پاژێک لە دەقی شیعرەکە:
ئەگەر زیندووبای و ئەم شێعرەم بۆت بخوێندایەتیەوە
جگەرەیەکت هەڵئەکرد، دووان و سییان بە شوێنیا
من نەمەزانی فەرهاد کە چاوپێکەوتنێک یا دان بە بەر دووکانێکا یا تێپەڕینی نەناسێک لە پاڵمەوە
ڕوانینم تن ئەکاتە گۆشەیەکی چۆڵ لەم دنیا
لە دوای بینینی ئەو نەناسراوە لە پاڵمەوە پێ هەڵئەگرم و خێراتر ئەڕۆم
نازانم بۆ لە دوای ئەو دیمەنانەوە تووندتر ئەڕۆم بە ڕێیا
من نەمەزانی تێپەڕینێکی ئاوا ساکار هێندە قووڵە
تێپەڕین لە لای کەسێکی نەناسەوە بێ سەروشوێنم ئەکات
نازانم بۆ جارێک بێ ڕەحمانە وەک خوگ پرسیم
ئەتوانی جگەرەکانت کەم کەیتەوە
هەستم کرد ئەو پرسیارەم ئەوەندە مەرگی هێناوەتە نزیکمانەوە
مەرگ چاوێکی بەرز کردۆتەوە و بە گومانەوە بۆی ڕوانیوم
ڕوانین و هەناسەکێشانی مەرگ، مەرگ کە تووندتر هەناسە هەڵئەمژێ و ئەیداتەوە دەرەوە، قورس و بێدەنگ ئەڕوانێ
ئەگەر زیندووبایتایە و ئازارەکانت کەمتر بوایەن
ئەمتوانی لە شەهیدانی شۆڕشە بەرینەکە قسەم بۆت کردایە
لەوەی کە کورد لە گەڵاڕێزاندا لە مەرگ کەمتر ئەترسێ
ئەموت کە شۆڕش لەدایکبووی گەڵاڕێزانە و
خاکەلێوە قەبریەتی، کار قەبریەتی
ئەموت کە شەهید ئەگەر وێنەکەی ڕۆژێکیش پێش مەرگی گیرابێت
کۆن ئەبێت ، وەها دوور ئەکەوێتەوە لەو وێنە و قاپی ئەگرێ
کە نازانم چۆن مەرگ لە گونجاوترین شوێنی ئەو ماڵە هەڵیئەواسێ
مەرگی تەمەڵ، مەرگی پیر، مەرگ کە خۆی وێنا ئەکەم پیر دێتە بەرچاوم