لە تاسەتا کۆت و زەنجیرم ڕزاند

“لە تاسەتا کۆت و زەنجیرم ڕزاند”

کۆشیعری ئەحمەد عارف

دڵشاد هیوا لە تورکییەوە کردوویەتی بە کوردی و سەرنج و خوێندنەوەی بۆ شیعرەکان نووسیوە.

لە پێشەكیی وەرگێڕەکەوە‌

ئەحمەد عارف (١٩٢٧-١٩٩١)، شاعیری كوردی توركینووس، لە شیعری هاوچەرخی تورکیادا، دەنگێکی تاک و هەڵقوڵاوی ناخی ئازار و خەباتە. شیعرەکانی، بە چنینێک لە ناڕەزایی، خۆشەویستی، هیوا و یاخیبوونه‌وه‌، هاواری ئازاری خەڵکی چەوساوە دەکات؛ خه‌ڵكێك، کە بە ئازایەتییەوە بەرگەی ستەمی مێژوویی، سه‌ركوتكردن و تواندنه‌وه‌یان گرت. ئه‌حمه‌د عارف، لە سەرتاپای شیعرەکانیدا، باسی ئازار و ئاواتی ئەو مرۆڤانە دەکات وا خۆشەویستیی ئازادی و دادپەروەرییان وەک ڕاستییەکی زیندوو و پیرۆز، لە سنگیاندا هەڵگرتووە.

ئێستا کە شیعره‌كانی ده‌كرێنه‌ کوردی، پردێکی نوێ لە نێوان دوو نەریتی ئەدەبیی مەزندا دروست دەبێت: لەلایەکەوە، میراتی دەوڵەمەند و بەناوبانگی شیعری ناڕه‌زایه‌تیی هاوچەرخی تورکیا، لەلایەکی تریشەوە، ئه‌ده‌بی به‌كوردینه‌نووسراو، کە لە ناخی خۆیدا ڕۆحی بەرخۆدانی كوردانه‌ و گەڕانی بە دوای ناسنامەدا هەڵگرتووە. ئەم وەرگێڕانە، دەرفەتێکی نوێیه‌ بۆ خوێنەری كورد تا شیعرەکانی ئەحمەد عارف، لە دەریچەی هەست و زمانی خۆیەوە تاقی بکاتەوە و دەنگە فرەچەشنە ئازارچێشتوو و خەباتگێڕەکان لە قاڵبی وشەی نوێدا ببیستێت.

ڕووبەرگی ٢٢ەمین کتێبی ئەلیکترۆنی ژنەفتن

***

گومانم نییه‌ له‌وه‌ی ڕۆژێ یه‌كێك دێت و ئه‌م شیعرانه‌ له‌ من جوانتر، پڕهه‌ستتر و شاعیرانه‌تر وه‌رده‌گێڕێت، به‌ڵام گومانم له‌وه‌ش نییه‌ كه‌ شیعری ئه‌حمه‌د عارف هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌و شكۆ، ترس، خه‌م و سه‌نگینییه‌ی خۆی به‌ ته‌واوی مانا بۆ هیچ زمانێكی تر بگوازێته‌وه‌. هه‌رگیز ناتوانێ نسرمی زیندانه‌كانی توركیای كه‌مالی بۆ هیچ زمانێك بگوازێته‌وه‌. هه‌ندێ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ هه‌ن له‌م شیعرانه‌دا‌ كۆڵ به‌ وه‌رگێڕان ناده‌ن، جه‌بری سیاسی، فه‌زای سه‌ركوتكاری و باری كولتوورییان هه‌یه‌، من ده‌توانم هه‌ستیان پێ بكه‌م و چێژی ته‌واویان لێ وه‌رگرم، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ نه‌متوانیبێ وه‌ك پێویست ئه‌و هه‌ست و چێژه‌ بگوازمه‌وه‌. ئه‌مه‌ش واته‌ تایبه‌تمه‌ندیی شیعری هه‌ر زمانێك. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌پێناوی ئاسانكاری له‌ تێگه‌یشتندا له‌ هه‌ندێك شوێندا له‌ په‌راوێزدا ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستم داوه‌. له‌ كۆتاییی هه‌ر شیعرێكیشدا لێكدانه‌وه‌یه‌كم بۆ شیعره‌كه‌ كردووه‌ و هه‌وڵم داوه‌ تا هێنده‌ی له‌ ئه‌حمه‌د عارف تێگه‌یشتووم، به‌ خوێنه‌ری بگه‌یه‌نم.  

ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم کتێبەی وەک کتێبی ئەلئکترۆنی (فایلی pdf)  بڵاو  کردووەتەوە. دەتوانن لە سەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) داوەنلۆدی بکەن.