“کوردم و بە ئاڵایش پێئەکەنم”
(کۆکەیەکی هێرمنۆتیکی بە سەر کۆمەڵەشیعری "قۆزە"دا)
دیارە نووسین لە هەر بوارێکدا بە شێوازێکی ئاکادمیک و پسپۆڕانە، پێویستی بەوە هەیە نووسەر لەو بوارەدا خۆی پسپۆڕ بێت و شارەزایییەکی وردی هەبێت. لە بواری شیعر و شاعیریدا زۆر کڵۆڵم و لە هەست و خەیاڵی ناسکی شاعیرانە بۆ خولقاندنی دەقی ئەدەبی بێوەریم. ئەوەی لێرە ئیزنم پێ دەدات کە تێبینیی خۆم دەرهەق بە کۆمەڵە “شیعر”ی “قۆزە” لە نووسینی بەڕێز ‘عەبوو ڕاوەند’ ئاراستە بکەم، چەشنێک هاوبەشییە لەگەڵ شاعیر لە بواری هەستی مرۆڤانە و ئەزموونی کوردبوون. دیارە ناکرێت لە چەند دێری کورتدا بە شێوازێکی شیاو و تێروتەسەل باس لە تایبەتمەندی و لایەنەکانی کۆمەڵە شیعری “قۆزە” بکەم و لە هەموو بوارێکەوە هەڵیسەنگێنم (لایەنی شیعری و ئەدەبی ئەم شیعرانە لە بازنەی لێکۆڵینەوەی من بەدەرە). هەربۆیە لێرەدا سەرەتا بەکورتی چەند خاڵێکی گشتی سەبارەت بە کۆمەڵە شیعری “قۆزە” باس دەکەم و دواتر بازنەی باسەکەم تا ڕادەیەکی زۆر لە دەور شیعری یەکەم واتە “گورچیلە” (کە لەوانیتر درێژتریشە) خڕ دەکەمەوە.
کۆمەڵە شیعری “قۆزە” وەک زۆربەی شیعرەکانی “شاعیر”ە لاوەکانی کورد پڕە لە هەست و نەستی کوردانە و تووڕەیی و دەنگهەڵبڕینێکی بوێرانەی تێدایە. شاعیر وەک نیشتمان و کۆمەڵگاکەی، ڕۆحێکی ئاڵۆز و سەرلێشێواوە کە هاوکات نوێنەری چەند گوتار و لایەنە و چەندین دوولانە و شتی دژبەیەکی لە خۆیدا و لەنێۆ دێڕبەدێڕ شیعرەکانیدا حەشار داوە؛ ئەگەر ئەم دێڕانەی شاعیر بکەین بە پێوەری خۆمان بۆ خوێندنەوەی کۆی شیعرەکان کاتێک کە دەڵێت: “من بە دەستەکانی نالی ئەتانکوژم لەم شیعرەدا/ جۆرێک کە هەر وشەیەک وشەی پێش خۆی کوشتبێت” (ل ١٩)، ئەوا لەوانەیە ئەو دوولانە و دژوێژییانە تاڕادەیەک لەڕووی ئاگاییی شاعیرەوە هاتبێتنە ئاراوە. شاعیر هەندێجار “نیچە” یان “فەرهاد پیرباڵ”ئاسا بە قسەی نەستەقی لەم چەشنە (“بەشەر گوویەکە لە سێبەرەکەی خۆی هاتۆەتە دەر”- ئەڵبەت لەوانەیە وتەکانی “مارکی دوساد”یشمان بیر بخاتەوە)، دەیهەوێت هەندێک ئانارشیستییانە هەموو هێما و ڕەمزە پیرۆزەکان بە یەکجاری دابڕمێنێت و ناوەڕۆکەکەیان سووک بکات. بەگشتی، کۆمەڵە شیعری “قۆزە” ململانێی نێوان ڕۆحێکی ئاڵۆزی نەتەوایەتی و کوردانەیە (کە پەیتاپەیتا بێدەسەڵاتی و پچڕپچڕبوونی نیشتمان و ڕۆحی مرۆڤی کورد و هەروەها چەوساوەییی تاکی کورد دەنوێنێت)، لەگەڵ ڕۆحێکی نهیلیستییانە و نیچەیییانە کە دەخوازێت هەموو شتە باو و بەها سەلمێندراوەکان تێکڕا تێک بشکێنێت (کەچی هیچ ئاڵترناتیڤێکی ئەوتۆ ناخاتە گەڕ، بەڵکوو زۆرتر هەوڵێکی تێکدەرانە و نەرێنییە). ئەم ئاڵۆزی و پچڕپچڕبوونە لە شێوازی گێڕانەوەی شیعرەکانیشدا دەردەکەوێت؛ شاعیر وەک لە ئاوی سەهۆڵاوییدا مەلە بکات، زوو دەچێتە ناو باسەکانەوە و زوویش دێتە دەرەوە و خێرا باسێکیتر دەخاتە گەڕ؛ وەک بڵێی نووسەر لە ئانوساتێکدا هەموو مێژووی پڕ لە ئازار و ستەم و پەرتەوازەییی ڕۆحی نەتەوەکەی دێتە پێش چاوی و حەز دەکات تێکڕا بیاننوێنێتەوە. شاعیر باس لە هەموو شت دەکات و باسی هیچیش ناکات. پەل بۆ هەموو شتێک دەهاوێت، بەڵام خۆی بە باسێکەوە ناگرسێنێتەوە. باس لە نیشتمان و پارچەپارچەبوونی ڕۆحی کورد دەکات؛ پرسی کۆڵبەر و کرێکار و ئەزموونی هەر کوردێکی کرێکار لە شارە فارسەکاندا دەورووژێنێت؛ بەسەرهاتی دەست و لاقی قرتاوی چالاکڤانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەسێدارەدانی بە ناهەقی لاوانی کورد لە سیستەمی ناڕەوای دەسەڵات دەکات؛ ئاماژە بۆ ئەزموونە تاڵەکانی مێژووی کورد لە کارەساتگەلی وەک ئەنفال و هەڵەبجە و کرماشان و کەرکووک دەکات و لەگەڵ ڕۆحی هەندێ سەرۆکی بەدیلگیراو و شەهیدکراو هاودڵی دەکات؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا تووڕەیە و دەیهەوێت هەموو ئەم ئەزموون و نەهامەتییانە لە ڕۆحی خۆی پاک بکاتەوە و لە گۆڕی شیعرەکانیدا بیاننێژێت، بەڵام وادەردەکەوێت کە بۆی نانێژرێت و دەیهەوێت بە گێڕانەوەیان هەندێک ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات. لە دەستی هەموو کەس و لایەنێک تووڕەیە و لە هەر ئەزموونێکی تاڵیش قەڵسە. بۆیە دەڵێت: “من ئەمەوێت سەری چی شاعیری ئەم وڵاتەیە بیتاشم و/سواری کەرەکەی نالی-یان کەم.” (ل ١٣). ئیدی نازانم ئەم ڕستەیە خودی شاعیریش دەگرێتەوە، یان ئەو خۆی دەر لەو ڕەوتە دەبینێت؟
وادیارە لە هەنبەر لایەنی دەسەڵاتدا خۆی وەک قارەمانێک وێنا دەکات (چوونکە هەموو چەوسانەوە و زڵمی خۆی و نەتەوەکەی لە دەستی ئەو دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرە دەبینێت) و بوێرانە بانگ هەڵدەبڕێت: “گەڕاومەتۆ بێژم ئێمە بە ڕۆژێکی ئەم شارەدا هەڵواسراین/ ملمان کرا بە مانگ و خۆرەوا” (ل ١٧).
بەڵام ئەوەی لەو ململانێیەدا کە ئاماژەمان پێدا بۆمان دەردەکەوێت، لە ئاکامدا “سووژە”ی نەتەوەیی و کوردانەی شاعیر بە سەر “سووژە”ی نهیلیستی و داڕووخێنەردا زاڵ دەبێت و پەیتاپەیتا وەک “دیموکراتێکی هیلاک” لە سووچێکەوە خۆی دەکاتە نێو دێڕی شیعرەکاندا. ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نووسەر لە دەست ئەو “شاعیر”انەی (کە بە شیاوی ئەوەیان دەزانێت کە سواری “کەرەکەی نالی”یان بکات)، زۆرتر تووڕەیە کە چلۆن ئەو هەموو بێڕێزی و کارەساتانە دەبینن و هیشتایش وەخەبەر نەهاتنەتەوە و نابن بە گێڕەوەی ئەو ئەزموونە هەژێنەرانە.
ئەڵبەت، ئاشکرایە کە شکاندن و دەستکێشان بۆ بەها پیرۆزەکان و هێما بڤەکان لەنێو کۆمەڵگایەکی نەریتی و چەقبەستوو و هەروەها لەم قڕانگای “فەزای مەجازیە”دا کە ڕۆژانە بە دەیان کوردی دڵسۆز مۆرکی “جاش” و “خۆفرۆش” و “لادەر” و “کافر” دەگرن، ویستێکی بوێرانە و سووپڕمەنانەی دەوێت و لەم سۆنگەیەوە هەڵوێست و بوێری شاعیری “قۆزە” شیاوی ئاماژەیە.
بەشێکی زۆر لە وێنەسازییەکان و هەروەها دەستەواژەکانی “قۆزە” دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی ڕاستەوخۆ و ژینجیهانی شاعیر کە لە ژیان لە گونددا بۆی دەستەبەر بووە، بەڵام ئەو زۆرجار بە جوانی لەو دەستەواژەگەلە بۆ ڕەخنە لە بابەتی شار و کۆمەڵگا، دەسەڵاتی سیاسی و بابەتی کۆمەڵایەتی کەڵک وەردەگرێت.
هەر وەک وتمان، دوولانەیەک خۆی خزاندوەتە نێو دێڕبەدێڕی کۆمەڵە شیعری “قۆزە” و لەناکاو دەکۆکێتەوە و هێمنیی بە ڕواڵەتی کەشەکە دەشکێنێت و خۆی دەسەپێنێت. نووسەری “قۆزە” لە لایەکەوە دەیهەوێت هەموو ئەو چەوسانەوە و ئازار و زوڵم و نەهامەتییانەی کە بە درێژاییی مێژوو بە سەر کورددا هاتوون و ڕۆحی پارچەپارچەکراوی تاکی کوردی پێک هێناوە، وەبیر خوێنەر بێنێتەوە و لە ڕوانگەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیییەوە ڕق و کینەی خۆی دژ بە هەموو “ئەویدییەکانی” کورد هەڵبڕژێنێت؛ چوونکە خۆی بە بەشێکی جودانەکراوی بەسەرهات و مێژووی ئەو ڕۆحە گشتی و نەتەوەیییە دەزانێت و ناتوانێت دەرهەقی بێموبالات بێت: “من تەواوی مردووەکانی ئەم مێژووە بە سەر دەستمۆ ماونەتۆ و نانێژرێن” (ل ١١). بەڵام بە ناشتنیشیان دیسان کێشەکە چارەسەر ناکرێت؛ چوونکە سرشتی زوڵم و چەوساندنەوە و ئازاری نامرۆڤانە لە لایەن ئەویدییەکانی کوردەوە، ئەوەندە قووڵن کە دوور و درێژیی زەمەن و مێژوویش ناتوانێت گەردی فەرامۆشی بە سەریاندا بکێشێتێ، بەڵکوو هێگل گوتەنی وەک “برینێک” بۆ هەمیشە لە سەر ڕۆحی کورد جێگاکەی دەمێنێتەوە.
لە لایەکیترەوە، شاعیر دەخوازێت لە کۆمەڵگایەکی پڕ لە هێما و بڤەدا، لێوانلێو لە حیزب و ئایدۆلۆژی سیاسی و ئایینی، لەگەڵ هەموو هێما باوەکان و هەموو شتە پیرۆزەکاندا بەیەکجاری شەڕ بکات و ڕەوڵی سووپڕمان بگێڕێت و بیانباتە ژێر پرسیارەوە (بەتایبەت کە بۆ ئەم مەبەستەیش زۆرتر لە دەستەواژەگەلی بڤەی سێکسی بەهرە دەگرێت). ئەگەر ئەو هەڵوێستەی “فرۆید”مان قەبوڵ بێت کە “باوک” (یاسای “نێوی باوک”) زقترین و بەرچاوترین هێمای زاڵیەتی و دەسەڵاتە لەنێو ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا، ئەوا بەپێی ئەم پێوەرە شاعیر نەیتوانیوە ئەم هێما بشکێنێت و خۆی لەژێر ڕکێف و کاریگەریی ئەودا ڕزگار بکات. ڕوو لە خوێنەر دەکات و پێی دەڵێت: “ئەتوانن باوکتان بێنن و لێرە بیکوژن” (ل ١٥). (لێرە “کوشتنی” باوک واتە خۆ ڕزگارکردن لە هەموو ئەو پێکهاتانەی کە بەر بە ئازادی ویستی تاک و دەربڕینی بیروڕا لە ژیانیدا دەگرێت). بەڵام شاعیر خۆی ناتوانێت لەم قۆناغە سەخڵەتە تێپەڕێت و ئەم بڤەیە، ئەم باوکە هێمایینە، دابڕمێنێت و “بیکوژێت”. هەرچەند بانگەشە بۆ کوشتنی دەکات، بەڵام ئەو ئامۆژگارییە بۆ بەردەنگەکانی دەکات، خۆی بویری و ورەی ئەو کارەی نییە (ئەدی ئەو وەک کوردێک کە ڕۆحی وەکوو وڵات و زێدەکەی پارچەپارچە بووە، ئەگەر دەست لەم باوکە هەڵ بگرێت و تێکی بشکێنێت، پەنا بۆ چی ببات و دەست بە کوێوە بگرێت، جگە ئەوەی باوکێکیتر هەڵببژێرێت؟). هەربۆیە لە درێژەی شیعرەکەدا کاتێک دەست بۆ بڤەکان دەکێشێت و دەیهەوێت بیانباتە ژێر پرسیارەوە و ناوەڕۆکەکەیان بەتاڵ بکات، “سارتر” گوتەنی لەژێر کاریگەریی “ڕوانینی زاڵ و تیژی” باوکی دەترسێت و بەهێمنی باسەکە دەورووژێنت، نەوەک باوکی ئەم وتانەی ببیسێت! “ئێمە کە لە برینەکانی خۆشمان ئاومان دێتەوە/ ئێمە کە بەلەبەلە بۆ کێری فەرهەنگ بازی کوورش ئەکەین و/ بۆ عۆرەتەکانی ناو قورعان ئەکەین/ تا ئایەتێکی تیامانا هەڵسێ/ تیامانا بنیشێتەوە/ سەرەوژێرمان بنێت/ با باوکم نەبیسێت ئەم شیعرە” (لل ٢٩-٢٨) [جەخت لە سەر وشەکان زیادکراون]. نووسەر کە بڕیار بوو بڤە و هێما زاڵەکان هەڵوەشێنێتەوە، تێکڕا وەبیری دێت کە خەریکە لەژێر سێبەری “باوک”یدایە و بۆیە قسەکانی لێ قایم دەکات و بە دزییەوە دەریان دەبڕێت. “باوک” لەم دێڕانەدا هێمای پاسەوانی دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیکی “فێقه”ه کە تەنها ڕەوڵی ئایینی ناگێڕیت، بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت ڕەوڵێکی سیاسی گێڕاوە. هەر هەمان پێکهاتەیە کە بە پشتیوانی دەسەڵات لە بواری سیاسییەوە دەرهەق بە گەلی کورد داپڵۆسێنەر بووە، بۆیە شاعیر ئەڵێت: “تاران ئەگەر بێزووی مەرگ بیگرێ/ وەرز بە وەرز دوات ئەکەوێ/لە هەر کتێبێک/ لە هەر لاپەڕەیەکا/ لە هەر تێبینییەکا بتگرێ سەرت ئەبڕێ.” (ل ٢٤).
بەڵام لای شاعیر، باوک تەنها هێمای زمانی زبر و ڕووی تاڵ نییە کە خۆی لەو چەشنە کردەوە داپڵۆسێنەرانەدا بنوێنێت، بەڵکوو هەندێجار و لە سۆنگەیەکیترەوە ڕەوڵی هاودڵی و شۆناسی هاوبەش و لایەنێکی ڕۆمانتیکییانەی هەیە کە ئەتوانێت ڕەمزی نیشتمانێکی داگیرکراو و “هیلاک” بێت کە شاعیر پشتی پێوە بەستووە: “من باوکم هەناسەی هەڵەبجەمە و/ هیلاکە و تەوێڵی بە قۆڵی ئەم شیعرە ئەسڕێت/ … من باوکم خۆی وەرزێک بوو لە بوون.” (ل ٣١). شاعیر لە چرکەساتێکدا دوو هەڵوێستی دژبەیەک دەگرێت دەرهەق بە نیشتمان (باوک) و مێژووی خۆی. کاتێک ئەڕوانێتە ڕابردووی هیچێک نابێنێت جگە لە تاریکی و “چۆڵی”: “ڕابردووم بایەقوشە و/ دەنگم پڕە لە چۆڵی …” (ل ٢٨). تەنانەت ئەوەندە لە ڕابردوو و مێژوو وەڕەزە کە ئامادەیە کە لە چاوترووکاندنێکدا بەخۆڕایی نە تەنیا هەموو مێژوو بفرۆشێت، بەڵکوو حازریشە هەموو “کەرامەتی” مرۆڤیش هەڕاج بکات: “من حازرم مێژوو بە تەواوی شەڕەکانیەوە بفرۆشم/ بە کەوان و گورزەکانیەوە/ قەبووڵ کەن کە مناڵی سەردەمی هەڕاج کردنی کەرامەتی مرۆڤم.” (ل ٨٣). ئەو لە هەمان کاتدا ئەبێت بە “سووژە”یەک کە مل بۆ ساکارترین داب و نەریتی هەمان مێژوو دادەنەوێنێت و بە شێوازێکی نۆستالژیک حەز دەکات بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و ببێت بە تفەنگێک کە پێشمەرگەیەک لە شانی کات و ببێت بە پێڵاوێک لە پێی کەن و ببێت بە دڵدار و هەڤاڵی شاخ: “زەمان دەستی بڕیوم و ناگاتۆ بە ڕابردوو/ ئەنا ئەبووم بە کەوش و لە پێم کەن/ ئەبووم بە تفەنگ و لە شانم کەن/… من و شاخ دوو دڵداری عاشقە و ماشقەین.” (ل ٨٢). واتە هەر ئەو مێژووە کە بە تووڕەیییەوە تفی لێ دەکات و ڕقی لێیەتی و حاشا لە هەموو شەڕەکانی دەکات، ناتوانێت لە کۆڵ خۆیی بکاتەوە و وەلاینێ: چوونکە مێژوو و “نەریت” جلوبەرگێک نییە کە بە ئاسانی لەبەری کەیت و بە ئاسانیش دایکەنیت و وەلای بنێیت؛ مێژوو و سوننەت وەک تەوقێک وایە کە کراوەتە ملی شاعیر. ئەمەیش بە تەنها چارەنووسی ئەو نییە، بەڵکوو چارەنووسی هەر تاکێکی کوردە لە هەنبەر مێژوو و نەریتی خۆیەوە، تەنانەت ئەگەر ڕقیشی لێی بێ قەد ناتوانێت لە کۆڵ خۆی کاتەوە.