(١)
هەنووکە پرسیار لە بوون ئەکەم
من لە دەرەوەی ئەوم یا ئەو لە دەرەوەی من.
چۆن تۆ بەدوای ئەودا ڕا ئەکەی
لەسەر شەقامەکان،
لە ماڵەوە : لەسەر سفرە، لە نێو بالیف و
لە لێواری لاپەڕەکان یان لە باڵکۆنی پەنجەرەکەوە ڕوو لە ئاسمان لێی ئەڕوانی.
تۆ بەدوای ئەودا ڕائەکەی.
(٢)
بیەی پسە ئانەیە دەرک کریۆ هەمان ئانەنە کە هەن..(*)
(٣)
ئێستا بوون لە دەرەوەی منە،
لە دەرەوەی پێوانەکردن و شۆڕ بۆتەوە بۆ نێو عەدەم.
ڕا ئەکا بەدوامدا،
هەندێ جار لەسەر شەقامەکان، یا لەسەر سووچی کۆڵانەکان بە دیارمەوە وەستاوە.
جارجارێ هەڵواسراوە بە پەنجەکانمەوە کاتێ پێیان ئەنووسم،
گەلێک جاریش خۆی فرێ ئەداتە سەر سەرینەکەم و
خەونی لەگەڵدا ئەبینم.
(٤)
بوون وەک خواوەندێکی لاسار ڕا ئەکا بە دوامدا
خۆی ئەبارێنێ بە سەرمدا وەک بەفر
باڵکۆنەکە پڕ ئەکا لە گوڵ
سەحەر پڕ ئەکا لە بۆن
سیحر لە هەموو شتێ ئەکا.
بوون وەک خواوەندێکی لاسار ڕا ئەکا بە دوامدا
من لە دەرەوەی ئەو و ئەویش بەدوای مندا سەما ئەکا.
یۆنان- ڕێبەندانی ٢٠٢٥
پەراوێز:
(*) ئەو دێڕە ( بڕگە یان پارچە یان فراگمێنتە Fragment) کە لە شیعرەکەماندا بەکارمان هێناوە و بە زمانی هەورامی وەرمانگێڕاوە و خستوومانەتە ڕوو بە زمانی یۆنانی:
” تۆ خار ئەفتۆ نۆیین ئێستین تێ کە ئینە …τὸ γὰρ αὐτὸ νοεῖν ἐστίν τε καὶ εἶναι یان) واتە: “بوون” ئەوەی کە دەرک دەکرێ هەمان ئەوەیە کە هەیە”یان “وەهایە “بوون” هەمان ئەو شتەیە کە دەرک ئەکرێ”
.ئەو بڕگە، بڕگەی سێیەم B3یەلە دەقی” دەربارەی سروشت”ی فەیلەسوفی پێش سوکراتی پەرمەنیدیس.
لێرەدا بەکورتی چەند تێبینیەک سەبارەت بەو بڕگەیە کە وەرمانگرتووە دەخەینەڕوو:
یەکەم: سەبارەت بە “بوون” و “دەرک”کردن کە لە بڕگەیەدا هاتوون دەپرسین: ئایا کامیان پێش کامیان دەکەوێ؟ ئایا وەک یەک هەن؟ لە ڕاستیدا بڕگەکە بە دوو شێواز وەردەگێڕدرێت، (بوون هەمان ئەو شتەیە کە دەرک دەکرێ) یان (ئەوەی کە دەرک دەکرێ هەمان ئەو بوونەیە کە هەیە). بە سەرنجدان و بیرکردنەوە و لێوردبوونەوە بۆ “من” دەرک”کردن پێش”بوون”دەکەوێت. بەڵام بوون لە خۆیدا “پێش” دەرککردن دەکەوێت.
دووەم: ئایا پەرمەنیدیس لەم بڕگەیەدا “بوون” و “دەرک”کردن پێکەوە گرێ دەداتەوە و وەک هەمان شت بەیانی دەکات؟
سێیەم: ئەوەی تێبینی دەکرێت لە بڕگەی دواتری دەقەیدا باس لە هەبوو”ئۆن” ئەو شتەی کە هەیە” دەکات. (ئەو شتەی کە هەیە هەمان ئەو شتەیە کە دەرک دەکرێ) یان (ئەو شتەی دەرک دەکرێ هەمان ئەو شتەیە کە هەیە). لەبەر ئەوە ئێمە واماندانا بۆ وەرگێڕانەکە “دەرککردن” پێش “بوون” بخەین.
“νοεῖνچوارەم: وشەی “نۆیین
ئەم وشە یان چەمکە وەک ڕاڤەکاران و وەرگێڕەکان ئاماژەی پێ دەدەن دەتوانرێت وەک “دەرکردن”،”عەقڵ” “دەرک یان هوشیاری عەقڵ”ی وەربگێڕێت. ئەوەی جێگای ئاماژەیە لای ئەنگساگۆراس ئەم وشەیەی بەمانای “عەقڵ”خراوەتەڕوو.
پێنجەم: دەقەکە (لە زمانی یۆنانی دێرین بۆ زمانی یۆنانی نوێ)چەند وەرگێڕانێکی بۆ کراوە، بۆ ئەو دێڕە کە بەکارمان هێناوە بڕوانە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە:
- Παρμενίδης, Αποσπάσματα – (παμπάλαια) του Ποιήματος του Παρμενίδη, μτφρ., Βασίλης κάλφας, ΝΕΟ ΠΛΑΝΟΔΙΟΝ, 2024.
- Παρμενίδης ο Ελεάτης. Περί φύσιος, Πρόλογος, Εισαγωγή, μετάφραση, Σχολεία, Γεώργιος Στεφ. Καραγιάννης, Συνεργασία (Εισαγωγή Ι), Δημ. Παπαδής, Ζήτρος 2003, σελ.78-79.
- Γιάννη Τζαβάρα. Σχόλια στο ποίημα του Παρμενίδη, Φιλοσοφικά Δημοσιεύματα 2016, σελ.104-105.