چاوپێکەوتنی گارا لەگەڵ ئاڤان سدیق

لەبارەی پیشانگەی20.01.2014 بۆ 20.02.2014 گەلەریی سەردەم

ئاڤان سدیق هونەرمەندێکی فرەڕەهەندە، جۆری کارەکانی تەنها لە سنووری نیگارکێشان و هێڵکاری و فۆتۆگرافی و ئینسەلەیشن ناوەستن، بەڵکوو چەند بوارێکی دیکەش لەخۆ ئەگرن وەکوو مامەڵەکردنێکی نوێ لەگەڵ مەتریاڵ و سپەیسدا.

سنوور لەنێوان کارە جۆراوجۆرەکاندا نەرم و تەنکن، بە جۆرێکە زۆر جار لە هەمان کاردا چەند جۆرێک لە بەشەکانی هونەری شێوەکاری دەبینرێ، وەکوو ئەوەی لەم پیشانگەیە پیشانی ئەدا کە بریتییە لە تێکەڵکردنی نیگار و ئینسەلەیشن و هێڵکاری و مەتریاڵی نوێ، بە مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ فەزا و مەتریاڵ و بینەردا کە ڕۆڵێکی تایبەت لەم کارانەدا دەگێڕن و ئەمەش زیاتر هێز و ئازادی بە کارەکە داوە.

پیشانگەکە پێکهاتووە لە 12 تابلۆ کە لەسەر نایلۆنی ڕەق (فایبەر گڵاس) دروست کراون و هونەرمەند ڕەنگی ئەکریلیک و قەڵەمی سەر شوشەی (ماجیکی تایبەت بە شوشە) بەکار هێناوە، پێوانەکانیان (100 بە 80) سانتیمەتر و بەرامبەر بە یەکتر دانراون بە جۆرێ کە بینەر لە شێوازی ئەم نمایشەدا دوو وەزیفەی هەبێت، لە لایەکەوە دەبێت بە بەشێ لە سەرجەمی پیشانگەکە و لەلایەکی دیکەشەوە وەکوو بینەرێکی ئاسایی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت.

لە میانی ئەم پیشانگەیەی ‘ئاڤان سدیق’دا جگە لە مەتریاڵ و سپەیس دەکرێت باس لە کات و شوێن، ئاگایی و نائاگایی، بەش و گشت، ڕێککەوت و درککردنیش بکەین.

مەبەستە سەرەکییەکانی ئاڤان سدیق لەم پیشانگەیەدا مامەڵەیەکی نوێ بوو لەگەڵ مەتریاڵدا و دروستکردنی دیاردەی هێنانە ناوەوەی بینەر بوو بۆ ناو کارە هونەرییەکە بە جۆرێ کە بینەر لەم حاڵەتەدا دەبێتە بەشێک لە ناوەڕۆکی کارەکە  (Internieden Betrachte ) و هەروەها دروستکردنی بەیەکداچوون و تێکهەڵکێشانی توخمەکانی ناو پیشانگەکە (Interaction) و گۆڕانی گۆشەنیگای بینەر بوو، کە دەبنە هۆی فراوانکردنی ڕەهەند و ماناکانی مەتریاڵ و ناوەڕۆک و سپەیس لە کاری هونەریدا.

بۆ تیشک خستنە سەر ئەم دیاردە و بابەتانە و بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لەو کارە هونەرییەی ئاڤان سدیق و دونیا هونەریەکەی ئەم چەند پرسیارەم لێ کردووە.

  • بۆچی ئەو نایلۆنە شەفافە ڕەقەت (ڤایبەر کڵاس) بەکار هێناوە؟
  • بۆ یاریکردنی بینەر لەگەڵ فیگەرەکانی ناو تابلۆکاندا، بۆ گۆڕینی بینەر لە سەیرکەرێکی پاسیڤەوە بۆ بینەرێکی ئەکتیڤی یاریکەر لەگەڵ فیگەرەکانی ناو تابلۆکاندا، هەرچۆن بتوانم مەودای بینین لای بینەر درێژتر و قووڵتر بکەمەوە .
  • تا چەند ئەو مەتریاڵانە یارمەتیدەر بوون بۆ گەیاندنی بیرۆکەکەت؟
  • بە ڕادەیەکی زۆر.
  • چۆن؟
  • لە جۆری دانانی تابلۆکان کە بەرامبەر یەکتر بوون، واتە شەش تابلۆ بە دوو ڕیز بەرامبەر بە یەکتر ئەمەش وای کردووە کە بینەر لە کاتێکدا دوو تابلۆ یان زیاتر بە یەکەوە دەبینێ، بەپێی جۆری وەستان و جووڵەی بینەرەکە.
  • ڕۆڵی مەتریاڵە بەکارهێنراوەکە چییە لە بەرجەستەکردنی هێڵ و ڕەنگ لەم کارەتدا؟
  • ئەمە زیاتر پەیوەندی بە ڕووبەرە ئاوییەکەی مەتریاڵەکەوە بوو، کە زۆرم لێ دەکات ڕەنگی ڕيش وەک قورسایی و هێزێک بەرامبەر بە ڕووبەرێکی ئاوی ئامادەیی هەبێ، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو کۆنتراستەوە هێڵ و ڕەنگ بتوانن ئامادەیی خۆیان بەهێزبکەن لە کاتێکدا کە چەندین پەڵەڕەنگێکی کەم وەک ڕووبەر و داڕشتن بەکار هاتووە بە جۆرێک کە ڕێگا بە بینینی هێڵ و ڕەنگەکان دەدات وادەکات کە بینەر هەست بە ڕووناکی و سپەیس بکات.
  • لەم کارەتدا دەبینرێ کە ڕەنگ کورت کراوەتەوە بۆ تەنیا پێنج ڕەنگ، ئەویش پێکهاتووە لە ڕەنگی شین، سوور، زەرد، سپی و ڕەش ئەم ڕەنگانەش بە جیاجیا بەکارهێنراون، بۆ؟
  • من لە ڕاستیدا ئەم پرسیارەم دوای تەواوبوونی کارەکە لە خۆم کرد و گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە لەوانە (سوور و شین و زەردەکان) ڕەنگە سەرەکییەکانن کە لە تێکەڵبوونیان ڕەنگەکانی تری لێ دروست دەبێ، ئینجا سەرەنجام کارەکەی من واهەڵکەوتووە ئەو بوارە بۆ بینین ئەرەخسێنێ کە ڕەنگەکان بکەونە سەر یەکتر و لە ئەنجامدا بتوانرێ ڕەنگە لاوەکییەکان دروست بن، ئەمە جگە لەوە بوونی هەردوو ڕەنگی (ڕەش و سپی) وەکو دوو ڕەنگی بێلایەن بۆ بەهێزکردنی ئازادی و جوانی هێڵەکانە، هەروەها لێرەدا بە پێویستی ئەزانم ئاماژە بە ڕەنگی (جلی بینەرەکانیش) بدەم کە بەشدار ئەبن لە ڕەنگی تابلۆکاندا، ئەوەی لە کۆتاییدا ڕەنگ و هێڵ دروستی دەکەن شێوەی مرۆڤەکانە لە حاڵەتی سەیرکردن بە جۆرێ کە چاوی فیگەرەکان ڕاستەوخۆ سەیری بینەرکە ئەکەن. وەکو ئەوەی ئەوان خۆشیان تەماشاکەر بن جگە لەوەی وەک بابەتی سەرەکی بینین، فیگەرە مرۆڤەکانی ناو تابلۆکانیش سەیری یەکتر دەکەن، ئەمەش بە ڕوونی و ئاشکرایی لە جۆری دارشتنی فیگەرەکاندا دیارە.
  • ئەمە چ ڕۆڵێک دەبینێ لە ناوەڕۆکی بیرۆکەی پیشانگەکەت؟
  • ڕۆڵی ڕوونکردنەوە دەبینێ کە بینەر و فیگەرەکانی ناو تابلۆکە دەبنە تەماشاکەری یەکتر و ئەمە یەکێکە لە ناوەڕۆکی بیرۆکەکەی من.
  • چ پەیوەندییەک ئەبینی لە نێوان مەتریاڵە بەکارهێنراوەکان و شێوەی گشتی کارە هونەرییەکەت؟
  • من پێم وایە مەتریاڵ بە گشتی دەرەنجامی بیرۆکەی کارکردنە، بە جۆرێک کە مەتریاڵی بەکارهاتوو بتوانێ گوزارشت لە بابەتەکە بکات کە لە پرۆسیسی کارکردنەکەدا بواری نائاگایی بمێنێتەوە.
  • واتا نائاگایی ڕۆڵی هەیە لە کارەکانتدا؟
  • بەڵێ
  • چۆن ؟
  • بە بڕوای من ئەوەی هونەر لە ناهونەر جیا ئەکاتەوە ئەوەیە کە لە ناهونەردا شێوەیەکی پتەو و پێشوەخت لە ناو میێشکدا دروست ئەبێت کە لە ئاگاییەوە دەقاودەق خۆی وێنە ئەکاتەوە بە جۆرێکی ئاشنا (مەئلوف) لە کاتێکدا لە ناو سەرجەم پڕۆسێسی کارکردنی هونەریدا چەند جارێک گۆڕانکاری بە سەر بیرۆکەی دیاریکراوی ئاگایی دێت، کە لەوانەیە کارەکە بە تەواوەی بە پێچەوانەی بیرۆکەی ئاگایییەوە بێت، لێرەوە ڕووبەرێک دروست دەبێت بۆ زیاتر کرانەوە بە سەر ئاگایی و نائاگاییدا. بە جۆرێ کە خودی ئاگایی ئەخاتە ژێر پرسیارەوە .
  • مەبەستت چی بوو لەو جۆرە دانانەی تابلۆکانت؟
  • مەبەستم ئەوە بوو کە بواری تێڕامان لای بینەر زیادکەم .
  • چۆن
  • گشت کەرەستەی کارکردنەکە ناکرێ لە یەک جیا بکرێتەوە بە جۆرێ کە ئەستەمە ڕەنگ و هێڵ و مەتریاڵی پلاستیکەکە و مەتریاڵی بەکارهێنراو لە یەک جیا بکرێتەوە (تێکەڵاو ئەبن) گرینگی ئەم کارە زیاتر بۆ بینەری ڕۆژهەڵاتی بوو، لەبەر ئەوەی من لەم کارەدا بینەر لە زاکیرەی خۆی دائەبڕم بەوەی کە من توخمی کەمی لەسە ڕووبەرەکان پێشکەش ئەکەم.
  • ئایا ئەمە یەکەمین ئەزموونتە لە گەڵ ئەو مەرتریاڵە؟
  • نەخێر . کاری ئەم پیشانگەیە درێژکراوەی زنجیرەیەکە لە کارکردنم کە سەرەتاکەی بۆ ساڵی (2007 ) دەگەڕێتەوە کە تیایدا کارەکانم ئەوکات فۆتۆ بوون و بابەتەکانیشم فۆتۆی دەموچاوی هەندێ کەس کە لە تەمەن و ڕەگەزدا جیاواز بوون و بە هەمان مەتریاڵ جێبەجێم کردبوو.
  • لە کاتی ئەو پیشانگەیەوە تاکوو ئەمە چ گۆڕانکارییەکت بەدی کردووە لە جۆری مامەڵەتدا لەگەڵ ئەم مەتریاڵە؟
  • جیاوازییەکان و گۆڕانکارییەکان زیادتر لە جۆری گۆشەنیگای بینیندایە، هەروەها ئەمجارە بابەتەکانیش جیا لەم پیشانگەیەدا ئەویش ئەوەیە کە من بابەتەکانم بە نیگارکێشی کردووە و پێکهات بوون لە دەموچاو و نیو لەش و وێنەی لەشی تەواو.
  • مەبەستت چییە لە جیاوازییەکانی گۆشەنیگای بینەر؟

لەنێوان پیشانگەی ساڵی (2007 ) و ئەم پیشانگەیە خاڵی جەوهەری و هاوبەش هەن ئەویش ئەوەیە کە هیچ کات یەک تابلۆ بە تەنها سەیر ناکرێ بەڵام جیاوازییەکە لەم پیشانگەیە لەوەدایە کە مەودای بینین درێژ ئەکاتەوە، واتە لە پیشانگەی ساڵی 2007 هەڵکەوتنی تابلۆ و جۆری هەڵواسینەکانی لەسەر بنەمای پێشت تێکردن بوو.

  • چۆن؟
  • گۆڕانکارییەکان لە شێوەی دانانی کارە هونەرییەکاندا بوو، ئەو کات واتە ساڵی 2007 شێوەی هەڵواسینەکەی چوارگۆشەی کراوەی لەناو یەکدا دروست ئەکرد لە کاتێکدا ئەمجارە جۆری دانانی تابلۆکان لە شێوەی ڕاڕەوێکدا بوو.
  • چۆن ئەمە ڕوون ئەکەیتەوە؟
  • وەک ئاشکرایە کاتێک لە ناو چوارگۆشەیەکدا دەوەستین ناچارین لە کاتی سەیرکردندا سێ لا فەرامۆش بکەین بۆ سەیرکردنی تەنها یەک لا، لە کاتێکدا لەم پیشانگەی ئەم جارەمدا ژمارەی تابلۆکان و جۆری هەڵواسینیان سپەیسێکی کراوەی دروست ئەکرد.
  • جگە لە ڕەنگ و پلاستیکە شەفافەکان، ئایا تیشک ڕۆڵی هەبوو لە پیشانگەکەدا؟
  • بەڵێ
  • چۆن؟
  • لەم پیشانگەیەمدا ئەتوانین کاریگەرییەکانی تیشک بکەین بە دوو بەشەوە. یەکەمیان ئەو تیشکەی کە ڕەنگەکان لەناو خۆیاندا دروستی ئەکەن. دووەمیان ئەو تیشکانەی کە لەنێوان ڤایبەر گڵاسەکەوە دێت، لە هەندێ شوێندا بە هۆی تیشکی کاردانەوە کە لە ڤایبەر گڵاسی بەرامبەر دەردەچێ و بەبێ هێز و بە تەنکی وێنەکەی دووبارە دەکردەوە، لێرەدا بە هۆی ئەو تیشکانەوە ڕووبەری جیاواز لەسەر مەتریاڵە شەفافەکە دەردەکەوێت.
  • ئایا دەکرێت تیشک لەم کارەدا وەکوو مەتریاڵ ببینرێ؟
  • نەخێر، بەڵکوو دەکرێ وەکوو یاریدەدەر بۆ مەتریاڵ ببینرێ، بۆ خوڵقاندنی جیهانێکی سەراباوی .
  • چۆن؟
  • ئەو وێنانەی کە فۆرمەکانیان بەهێز نین دونیایەکی دوور لە شوێن دەخولقینن وەک سێبەر لەسەر تابلۆکان دەردەکەوتن هەرچەندە خودی سێبەر بە ڕێژەیەکی کەم لە تابلۆکانمدا دەردەکەون.
  • ڕۆڵی شوێن چییە لە جۆری بینینی کارەکانت؟
  • لەبەر ئەوەی مەتریاڵە بەکارهێنراوەکان ڕووبەری بۆشیان تیایە ئەمە وام لێ ئەکات کە ئاگام لە بێکهاتەی شوێن و جۆری هەڵواسین بێ وە بوارم بۆ ئەرەخسێنێ کە شوێنەکە خۆی بێتە ناو کارەکانەوە.
  • ئەی جۆری هەڵواسینی کارەکانت؟
  • جۆری هەڵواسین ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە نیشاندانی کارەکاندا بە جۆرێ کە دەبێ من ئاگادار بم فەوزا بۆ چاوی بینەر دروست نەکەم لەبەرئەوەی من بڕیارم دا کە ڕاڕەوێک دروست بکەم بە شێوەیەک کە هەر دوو تابلۆ بەرامبەر یەک بە مەسافەیەک هەڵواسم کە بینەر بتوانێ لە نێوانیایدا هاتوچۆ بکات و من بەم جۆرە سێ (شوێن) بە ڕووی بینەردا دەکەمەوە و گۆشە بینینی بۆ وەڵا ئەکەم لە گۆشەنیگایەکەوە بۆ چەندین گۆشەنیگا و لەم حاڵەتەیشدا هێزی شوێن یەکسان دەبێت بە هێزی بینین. هەروەها ئەمەوێت خاڵێکی تری گرینگ لەسەر بابەتی شوێن ڕوون بکەمەوە، ئەویش پەیوەستە بە پێوانەی فیگەرەکانەوە کە دەبنە هۆی گۆڕان لە (تەسەور)دا بۆ شوێنێکی واقیعی کە کارەکانی تێدا هەڵواسراوە.
  • تۆ مەبەستت بوو گۆڕانێک لە تەسەور بۆ شوێن دروست بکەیت؟
  • بەڵێ من بەوە ویستومە بە کارەکان ئەو یاریکردنە لەگەڵ بینەر دروست بکەم کە لە ڕێگەی تەواوی لەش و جووڵەی بینەر و بینینی جیاجیا و پێوانەی جیا و کارەکتەری جیا و سپەیسێک بخولقێنێ کە ببێت بە بەشێ لە سەرجەمی کارە هونەرییەکە.
  • ڕۆڵی کات چییە لەم کارەدا؟
  • لای من کات واتە جووڵە، ڕووداو، لەبەر ئەوەی بینەر ئەجووڵێت بەرامبەر بە کارەکە و کارەکەش بەرامبەر بە بینەر ئەجووڵێتەوە، بەم جۆرە توانیومە چەند زەمەنێک لە یەک کاتدا بخولقێنم، بە هۆکاری جیاوازی گۆشەی بینین بەپێی جۆری وەستانی بینەر بەرامبەر بە کارەکان.
  • لێرەدا چ پەیوەندییەک لەنێوان کات و شوێن لە میانەی کارەکانتدا دروست ئەکەی؟
  • شوێن لای من کات دیاری ئەکات.
  • چۆن؟
  • بە ڕای من لەم کارەمدا گۆشەنیگا پابەندە بە شوێنەوە، جووڵەش لە شوێندا ڕووداو دروست ئەکات و ڕووداویش لای من کات دروست ئەکات و کاتیش رابوردوو و ئێستا و داهاتووی هەیە.
  • ئەمە چۆن بەیەکەوە دەبەستیتەوە لە میانەی کارەکەتدا؟
  • لەم کارەمدا گۆشەنیگای جیاواز، بابەتی جیاواز دروست ئەکات.
  • چۆن؟
  • دینامیکیەتی بینەر دەبێتە هۆی گۆڕان لە داڕشتنی تابلۆکاندا ئیدی من پێموایە راستەوخۆ بابەتیش گۆڕانکاری بەسەر دێت و ئەمەیش لە زەمەن و شوێنێک دەگوێزرێتەوە بۆ شوێن و زەمەنێکی تر.
  • تۆ لەم کارەتدا چیت لە بینەر ئەوێت؟ چاوەڕوانی تۆ چی بوو لە بینەر؟
  • ئەوەی لای من گرینگە لە میانەی ئەم کارەمدا، ئەوەیە کە بینەر ئامادەگییەکی ساتەوەختی هەبێ لە بەرامبەر کارەکانم، لە سەرەتادا بە بابەتکردنی پاسیڤێتی بینەری ئەم کۆمەڵگەیە. من هەوڵمداوە لە تابلۆکانمدا جۆرە فیگەرێکی مرۆڤ دروست بکەم کە بتوانن سەیری بینەر بکەن، لێرەدا بینەر ڕووبەڕووی سەیرکەر دەبێتەوە کە وێنەی کەسەکانی ناو تابلۆکەن و بەمەش هەستی وروژانێک لای بینەر دروست دەبێت وەکوو ئەوەی دەبێ شتێک ڕوو بدات ئەو کات بینەر بۆی دەردەکەوێت کە خۆیشی بابەتێکی سەرەکییە لە پیشانگەکە کە جارێک دەبێتە سەیرکەر و جارێکی تر هەر خۆی دەبێتە فیگەرێکی زیندوو و تێکەڵێش بۆ بینەری بەرامبەر بە جۆرێ کە جلەکانی و ڕەنگی پێستی و جووڵەی تێکەڵ دەبێت بە کارەکان.
  • مەبەستت چییە لەمە؟
  • من لێرەدا دوو مەبەستم هەیە کە دژ بەیەکن و پەیوەندیان بە سەربەستی بینەر و جۆری ڕاڤەکردنی هەیە، بۆ کارەکان هەروەکوو ئەوەی من توانیبێتم چەند یەکەیەکی تەواونەکراو بخەمە پێش چاوی بینەر کە توانای تەواوی شوێنگۆرکێکردنی فیگەرەکانی هەبێت بە سەرجەم هێڵ و ڕەنگەکانیانەوە بە پێچەوانەشەوە من لە هەمان کاتیش ویستوومە سنووریک بۆ سەربەستی بینەر دابنێم.
  • چۆن؟
  • لە کاتێکدا یەکەکانی ناو کارە هونەرییەکە بە تەسەوری من وادەکا خەیاڵی بینەرەکە تەنها لە ناو (ئەتمۆسفێری پیشانگەکە)دا بمێنێتەوە بەمەش ڕەنگە توانیبێتم سپەیسەکانی ئازادیی ئەو وابەستە بکەم تەنها بە ئەتمۆسفیری پیشانگەکە و ڕووداوەکانی.
  • مەبەستت چییە لە ڕووداوەکانی ناو پیشانگەکە؟
  • مەبەستم لەو حاڵەتە چاوەڕواننەکراوەیە کە لەناو پیشانگەکەدا ڕوو دەدات.
  • وەکوو چی؟
  • وەکوو گۆڕانی سلوکی هەندێ لە بینەرەکان لەناو پیشانگەکەدا.
  • ئەتوانیت ئەمە زیاتر ڕوون بکەیتەوە؟
  • بۆ نموونە دانیشتنی بینەرێک لە سەر کورسییەک کە وێنەکەی لە ناو تابلۆکەدا دەردەکەوێت کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی بینەرەکانی تر.
  • ئایا مەبەستت بووە بینەر بکەیتە بەشێک لە کەرەستەی کارکردن؟
  • بەڵێ، ئەوە یەکێکە لە مەبەستە سەرەکییەکانم، ئەتوانم بڵێم کە کارەکانی ئەم پیشانگەیەم بەبێ بینەر ناتەواوە.
  • چۆن لە پیشانگەیەتدا جیاوازی ئەکەیت لە زەروورەتی ئەو جۆرە بینەرە تایبەتە، لە کاتێکدا بینەر بۆ گشت پیشانگەیەک پێویستە؟
  • لە کاتی تەواوبوونی تابلۆیەکی ئاساییدا هونەرمەند بە بوون و نەبوونی بینەر هەست بە تێربوون ئەکا، بەڵام لەم کارەمدا من خۆم ناگەمە ئەو لەزەت و تێربوونە بەبێ بوونی بینەر، لێرەدا من ئەمەوێ تێکهەڵکێشانێک و بەریەککەوتنێک دروست بکەم لەنێوان خۆم و کارە هونەرییەکەدا.
  • من ئەمە وەکوو دیاردەی (ئینتەرئەکشن) ئەبینم لە کارەکانتدا، ئەتوانی هەندێ باس لەو دیارەدەیە بکەیت لە میانەی ئەم کارەتدا؟
  • ئەمە دەگەڕیتەوە بۆ ئەو مەتریاڵەی کە من بەکارم هێناوە و لە پێش هەموویانەوە ڕووبەرە ئاوییەکە کە پلاستیکەکەیە، من پێویستیم بەوە بووە کە بەیەکداچوونێک لەنێوان هەموو پارچەپارچەکانی ناو هۆڵەکە بە بینەریشەوە دروست بکەم، کە بەیەکەوە ببنە یەکەیەکی دانەبڕاو.
  • ویستووتە بینەر تووشی شۆک بکەیت؟
  • نەخێر.
  • ئەی سەرسووڕمان؟
  • بەڵی، لەبەر ئەوەی لەم پیشانگەیەدا کاتێ کە ڕووبەڕوو لەگەڵ بینەردا دەدوام، ئەوان باسی شتێکی چاوەڕواننەکراویان دەکرد.
  • بۆچی تابلۆکانت لە شێوەی ئەبستراکت نەکردووە، بەڵکوو فیگەری مرۆڤت تیایاندا بەکار هێناوە؟
  • لەبەر ئەوەی گشت شێوەی فیگەرەکان و مەتریاڵەکان و هێڵەکان و ڕەنگەکان هەموویان لە پێناوی پێشاندانی حاڵەتێک لە خامۆشی ناوەکیی مرۆڤی ئەم سەردەمەدایە کە بە جۆرێک لەلای من لە زنجیرەیەک دەچن کە پەیوەندییەکی دانەبڕاویان بە یەکەوە هەیە، لەبەر ئەوەی لە حاڵەتی تەجرید (ئەبستراکت) بە تەنها لە ڕێگەی ڕووبەر و هێڵەکانەوە نەمدەتوانی ئەو حالەتە خامۆشییە مرۆیییە دەرببڕم.
  • لەم کارەتدا دەکرێ بابەتی (بەش و گشت) ببینرێ، چۆن ئەتوانی ئەمە ڕوون بکەیتەوە؟
  • من وای بۆ ئەچم کە بابەتی پەیوەندیی (بەش و گشت) ئەو خاڵە جەوهەرییە کە لە ڕێگەی داڕشتن و فۆرمەلەکردنی پارچە بچووکەکان بە پارچە گەورەکانەوە بەدی دێت، ئا لێرەوە ناسنامەی جیاوازیی هونەرمەندەکە دەست پێ دەکات ئیدی من جەخت لەسەر ئەوە ئەکەم کە پارچە بچووکەکان بە تەواوەتی بینراو بن و بەهایان هەبێت و لە دواییدا هەر بەشە بچووکەکانن کە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی گۆنجاو لەگەڵ یەکتردا بەها بۆ گشت (هەموو) دیاری دەکات.
  • چۆن ئەمە لە میانەی کارەکەتدا ڕوون ئەکەیتەوە؟
  • ئەگەر هەر بەشێک لە تابلۆکەم وەک پارچەیەکی بچووک و سەربەخۆ دیاری بکەین و بێ پەیوەندی لەگەڵ تیشک و شوێن و بینەر و تابلۆکەی تەنیشتی و تابلۆکەی بەرامبەریم، ئەوکات پارچەکان بوونیان بێ هێز دەبێت و دەبینین بەهای ماناداریان نییە.
  • چۆن؟
  • دیسانەوە دێمەوە سەر وەڵامەکەی سەرەوە کە پەیوەندیی دیاریکراوی نێوان پارچە بچووکەکان بەها و ماناکانیان تەواو ئەکەن و ئەمەش یەکەیەکی یەکگرتووی گشتگیر پێک دەهێنێت.
  • ئایا ئەمە مەبەستت بووە یان بە سودفە (لەناکاو) دروست بووە؟
  • بەڵێ مەبەستم بووە.
  • ئایا سودفە ڕۆڵی هەیە لەم کارەتدا؟
  • بە هۆی مەتریاڵە بەکارهێنراوەکەوە من پابەند بووم بەوەی لە کاتی هێڵکاریدا هێندە ڕێگا بە (سودفە) بدەم، بەڵام بە دیوێکی تردا لە ڕێگای چۆنێتیی دانانی تابلۆکانەوە ڕێگا بە هاتنە ناوەوەی پارچەکانی دیکە ئەدا بۆ ناوخۆی، بەبێ ئەوەی ئەم کارە پلانی بۆ دانرابێ و ئەمەش کۆنتڕۆڵ ناکرێ و ئەبێتە هۆی دەرکەوتنی سودفە.
  • چۆن ئەتوانی ئەم دیاردەیە هەندێ زیاتر ڕوون بکەیتەوە؟
  • ئەمە پابەندە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پانتایییە ئاوییە کە زۆر جیاوازە وەک مامەڵەکردن لەگەڵ مەتریاڵی ئاساییدا، وەک قوماش یان کاغەز یان دار چونکە بواری هەڵە و سڕینەوەی تیا نییە و ئەمەش سنوور بۆ سەربەستیی هێڵ دائەنێ لەبەر ئەوەی من پێویستم بەوە هەبوو کە لە دیوی پشتی نایلۆنەکە کاری شابلۆنی بۆ بکەم لە کاتێکدا تا ڕادەیەکی زیاتر سەربەستیم لە بەکارهێنانی ڕەنگەکاندا هەبووە و لەم حاڵەتەشدا دەکرێ دەرفەت بۆ سودفە بێتە کایەوە.
  • ئەم کارەی تۆ تەنها بۆ بینین نەبووە بەڵکوو بۆ (درککردنیش) بووە بە جۆرێ ئەتوانم بڵێم کە درککردنی بینەر بە کارەکەت ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت بۆ هەستکردن بە سەرجەم کارە هونەرییەکە، چۆن ئەمە ڕوون ئەکەیتەوە؟
  • درککردن حاڵەتێکی تاکەکەسییە کە پەیوەستە بە رابوردوو و مەعریفەی خودی تاکەکەسەکەوە و تاڕادەیەک ئەو ڕاڕەوەی کە کارەکان پێکی ئەهێنێت لەگەڵ توخمەکانی سەر تابلۆکان. من لەم کارەمدا هەوڵم داوە (درککردن) وابەستە بکەم بە شوێن و بینەرەوە. لێرەوە بە هۆی جۆری گشتی کارەکانەوە (وەکوو چۆنێتیی کارکردنەکە و جۆری دانانیان) نازانم تا چ ڕادەیەک من سەرکەوتوو بووم، کە بتوانم بینەر لە ڕابوردووی خۆی دابڕم کە ئەویش بتوانێ پەیوەستی بە کاتی بینینی تابلۆکانەوە، بەمەش کرداری (درککردن) گۆڕانکاری بەسەردا دێ بەتایبەت کاتێ کە بینەر لە رابوردووی خۆی جیا ببێتەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە لای من ئاشکرایە کە ئەمە هەوڵدانێکی سەختە.

تێبینی :-

* ئەم چاوپیکەوتنە لە گۆڤاری (تاو)ی هونەر ژمارە (55) ساڵی هەشتەم هاوێنی (2015) بڵاو بۆتەوە.

* گەلەریی سەردەم سەر بە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو. لە دوای کۆچی دواییی شێرکۆ بێکەس ئەنجوومەنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڕیاری داخستنی دا.

* ئەم پیشانگەیە لە گەلەریی سەردەم کرابوو لەنێوان (20.01.2014 بۆ 20.02.2014) لە شاری سلێمانی ئەو کاتە بەڕیوەبەری گەلەری( سامی داود ) بوو .