تەکنیکی شەپۆلی هۆش لە چیرۆک و ڕۆماندا

یەکێک لە دەستکەوتەکانی چیرۆکنووسی سەرەتای سەدەی بیستەم، داهێنانی گۆشەنیگای (تاک گوتاری)ـیە. لە گۆشەنیگای کلاسیکدا چیرۆکەکان بە زۆری بە گێڕەرەوەی هەمووشتزان دەنووسران، بەڵام لە تاک گوتاریدا ئەم ڕێچکەیە تێک شکێنراو و زنجیرەی بیرەوەرییەکان بە شێوەیەکی سروشتی و بەبێ بەشداری نووسەر، ڕاستەوخۆ لە زەینی کارەکتەرەکانەوە سەرچاوەیان گرت. نووسەرە مۆدێرنەکان لەو باوەڕەدا بوون نووسینی چیرۆکێکی یەکگرتوو کە سەرەتا و ناوەند و خاڵی ترۆپک و کۆتایی هەبێت سەپاندنی ئادیایەکی زەینییە کە خۆی لە خۆیدا نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی. بە دەربڕینێکی تر وەسفی واقیع لە چوارچێوەی چیرۆکێکدا کە بە کۆمەڵێک یاسای چیرۆکنووسی دەورە دراوە جگە لە نووسینی کۆمەڵێک واتای پێشبینیکراو هیچی تر نییە. بۆیە نووسەری مۆدێرن لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی یەکگرتوو و واقیعێکی ڕەهادا کە هەمووان لەسەری کۆک بن دوور دەکەوێتەوە.

لەبارەی بەکارهێنانی چەمکی تەکنیکی شەپۆلی هۆش، یان تەنانەت خودی پێناسەکەشی لەنێوان نووسەر و لێکۆڵەڕاندا بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە. بۆیە هەر نووسەرە و لە ڕوانگەی خۆی و بەپێی تێڕوانیینەکانی بۆ ئەم چەمکە، داهێنەری تەکنیکی شەپۆلی هۆشی دەستنیشان کردووە. (جێمز لافلین) نووسەرێکی وەک (دۆژاردان) بە داهێنەری ئەم چەمکە دەزانێت و (ئەلیزابێت درو) پێی وایە (دورتی ریچاردسۆن) بۆ یەکەمجار سوودی لەم چەمکە وەرگرتووە {1}.

پۆرترێتی دورتی ریچاردسۆن (١٨٧٣-١٩٥٧) ڕۆماننووسی ئینگلیزی

کاتێک کە باس لە دەرکەوتەیەکی نوێی تەکنیکێکی چیرۆکنووسی بە ناوی (شەپۆلی هۆش) دەکەین، ناکرێت بیرو بۆچوونەکانی سێ کەسایەتیی گەورەی بواری دەروونشیکاری، زیگمۆند فرۆید و کارلس گوستاو یۆنگ و ئالفرێد ئادلێر پشتگوێ بخەین. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا بە هاتنەکایەوەی تیۆرییە دەروونشیکارییەکان و بەرجەستەکردنی هەست و نەست و گرێیە دەروونی و غەریزە سەرکوتکراوەکانی مرۆڤ، پرۆسەیەکی نوێی چیرۆکنووسیش دەستی پێ کرد و تەکنیکی شەپۆلی هۆشیش بە تەواوی لە هەناوی ئەم تیۆرییانەدا سەری هەڵدا. چیرۆکنووسەکان بە کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەم ڕەوتە دەروونشیکارییانەدا، سەرنجی خۆیان زیاتر بۆ دزەکردن بە ناو زەینی مرۆڤ و خستنەڕووی دۆخە دەروونییەکانی کارەکتەری چیرۆکەکانیان تەرخان کرد. زیگمۆند فرۆید بەر لە هەمووان، بە خستنە بەرباسی کۆمەڵێک چەمکی وەک هەست و نەست و گرێی ئۆدیپ، سەرنجی زۆربەی نووسەر و هونەرمەندانی پەلکێش کرد. بەپێی تیۆرییەکانی ئەم دەروونشیکارە، زەینی مرۆڤ خاوەنی سروشتێکی چەندلایەنەیە و ڕابردوو بە شێوەیەکی بەردەوام کاریگەری لەسەر پەرچەکردارەکانی ئێمە دروست دەکات. لەم ڕووەوە بە هەڵکۆڵینی زەینی مرۆڤەکان دەتوانین هەمووو شتێک لە بارەی چۆنیەتیی ڕۆڵ و جووڵەی هاوکاتی چەندلایەنەی زەین و ئەو تێڕوانینەی کە کات بە بەشێک لە پرۆسەیەکی بەردەوام نەک لێک جودا، هەژمار دەکات، بزانین. هەر بۆیە نووسەرەکان لەبریی ئەوەی چوارچێوەیەکی دەرەکی گێڕانەوە لەسەر بنەمای ڕێکخراوی کات بەدەستەوە بدەن، کەوتنە قوڵبوونەوە لە زەینی کارەکتەرەکان تا لەم ڕێگەیەوە، بەسەرهاتەکانیان بگێڕنەوە. فرۆید پێی وایە، غەریزە سەرکوتکراوەکانی مرۆڤ، وەک گرێیەک لە شێوەی هێما و ئاماژە و دڕکە و خەوندا دەردەکەون و بە درێژاییی پرۆسەی ژیاندا بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە و بەم شێوەیە ڕابردوو، ئێستای مرۆڤ دروست دەکات. {2}  

(کارل گوستاو یۆنگ)یش بە هەمان شێوەی فرۆید پێی وایە لە ڕێگەی شیکاری نەستەوە دەتوانین بۆ ناخ و زەینی مرۆڤ دزە بکەین و لەم ڕێگەیەوە کردار و هەڵویستەکانی بە شێوەیەکی ورد شیتەڵ بکەین. بەپێی بۆچوونەکانی یۆنگ نەستی مرۆڤ لە دوو بەشی (نەستی تاک یان کەسێنی) و (نەستی گشتی) پێک دێت. لە نەستی گشتیدا (کۆنەست) میراتی زەینی باب و باپیرانمانی تێدا  تۆمار کراوە و سەرپەرشتی ئەو کردارانە دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی مرۆڤدا نین کە ئەمانەش لە بابەتی وەک خەم و خۆشەیستیی دایک و……..هتد خۆیان بەرجەستە دەکەن و لە نەستی هەموو مرۆڤەکاندا بەدی دەکرێت، بەڵام لە نەستی کەسێنیدا بە پێچەوانەوە سەرپەرشتی ئەو ڕەفتارانە دەکرێت کە لەژێر ڕکێفی مرۆڤدان و ئەمانیش لە بڕیاردان و خواردن و خەوتندا خۆیان دەنوێنن. یۆنگ دەڵێت هیچ بیر و ئەندێشەیەک لە کاتی گواستنەوەی لە نەستەوە بۆ زەین بە شێوەی ئاسایی پێشووی خۆی نامینێت و لە شێوازێکی تر خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. لە کۆنەستدا لە شێوەی ئەفسانە دەردەکەوێت و لە نەستی کەسێنیدا لە شێوەی هێما و ئاماژە ڕەنگ دەداتەوە و بە شێوەیەکی گشتی ئەم هێما و ئاماژە و ئەفسانانە لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا بە ڕەنگ و ڕوخسارێکی تر خۆیان لە هونەر و ئەدەبیاتدا بەرجەستە دەکەنەوە {٣}.

بەم شێوەیە گەر بێت و تەکنیکی شەپۆلی هۆش بە یەکێک لە داهێنانەکانی دەروونشیکاری بزانین، ئەوە پێویستە (ویلیام جێمز)ــی دروونناس و فەیلەسوفی ئەمریکی کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، وەک یەکەم نووسەر دەستنیشان بکەین کە بۆ یەکەمجار ئەم چەمکەی بەکار هێناوە، بەو هۆیەی کە ویلیام جیمز وەک فرۆید و یۆنگ هەوڵیداوە زیاتر پەنا بۆ زەین و بابەتە دەرونییەکانی مرۆڤ بەرێت.

blank
سیکمۆند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩) دروونشیکاری ئوتریشی

ویلیام جێمز لە کتێبی (بنەمایەکانی دەروونناسی)دا باسێکی ورد لەبارەی چییەتیی و چۆنیەتیی ڕەفتاری زەین گەڵاڵە دەکات. ئەو سەرەتا کۆمەڵێک چەمکی وەک (زنجیرەی بیرەوەری) و (ڕستی بیرەوەری) ورووژاند و دواتر ڕەتی کردنەوە و بە مەبەستی ڕەنگدانەوەیەکی وردی چەمکەکە سوودی لە کۆمەڵێک خوازەی وەک ڕووبار و چۆم وەرگرت و وتی: “وەرن با لەمەوبەدوا لە کاتی گفتوگۆ لەبارەی ئەم پرۆسەیەدا، بە شەپۆلی هۆش یان ژیانی زەینی ناوزەدی بکەین”{4}.

پێناسەی تەکنیکی شەپۆلی هۆش

لە ساناترین پێناسەی تەکنیکی شەپۆلی هۆشدا دەتوانین بڵێین، ((شەپۆلی هۆش، بوونی بەردەوام و شەپۆلئاسای، بیر و ئەندێشە و هەستەکانە لە زەیندا{5})). لەم تەکنیکەدا نووسەرەکان یان باشتر بڵێین گێڕەرەوەکان بە دزەکردنە ناو زەینی کارەکتەرەکانەوە لە قۆناغێکدا کە هێشتا وشەکان و ڕەستەکان پەرتەوازەن و هێشتا نەگیشتوونەتە قۆناغی ئاخاوتنەوە، هەوڵی نووسینیان دەدەن، وەک لەم پێناسەیەدا هاتووە، ((لە ڕێگەی شەپۆلی هۆشەوە دەتوانین ئەو ڕووداوانەی کە لە زەینی کارەکتەرەکاندا بە شێوەیەکی ڕێککەوت و شەپۆلئاسا خۆیان نمایش دەکەن، بەرجەستە بکەین{٦}. کاتێک مرۆڤ زەینی چالاک دەبێت، بەشێوەیەکی سروشتی لەنێوان بیرکردنەوە و هەستەکان و بیرەوەرییەکانیدا هیچ پەیوەندییەکی لۆژیکی بوونی نییە و ڕستەکان بە شێوەیەکی پەرتەوازە پەیڕەوی لە ڕیسای ڕێزمان ناکەن و کاتیش تیدا ڕەچاو ناکرێت، بۆیە ئەوەی لەم قۆناغەدا لە زەینی کەسێک تێدەپەرێت زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بە زمان قسەی پێی دەکات. گێڕەڕەوەی مۆدێرن بەبێ دەستکاریکردنی ئەو هەست و بیرەوەرییانە کە لە قۆناغی پێش ئاخاوتندا لە زەینی کارەکتەرەکاندا چەکەرە دەکەن، دەیخەنە سەر پەڕەی نووسینەوە. (سیموور چێتمەن) پێناسەیەکی کورتی بۆ ئەم چەمکە هەیە و دەڵێت: ((شەپۆلی هۆش، دەبڕینی کەڵەکەبووی بیرکردنەوە و بابەتە درکپێکراوەکانە، بەبێ هیچ ڕێکخستنێک {7})) لە ڕاستیدا تەکنیکی شەپۆلی هۆش جۆرێکە لە یاری کە مێشک پێی هەڵدەستێت. کاتێک کە مرۆڤێک لە یەک کاتدا هەست و بیرەوەری و بیرکردنەوەی تێکەڵ بەیەک دەبێت، کۆمەڵێک قسەی تێکەل و ناڕوون دروست دەکات کە بە ئاسانی لێیان تێ ناگەین. بۆیە هەست و نەست، کاتی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو و ڕووداو و بیرەوەرییەکان و هەستەکان تێکەل بە یەکتر دەبن بە جۆرێک کە دۆزینەوەی پەیوەندیی نێوانیان ئەستەم دەبێت، ئەگەر بێت و گێڕەرەوە بۆ نووسینی هەموو ڕووداوەکان پەنا یۆ زەینی خۆی ببات و ڕێکیان بخات واتا دەستکاریان بکات ئەوە سوودی لە گۆشەنیگای مۆنۆلۆگی ناوەکی وەرگرتووە. بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بێت و بەبێ دەستکاری ڕووداوەکان بنووسێتەوە دەچێتە خانەی شەپۆلی هۆشەوە، لە کۆتاییدا بەپێی ئەو تایبەتمەندییانەی کە بۆ بەرهەمەکانی تەکنیکی شەپۆلی هۆش دەستنیشان کراوە دەتوانین بەم شێوەیە پێناسەی بکەین، ((شەپۆلی هۆش تەکنیکێکی گێڕانەوەیە کە تیدا نووسەر هەموو هەست و ئەندێشە و زنجیرە یادەوەرییەکانی کارەکتەرەکان بەبێ هیچ جۆرە شیکردنەوە و لێکدانەوەیەک تۆماریان دەکات)).

بە مەبەستی روونبوونەوەی بابەتی تەکنیکی شەپۆلی هۆش هەوڵ دەدەین نموونەیەکی زیندووی بخەینە بەرچاو:

وا وێنای دەکەین، پیاوێکی بەساڵاچوو کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە ئازار سەرتاپای داگرتووە و لە باڵکۆنی ماڵەکەیدا، قاوەیەکی لە دەستە و دەڕوانێتە هاتوچۆی ئوتومبێلەکان. لەو کاتەدا ئوتومبێلێکی ڕەنگ سوور لە شەقامەکە تێدەپەرێت و شێوەی شۆفێرەکە لە شێوەی هاوسەرە کۆچکردووەکەی دەچێت و کۆمەڵێک بیرەوەریی تاڵ و شیرین دێنەوە خەیاڵی کە چۆن یەکتریان ناسیووە، بەڵام لە کۆتاییدا هەردووکیان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون. لە کاتی ئەم بیرکردنەوەیەدا نەوەکانی لە ماڵەوە خەریکی یارین و هەرا و هۆسەیان زۆرە و ئاورێک دەداتەوە چاوی بە نەوەکانی دەکەوێـت کە بە پێچەوانەی منداڵەکانی کە ڕوخساریان لە هاوسەرەکەی دەچوون، کەچی نەوەکانی زیاتر لە خۆی دەچن و بەمەش لە یەک کاتدا  بیرەوەرییەکانی ڕابردووی یەکترناسینی لەگەڵ هاوسەرەکەی و ڕوخساری نەوەکانی و منداڵەکانی، ئاوێتەی یەک دەبن.

 گەر بێت و کەسێک بیەوێت بیرەوەرییە شەپۆلئاساکانی زەینی ئەم پیاوە بەساڵاچووە بەبێ هیچ جۆرە دەستکارییەک بنووسێتەوە، بەم شێوەیە دەبێت:

((ئێسقانەکانم ئازاریان زۆرە، شۆفێرێک دێـت شێوەی هاوسەرم تێدەپەرێت لەگەڵ شێرپەنجە ڕۆی منیش هەمە، لە ڕیستۆرانتێکی خۆشداین نەوەکانم بە هاژە هاژن دانیشتین، لە من دەچن، قاوەیەکی تاڵی من و ئەو وەک قاوەکەی دەستم دەخۆین، منداڵەکانم لە من ناچن لەو دەچن، چەن ئازارم هەیە چاوم پێکەوت شێوەی ئەو لەگەڵ نەخۆشییەکەم ململانێ دەکەم…))

ئەم دەقەی سەرەوە دەتوانین وەک نموونەیەکی تەکنیکی شەپۆلی هۆش لێی بڕوانین، کە ڕووداوەکانی داهاتوو و ئێستا بە شێوەیەکی پەرتەوازە لە زەینی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەدا ئاوێتەی یەک بوون و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەبێ هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک نووسراونەتەوە. بەڵام گەر نوسەرێکی تر بیرەوەرییەکانی زەینی ئەم کارەکتەرە بە دەستکاریکردنی ڕووداوەکانەوە بنووسێتەوە و بە شێوەیەکی ڕێکخراو یەکگرتوو دایانبڕێژێتەوە، ئەوکات لە گۆشەنیگای تەکنیکی شەپۆلی هۆش لا دەدات و چیڕۆکەکە دەچێتە خانەی گۆشەنیگای تاک گوتاری ناوەکی، هەرچەندە لەم گۆشەنیگایەشدا هێشتا دەقەکە ئالۆزی پێوە دیارە:

((شێوەی خانمە شۆفێرەکەی چەندە لەو دەچێت. بۆ یەکەمجار لە ڕێستۆڕانتێک چاومان بە یەکتر کەوت. دەنگی هاژە هاژی نەوەکانم ماڵەوەی پڕ کردووە. هەردووکمان سەرقاڵی خواردنەوەی قاوەیەکی تاڵ بووین. هیچکام لە منداڵەکانم ڕوخساریان لە من نەدەچوو و زیاتر هاوشێوەی هاوسەرەکەم بوون. نەخۆشیی شێرپەنجە بەرۆکی هەردووکمانی گرت. نەوەکانم تا ڕادەیەک لە من دەچن. من هێشتا لەگەڵ ئەم نەخۆشییە لە ململانێدام. ئەو زووتر ڕزگاری بوو و زوو بە جێی هێشتین هەست دەکەم هەموو ئێسقانەکانم لێک دەترازێن…..))

تایبەتمەندییەکانی تەکنیکی شەپۆلی هۆش

بە شێوەیەکی گشتی، ناتوانین کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ورد و هەمەلایەن بۆ بەرهەمەکانی تەکنیکی شەپۆلی هۆش دەستنیشان بکەین، چونکە هەر نووسەرە و بە شێوازی جیاواز پەنای بۆ نمایشکردنی زەینی کارەکتەرەکانی بردووە. بە هەر شێوەیەک بێت کۆمەڵێک تایبەتەمەندیی هاوبەش چیرۆکەکانی تەکنیکی شەپۆلی هۆش لەژێر یەک چەتر کۆ دەکاتەوە، ئەم تایبەتەمەندییانەش بریتین لە:

1- لە تەکنیکی شەپۆلی هۆشدا، گۆشەنیگای تاک گوتاری ناوەکی لە هەموو یان بەشێکی گرنگی چیرۆکەکە بەکار دێـت و ڕەنگە هەندێکجار سوود لە تەکنیکی گۆشەنیگای (خۆدوێن)یش وەربگرێت. 

2- مەبەستی نووسەر نمایشکردنی ئاگاییی دەروونی کارەکتەرەکانە.

3- لە کۆی چیرۆکەکەدا، زنجیرەی کات و ڕیسای لۆژیکی ڕووداوەکان تێک دەچێت.

4- زەینی کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ و پەرتەوازە نمایش دەکرێت، واتا ئاماژە و مانای ئاڵۆزیان تێدایە. ڕووداوەکانیش بە هەمان شێوە ڕێکخراو نین و پێویستە خوێنەر بە وردی بیانخوێنێتەوە و ڕووداوەکان پێکەوە گرێ بدات تا وێنەیەکی گشتی دەست بکەوێت. لێڵی و ئاڵۆزی زەینی کارەکتەرەکان لە تایبەتمەندییەکی بەرچاوی تەکنیکی شەپۆلی هۆشە بە جۆرێک کە خوێنەر ڕەنگە تا کۆتاییی چیرۆکەکەش لای ڕوون نەبێتەوە.

5- لەم تەکنیکەدا زانیارییەکان تەنیا لە زەینی کارەکتەرەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

6- ئەم چیرۆکانە گوێگریان لە دەرەوەی زەینی کارەکتەرەکاندا نییە و بابەتەکان لە ڕیگەی کارەکتەرەوە ڕەنگ دەداتەوە، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی خۆئاگا ئامانجێکی زەینی یان مانای ڕواڵەتی بابەتەکە مەبەست بێـت.

7- کات لە تەکنیکی شەپۆلی هۆشدا بە پێچەوانەی کاتی چیرۆک کلاسیکەکان لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی ناڕوات و زەینی کارەکتەرەکان بەردەوام بەبێ گوێدانە ڕێکخراوی کات بە شێوەیەکی ڕەها لە نێوان داهاتوو و ڕابردوودا لە هاتوچۆدان بۆ ئەوەی کاتی ئێستای پێ بخەنە ڕوو. بە شێوەیەکی تر کات چیتر وەک زنجیرەیەک ساتی یەک بە دوای یەک هەژمار ناکرێت، بەڵکوو چیرۆکنووس کات بە پرۆسەیەکی بەردەوام لە زەیندا دەزانێـت، کە ڕووداوەکانی ڕابردوو سەر لە نوێ بەرەو کاتی ئێستا ئاڕاستە دەکرێنەوە و تێڕوانین بۆ ڕابردوو و پێشبینی بۆ داهاتوو ئاوێتەی یەک دەبن. بە شێوەیەکی گشتی لەم جۆرە تەکنیکەدا کارەکتەرەکان ڕووبەڕووی دوو جۆرە کاتی دەرەکی و ناوەکی دەبنەوە. کاتی دەرەکی هەر ئەو ساتە ئاساییانەیە کە بە شێوەیەکی ڕیکخراو بە خولەک و چرکەوە دەڕوات و کاتی ناوەکیش پەیوەستە بە زەینی مرۆڤەوە. کاتژمێر، تێپەڕبوونی کات بە شێوەیەکی ڕیکخراو و بەردەوام درێژە پێ دەدات، بەڵام لە زەیندا هەندێکجار ماوەی کاتژمێرێک بە درێژاییی ڕۆژێک تێدەپەڕێت و ڕابردوو و داهاتوو تێکەڵ بەیەکتر دەبن.

8- چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان لە تەکنیکی شەپۆلی هۆشدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، کە تیدا نووسەر پەنا بۆ گێڕانەوەی قۆناغی پێش ئاخاوتنەوە دەبات. لەم قۆناغەدا زمان هیچ جۆرە ڕێکخستن و لۆژێکێکی عەقڵانی تێدا نییە و ڕەگەزەکانی زمان بە شێوەیەکی ئاوێتە و پەرتەوازە لە هەر جۆرە مانایەکی دەرەکی بێ بەرین. بۆیە نووسەر لەم دۆخەدا ناچارە شێوازی گێڕانەوەکەی بە جۆرێک ڕێک بخات، کە تا ڕادەیەک خوێنەر لێیان تێ بگات و بەم کارەش ناتوانێت بە تەواوی لە سنوور و چوارچێوەی قۆناغی پێش ئاخاوتندا، بمێنێتەوە. سوودوەرگرتن لە ڕەگەزەکانی شیعر نووسین بە تایبەت خوازە و هێما و ئاماژە لە زۆربەی چیرۆکەکانی شەپۆلی هۆشدا بەدی دەکرێت. هەندێک نووسەر لەم کارە بە ڕادەیەک زێدەرۆییان کردووە کە لایەنی شیعری دەقەکە بەسەر لایەنی چیرۆکنووسییەکەدا زاڵترە. (فۆرستێر) کاتێک قسە لەبارەی ڕۆمانەکانی (وێرجینا وۆڵف)ـەوە دەکات، ئەو نووسەرە بە شاعیر دەشوبهێنێت: ((شاعیرێکە مەبەستێتی شتێک بنووسێت، کە تا دەلوێ لە ڕۆمان نزدیک بێتەوە {8})).

9- لە چیرۆکەکانی شەپۆلی هۆشدا سوود لە قۆناغی پێش ئاخاوتن (نەست) وەردەگیرێت هەر بۆیە زۆرجار ڕێسا و یاسا ڕێزمانییەکان تێک دەشکێن. لە قۆناغی پێش ئاخاوتندا، نووسەر ڕەچاوی هیچ جۆرە سانسۆر یان هەڵبژاردەیەک ناکات{٩}.

پێگەی نووسەر و خوێنەر لە تەکنیکی شەپۆلی هۆشدا:

وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، داهێنانی تەکنیکی شەپۆلی هۆش لە هەناوی تیۆرییە دەرونناسییەکاندا، ڕەوتی چیرۆکنووسی سەدەی نۆزدەیەمی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بینای چیرۆکنووسی کلاسیکی بە تەواوی تێک شکاند. پڕۆسەی تەکنیکی شەپۆلی هۆش یەکەمین گورزی خۆی ئاڕاستەی نووسەر کرد و بە تەواوی لە پرۆسەی گێڕانەوەکەدا دووری خستەوە. لەم جۆرە تەکنیکەدا زەینی کارەکتەرەکان بوونە سەرچاوەی گێڕانەوە و شوێنی حیکایەتخوانیان گرتەوە. کاتێک کە زەینی کارەکتەرێک لەلایەن نووسەرەوە بە مەبەستی گێڕانەوەی چیرۆکێک هەڵدەبژێردرێت، لەو کاتەدا نووسەر بەتەواوی خۆی لە کارەکتەرەکە جیا دەکاتەوە. هەر وەک (فلۆبێر) دەڵێت: ((بوونی هونەرمەند لە بەرهەمەکەیدا پێویستە وەک بوونی خوا لە ئەفراندندا بێت، نەبینراو و دەسەڵاتدار. ڕێگە بدەن لە هەموو شوێنێک هەستی پێ بکرێت، بەڵام نەبینرێت{10})).

دوورکەوتنەوەی نووسەری هەمووشتزان کە پێشتر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە پڕۆسەی گێڕانەوەدا دەکرد و هەموو زانیارییەکانی لەبارەی ڕووداوەکانی چیڕۆکەکە و کارەکتەرەکاندا دەزانی، و بە شێوەیەکی سروشتی دەخستە دەستی خوێنەرەوە، دواجار ئاڵۆزی و سەرلێشێوای خوێنەری لێکەوتەوە. لێرەدا خوێنەر پێویستە خۆی ئەرکی نووسەر بگرێتە ئەستۆ و بە دزەکردنە ناو زەینی کارەکتەرەکان و کۆکردنەوەی زانیاری و وێنە پچڕ پچڕەکان، بینای چیڕۆکەکە دروست بکاتەوە. بەم پێیە، لە چیرۆکەکانی شەپۆلی هۆشدا، خوێنەر دەبێتە شوێنگرەوەی نووسەر و پێویستە زەینی کارەکتەرەکان بخوێنێتەوە هەر وەک (ئیدل) وتوویەتی: ((ئەمە خوێنەرە کە پێویستە، فۆرمێک بە چیرۆکەکە ببەخشێت و ناچارە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاسپێردراوەکان، بە وریایییەوە ڕەفتار بکات{11})). ئەستەمبوونی تێگەیشتنی خوێنەر لە چیرۆکەکانی تەکنیکی شەپۆلی هۆش لە دوورکەوتنەوەی نووسەرەوە دەست پێ دەکات. نووسەر چیتر لە گێڕانەوەکەدا بەشدار نییە، تاکوو سەرەداوێک بۆ کردنەوەی گرێیەکان بخاتە دەستی خوێنەرەوە. خوێنەریش چیتر ناتوانێت لە سوچێک دابنیشێت بە تەنیا ئەرکی خوێندنەوە و دڕک پێکردنی ڕووداوەکان بێت، بەڵکوو پێویستە هەموو هێز و توانا و ئەندێشەی خۆی بخاتەگەڕ تا ڕووداوە شپرزەکان بە یەکەوە گرێ بدات و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە زەینی خۆیدا چیرۆکێک دروست بکات.

سەرچاوەکان:

١- پورنامداریان، تقی  (١٣٨٩)، رمز وداستان های مرزیدر ادبیات فارسی، تهران، علمی و فرهنگی ص١٤١.

٢- حسین بیات بە نقل از کتاب:

Rachel Baker, Sigmund Freud, New York, Julian Mesner, 1952, pp. 80_120.

٣- کارل گوستاو یونگ، انسان و سمبل هایش، تهران، انتشارات امیر کبیر، ١٣٧٠، ص ١٩ـ٤٠).

4- William, James, The principles of Psychology, New York, Henry Holt, 1980, p. 609

5- Abrams M.A (1993) Glossary of Literary terms, Sixth Edition p.2025

6- Peck Jhon amd Martin Coyle, Literary Terms and Criticism (2002) Third Edition, Macmillan, p. 132

٧- چتمن، سیمور (١٣٩٠)، داستان و گفتمان، ساختار روایی در داستان و فیلم، ترجمە راضیە سادات میرخندان، قم، انتشارات مرکز، مرکز پژوهش های صدا وسیما، ص٢٣٨.

٨- میریام آلوت، رمان بە روایت رمان نویسان، ترجمه محمد علی حق شناس، تهران، نشر مرکز، ١٣٨٠،ص٢١٣.

٩- بیات، حسین (١٣٩٠)، داستان نویسی جریال سیال ذهن، چاپ دووم، تهران، شرکت انتشارات علمی و فرهنگی، ص٩٥-١٧٥

١٠- هەمان سەرچاوە، ص١٤٥

١١- ایدل، لیون (١٣٦٧)، قصە روانشناختی نو، ترجمەی ناهید سرمد، چاپ اول، تهران، انتشارات شباویز. ص ١٩