کورتەیەک دەربارەی ڕاوم و مەتریاڵی نوێ لە هونەری شێوەکاریی هاوچەرخدا

هونەری هاوچەرخ لە هەشت ڕاومدا پیشانگەیەکی گروپی هونەری کۆنسێپت ئارتە

لە 11.11.2017 بۆ 25.11.2017 لە شاری سلێمانی، گەڕەکی عەقاری کرایەوە.

ئەم پیشانگەیە وەکوو بەردەوامبوون بە پرۆگرامی کارکردنی گروپی هونەرمەندانی سەربەخۆ (کۆنسێپت ئارت) لەگەڵ هەندێ هونەرمەندی دیکەی کوردستان، بۆ نیشاندانی بەرهەمە تازەکانیان کە جۆرێکن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاوم و مەتریاڵی نوێدا وەکوو ڕەنگدانەوەی هونەری هاوچەرخ لە کوردستان.

پەیدابوونی هونەری هاوچەرخ لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە ئەوروپا و ئەمەریکا وەکوو دەربڕینێک بۆ گیرسانەوەی برینەکان و بەردەوامی ژیان و تازەکردنەوەی شێوەکانی پاش ئەو وێرانکارییە گەورەیەی کە جەنگی جیهانیی دووەم بەسەر مرۆڤایەتی هێنا.

بەم جۆرە هونەری پاش جەنگی جیهانیی دووەم نەک تەنها شێوەی نوێی لەگەل خۆی هێنا بەڵکوو مەتریاڵی نوێشی هێنا، ئەمەش لەلایەکەوە وەکوو پێویستییەک بۆ ناوەرۆکی کارە هونەرییەکە و ڕۆحی کاتەکە، لەلایەکی دیکەوە بووەتە هەڕەشە لەسەر بەکارهێنانی مەتریاڵە تەقلیدییەکان وەکوو دار و بەرد و برۆنز بۆ پەیکەر و زەیت لەسەر قوماش بۆ ڕەسمکردن.

ڕیشەی ئەم بایەخدانە بە ڕاوم و مەتریاڵی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ هونەری مۆدێرنی کلاسیک لە سەرەتای سەدەی بیست کە هونەرمەندی ئەڵمانی (هەننا هوێخ Hannah Hoch )  کاغەزی لەسەر تابلۆکەی چەسپاند و بووە سەرەتایەک بۆ هونەری کۆلاژ و بۆ هونەرمەندانی کوبیست وەکوو (پاپلۆ پیکاسۆ و ژورژ براک) کە لە قۆنا‌غی کوبیزمی سەنتەتیزمدا لە دەوروبەری 1912 و 1913 پەرەیان پێدا وەکوو مەتریاڵی نوێ بۆ کاری هونەری، پاشان (ژۆرژ براک) بە (غەرە و قوم و زیخ) لەسەر قوماش تابلۆکەی دەچەسپاند، پێش ئەوەی بە ڕەنگی زەیتی کاری لە سەر بکا و پیکاسۆیش هەر لەو قۆناغە مەتریاڵی دیکەیشی بە یەکەوە دەچەسپاند وەکوو کارێکی هونەری سەنتەتیزم نیشانی دا.

لە کاتی دادایییەکانیش هەردوو هونەرمەند (کورت شڤتەرسی ئەڵمانی و مارسێل دوشای فەرەنسی) مەتریاڵی فڕێدراویان بۆ کارەکانیان بەکار هێنا، هونەرمەند شڤتەرس شتە فڕێدراوەکانی کۆ کردەوە لەناو چوارچێوەیەکدا وەکو کارێکی هونەری نیشانی دا، هونەرمەند مارسێل دوشا هەندێ بەرهەمی کارگەی هەڵبژارد و بڕیاری لە سەریان دا وەکوو کاری هونەری ببینرێن.

هەروەها هەردوو هونەرمەندانی بە ڕەچەڵەک ڕووسی (نائۆم گابۆ و ئەنتوان پفسنەر) لە سەرەتای بیستەکای سەدەی رابردوو (دار و شوشە)یان بۆ کارەکانیان بەکار هێنا وەکوو هونەری ئۆبجێکت لەناو ڕاومێکی واقعیدا دایاننان و بوون بە سەرەتایەکی تازە بۆ بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێ لەناو ڕاومێکی واقیعیدا.

ڕاوم لە هونەری کۆنیشدا هەبووە و گشت تابلۆ و پەیکەرە کۆنەکانی ئەنتیک و سەدەکانی ناوەڕاست تا ئەمڕۆ مامەڵەیان لەگەڵ ڕاوم کردووە، بەڵام پرنسیپەکانی مۆدێرنەیە ڕووناکایییەکی تایبەت دەخاتە سەر ڕاوم و جەخت لەسەر لایەنە گرینگییەکانی دەکات و مانای نوێی تیا دۆزیوەتەوە و ڕەهەندەکانی بەرفراوانتر کردووەتەوە بە تایبەتی لە هونەری ئینستلەیشن.

بەم جۆرە هونەری پاش جەنگی جیهانیی دووەم بایەخدانەکەی بۆ مەتریاڵ و ڕاوم زیاد کردووە، ئەمەیش زیادتر لەگەڵ پەیدابوونی ئینستلەیشن ( 2 ) وەکوو شێوەیەکی نوێ بۆ کارە هونەری بە جۆرێ کە ئیدی ئینستلەیشنی هونەری لە ئینستلەیشنی ژیانی ڕۆژانەدا جیاکرایەوە و ناوی (ڕاوم ئینستلەیشن)ی لێ نرا.

ئەمەیش لەگەڵ کارەکانی هونەرمەندی ئەمەریکی (دان فلاڤین) لە حەفتاکانی سەدەی بیست زیادتر ڕوون بووەوە، هەرچەندە ئینستلەیشن زووتر لە کاری هونەریدا پەیدا بوو، بەڵام لە حەفتاکان بوو بە شێوەیەکی باو لە کاری هونەریدا و ئیدی گشت ئینستلەیشنێکی هونەری خۆی لە خۆیدا دەبێت بە (ڕاوم ئینستلەیشن) واتە کارێکی هونەری سێ ڕەهەندی کە مامەڵە لەگەڵ ڕاومدا دەکات.

لە هونەری هاوچەرخ ڕاوم لە کاری هونەریدا لەوەدا نەمایەوە کە بە هێزی وێنە لەناو خودی تابلۆکە دروست بکرێ وەکوو لە تابلۆی کوبیزم لە مۆدێرنەی کلاسیک دەبینرا بەڵکوو لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە ئیدی ڕوام ئاشکرا بوو بە ڕاومێکی واقیعی و بەشێکی گرینگ لە کارە هونەرییە سێ ڕەهەندییەکە، چ لە حاڵەتی ئۆبجێکت و چ لە حاڵەتی ئینستلەیشن.

ئەم دوو جۆرە کارکردنە هونەرییەش (ئۆبجێکت و ئینستلەیشن) پێویستیان بە خۆتازەکردنەوە هەبوو، چ لە ڕاومی کارە هونەرییەکە و چ لە مەتریاڵە بەکارهێنراوەکەی، بۆ ئەمەیش هونەرمەند پێویستی بە دۆزینەوەی مەتریاڵی نوێ هەبوو وەک ئامڕازێک بۆ تازەکردنەوەی شێوەی کارە هونەرییەکە، بۆیە لە کاری هونەری پاش جەنگی جیهانیی دووەمدا ژمارەیەکی زۆر لە مەتریاڵی نوێ دۆزرانەوە و لە شێوەی ئۆبجێکت و ئینستلەیشن بەکار هێنران وەکوو چەندین جۆری (خۆڵ و وردە بەرد) لە شێوەی دانان یان هەڵڕێژراو لەسەر زەوی یان (تەل، ئێلەگ، شوشە، ئاسن، ئاو، ئاگر، قیر، نەوت، خواردن، جل، شتومەکی کارەبا، زبڵوزار و سەدەها مەتریاڵی جۆراوجۆری دیکە) بەپێی داواکاری ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکە تا ڕادەی بەکارهێنانی جەستەی هونەرمەندەکە خۆی وەکوو لە حاڵەتی پێرفۆمانس.

دۆزینەوەی ئەم مەتریاڵانە و بەکارهێنانیان لە کاری هونەریدا بوونە هۆی تازە بوونەوەی شێوەی کارە هونەرییەکە و فراونکردنی ڕەهەندەکانی ڕاوم.

بە تەریبی ئەم دۆزینەوە و بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێیە، زانستی هونەریش ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دۆزینەوەی مانا لە مەتریاڵە نوێیە بەکارهێنراوەکان و ڕاومەکانیاندا بینی ڕەهەندی نوێی تیایان دۆزیەوە و بە چەندین نووسین و وانە (موحازەرە) و کتێب ئاشکرایان کرد بە جۆرێ کە بەبێ ئەو توێژینەوە و نووسین و وانانە ئەستەمە تەنیا کارە هونەرییەکان بیانتوانیایە شێوەکانی کاری هونەری تازە بکەنەوە.

ئەم جۆرە کارکردنە لە خۆرئاواوە پەڕیوەتەوە بۆ کولتوورەکانی دەرەوەی خۆرئاوا و بڕوای بەوانیش هێناوە کە ڕۆح و پێداویستی کاتەکە داوای بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێیان لێ دەکات و هونەری ئۆبجێکت و ئینستلەیشن وەکوو دوو شێوەی هونەری سێ ڕەهەند پێشبڕکێیان لەگەڵ پەیکەر کرد.

ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردستانیش بە تایبەت لە شاری سلێمانی درکیان بەو پێداویستییە کردووە و ماوەیەکە سەرقاڵی بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێن لە کارەکانیاندا و بە چەندین شێوە لە میانی ڕوامدا بەکاریان هێناوە، ئەمەیش وەکوو بەشداری ئەوان لە پرۆسەی تازەکردنەوەی شێوەکانی هونەر.

هەندێک لەوانە لە ئەنجامی ژیان و خوێندنیان لە وڵاتە ئەورووپییەکان و هەندێکیان بێ دەرچوونیان بۆ ئەو وڵاتانە هەر خۆیان درکیان بە پێویستی مەتریاڵی نوێ کردووە لە کاری هونەریدا و بە سەرکەوتووانە لە کارەکانی خۆیاندا بەکاریان هێناوە.

سەرەرای بچووککردنەوەی ڕووبەری ئازادی و بە حیزبی کردنی هونەر لە دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هونەرمەندانە بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە ئازادی  و بەها هونەرییەکان ئەمەیش بە دۆزینەوەی مەتریاڵی نوێ و ڕاومی گونجاو بۆ نیشاندانی کارەکانیان لە چەندین پیشانگەدا. چ تایبەت و چ بە کۆمەڵ.

یەکێک لەو گروپە هونەرییانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان بە چالاکانە کار بۆ ئەو بەها هونەرییانە دەکات گروپی هونەرمەندانی سەربەخۆ (کۆنسێپت ئارت)ە کە پیشانگەی (جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو)ی ڕێکخست لە مانگی یانزدەی ساڵی رابردوو و لە ژێرزەمینی ئەمەنەسوورەکە لە شاری سلێمانی نیشانیان دا، تیایدا هونەرمەندان (بەهجەت عومەر، ئەحمەد نەبەز، ڕەنج حیکمەت، گەیلان عەبدوڵا، ئاڤان سدیق و زامۆئا داراغا) بەشدار بوون، لە ڕێکخستنی هونەرمەند ئاڤان سدیق بوو.

ئەم پیشانگەیەی ئێستاش بەرهەمێکی نوێی گروپی هونەری سەربەخۆی (کۆنسێپت ئارت)ە و بە بەشداری لەگەڵ هەندێ هونەرمەندی دیکە کە پێکهاتبوون لە (ئاڤان سدیق، ئەیوب رەیوف، گەیلان عەبدوڵا، هەڵۆ لانۆ، محەمەد ئیسماعیل، شەمێران فەتاح، زامۆئا داراغا و زانا رەسوڵ)، ئەمەش هەر لە ڕێکخستنی هونەرمەند ئاڤان سدیق.

ئەمە پیشانگەیەک نییە تایبەت بۆ ئەم ڕووداوە تراجیدییانەی ئێستای کوردستان ڕێکخرابێ، بەڵکوو ماوەی زیاد لە حەوت مانگ دەبێت ئەم هونەرمەندانە سەرقاڵی ڕێکخستنی ئەم پیشانگەیەن و بە پێویستی ئەزانم بڵێم کە گروپی (کۆنسێپت ئارت) و هونەرمەندە بەشداربووەکانی ئەم پیشانگەیە بڕوایان بە هونەری (بۆنەکان – موناسبات) نییە، بەڵکوو بە بەردەوامی کاری هونەری وەکو دەربڕینێکی پێویست بۆ مرۆڤبوون و هونەرمەندبوونیانە.

ئەمانە درک بەوە دەکەن کە لە کوردستان دەژین و ئاشنان بە مێژووی کولتوورەکەیان و لەگەڵ گشت ڕووداوەکانی دەژین، ئەوان دەیانەوێ بە مەتریاڵی نوێ شێوە بۆ هەست و بیرۆکەکانیان دابنێن، نایانەوێ خیانەت لە بینەری کارەکانیان بکەن بە یاریکردن و وروژاندنی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی لە پێناوی ڕازیکردنی حیزبێک یان ڕێکخراوێک، بەڵکوو لای ئەمان گرینگە شێوە و مەتریاڵی گۆنجاو بدۆزنەوە بۆ مانا و بەهاکانی ژیان و هونەرەکەیانی پێ دەوڵەمەند بکەن، دوور لە زمانی سیاسەت، بەڵکوو بە وێنەی مەتریاڵە نوێیەکان و ڕاومی کارە هونەرییەکانیان، لە پێناوی چالاککردنی (هەست و زەین و بیرکردنەوە)دا، وەکوو هەوڵدانێک بۆ پاککردنەوە و شوشتنەوەی هەست و ڕۆح و ویژدانی مرۆڤ لەو ژینگەیەی کە حیزب و دەسەڵاتی سیاسی و سستێمە هونەری و ڕۆشنبیرییەکەی لە کوردستان ماوەیەکە بەرهەمی دەهێنن.

ئەمان ژمارەیەکی کەمن لە هونەرمەندی شێوەکاری هاوچەرخی سەربەخۆ لە کاری هونەریدا بڕوایان بە فەردانییەت و ئازادی و تایبەتمەندیی هەریەکێکیان هەیە.

بۆ کارکردن لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە و دونیای دەرەوەی خۆیان کراوەن، لەسەر بنەمای کاری هونەری و پرنسیپی ئازادییەکانی بە جۆرێ دەکرێت بڵێم ئەم هونەرمەندانە وەکوو تازەکەرەوەی ڕۆحی (دادا) کار دەکەن.

لە بەر ئەوەی نەمتوانیوە ڕاستەوخۆی کارە هونەرییەکان ببینم، هەوڵمداوە زانیاری لە هونەرمەندەکان خۆیان و ڕێکخەری پیشانگەکە (ئاڤان سدیق) وەرگرم بۆ نووسینی چەند دێڕێک بۆ وەسفی کارە هونەرییەکان.

جێگای پیشانگەکە لەوەوپێش ماڵێک بووە لە شێوازی ڕۆژئاوایی لە هەشتاکانی سەدەی بیست لە نزیکی قاوەخانەی کولتووری لە شاری سلێمانی (گەڕەکی عەقاری) دروست کراوە، لەسەر ڕووبەری ( 600) مەترە، ئەم هونەرمەندانە پاش هەوڵدان و هیلاکییەکی زۆر وایان لەو خانووە کرد کە ببێت بە جێگایەکی گونجاو بۆ پیشانگەکەیان.

هەرهونەرمەندێک لە ژوورێکی تایبەت کارەکەی خۆی نیشان ئەدا لە ناو کۆنسێپتی گشتیی پیشانگەکەدا، دانوستانەکانیان کردووە لە گەڵ ڕێکخەری پیشانگەکەدا هاوکاربوونە بۆ بەرجەستەکردنی کۆی پیشانگەکە و پرنسیپەکانی کە پێکهاتووە لە هاوچەرخ بوونی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ڕاوم و مەتریاڵدا، بۆ دەربڕینی بیرۆکە و ناوەرۆکی کارە هونەرییەکان کە تێیدا (نەوت، دار، ئاسن، بەن، قاپ، میوە، چەقۆ، قوماش، خشت، ناسنامە، فۆتۆ، داتاشۆ، ڕووناکی، دەنگ و سندوقی فیشەک) و مەتریاڵی دیکەیان بەکار هێناوە و کارەکانیان لە شێوەی (ئینستلەیشن، ئۆبجێکت، فیلم، ڤیدیۆ و پێرفۆرمانس) نیشانداوە.

هەر هونەرمەندێک خاوەنی بیرۆکە و ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکەی خۆیەتی لە ئەنجامی خوێندنەوە و سەرقاڵیدا لەگەڵ ئێستای هونەر و پەیوەندییەکانی بە لایەنە جۆر بە جۆرەکانی ژیانەوە دروستی کردووە، وەکوو لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی و فەلسەفی و دینی تا دەگاتە لایەنی سیاسی و ئابووری و توانیویانە کارەکانیان لە شێوەیەکی هونەریدا نیشان بدەن جیاواز لە شێوەکانی ژیانی ڕۆژانە.

* ناوەڕۆکی کارەکەی هونەرمەند (ئاڤان سدیق) دەربارەی (بوون)ە ئەو ناوی (بەرەو ناوەوە)ی لە کارەکەی ناوە، تیایدا دەیەوێ بینەر بەرەو خۆی ڕاکێشێت، لە خودی خۆی نزیکی بکاتەوە، بۆ ئەوەی زیادتر لە خۆی بگات وەکو هەنگاوی یەکەم بۆ بوون.

blank

بۆ ئەم مەبەستە هونەرمەند بە (شیشی ئاسن وبەنی قرتاو) ئینستلەیشن لە ناو ژوورەکەی خۆیدا دروست کردووە، لە شێوەیەکی سێ ڕەهەندی ئەندازیاری لە چەشنی حەلەزۆنی پێکهاتووە، بە شێوەیەک کە (گۆشەی) تیایە جیاواز لە شێوە بنەڕەتییەکەی حەلەزۆن کە خڕە، لە کارەکەی ئەمدا شێوەی لاکێشەی وەرگرتووە، ئەمەیش بە بۆچوونی هونەرمەند خۆی:- ئەکرێ وەکوو سیمبۆلێ ببینرێ بۆ سەرەتا و کۆتایی.

لایەکانی (پایە) کارەکە یەک بەرزییان نییە، لایەکی لە بنمیچی ژوورەکە نزیک بووەتەوە و لایەکانی دیکەی هەندێ نزمترن، پانی و درێژیشی نزیکن لە پانی و درێژی ژوورەکە، بەواتایەکی دی ڕاومی ژوورەکەی پێ پڕکردۆتەوە، ئەو بۆ ئەم کارەی هەشت پایەی شیشی ئاسنی ڕەش بەکار هێناوە لەگەڵ بەنی قرتاو و گلۆپێک.

جۆری تێکهەڵکێشان و بەستنەوەی بەنەکان بە شیشە ئاسنەکانەوە شێوەی چەند هێڵێکی ئاسۆیی بەیەکداچووە، ئەمەیش لەلایەکەوە کاری هونەری هێڵکاریمان دەخاتەوە یاد کە یەکێکە لە بنەما سەرەتایییەکانی هونەری (ئاڤان سدیق) خۆی.

لەلایەکی دیکەیشەوە هەستی پەردەیەک (چینێک) دەگەیەنن کە تیشک لە نێوانییەوە بێتە ناو جێگاکە. کاتێ کە بینەر دێتە ناو ژووری کارەکەیەوە تەنیا یەک ڕێگا لە پێش خۆی دەبینێ، ئەویش پاش چەند جارێک لە پێچکردنەوە بە دەستی چەپدا دەیگەیەنێ بە چەقی کارە هونەرییەکە و لەوێ خۆی بەتەنها دەوەستێ و لە سەرەوە گڵۆپێک دونیاکەی بۆ ڕووناک دەکاتەوە و لە خواریشەوە هونەرمەند هەندێ لە بەنەکانی بە چڕی لەسەر زەوییەکە داناوە ئەمەیش لەلایەکەوە وەکوو دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زەویی کارە هونەرییەکە و چواردەورەکەی و لەلایەکی ترەوە وەکوو مادەیەکی نەرم لە ژێر پێی بینەردایە  کە پێموایە دەکرێ وەکوو ڕێزی هونەرمەند بۆ بینەرەکەی هەستی پێ بکرێ. هونەرمەند ئاڤان سدیق بڕوای وایە کە مەتریاڵ ئەبێت بە بەشێک لە تەواوکردنی بیرۆکەی کارە هونەرییەکە، هەڵبژاردنی ئەو بۆ مەتریاڵی (بەن) و جۆری دانانەکەی و بەستنەوەکانی بە شیشە ئاسنەکانەوە ئەو هەستە بە بینەر دەگەیەنێ کە دابراو نییە لە دونیای دەرەوە، واتە بینەر هەست بە جۆرە بوونێک دەکا کە لە بۆچوونەکانی هایدگەرەوە نزیکە لەوێ کە:- لەکاتی نزیکبوونەوەی مرۆڤ لە خودی خۆیەوە پێویستە هەمیشە لە گەڵ دونیای دەرەوەیشدا بیت.

لەلایەکی دیکەشەوە بوونێک کە لە فەلسەفە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە نزیکە، لەوەی کە :- کاتێک مرۆڤ بتوانێ لەگەڵ خۆیدا بێت، ناخیشی ڕووناک دەبێتەوە، ئەم ڕووناکییەیش دەگات بە دەرەوەی خۆی، بەمجۆرە مەتریاڵە بەکارهێنراوەکانی ئاڤان سدیق کە لە (شیش و بەنی خوری قرتا و گڵۆپێک) پێکهاتوون ئەکرێ وەکوو بەشێک لە بیرۆکەی کارە هونەرییەکە ببینرێ.

* هونەرمەند (ئەیووب ڕەئووف) بە کارێکی ڤیدیۆ بەشداری لەم پیشانگەیەدا کردووە و تیایدا (نەوت و داعش)ی کردووەتە بابەت و ناوی کارەکەی ناوە (ئێمە لە نێوان دوو ڕەشدا) مەبەستیشی لەمە ئەو دوو پەیامە ڕەشەیە کە نەوت و داعش هەیانە و دەڵێ :- هەرچەندە داعش پەیامەکەی بە ئاشکرا ڕەشە، بەڵام بە ڕای هونەرمەند نەوتیش هیچ خێر و بێرێکی بۆ وڵاتەکانی خۆی نییە، بۆیە لای ئەو پەیامەکەی نەوتیش هەر ڕەشە.

blank

بۆ جێبەجێکردنی ئەم فیلمە هونەرمەند خۆی لەسەر پشت پاڵ دەکەوێ بە جۆرێ کە سەری شۆر ئەبێتە خوارەوە، بە بەرزی مێزەکە ( 30 ) سەنتیمەتر، سەری هونەرمەند دەچێتە ناو حەوزێک قووڵایییەکەی (10 ) سەنتیمەترە و کامێرایەک وێنەی دەموچاوی هونەرمەندەکە دەگرێ و کەسێکیش ڕەنگی ڕەش هێواش هێواش ئەڕژێنێتە سەر چەناگەی هونەرمەند بە جۆرێ کە لە چەناگەیەوە بۆ سەر دەموچاوی و ئیدی ڕەنگە ڕەشەکە گشت دەموچاوی هونەرمەند دادەپۆشێ.

blank

* کارەکەی هونەرمەند (گەیلان عەبدوڵا) لەسەر یادەوەرییە، ئەو ناوی (باڵندەی ئاسنین)ی لێ ناوە و بیرۆکەی ئەم کارە لە کۆتاییی ساڵی (2015) لەلا دروست بووە، تیایدا بە ئاسن فڕۆکەیەکی دروست کردووە لەو شێوەی کە لە کاتەکانی منداڵیماندا بە کاغەز دروستمان دەکرد و بەرەو ئاسمان هەڵمان دەدا.

blank

باڵندە ئاسنینەکەی هونەرمەند )گەیلان عەبدوڵا) دوو مەتر درێژە و مەتر و نیوێک پانە و لەلای پشتەوەی مەترێک لە ئاستی زەوی بەرزە، ئەو کارەکەی لە دەرەوی ژوورەکان داناوە، لە ناو باخچەی خانووەکە، بە ڕەنگی سپی هەر وەکوو ڕەنگی کاغەز ڕەنگ کراوە، نوکەکەی لە زەوییەکەدا چەقاندووە، بەم جۆرە جێگیرکردنە هونەرمەند دەیەوێ وێنەی جارانی فرۆکە بگۆڕێ.

ڕاوم لەم کارەی هونەرمەند (گەیلان عەبدوڵا) چوار دیوار دیاری ناکات، کراوەیە هەروەکو ئەو ڕاومەی کە لە واقیعدا فڕۆکە تیادا دەفڕێ ئیدی فڕۆکەی ڕاستی بێت یان فڕۆکەی کاغەز بەمەیش هونەرمەند بە پێچەوانەی کارەکانی دیکەوە ڕاومی نەگۆڕیوە بەڵکوو تەنیا وێنەی فڕۆکەکەی گۆڕیوە. هونەرمەند ئەم بیرۆکەی پێشتر لا دروست بووبوو، بەڵام بۆ ئەم پێشانگەیە جێبەجێی کردووە، لەلایەکەوە وەکو نیشاندانی پەیوەندیی ئێستای خۆی بە کاتەکانی منداڵییەوە و لەلایەکی دیکەش وەکوو پەیوەندیی خۆی بە منداڵی ئاوارە و هەڵهاتووەکان. وەکوو خۆی دەیگێڕێتەوە:- کاتێ کە لە فەرەنسا بووم لە شاری کالێ (سەرووی فەرەنسا) هەندێ کارم لە گەڵ منداڵە پەنابەرەکان کرد کە زۆربەیان باسی ڕاکردنی خۆیان دەکرد لە ترسی فڕۆکە، واتە بە ڕای هونەرمەند منداڵ یەکەمین قوربانی دەستی فڕۆکەیە.

blank

هونەرمەند دەربارەی کارەکەی نووسیویەتی:- ئەو فڕۆکەیەی کە هەموومان بە منداڵی بە کاغەز دروستمان دەکرد و خۆشمان دەویست و بەرەو ئاسمان هەڵماندەدا، ئەمڕۆ لە زیهنی منداڵی، هەمان ئەو خۆشەویستییەی جارانی نەماوە، گۆڕانکاری ڕوویداوە بە سەر ئەو خۆشەویستییەی کە منداڵ بۆ فڕۆکەی کاغەز هەیبووە، ئێستا منداڵ لە فڕۆکە دەترسێ و لێی هەڵدێ، بۆیە من دەمەوێ بەم کارەم و بەم جۆرە دانانەی شکۆی فڕۆکە بشکێنم.

* هونەرمەندی فۆتۆگرافی (هەڵۆ لانۆ) فۆتۆکانی خۆی بۆ ئەم کارەی بەکار هێناوە، بەڵام ئەو وەکوو پیشانگەیەکی ئاسایی بۆ فۆتۆگراف نیشانیان نەداوە کە هەر فۆتۆیەک لە ناو چوارچێوەی خۆی بێت و لە قەد دیوار دایانبنێت، بەڵکوو فۆتۆکانی لەسەر جۆرە کاغەزێک چاپ کردووە کە بۆ پێچانەوەی جگەرە بەکار دێت، ئەو ئەم کاغەزەی بەکار هێناوە لەبەر ئەوەی زۆر نزیکە لە ڕەنگی کاغەزی (چیمەنتۆ)وە کە مەبەستی بووە، فۆتۆکانی بە تەنیشت یەکەوە لەسەر کاغەزەکە چاپ کردووە و بە چواردەوری ژوورەکەیدا دایناوە لە شێوەی پانۆڕاما، هەروەها تۆپی کاغەزەکەیش لە ناو ژووری پیشانگەکە وەک بەشێک لە کاری فۆتۆکانی داناوە، ئەمەیش لەلایەکەوە وەکو نیشاندانی مەتریاڵی کارەکەی و لەلایەکی دیکەوە شێوەی ئینستلەیشنی بە کارەکە بەخشیوە.

blank

هونەرمەند (هەڵۆ لانۆ) ئەم جۆرە فۆتۆیانەی بۆ ئەم کارە هەڵبژادووە کە دیمەنی جێگاکان نیشان ئەدەن لە کاتی تەختکردنیان و دووبارە بە شیش و چیمەنتۆ بیناسازییان لەسەر دەکڕێ و سەرەتای دروستکردنی باڵەخانەی تازە دەبینرێ، کریکارەکانیش بچووک دەبینرێن و سەرقاڵی کارکردنن.

blank

هەڵبژاردنی هونەرمەند بۆ وێنەی ئەم بابەتانە وەکوو ڕەخنەی خۆی دێت لەسەر سستێمی سەرمایەداری، کە بە ڕای ئەو خانووەکانمان پێ ئەڕووخێنێ و دووبارە دەبێ بینا بکرێتەوە، لەم حاڵەتەیشدا دەبێ دیسانەوە چیمەنتۆ و شیش بەکار بهێنرێت کە قازانجەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەدارەکان، بینینی وێنەی مرۆڤەکانیش بە بچووکی، دیسانەوە مەبەستی دەرخستنی بچووکی مرۆڤ لە ناو سستێمی سەرمایەداریدا.

* هونەرمەند (محەمەد ئیسماعیل) بە فیلمێک لەم پیشانگەیەدا بەشدارە و ناوی (پاککردنەوەی ڕۆح)ی لێ ناوە وەکو ڤیدیۆ پێرفۆرمانس نیشانی دەدا، تیایدا بە کۆمەڵێ (قوماشی ڕەنگاوڕەنگ) و بەیەکەوە گرێدراو سەری خۆی پێدەپێچێت، درێژی قوماشەکە نزیکەی سەد مەتر دەبێ.

هونەرمەند (محەمەد ئیسماعیل) بیرۆکەی ئەم کارەی لە ساڵی 2013 لەلا دروست بووە بۆ یەکەم جار لە ئەکادیمیەی هونەر لە (ئەمستردام) نیشانیداوە و دووبارە لەم پیشانگەیەیشدا نیشانی دەدا.

blank

ئەو لە سەرەتا قوماشەکەی بە تۆپەڵێ لە سەر زەوییکە داناوە، ئینجا سەرێکی قوماشە درێژەکە هەڵدەگرێ و بۆ سەری خۆی دەیبا و لە جیاتی قوماشەکە بەدەوری سەریدا بئاڵێنێ ئەو خۆی بەدەوری خۆیدا دەسوڕێنێتەوە و قوماشەکە دەئاڵێنێتە سەری، تائەو بسوڕێتەوە قوماشەکەیش زیادتر دەئاڵێتە سەری و ئیدی دەبێت بە تۆپەڵێکی گەورە بە سەرییەوە.

دوای تەواوبوونی پێچانەوەکەیش هەر دەستەکانی دەجووڵێنەوە بە ڕیتمی پێچانەوە. هونەرمەند دەیەوێ بەم کارەی یادگارییەکانی منداڵی خۆی نیشان بدا، کاتێک کە بە دەوری خۆیدا دەسوڕایەوە تاکوو دەکەوتە سەر زەوی، ئەو ئەم کارەی لە گەڵ بیرۆکەی تەسەوفدا تێکەڵاو دەکات، دوور نییە ئەم کارەی هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل خولانەوەی دەروێشێکمان بخاتەوە بیر لە سەمادا. هونەرمەند بەم کارەی پەیوەندییەک دروست دەکات لە نێوان ئێستا و کاتەکانی منداڵیدا، دەڵێت :- هەست دەکەم لە کاتی خولانەوەکەمدا من هێشتا منداڵەکەی جارانم کە بەدەوری خۆمدا دەخولامەوە.

* هونەرمەند (شەمێران فەتاح) ژێرزەمینی خانووەکەی بۆ کارەکەی بەکار هێناوە کە لە نیشاندانی فیلمێک و کارێکی ئینستلەیشن پێکهاتووە، بەیەکەوە بە جۆرێک هەر یەکێکیان ئەوەی تر تەواو ئەکات. بینەر کە دێتە ناو ژووری کارەکەوە یەکسەر داگیرساندن و کوژانەوەی ڕووناکییەک لەگەڵ دەنگی گڵۆپێکدا دەبینرێ و دەبیسترێ.

blank

بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە هونەرییە ژمارەیەک لە مەتریاڵی جۆراوجۆر بەکار هێناوە کە پێکهاتووە لە (نەوتی ڕەش، قاپ ( جام ) پارچەتەختە، حەوزێکی گەورە کە بە تەختە و نایلۆن دروستی کردووە و پڕی کردووە لە نەوتی ڕەش، ماتۆرێکی ئاوڕاکێشان، سۆندەیەکی باریک، سندوقێک بە تەختە دروست کراوە، دەنگی دڵۆپە، ئامێرێکی ڤیدیۆ و ڕووناکیی گڵۆپ) ئەو بە جۆرێک پەیوەندی لەنێوان نیشاندانی فیلمەکە و ئینستلەیشنەکەی خوارەوەی دروست کردووە، کە هەردووکیان لەیەک جیا ناکرێتەوە، وەکو یەک کاری هونەری دەبینرێن.

بینەر ئامێری ڤیدیۆکە نابینێ کە فیلمەکە نیشان دەدا لەبەر ئەوەی هونەرمەند لە ناو سندوقێکی تەختەدا شاردوویەتیەوە، بەڵام ئەوە دەبینێ کە ڤیدیۆکە لە قەد دیوارەکە نیشان ئەدا، ئەویش دڵۆپەی نەوتە ڕەشەکەیە کە وا دەردەکەوێت لە سەقفەکەوە دێتە خوارەوە و دەچێتە ناو جامەکەی خوارەوە و دەنگێکی وەکوو دەنگی دڵۆپە دەرئەهێنێ، بەڵام لە ڕاستیدا سەقفی ژێرزەمینەکە هیچی پێوە نییە.

هونەرمەند (شەمێران فەتاح) لە بەشی خوارەوەی کارەکەی، واتە لەسەر زەویی ژوورەکە بە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و جوان ئینستلەیشنێکی جووڵاوی دروست کردووە کە بینەر تووشی سەرسوڕمان و تێڕامان دەکات، تەختەیەکی بەستوەتەوە بە سندوقەکەی کە ئامێری ڤیدیۆکەی تیا شاردۆتەوە، تەختەکە لە چەشنی جۆلانەی منداڵ دروست کراوە و بە بەردەوامی لایەکی بەرز دەبێتەوە کە جامەکەی لەسەرە و لایەکەی تری نزم دەبێتەوە کە شتێکی قورسی پێوە بەستووە و لە تەنیشتیەوە حەوزێکی گەورەی بە تەختە و نایلۆن دروست کردووە پڕی کردووە لە نەوەتی ڕەش.

blank

هونەرمەند میکانیزمی ئەم ئینستلەیشنە جووڵانەوەیەکی بەردەوامی لەم جۆرە دروست کردووە، لە بنی جامەکەوە و لە ڕێگەی سۆندەیەکی باریکەوە و بە هێزی ماتۆرێک نەوتە ڕەشەکە لە حەوزەکەوە بۆ ناو جامەکە ڕائەکێشرێ، کاتی کە جامەکە پڕ ئەبێ لە نەوت و قورس ئەبێ دێتە خوارەوە نەوتە ڕەشەکە دەڕژێتە ناو حەوزەکەوە و لەو کاتەدا سەری ئەوسەری تەختەکە سوک دەبێ و بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی کوژاندنەوەی ڤیدیۆکە و لەو چرکەساتەدا ڕووناکییەک دائەگیرسێ و ئیدی ئەم یارییەی تەختەکە و پڕبوونی جامەکە لە نەوتی ڕەش و ڕژاندنی بۆ ناو حەوزەکە و دیسانەوە ڕاکێشانی نەوتەکە بۆ ناو جامەکە و کوژانەوەی ڤیدیۆکە و داگیرساندنی ڕووناکییەکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

نەوت مەتریاڵێکە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا مشتومڕی لەسەرە، بەڵام هونەرمەند شەمێران فەتاح لەم کارەیدا یاری پێ دەکا.

* ناوەڕۆکی کارەکەی هونەرمەند (زامۆئا داراغا) دەربارەی یادەوەرییە، ئەو بۆ ئەم کارە پشتی بە زاکیرەی مەتریاڵ بەستووە، خشتی ماڵە کۆنەکان (خشتی قوری سوورەوکراو) تەختە و فۆتۆ و کارتی ناسنامەی بەکار هێناوە، خشتەکانی خستۆتە سەر گالیسکەیەکی تەختە کە پێنج (تایە)ی بچووکی لە ژێردایە بۆ جووڵانەوەی کارەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە ئاسانی، ژمارەی گشتیی خشتەکان ( 454 ) خشت و نیوە، دانانی خشتەکان بە جۆرێکن کە بەتاڵاییان تیا نییە (بۆشایی لەنێوان خشتەکاندا نییە) واتە ئەو بەم خشتانە دیواری دروست نەکردووە، بەڵکوو شەش پاڵوویەکی پتەو و تۆکمە کە چەندین مانای لەخۆ گرتووە.

blank

ئەو لە چەند لایەکی شەش پاڵووەکە خشتێکی دەرهێناوە و لە جیاتیی ژمارەیەک فۆتۆ و کارتی ناسنامەی داناوە. لەم کارەی هونەرمەند (زامۆئا داراغا) ئەکرێ باس لە زاکیرەی مەتریاڵ بکەین، خشتەکان کۆنن، مێژوویان هەیە و لەوەوپێش لە باڵەخانەی دیکە بەکار هێنراون (بەشداربوونە) هەڵگری چەندین ڕەنگ و درز و شکاوین بە واتایەکی دی هەڵگری جوانی و شکستن هێشتا جێگای بزماریان پێوە دیارە بە واتایەکی دی برینەکانیان کراوەن.

هونەرمەند بە هۆشیارییەوە خشتەکانی پاک نەکردۆتەوە (نەیشتوونەتەوە) بۆ ئەوەی مێژووی خۆیان بەڕاستی نیشان بدەن، هونەرمەند سیفاتی خشتەکانی بۆ ناو کارە هونەرییەکە گواستۆتەوە بە زاکیرەی خۆیانەوە لە کارە هونەریەکەیدا بەشداری پێ کردوون، لە دونیایەکەوە بۆ دونیایەکی دیکەی هێناون، واتە لە ژیانی ڕۆژانەیانەوە بوون بە کارێکی هونەری، بەم جۆرەیش وەزیفەکانیان گۆڕدراوە و مانایەکی دیکەیان پێ دراوە.

blank

بەکارهێنانی فۆتۆ و کارتی ناسنامە هێندەی دیکە بیرۆکەی (زاکیرەی مەتریاڵ)ی کارەکەی هونەرمەندی بەهێزتر کردووە، ئەوە بە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئەم مەتریاڵانە هارمۆنییەکی لەنێوان زاکیرەی خشتەکان و فۆتۆ و کارتی ناسنامەکان کە (هەر خۆیان هەڵگری زاکیرەن) دروست کردووە وەکوو یەکەیەکی یەکگرتوو (وحدة واحدة)  نیشانی بینەری دەدا.

* هونەرمەند (زانا ڕەسوڵ) ناونیشانی (کتێبخانەکەی پوورە ئایشێ بە تامی بەکری بەقاڵ)ی بۆ کارە هونەرییەکەی داناوە کە تیایدا (سندوقی فیشەک، سندوقی فیشەکی هاوەن، میوە، قاپ، چەقۆ)ی بەکار هێناوە، هونەرمەند لە ناو ژوورەکەی خۆیدا گەشت سندوقی فیشەکە بەتاڵەکانی بەیەکەوە هەڵواسیوە، لە شێوەی هەڵواسینی تۆمەتبار، ئەو سندوقانە بە فیشەکەوە لە وڵاتی ئەمەریکاوە هاتوون بۆ کوشتنی مرۆڤ.

blank

بەڵام هونەرمەند (زانا ڕەسوڵ) بەکاریانی هێناوە بۆ خزمەتی مرۆڤ، لە ناو هەر سندوقێک دوو ڕەفەی داناوە بۆ دانانی میوەکان لە ناو قاپدا، بەمەیش سندوقە فیشەکەکان بوون بە ڕەفەی موبەق (چێشتخانە) لە ژێر سندوقە هەڵواسراوەکانەوە، لە سەر زەوی تەختەی سندوقە فیشەکەکانی بە تەنیشت یەکەوە داناوە هەربەو زانیارییانەی خۆیانەوە کە جۆری (چەکەکە) وەسف دەکات و ئاشکرای دەکات کە ئەمە چەکی ( M4 )ن هەر وەک بەڵگەنامە بۆ تاوانەکانیان، لەسەریان نووسراوە هەر سندوقێک جێگای پێنج چەکی تێدا دەبیتەوە، سندوقی هاوەنەکانیش لە تەنیشت دیوارەکانی دەستە ڕاست و چەپدا داناوە، جارێکیان سێ سندوق و جارێکیان چوار سندوق، بە جۆرێکن کە بینەر بتوانێ لەسەریان دابنیشێت، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا گۆڕینی ناسنامەی ئەو سندوقانەیە، کەمکردنەوەی هەیبەتیانە. گۆڕینی وەزیفەکەیەتی کە بەشداری لە کوشتن دەکەن بۆ وەزیفەیەکی تر، بۆ ئامرازێک کە زۆر بە ئاسانی مرۆڤ دەتوانێ لەسەریان دانیشێ وەکو نەهێشتنی ئەو ترسەی کە لە گەڵ خۆیان هێنابوویان.

هونەرمەند ئەم مەتریاڵە شەرانگێزانەی بۆ کارە هونەرییەکەی هەڵبژاردووە و تێکەڵاوی یەکتری کردووە لە گەڵ مەتریاڵی باش، لەگەڵ میوە کە بە ئاسانی لە ناو قاپ و لەسەر شانزە ڕەفە دانراون کە لە ناو سندوقە فیشەکەکان دروست کراون و چەقۆی موبەقیشی لەتەک قاپەکان داناوە، ئاڵای چەند وڵاتێکی لەسەر میوەکان چەقاندووە بۆ ئاماژەدان بۆ ئەو وڵاتانەی کە میوەکانی لێوەهاتووە، بەم جۆرە دەبێ مەتریاڵە شەرانگێزەکان قەبووڵی خزمەتکردنی مەتریاڵە باشەکان بکەن، بەمەیش ماناکانی مەتریاڵە شەرانگێزەکانی بە پێچەوانەوە گۆڕیوە (ئەخلاقی گۆڕیون) لە شەر و کوشتن و ناشرینییەوە بۆ بەشداریان لە ژیانی ڕۆژانەدا (ببن بە ڕەفە بۆ میوە و ببن بە کورسی تا مرۆڤ لەسەریان دابنیشێ) هەر وەکوو ئەم کارە هونەرییەی هونەرمەند زانا ڕەسوڵ نیشانی دەدا.

blank

بۆ دەوڵەمەندکردنی کارە هونەرییەکە هونەرمەند خۆی وێنەی بەلەمێکی بە سەربەرەوخوار لە قەد دیواری دەستی چەپی ژوورەکە بە قەڵەم کێشاوە و دەنگیشی بەکارهێناوە (بە ئامێری تۆمارکراو) کە یادەوەریی خۆی لە گەڵ تامدا دەگێڕێتەوە، هونەرمەند بەم کارە دەیەوێت بینەر بەرەو دروستکردنی پەیوەندی بەرێ لە نێوان گشت ئەم مەتریاڵانەدا بۆ بیرکردنەوە ببات و ئەو دەڵێت:- تەنیا ئێستێتیک تێرم ناکات.

پەراوێزەکان:-

1/ لەلایەن ئیتیمۆلۆجییەوە؛ وشەی ڕاوم ( Raum )ی ئەڵمانی لە کرداری ( رۆیمن raumen ی ئەڵمانیەوە ) هاتووە بە مانای دروستکردنی جێگا، یان شوێن، یان چۆڵکردنی جێکایەک دێت، لە کۆندا وشەی ڕاوم بۆ جێگۆڕکێ و نیشتەجێبوونی خێڵ و کۆچبەرەکانیش بەکارهاتووە، بە ڕای (مارکۆزە شرۆیر Markus Schroer ) ئەم مانایەی ڕاوم لە تیۆرییەکانی فەلسەفەی کلاسیکدا جێی جۆی هەبووە، جگە لەم مانایانە هەر خۆی وشەی ڕاوم بە زمانی ئەڵمانی بە مانای ژووریش دێت، شرۆیر بڕوای وایە ڕاوم کاریگەری بە سەر گشت ئۆبجێکت و جەستەکانی ناوەوەی هەیە، ئەمەش بەڕای من دیسانەوە لایەنێکە لە میانی ئەم پیشانگەیە لە لایەنە هونەرییەکەی جیاناکرێتەوە، سۆسۆلۆجییەکەی ڕاوم دەگەیەنێ .

2/ ئینستلەیشن کارێکی هونەرییە شێوەکاری سێ رەهەندییە، بە مەتریاڵ مامەڵە لە گەڵ راوم دەکا.   

تێبینی :- ئەم نووسینەی سەرەوە لەگەڵ پیشانگەی (هەشت ڕاوم)دا بڵاو کراوەتەوە، واتە هونەرمەند گارا رەسوڵ وەک ئەندامێکی کارای گروپی (کۆنسێپت ئارت) بە نووسین لەسەر پیشانگەکە بەشداری کردبوو.

* ئەم نووسینە لە ( گۆڤاری ڕامان ) ژمارە ( 248 ) گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیری گشتییە، دەزگای ڕامان دەری دەکات، خولی سێهەم، ساڵی بیست و دوو، کانوونی دووەمی ساڵی ( 2018 ) بڵاو بۆتەوە.