ئایدیای دیموکراسیخوازی مرۆڤی کورد لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکاندا 

"لە ئاوێنەی ڕەخنە و بۆچووندا"

پوختە:

ئەم وتارە دەیهەوێت بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە چرکەساتی سەرهەڵدانی زەینی دیمۆکراسیخوازی  لای مرۆڤی کورد لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکاندا، هەندێک خاڵی لاوازی و بیرلێنەکراوەی ئایدیای دیموکراسیخوازی لەو شێوە، وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە بدات. بە واتایەکی دیکە وتاری بەردەست دەیهەوێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە پاژنەی ئاشیلی ئەم ئایدیایە لە چیدایە و مژاری دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان لە کوێوە دەشەلێت و لە چییەوەیە کە بەکردەییبوونەکەی نامومکین دەنوێنێت؟ لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگات کە ئایدیای دیموکراسیخوازی، لێکەوتەی ململانێ و موناسەباتی هێز و گۆڕانی ژیوپالتیکی ناوچە و ژێردەستەکەوتنی نەتەوەی کوردە و ناچارییەکی سیاسییە، نەک بژاردەیەکی خوازراو. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئایدیای دیموکراسیخوازی، چ لە ڕووی تیۆرییەوە چ لە ڕووی کردەیییەوە ڕەخنەی زۆری لەسەرە، بە جۆرێک کە زیاتر وەک بابەتێکی میتافیزیکی دەبیندرێت و لانیکەم لە نموونەی مەسەلەی کورددا لەسەر زەوی واقیع ناسوورێتەوە و بەرهەمێکی ئەوتۆی بۆ ئەندێشەی ڕزگاری کورد تێدا نییە.

دەروازەی باس

مرۆڤی کورد لە پاش تێپەڕاندنی سەردەمی پێش لە مۆدێرن کە بە گشتی لە دۆخی بێدەسەڵاتی و ژێردەستی و پەڕاوێزکەوتوویدا دەژیا، هاتنەناوەی بۆ سەردەمی مۆدێرن و ئەزموونی مۆدێرنیتە، لە بۆشاییی بێدەوڵەتیدا، هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. لەم نێوەندەدا، چرکەساتی هاتنەناوەوەی مرۆڤی کورد بۆ سەردەمی مۆدێرن و ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆلتوورییانەی کە لە ژینگە-جیهانی کوردیدا پەرەیان سەندووە[1]، بە تایبەت ڕەوتی پەرەسەندنی ئەندێشە[2]، کەمتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. بەکورتی و بە ئیستقرایەکی گشتی دەتوانین دوو چرکەساتی ئەندێشەیی لە سەردەمی مۆدێرندا وێنا بکەین: “چرکەساتی یەکەم” چرکەساتی پێش دەسەڵاتی تەواوکۆ و توتالیتەر و سەرتاپاگیری دەوڵەتە باڵادەستەکانە بەسەر کوردستاندا، کە زۆرینەی مۆدێرنیست و ڕۆشنبیرانی کورد، لەڕووی هزری سیاسییەوە، مەیلیان بەرەو سەروەری سیاسی[3] مرۆڤی کورد و دیمۆسی کوردە (بخوێنەوە: نەتەوەی کورد) بەسەر خاکی کوردستاندا. بەرهەمی ڕۆشنبیرانی بەراییی کورد، بەتایبەتی نوێنەرانی “قوتابخانەی تەنویر” وەک حاجی قادر کۆیی، قانع، پیرەمێرد، فایەق بێکەس، مەلای گەورە، ئەحمەد موختار جاف و هتد شایەتحاڵی ئەم ئیدیعایەن( خاکپوور، 2024). بۆ نموونە تێگەیشتنی ئەم ڕۆشنبیرانە لە میللەت و دەوڵەت و… تێگەیشتنێکی مۆدێرنە و هاوکات لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە خەریکی ئەزموونی مۆدێرنیتە و چێ کردنی ئەندێشەی دەوڵەت-نەتەوەن. بۆ نموونە و لەبۆ ڕۆشنکاری باسەکە، لە ئەندێشەی مۆدێرنی کوردیدا، ڕۆشنبیرێ وەک حاجی قادر کۆیی (١٨١٦-١٨٩٧) دوو وشەی “میللەت” و “دەوڵەت”ی لە مانای پێش مۆدێرنەکەیەوە، شیفت پارادایم کردووە بۆ مانا مۆدێرنەکەیان(مەحمودی، ٢٠٢٠: ٦٣-٦٩). بۆ میناک، تێگەیشتنی حاجی قادر وەک ئایدیۆلۆژیستی جووڵانەوەی نەتەوەیی ( جەعفەر، 2009: 449) لە وشەی میللەت لەم شیعرەدا چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات: “میللەتە باقی مابەقی  فانی/ هەر لە جافی هەتا گۆرانی”. حاجی وشەی میللەتی بە مانا مۆدێرنەکەی بەکار هێناوە و هەروەها تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەی لە نەتەوەی کورد نواندۆتەوە کە هەموو ئەتنیکە کوردەکان لە جافیەوە تا گۆران و.. لەخۆ دەگرێت[4].

هەروەها ئەم خاڵە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە گوتاری مۆدێرنی کوردی، ئەگەر نەڵێین پێشتر لە ئەزموونی نەتەوە سەردەستەکان، لەوانە گوتاری مۆدێرنی ئێرانی، فۆرماسیۆنی گرتووە لانیکەم دەتوانین بڵێین هاوکات لەگەڵ ئەوان، ئەزموونی مۆدێرنیتە و ئەندێشەی سیاسی-ناسیۆلیستی، فەرهەنگی و دادپەروەرانەی هەبووە. ئەمە پێمان دەڵێت ناتوانرێت بە تەنیا کاردانەوەیەک بۆ ئەزموونی مۆدێرنیتە و مۆدێرنیزاسیۆنی ئەوانی دیکە هەژمار بکرێت. بەڵام لە درێژەدا تووشی قەڵیشت و خەسارێکی گەورە دەبێت و ئەوەش بریتییە لە نەبوونی “فۆڕمی دەوڵەت”. ئەزموونی مۆدێرنیتە و جڤاکی مێژووییی نەتەوەی کورد لە غیابی فۆرمی دەوڵەتدا نەگەیشتووەتە ئامانجی ڕێکخستنی خۆی و تەنانەت مانەوەی کەوتووەتە بەر تەوژمی ناسیۆنالیزمی تۆندئاژۆی باندەستەوە. لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا گوتاری بەرخۆدانی کورد لە دژی هەژموونی و نکۆڵیلێکردنی نەتەوە سەردەستەکاندا پەرەی سەندووە( vali,1998: 85-86). لە تێگەیشتنی ڕۆشنبیرانی کورد وەک حاجی قادر کۆیی یان قانع و هتد، بە پێچەوانەی ڕۆشنبیرانی نەوەکانی دواتری کوردستان، دیمۆسی کورد نەتەوەی کوردە، نەک ئەوەیکە بە هەر هۆکارێک بووبێت، دیمۆسی کورد لە دیموکراسیدا بە پەیوەست بە نەتەوەی ئێرانی، عەرەبی، یان تورکی حسێب بکرێت و زاڵیەتی و داگیرکاری ئەوان لەسەر کوردستان دەروونی بکرێتەوە. ئەم جیاوازییە زۆر جیدی و جێگەی سەرنجە، لێرەدایە کە ئێمە پێی دەڵێین “گواستنەوە لە سەروەریخوازی بۆ دیموکراسخوازی”. لە درێژەدا ئەم باسە زیاتر ڕوون دەکەینەوە.

بەڵام “چرکەساتی دووهەم”ی ئەندێشەی سیاسی، هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتگەڕی و زاڵبوونی دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان بەسەر کوردستاندا و بەپەڕاوێزخستنی ئەندێشەی سەروەریخوازی. چڕبوونەوەی کۆنترۆڵ و سەرکوتکردن، دەستنیشانکردنی سنوورەکان، دەستڕاگەیشتنیان بە کەرەستەی مۆدێرن و تەکنەلۆژیای نوێ، گۆڕانی ژیۆپالتیکی ناوچەکە، بەرفراوانکردنی پەروەردەی گشتی و میدیای گشتی و داگیرکردنی خاک و زەینی تاکی کورد و… گەیشتە لووتکە و لقەپۆپەی خۆی. بەم شێوە جیا لە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەسەر سەرزەمینی کوردستاندا، جڵەوی ئەندێشەی ڕۆشنبیری کوردیشی بەرەو ئاراستەیەکی دیکە ڕاکێش کرد. ئەزموونی مۆدێرنیتەی تاکڕەو و زاڵمانەی باڵادەستەکان بووە هۆی ئینکار و بەپەراوێزخستنی نەتەوە ژێردەستەکان بەتایبەتی کورد. چرکەساتی دووهەم کە بەرهەمی ململانێی نێوان هێزە جیاوازەکانە، ساتی دەرکەوتن و بەرجەستەبوونەوەی گواستنەوەیە لە “سەروەریخوازی بۆ دیموکراسیخوازی”. ئەم چرکەساتە کە زیاتر لە ناچارییەکی سیاسیی ژێردەستەبوونەوە هەڵدەقوڵێت، نەک بژاردەیەکی دڵخوازی سیاسی، باندۆری زۆری لەسەر سیستەمی ئایدیۆلۆژی و ئەندێشەی سیاسیی نەتەوەی کوردی هەبووە و وردە وردە کورد خۆیان بە دیمۆسی بەشێک لە خەڵکی دەوڵەتە سەردەستەکانیان پێناسە دەکرد[5]. دەستەواژەگەلێ وەک کوردی ئێران و کوردی عێراق و کوردی تورکیا و برایەتی گەلان و پێکەوەژیان و… هەروەها بە تایبەت ڕێگە چارەی دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتە سەردەستەکان بۆ گەیشتن بە وردە مافی مرۆڤی کورد، لە دیاردە و لێکەوتەکانی ئەو پارادایم شیفتە بوو کە لە ئەندێشەی کوردیدا ڕووی دا. هاوردەکردن یان هاتنەناوەی بیرۆکەی مارکسیزم بۆ ناو کوردستان، ئەم گۆڕانە پارادایمیەی لە خواستی سەروەری و یەکێتیی نەتەوەیییەوە بۆ گوتاری دیموکراسی و برایەتیی گەلان چڕتر کردووەتەوە( قەرەداخی، 2007: بەرگی یەکەم:7-8). بۆیە گوتاری دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوە دەسەڵاتدارەکان زیاتر لە حەفتا ساڵە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا لە گەشەونەشەدایە، و ئەندێشە و گوتاری کوردی لە داوی ڕئالیزمدا بووتە غایبی گەورەی مەیدانی ئەندێشەی سیاسی کوردی( حاجیزادە،2020: 46). لەم ئاقارەدایە کە بە پێچەوانەی بزووتنەوەی سیاسی ڕێبەرانی کلاسیکی کوردی کە زێدەتر سەربەخۆییخواز بوون[6]، بزووتنەوە کوردییە سیاسییە مۆدێرنەکان، هەر لە پارتی لە عێراق تا ئایدیای کۆنفێدرالیزمی دیموکراتی پەکەکە هەتا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و… دەبنە دیموکراسیخواز و خوازیاری ڕفۆڕمن لە سیاسەت و دەستووری دەوڵەتە سەردەستەکانیان بۆ ئەوەی هەندێک مافی کورد بەدەست بێنن( ڕێناس،2020: 124-136).

لە چرکەساتی دووهەمدا ئەپیستیمەی زاڵ وا چێ بووە و تا ئەو ڕادەیە پەلی کێشاوە کە ئایدیا دیموکراسی وەک “بتێکی زەینی” سەقامگیر و پیرۆز کراوە( خاکپوور، 2024: 1). بتی دیموکراسی کەمتر شیکاری لەسەر کراوە و زۆر بە کەمی ڕەخنەی لێ گیراوە. هەروەها مەرجەکانی ئیمکانی بەرهەمهێنانی ئەم نەزمە مەعریفییە کە زاڵە بەسەر جەستەی مرۆڤی کورددا و پرسی نائیمکانی و ئیمکانی دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوە باڵادەستەکان، بە شێوەیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە کەمتر هەڵسەنگێندراون. هەر بۆیە لە درێژەدا چەند تیشکێکی ڕەخنەیی دەهاوێژینە سەر ئەم مژارە.

ئایدیای دیموکراسیخوازی لە ئاوێنەی ڕەخنە و بۆچووندا  

هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، تێگەی دیموکراسیخوازی لە مێژووی ئەندێشەی سیاسیی کوردیدا کەمتر شەنوکەوی ڕەخنەیی لەسەر کراوە و زۆربەی جار وەک تەنیا دەرەتانێ ناسێندراوە کە هیچ ئیمکانێ جگە لە دیموکراتیزەکردنی سەردەستەکان لە ئەگەری نزیک و دووردا بوونی نییە. ئەمەش بەبێ هیچ چاویلکەیەکی ڕەخنەیی پەسەند کراوە. لە درێژەدا ئەو ئایدیایە هەندێک بە ڕوانگەی ڕەخنەیی کوردستانییەوە وەردوشەن دەدەین.

 یەکێک لەو ڕەخنە جیدیانەی دەتوانرێت لەسەر ئەو ئەندێشانە بگیردرێت کە چارەسەری مەسەلەی کورد بە “دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوەکانی سەردەست دادەنێن”، ئەوەیە کە ئەوان تەنیا لایەنی پێکهاتەیی و حقووقی مەسەلەکە دەبینن، واتە دەڵێن بۆ نموونە گەر یاسای دەوڵەتە سەردەستەکان بگۆڕدرێت و مافی بەرابەر بە شارۆمەندان بدرێت و دابەشکاری دەسەڵات بە ئەنجام بگات، ئەوە کوردیش دەتوانێت بە مافەکانی خۆی بگات[7]. لێرەدا باس لەوە ناکەین کە ئەم ئایدیا خۆی لە خۆیدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفتی تیۆریک و فیکرییە و بۆ نموونە مەسەلەی کەمینە نەتەوەیییەکان و مەسەلەی خاک( (Territory و خاوەندارێتی لە سەرزەوین نەبینراو دەکات( ڕێناس، 2018: 21-22). ئەو کێشە و گرفتە تیۆرییانە مەسەلەیەکی زۆر جیدیی بواری ئەندێشەی دیموکراسین. لە ڕوویەکی دیکەیشەوە و ئەگەر باسەکە هەندێک نۆرماتیڤ بوورووژێنین دەتوانرێت بوەترێت: ئایا ئەگەر سەردەستەکان نەیانەوێت دیموکراسی چێ بکرێت، ئینجا دەبێت چی بکرێت و زەمانەت و دەرئەنجامی ئەو هەمووە هەوڵ و خەباتە بە کوێ دەگات و چارەنووسی ژێردەستان چی بەسەر دێت؟! با نموونەیەک بێنینەنە لەوەی کە دیموکراسیخوازانی نەتەوەی سەردەست چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکەن. دیموکراسیخوازانی عەرەب، نەک تەنیا قایل نین بە بوونی وڵاتێک بە ناوی کوردستان، ئەوپەری ئەو شتەی بۆ کورد پەسەندی دەکەن، دەسەڵاتی نانانوەندییە لە نێو یەکپارچەیی دەوڵەتی عێراقدا. لەم بارەوە هیچ گەرەنتییەک بۆ مانەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری کورد ناخەنە ڕوو. کاتێک کە هیچ گەرەنتییەک لە ئارادا نییە، واتە مەسەلەکە مایەپووچ دەکرێت و مێژووی زەینی فاشیستی  و تەماح و دەسدرێژی ئەوان ئەوان پیشانی داوە کە دیموکراتیکترین ماف واتە مافی چارەی خۆنووسین لای ئەوان پێناسە نەکراوە( نەبەز، 2023: 60-61). مەبەست  لەم نموونە ئەوەیە کە مەسەلەی دیموکراسی تەنیا بە خواستی نەتەوەی کورد نییە و دەبێب لایەنی بەرامبەریش لەم گۆڕەپانەدا بە شێوەی بەرابەر و هاوتا و هاوشان هەنگاو هەڵبگرێت. ئەزموونە مێژوویییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە نەتەوە سەردەستەکان دیموکراسی بۆ لەخۆگرتنی تارێنەرانە دەکار دەکەن نەک ئەوەی مافێ بۆ مرۆڤی کورد قایل بن. سەرەڕای هەموو ئەوانە، پێویستە ئاماژە بکرێت کە بە گوێرەی هەندێک لە توێژەران دیموکراسی و ناسیۆنالیزم پەیوەندێکی لێکنەپچڕاو و تێکچڕژاویان هەیە، بەم جۆرە کە دیموکراسی لەسەر یەکانگیریی نەتەوەیی[8] و هەست بە وەفاداری[9] بە یەک نەتەوە و بە یەک سەرزەمین دێتە ئەنجام( کاڵهۆن و ئەلیاسی، 2023: 4). لێرەوەیە دەتوانین بڵێین کە دیموکراسیخوازان ئەو خاڵە گرینگە لە بیر دەکەن کە مرۆڤی کورد بە هۆی ئەوەی هەستی وەفاداری بە دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان نییە ناتوانێت خۆی لە پەیمانی دیموکراسییەت ئەوان گڕێ بداتەوە و زۆر جار بگرە دەبێتە بەربەست بۆ یەکانگیری خۆسەپێنی نەتەوەییی ناو دەوڵەتە سەردەستەکان. لێرەوەیە کە مەسەلەی دیموکراسی و پێوەندارێتی بە نەتەوەی جودا، خاڵێکی یەکجار گرینگە کە ڕامانی زیاتری پێویستە.    

ئەمانە بەلایەک، بەڵام ئەم وتارە دەیهەوێت لە ڕوویەکی دیکەوە شۆر بێتەوە بە ناو باسەکەدا و هەندێک وەردوشەنی ڕەخنەیی لایەنگەلێکی دیکەی ئەو باسە بدات. واتە دەیهەوێت هەندێک زیاتر لەسەر دیمۆس لە دیمۆکراسیدا( دیمۆس+کراتوس) ڕاوەستە بکات و پێچوپەناکانی دیمۆس لە پەیوەند بە مەسەلەی کوردەوە لێک بداتەوە.

 دیموکراسیخوازان مەسەلەی دیمۆس لە دیموکراسیدا بە هەڵە دەخوێننەوە و لە نێو سنووری ناسیۆنالیستی دەوڵەتانی سەردەستدا پێناسە و قەتیسی دەکەن. واتە لە خەیاڵی ئەواندا دیمۆس بەرابەر دەکرێتەوە لەگەڵ نەتەوە ساختەییەکەی ناو ئەو سنوورە سەپێندراوانەدا کە کوردی دابەش کردووە. ئینجا لێکەوتەی ئەوە دەبێتە شتێک کە ڕێک دژی نەتەوە و نەتەوەسازی و کۆمەڵگەی وێناکراوی ( Imagined Community)کوردییە چونک دیمۆسی کوردی دەبەستێتەوە بە خەڵکانی ناو دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکانەوە. ئەم کارەش بە ناو و پاساوی جۆراوجۆرەوە دەنەخشێنن، وەک رئال پۆلتێک یان بایۆپۆلتیک و یان بە ڕاوێژی ئانتۆنیۆ نیگری “مۆڵتیتیۆد”و هتد. بە زمانێکی سادەتر لە باسی دیمۆکراسیخوازاندا، کوردێکی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ تورکێکی زەنجانی و فارسێکی تارانی، بە تەواوی ئەو جیهان-ژینە جیاوازەیانەوە، دەبنە یەک دیمۆس بەڵام کوردێکی ڕۆژهەڵاتی و کوردێکی باشووری یەک دیمۆس نین! چونکە لە سوێنگە نیگای ئەوانەوە کە زۆر جار بارگاوییە بە ئایدیۆلۆژیای جۆراوجۆری کۆن و نوێی مارکسیستەوە، دیمۆس سنووردار دەکرێت بە سنووری دەوڵەتە سەردەستەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرەی یەکەمی ڕۆشنبیرانی کورد لە قوتابخانەی تەنویردا و هەروەها بەرەی ئاکادمیسیەنی پاش ئەوان، وەک مەسعوود محەمەد و جەمال نەبەز، هیچ کات دیمۆس واتە خەڵکیان بەو شێوە نەدەدی کە ئەمرۆکە ئاکادمیسیەن و ڕۆشنبیری کورد لە نێو سنووری دەوڵەتە سەردەستەکاندا پێناسەی دەکەن. واتە لای بەرەی یەکەم کە سەروەریخواز بوون، کورد لە هەر چوار پارچەدا دیمۆسێکە کە لەتلەت کراوە و ژین-جیهانی لەبەر هرووژمی کڵاوسوور و کڵاوڕەش لێکترازاوە[10]. هەر بۆیە بۆ نموونە قانع ڕەخنەی ئەوە لە بارزانی دەگرێت کە درووشمی برایەتیی کورد و عەرەب وەلا نێن. واتە لە دیدی ئەوەوە کورد وعەرەب یەک دیمۆس نین هەتا بتوانن لە گەشبینییەکی ناپوختەدا ببنە برا و لە چاونوقانێکدا دیمۆکراتیزە بکرێن و ببنە دیمۆسی وەتەنی عەرەبی!. لە ڕوانگەی قانعی بەرابەریخوازەوە، کورد مرۆڤێکی لەتلەتکراوی بێدەوڵەتی بێخانومانە “ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە” کە بە هەموو شێوازێک تەفروتوونا کراوە. بەڵام لە پاش بەرەی یەکەمی ڕۆشنبیرانی کورد، هەروەک ئاماژەی پێ درا، تا ئاستێک هاوکات لەگەڵ هاتنی بیری مارکسیزم بۆ کوردستان، مەسەلەی کورد لە سەروەریخوازییە پارادایم شیفت دەکات بۆ لای دیموکراسیخوازی. جا زەینییەتی قانع بەراوەرد بکەن لەگەڵ زەینییەتی گەورە شاعیری نوێخوازی کورد، مامۆستا “گۆران” کە دەڵێت:

من گەلم گەلی عێراقم / عەرەب ئەم لاق، کورد ئەو لاقم

ئینجا بە ڕوونی ئەو شیفت پارادایمە کە باسی دەکەین بە زەقی دەردەکەوێت. لە بزووتنەوەی سیاسیشدا  بۆ نموونە لەم وتانەی شێخ عێزەدین حسەینی ڕێبەری حیزبی کۆمەڵەدا ڕەنگدانەوە ئەو گۆڕان و گواستنەوە بە ڕوونی دەبیندرێت:” “ئێمە جوداییخواز نین، بۆیە لە وڵاتانی دیکەدا ئەو مافە بەخۆمان نادەین کە هانی جیابوونەوە بدەین. ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت لەناو ئێراندا” (کوردستان و شێخ عزەدین، 1400: 50). “دروشمی ئێمە دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانە. ئەم دوو جۆرە لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. ئێمە پێمان وایە هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە دیموکراسی لە ئێراندا هەیە، پێویستە پشتیوانی لە دروشمی ئۆتۆنۆمی کوردستان بکەن” (کوردستان و شێخ عیزەدین، ١٤٠٠: ٢٠). لە ئایایدیای سیاسیی ئەم بزووتنەوانەدا ئەوندەی بیر لە کراتووس و شێوەی حکوومەت و دابەشکاری دەسەڵات کراوە، بیر لە دیمۆس کە ناوەندی باسەکەیە نەکراوەتەوە.  

بەڵام بەبێ ئەوەی ڕامانێکی قووڵی فیکری فەلسەفی لەسەر دیمۆس+ کراتوس لە ئاڕادا هەبێت. ئەگەریش بووبێت زێدەترین جەخت لەسەر کراتوس کراوە و جۆر و شێوازی حکوومەت کراوە و کەمتر پەرژاونەتە سەر ئەوەیکە دیمۆس کێیە؟ دیمۆس چییە؟ کێ پێناسەی دەکات دیمۆس کێ بێت و سنوورەکانی کامە بێت؟ و ئەو دیمۆسە چی دەوێت؟ و… بە کورتی و بە کوردی لای دیموکراسیخوازن دیمۆس وەک کوردی ئێرانی یان عێراقی و یان… دەروونی دەکرێتەوە و تەنانەت کەمترین ئاماژە بە دیموکراتیکترین مافەکان واتە مافی دیاری کردنی چارەنووس ناکرێت و سەروەری مرۆڤی کورد هەلدەپەسێردرێت.

لە لایەنێکی دیکەوە، جێگەی ئاماژەیە لە ساڵەکانی 2010 بەملاوە لە ئاستی جیهانیدا و لە کارە ئاکادیمییەکاندا، پرسی دیمۆس هێدی هێدی وەک کێشەیەک لە تیۆریی سیاسیدا چاوی لێکراوە و وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە دراوە و ئالەنگاری زۆری لەسەر کراوە و یەکێک لە پێوەرە گرینگەکانی دیمۆس لەسەر بنەمای نەتەوایەتی  لێکۆلینەوەی بۆ کراوە  (koeing,2022:405 )هەر بۆیە لە کەشوهەوای کوردیشدا پێویستە پێداچوونەوە و ڕامانێکی جیدی ڕەخنەیی لەسەر ئەو تەوەرە بکرێت تا کورد وەک ئەکتەری ناسەروەری نادەوڵەتی هەروەک نەتەوەی ئەمازیغی و…[11] بە ڕاحەتی و بە بیانووی دیموکراسی، سەروەری خۆی ڕادەست نەکات و نەبێتە قۆچی قوربانی دیموکراتیزەکردنی نەتەوە سەردەستەکانی.

 هەروەها دیموکراسیخوازان، چ دیموکراسی باوی نوێنەرایەتی چ دیموکراسی ڕادیکاڵ، بە گەشبینیی و خۆشخەیاڵییەکی لە ڕادەبەر خاوەوە کە ڕیشەی لە واقیعدا نییە، خەڵک لە دەوڵەت و لە پێشینەی فەرهەنگی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییان مونتەزەع دەکەن. گوایە ئایدیۆلۆژیای شوڤنیستی دەوڵەت کاریگەری لەسەر خەڵکەکەی نەبووە!  بۆ نموونە خەڵکی تورک لە دەوڵەتی تورکی جیا دەکرێنەوە و دەرهەست و بەرزەجێیان دەکەنەوە لە دەوڵەت! یان ئەوەیکە لە باسی دیموکراسیخوازاندا ئەو پرسە گرینگە نابیندرێت کە زۆرینەی جار خەڵکی ئاسایی و ئەکتەری نادەوڵەتی بە فەرهەنگ و عەقڵییەت و خووخدەی[12] رەگەزپەرەستی کوێرانەوە لە ڕوودانی کارەسات و تراژێدییەکاندا هاودەست و هاوشانی ئەکتەرە دەوڵەتییەکان دەردەکەون. خەڵکی ئاسایی ئاڵمانیا و ئایدیۆلۆیای “رەگەزی سەرتری[13]“ی ژێرمەن، هاودەست و هاوپیاڵەی هیتلەر بوون لە خولقاندنی تراژێدیای جوولەکەکاندا. هەر بەو شێوە ئەوە تەنیا دەوڵەتی بەعس نەبوو کە تراژێدیای ئەنفال و هەڵەبجەی خۆلقاند، ئەوە زەین و فەرهەنگ و عادەت و ئەندێشەی عەرەبیزمیش بوو کە بە ئەمرازی دەوڵەتی سەدام، بە فەرهەنگی ژینۆسایدەوە تەقێندراوە بەسەر کورددا(kaziwe,2024: 40 ). هەر ئەو خەڵکەی کە دیموکراسیخۆازانی کورد دەیانەوێت لەگەڵیان ببنە هاوبەش و هاوپەیمان “لە کاتی ژینۆساید و کۆمەڵکوژی  ئەنفال و هەڵەبجە، جەماوەری خەڵکی عەرەب و فارس و تورک، کەڕ و کوێر و ڵاڵ بوون و لەمەڕ ئەو کارەساتە مێشێکیش میوانیان نەبوو( نەبەز، 1997: 20). هەر بۆیە دیمۆسی عەرەبی و تورکی و کوردی، لانیکەمی بە بێدەنگی خۆیان ڕەزایەتیان لەسەر ژینۆساید و لینگویساید و ئیکۆسایدی و … کورد نواندووە.    

یان دیموکراسیخوازانی کورد لە ئیڕاندا بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەندێشەی ئێرانشاری توتالیتەری دەسەڵاتگەڕ، بە سازاندنی گێڕانەوە و دیرۆک و ئەفسانە،  درێژەیەکی مێژوویی هەیە و ئێران و عەقڵی ئێرانی وەها میتافیزیکێکی ساز کردووە کە دزەی کردۆتە چەپ و ڕاست و خوێندەوار و نەخوێندەواری ئێرانییەوە و بە ئەمرازە مۆدێرنەکانی دەستەمۆکردن، کورد دەتارێنن و وەپەڕاوێزی دەخەن( محمدی، 2025: 3) . محەمەدپوور بە درووستی دەست دەخاتە سەر ئەوەیکە داهێنانی ئێرانییەت و هاوتەریب و هاوتاکردنی لەگەڵ فارسییەت، لەسەر دەستی ئیلتی فارسی، وەها  حاڵەتێکی ڕەگەزی-زمانی لە بوون لە جیهاندا بە خۆیەوە بینیوە، کە لە هەڵسوکەوت و کاروفەرانی ڕۆژانەوە بیگرە هەتا کارکەردی پیکهاتەکان و دامودەزگە ناسنامەییەکانی تەنیوەتەوە، بەشێوەیەک کە بووەتە “هەبیتووس”ێک بە مانا بۆردیۆییەکەی واتە مۆدێل و پێکهاتەیی شناختی  تێگەیشتن و ڕاڤە و کردە(mahammadpur, 2024:3). هەر بۆیە لە زەینی ئێرانیدا دیمۆس واتە فارسی- نێری-شێعە و بەم شێوەیە نەتەوە ژێردەستە ناسەروەرەکان، بە تایبەت کورد، لە پرۆسەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا، توانای خۆدەربرین و قسەکردنی نامێنێت (941-942 soleimani, mohammadpur, 2019:  )

هەر بۆیە زۆر گەشبینانە و ئارەزووئەندێشانە دەنوێنێت کە ئەو خەڵکە سەروەرانە بە مێژوویەکی کەڵەکەکراو لە ناسنامە و مێژوو و هەبیتووس و تەنانەت رەگەزپەرەستی کوێرانەوە، بێنە ناو گرێبەستی خەیاڵی دروژمی بیرلێنەکراوی برایەتی گەلان و مرۆڤی کوردیش هاوتا و هاوشانی خۆیان ببینن.    

 لە ڕوویەکی دیکەوە لای دیموکراسیخوازان، ئەوە نەبینراو کراوە، کە تەنانەت ئەو خەڵکە ئاسایییە نادەوڵەتییە بە ڕواڵەت بەستەزمانە و مەئموور و مەعزوورە، ناسیۆنالیزم و شۆڤینیزمی سەردەست لە پرۆسەی ناسیۆنالیزمی هەرڕۆژەییدا[14] دەروونی دەکەنەوە و بەرهەمی دێننەوە، بە شێوازێک کە خوار تا سەری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و… لە نێو پارادایمی ناسیۆنالیزمدا دەجووڵێتەوە(ئیچیجۆ،2022) . کەوایە مەسەلەی شوڤنیزم تەنیا لە پێکهاتەی دەوڵەتدا نییە و خەڵکی ناو ئەو سنوورانەش ئەو شوڤنیزمە بەرهەم دێننەوە. جا ئەگەر لە پێگەی دیمۆسی سەرەوەریشدا بن، ئەوا خاوەن ئیمتیازی سەروەری[15] دەبن و لە ڕوانگەی سەرترییەوە لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکان توندوتیژییەکی هێمایین و یان ڕاستەوخۆی شۆڤنیستانە دەکار دەکەن. بۆ نموونە ئەم ئامارانەی خوارەوە پێمان دەڵێن:

“دەبێت ئەوە لە بیر نەکرێت کە ئەو شۆڤنیزمە کۆمەڵایەتییەی کە کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە نییە بەڵکوو لە دەرەوەی دەوڵەتیش درێژدەبێتەوە. بۆ نموونە لە سەدا ٦٢.٢ی تورکەکان نایانەوێت پارتنێر و هاوکاری کوردیان هەبێت، لەسەدا ٤٧.٤ی تورکەکان نایانەوێت دراوسێی کوردیان هەبێت، لەسەدا ٥٧.٦ی تورکەکان نایانەوێت بووکێکی کوردیان هەبێت(Anand,kaul, 2025:43). کەواتە وێدەچێت دیمۆس کە شەقڵی بەرباسی ئایدیای دیمۆکراسیخوانە، بیرلێنەکراوە و ڕەخنەلێنەگیراو پەسەند کراوە و چالاکانە بەرنامەی بۆ داڕێژڕاوە، بۆیە پێویستە ڕامانێکی ڕەخنەیی و ڕۆشنکارانەی زیاتری لەسەر بکرێت.   

ئەنجام

ئەم وتارە دوای باسکردن لەو گواستنەوە پارادایمییە کە لە “سەروەریخوازی” بۆ “دیموکراسیخوازی” لە ئەندێشەی سیاسی کوردیدا ڕووی داوە،  بە گردوکۆ و گەشتێکی ڕەخنەیی لەسەر چەمکی دیموکراسی و ئایدیای دیموکراسیخوازی بە تایبەت بە داکۆکی لەسەر تێگەی “دیمۆس” هەوڵیدا بە هێنانە ئارای ڕەخنەگەلێک لەسەر ئەو ئایدیایە ڕوونی بکاتەوە کە گوتاری دیمۆکراسیخوازی پاژنەی ئاشیلەکەی لە کوێدایە؟! بۆیە وادەزانین لانیکەم دۆخ و هەلومەرجی ئێستاکەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەرەو ئەو ئاراستە دەڕوات کە مرۆڤی کورد دەسەڵاتێکی هەبێت، واتە گەڕانەوە بۆ سەروەری و گەڕانەوەی سەروەری ئاسۆیەکی دوورەدەست نانوێنێت و پێویستە ئایدیای “کوردستانی دیموکراتیک بۆ کورد و گەلێکی یەکسان” زیاتر لە جاران لە ڕووی فیکرییەوە و لە پێگەی “کوردستان­ئەندێشییەوە[16]” بخەمڵێندرێت. بەڵام مرۆڤی کورد زۆربەی جار لە پێگەی بێدەسەڵاتی خۆیەوە و هەندێک جار لە ڕووی ئەخلاقی ژێردەستییەوە، مەسەلەی دیموکراسی و یان برایەتی و … بیرلێنەکراوە پەسەند دەکات و وا خەیاڵ دەکات کە نەتەوە سەردەستەکانیش بەراحەتی دێنە پێگەی دیمۆسی هاوسان و هاوشان لەگەڵ کورد و لە شەووڕۆژێکدا بەهەشتی بەڵێنپێدراوی دیمۆکراسی دەخولقێت. هەر ئەم سادەئەندێشییە و ئەم ئەندێشەنەکردنە لەمەڕ دیموکراسی، بووەتە هەوێنی خۆفریوی و لە ڕابردوو و لە ئێستەشدا بە ڕاحەتی بە پیلانی برایەتی و دیمۆکراسی و وردەماف و…، کورد بووەتە قۆچی قوربانی و لە ئاکامدا خەباتە ڕزگاریخوازییەکەی بەلاڕێدا براوە و یان خامۆش کراوە. هەر بۆیە پێویستە مرۆڤی کورد بە هەستیارییەکی زیاترەوە لەسەر ئەو دەستەواژانە و لێکەوتە سیاسییەکانی بوەستێت و بەردەوام لەم سوێنگەنیگاوە بڕوانێتە بابەتەکان کە چ ئایدیایەک دەتوانێت بەختەوەری بە کۆمەڵی مرۆڤی کورد باشتر دەستەبەر بکات یان لانیکەم ڕەنجی کەمتری بۆ درووس بکات.

سەرچاوەکان

  • ‌آجودانی، ماشالله(1386)، مشروطۀ ایرانی. تهران، نشر اختران.
  • بوودەهان، محەمەد،( 2024)، وەرگێرانی حیسامەدین(هیوا) خاکپوور، بێدەوڵەتی ئەمازیغەکان و کاریگەری لەسەر ناسنامەیان، ماڵپەری کۆمار.
  • حاجیزادە، جلال،( 2020)نگاهی شالودەشکنانە بە برون رفت از یک کلان روایت تاریخی، لە دۆسیەی پۆلیتیا بۆ ” ڕامان و زەینی کوردی”
  • خاکپوور، حیسامەدین( هیوا) خاکپوور، 2024، بوتی دیمۆکراسی و زەینی کوردی، ماڵپەری سەکۆ بەم ناونیشانە: https://sekokurd.org/?p=6263  
  • خاکپوور، حیسامەدین( هیوا)، خاکپوور، 2024، مژاری ” وەسیەتنامەکەی پیرەمێرد و سێکوچکەی ئەخلاق و زانست وکوردییەت”، لەم ناونیشە:
  • https://diasporawf.org/commentary-ckb-ku/1537/
  • ڕیناس، سیروان، (2018)، دیموکراتیزەکردنی دیموکراسی…، فصلنامه پولیتیا، سال 1 ش1.
  • ڕێناس، سیروان،( 2020)، قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی، گۆڤاری پۆلیتیا، ساڵی دووهەم، ژمارەی4.
  • فازیل، کەریم، ئەحمەد( مامۆستا جەعفەر)،( 2009)، مێژووی ئەدەبی کوردی،
  • قادری، هێرش، (1401)، صورت معقول و شورشیان نامعقول(ازهبوط خوددا به پردیس و صعود بشر به فردوس تا مرگ خدا و بازگشت خوددا)نشر الکترونیک، کُرد پیدیا.
  • قەرەداخی، قه‌رەداخی، عه‌تا،(2007) گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، بەرگی یەکەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.
  • کاڵهۆن، ئەلیاسی( 2023)، ناسیۆنالیزم، جیهانوەتەنخوازی و بێدەوڵەتی، وەرگێرانی حیسامەدین( هیوا) خاکپوور، ماڵپەڕی ژنەفتن.
  • مەحموودی، ئیسماعیل،( 2020) ڕۆشنبیرانی کورد، مەکتەنی ئیستەنبووڵ، گوتاری تازەگەری کوردی: حاجی قادری کۆیی، چاپی یەکەم، دەزگای جەمال عێرفان، سلێمانی.
  • محمدی، تورج، (2025)، دیرپایی ایرانشهرگرایی، ماڵپەڕ و گۆڤاری کۆمار.
  • نەبەز، جەمال( 1997)، المستضعفون الکورد و اخوانهم المسلمون، منشورات کوردنامە، لندن.
  • نەبەز،جەمال ( 2023)، سەبارەت بە کێشەی کورد، وەرگێڕانی حیسامەدین( هیوا) خاکپوور، چاپی دووهەم، دەزگای جەمال نەبەز، بەرلین.
  • ئیچیجۆ، ئاتسۆکۆ، 2022، ناسیۆنالیزمی هەرڕۆژەیی، وەرگێرانی حیسامەدین( هیوا) خاکپوور، بەم ناونیشانە لە ماڵپەڕی ژنەڤتن
  • کوردستان و شێخ عێزەدین، دیجیتال کنندە نینا پویان، سازمان انتشاراتی مردم.
  • Anand, Dibyesh, Nitasha kaul,( 2025), Contemporary Colonialities; kurds and kashmiris, University of Westminsterpress,First published.
  • koeing ,mathias, (2022), who are the people? Defining the domos, political studies, vol(70)2, 402-424.
  • Mohammadpur,Ahmad, (2024),The Invention of Iran:From ‘Iranianness’ to ‘Persianness’, Asian Studies Review,
  • Salih, kaziweh, (2024), Genocide Culture, Cultural Habitus, Ethnic Engineering…, London, Routledge, 1st Edition.
  • Soleimani, kamal, mohammadpur, ahmad ,Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of“Iranian identity”, Ethnicities ,2019, Vol. 19(5) 925–947.  
  • Vali,Abbas,TheKurds and Their “Others”: Fragmented Identity and Fragmented Politics, Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, Vol. XVIII No. 2, 1998, pp. 83-94.

[1] . هەندێک لە نووسەران ئەزموونی کورد لە مۆدێرنیتە و دۆخی بێدەوڵەتی وەک ” نامۆیی” ناوزەد کردووە. خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە وتاری ” مۆدێرنیتی ونامۆیی مرۆڤی کورد لە دۆخی بێدەوڵەتیدا” محمەد حەقمورادی، گۆڤاری ڕامان، ژمارەی 319، 2024.

[2] . ڕەوتی بزووتنەوە سیاسییەکان تا ئاستێک کاری لەسەر کراوە بۆ نموونە وتاری ” قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی…”سیروان ڕێناس، گۆڤاری پۆلیتیا، ساڵی دووهەم، ژمارەی4. بەڵام پەرەسەندی ئەندێشە کەمتر وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە دراوە. ئەمە یەکێک لە زەروورەتەکانی ئەم وتارە دەنوێنێت.

[3] .Political Sovereignty

[4] . جێگەی ئاماژەیە کە هەر لەو سەروبەندەدا کە حاجی پڕۆژەی میللەتسازی باس دەکات، لە بزوتنەوەی مەشرووتەی ئێرانیدا و سەبارەت بە ئەو گواستنەوە مانایییەی کە لە وشەی میللەت لە سەردەمی مۆدێرن ڕوو دەدات، ئیلیتی ئێرانی ( فارسی-تورکی) وشەی میللەت لە مانایەکی ئەرباب-رەعیەتی دەخەمڵێنێت( آجودانی، 1386: 189) 

[5].هەڵبەت بە گوێرەی هەندێک لە توێژەران بەژێردەستەکردن و بەکۆلۆنیگرتنی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش لە بیچمگرتنی دەوڵەتە سەردەستەکان. “بێگومان ئەو جۆرە کۆلۆنیالیزەکردنی زەنییە، بەر لە دابەشبوونی کوردستان، دەرئەنجامی پڕۆژە مێژوویییەکان بوو کە بەم ئاراستەیەدا پێکهاتن؛ بۆ نموونە سایکس پیکۆی زانستی دەیان ساڵ پێش سایکس پیکۆی سیاسی وەدیهاتبوو، کاتێک ڕۆژهەڵاتناسەکان بە بنیاتنانی مەزنەگێڕانەوەی ئێرانیزم و ئیسلامیزم و تورانیزم، کوردایەتییان لە بوونە سەربەخۆکەی بێبەش کرد و لە نێوان ئەم سێ مەزنەگێڕانەوەدا دابەشیان کرد. لە تۆماس هاید و گۆبینۆ تا هەنری کۆربەن و کرینبروک، زانستی ڕۆژهەڵاتناسی خزمەت بە نەزمی سیاسیی سایکس پیکۆ دەکات لە دابەشکردنی کولتووری کوردی لە نێوان کولتوورەکانی ئێرانی، تورکی و عەرەبیدا خزمەت بە نەزمی سیاسیی سایکس پیکۆ دەکات(قادری، ١٤٠١: ٢١٥). 

[6] . کەماڵی سولەیمانی لە کتێبی  Islam and competing nationalismsبە وردی دەپەڕژێتە سەر ئایدیا سیاسییەکانی ڕێبەڕانی کلاسیکی کوردی بە جەخت لەسەر شێخ عوبەیدوڵڵا، شێخ سەعیدی پیران و شێخ سەعەیدی نوورسی.

[7] . بڕواننە ئەم باسەی کامرانی مەتین لەم بارەوە: https://www.youtube.com/watch?v=DWMul7zeJ4U

[8] .National Solidarity

[9] . Loyality

[10] . ئەم ڕستەیە لەم شێعرەی حاجی قادر وەرگیراوە: ” لە مابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش/ پەڕێشان و بڵاون میسلی گای بەش… .

[11] . بۆ ئاشنایی زیاتر لەسەر بێدەوڵەتی ئەمازیغییەکان، بڕواننە وتاری “بێدەوڵەتی ئەمازیغییەکان و کاریگەری لەسەر ناسنامەیان” بە وەرگێرانی حیسامەدین خاکپوور، لەم ناونیشانەدا:

https://govarikomar.org/ ساڵی 2024.

[12] .habitus

[13] . SUOPREME RACE

[14] . banal nationalism

[15]. sovereignty privilege

[16] . ئەم دەستەواژەمان، وەک چەترێکی چەمکی، لە کارەکانی دیکەدا بە ئاماژە باس کردووە و لە داهاتوودا زیاتر لەسەری دەخوێنینەوە و شەنوکەوی دەکەین.