سوپاس، خانمەکەم
ئەو ژنێکی کەڵەگەت بوو؛ جانتایەکی گەورەی دەستی هەڵدەگرت و بە تەوقێکی درێژەوە بەسەر شانییەوە هەڵی دەواسی. ناو جانتاکەی جگە لە چەکوش و بزمار هەموو شتێکی تێدا بوو. شەوێک، دەوروبەری کاتژمێر یانزدە بوو، کاتێک بە تەنیا ڕێی دەکرد کوڕێک لە پشتییەوە بە ڕاکردن هات و هەوڵی دا جانتاکەی لە دەستی بڕفێنێت. لە ئەنجامی ڕاکێشانەکە تەوقی جانتاکە پچڕا. کێشی جانتاکە لەگەڵ کێشی کوڕەکە تێکەڵ بوون، وای لێ کرد هاوسەنگیی لەشی لەدەست بدا و لە بریی ڕفاندنی جانتاکە و هەڵهاتنی، هیواکانی پێچەوانە بوونەوە، بە پشتدا کەوتە سەر لایەکی شەقامەکە و قاچەکانی بە ئاسمانەوە بوون. ژنەی کەڵەگەت بە سادەیی ئاوڕی دایەوە و شەقێکی بە دواوەی کوڕەکەدا کێشا. دواتر نوشتایەوە و بە یەخەی پێشەوەی هەڵی گرت، ڕایتەکاند هەتا ددانەکانی کەوتنە لەرزین.
دوای ئەوە ژنەکە پێی گوت: “جانتاکەم هەڵبگرەوە، کوڕە، و پێمی بدەوە.” هێشتا بە تووندی گرتبووی، بەڵام کەمێک چەمایەوە تاکوو دەرفەتێکی پێ بدات دابنەوێت و جانتاکە هەڵبگرێت. دواتر پێی گوت: “ئەوە شەرم لە خۆت ناکەیت؟”
کوڕە بە بەرۆکی تووند گیراوەوە گوتی: “با، خانمەکەم.”
ژنەکە پرسیی: “بۆچی وات کرد؟”
کوڕەکە گوتی: “مەبەستم نەبوو.”
ژنەکە پێی گوت: “لەو درۆیە!”
لەو کاتەدا دوو-سێ کەس تێپەڕین، وەستان و ئاوڕێکیان دایەوە. هەندێکیشیان بە بێدەنگی تەماشایان دەکرد.
ژنەکە لە کوڕەکەی پرسیی: “ئەگەر دەستت لێ هەڵگرم ڕادەکەیت؟”
کوڕەکە گوتی: “بەڵێ، خانمەکەم.”
ژنەکە گوتی: “کەواتە دەستت لێ هەڵناگرم.” ئازادی نەکرد.
کوڕەکە بە دەنگی نزمەوە گوتی: “زۆر داوای لێبوردن دەکەم، خانم، بمبەخشە.”
“ئاها! و سەروسەکوتت پیس و پۆخلە. بیر لەوە دەکەمەوە ڕوخسارت بۆ بشۆم. لە ماڵەوە کەست نییە ئامۆژگاریت بکا دەموچاوت بشۆیت؟”
کوڕەکە وەڵامی دایەوە: “نەخێر، خانمەکەم.”
“کەواتە ئەم ئێوارەیە دەشۆردرێ.” ژنەی کەڵەگەت بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن و کوڕەی تۆقیوی بە دوای خۆیدا ڕادەکێشا.
بە سەروسیمایدا وا دەردەکەوت چواردە-پانزدە ساڵان بێت. لەڕ و لاواز بوو، پێڵاوێکی وەرزشی و پانتۆڵێکی شینی لەبەردا بوو.
ژنەکە گوتی: “دەشیا کوڕی من بووایت. ئەودەم فێرم دەکردیت جیاوازیی نێوان ڕاست و هەڵە چییە. لە ئێستادا هەر ئەوەندەم لە دەست دێ دەموچاوت بشۆم. ئەی برسیتە؟”
کوڕەی بەیەخەڕاکێشراو گوتی: “نەخێر، خانمەکەم. تەنیا دەمەوێ ئازادم بکەیت.”
ژنەکە لێی پرسی: “کە بەو سوچەدا پێچم کردەوە، هیچ ناڕەحەتییەکم بۆ دروست کردیت؟”
“نەخێر، خانمەکەم.”
ژنەکە گوتی: “بەڵام تۆ خۆتت خستە داوی منەوە. ئەگەر وا دەزانی پەیوەندییەکەمان بۆ ماوەیەک نامێنێتەوە، خەیاڵت خاوە. کاتێک تووشت بە تووشی منەوە دەبێ، ڕۆڵە، وات لێ دەکەم خاتوو لوێلا بەیتس واشنتن جۆنز لە یادت بمێنێتەوە.”
ئارەقە لەسەر ڕوخساری کوڕەکە دەرکەوت و دەستی کرد بە ململانێ. ژنەکە وەستا و، کوڕەکەی خولاندەوە بەرەو ڕووی خۆی. دەستی لە ملی ئاڵاند و بەردەوام بوو لە ڕاکێشانی بە درێژاییی ڕێگاکە. کاتێک گەیشتە بەردەم دەرگای ماڵەکەی، کوڕەکەی ڕاکێشایە ژوورەوە. چوونە ناو هۆڵێک و دواتر بۆ ناو چێشتخانەیەکی بچکۆلەی ڕێکخراو کە دەکەوتە دواوەی خانووەکە. ڕووناکییەکی داگیرساند و دەرگاکەی بە کراوەیی جێهێشت. کوڕەکە گوێبیستی دەنگی پێکەنین و قسەکردنی کرێنشینانی دی دەبوو لە ناو خانووە گەورەکەدا. هەروەها دەرگای هەندێک ژوور بە کراوەیی هێڵدرابوویەوە، لەبەر ئەوە بۆی دەرکەوت هەر خۆی و ژنەکە نین لەو ماڵەدا. ژنەکە هێشتا لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا ملی ئەوی بە تووندی گرتبوو.
لێی پرسی: “ناوت چییە؟”
کوڕەکە وەڵامی دایەوە: “ڕۆجەر.”
“کەواتە ڕۆجەر بڕۆ لای ئەو دەستشۆرە و دەموچاوت بشۆ.” لە کۆتاییدا ئازادی کرد. ڕۆجەر سەیری دەرگاکەی کرد—دواتر ژنەکە—سەیری دەرگاکەی کردەوە—ئینجا چووە لای دەستشۆرەکە.
ژنەکە پێی گوت: “بهێڵە ئاوەکە بە بەریەوە بڕوا تاوەکوو گەرم دەبێت. ئەوەش خاولییەکی پاکە.”
کە چەمابوویەوە لەسەر دەستشۆرەکە کوڕەکە پرسی: “دەمبەیتە زیندان؟”
ژنەکە گوتی: “بەم ڕوخسارەوە ناتبەمە هیچ کوێ. بە ڕێگاوە بووم بگەڕێمەوە ماڵەوە و ژەمە خواردنێک ئامادە بکەم، کە تۆ جانتاکەمت ڕفاند! ڕەنگە بەم کاتە درەنگە تۆش نانی ئێوارەت نەخواردبێت. خواردووتە؟”
کوڕەکە گوتی: “کەسمان لە ماڵەوە نییە.”
ژنەکە لە وەڵامدا گوتی: “کەواتە پێکەوە نان دەخۆین. دەبێ برسی بیت، یان ئەوەندە برسی بووبیت کە ناچار بوویت جانتاکەم بڕفێنیت.”
کوڕەکە گوتی: “جووتێک پێڵاوی چەرمیی شینم دەویست.”
خاتوو لوێلا بەیتس واشنتن جۆنز گوتی: “پێویستی نەدەکرد بۆ پێڵاوی چەرمیی شین جانتاکەم بڕفێنیت، دەتتوانی داوام لێ بکەیت.”
“خانمەکەم؟”
کوڕە لە ژنەکەی دەڕوانی، دڵۆپە ئاو بە ڕوخساریدا دەهاتە خوار. ساتێک بێدەنگیی درێژ هاتە ئاراوە. بێدەنگییەکی زۆر درێژ. دوای ئەوەی ڕوخساری وشک کردەوە و نەیزانی چیی دیکە بکات، دووبارە وشکی کردەوە. کوڕەکە سەیری دەوروبەری کرد، بیری لەوە دەکردەوە دواتر چی ڕوو دەدات. دەرگاکە واڵا بوو، دەیتوانی لە هۆڵەکەوە بۆی دەربچێ و ڕابکات، ڕابکات، ڕابکات!
ژنەکە لە لێواری قەنەفەکە دانیشت. دوای ماوەیەک گوتی: “منیش ڕۆژانێک وەک تۆ منداڵ بووم، و تامەزرۆی شتانێک بووم کە هەرگیز نەمدەتوانی بە دەستیان بهێنم.”
بێدەنگییەکی دیکەی درێژ هەبوو. کوڕەکە دەمی کردەوە، دواتر ناوچەوانی گرژ کرد، ئاگاداریش نەبوو کە گرژە.
ژنەکە گوتی: “ئاها! وات زانی دەڵێم ‘بەڵام’، وا نییە؟ وات زانی دەڵێم ‘بەڵام من جانتای کەسم نەدەڕفاند’. ڕاستییەکەی، ئەوەم نەدەگوت.” چرکەساتێکی بێدەنگی و وەستان دروست بوو. “منیش شتانێکم کردووە کە پێتی ناڵێم؛ بە خوداشی ناڵێم ئەگەر خۆی پێشتر نەیزانیبێت. بۆیە تۆ دانیشە و منیش شتێک ئامادە دەکەم بۆ خواردن. ئەو شانەیەش بە قژتدا بێنە بۆ ئەوەی ڕێکوپێک دەرکەویت.”
لە گۆشەیەکی تری ژوورەکە و لە پشتی پەردەیەکەوە تەباخێک و سەهۆڵدانێک هەبوون. خاتوو جۆنز هەستایەوە و چووە پشتی پەردەکەوە. ژنەکە چیدی چاوی لەسەر کوڕەکە نەبوو لەوەی ڕا بکات، وەک چۆن جانتاکەشی لەسەر قەنەفەکە جێ هێشتبوو. بەڵام کوڕەکە بە وریایییەوە لە شوێنێکی وەها دانیشتبوو لە لایەکی ژوورەکەدا کە ئەگەر ژنەکە ویستی بتوانێ بە ئاسانی و بە لاچاوێکەوە سەیری بکات. دڵنیا نەبوو ژنەکە متمانەی پێ دەکات یان نا، بەڵام نەیدەویست بێ متمانە بێت.
کوڕەکە لێی پرسی: “پێویستت بە کەسێکە بچێتە فرۆشتگە و شیرت بۆ بهێنێت یان شتێک؟”
ژنەکە وەڵامی دایەوە: “باوەڕ ناکەم پێویستم بێت؛ مەگەر تۆ حەزت لە شیری شیرین بێت. خەریکی دروستکردنی کاکاو بووم لەو شیری قوتووەوە.”
کوڕەکە گوتی: “ئەوەیان باشە.”
هەندێک پاقڵەی لیما و گۆشتی بەرازی خستە سەر ئاگر. کاکاوی دروست کرد، ئینجا سفرەکەی ڕێکخست. ژنەکە هیچ پرسیارێکی دەربارەی شوێنی نیشتەجێبوون و ناسیاوی کوڕەکە، یاخود هەر شتێکی تر نەکرد نەوەک شەرمەزاری بکات. لە بری ئەوە، لە کاتی نانخواردندا باسی کارەکەی دەکرد لە دوکانێکی جوانکاری لە هۆتێلێکدا کە تا درەنگانی شەو کراوەیە. باسی سروشتی کارەکەی و باسی کڕیارەکانی دوکانەکەی کرد کە هەموو جۆرە ژنێکن؛ قژزەرد و قژسوور و ئیسپانی. دوای ئەوە نیوەی کێکە دە سەنتییەکەی خۆیی بۆ بڕی و پێی دا.
پێی گوت: “کەمێک زیاتر بخۆ، ڕۆڵە.”
کە لە خواردن تەواو بوون ژنەکە هەستایەوە و گوتی: “ئێستاش ئەم دە دۆلارە وەربگرە و جووتێک پێڵاوی چەرمیی شین بۆ خۆت بکڕە. جارێکی تریش ئەو هەڵەیە نەکەیت دەست بۆ جانتای من یان هەر کەسێكی تر ببەیت، چونکە پێڵاوێک بە کاری دزی بکڕدرێ پێیەکانت دەسووتێنێت. ئێستاش دەبێ پشووی خۆم وەربگرم. بەڵام ئومێدەوارم لەمەودوا ڕەفتاری جوان بنوێنیت، کوڕم.”
تاوەکوو ناو هۆڵەکە بردی و دەرگای پێشەوەی بۆ کردەوە. سەیری شەقامەکەی دەکرد و گوتی: “شەوت شاد! ڕەفتارت باش بکە، ڕۆڵە.”
کوڕەکە ویستی شتێکی تر جگە لە “سوپاس، خانمەکەم.” بە خاتوو لوێلا بەیتس واشنتن جۆنز بڵێت، بەڵام نەیتوانی. بە سەرکزییەوە ئاوڕی لە ژنە کەڵەگەتەکە دایەوە—بە ئەستەم توانی بڵێ “سوپاس، خانمەکەم.” بەر لەوەی دەرگای لەسەر دابخات. وە جارێکی تر نەیبینیەوە.
Thank You Ma’am. Langston Hughes. https://www.chino.k12.ca.us/cms/lib/ca01902308/centricity/domain/1689/thank%20you%20%20ma%20am.pdf