لەئەستۆنەگر

"هەر لێکچووییەک لەگەڵ زیندووەکان و مردووەکاندا ڕێکەوت نییە"

لەئەستۆنەگر[1]

“هەر لێکچووییەک لەگەڵ زیندووەکان و مردووەکاندا ڕێکەوت نییە”[2]

کەیت بلانچێت لە فیستیڤاڵی فیلم لە ڤێنیس (ئۆگۆستی ٢٠٢٤) لە وەڵامی پرسیارێکی بەردەنگەکەیدا سەبارەت بە ڕۆڵبینینی لە فیلمی “Disclaimer” دەڵێت:

“هەموو شتێک ناگێڕدرێتەوە. ڕەنگە شتگەلێک بمێننەوە بە شاراوەیی و نەدرکاوی. بەمە دەوترێت مانەوەی لە هەرێمی تاکەکەسیدا. لەو باوەڕەشدام ئێمەی مرۆڤ کەسانێکی پڕنهێنی و ئاڵۆزین، بەڵام بێگومان بەو واتایە نایەت، ئێمە ناڕاستگۆیین و کارگەلێکی قێزەون ئەنجام دەدەین. هەموومان شتانێکمان هەن، ئیتر جیاوازی نییە بچووک بن یاخود گەورە، دەمانەوێت بۆ کەسانی دیکەی نەدرکێنین، لەبەر ئەوەی ڕەنگە خۆمان هێشتا خەریکی هەڵکردن و ڕووبەڕووبوونەوە بین لەگەڵیاندا.”[3]

ئەگەر بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کەسانی دەوروبەرماندا بچینەوە، دەتوانین ڕێژەیەکی دیاریکراو لە متمانەپێکردن، هەست بە ئاسوودەییکردن، هاودڵی، … هتد لەو پەیوەندییە مرۆییانەدا بدۆزینەوە، بەڵام هێشتا ڕەنگە بەشێوەیەکی ڕەها توانای کرانەوەمان نەبێت، هەم بەهۆی شتانێکی زۆرەوە کە خۆمان لەگەڵیاندا دەست و پەنجە نەرم دەکەین و شتانێکیش لە کەسانی دەوروبەرماندا ڕێگری لە دروستبوونی زەمینەیەک دەکەن، بتوانین بەبێ ترس لە بڕیارلەسەردادان و سەرکۆنەکردن لەگەڵ یەکدیدا بدوێین، هەر ئەمەشە ناچارمان دەکات لەگەڵ کەس و کۆنتێکستی جوادادا خۆشمان جیاواز مامەڵە بکەین. لەم نێوەندەشدا کە زەمینە زیاتر لەبارە بۆ بڕیارلەسەردادان و سەرکۆنەکردن دەبێتە پرسیار بۆمان چۆن دەتوانین لە هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیدا، کاتی ڕووداوێک، هاوسۆزی و دڵگەرمیمان یاخود ڕق و تووڕەییمان لەگەڵ کێدا بۆ دروست دەبێت و بۆچی؟

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بپرسین، کێ توانای گێڕانەوەی هەیە؟ کێ دەتوانێت چیرۆکێک، ڕووداوێک، بەسەرهاتێک، ئەزموونێک یان حەزو ئارەزوویەک بگێڕێتەوە، بەبێ ترس و نیگەرانی؛ ترس لە هێرشکردنەسەر، ترس لە کوژران، ترس لە لەدەستدان و پشتتێکردن، ترس لە ڕۆچوون، ترس لەو نۆڕمە باوانەی دەتوانن بڕیار لە زیندوومانەوەت یان نەمانت بدەن. کێ و لە چ شوێنێکدا دەتوانێت بەئاسانی دەربارەی ڕووداوەکان و هەستە ئەزموونکراوەکان بدوێت؟ لەگەڵ ئەم پرسیارانەشدا دەبێت بپرسین کێ گوێی لێ دەگرترێت و گوتاری کێ شیاوی گوێلێگرتن و باوەڕپێکردنە و کێ دەبێت هەموو هەوڵێک بدات تا بتوانێت نیگا ڕقاوییەکان لەسەر خۆی دوور بخاتەوە و بیسەلمێنێت، شایانەی ئەو سزا و مامەڵەیە نییە. ڕەنگە لە هەموو شتێکیش گرنگتر بپرسین چۆن و چ ژینگەیەک ئەو دەرفەتە فەراهەم دەکات کەسی گێڕەرەوە بەّوەیەکی. سوبیەکتیڤی سەبارەت بە هەست و ئەزموونەکانی خۆی بدوێت.

یاخود بەدەربڕینێکی دیکە، لە ژیانی ڕۆژانە و کار و بواری گشتییدا خەریکین پەردە لەسەر لایەنە شاردراوە و نەگووتراوەکانی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لا دەدەین. دەگەڕێین بەدوای پرسگەڵێک و ڕیشەکەیان و هەوڵ دەدەین لەڕێگەی ڕوونکردنەوەیەکی لۆژیکییەوە لایەنە جیاوازەکانیان هەڵسەنگێنین. بەتایبەتیش لە پرسە ڕەگەزییەکان، پرسە ئابووری و سیاسییەکان. بەجۆرێک بە تێگەیشتن و قووڵبوونەوەی زیاتر دەتوانرێت ڕەفتار و کاردانەوە و کێشەکان باشتر هەڵبسەنگێنرێت. لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ و زانین و هۆشیارییانەش بەرامبەر بە پرسگەلێکی زۆر، پێشهاتووە دووبارە کەوتووینەتەوە تەڵەی ئەو پێشبڕیار و نۆڕمە باوانەی کۆمەڵگا. بە گەڕانەوە و چاوپێداخشانێکمان بە ڕەفتار و هەستوسۆزەکانمان، لایەنگری ناخودئاگایانەمان لە شتانێک و کەسانێک، کە ڕەنگە لە ئاستی تیۆری و فکرییەوە هاوخوانیمان لەگەڵدا نەبێت.

گێڕانەوە وەک بژاردەیەک:

لەم ماوەیەی پێشوودا بە سەیرکردنی زنجیرەیەکی حەوت ئەڵقەیی، هەستێکی گومانکردنی لە خۆمدا بەدی هێنا، گومانکردن لەو هەوڵانەی پێشترم بۆ دەرککردنی پرسە جڤاکییەکان. زۆرکات بەو بڕوایە دەگەین، کە ئێمە خەریکی خۆداماڵینین لەو نۆڕم و بەها چەسپێنراوانەی ساڵەهای ساڵە بەسەرماندا سەپێنراون، تێیاندا ژیاوین و وادەزانین چیتر ئێمە بەشێک نین لە بەرهەمهێنانەوە و ڕچەشکێن بوون. لەگەڵ ئەوەشدا زنجیرەیەک دەتوانێت جارێکی دیکە ڕاتچڵەکێنێت و بەئاگات بهێینێتەوە لەوەی تۆش لەنێو ئەو نەزمەدا پێگەیشتوویت و دابڕانی یەکجارەکی ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا ئەستەم بێت.

ئەم زنجیرەیە لەئەستۆنەگر(Disclaimer) یەکەم زنجیرەی دەرهێنەری مەکسیکی (Alfonso Cuarón)یە و چیرۆکێکی هەستبزوێنی دەروونییە، لە ڕۆمانێکی ژنە نووسەر (Renée Knight) بە هەمان ناوەوە سەرچاوەی گرتووە. بەگشتی چیرۆکەکە دەربارەی ژنێکی ڕۆژنامەکاری ناودارە بە ناوی کاترین (Catherine Ravenscroft) و (Cate Blanchett) ڕۆڵی سەرەکیی ئەو دەگێڕێت. ئەم ڕۆژنامەکارە بە توانایی و لێهاتوویییەکەی بۆ دەرخستن و بەدواداچوونی تاوان و کێشە ئاڵۆزەکان ناوی دەرکردووە. لە یەکەم ئەڵقەدا پێگە و لێهاتوویییەکانی دەکەونە بەرچاوی بینەر، ژنێکی دەستڕۆیشتوو، بەهێز، ڕێزدار، زرنگ و لێزان، لە پێگەیەکی بەرزی کار و کارامە دەردەکەوێت. هەموو ئەمانەش پۆتێنشەڵێکی باشن بۆ دروستبوونی ڕق و تووڕەییی بەرامبەر بە ژن. فیلمەکە دەربارەی ژیانی ئەو ژنە، سەرکەوتووبوونی ئەو وەک ڕۆژنامەکارێکی لێهاتوو و سەرکەوتوو و نهێنییەکی تاریکیی ئەو، کە دەکرێت لە ڕێگەیەوە هەموو دەستکەوتەکانی لێ بسەنرێتەوە و ڕەوانەی دۆزەخ بکرێت، چونکە وەک ئاودرێ لۆرد بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز دەڵێت: “بە دڵنیایییەوە ژنانی بەهێز مەترسین”[4].

ئەم کارەش مامۆستایەکی خانەنشین دەیگرێتە ئەستۆ، کە ژیانێکی سەخت و  پڕزەحمەتی بەڕێ کردووە و لەگەڵ لەدەستدانی کوڕەکەی و دواتریش هاوژینەکەیدا دەست و پەنجەی نەرم کردووە. ڕۆژێک لە دۆڵابی ژووری کوڕەکەیدا کتێبێکی دەستنووس دەدۆزێتەوە، کە ژنەکەی لەو ساڵانەی دواییدا بۆ هەڵکردن لەگەڵ لەدەستدانی کوڕەکەی و ئەو زانیارییانەی لایەتی و لای کەڵەکەبوون دەستی کردووە بە نووسینی ئەو ڕۆمانە. لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا مامۆستا خانەنشینەکە سوێند دەخوات تۆڵە بکاتەوە و پلانی تۆڵەکردنەوەکەی دادەڕێژێت. پلانەکەی لە بە چاپگەیاندنی ڕۆمانەکەوە دەست پێ دەکات و گەیاندنی بە کەسی مەبەست، ئەویش کاترینە، ئەو کەسەی بە تێڕوانینی ئەو دوای بیست ساڵ لەو ڕووداوە هێشتا سزای تاوانەکەی وەرنەگرتووە و خۆی لە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی دوور گرتووە.

ڕۆژێک لەدوای وەرگرتنی خەڵاتێکی گرنگ وەک ڕۆژنامەکارێکی دیاری بواری ڕاگەیاندن کاترین بەشێوەیەکی نەناسراو و نەخوازراو ڕۆمانێکی بەدەست دەگات، بە ناوی (The Perfect Stranger) و دەستبەجێ دەست دەکات بە خوێندنەوەی. لە پەڕەکانی سەرەتادا دەکەوێتە بەردەم خەسڵەتێکی خستنەسەری وەک “لەئەستۆنەگر”، کەسێک کە بەشداربووە لە ڕووداوێک و خۆی دزیوەتەوە لەهەر جۆرە بەرکەوتنێک. کەسێک کە دەکرا زۆر پرسیاری ناڕوون وەڵام بداتەوە و ناڕوونییەکان بۆ کەسانی بەرکەوتەی ئەو ڕووداوە بگێڕێتەوە. بەڵام ئەو کەسە بڕیار دەدات بەوەی خۆی دوور بخاتەوە، بابەتەکە داپۆشێت، بەجۆرێک کە ئەمە ڕووداوێک بووە لە ڕابردوودا و چیتر پێویست ناکات بهێنرێتەوە دەمی ئێستا. ئەو لەئەستۆنەگرەش مەبەست لە کاترینە. ڕۆمانێک کە تێیدا خۆی وەک فیگەری سەرەکی دەبینێتەوە و لایەنێکی بە نهێنیی شاراوەی ئەو هەڵدەداتەوە. ئەم نهێنیی ئاشکرابوونەی نەک تەنها کار و ژیانی لە بواری گشتییدا دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو پەیوەندییە خێزانییەکانیشی، بەتایبەت پەیوەندی لەگەڵ هاوژینەکەی  ڕۆبەرت (Robert) و کوڕەکەی نیکۆلاس (Nicholas)  لاواز دەکات و دەپچڕێنێت. ئاشکرابوونی نهێنییەک، کە پێیوایە بیست ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و بەردێکی لەسەر داناوە، هەموو ئەو هەست و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییانەی تێدا زیندوو دەکاتەوە، کە ساڵانێکی زۆر هەوڵی داوە کپیان بکات و وەک (نا-)ڕووداوێک لەبیری بکات، بەڵام ناچار بە گەڕان دەبێت بەدوای شوناسی نووسەری ئەو کتێبەدا، لەمەشەوە ناچارە بە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆشی لەگەڵ ڕابردوویدا و ئەو ڕووداوە.

لە ڕۆمانەکەدا باسی ژنێک دەکرێت، کە هەم منداڵەکەی و هەم هاوژینەکەی پشتگوێ دەخات. بەپێی ڕۆمانەکە لە سەفەرێکیدا لە ئیتاڵیا خیانەت لە هاوژینەکەی دەکات، بەوەی لەگەڵ کوڕێکی لاودا جۆناتان (Jonathan) پەیوەندیی سێکسی دەگرێت. لە کۆتاییی سەفەرەکەشیدا جۆناتان بە خنکاوی لە دەریای ناوەڕاستدا دەدۆزرێتەوە. ئەم کوڕە خنکاوەش کوڕی نووسەری ڕۆمانەکەیە. ڕۆمانەکە دەیەوێت  ئەو نهێنییەی کاترین، کە ویستوویەتی بیشارێتەوە و کەس پێی نەزانێت، ئاشکرا بکات. لەناکاو کوڕەکەی کاترین ئەم ڕۆمانەی لە شوێنی کارەکەی بەدەست دەگات، هاوژینەکەشی چەندین وێنە و ڕۆمانەکەی پێ دەگات، وە لە هەموو ئەو شوێنانەدا کە دەزانرێت پێگە و شوێنپێی کاترینی لێ دەدۆزرێتەوە وەک ئەو کتێبفرۆشییەی کاترین بەردەوام ڕووی ت ێدەکات…هتد. ئەگەرچی هەوڵ دەدرێت ئەو ڕووداوە لە بیرکردنەوە و ژیانی ڕۆژانەدا کپ بکرێت، بەڵام ئازار و کاریگەرییەکانی ڕۆدەچنە خانەکانی جەستە و لەڕێگەی دیکەوە خۆیان دەردەخەن. ئازارێک کە لای کاترین دەگۆڕدرێت بۆ سەرئێشەی بەردەوام و نیگەرانی و تراومای شاراوە، لەلایەکی دیکەشەوە لای مامۆستا خانەنشینەکە ئازار، تووڕەیی، هەستکردن بە ناحەقی و نادادوەری دەگۆڕێت بۆ ڕق و تۆڵە[5].

ئەم زنجیرەیە هێزی فیکشن و کاریگەریی نهێنی و شتە تایبەتییەکانی کەسەکان دەخاتە بەر دیدی بینەر و یاریکردن بە کات و ساتی جودا و دنیابینیی کەسەکان سەر لە بینەر دەشێوێنێت، بەشێوەیەک بێئاگا لەوەی چی دەگوزەرێت و بێخستنە ژێرپرسیاری جووڵەی ڕووداوەکان بینەریش دەبێتە یەکێکی دیکە لە کاراکتەرەکانی نێو فیلمەکە بۆ ڕقلێبوونەوە لەو ژنە. ئەمەش پەیوەندییەکی ئاڵۆز دروست دەکات لە نێوان ڕاستی و ئەو شتەی ئێمە وەک واقیع وەریدەگرین. ڕەنگە ئەم ئاڵۆزیی بەیەکداچوویی ساتە جیاوازەکان و گێڕانەوەکان لە دەمی چەند کەسێکی جیاوازەوە بینەر زیاتر بەرەو سەرلێشێواوی ببات و زیاتر بکەوێتە بەردەم ڕەخنە، بەڵام جوانیبینی و وێنەیبینراو دروستکردن و گەشەی کارکتەرەکان بەشێکی گرنگی ئەم زنجیرەیەیە. هەموو شتێک لەم زنجیرەیەدا دەربارەی تێڕوانین و وەرگرتنی ڕووداوەکانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، دەربارەی ڕاستییەکی هەستپێکراو یاخود خودی ڕاستییەکە. دەربارەی چوونەوە نێو خۆمانە و خستنە ژێرپرسیاری ئەو شتانەی پێمان وایە دەیزانین، دەربارەی پرسێکە لە خۆمان ئایا چەندە دەزانین و ئەوانی دیکە چەندە دەزانن؟ یاخود بۆچی ئێمە شتانێک دەزانین و ئەوانی دیکە لێی بێخەبەرن؟ بۆیە ئەم زنجیرەیە دەکرێت وەک تاقیکردنەوەیەک سەیر بکرێت، وەک ئەزموونێکی وێنەکراو و ڕۆچوون بەنێو ژێرخانی مرۆییدا و هەروەها وەک یارییەک لەگەڵ ڕاستی و ڕاستیی وەرگرتراو.

تا نیوەی ئەم زنجیرەیە بینەر پرسیارێکی ناڕوون و بەجێماوی بۆ دروست نابێت، لەگەڵ جووڵەی ڕووداو و گێڕانەوەکاندا دەڕوات، هاودەمیش ئەو گێڕانەوانە وەک ڕاستییەکی تاڵ وەردەگرێت و وردە وردە هاوسۆزی لەگەڵ کەسی تۆڵەکەرەوەدا بۆ دروست دەبێت، بە شێوەیەک کارەکەی لە ڕووی ئەخلاقییەوە بە کارێکی دروست و دادوەرانە دەخەمڵێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ بۆشایییەک بۆ گومان و پرسیاری دیکە جێبهێڵێت یاخود بەدەربڕینێکی دیکە ڕووبەرێک بۆ بیرکردنەوە و تێڕامانی خود. بەهۆی وردەکاری و ڕازاوەییی فیلمەکە وەک قسەکردن دەربارەی شەرابی سووری تایبەت، دیمەنی پشیلە جۆراوجۆرەکانن و شێوازی ژیانیان لە ماڵەکان و هاوڕێیەتیدا لەگەڵ کارەکتەرەکانی نێو فیلمەکەدا، پیاسەی ڕێوییەکان بەنێو ماڵەکانی لەندەندا، هەموو ئەمانە کە بەشێکن بۆ پێدانی ئێستێتیک بە فیلمەکە لە هەمان کاتیشدا خزمەت بەوە دەکەن هۆشی بینەر پەرت بکەن، سەرنجیان زیاتر بچێتە سەر ئەوانە وەک لەوەی بیر لە ناڕوونییەکان بکەنەوە. ئەم زنجیرەیە ئەگەرچی زنجیرەیەکی هەستبزوێنە، بەڵام بە فۆڕمی کلاسیک چیرۆکەکە ناگێڕێتەوە، بەڵکوو پرسیار دروست دەکات دەربارەی ڕاستی و حەقیقت و ئەوەی کێ لەو کاراکتەرانە ڕاستی دەگێڕێتەوە؟ هیچکامیان یاخود هەر کەسە ڕاستیی وەرگرتراو و خوازراوی خۆی دەگێڕیتەوە؟

دەتوانین گریمانەیەکمان هەبێت و وای دابنێین، ئەم ژنە پەیوەندییەکی سێکسی هەبووە لە دەرەوەی پەیوەندییە خێزانییەکەی، بیست ساڵ بەر لە ئێستا (لەڕووی بەهای ئەخلاقییەوە شتێکی گونجاو و خوازراو نییە)، بەڵام ئایا شیاوی ئەوەیە کە بەو شێوەیە ڕەفتاری لەگەڵدا بکرێت؟ هەم لەلایەن دایک و باوکی لاوە خنکاوەکەوە و هەم لەلایەن دۆست و ناسیاو و کەسە نزیکەکانییەوە. ئەمە دەبێت سەرەتا لە خۆمان بپرسین هەتا بەرلەوەی دەرفەتی ئەوەمان بۆ بخوڵقێت، گوێ لە خودی کاترین و گێڕانەوەکەی بگرین. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە جۆرێک لەجۆرەکان سەرکۆنەکردنی کاترین لەلایەن دایک و باوکی لاوە خنکاوەکەوە دەرک بکرێت -هۆکاری لەدەستدانی کەسێکی ئازیز و مانەوە لە پڕۆسەی شین و ماتەمدا، قبوڵنەکردن و نکوڵیکردن لەو واقیعیەتەی بەریکەوتوون-  کە ڕەنگە چاوەڕوانییەکیان لە کاترین هەبووە، کە بەلایەنی کەمەوە هاوار بکات و داوای یارمەتیی فریاگوزاری بکات بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەیان. لەگەڵ ئەوەشدا دایکی جۆناتان دەگەڕێت بەدوای سەرەداوەکاندا و بەشێکی زۆر لە خودی ڕاستییەکە دەزانێت، بەڵام بەهۆی ئایدیالیزەکردنی کوڕەکەیەوە و نکوڵیکردن و قبوڵنەکردنی ڕاستیی کوڕەکەیان دەست دەدات بە داڕشتنەوەی چیرۆکەکە بە جۆرێک بتوانێت ئەو ڕق و نەفرەتەی لای خۆی کۆبۆتەوە بگوازێتەوە بۆ کەسێکی دیکە، چ کەسێکیش باشتر لە ژنێکی دیار و بەهێز، کە ئاسانتر بەردەستە بۆ تێکشکاندن و کردنی بە دوژمن. بەڵام ئەوەی زیاتریش جێی سەرنجە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کەسە نزیکەکانە، کە ساڵانێکی زۆرە بەرکەوتنیان لەگەڵ کاتریندا هەیە و جێگەیەکی گرنگیان لە ژیانی ئەودا گرتووە، هیچکامیان ڕێگە بە خوڵقاندنی دەرفەتێک بۆ گفتوگۆکردن نادەن و بپرسن ئایا ئەو گێڕانەوەی ناو ڕۆمانەکە چەندە نزیکە لە ڕاستیی کاترینەوە و کاترین چی هەیە بۆ گووتن؟ دەبێت بەڕاستی پێداچوونەوەیەک بە خۆماندا بکەین، ئایا بەڕاستی بە ئەگەری زۆرە وا دابنێین ژنێک هەڵەیەک دەکات، ئایا ئەوە شێوازێکی دروستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا، ئایا چ شتێک وامان لێ دەکات کوشتن و نەمانی ئەو ژنە بە شیاو بزانین؟ چ شتێک ڕێگە بە ئێمە دەدات بەسەر ئەوانی دیکەدا و بەتایبەتیش بەسەر ژنێکدا بڕیار بدەین و هەموو مافێکی لێ بستێنینەوە و لە مرۆڤبوون دایماڵین؟ مافی دەنگهەڵبڕین و گێڕانەوەی لە ڕوانگەی ئەزموون و هەستەکانی ئەوەوە، مافی گوێلێگرن و مافی مرۆڤبوون، کە هیچ کەسێک پوختە و پاراو نییە و مافی هەڵەکردن لە ژیاندا هەیە.

لەدەستدانی ڕووبەری بیرکردنەوە:

لە کتێبە فەلسەفییەکاندا و زۆرێک وەرگرتن (Citation) لە ڕێنێ دێکارت ڕەنگە زۆرێکمان بەر ئەم ڕستەیە کەوتبین کە دەڵێت: {من بیردەکەمەوە، کەواتە هەم}[6]، بەڵام ئەگەر کەسێک ئاشنا نەبێت بە هزر و فەلسەفەی دێکارت، ڕەنگە بەباشی نەزانێت مەبەستی لەمە چییە؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وتەیە دەماودەم گوزراوەتەوە و لە کۆنتێکستەکەی خۆی تاڕادەیەک دوور خراوەتەوە. لەڕاستیدا دێکارت دەڵێت: {من گومان دەکەم، بۆیە بیر دەکەمەوە، بۆیەش بوونم هەیە}[7]. ئەم ڕاگوستنە دەمانخاتە بەردەم تێگەیشتنێکی دیکە بۆ بوون. بیرکردنەوە و تێڕامانمان لە دیاردەکان و ڕووداوەکان بە تەنها بوونی ئێمە ناگەیەنن، بەڵکوو لە پشت ئەو بیرکردنەوەیەدا چەند و چۆن ڕێگە و ڕووبەرێک بەدی دێنین بۆ گومان و بیرکردنەوەکانمان.

لە کاتی ڕووداوێک، کۆچێک، لە دەستدانێک، توندوتیژییەک، کردەی تیرۆرێک… بە دەربڕینێکی دیکە دۆخێکی نائاسایی گرنگترین شتێک بۆ زیاتر ئاڵۆزنەبوون و بەیەکدانەچووندا هەبوونی ڕووبەرێک بۆ بیرکردنەوە و تێڕامانە، ئەگەرچی ڕەنگە لە دۆخێکی نائاساییدا زیاتر هەست بە لاوازی هێز و نەبوونی ڕێگەیەک بۆ دەرچوون دەکرێت، چونکە بۆ بیرکردنە و تێڕامان بەشێوەیەکی عەقڵانی (نەک کاردانەوەیی) بەلایەنی کەمەوە پێویست دەکات زەمینەیەک بڕەخسێت بۆ دڵنیایی و متمانەپێکردن. وەک ڕووبەرێک کە مرۆڤ تێیدا دوور بێت لە هەر جۆرە هێرش و بەرکەوتنێکی ئەوانی دیکە، بەشێوەیەک بکرێت تێیدا لایەنە جیاوازەکان هەڵبسەنگێندرێت و بەخۆداچوونەوە بکرێتەوە. تراژیدیترین شتێکیش لە نائاساییدا نەک تەنها برینداربوون، کوشتن، تۆقاندن، ئازارگەیاندن…هتد ڕوو دەدات، بەڵکوو لەگەڵیشیدا ئەم ڕووبەرە بۆ بیرکردنەوە و تێرامان لەناو دەچێت و مرۆڤ دەبێتە ئۆبێکتێکی ڕووتی ڕووداوەکان. مرۆڤێک بەبێ هەبوونی بازنەیەکی بیرکردنەوەو تێڕامان دەمێنێتەوە، لەوەشەوە ئاسانتر بەردەست دەبێت بۆ ئاڕاستەکردن بەرەو هەر ئایدۆلۆژییەک، چیتر لێکدانەوە و بیرکردنەوە لە پاشهاتی ڕووداوەکان لەبەرچاو ناگرێت. ئەم هێرشکردنە سەر ڕووبەر و بازنەی بیرکردنەوە ترس و تۆقین چڕتر دەکاتەوە. ترس و تۆقین لە هەر جووڵەیەک هەر خشپەیەک کە لە نزیک ئەوەوە ڕوو بدات، مرۆڤێک تەنها لە حاڵەتی بەرگریکردن و نکوڵیکردندا دروست دەکات. لۆژیکی ئەم توندوتیژییە دەست دەبات بۆ هەست و بیرکردنەوەکانمان و لێرەشدا دەبێت بپرسین، ئایا چۆن دەکرێت لەگەڵیدا هەڵبکەین، هەر ئەسڵەن چی بکەین؟ چۆن بتوانین ڕووبەری بیرکردنەوە بپارێزین، چۆن ئەو بەها و دەستکەوت و ئامانجانە بپارێزین و نەهێلین بەرەو ئاڕاستەی ڕق و نەفرەت ئاڕاستە بکرێن، لە کاتێکدا بارودۆخەکە لە زۆر ڕووەوە لەبارە بۆ ڕق و توندوتیژی؟

بۆ ئەم پرسیارانەش ڕەنگە ئاگاداربوون و هۆشیاربوونەوە لەو بارودۆخە دەستپێکێک بێت، بە واتایەکیش نەک هەر تەنها ئەوەی لە دەوروبەر دەگوزەرێت، بەڵکوو لەنێو خۆشماندا چی دەگوزەرێت و چۆن کاردانەوە نیشان دەدەین، بەر لە رەفتار و مامەڵەیەکی مرۆیی و عەقڵانی، بە دەربڕینێکی دیکە دەست بکەینەوە بە پاراستن و بەدەستەوەگرتنی زەڕەیەک توانای بیرکردنەوە و تێڕامان، چونکە هەر جۆرە ساناکردنێک یاخود زیاد لە پێویست هەستیارکردنێک هێزێکی برەوپێدەری مەترسیدار دروست دەکات، تەنها لە دۆست-دوژمندا خۆی دەبینێتەوە. هاودەمیش خەسڵەتێک نارسیستی و هێرشبەرانە بەدی دەهێنێت، هەندێک لایەنی حەقیقەت دەشارێتەوە و بە قووڵی دەچێتە نێو ئەوەی خۆی ناوی لێ دەنێت ڕاستی؛ ڕاستییەکی تاکلایەنە کە ڕێگە بە هیچ جیاوازبیرکردنەوەیەک و فرەڕەهەندییەک نادات. دونیایەکی پڕمەترسی دەخوڵقێنێت و لە هیچ کوێی ئەو دونیایەشدا شوێنێک بۆ ئێستێک و تێڕامان بوونی نامێنێت. هەر ئەمەش لە کۆتاییدا بیرکردنەوەی خۆی دەخاتە ژێر پەستانەوە. بۆ ئەوەی دەروونی خۆی لە ناڕوونی ڕزگار بکات و ترسەکانی بخاتە ئەولاوە، دەگەڕێتەوە بۆ میکانیزمەکانی دابەشکردن، دابەشکردنی جیهان لە ڕەش و سپییدا، کە دووبارە لە دۆست-دوژمندا خۆی دەبینێتەوە.

بە دێوەزمەکردنی کاترین لەلایەن نووسەری ئەو ڕۆمانەوە، ئاماژە بەوە دەکات، حەز و ڕق و کینەکان لە کەسی نووسەردا بەرجەستە دەبنەوە، وەکچۆن باسکردنی سات بەساتی ئەو سەفەرەی ئیتاڵیا و توانای وێناکردنی ئەوەی، کە چی ڕوویداوە و لە کوێدا و چۆن، و هەروەها داڕشتنەوەی چیرۆکەکە بەشێوەیەک، کە خوێنەر ئارەزوو بۆ مەرگی کاترین دەخوازێت. کاترین بۆ ئەوان ئەو دوژمنە دەرەکییەیە، کە دەتوانن ئازار و ڕەنج و تووڕەیی و کینەکانی خۆیان، بێ پێداچوونەوە لە خود و ئێستێک بۆ تێڕامان، بەسەر کاتریندا کەڵەکە دەکەن. دروستکردنی دوژمنێکی دەرەوەییش هێزی وێرانکەر و زڕێنەر لە ناوەوە بەدی دەهێنێت، هەموو خەسڵەتەکانی دیکە لە دەرەوەدا کەڵەکە دەکات، بەمەش ئەو دوو بازنە جیاوازەی کە دروست دەکرێت(باشە و خراپە)، تێیاندا بە هیچ شێوەک ڕەهەندەکانی یەکتر نادۆزرێتەوە. بەو واتایەی کە دەکرێت لە بازنەی دروستکراوی خراپەدا شتانێک هەبێت، نەکرێن هەروا بە سانایی وەک “خراپ” لەقەڵەم بدرێن، یاخود لە بازنەی دروستکراوی چاکەدا شتانێک هەبن، نەکرێن وەک “باش” لە قەڵەم بدرێن. دروستکردنی ئەم دوو بازنەیە دوالیزمێک دروست دەکات، کە هەمیشە لەگەڵیدا بەهاپێدان و بونیادنانی نەزمێکی قوچەکێتی دروست دەکات، کە هەمیشە یەکێکیان وەک ئایدیال دەنوێنرێت و ئەوی دیکە وەک دەعەجان.

پنتێکی دیکەی ئەم بە دێوەزمەکردنە لە دوایین ساتەکانی زنجیرەکەدا بەدی دەکرێت، ئەویش ئەو کاتەی کاترین لە ژێر پەستانێکی دەروونی و زۆر و شەڕکردن لەگەڵ ئەو هەموو سەرکوتکردنەی دەنگی ئەو و گێڕانەوەی ئەو، هەروەها شەڕکردن لەگەڵ گەیشتن بە مەرگدا، چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە. لە دوایین ساتەکاندا باوکی جۆناتان بە یادەوەرییەکانیدا دەچێتەوە و لەگەڵ گێڕانەوەکانی کاتریندا بەراوردی دەکات، دەگات بە ساتی پەشیمانی و ئەمەش بۆ هاوژینەکەی کاترین دەگێڕێتەوە. لەو کاتەدا ڕەوتی چیرۆکەکە دەگۆڕێت و دەکەونە پرسیارکردن لەیەکتر بۆچی گێڕانەوەی ئەو ڕۆمانە نەخرایە ژێر پرس و گومانەوە، یاخود بیرکردنەوە لە ئەگەری دیکە و بۆچی ئەو گێڕانەوەیە وەک تاکە حەقیقەتێک وەرگرترا. کاتێک ڕۆبەرت (هاوژینی کاترین) لە گێڕانەوەی کاترین خەبەردار دەبێت، کە کاترین لەو کاتەدا لەلایەن جۆناتانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، نەک پەیوەندییەکی سێکسی لەگەڵ ئەودا هەبوو بێت، زۆر هەست بە پەشیمانی و هاوخەمی دەکات. بەڵام دروست ئەوە ئەو پنتەیە کە دەبێت لەسەری بوەستین و ببینین، ئایا بۆ کەسەکانمان ئاواتەخوازی چین و چ شتێک بۆمان قابیلی تەحەمولکردنی هەیە. ژنێک کە دەستدرێژی کراوەتە سەری ئاسایییە هەستی بەزەییمان بۆی هەبێت، وەک ئەوەی دەستدرێژیی سێکسی پرسێکی ئەخلاقی نەبێت، بەڵکوو دیاردەیەکی باوی کۆمەڵگایە و دەکرێت ڕوو بدات، تەنیا ناخۆشە کەسانی نزیکت گرفتاری ئەم دەردە بن. هاودەمیش وەک لە دوایین گفتوگۆکانی نێوان کاترین و ڕۆبەرتدا دەکەوێتە بەرچاو، کاترین دەڵێت: “تۆ ویناکردنی ئەوەی کەسێک توندوتیژییم بەرامبەر بکات، ئاسانترە بۆت تا وێناکردنی ئەوەی کەسێک خۆشییەکم پێ ببەخشێت”. ئەم پەیامە ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی چۆن دەتوانین لەگەڵ وێناکردنی ئەشکەنجە و تێکشکان و توندوتیژیدا هەڵکەین، توانای دەرککردنمان بۆی هەبێت.

باسکردنی ئەم زنجیرەیەش لەو ئایدیایەوە نایەت، دەربارەی تەکنیک، بەرهەمهێنان و ڕەخنەی هونەری و سینەمایی بێت، یاخود بەگشتی دەربارەی فیلمێک بێت، بەڵکوو دەربارەی واقیعی کۆمەڵگایەکە، قوربانی لە هەموو مافەکانی زەوت دەکات و لە مرۆڤبوون دایدەماڵێت و بانگەوازی مەرگی بۆ دەکرێت. لە ڕێگەی پاساوهێنانەوە ئەخلاقی و بەها کۆمەڵایەتییەکانیشەوە شەرعییەت بەو مەرگە دەدرێت و بەشێکی زۆریشمان، بەبێ تێڕامان و خستنە ژێرپرسیار لێی گوزەر دەکەین، کاردانەوەی ڕاستەخۆمان سەرکۆنەکردن و بڕیاردانە لەسەر کەسی بەرکەوتە. بەردەوامیپێدان بەم دۆخە حاڵەتێکی شیزۆفرینی و پارانۆید دەخوڵقێنێت، بەمەش توانای بیرکردنەوە و تێڕامان بەخاک دەسپێرێت، بەردەست دەبێت بۆ هەر جۆرە لە خشتەبردنێک. ئەمەش خەسڵەتی بەشێکی زۆر لە گروپە توندڕەوەکانە. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری دیکتاتۆر و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکانیش ئەمجۆرە لە میکانیزمە بەکار دەهێنن بۆ ملکەچکردن و ئاڕاستەکردنی جەماوەری تۆقێنراو و خاڵی لە شوناس و بیرکردنەوە. دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکانیش لەو ساتەدا بەهێز دەبێت، کە فەزای بیرکردنەوە و تێڕامان دەڕووخێنرێت و ترس جێگەی دەگرێتەوە. هەست بە هێز و بەهێزی دەکرێت، ئەو کاتەی پێویست نەکات لە پێشهاتەکان بڕوانرێت، چونکە ئەوی باڵادەست (ترسێنەر) هەموو شتێکی بۆ دەکات، هەتا ناعەقڵانییەت و ئەو شتەشی کە بیری لێ ناکرێتەوە وەک کوشتن و خۆکوشتن. سیاسەتی ترس و تۆقین لەم ڕێگەیەوە تەواوی کۆمەڵگا دەکات بە بەشداربوو و هاوتاوان، بەوەی لە ترسا چیتر ناتوانن هیچ بکەن و تەنها دەڕوانن. لەمەشەوە ئەم دۆخە لێرەدا کۆتایی پێ نایەت[8].

لە ناو سیستەمێکیشدا کە پیاوێتی شتێکە دەبێت هەردەم نوێ بکرێتەوە و دەستی پێوە بگرترێت، نەکا ئەو شوناسەی بۆ پیاوێتی دیاریکراوە، با بیبات، چونکە تاکە شوناسێکە دەتوانرێت خۆیانی پێوە ببەستنەوە بوونی خۆیان پێبسەلمێنن، ئەو کەسانە زێدەتر گوێڕایەڵی ئەو گێڕانەوانەن کە بۆنی دژەژنییان لێ دێت و خۆراکپێدەریانە بۆ مانەوەیان. کەسێکی وەک باوکی جۆناتان و کەسانی دیکەی کۆمەڵگا، کە بەو سادەیییە دەکەونە ژێر کاریگەریی تاکلایەنانەی گێڕانەوەکەی دژەژنانە، بە وردبوونەوە لێیان ئەو مرۆڤانەن کە خاڵین لە شوناس و پێگەیەک و پێویستییان بە نمایشێک هەیە، بۆئەوەی هەست بە پڕبوون بکەن. ئەو نمایشەش دەکرێت لە ڕێگەی هەڵگرتنی گوتارێکەوە بێت، ئاڕاستەیەکی سیاسی، ئایدۆلۆژیایەک، یان بەرگریکردن لە نۆڕم و بەهایەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، بۆئەوەی بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە هەست بە یەکگرتوویی و هاوشێوەیی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا و بوونی شوناسێک بکرێت. بەبێ ئەوەی خۆیان بتوانن ڕابمێنن و دەوروبەریان هەڵسەنگێنن، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە خۆیان خاوەنی خاڵیبوونێکن، هاودەمیش ئارەزوویەکی بۆ دەسەڵاتخوازی و سەرکوتکردنیان هەیە. حەز و ئارەزوو بۆ کوشتن و لەناوبردن، کێشانی ڕقی خود بەسەر ئەوانی دیکەدا دەبنە پاڵنەرێک بۆ زیاتر ئامادەبوون بۆ کوشتن و لە ناوبردن. ئەم بەتاڵییەی ئەو کەسانە هەستی پێدەکەن، جیاوازتر لە کەسانی دیکە وایان لێ دەکات زیاتر وەرگری ئەم نمایش و خۆئامادەکردنانە بن، چونکە هەستێکیان پێدەبەخشێت، وەک ئەوەی لەگەڵ هێز و دەسەڵاتدا یەکیان گرتبێت.

ئەم زنجیرەیە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات؛ بۆ ڕقلێبوونەوە لە ژنێک تەنها دژەژنی پێویستە. پێویست ناکات هاوڕایی بوونی هەبێت، هەتا پێویست ناکات هاوسەنگ و هاوئاست بن. دەکرێت کەسەکان دوژمنی سەرسەختی یەکتریش بن و بەڵام کاتێک باسەکە بێتەوە سەر ڕقلێبوونەوە لە ژنێک، هەموو جیاوازی و دوژمنایەتییەکان کاڵ دەبنەوە. دەکرێت پیاوێکی پارێزەری کۆنەخوازی و دژەژنی و پیاوسالاری لەگەڵ پیاوێکی بەناو ڕۆشنبیر و خوێندەواردا دابنیشێت و بۆ ڕقلێبوونەوە لە ژنێک بنۆشن و گڕی ئەم ڕقە خۆشکەنەوە.  دەکرێت پیاوێکی نارسیست هیچکات ڕاوبۆچوونی ئەوانی دیکەی بۆ گرنگ نەبێت، بێجگە لەسەپاندنی خواست و بیروڕای خۆی، بەڵام کاتێک باسەکە بێتەوە سەر ڕقلێبوونەوە لە ژنێک، ئامادەبێت هەستە دژەژنییەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دابەش بکات و بە تامەزرۆییشەوە گوێ لە ڕای ئەوانی دیکە بگرێت. دەکرێت دوو کەسی کراوەو پێگەیشتوو، ڕچەشکێن بۆ خواستەکانی خۆیان، دووبارە هاوڕاببن لەگەڵ کەسێکدا کە ڕقی لە ژنێکە. دەتوانن هەموو شتێک بخەنە ژێر گومان و پرسیار و لێکۆڵینەوەوە، بەڵام قسەی پیاوێکی دژەژن هەمیشە بەڵگەیەکی جێیباوەڕە و پێویست بە گومان، بیرکردنەوە و لێکدانەوە ناکات، چونکە ئۆبجێکتی نەفرەتلێکراو ژنێکە.


[1]https://tv.apple.com/de/show/disclaimer/umc.cmc.1cbgkx1fenkjtrha0n1a6fkc3?mttn3pid=Bing%20Ads&mttnagencyid=a5e&mttncc=DE&mttnsiteid=143238&mttnsubad=-77172172672995-c&mttnsubkw=1234752626591817__0aDNIKsl_

[2] لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆمانی نێو زنجیرەکەدا ئەمە نوسراوە بۆ ئاماژەپێدان بە کەسی مەبەست و بیرهێنانەوە

[3] https://www.youtube.com/watch?v=FQTsrjeF7iA&t=1s

[4] Lorde, Audre (2021) Sister Outsider. München. S.53

[5] van der Kolk, Bessel (2015) The Body Keeps the Score. Penguin Books

[6] لە نوسراوە کۆنە لاتینییەکەدا بەمشێوەیە نوسراوە:
Cogito ergo sum / I think  therefore,I am.

[7] „Dubito, ergo cogito, ergo sum“ / I Double; therefore, I think therefore, I am.
Descartes, René (1915): Meditationen über die Erste Philosophie; Über die Grundlagen der Philosophie mit sämtlichen Einwänden und Erwiderungen. Felix Meiner. Leipzig. S. 17-27.

[8] Bion, Wilfried (1979). Making the best of a bad job. In: Clinical seminars and other works, London: Karnac, 1994. P. 331