکڵ”. ماتۆڕێکی هەیە وەک کەو ئەفڕێ، کون بە کونی تارانی پێ گەڕاوین، مایکڵ کە ئەمبینێت ئەڵێت: “شایی یان شین؟”، مەبەستیشی ئەوەیە: گۆرانیی شاد یان خەمین.

دوایین جار بەیانییەک تا ئێوارە بەدوای کونێکا کون بە کونی تاران گەڕابووین و زۆر ماندوو بووین و نەماندۆزیبۆوە. لە گەڕانەوەیەکی بەپەلەدا بووین کە هەمیسان پرسی: شایی یان شین؟

وتم: شین …

بەڵام با ڕێگەی نەدا مایکڵ لە قسەکەی من تێ بگا و گۆرانییەکی شادی خوێند.

[ڕێبازی ساموورایی ئەوەیە کە هەموو بەیانییەک مەشقی مردن بکات و بیر لەوە بکاتەوە کە مردنەکەی لەکوێیه، لێرەیە یان لەوێ]

خەنجەرەکە لە دوای ساڵانێک چاوەڕوانی گەیشتە دەستم. مایکڵ ئەم خەنجەرەی لە سەردەشت لە شەقامی هیرۆشیما لە کوڕێکی هەڵەبجەیی وەرگرتبوو. تیخەکەی تیژ بوو، ئەو کوڕە وتبووی تیخەکەی لە بەردی ئاسمانی درووست کراوە. وتبووی ئەم خەنجەرە خەنجەری لافاوی پێشووە …

قەڵەمەکەم و خەنجەرەکەم ئامادە بوون، تەنیا مابوو دۆزینەوەی کونێک!

نووسرابوو: “٤٠ مەتر، نهۆمی خوارەوە، لە ناوەڕاستی شار، تەنیشت وێستگەی مێترۆ، نووسرابوو خانووەکە بۆ پیاو گونجاوترە”.

تەلەفۆنم کردبوو بۆ خاوەنماڵەکە و دوای چەند باس و پرسیارێک کە زانی خەڵکی “قەڵاڕەش”م، وتی:

– کاتێک کە لە زانکۆ بووم، لەسەر خۆکوژییە وەرزییەکانی قەڵاڕەش لێکۆڵینەوەم کردووە.

دوایی هاتە سەر باسی ماڵەکە و وتی:

– ماڵەکە هێمنە تەنیا یەک شتی هەیە ئەویش ئەوەیە کە پیاوێکی پیر جیرانیەتی، دوو کەڕەت ماتۆڕ لێی داوە بۆیە جار و بار شەوانە لە تاو ئێش و ئازاری لەشی ئەناڵێنێت.

پاشان بە پێکەنینەوە وتی:

– ئاگات لە خۆت بێ، خۆت نەکوژی.

[بە بۆچوونی ساموورایی تەنانەت وشەیەکیش گرنگە، گرنگ نییە لەکوێ بێت، لە هەمووی گرنگتر هەڵبژاردنی وشەکانە]

لە ماڵە پێشووەکەمدا دەستم کردبوو بە نووسینی چیرۆکی باوکێک و کوڕێک و خەنجەرێک و لافاوێک. ئەبوایە بۆ چیرۆکەکە توێژینەوەم بکردایە. کە دەستم کرد بە توێژینەوە، کەوتمە سەر چیرۆکی ئیبراهیم:

دوای ئەوەی ئامادەکاری کرا بۆ ئەوەی خودا ئێبراهیم تاقی بکاتەوە، (پێی وت: ئەی ئیبراهیم) (ئەویش وتی: ئێستا من ئامادەم)

– من ئامادەم!

ئەمە وڵامی مەکبێسە بە خاتوو مەکبێس لە شانونامەی مەکبێس، کەچی لە کۆتاییی شانۆنامەکەدا سەری مەکبێس لێ ئەدرێت. ئەوەش وڵامی یەکلاکەرەوەی شێکسپیرە بە مەکبێس وێڕای پەیامێکی ڕوون:

– با فێر نەبی!

ئەنجامی تۆێژینەوەکەم ئەمە بوو:

– شەرم بەشێکە لە ئیمان!

دان بەوەدا دەنێم کە لە منداڵییەوە ئاشقی دەنگی مایکڵ جاکسۆنم بەڵام نەمدەویست مایکڵ جاکسۆن ببینم، ڕابردوویەکی دووری بیر دەهێنامەوە. بەڵام ئەو چیرۆکە شەکەتی کردبووم و دڵتەنگ بووم. لەناکاو کۆنسێرتی ساڵی ١٩٩٧ی شاری موونیخیم خستە سەر(تۆ تەنیا نیت) ئەمە ناوی ئەو گۆرانییە بوو کە مایکڵ دەیخوێند؛ گۆرانییەک بوو لە ئەڵبوومی مێژوو:

تۆ تەنیا نیت/ چونکە من لێرەم لەلاتم/ هەرچەند دوورین لە یەک/ من هەمیشە لەلاتم…

لە دەقەی 1:45 پاسەوانێک، کچێکی بینەری ناو هۆڵەکە هەڵدەگرێت و دەیباتە سەرتەختی شانۆ،

لە دەقەی 3:15 پاسەوانەکە دێت کچەکە لە ئامێزی مایکڵ جەکسۆن جیا دەکاتەوە.

لە دەقەی 1:45 تا دەقەی 3:15 ئەشق و ئامێز و گەیشتن و دابڕان و ڕۆیشتنێکی خێرا ڕوو دەدا.

You are not alone

You are not alone

Say it again,

هاوکات کە دەگریام، منیش دووپاتم ئەکردەوە: چونکە تۆ تەنیا نیت/ چونکە تۆ تەنیا نیت.

لە پڕێکدا بۆنی سیر و سێو وێڕای دەنگی پێکەنینێکی ژەهراوی هات و ژوورەکەی داگرت. من ئەگریام و ئەو پێ ئەکەنی، هەتا من زۆرتر ئەگریام، ئەو بەرزتر پێ ئەکەنی، تووڕە بووم و پێم وت: چڵکاوخۆر.

پاشان پەتە سوورەکەم دەرهێنا و نیشانم دا و پێم وت: بەم پەتە لە ڕێککەوتی 25ی ژانڤیەی 2010 هەڵت ئەواسم و پەتەکەشم ئەویت بۆ مۆزە.

دوایی  پێم وت: با فێر نەبی!

بەخێرایی لە خانووەکە هاتمە دەرەوە و چوومە لای مایکڵ کە خەرێکی لێنانی برنج بوو.

وتی: چەند جار تاقی بکەیتەوە فیر دەبی چۆن لێی بنێیت.

کاتێک پڵاوەکە ئامادە بوو، تا جێم هەبوو خواردم. هەستێکی خۆشم هەبوو ئەو ڕۆژە، بە مایکڵم وت خەنجەرێکی کۆنم دەوێت. ئەو کاتە مایکڵ خەریک بوو ترێ ڕەشەی ئەخوارد، بەتووڕەیییەوە وتی: شایی یا شین؟

منیش بە پێکەنینەوە وتم: شایی…

دوای ئەوە لە چێشتخانەکەی مایکڵ هاتینە دەرەوە، ئیتر گەڕانمان بەدوای کونێکا دەستی پێ کرد، ئەو کاتە هێشتا مایکڵ ماتۆڕی نەكڕیبوو؛ تەنیا خۆی بوو و پڵاوەکەی.

ڕێک ئەو ڕۆژە کە کەلوپەلم برد و چوومە خانووەکە، پیاوە پیرەکە مرد و بۆنی لاشەکەی بەناو بیناکەدا بڵاو ببۆوە. خانووەکە پڕ بوو لە کون، دەبوو بەوردی بیپشکنم و کونەکانیم دۆزیبایەوە. خانووەکە تاریک و ڕوون بوو، تەنها یەک پەنجەرەی هەبوو و ئەویش ڕوو بە دیوار.  خانووەکە هەر 15 خولەک جارێک ئەلەرییەوە. لە خانووەکەدا کاتژمێرێکی کۆنی لێ بوو کە لە 4:15دا وەستابوو.

پاش ئەوەی کەلوپەلەکەم دامەزراند، پڵاوم لێنا و خەوتم. خەوم بینی دایک و باوکم لەسەر ڕێگای کاکێشانی شیری سەما دەکەن. دایکم سەرچۆپی گرتبوو بە دەسماڵێکی سێرەنگ: سپی و شین و بنەوش.

کە لە خەو هەستام، بۆنی پڵاو ماڵەکەی داگرتبوو. بۆنی تەرمەکە نەمابوو و تەرمی پیاوەکیان بردبوو. هەستم دەکرد وەک ئالیوشا لە ڕۆمانی “برایانی کارامازۆف” پەرجۆیەکم بە سەردا هاتووە و کونی موعجیزەم دۆزیوەتەوە.

[جەنگاوەر پێویستە هەموو ڕۆژێک بیر بکاتەوە و هەوڵ بدا ئەم وتەیە لە مێشکیدا بچنێت کە ساتەوەختی بەڵێندراو ئەم ساتەوەختەیە]

کونێکی شینی قووڵم دۆزییەوە. نەدەبوو دوودڵ بم، بۆ ئەوەی فێر بم چۆن بەخێرایی خەنجەر لە خۆم بدەم. فیلمی هاراکیری “ماساکی کوبایاشی”ـم 4 جار دیبوو، قەوە کۆنەکەی کاتژمێرەکەم گۆڕی و چارشێوێکی سپیم کێشا بەسەر کەلوپەلی ماڵەکەمدا.

چیرۆکە نێوەتواوەکانم لە چارەکەکە دەرهێنا و لە کونەکەوە خستمە خوارەوە، چیرۆکێکی تازەیشم نووسی و ئەویشم خستە خوارەوه، چیروکێک بوو خێرا و پڕ لە هەڵەی رێنووسی، چیرۆکی کەوێک و کچێک و کوڕێک بوو.

(7) ژمارەیەک بوو کە هەڵمبژاردبوو. پێویست بوو (7) خەنجەر لەسەر دڵم بدەم ، خەنجەرەکەم دەرهێنا و بەو جۆرە

خەڵوەتخانەکەم بەجێ هێشت…

(لاولاو)

لەو کاتەوە تۆم دیتبوو، خۆم پێ نەگیرا و شل بوومەوە و وەک مێژۆکە دەلەرزیم. لەو کاتەدا زۆر حەزم ئەکرد بوومەلەرزە بێت؛ بوومەلەرزەیەکی بەهێز کە دنیا کاول کات و هیچ کەسێکت بۆ نەمێنێت، بێجگە لە خۆم.

ئەو ڕۆژە دایک و باوکم چووبوونە ئاواییی ڕەشەهەرمێ بۆ شایی و جێیان هێشتبووم. پێم خۆش بوو، دەمەویست ئەشق تاقی بکەمەوە، نامەیەکت بۆ بنووسم. قەڵەمەکەم ئامادە بوو. خێرا چووم وێنەکەی مایکڵ جاکسۆنم هێنا، کە لە گۆشەی حەوشەکەمان لە پشت گوڵەکانی دایکمەوە شاردبوومەوە. سێ گوڵیشم چنی: سپی و شین و بەنەوش.

دەبوایە دوو جار ئەو وشەیە بنووسم کە لەسەر وێنەکەی مایکڵ جاکسۆن نووسرابوو. قەڵەمە سوورەکەم هەڵگرت، داخ بوو، دڵم بەتوندی لێی ئەدا، هەستم ئەکرد بۆمبێک لە دڵمدایە و هەر ساتێک بۆی هەیە بتەقێتەوە. سەرەتا سەیری لاپەڕەکەم کرد. نووسیم:

Love

Love

دوو جار نووسیم. لەژێر نامەکەشی دوو جار بە قەڵەمی شین نووسیم: لافاو. ئینجا لاپەڕەکە و سێ گوڵەکە و پەتێکی سوورم خستە نێو نامەکە. کە هاتمە خوارەوە ویستم لە حەوشەی ماڵ دەرکەوم، پێشتر سەددام لە عەلی کیمیاوی بانگی کردبوو و ئەویش چووبووە ژوورەوە و وتبووی:

– من ئامادەم!

و ئامادە بوو لە کاتژمێر 4:30دا گازی خەردەل تاقی بکاتەوە.

بۆنی سیر و سیۆ دەهات، لاشەم دەخورا، تینوو بووم، دەلەرزیم. سووڕامەوە، لار بوومەوە و لەترم دا و کەوتم بەسەر ئەرزدا. خەوم لێ کەوت و لە خەودا هەر ئاوم ئەخوارد و هەر تێراو نەئەبووم؛ هێندە کە تەواوی ئاوی زەوینم خوارد و تێراو نەبووم…

(لافاو)

[ئوستاد ئیتای دەڵێت هەر دووعایەک بکەیت وڵام دەدرێتەوە]

خۆم بە تاوانبار دەزانی و ئەو ڕۆژە دەبوایە بەپەلەتر بایەم. لەو ڕۆژەوە ترس لە نووسین و نەگەیشتن بەربووەتە گیانم. هێندە کە دەمەویست لە گۆمێکی قووڵدا خۆم بخنکێنم، کەچی هیچ گۆمێک من ناگرێتە خۆی.

دوایی دەستم کرد بە گەڕان بەشوین کونی پەرجۆدا، هەتا چیرۆکە نیوەتەواوەکان و نامەکە فڕێ بدەمە ناوی، بەڵکوو لە ڕێگای کاکێشانی شیرییەوە دایک و باوکم بیگرنەوە و بیگەیێننە دەستی و کۆتایی بهێنن بەم ترس و حەسرەتەی من و ئەم خەیاڵپڵاوە وەڕاست بگەڕێت.

لە نامەکەدا نەمنووسیبوو، لەم چیرۆکەدا دەینووسم:

تۆ وەک بوونەوەرێکی ئاسمانی بوویت کە لە ژیانی من فڕیبوویت، من دانم بە خۆما ئەگرت، ئەگینا دەمتوانی ئەوندە بگریم تا لافاو هەڵسێ و دنیا ئاو بیبا …