تۆنی مۆریسۆن:

ژنێ کە بەرپرسیار بوو و باوەڕیشی بە هونەری بەرپرسیار بوو

کلۆیی ئاردێڵیا وۆفرد[1] نووسەری ئەمریکی، کە بە نازناوی تۆنی مۆریسۆن ناسراوە، لە ساڵی ١٩٣١دا لە ئەیاڵەتی ئۆهایۆی ئەمریکا لە خێزانێکی کرێکار لەدایک بوو. ئەم ژنە نووسەرە دواتر وەکوو یەکێ لە گەورەترین نووسەرگەلێ ڕەش‌پێستی ئەمریکی ناوی لێ ئەبرێت کە توانیوییەتی لە ڕۆماننووسی، وانەبێژی و سەرنووسەری بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان تێک بشکێنێت. مۆریسۆن یەکەم ژنی ئەفریقی-ئەمریکی بوو کە توانی لە ساڵی ١٩٦٧ەوە تا ١٩٨٣ وەک ئێدیتۆری باڵا لە دەزگای چاپەمەنیی ڕاندۆم هاوس کە یەکێ لە گەورەترین چاپەمەنییەکان لە جیهاندایە ئیش بکات و هەروەها یەکەم ژنی ڕەش‌پێست بوو کە لە ساڵی ١٩٧٧دا خەڵاتی «بازنەی ڕەخنەگرانی نەتەوەیی کتێب»ی بۆ ڕۆمانی «ئاوازی سلێمان»  و هەروەها لە ساڵی ١٩٨٨یشدا خەڵاتی پولیتزەری بۆ چیرۆکی «خۆشەویست» وەرگرت. ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٩٣دا خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتی پێ بەخشرا و دواتریش لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، براک ئۆباما، میدالیای ئازادیی سەرۆککۆماریی وەرگرت. بۆ تۆنی مۆریسۆن نووسین هەڵویستێکی شۆڕشڤانانە بوو. ئەو دەیگوت: «هەموو هونەرە باشەکان سیاسین. نموونەیەکمان نییە کە وانەبێت؛ ئەوانەش کە زۆر هەوڵ دەدەن سیاسیش نەبن هەر سیاسین چۆنکوو خەریکن دەڵێن: ئێمە ئەوینداری دۆخی هەنووکەین.» مۆریسۆن بە ئەوها ڕوانگەیەک چیرۆکەکانی دەنگی بێدەنگەکان بوو. بەتایبەت دەنگی ژنانی ڕەش‌پێست کە هەروەها ماڵکۆم ئیکسیش لە ساڵی ١٩٦٢دا ئاماژەی کردووە: لە ئامریکا کەسێ کە «زۆرترین بێ‌ڕێزی پێی کراوە…و زۆرتر لە گشتی بێ‌پەنایە و پشتگوێ خراوترین کەسیشە [ژنی ڕەش‌پێستە].» بۆیە تۆنی مۆریسۆن هەر کات قەڵەمی ڵێ دەدا، ئامانجی سەرەکیی کۆمەڵگەی ڕەش‌پێستی ئەفریقی-ئەمریکی بوو و لە زۆرینەی ڕۆمانەکانیشیدا کاراکتێری سەرەکیی ڕەوایەتەکانی ژنانی ڕەش‌پێست بوون. کاراکتێرگەلێ کە توانای ئەوەیان هەیە بە دووبارە دروستکردنەوەی مێژووی خۆیان لە ڕێگەی ڕەوایەت و بیرەوەری پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتی بەهێزتر بکەن. لەو ساڵانەدا کە زۆرێک لە نووسەران پێیان خۆش نەبوو هەڵگری هیچ نازناو و لەیبڵێک بن مۆریسۆن هەموو کات حەزی دەکرد کە بە زاراوەی «نووسەری ڕەش‌پێست» ناوی ببەن. مۆریسۆن لە وتووێژێکیدا دەڵێت:  

         بە پێویستی نازانم داوای لێبوردن بکەم یان خۆم بە نووسەرێکی سنووردار بزانم لەبەر ئەوەی کە من [سەبارەت بە خەڵکی سپی‌‌پێست] نانووسمکە هەڵبەت ئەمەش ڕاست نییە و زۆر کاراکتێری سپی‌‌پێستیش لە کتێبەکانمدا هەن. [بەڵام] من هەرگیز داوام لە تۆڵستۆی نەکردووە بۆ من وەکوو کچێکی بچووکی ڕەنگین پێست کە خەڵکی ئۆهایۆە بنووسێت. من هەرگیز داوام لە [جەیمز] جۆیس نەکردووە کە باسی ئایینی کاتۆلیک یان شاری دوبلین نەکات. هەرگیز. بۆیە نازانم بۆچی دەبێت داوام لێ بکرێت ژیانی ئەوان ]بۆ ئەوان] ڕوون بکەمەوە. ئێمە نووسەرگەلی مەزنی فرەمان هەیە کە لە سەر کاراکتێرگەلێ کە ڕەش‌پێست نین دەنووسن؛ بەڵام من یەکێک لەوان نیم. ئەوە کاروباری ئەوانەیە کە یوونیڤێرساڵ[2]ن—وشەیەک کە بۆ من بە تەواوی لە واتا خاڵی بووەتەوە. پێم وایە بە شێوازی نووسینی فاکنێر بتوانین بڵێین ئەدەبی ناوچەیی؛ [کە کارەکانیشی هەر بەم شێوازە] لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوەمنیش دەمەوێت ئەوها بکەم. من ئەگەر هەوڵم بدایە و ڕۆمانێکی جیهانیم بنووسیایە، ئەو ڕۆمانە [وەکوو] ئاو دەبوو. بۆیە ئەم پرسیارە [کە بۆچی بەس لەسەر کاراکتێرە ڕەش‌پێستەکان دەنووسم] ناڕاستەوخۆ دەڵێت نووسین لەسەر خەڵکی ڕەش‌پێست بە شێوەیەک [بایەخی] نووسینەکەم کەم دەکاتەوە. لە حاڵێکدا لە ڕوانگەی منەوە بەس خەڵکی ڕەش‌پێست بوونیان هەیە و کاتێکیش دەڵێم «خەڵک» ڕێک مەبەستم خەڵكی ڕەش‌پێستە.

مۆریسۆن لە وتووێژێکی دیکەیدا لەگەڵ گاردیەن ئاماژە بە ڕستەیەک لە جەیمز باڵدوین، نووسەری گەورەی ڕەش‌پێست، دەکات کە گوایە گوتوویەتی «کورتە پیاوێکی سپی‌‌پێست لە ناخی هەمووماندا هەیە». کاتێ لە مۆریسۆن پرسیاریان کرد کە ئایا تۆ خۆت توانیوتە ئەو [جنۆکەیە] لە ناخی خۆتەوە دەری بکەی؟ ئەوها وەڵامی داوەتەوە: «من هەرگیز نەمبووە کە بمەوێت دەری بکەم.» بە ڕاستییش ئەگەر کەسێ کارەکانی مۆریسۆنی بە قووڵی خوێندبێتەوە لە وڵامەکەی بە باشی تێدەگات. ژنێ کە بە درێژاییی ژیانی خۆی لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی، بەتایبەتی بۆ ژنانی ڕەش‌پێست، داکۆکیکار بووە و لە پێگەی خۆیەوە وەکوو نووسەرێک تێکۆشاوە دژی ڕاسیزم، سێکسیزم و جۆرەکانی تری ستەم بنووسێت و قسە بکات.

 ئێستا پرسیار ئەمەیە: ئایا تۆنی مۆریسۆنێ کە بە وتەی خۆی بەس بۆ خەڵکی ڕەش‌پێست دەنووسێت و گرنگی بە چیرۆک و تێکۆشان و کێشەکان و جوانییەکانی ئەوان دەدات دەتوانێ سەرنجی خوێنەری کورد ڕابكێشێنێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە بە دڵنیایییەوە ئەرێنییە. بە پێچەوانەی ئەوانەی کە بیر ئەکەن «سنووردانان» هەژماری بەردەنگ کەم دەکاتەوە مۆریسۆن وەکوو نووسەرێ کە بڕوای بە هونەری بەرپرسیار (committed art) بوو و بە تەئکیدەوەش بەس بۆ بەردەنگی ڕەش‌پێست دەینووسی و بابەتەکانی بابەتگەلی کۆمەڵگەی خۆیان بوو توانیی سەرنجی خوێنەرە نێونەتەوەیییەکان بۆ خۆی ڕابکشێنێت و خەڵکانێکی زۆر لە هەموو ڕەگەزەکان و ڕەنگەکانەوەش سەرسامی خۆی بکات و هەروەها گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییە جیهانییەکانیش وەربگرێت.  

چیرۆک کاتێک بە ڕاستگۆیی و بە تایبەتمەندیگەڵێ کە مرۆڤین ڕەوایەت ببێت دەتوانێت لە سنوورگەلێ کە نووسەر لە سەرەتاوە بۆی داناوە تێبپەڕێت. بۆیە لێرە سنوور چیتر ئاستەنگ نییە و بەڵکووش پێویستە و دەبێتە تامێکی تایبەت، ڕەنگێکی تایبەت، ئەزموونێکی تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی تایبەت کە بۆ خوێنەری جیهانییش تازە و دڵکێشە—نە وەک ئاو کە گشتگیرە بەڵام بێ شێوەیە، لامۆە و ناجێگیر. ئەگەر مۆریسۆن بە شێوازێکی جیهانی بینووسیایە، ڕەگ و قورسایی و هەستی تایبتییێ کە ئێستا ناسنامەی کارەکانیین چیتر لەدەست دەچوو.

 کەوابوو بابەتی مۆریسۆن بابەتێ مرۆڤێکی بە پەرۆشە بۆ ئازادی، سەربەخۆیی، ناسنامە و خۆشەویستی؛ بابتێ مرۆڤێکی یاخی لە ستەم و لە میراتی کۆیلایەتی کە بە شێوازی تایبەت بە خۆیەوە وا لە خوێنەر دەکات کە سەرسامی ڕەوایەتەکانی بن. لەم سۆنگەیەوە کارەکانی مۆریسۆن نەک بەس بۆ خوێنەرێ ڕەش‌پێست بەڵکوو بۆ هەر مرۆڤێکی بەپەرۆش چێژبەخشە. نووسراوەکانی مۆریسۆن بەدواداچوونێکن بۆ ئەزموونی ناخۆش و تاڵی مرۆڤ لە دۆخێکی تایبەت. بەڵام چۆنییەتی گۆشەنیگای ئەم نووسەرە و بۆچوونە قووڵەکانی لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و دەروونناسانەکان دەتوانێت لەگەڵ زۆرێک لە مرۆڤانێ کە ستەمی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی و نژادییان ئەزموون کردووە هاودەنگ بێت. بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسانە لەسەر ئەم بابەتانەش شەڕیان کردبێت. کتێبەکانی تۆنی مۆریسۆن بەهێزن و هەست بزوێن و خوێنەر تووشی پرسیارگەلێ جددی دەکەن تا ڕووبەڕووی ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگە ببنەوە. تۆنی مۆریسۆن  لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠١٩ لە تەمەنی ٨٨ ساڵی کۆچی دوایی کرد و میراتێکی دەوڵەمەندی لە دەستکەوتی ئەدەبی و چالاکیی کۆمەڵایەتی بەجێ هێشت. ئەم ژنە پێشەنگێک بوو بۆ ژنانی ڕەش‌پێست، وە هەروەها بۆ تەواوی ئازادیخوازان، و دەنگێکی بەهێز بوو بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سێکسی. هەرچەند کە ئاسەوارەکانی مۆریسۆن لە ڕۆمان و هۆنراوە و لیبرێتتۆ و نامیلکە و کتێب بۆ منداڵان و هتد زۆرە، لێرە بەس ئاماژە بە چەند بەرهەمێکی دەکەم کە خوێندنیان بۆ هەر تاکێک بەدڵنیایییەوە بێ­قازانج نابێت:

١. شینترین چاو: ڕۆمانی شینترین چاو کە یەکەم ڕۆمانی مۆریسۆنە چیرۆکی کچە گەنجێکی ڕەش‌پێستە کە هەستی متمانەبەخۆی بەهۆی ئیماژگەلێ جوانیێ کە کۆمەڵگەی سپی‌‌پێست لە جوانی و ئێرۆتیزمی ژنانە دایسەپاندووە تێکچووە و بۆیە ئارەزوو دەکات چاوێکی شین و پێستێکی سپیی هەبێت. ٢. سولا: دووهەمین ڕۆمانی مۆریسۆنە کە تیشک دەخاتە سەر کچە گەنجێکی ڕەش‌پێست بە ناوی سولا کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی ڕەش‌پێستێ کە تێیدا دەژێت گەشە دەکات و دەبێتە ژنێکی بەهێز و بڕیاردەر. ٣. ئاوازی سلێمان: ئەم ڕۆمانە چیرۆکی گەنجێک بە ناوی میڵکمەن دێد[3] وێنا دەکات کە هەوڵ دەدات نهێنییەکانی ڕابردووی ئەژدادی بەکوێلەگیراوی[4] خۆی بدۆزێتەوە. ئەم چیرۆکە باسی ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ چۆن بزانین کێین و چیین. بەپێی قسەی خودی مۆریسۆن، ئەم چیرۆکە سەبارەت بە پیاوێکە کە «فێری فڕین دەبێت و هەمووی ئەو شتانە کە واتای [فڕین] دەگەینێنەوە. بەڵام هەروەها سەبارەت بە ئەو ڕێگانەشە کە ئێمە، هەموومان، تێیدا بە دووای ئەوە دەچین کە بزانین کێین و چین—چەندەش گەشتێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشیشە ئەم سەفەرە.» ٤. خۆشەیست: سێت[5]  کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمانەکە، ژنێکی بەکۆیلەگیراوی ڕەش‌پێست لە سەدەی نۆزدەهەمی زاینییە کە لەبەر ئەوەی کە منداڵەکەی زۆر خۆشدەوێت و نایەوێت کچە «خۆشەویست»ەکەی وەک خۆی ببێتە کۆیلە قوڕگی دەبڕێت و دەیکوژێت. ساڵانێک دواتر، ئەم دایکە کچێکی ڕەش‌پێست دەبینێت کە ناوی «خۆشەویست»ـە و جێگەی برینێک لەسەر قوڕگی دیارە. دەتوانین بڵێین کە ئەم کچە گەنجە هەم سیمبۆلی تاوانبارکردنی سێتە و لە هەمان کاتیشدا هێمای ڕزگاربوونی دایکێکە کە لە ساڵانی کۆتاییی تەمەنیدا نیوەشێت بووە. ئەم ڕۆمانە کە مۆریسۆن بە «زۆرتر لە شەست ملیۆن قوربانیی سیستەمی کۆیلایەتی» لە ئەمریکا پێشکەشی کردووە، لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای ژیانی ڕاستەقینەی مارگارێت گارنێر نووسراوەژنێکی ڕەش‌پێستی بەکۆیلەگیراو کە لە ساڵی ١٨٥٦دا بۆ ڕێگریکردن لە بەکۆیلەگرتنی کچەکەی ناچار دەبێت بیکوژێت ٥. جاز: ڕەوایەتی ئەم ڕۆمانە لە ساڵانی بیستەکان[6] لە هارڵێمی ئەمریکادا ڕوودەدات و لە ڕێگەی چیرۆکی ژن و مێردێکی هاوژین بابەتەکانی خۆشویستن و لەدەستدان و شوناس دەگێڕێتەوە. ئەم ڕۆمانە بە زمانێک کە لاساییی ڕیتمەکانی مۆسیقای جاز دەکات نووسراوە و بەم شێوازە ناوازەیە ڕەوایەتی کاراکتێرەکان لە سەردەمی ڕۆنێسانسی هارڵێم لە شاری نیویۆرک پیشان دەدات.


[1] Chloe Ardelia Wofford

[2] Universal

[3] Macon Dead III, known as Milkman

[4] enslaved

[5] Sethe

[6] 1920s