هزری جامه‌پۆشی لای ئه‌هلی حه‌ق
ئه‌گه‌ر چی لێره‌دا هه‌وڵی ئه‌وه نادرێ كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قووڵ له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی جامه‌پۆشی و یه‌كێتیی عیرفانی بكرێ، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێ چه‌ند پوخته‌یه‌كی به‌رایی سه‌باره‌ت به بنه‌ماكانی ئه‌هلی حه‌ق بخه‌ینه ڕوو. سه‌ره‌تا سه‌رنج له‌وه ده‌ده‌ین كه چه‌مكی جامه‌پۆشی لای ئه‌هلی حه‌ق هاومانا و هاوناوه‌رۆكی ئه‌و مانا باوه نییه كه لای مه‌سیحییه‌ت هه‌یه. له‌م جۆره وێناكردنانه‌دا لای ئه‌هلی حه‌ق كه به‌رهه‌می سهنتێزێكن له چه‌ندین بیرۆكه‌ی ئایینیی جیاوازه‌وه، جامه‌پۆشی هه‌موو كات له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ته‌ماشا نه‌كراوه: هه‌ندێ كات ئه‌م بیرۆكه‌یه لایه‌نێكی جه‌سته‌یی هه‌یه و هه‌ندێ كاتیش شێوه عیرفانییهكی زاڵه. له گۆشه‌نیگای زاهیری(ئێكزۆتێریكی)یه‌وه، واته له هه‌مبه‌ر ئه‌و موسڵمانانه‌ی كه ده‌وره‌یان گرتوون، ئه‌هلی حه‌ق ڕووناكی ده‌خه‌نه سه‌ر شێوه عیرفانییه‌كه‌ی جامه‌پۆشی به‌و جۆره‌ی كه ده‌خوازن. به‌ڵام له گۆشه‌نیگای ڕازپارێزی ـ باتینی(ئێزۆتێریك)یه‌وه، له‌و ده‌قانه‌دا كه بۆ ئه‌ندامانی ئاینه‌كه جیاكراونه‌ته‌وه، واته ئه‌و ده‌قانه‌ی كه به شێوه‌زاری تایبه‌ت به خۆیان نووسراوه، نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نیا شوێنه‌واری په‌ره‌سه‌ندنی مادی به‌شێوه عیرفانییهكهیهوه، به‌ڵكو به‌شێوه جهستهییهكهیشییهوه ده‌بینرێت. كه‌واته جامه‌پۆشی بیروباوه‌ڕێكی بنه‌ڕه‌تییه لای ئه‌هلی حه‌ق. جامه‌پۆشی بۆ ئه‌وان پۆشهرێكه، كه تێیدا ڕواڵه‌تی جه‌سته‌یی به بوونێكی فریشته‌یی یا مرۆیی تایبه‌تمه‌ند كراوه. دیارده‌ی جامه‌پۆشی تێكڕای ئهفرێنراوان له‌خۆ ده‌گرێ: كه ئه‌مه‌ش واته ”دۆن”. ته‌نانه‌ت خودی خودایشی لێ به‌ده‌ر نییه. له‌پاش په‌یمانێك له ده‌ستپێكی ئه‌فران(خیلقه‌ت)ه‌وه، فریشته‌كان داوا له خودا ده‌كه‌ن كه خۆی ده‌ربخات. خودایش هه‌زار و یه‌ك دۆنادۆن (لهشگۆڕكێ) به‌سه‌ر فریشته و ئهفرێنراوانیدا، له ماوه‌یه‌كی نزیك به په‌نجا ساڵ (به تێكڕایی په‌نجا هه‌زار ساڵ) ده‌سه‌پێنێت. به‌پێی ئه‌هلی حه‌ق، ئه‌م دۆنادۆنه یهكبهدوایهكانه، زامنكه‌ری جێبه‌جێكردنی دادوه‌رییه و پاساوی جیاوازییه‌كانی هه‌لومه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خێر و شه‌ڕ و مه‌رگی ناوه‌ختی مناڵان ده‌داته‌وه. له ڕاستیدا جامه‌پۆشی، پاداشتدانهوه یا كه‌فاره‌تی ژیانێكی پێشووتره. به درێژاییی ئه‌م دۆنادۆنه به‌رده‌وامانه، مرۆڤ ده‌بێ خۆی پێ بگه‌یه‌نێت؛ وه‌ختێ گوناهێك ده‌كات، ده‌بێ مل به دۆنادۆنی ئهدهبكهر بدا كه ]بێگومان[ ئه‌مه‌ش گه‌یشتنی به دوایین قۆناغ دره‌نگ ده‌خات: واته په‌یوه‌ستبوون و بینینی خودا. بۆ پارێزكارانیش، ئه‌م قۆناغه به ههزارویهكهمین دۆنادۆن داده‌نرێ. به‌پێی ئه‌مه، ژیانی هه‌ر مرۆڤێك ڕێكردنێكه به‌ره‌و كامڵبوون.
ده‌ركه‌وتنی خودایی Théophanie
خودا له دیدی ئه‌هلی حه‌قه‌وه، خودایه‌كی خه‌مباره كه به‌هۆی نه‌ناسینییه‌وه ئازار ده‌كێشێ. هه‌بوون ده‌ئافرێنێ تا بناسرێ و خۆش بویسترێ. به‌پێی په‌یمانێك كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌فرانه‌وه به‌سترا، به‌ڵێنی به فریشته‌كان دا كه خۆی نیشان بدات. ئه‌م په‌یمانه‌ش له چه‌ندین ڕووی جیاوازه‌وه ده‌باته‌سه‌ر. ئه‌و هه‌میشه له لهدایكبوونهوهدایه، وه‌كوو مه‌سیح له دایكێكی باكیرهوه و له‌دایكبوونیشی به‌شێوه‌یه‌كی باوبهدهر ده‌كه‌وێته‌وه. له‌هه‌ر ده‌ركه‌وتنێكیدا فریشتهگهلێكی له‌گه‌ڵدایه كه ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئه‌و ده‌رده‌كه‌ون، له چاوه‌ڕوانیدا ده‌وستن و مژده‌به‌خشی ده‌ركه‌وتنی ده‌بن. یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنی له كه‌سایه‌تیی عه‌لیدا بووه. دایكی، ناوی فاتیمه‌ی كچی ئه‌سه‌ده كه به‌ڕواڵه‌ت هاوژینی ئه‌بوتالیبه و به‌هۆی خوداوه لێی دووگیان بووه.
یه‌كێكی تر له كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌كانی ئه‌هلی حه‌ق موباره‌ك شای ناسراو به شاخۆشینی لوڕستانی[1] (ده‌وربه‌ری 330ی كۆچیی مانگی)یه كه خودای تێدا به‌رجه‌سته بووه. دایكی، ژنێكی جاهێڵ، به ناوی جه‌لاله‌ی كچی میرزا ئامانه[2] بووه. تیرۆژێك ده‌چێته ده‌مییه‌وه و به‌م شێوه به شاخۆشینهوه دووگیان بووه. ماڵباتی جه‌لاله لێی گومانبار ده‌بن و ده‌یانه‌وێ بیكوژن. به‌ڵام شاخۆشینی له زاره‌وه ده‌بێ و هه‌موو باوه‌ڕی پێ دێنن. شاخۆشین ڕۆژێ له ڕووباری گاماساو[3]دا نوقم ده‌بێ و له‌به‌رچاوان ون ده‌بێت. پاش ماوه‌یه‌ك، خودا له كه‌سایه‌تیی باباناووس[4]دا خۆی ده‌رده‌خات. خاتون گولی دایكی، به‌ر له‌وه‌ی كه شوو بكات، دووگیان بووه. ئه‌مه‌ش گومان ده‌خاته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی مناڵه‌كه‌ی له ده‌مییه‌وه دێنێ و هه‌موو باوه‌ڕی پێ دێنن.
له نزیكه‌ی سه‌ده‌ی هه‌شته‌می كۆچیی مانگی‌دا، گه‌وره‌ترین ته‌جه‌لیی خوداوه‌ند له كه‌سایه‌تیی سوڵتان سه‌هاك[5]، دامه‌زرێنه‌ری ڕێبازی ئه‌هلی حه‌قدا ڕوو ده‌دا. چوار فریشته، كه له چوار مرۆڤدا به‌رجه‌سته بووبوون، له‌سه‌ر كێوی شاهۆ كۆ ده‌بنه‌وه. به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی هاتنی خوداوه، پاش سێ شه‌و و سێ ڕۆژ به‌ڕۆژوبوون خودا له شێوه‌ی شابازێكی سپی‌دا ده‌رده‌كه‌وێ و پێیان ده‌ڵێ: »دیدار له شاری به‌رزنجه ده‌بێت. له‌وێ پیاوێكی پارێزكار به ناوی شێخ عیسا نیشته‌جێیه. بۆ هاوژینیی، كچێكی جاهێڵی به ناوی دایراكی كچی حسێن به‌گ[6] له هۆزی جه‌لد بۆ بخوازن«. فه‌رمانیان پێ ده‌كات كه له نزیكی ماڵی شێخ عیسا دارتوویه‌ك بنێژن و فه‌رمان به ئیوه‌ت[7] ده‌كا كه پارێزگاری لێ بكات. پێیان ده‌ڵێ: »وه‌ختێ دارتووه‌كه وشك هه‌ڵگه‌ڕا و سه‌وز بووه‌وه و شابازه سپییه‌كه به‌سه‌ریه‌وه نیشته‌وه، ئه‌و كاته سه‌روه‌ختی گه‌ڕانه‌وه‌ی من ده‌بێ«. فریشته‌كان گوێڕایه‌ڵییان نواند. وه‌ختێ هه‌موو ئه‌م كارانه ئه‌نجام دران، ئیوه‌ت، هه‌واڵی خۆشی ده‌ركه‌وتنی خودا له گێتیدا به هاوڕێكانی ڕاده‌گه‌یه‌نێ. له كاتێكدا كه ئه‌و (واته دایراك) دانیشتووه، شابازی سپی به‌ره‌و ڕووی هات. شاباز كه‌وته سه‌ر ئه‌ژنۆكانی؛ دایراك له باوه‌شی گرت و له به‌رامبه‌ر دڵی ڕایگرت، ]له‌ناكاو[ منداڵێكی له باوه‌شیدا بینی كه ناوی سوڵتان سههاكیان لێ نا. ]ئه‌گه‌رچی[ تیره جیاوازه‌كانی ئه‌هلی حه‌ق له كه‌ڕه‌ته‌كانی ده‌ركه‌وتنی خودادا، واته له ژماره‌ی ده‌ركه‌وتنه‌كانی دواتر و كه‌سانێك كه جه‌سته‌ی ده‌ركه‌وتن بوون، هاوڕا نین، به‌ڵام باوه‌ڕه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به ده‌ركه‌وتنی خودا و بیروبڕوای جامه‌پۆشی به‌هه‌مان شێوه‌ی خۆی ده‌مێنێته‌وه.
ده‌ركه‌وتنی فریشته (Angélophanie) یان فریشتهچهشنی (Angélomorphose)
ئه‌هلی حه‌ق باوه‌ڕیان به‌و شته هه‌یه كه ده‌توانین ناوی ده‌ركه‌وتنی فریشته یان فریشتهچهشنی لێ بنێین. فریشته‌كان، ده‌توانن خۆیان له مرۆڤه‌كاندا ته‌جه‌لی بكه‌ن و له هه‌موو ڕوویه‌كی هاوشێوه‌وه خۆیان له فۆرمی ئه‌ودا ده‌ربخه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌یشتوانن بچنه ناو جه‌سته‌ی مرۆڤێكه‌وه، مرۆڤێك كه له ناكاوێكدا له‌نێو ئیشراق و شیفتهبوونی ڕۆحانی خۆیدا په‌ی به فریشته‌بوونی خۆی ده‌با و ڕابوردووی فریشته‌ئاسای خۆی و ئه‌و له‌شه جۆراوجۆره مرۆیییانه‌ی كه له كاتی فریشتهبوونیدا داگیری كردوون، بیر ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مه‌ش میناكێ، كه له ترادیسیۆن و ده‌قه‌كانی ئه‌هلی هه‌قه‌وه وه‌رمان گرتووه: ماوه‌یه‌ك به‌ر له خودادهركهوتنی گه‌وره له كه‌سایه‌تیی سوڵتان سههاكدا، ڕوخساری زۆر ناسراوی خودایه‌تی لای ئه‌هلی حه‌ق، پیربنیامین، نزیكهفریشتهی جوبرائیل[8]، ده‌چێته له‌شی وهرزێریكی هه‌ژاره‌وه به ناوی خدر، له شاره‌دێی پاوه‌ی كوردستان. له‌م جه‌سته مرۆیییه‌دا، فریشته‌كه ئاگابوون به خۆی له‌بیر ده‌كات. ئه‌مه له كاتێكدایه كه وهرزێرهكه له‌نێو بێچارهیییهكی جه‌سته‌یی و مادی گه‌وره‌دایه، ]له‌و كاته‌دا[ پیرموسا، نزیكهفریشتهی میكائیل[9]، له به‌رگی پیشبینێكی ناسراو به ڕوكنهدین، له دیمه‌شقه‌وه دێ، ده‌گاته پاوه و سه‌ردانی ئه‌م وه‌رزێره ده‌كات. ]پیرموسا[، به‌ختی بۆ ده‌گرێته‌وه و پێی ده‌ڵێ كه ئه‌و جوبرائیل بووه. له‌م كاته‌دا وهرزێرهكه ده‌كه‌وێته ناو شۆڕوشه‌وق و ئاگایی به‌رامبه‌ر پله وپایه‌ی فریشته‌ئاسای خۆی په‌یدا ده‌كات. خودا له تهجهلیبوونی پێشتریدا له كه‌سایه‌تیی باباناووسدا، هه‌واڵی هاتنی پاشتریشی دابوو. بۆیه فریشته‌كان پاش چاوه‌ڕوانییه‌كی درێژ، ده‌ست به لێگه‌ڕانی خودا ده‌كه‌ن و شوێنپێی له نزیكی كانییه‌ك، له ده‌وروبه‌ری كێوی شاهۆ (زنجیره‌چیای زاگرۆس) ده‌دۆزنه‌وه. ئه‌وان، سێ شه‌و و سێ ڕۆژ له چاوه‌ڕوانی هاتنی خوداوه‌نددا ڕۆژوو ده‌گرن و ]پاشان[ به‌و جۆره‌ی كه به‌ڵێنی دابوو، ده‌رده‌كه‌وێت.
میوانیی ڕهوتهنیی خودا و فریشته‌كان
ئه‌هلی حه‌ق، باوه‌ڕیان به جۆرێكی تر له جامه‌پۆشی هه‌یه، كه میوانیی ڕه‌وته‌نی پێ ده‌گوترێ. واته سه‌ردانكردنی خودا یان فریشته‌یه‌ك، كه ببێته شانازیبه‌خشی به مرۆڤێكی چاك و ڕووناكی بكاته‌وه. خودا یا فریشته‌كه له مرۆڤه‌كه‌دا نیشته‌جێ ده‌بێ؛ واته بۆ ماوه‌یه‌ك له كه‌سایه‌تیی ئه‌ودا ده‌مێنێته‌وه. وه‌ختێ خودا له ماڵی هه‌بوونی بوونێكدا نیشته‌جێ ده‌بێ، ئه‌م بوونه، ده‌بێته »شامیوان« یا »خوامیوان« و ئه‌مه‌ش به مانای »میوانداریكردنی شا« یا »میوانداریكردنی خودا«. وه‌ختێكیش مه‌به‌ست له سه‌ردانیی فریشته‌یه‌كه ]له كه‌سێكدا[، كه‌سه‌كه بۆ نموونه به »بنیامین ـ میوان« یان »پیرموسا ـ میوان« و… هتد.، ناو ده‌برێت.
حاجی نور عه‌لی ئیلاهی له به‌رهه‌مه‌كه‌یدا (ده‌ستنووسی چاپنه‌كراو، به‌شی 5) كه پرسیار و وه‌ڵامی په‌یوه‌ست به بیروباوه‌ڕی ئه‌م ڕێبازه له‌خۆ ده‌گرێ، هه‌ندێ زانیاری له‌باره‌ی میوانییهوه ده‌خاته ڕوو. كه ئه‌مه ناوه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی: خه‌ڵكی دوو ده‌سته‌ن: »زاتی به‌شه‌ر«، واته ئه‌وانه‌ی كه هه‌رگیز له‌لایه‌ن خودا و فریشته‌كانه‌وه سه‌ردانیان نه‌كراوه و كرۆكی بوونیان (جه‌وهه‌ر)، هه‌ر به مرۆڤی ماوه‌ته‌وه. ئه‌وی تر، »زاتی میوان«ه، واته ئه‌وه‌ی كه سه‌ردانی كراوه و میوانییه‌كی كاتیی كردووه یاخود به لهشگۆڕكێیهكی هه‌میشه‌یی میوانداری كردووه. »زاتی میوان«، جگه له كرۆكی بوونی خۆی، كرۆكی میوانیش وه‌رده‌گرێ، كه ڕووناكییه‌كه‌ی ده‌توانێ هاوتا یاخود زیاتر بێ له ڕووناكیی بوونی خودی خۆی. ]لێره‌دا[ ده‌توانرێ سێ حاڵه‌تی جیا بكرێته‌وه:
ئا: كرۆكی بوونی میوان زیاتره، به‌ڵام ڕووناكییه‌كه‌ی هاوتایه، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كه له میوانبوونی فریشته‌یه‌ك له فریشته‌یه‌كی تردا له‌ماوه‌ی به‌رجه‌سته‌بوونی مرۆیی‌دا ڕوو ده‌دا؛
بێ: میوان خاوه‌نی كرۆك و ڕووناكییه‌كی زۆرتره؛
پێ: كرۆكی هه‌ردووك هاوتان.
هه‌رچۆن بێ، پاش ڕۆیشتنی میوان، ڕووناكییه‌ك، كه له‌گه‌ڵ میوانیی و ئاماده‌بوونیدا هاتبووه ئاراوه، ده‌ڕوات و خانه‌خوێ، ته‌نیا هێنده‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌یبووه.
ده‌توانین ئه‌م تێگه‌یشتنه له “میوانی”یش له ده‌قه پههلهوییهكانی په‌یوه‌ست به مهزدایسمیشدا ببینینه‌وه. هه‌ر له‌وێدا چه‌ندین جار تووشی زاراوه‌ی میوان ده‌بینه‌وه. وه‌ختێ به‌همه‌ن، سروش، خه‌شم، سپهندارمهز، دروج و ترومهد میوانن، تایبهتمهندییهكانیشیان به خانهخوێكانیان ده‌به‌خشن.[10]
[1] . موباره‌ك شا، كوڕی جه‌له‌لا خانم و نه‌وه‌ی میرزا ئه‌مانوڵای لوڕستانی. بیروڕای جیاواز له‌باره‌ی ساڵانی ژیانییه‌وه هه‌یه؛ به‌ڕای نور عه‌لی ئیلاهی له “برهان الحق”دا له‌سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی‌دا ژیاوه، به‌ڵام به‌پێی نهسكێكی پوخته‌ی سه‌رئه‌نجام كه لای سه‌ید كازم نی‌ك نه‌ژاده، ده‌ركه‌وتنی شاخۆشین له ساڵی 366ی كۆچی بووه، هه‌رچی دكتۆر محه‌مه‌د موكرییه وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ داوه و هه‌روه‌ها له پێشه‌كی “شاهنامه حقیقت”دا باسی كردووه، بڕوای وایه كه له سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی‌دا له‌دایك بووه. به‌ڵام صدیق بۆره‌كه‌یی و چه‌ند توێژه‌رێكی تر باوه‌ڕیان وایه شا خۆشین له نیوه‌ی سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا ژیاوه، واته (406-467 كۆچی مانگی/1015-1074 زاینی). بڕوانه: صدیق بۆره‌كه‌یی، پیران و مشاهیر اهل حق، انتشارات حروفیه: تهران، 1387/2008، ل 81-82 ؛
VALI, Shahab. « Les figures de l’Iran pré-islamique dans la littérature des Ŷarsāns, courant religieux kurde », sous la direction de Mohammad Ali Amir-Moezzi, [S.l] : [s.n.], 2008, p. 45
[2]. جه‌لاله خانمی لوڕستانی كچی میرزا ئه‌مانوڵا، به‌پێی نامه‌ی سه‌رئه‌نجام، له ساڵی 387 ی كۆچی مانگی له لوڕستان له‌دایك بووه و له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی پێنجی كۆچی مانگی‌دا مردووه. گۆڕه‌كه‌ی له دۆڵی بوواس (باباعهباس)ه له ده كیلۆمه‌تری باشوری ڕۆژاوی خوڕهمووا. بڕوانه : صدیق بۆره‌كه‌یی، هه‌مان، ل 79-80.
[3]. ڕووبارێكه له گوندی گاماسیاو له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كه به‌یه‌كێ له دریژترین ڕووباره‌كانی ئێران داده‌نرێ. له پێده‌شته‌كانی سه‌راوی گاماسیاو له نه‌هاوه‌نده‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ.
[4]. ئیبراهیم كوڕی ئه‌حمه‌دی جاف، ناسراو به باباناووس له سه‌ده‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌می كۆچی‌دا ژیاوه و به‌پێی ده‌ستنووسی كاكاردایی باباناووس له ساڵی 477ی كۆچی مانگی/ 1048ی زاینی له گوندی سه‌رگه‌تی هه‌ورامان له‌دایك بووه. بڕوانه : صدیق بۆره‌كه‌یی، هه‌مان، ل 103-104.
[5]. سوڵتان ئیسحاق كوڕی شێخ عیسای به‌رزنجه‌یی. ساڵانی ژیانی سوڵتان ئیسحاقیش له‌لایه‌ن توێژه‌ران و مێژوونووسانه‌وه جیاوازی بیروڕای له‌سه‌ره، كه ده‌كرێ بۆ زانیاری له‌باره‌یه‌وه خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ: صدیق بۆره‌كه‌یی، هه‌مان، ل127-129.
[6]. خاتون دایراك ڕه‌مزبار/ڕه‌زبار، كچی حسێن به‌گی جلد له سه‌ده‌ی حه‌وته‌م و هه‌شته‌می كۆچی‌دا ژیاوه. یه‌كێكه له هه‌فته‌ن. گوایه له ساڵی 745ی كۆچی مانگی/ 1344ی زاینی له ده‌گا شێخانی هه‌وارامان مردووه. بڕوانه : صدیق بۆره‌كه‌یی، هه‌مان، ل 144.
[7]. مه‌به‌ست له شا ئیبراهیمی ئیوه‌ت كوڕی سه‌ید محه‌مه‌دی گۆرهسواره كه به یه‌كێك له هه‌فته‌ن داده‌نرێ.
[8]. پیر بنیامینی شاهۆیی یا سه‌ی خدر، كه له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می كۆچی/سیانزه‌هه‌می زاینی ژیاوه و یه‌كێكه له جامهپۆشانی چوار فریشته‌ی نزیكی خودا كه جوبرائیلی تێدا ته‌جه‌لی بووه و له‌سه‌ره‌تای ئه‌فرانه‌وه یاوه‌ری خودایانی كردووه.
[9]. روكنه‌دینی دیمه‌شقی له كوردانی شام، كه له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می كۆچی/سیانزه‌هه‌می زایینی ژیاوه و یه‌كێكه له جامهپۆشانی چوار فریشته‌ی نزیكی خودا، كه میكائیلی تێدا ته‌جه‌لی بووه و به موسای قهڵهمزهڕیش ناسراوه.
[10]. Dînkard Book III. Edition Madan, p. 487
سەرچاوە: ده‌قی وتارێكی محه‌مه‌د موكری، له بیست و چواره‌مین كۆنگره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسان له شاری مونیخ له ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا، كه له ئه‌یلولی 1957 پێشكه‌ش كراوه و له‌م كۆمهڵهوتارهدا بڵاو كراوه‌ته‌وه: Muhammad Mokri, « L’idée de L’Incarnation chez les Ahl-i Ḥaqq », in : Recherches de Kurdologie, contribution scientifique aux études iraniennes, vol. 3, Klincksieck : Paris, 1970, pp. 177-180