مایکڵ ئەنجلۆ ئەنتۆنیۆنی: شاعیری نامۆیی
پەیمانگای فیلمی بەریتانیا BFI، بە ڕیزبەندی، شرۆڤەیەک سەبارەت بە یەکێک لە بەناوبانگترین فیلمەکانی ئەم دەرهێنەرە بڵاو دەکاتەوە -فیلمی خۆرگیران ١٩٦٢. ئەمەش بیرهێنانەوەی، یەکێک لە گرنگترین دەرهێنەرەکانی هونەری سینەمایە لە ١٩٦٠کاندا. هیوادارم دوای ئەم فیلمە، فیلمی (ڕووداوەکە ١٩٥٩) و فیلمی (شەو ١٩٦١)یــش بڵاو بکرێتەوە.
ژیاننامە
ئەنتۆنیۆنی لە ساڵی ١٩١٢ لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٣٠کاندا، فیلمەکانی بەو کامێرایانە بەرهەم هێناوە، کە ١٦ ملیمی بوون. هەروەها، وتاری ڕەخنەییشی دەربارەی فیلم؛ پێشکەش بە ڕۆژنامەیەکی ناوخۆی کردووە. لە ١٩٤٠دا، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی سینەماتۆگرافی دەستبەکار بووە؛ کە خوێندنگایەکە بۆ شرۆڤەکردنی فیلم لە ئیتاڵیا. پاش ئەوە وەک سیناریۆنووس ئیشی کردووە، لەوانەش: نووسینی فیلمێک بۆ دەرهینەر ڕۆبیرتۆ رۆسیلینی. یەکەم فیلمیشی وەک دەرهێنەر: بەڵگەفیلمێکی کورت بوو بە ناوی خەڵکی پۆ (gente del po) کە لە ساڵی ١٩٤٣وە بۆ ساڵی ١٩٤٧ کاری تێدا کردووە. لە ١٩٥٠کاندا، چەند فیلمێکی درێژی بەرهەم هێناوە و بەردەوام بووە لە کاری سیناریۆنووسین، ئەویش بە بەشداریکردن لە نووسینی فیلمی «شێخە سپییەکە ١٩٥٢»یی فێلینی بوو.

لە ١٩٦٠، فیلمی ڕووداوەکە، بەرەو سەرکەوتنێکی جیهانی برد. فیلمەکە خەڵاتی (Special Jury Prize)ی بردەوە لە فیستیڤاڵی کان. ئەنتۆنیۆنی، سێینەیەکی ساز کرد، لەگەڵ دوو فیلمەکەی پاشتری: لە ساڵی١٩٦١، فیلمی شەو، خەڵاتی باشترین فیلمی بردەوە لە بەرلین. لە ساڵی ١٩٦٢، فیلمی خۆرگیرانیش، بووە براوەی خەڵاتی (Special Jury Prize) لە فیستیڤاڵی کان. لە هەر سێ فیلمەکە، خانمە ئەکتەر ‘مۆنیکا ڤیتی’ ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە، هاوشێوەی ‘ژولیتا ماسینا’ لە فیلمەکانی فێلینی؛ ئەویش لە زۆربەی فیلمەکانی ‘ئەنتۆنیۆنی’دا بەشدار بووە. ئەنتۆنیۆنی زیاتر وەک دەرهێنەر ناسرابوو. مژارە سەرەکییەکەی، ڕووکەشی پەیوەندیی سۆزداری بوو لە پیاوی مۆدێرندا و گەڕانێکی بێهوودە بۆ دۆزینەوەی خودی خۆی لە جیهانێکی تەکنەلۆژیدا و بێتواناییان بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتری. ئیفرایم کاتز سەرنجی خۆی دەخاتە ڕوو: «وێنەگرتنەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەسەر کارەکتەرەکانن، هەتاکوو دۆخی دەروونییان دەر دەکەوێت. جووڵە هێواشەکانیان لە وێنەگرتنەکاندا، فشارێکی زاڵ دەردەخەن، کە کات دەی خاتە سەر هەستەکانی مرۆڤ. ئەنتۆنیۆنی سوود لە جیهانی فیزیکی چواردەور وەر دەگرێت، بۆ گۆڕینی دۆخی دەروونی و بۆ دەربڕینی زەبری تەنیایی و ژانە دەروونییەکان. فیلمەکانی ئەنتۆنیۆنی بەزۆری بێ پیلانە، ناڕوونی گێڕانەوەکان لە فیلمەکاندا؛ نزیکە لە فەزایەکی نهێنییئامێزەوە.» [لە ئینسیکلۆپیدیای نێودەوڵەتی فیلم ١٩٩٤].
ناوەڕۆکی فیلمی ئیتاڵیا
ئەنتۆنیۆنی لە سەروبەندی حکومڕانی فاشیزم گەورە بووە و پیشەی دەرهێنەرییەکەشی شانبەشانی بەرەوپێشچوونی هونەری نیۆڕیالیزم بوو. ئەو فیلمانەش تیشکیان خستبووە سەر ژیانی خەڵکی ئاسایی. نیۆڕیالیست: وێنەگرتنی شوێن و ئەکتەرە ناشارەزاکان و تاڕادەیەک شێوازێکی ناباوی بەکارهێناوە بە بەراورد بە ستۆدیۆی فیلمە کۆنەکان. لە ١٩٥٠کان، فیلمەکانی ئەنتۆنیۆنی دوورکەوتنەوە لە هونەری نیۆڕیالیستی و ئەنتۆنیۆنی دەستی کرد بە نیشاندانی وێنە و گێڕانەوەی ئاڵۆز و تەمومژاوی لە فیلمە بەناوبانگەکانیدا.
لە هەمان کاتدا، گۆڕانکاری لە بینەرەکانی سینەما و نمایشکردنی فیلم، کاریگەری لەسەر دەرهێنەرە ئیتاڵییەکان هەبوو. ئەوەش بەشێکبوو لەو گۆڕانکارییە بەرفراوانانەی کە لە دوای جەنگی جیهانییەوە ڕوویان دا لە سینەما. سینەماکان زۆرجار دادەخران؛ بەتایبەتی لە لادێ و ناوچە بچووکەکاندا. ئەو سینەمایانەی کە لە شار بوون، زیندوو مانەوە بەڵام لەچاو جارانا نرخیان زیاتر بوو. سەرباری ئەوەش، کۆمەڵێک شت هاتنە ئاراوە، کە ئێستا ئێمە بە «بینەری تایبەت» ناوی دەبەین. چەند فیلمێکی ناودار هەبوون، کە ئەوانیش بەشدارییان کردبوو لە هۆڵیوددا، ئەو فیلمانەش، فیلمی کوالیتی یان هونەری بوون. ئەوانەی دواتر، زۆرجار شێوازێکی ڕەش و سپی سینەماتۆگرافی بوون، کە بەشێوەیەکی گشتی تێچوویان کەمتر بوو. بەڵام ئەنتۆنیۆنی شێوازێکی جیاوازی بەکار هێنا؛ بەو چەشنەی ڕەنگ ببێتە شتێکی باو لە مژارە سەرەکییەکەیدا. ئەنتۆنیۆنی تەنها یەک فیلمی ڕەنگاوڕەنگی دەرهێنا، ئەویش فیلمی «بیابانە سوورەکە ١٩٦٤» بوو. زیاتر شێوازەکە، ڕەوتێکی جیاوازی خوڵقاند سەبارەت بە گێڕانەوە و کارەکتەر و شرۆڤەکردنی چیرۆکی فیلمەکە.
ئەنتۆنیۆنی: تریلۆژی (سێ فیلمی یەک لەدوای یەک)
فیلمی ڕووداوەکە، شەو و خۆرگیران پێکەوە تریلۆژیایەکیان پێکهێنا، کە ئەنتۆنیۆنی لەنێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٦٢ بەرهەمی هێنان. هەمووشیان بوونە براوەی خەڵاتەکانی فیستیڤاڵی ئیتاڵیا. ئەو فیلمانەش ناوبانگ و کەسایەتیی ئەنتۆنیۆنیان وەک دەرهێنەر دەرخست. مۆنیکا ڤیتی لە هەموو فیلمەکاندا بەشداری کردووە. ئەنتۆنیۆنی و تۆنینۆ گوێرا پێکەوە سیناریۆکەیان نووسیوە. (ئێرالدۆ دا رۆما) لە هەرسێ فیلمەکە مۆنتێر بووە، (گیانی دا ڤەنانزۆ) سەرپەرشتیاری وێنەگرتن بووە لە فیلمەکانی شەو و خۆرگیراندا. (گیۆڤانی فوسکۆش) ئاوازی داناوە بۆ هەردوو فیلمی ڕووداوەکە و خۆرگیران. لە هەمان ماوەدا، جگە لە فیلمی «ژیانە شیرینەکە»ــی فێلینی؛ ئینگمار بێرگمانیش فیلمی «شەوی زستانی» دەرهێنا، ئەلەین ڕێسنەیسیش فیلمی «ساڵی پار لە مارینبادی» دەرهێنا- هەموویان چەند فیلمێکی مۆدێرنستی نایاب بوون.
لە فیلمی ڕووداوەکە: «ژنێکی گەنج بە ناوی ئانا (لیا ماساری)، لە گەشتێکی دەریایدایە لە ناوچەی سیسیلی لەگەڵ کۆمەڵێک ئیتاڵی دەوڵەمەنددا و لەپڕ دیار نامێنێت. خۆشەویستەکەی: (ساندرۆ گابریلێ فێرزێتی) و هاوڕێکەی: کلاودیا (مۆنیکا ڤیتی)، سەرکەوتوو نابن لە دۆزینەوەی و گەڕان بەدوایدا بێ فایدەیە. بەهۆی ئەو پێشهاتەوە، پەیوەندییەکی ئاسایی لەنێوانیان درووست دەبێت. هیچ چارەسەرێک بۆ ڕووداوەکە نییە. بزربوونی ئانا، هەرگیز لە فیلمەکەدا باس ناکرێتەوە. دابڕانیشی، شتێکی دڵخۆشکەر نییە. لە کۆتاییی فیلمەکەدا، کلاودیا و ساندرۆ دەچنە نێو پەیوەندییەکی سۆزداریی ساردوسڕەوە، هەرچەندە بەزەحمەتیش بەیەک دەگەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێگەمان پێ نادرێ هیچ گێڕانەوەیەکی ئۆرسۆدۆکسی تێوەبگلێنین. فیلمەکە زۆر بەهێواشی دەڕوات، و زۆربەی ئەکشنەکانیش لە ساتە خۆڕسکەکاندا دەبینرێن. هەروەها زۆر بەکەمی کارەکتەرەکان پێکەوە قسە دەکەن. زۆرجار ئەوە دەبینرێ، کە هەر یەکەیان لەنێو دیمەنە سارد وشکەکانی سیسیلیدا بەتەنیان و لەیەکتر دوور کەوتوونەتەوە.» [ئەندریو توتۆر]
فیلمی شەو: «باس لە ژیانی هونەرمەندێک دەکات، کە یەکێکە لەو کەسانەی لە ئیتاڵیادا، خاوەن پاشخانێکی ئابووریی بەرزە. ئەم فیلمە، باس لە چەند کاتژمێرێک دەکات، بەتەواوی شەویشەوە، لە ژیانی گیۆڤانی پۆنتانۆ (مارسێلۆ ماسترۆیانی)ــی ڕۆماننووس، لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی کۆتا کتێبیدا. (ژیانی مۆریا) ڕۆڵی هاوسەرەکەی دەبینێت. هەروەها، مۆنیکا ڤیتیش ڕۆڵی خوشکی خاوەنکارگەیەک دەبینێت، کە گیۆڤانی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، کەچی ناشتوانێت ڕازی بکات.
ئەنتۆنیۆنی ئیش لەسەر چوونە ناو پێوەرە ئاڵۆزەکان و دەرچوون لێی و گۆڕانکاری لەم پێوەرانەدا دەکات. بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕێک و پێک، لەنێوان ئەکتەرەکانیدا بیگۆڕێت- لەکاتی پاراستنی کاریگەریی ئەو ئەکشنە سەربەخۆیانەی کە پێکەوەی بەستوونەتەوە. وەک ئەوەی لەناو نهێنییەکانی یەکتریدا یەک ببینن. [پ. ئادەم سیتنی].
فیلمی خۆرگیران
فیلمی خۆرگیران لە ڕۆما دەرهێنراوە، پەیوەندییە سەرەکییەکە ڤیتۆریا (مۆنیکا ڤیتی) و پیرۆ (ئەلەین دیلۆن) دەگرێتەوە. پلۆتەکە باس لە ئاڵوگۆڕیی بۆرسەی شار دەکات. هەرچەندە شوێنەکان زۆرتر لە ناوچەی بازاڕی و فاشیۆنی پێشانگای جیهانی ڕۆمادان. فیلمەکە [بۆ پارەکەم] ئەبستراکتترین بەشی تریلۆژییەکەیە.

فیلمەکە، لە دوو ناوچەی ڕۆما دەرهێنراوە، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەیەکی بچووکیش لە فڕۆکەخانەی ڤێرۆنادا هەیە. سەرنجە بنچینەیییەکە لەسەر ناوچەی پێشانگای جیهانی ڕۆمادایە، لەو شوێنەی کە ڤیتۆریا لە ئاپارتمانێکی مۆدێرن و سەرنجڕاکێشدا دەژی. پێشانگای جیهانی ڕۆما، لە ساڵی ١٩٣٠کاندا، یەکێک بوو لە پرۆژەکانی ڕژێمی فاشیست، کە دەبوایە ببوایە بە پڕۆژەیەکی تەلارسازی و نەخشەکێشان بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە دەوروبەری پێشانگایەکی گەورەدا. بەڵام هەرگیز پیشانگاکە دانەنرا لەو شوێنە؛ ناوچەکە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، وەک دوو ناوچەی نیشتەجێبوون و بازرگانی، پەرەی پێ درا. بۆیە ناوچەکە تێکەڵەی چەند شێوازیک بوو لە پێش جەنگ و لەدوای جەنگ. وەک زۆربەی کات لە فیلمە ئیتاڵییەکاندا دەبینین، کە تەلارساز دەنگدانەوەیەکی تایبەتیان هەبووە لە ڕابردوودا.
فیلمەکە لەناو ئاپارتمانەکەی ڕیکاردۆوە (فرانسیسکۆ ڕاباڵ) دەست پێ دەکات، کە خەریکە پەیوەندی لەگەڵ ڤیتۆریا کۆتایی پێ دێت. دوای ئەوەی، ڤیتۆریا دەگەڕێتەوە بۆ ئاپارتمانەکەی خۆی، ریکاردۆ بەبێ فایدە هەوڵ دەدات پەیوەندی بە ئاپارتمانەکەیەوە بکات. پاشان، لە فیلمەکەدا پیرۆ سەرکەوتووترە لە پەیوەندیکردن پێوەی. هەروەها، دیمەنێک هەیە لەناو خانووی ئەو هاوسێیەی کە ڤیتۆریا و هاوڕێکەی سەردانی دەکەن. ئەمەش تاڕادەیەک دیمەنێکی نامۆ و سەیروسەمەرەیە. خاوەن ماڵەکە بۆ ماوەیەک لە کینیا ژیاوە، ئەو زۆر ڕەگەزپەرستە بەرامبەر خەڵکە ڕەشپێستەکانی کینیا. لەڕاستیدا، ژنەکە گاڵتەیان پێ دەکا و ئەو جلانە دەپۆشێت کە لە ئەفریقا کۆی کردوونەتەوە. من ئەم دیمەنە مێژوویییەی فیلمەکە بەشێوەیەک دەبینم، کە لە فیلمی (ڕووداوەکە)دا ڕوو نادات.
ناوچەی دووەم، سەنتەرە کۆنەکەی شارە، لەم شوێنە ئاڵوگۆڕی بۆرسە و ئاپارتمانی خێزانەکەی پیرۆی لێیە، لەگەڵ ئەو ئۆفیسەی کە تێیدا ئیش دەکات. ڤیتۆریا و پیرۆ لە ئاڵوگۆڕی بۆرسەکەدا یەک دەبینن. کە دایکی ڤیکتۆریا دێت بۆ چێککردنی سەرمایەکەی. ئەمەش هەراوهۆسە و گڕوتینێک نیشان دەدات. لە یەکەم دیمەندا، گرنگی بەو خولەکە بێدەنگییە دەدرێت کە ڕادەگیرێت بۆ ئەو دەڵاڵەی کە سەرمایەکەی لە دەست دەدات. ئاڵوگۆرەکە، سەنتەرێکی قەرەباڵغی قومارە. بۆ من ئەمە بیرخستنەوەی زنجیرە کورت و ستایلە جیاوازەکانی فیلمی (دکتۆر مابیوس)ــی فیرتز لانگی دەرهێنەرە. پیرۆ وەکوو هەموو ئەندامەکانی تری ئاڵوگۆڕەکە زۆر مەشغوڵە. لە جێیەکدا ڤیتۆریا پێی دەڵێت:
«تۆ هەرگیز ناوەستیت».
ڕووداوەکانی ناو بۆرسەکە، نیشانەی لایەنێکی پڕوپوچ و داڕماوە، کە ڕەنگدانەوەی پێشهاتە واقعییەکانی نێو ئابووریی ئیتاڵیایە لە ساڵی ١٩٦١.
هەروەها، لە ڕووباری تیباردا دیمەنێک هەیە، کە ئۆتۆمبێلە سپۆڕتەکەی پیرۆ دەدزرێت و دەکەوێتە ناو ڕووبارەکەوە. ئێمە ئۆتۆمبێلەکە و شۆفێرە مردووەکەش دەبینین، کە لە ڕووبارەکە ڕادەکێشرێنە دەرەوە. بەڵام، کاتێ کە پیرۆ و ڤیتۆریا پێکەوە لەناو پارکێکدا پیاسە دەکەن، چەند دیمەنێکی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەوەی کە زاڵ دەبێت بەسەر بەشی کۆتاییی فیلمەکەدا، دیمەنی دەرەوە و دووڕیانێکە، کە لە ناوچەی پێشانگای جیهانی ڕۆمادایە. هەروەها بینایەکی تەواونەکراوی لێیە، کە داربەست کراوە و داپۆشراوە، تەنانەت ئاو دەچێتە ناو تەنکییەکەوە و دەڕژێتە سەر شەقامەکە. لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەم دووڕییانانە دەبینین. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە ڕێبوارێک دەبینین کە پەرستارێکە پاڵ بە عەرەبانەی مناڵێکەوە دەنێت. هەروەها لە کاتی کازیوەدا، پاسێک دەوەستێت، سەرنشینەکان لە پاسەکە دادەبەزن و بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن. لێرەدا، دەگەڕێینەوە بۆ کۆتاییی فیلمەکە، بەشێک لە ڕێبوارەکان دەبینین، بەنموونە: پیاوێک ڕۆژنامەیەکی بەدەستەوەیە، پاشان دووڕییانەکە چۆڵ دەبێت. ئێمە چاوەڕێ دەکەین بەڵام هەرگیز نازانین کە چی ڕوودەدات. لە ڕواڵەتدا، ئەمە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشە، بە وێنەگرتنێکی زنجیرەیی یەک لەدوای یەکی دووڕییانەکە، باڵەخانەکە، وێنە نزیکە وردەکان وەک ئەبستراکتترین دیمەن دەردەکەوێت، لە فیلمێکی ئەنتۆنیۆنی’دا.
فیلمەکە بە وێنەگرتنێکی بازنەیی درووست کراوە. کامێراکە چەند جارێک بە گۆشەیەکی لار دەی بڕێت. ئەوان سوود لە هەموو ئەو شتانە وەردەگرن کە لە پێش کامێرادایە. کارەکتەرەکان بەرامبەر ئۆبژێکتەکان، دیوارەکان، باڵەخانەکان دانراون. بۆ نموونە: وێنەگرتنی ڤیتۆریا لە ناو ئاپارتمانەکەی ریکاردۆدا، کە لەلای چەپی چوارچێوەکە وەستاوە و ڕووی لە ژوورەکە و ئاوێنەکەیە. بەهۆی بۆشایی و دیوار و کەلوپەلەکانەوە لە ڕیکاردۆ جیا دەکرێتەوە. کاتیک ڤیتۆریا و پیرۆ بۆ یەکەمجار لە ئاڵوگۆڕی بۆرسەکەدا قسە دەکەن، ئەوان لە دەوری پایەیەکی بازنەی گەورەدا گفتوگۆ دەکەن، ئەو کاتەی کە خەڵکەکە بۆ ماوەی خولەکێک بێدەنگ بوون. لە هەندێک لە وێنەگرتنەکاندا، بەتایبەتی وێنەگرتنەکانی ڤیتی، کۆمەڵێك شتی ناو فیلمی (شەو)ی وەبیرخستمەوە. وێنەگرتنەکان زۆر درێژ نین. چەند تراکێک لە فیلمەکەدا هەیە، زیاتر وا ڕوو دەدەن، بەجۆرێک کە لە کۆتاییی ڕووداندا بن.
ئێمە هەردوو دیمەنە شەو و ڕۆژییەکان و پانتایییەکی دەرەکی و ناوەکیمان هەیە. ئەوەی کە بیرم چوو لە سکرینەکانی پێشتردا، دیمەنی ئەو شەوە بوو، کە ژمارەیەک سەگی نیشان دەدا. ڤیتۆریا دوایان دەکەوێت، بەتایبەتی ئاژەڵە ماڵییەکەی هاوسێکەی. ناتوانم سەگی ترم بیر بکەوێتەوە لە فیلمەکانی ‘ئەنتۆنیۆنی’دا؟
جیا لە گەنگەشە و هەراوهوریا؛ ساوندراکەکەش پەرژوبڵاوە. دوو گۆرانیی Diegetic و گۆرانیبێژێکی Diegetic هەن. بڕگە مۆسیقاییە کورتە Non-diegeticکانی لە سەرەتای فیلمەکەیا دەردەکەون. زۆربەی زۆریان لەو دیمەنەدان کە پیرۆ ئاپارتمانی خێزانەکەی نیشانی ڤیتۆریا دەدات. بەڵام گەورەترین ڕێژەی موزیکە پێکەوەییەکان لە کۆتاییی دیمەنە درێژەکان و لەو شوێنانەدان کە چۆڵ و هۆڵە و کەسی لێ نییە.
گومان لەوەدا نییە، کە ئەنتۆنیۆنی دەرهێنەری مژار و شێوازەکانە. هەرچەندە ئەمە ئیشێکە (وەک ئیشەکانی تری)، کە کۆمەڵێک دەرهێنەر تیایا بەشداری کردووە، سینەماتۆگرافێکەی لەلایەن (گیانی دی فوسکۆ)وە کراوە و زۆر جوانە. هەروەها بەڕێوەبردنی دیزاین و مۆنتێریەکەشی نایابن. لە کاتێکدا گیۆڤانی فوسکۆ مۆسیقا سپێرسیەکەی داناوە و ئەتمۆسفیرییە.
وەکوو هەموو فیلمەکانی ئەنتۆنیۆنی، کە دۆخێکی ئێجگار ئاڵۆزی هەیە، کە پەیوەندی بە هەریەک لە کارەکتەرەکان و گێڕانەوەکەوە هەیە. هەرچەندە لە کاتی مژارەکاندا دەردەبردرێن. بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەمە مۆدێرنیست و ژینگەیەکی نامۆیە. وەختێ کە سەنتەرە کۆنەکە ژیان و ئەکشنی زیاتری تیایە و تاڕادەیەکیش بێمانایە، کاتێک بەتەنیا نابێت بە دەستکەوت. کوالیتیی فیلمەکە و ئەو دەنگ و مۆسیقایەی کە بۆی زیاد کراوە، ئاسوودەیییەکی زۆر دەبەخشێت. هەروەها ورووژێنەریشە چونکە لەوانەیە هەندێک لە بینەرەکان لێی بێزار ببن. [بیستوومە کە دەگوترێت] گەر فیلمەکە شتێکی تیابێت، زۆر زەحمەتە ورد نەبیتەوە لێی و پرسیار نەکەیت پاش کۆتاییهاتنی ‘باش’.
ئیتاڵیا/ فەڕەنسا ١٩٦٢. لەلایەن ڕۆبێرت و ڕایمۆند حەکیم بەرهەم هێنراوە.
سیناریۆ: مایکڵ ئەنجلۆ ئەنتۆنیۆنی و تۆنینۆ گوێرا، لەگەڵ ئیلیۆ بارتۆلینی و ئۆتیرۆ ئۆتێری. سینەماتۆگراف: گیانی دی ڤەنانزۆ. مۆنتێر: ئێرالدۆ دا ڕۆما. دەنگ: کلاودیا مەیلید و ماریۆ برامۆنتی. سەرپەرشتیاری دیزاین: پیرۆ پۆلیتۆ. موزیک: گیۆڤانی فوسکۆ.
ئەکتەرەکان: ئەلەین دیلۆن (پیرۆ)، مۆنیکا ڤیتی (ڤیتۆریا)، فرانسیسکۆ ڕابال (ڕیکاردۆ)، لەگەڵ لیلا برینۆن، ڕۆسانا ڕۆری، میرێلا ریکیاردی، لویس دیگنیێر.
نمایشکردن لە Digital cinema package، ڕەش و سپی بە ژێرنووسی ئینگلیزی: ١٢٦ خولەکە.
پوختەکان لە Macmillan International Dictionary of Film