من شاعیری هەمووتانم
لەسەر ستەیجێکی ساڵۆنێکی گەورەی شاردا بەرەو جەماعەت ڕاوەستاوی و بە فیزەوە قسەیان بۆ دەکەی. ئەوان بە تامەزڕۆیییەوە چاوەڕێی دەرفەتێکن چەپڵەت بۆ لێدەن و عیوت بۆ بکێشن. ڕەنگە زۆربەیان چاو لەو کۆتو شەڵوارە ڕەشە هاورێشمیەت دەکەن و ئێرەییت پێ دەبەن. دەستێکت خستووەتە گیرفانی شەڵوارەکەت و بەو دەستەی دیکەت مایکەکەت گرتووە. کراواتێکی سووری تۆخت بە سەر کراسێکی سپیدا، لە ژێر ملت گرێ داوە و بزەت لەسەر لێو ناتارێ. وەک عادەتی هەمیشەییت یەک دوو جار دەستت بۆ لای لێو و سمێڵت هێنا بەڵام گەڕانتەوە. دەستت دێنیە سەرێ و جەماوەر هەموو سەرنجت دەدەن. دواتر چاوەکانت دەقووچێنی و بە دەم دەنگی ئەو مۆسیقایە وا ساڵۆنەکەی تەنیوە، کەروێشکە سەمایەک دەکەی و خۆت بە دونیا ناگۆڕییەوە.
تۆ بیرت دەکردەوە زۆر لەمە زیاتر خەڵک بێن بۆ ئێرە، بەڵام نەتدەزانی دەرەوەی ساڵۆنەکەش چەندە جەماوەر چاوەڕێی هاتنە دەرێتن تاکوو وێنەیەکت لەگەڵ بگرن یان ئەگەر شانس بێنن کتێبەکەتیان بۆ واژۆ بکەی. بەو دەنگە خۆش و هێمنەتەوە کوتت:
– من هی ئێوەم. هی ئەم خەڵکە ئەدەب دۆستەم وا لە عەسرەوە چاوەڕێی منن. ئێوە چەندە شانازی بە بوونی من دەکەن لێرە، من دوو هێندە بە بوونتان بەختەوەرم. من شاعیری ئەم وڵاتەم و شاعیری هەمووتانم. من…
پاش چەپڵەیەکی زۆر درێژخایەن و هەستبزوێن کە جەماوەری نێو ساڵۆنەکە و دەرەوەی ساڵۆنەکە بۆیان لێدای، دەنگت هەڵبڕی و گۆرانیت کوت؛
(( فاتیمە دوو چاوی مەستت پڕ لە سێحر و جادووە، پڕ شەڕابی خۆشەویستی و ئارەقی یەزدانییە))
*****
نازانم کامتان تا ئێستا بیرتان لەوە نەکردووەتەوە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنن. بە بیرکردنەوەتان؟! بە ئەوینتان؟! بە ژیانتان؟! بە خۆتان و تەنانەت بە کتێب خوێندنەوەتان؟! ئەم بیرانەم لە کاتێکدا کردەوە کە لە ژووری کارەکەم قاوەیەکم لەسەر مێزەکە دانابوو و چاوم لەو تۆقلە وردانە دەکردەوە وا لەسەر قاوەکە دەجووڵانەوە. بیرم لە دوێنێ بەیانی دەکردەوە وا ئاکام تەلەفوونی بۆ کردم و وتی؛
((- بیرت دەکەم گوڵم. حەز دەکەم بتبینم.))
چاوێکم لە بوومی وێنەکێشانەکەم کرد وا نیگارەیەکی نیوەکارەی کچۆڵەیەکی قژ لوولی لەسەر کێشرابووەوە. دڕدۆنگ بووم کارەکەم تەواو کەم یان لەگەڵ ئاکام بچمە دەرێ. خۆشەویستیی ئاکام دنەی دەدام کارەکەم جێ بێڵم و لەگەڵی بڕۆم.
خرمەخرمی باران لەسەر جامی ماشێنەکە و دەنگی گۆرانیی (( فاتیمە دوو چاوی مەستت پڕ له سێحر و جادووە… )) زۆر چاک بردمیە خەیاڵێکی بێ کۆتایی. بەفرسڕی ماشێنەکە پەیتا پەیتا خۆم بەم لاو ئەولادا دەدا و شەقامی پێش ماشێنەکەی نیشان دەدا.
((- چییە، بیر لە چی دەکەیەوە؟!))
((- هیچ. بڕێک دەترسم.))
ئاکام دەنگی زەفتی ماشێنەکەی کەم کرد و بە سەرسووڕمانەوە چاوی لێ کردم و پرسی؛
((- لە چی دەترسی؟!))
((- لە هەموو شتێک. لە خۆم، لە تۆ، لە…))
نەیهێشت قسەکەم تەواو کەم و بە تووڕەیییەوە گوڕاندی؛
((- بۆ مەگە من چیم کردووە؟! دەزانم. دەزانم لە چی دەترسی. تۆ هەر لە فکری خۆت دای و هیچی تر.))
سەرم بە جامەکەوە نا و بێدەنگ بووم. بیرم لەو ڕۆژە کردەوە وا بە ئاکامم کوت ((- قەیناکە. دەریشم کەن لە بەر تۆ قەبووڵی دەکەم.))
ئاکام کەم پێش دەهات ئاوا تووڕە بێ. ئەوە ساڵێکە پێکەوین و قەتم نەدیوە ئاوا تووڕە بێ. قژە درێژەکەی لەسەر ڕوخساری لادا و یەک بەخۆی مستێکی لە فەرمانی ماشێنەکەدا. دیسان قژی هاتەوە نێوچاوانی. بۆ ساتێک لێی ترسام. دەستم کێشا دەنگی زەفتەکەم زۆر کرد و گۆرانی ((فاتیمە دوو چاوی مەستت…)) نێو ماشێنەکەی تەنی. پاش ئەوەی گۆرانییەکە تەواو بوو ئاکام چاوێکی لێ کردم و دیتم گۆمی خوێنی چاوەکانی ڕووناک بووەتەوە.
((- کار و ئیشت چۆنە؟!))
((- باشە شکوور. لێی ڕازیم. ئەمڕۆ کوڕێک وێنەی خۆی و کچێکی بۆ هێنام تاکوو وەک تابڵۆکەی خۆم و خۆت وا لە ژووری کارەکەم هەڵمواسیوە، بە ڕەنگ بۆیان بکێشمەوە. شیعرێکشی پێدام لە بنەوەی بینووسم. شیعرەکە ئەوە بوو (لەم شارەدا هەر لێوێک، لێوێک ڕامووسێ، ڕامووسانی من و تۆیە… ) هەر ئەوندەیم لە بیرە. ))
چاوێکی لێ کردم و دەستی هێنا خستیە دەوری ملم و بە نازەوە کوتی؛
((- هەر دەستێ بخرێتە گەردن، دەستەملانی من و تۆیە…))
دواتر لە نێو پێکەنینی هەر دووکماندا کوتی؛
((- مامۆستا پەشێو. هی پەشێوی مەزنە ئەم شیعرە.))
ئەم حاڵەتە ئاکامی ڕاستەقینە بوو. ئەو ئاکامە بوو وا یەکەمجار لە زانکۆ هاتە نێو گرووپی نیگارکێشەکانی زانکۆ و قسەی لەگەڵ دابەستم. باسی وانەکان و تەنانەت باسی ڤەن گۆک و هونەر و هونەری مۆدێڕنیشی کرد و هەر چاوی لە چاوم بڕیبوو. بنەڕیشێکی کەمی هەبوو لەگەڵ قژێکی درێژ. زوو زوو دەستی بە دەوری لێو و سمێڵی دا دێنا خوارێ و قومێکی قاوە دەخواردەوە.
((-نێوی گرووپەکەتان چییه؟))
((- نێومان لێ نەناوە. تا ئێستا بیرمان لەوە… ))
((- ئەها نێوی بنێن نیگارکێشانی ژیان. زۆر نێوێکی تایبەتە. ))
ئەو ڕۆژە کوتم باشە، بەڵام قەتمان نێو لەسەر گرووپەکە دا نەنا. دوایی تەواو بوونی قاوەکەی ڕۆیشت.
((- منیش ئاخری ئەم پاییزە، دیوانە شیعرەکەم چاپ دەکەم. بەڵام دەترسم کەس نەیخوێنێتەوە. ))
لێزمەی باران بێ وچان دەباری. بەفرسڕەکە فریا نەدەکەوت. ئاکام بە قامکەکانی لەسەر فەرمانی ماشێنەکەی دەدا وەک ئەوەی مووسیقایەک بژەنێ.
((- کەم بێ هیوا بە کەم. ئەو شیعرە خۆشانەی تۆ مەگەر دەکرێ پێشوازی لێ نەکرێ؟! ))
هیچی نەکوت. ماشێنەکەی لە پێش کافەیەک ڕاگرت و چووینه ژوورێ. لەگەڵ چوونە ژوورێ دەنگی نزمی گۆرانیی (( فاتیمە دوو چاوی… )) هاتە گوێم. پاش کەمێک گاڕسۆنێکی تازە لاو هاتە لامان و داوای دوو هات چاکڵێک و کەیکێکمان کرد. لە کاتی خواردندا بووم کە ئاکام پرسی؛
(( – حەز دەکەی وەک کام هونەرمەند نیگارە بکێشیەوه؟))
کە سەرم هەڵێنا ڕووناکایی شەقامەکەی پشت سەری ئاکام لە چاومی دا و بۆ ساتێک ڕووخساری ئاکامم لێڵ دی. بەڵام هەستم کرد چاوەکانی چکۆڵە کردووەتەوە و چاوەڕێی وڵامی منە.
((- نازانم. من جارێ هەر وەک ئامێرێکی فتۆکۆپی کۆپی دەکەم. هەڵبەت بە دەست. بەڵام ئەگەر شتێک خەلق کەم پێم خۆشە شتێکی نوێ بێ. نەک لاسایی کردنەوەی ئەم و ئەو. ))
هەر دووکمان بێدەنگ بووین. ئامانج پاڵی بە کورسیەکەوە دا و دەستێکی بە قژی دا هێنا. دەستێکی بە دەوری لێو و سمێڵی دا هێنا و چاوێکی بە کافەکەدا گێڕا. هەر چەند من کەسی دیکەم تێدا نەدەدی.
((- ئەی خۆت؟))
((- خۆم چی؟! ))
((- دەتهەوێ وەک کێ دەنووسی؟! ))
((- ئەها. من… من وەک کەس نانووسم. هەڵبەت جاران لاساییم دەکردەوە بەڵام ئێستا دەمهەوێ قەڵەمم لە قەڵەمی کەس نەچێ. شێرکۆ و سوارەم زۆر خۆش دەوێ. نازانم ڕەنگە هی ئەوە بێ ئەوانیش وەک من ئاشقی کیژێکی چاو سەوزی باڵا بەرز بوون. ))
((- دەی دەی بە شێتم بزانە. ))
ئاکام بە تووڕەیییەوە مستێکی لەسەر مێزەکە دا و بە هێواشی کوتی؛
((- سەد کەڕەتم کوتووە لە ئاشق بوونی من دوودڵ مەبە… حاڵی هەی؟))
خۆم پێڕاگیڕ نەکرا و کوتم؛
((- ئەگە ڕاست دەکەی بۆ نایی بۆ خوازبێنیم. من لەبەر تۆ لە زانکۆ دەرکرام و قەبووڵم کرد بەڵام تو هەر دەڵێی ئەم مانگە نا ئەو مانگەی دیکە. لەبەر تەشریفت منداڵێکشم لە بار بردووە بەڵام تۆ هەر خۆت لە بێخەیاڵی داوە. خۆشم دەوێی بەڵام ئاوا ناتوانم.))
خۆشم دەویست. هەستم دەکرد تەنیا کوڕێکە دەتوانێ دڵخۆشم کات. ئەو ڕۆژەی من و چەند هاوڕێیەکم چبووین بۆ شاخەوانی، ئاکامیش هات. لە گەڕانەوەدا پێشی پێ گرتم و کوتی ڕاوەست پێکەوە دەچینە خوارێ. لە هاوڕێکانم دوور کەوتینەوە و کوتی؛
(( – بیستوومە دەنگت خۆشە؟))
(( – چییە، ناکا بەهیوای بی لێڕە گۆرانیت بۆ بڵێم!؟ ))
وا بە ناز و بێدەنگییەوە چاوی لێ کردم نەمتوانی گوێڕایەلی نەبم. لەبیرمە گۆرانی (( ئاسمانی غەم))ی نەجمەت بۆ کوت و ئەو بێ ئەوەی شەرم بکات دەستی خستە نێو دەستم و لە کێو هاتینە خوارێ.
((- هەستە با بڕۆین.))
کە چووین تێچووی شتەکان حیساب کەین. سەرم سوڕما. بۆ ساتێک بوومە پەیکەرە. کابرای پشت باڕەکە، خۆمی بیست ساڵی داهاتوو بوو. قژە درێژەکەم نەمابوو. چاویلکەم له چاو دابوو. نێوچاوانم بڕێک چرچ و لۆچی تێدابوو. ڕیشم سپی تێکەوتبوو. بەڵام دەمزانی خۆمم. لە هیچ شتێک بەقەد ئەوە ئەرخایەن نەبووم. لەو کاتەدا وا شتەکانی حیساب دەکرد زوو زوو دەستی بە لێو و سمێڵیدا دێنا. ڕۆیشتینە دەرێ.
*****
تازە لە کار دەرکراوی و نازانی چیبکەی. لە کافەیەکی تازە کراوەدا دانیشتووی. قژت لە دواوە بەستووە و قاوە دەخۆیەوە. پەیتا پەیتا دەستت بە دەوری لێو و سمێڵتدا دێنی. لە خەیاڵ هاتوویەتە دەرێ و بیر لەوە دەکەیەوە چۆن بوویەتە چل ساڵ و بە هیچکوێ نەگەیشتووی. ئێستا کە بێکار کراوی وەزعت زۆر شپرزەتر بووە. چاویلەکەت لەچاو دەکەی و لەسەر مۆبایلەکەت چاو لە وێنەی پیاوێکی هاوشێوەی خۆت دەکەی کە لە بنەوەی نووسراوە، پیاوێک لە ماڵەوە خۆی کوشت.