شانۆی ئەڵمانی و ئاڕاستەکانی شانۆیەکی بەڵگەنامەیی
لای هەمووان ئاشکرایە، کە مێژووی سەرهەڵدانی شانۆ بە چەندین قۆناخی فەلسەفی و ئەدەبی و میتود و ڕێبازی قوتابخانە جیاوازەکاندا تێپەڕیوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. هەموو ئەو گۆڕانکارییانەش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شانۆکاران و ڕەوتی شانۆدا هەبووە. ئەم کاریگەرییەش تەنیا لە ڕووی تێکستە درامییەکانەوە نەبووە، بەڵکوو وەک کەرەستە بەکارهاتووەکانی سەر سەکۆ و شێوازی نواندن و تەکنیکی دەرهێنانیش، کاریگەرییان هەبووە. واتە بەرهەمهێنانی کۆی پرۆسە شانۆییەکە لەژێر کاریگەریی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شۆڕشی ڕۆشنفیکری سەردەمی خۆیدا بووە.
شانۆنامەنووسەکان، هەر لە سەردەمی ئەنتیکەوە تا دەگاتە ئێستامان، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە مێژووی پرۆسەی گەشەی مرۆڤایەتیدا و بوونەتە خواستی هەموو سەردەمەکان. ئەو شانۆنامانە، هەمیشە وەک بەئاگاهێنانەوە و شۆڕش و پێشرەوێک بوون بۆ هۆشیاریی مرۆڤی تاک و گەشەی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشەوەچوونی ڕەوتی شانۆ. بەشێکی زۆر لە دەقە شانۆیییەکان، توانیویانە دۆخی کۆمەڵگەی خۆیان لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەدا بخەنە ڕوو. دەقە شانۆیییەکانی گرێک بۆ نموونە (ئۆرستێیا، ئۆدیپی پادشا، ئەنتیگۆنە، فارسەکان، مێدیا) تا ئێستایش لەسەر شانۆکان نمایش دەکرێن، هەروەها چەندان شانۆنامەی سەردەمە جیاوازەکان، هێندە زیندوون، هەروەک بۆ ئەم سەردەمەی ئێستای ئێمە و تێکڕای سەدەکانی داهاتوو نووسرابنەوە.
“هۆرس شۆرت”۱ و “میکائیل باتس”٢، کە دوو نووسەر و لێکۆڵەرەوەی شانۆی ئەڵمانین، لە کتێبی “شانۆی بێسنوور”دا قۆناغبەندییەک بۆ نمایشە شانۆیییەکان دەکەن، بۆ نموونە، تراجیدیای یۆنانی دێرین، ڕۆمانی دێرین، سەدەی ناوەراست، ئیتالیا دوای سەردەمی ڕێنیسانس، شانۆی ئێلیسابێس، بارۆک لە ئیسپانیا، فرانسی ڕەهاخواز، شانۆی گەل لە شار و شارۆچکەکانی ئەڵمانیا، ئەمریکای سەرکێش، شانۆی شۆڕشگێڕی لە ڕوسیا، نواندنی نوێخوازەکان، ئەبستراکت یان شانۆی هەست و نەست، کارەکتەرە بزێوەکان، مۆدێرن و پۆستمۆدێرن، لە ئێستایشدا شانۆی مێژوویی و سیاسیی دۆکیومێنتاری. ئەم دوو نووسەرە، لەم کتێبەدا زۆر بەوردی ئەو گەشە گرینگەی مێژووی شانۆ و کاریگەرییەکانی بەسەر ڕەوشی مرۆڤەوە دەخەنە ڕوو.
هەموو ئەمانەیش لە تاقیگەکانی شانۆدا توێژەران، دەرهێنەران و فێرخوازانی شانۆ کاریان لەسەر کردوون و ئەزموونیان کردوون، تا ئاستێکی بەرز ئاوێتەی بەرهەمە شانۆیییەکانی خۆیانیان کردووە، ئاوێنەی “ئێستا” و “لێرەدا” بوون. هەموو میتودە جیاوازەکانی کولتوورە جوداکان ڕۆڵی کاریگەرییان گێڕاوە بۆ بەرەوپێشەوەچوونی ڕەوت و زانست و بزووتنەوەی شانۆ.
لە سەرەتای ساڵەکانی شەستەکاندا کۆمەڵگەی ئەڵمانی، هەستی بە سەرکوتکردنێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی دەکرد. شانۆکارانی ئەڵمانی، وەک مانیفێستێکی واقیعی ڕۆڵی کاریگەریی خۆیان بینی، ئەوە بوو “کۆرتنێر”،٣ وەک شانۆکارێکی نوێی هاوچەرخ ڕۆڵی پێشەنگایەتی بینی، گۆڕانکارییەکی ڕێشەیی لە هەڵبژاردنی ئەو بابەتانەی دەخرانە سەر سەکۆ، کرد. ئامانجی “کۆرتنێر” شرۆڤەکردنی واقیع و ئاشکراکردنی ئەو کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بوون، کە ڕۆژانە بەبێ ئاگایی لەنێوان تاکەکاندا پراکتیزە دەکرا. شانبەشانی کۆرتنێر، ئێرڤین پیسکاتۆر٤ ١٨٩٣-١٩٦٦ ڕۆڵێکی دیکەی گەورەی گێڕا لە دەرهێنان و نووسینی تێکستی شانۆییی گونجاو بۆ ڕەوش و بارودۆخی ئەو سەردەمە، ئەوە بوو ڕەوتی شانۆیەکی سیاسیی بەهێزی دامەزراند.
دوای ئەو برێخت، بە هێنانی میتودێکی تری گرنگ، وەک قوتابخانەیەکی نوێ بۆ ناو شانۆی ئەڵمانی، ڕێگەکەی پیسکاتۆری تەواو کرد. برێخت نەک هەر دامەزرێنەری شانۆی داستانی بوو، بەڵکوو لە نووسینی تێکستەکانیدا لە بواری زمانەوانی و تەکنیکی نووسینی دەقی شانۆیی لە چوارچێوەی وێژەدا، زمانێکی نوێی ئەڵمانی برێختیانەی داهێنا، کە تا ئێستایش لە قوتابخانەکاندا بۆتە بەشێک لە وانەی مێژووی ئەدەبی ئەڵمانی و وانەی زمانی ئەڵمانی و ئەو زمانە ئەدەبییە نوێخواز و دەوڵەمەندە بە قوتابییان ئاشنا دەکرێن. ئەمەیش دەروازەیەکی بە ڕووی جیهاندا کردەوە، کە شاکارەکانی و میتودەکەی بۆ گشت دونیا، وەک کۆڵەکەیەکی گرنگی شانۆ بگوازرێتەوە.
شانۆنامە و تێکستە تیۆرییەکانی برێخت، تا ئێستاکە لە زۆربەی زانکۆ و شانۆکانی جیهاندا تیشکی دەخرێتە سەر، چ وەک ناوەڕۆکە درامییەکە، چ وەک میتودە نوێخوازەکەی، کە بە گرنگیپێدانەوە شانۆکارانی جیهان پەنای بۆ دەبەن و بەردەوام سوودی لێ وەردەگرن. بێگومان شانۆی ئەڵمانی، درێژە بەو نەریتە دەدات و کاری لەسەر دەکات، کە وەک میراتگرییەک بۆ شانۆکارانی ئەڵمان ماوەتەوە. ئەم کولتوورە دەوڵەمەند و گەورەیەی برێخت لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە، بەردەوام لە کاری شانۆکارەکاندا، لە نمایش و تێکست و کاری دراماتۆرگەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و کاری لەسەر دەکرێت. شانۆ لەم میتود و شێوازەدا دەبێتە دامەزراوەیەکی سیاسی، ئەم بە سیاسیکردنەش نەک هەر لە ڕووی دراما و ناوەڕۆکی دەقە نووسراوەکانی شانۆنامەکانەوەیە، بەڵکوو لە ڕووی فۆرمیشەوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەر شانۆدا هێناوە، تا گەیشتە ئەوەی شانۆی ئەڵمانی شووناس و ناسنامەیەکی جیهانی بەدەست بهێنێت.
بە سیاسیکردنی شانۆ لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخی کۆمەڵایەتی – سیاسی، ئەو سەردەمە لەدایک بوو، بەتایبەتیش بەرامبەر بەو کەسانەی لە سەردەمی نازییەکاندا لەو پارتە سیاسییەوە تێوەگلابوون و پاشماوەی ئەو ئایدۆلۆژییە فاشیستە بوون. ئێستاشی لەگەڵدا بێت مەترسین بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەڵمانیا، ئەمەیش بە تایبەتی لە گوزارشت و شرۆڤەکانی نێوەندی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و حوکمڕانی ئەڵمانیادا دەردەکەوێت؛ بەئاشکرا تا ئێستا لە پڕۆگرامی هەندێ لە پارتە توندڕەو و فاشیستەکانەوە پەیڕەو دەکرێت، هەروەک لە خولی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ئەڵمانیادا بە ڕوونی بینیمان.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم، لە ساڵی ١٩٦٣ تا ١٩٦٥ لە شاری فرانکفۆرت دادگاییکردنی تاوانەکانی نازییەکان بەرامبەر بە جووەکان و تاوانەکانی دیکەی جەنگ بەڕێوە چوو. کۆمەڵگەی ئەڵمان ئەو دادگاییکردنەی بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکان بینی، هەر لەو کاتەدا شانۆنامەنووسی دیاری ئەڵمانی/سویدی “پێتەر ڤایس”٥ ١٩١٦- ١٩٨٢ ئامادەی دانیشتنەکانی ئەم دادگاییانە دەبوو. “ڤایس” هەوڵی دا لە ڕێگای دۆکیومێنتەکانی ئەم دادگایەوە، بنەمایەک بۆ خستنەڕووی ئەو تاوانانە بدۆزێتەوە. ئەمەیش بۆ “ڤایس” تەقەڵایەکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم تاوانانە دووبارە نەبنەوە. “ڤایس” جگە لە شانۆنامە دۆکیومێنتارییە گرنگەکەی بە ناونیشانی “لێپێچنەوە”، کە لەسەر بەڵگەنامەکانی دادگاییکردنەکە و شاهێدەکان بونیاد نرابوو، هەر لە ساڵی ١٩٦٦ ڕووداوەکانی دادگاییکردنەکەی کردە فیلمێکی دۆکیومێنتاری و لە کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆنی ئەڵمانیدا پەخش کرا. هەر لە هەمان ساڵدا ئەجێندای کارکردنی سیاسیی ئەقڵییەتی کۆماری فیدراڵی ئەڵـمانیاش، لە بنەڕەتەوە گۆڕانکاری بەسەردا هات. لەو کاتەدا “شانۆ”، وەک ئامڕازێکی گرنگی دەربڕین، بەشێک بوو لە میدیایەکی کۆمەڵایەتی- سیاسی و وەک پێشەنگ ڕۆڵی خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر دەبینی. هەر بەپێی ئەم سیاسەتە، پیسکاتۆر لە ساڵی ١٩٦٢دا بووە بەڕێوەبەری شانۆی “فۆلکس بوونە” لە بەرلین، واتە “ماڵی شانۆیی میللی”. دوای نوێژەنکردنەوەی ئەم ماڵە شانۆیییە، دەستیان کرد بە نمایشە شانۆیییە سیاسییەکان، بێگومان پیسکاتۆ، لەم شانۆیەدا ڕۆڵێکی گرینگی لە پێکهاتەکانی شانۆیەکی سیاسی و دۆکیومێنتاری ئەڵمانیدا بینیوە. پیسکاتۆر لەم شانۆیەدا بنەما هونەری و ئێستاتیکییەکانی شانۆی دۆکیومێنتاری دامەزراند، کە دواتر بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە. لە ئێستادا ئەو ماڵە شانۆیییە بۆتە ناوەندێک بۆ وتووێژی شانۆکارانی ئەڵمانیا.
پیسکاتۆر، لە دیدێکی سیاسییەوە، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی تێکستەکانیدا، وەک بەرگریکارێک لە مرۆڤایەتی و ئیستفزازکردنی دەسەڵات و سیاسەتمەندارانی ئەو کاتە، نمایشە شانۆیییەکانی پێشکەش دەکرد. بۆ نموونە، پەنای دەبردە بەر شانۆنامە مێژوویییەکان، ئەو نمایشانەشی شانبەشانی ناوەڕۆکە سیاسیئامێزەکان، کە دەیبەستنەوە بە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەوە، دەخستە سەر شانۆ.
لە دوای ئەوەوە شانۆی بەڵگەنامەیی، یاخود “شانۆی دۆکیومێنتاری” لە ئەڵمانیادا پەرەی سەند، لەو کاتەدا ئەو تێکستە شانۆییەی ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، تێکستی شانۆنامەی “جێگر” بوو، لە نووسینی “ڕۆڵف هۆهت”٦ گەرچی ئەو شارانەی ڕەوتی ئایینی کاسۆلیکیان تێدا بەهێز و بەربڵاو بوو، شانۆکاران نەیانتوانی کار لەو شانۆنامەیەدا بکەن و هەوڵی ئەوە بدەن بیخەنە سەر سەکۆ.٧

کارەکانی پیسکاتۆر سنووری ئەڵمانیای تێپەڕاند، شانۆکارانی جیهانیش بە بایەخەوە سەیری ئەو بزووتنەوەیەیان دەکرد و کاریان لەسەر کرد، بۆ نموونە “پیتەر بروک”،٨ ١٩٢٥-٢٠٢٢، کە شانۆنامەی مارا/سادی بە شێوازێکی ناوازە، لەنێوان تەکنیکەکانی شانۆی دۆکیومێنتاری و شانۆی توندوتیژی ئارتۆدا متوربە کرد. “ڤایس” ڕۆڵێکی لەبەرچاوی گێڕا لە برەودان بە دەقی خۆماڵی. لەوێوە دەقی خۆماڵی لە شانۆکانی ئەڵمانیادا زیندوو کرانەوە و بەزۆری کار لەسەر ئەو دەقانە دەکرا، کە باسیان لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکرد. هەر لەم ڕوانگەیەوە، دەقە شانۆیییە خۆماڵییەکان باسی ئەو پاڵەوانانەیان دەکرد، کە کەوتبوونە پەراوێزەوە و پشتگوێ خرابوون، ئەم کارەکتەرانە سەرلەنوێ زیندوو دەکرانەوە و لەسەر شانۆکان بەرجەستە دەکرانەوە.
ئەم ڕابەرانەی شانۆی ئەڵمانی، سامانێکی هێندە دەوڵەمەندیان، لە ڕووی تیۆری و پراکتیکەوە لە دوای خۆیان بەجێ هێشتووە، کە بنەمایەکی پتەوی بۆ ڕەوتی شانۆی ئەڵمانی داناوە، بە چەشنێک تا ئێستا هیچ شانۆکارێک نەیانتوانیوە لەژێر ئەو کاریگەرییە ڕزگاریان بێت. ئەو بنەما پتەوەی شانۆکارانی، وەک پیسکاتۆر و برێخت دایانڕشتووە بۆ شانۆی ئەڵمانی، بەتایبەتی لە ڕووی شانۆی بەڵگەنامەیی و شانۆی داستانییەوە، ڕەنگدانەوەی بەسەر شانۆی جیهانییەوە هەبووە و هەیە.

ڕێنسانسێکی “شانۆی دۆکیومێنتاری” لە ئەڵمانیا لە کۆتایییەکانی نەوەدەکانەوە سەرهەڵدەدات و زۆر بەخێرایی پەرەدەسێنێت. هانس-ڤێرنەر کرۆسینگەر،۹ کە یەکێکە لە گرنگترین دەرهێنەرەکانی شانۆی دۆکیومێنتاری و ئەندرێس ڤیێل،١۰ کە لە پاڵ ئەوەی نووسەرێکی دیارە، دەرهێنەری شانۆ و سینەمایشە، زیاتر لە نەریتی کلاسیکی شانۆی دۆکیومێنتاریدا کار دەکەن. فیلمی Der kick، کە دەقەکەی لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار و کەسوکار و شایەتحاڵانی دۆسیەیەکی کوشتن دامەزراوە، ڕۆڵێکی بە بەهای لە بواری فیلم و شانۆی نوێی دۆکیومێنتاریدا هەیە. فیلمەکە باسی کوڕێکی شازدە ساڵان دەکات، کە لەلایەن نازییە نوێیەکانی بەرلینەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا دەکوژڕێت. ئەم فیلمە بەڵگەیییە، وەک نمایشێکی شانۆیی لە ساڵی ٢٠٠٦ بانگهێشتی دیمانەی شانۆییی بەرلین کرا، لە هەمان فێستیڤاڵدا، کۆمەڵەی “دەرهێنانەرانی ڕیمینی”، کە پێکهاتوون لە کۆمەڵێک شانۆکاری ئەڵمانی و نەمساویی، بۆ دووەمجار بەشدارییان کرد لە بەرهەمهێنانی نمایشی بەڵگەنامەیی، کە لەسەر بنەمای فیلمی “والێنشتاین”ی شیلەر بوو. ئەم کۆمەڵەیە، کە بە کۆمەڵەی “پرۆتۆکۆل”یش ناسراون، شانۆنامە دەنووسن و زیاتر کار لەگەڵ کەسانێکدا دەکەن، کە شانۆکار نین و بۆ نووسینی دەقەکانیان سوودیان لێ وەردەگرن. ئەندامانی “ڕیمینی پرۆتۆکۆڵ”۱١ بە دامەزرێنەرانی ڕێنێسانس و پێناسەکردنەوەی شانۆی دۆکیومێنتاری نوێی ئەڵمانی دادەنرێن.
شانۆنامەی “ئێستا هاناو”١۲ کە باس لە قوربانییانی شارۆچکەی “هاناو” لە شاری فرانکفوت دەکات، لەم شارۆچکەیەدا، کەسێکی ڕەگەزپەرستی ئەڵمانی هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵێک بێگانە و دەیانکوژێت، دواجار خۆی و دایک و باوکیشی دەکوژێت؛ کۆی پرۆسەی کۆمەڵکوژییەکە، مانا و مەترسییەکانی ڕەگەزپەرستی، بەڕێوەبردنی دادگاییکردنەکە، بەهاناوەهاتنی پۆلیس لە شەوی ڕووداوەکەدا، یاسا و دانیشتنەکانی پەرلەمان، لێدوان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان، مەسەلەی پەناهەندەیی و خۆگونجاندن؛ هەموو ئەمانە لە نمایشە شانۆیییەکدا بەرجەستە دەکرێت، کە بۆ کارکردن لەسەر ئەم ڕووداوە پەنایان بردۆتە بەر هەموو ئەو بەڵگانەی بەدواداچوونیان بۆ کردووە و دەستیان کەوتووە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە. ئێستا نمایشی “هاناو” لە ماڵی شانۆییی شتووتگارتدا، کە بۆ دوو ساڵ دەچێت لە نمایشدایە، بەردەوامە. بێ لە دانانی سندوقێکی بەخشین لە دەرەوەی هۆڵەکە، هەروەها پارەی بلیتەکانی ئەم نمایشە بۆ خێزانی قوربانییەکانی شارۆچکەی “هاناو”، تەرخان کراوە. ئەم شانۆنامەیەش لە نووسین و دەرهێنانی شرێتسمایە.۱٣
چەندین نمایشی هاوشێوەی ئەم شانۆنامەیە لە ڕێپۆرتواری ئەم ماڵە شانۆیییەدایە، کە خۆم وەک ئەکتەر تیایدا کار دەکەم. بۆ نموونە، “ئایشە ئەڵمانییەکە”، کە باس لە سێ کۆچبەری ژن دەکات، کاتێک وەک میوانی کار دێنە ئەڵمانیا، “ئەوەی زۆر چاوەڕێ بکات دەمرێت”، کە باس لە چالاکوانێکی ژینگەپارێز دەکات، چۆن بەرەوڕووی توندوتیژی دەبێتەوە لەلایەن دەوڵەتەوە، نمایشی “سالیحە” ئەو ژنەی باکووری کوردستان و چۆنیەتیی پرۆسەی هاتنی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، چۆن دوچاری کێشەکانی کار و خۆگونجاندن و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەڵمانیا و تورکیا دەبێتەوە، هەروەها نوێترین نمایش، کە رۆژی ١٠/٤/٢٠٢٥ یەکەمین نمایشیەتی بە ناوی ٧/٣/٢٠٢٣، کە باس لە جەنگی حەوتی ئۆکتۆبەر لە شاری غەزەی فەلەستین دەکات.
لەگەڵ هاتنی لێشاوی پەناهەندە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا و جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی وڵاتانی جیهان و هێرشە ناڕەواکانیان بۆ سەر یەکتر، هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییە گەورەکەی لەسەر مرۆڤایەتی و ژینگە و باری ئابووری، هاوکات بڵاوبوونەوەی فاشیستی و تاکڕەوی و لێژبوونەوەی جیهان بۆ برسێتی و جەنگی ئەتۆم، بەکارهێنانی ژنان و منداڵان، وەک قەڵغانی توندوتیژی داگیرکاری ناوچەی هێڕشکراوە سەر و بازرگانی سێکسوالیتی، بەدیجیتاڵکردنی کارگە زەبەلاحەکان و کەمکردنەوەی هەلی کار بۆ مرۆڤ و زۆرکردنی بۆ رۆبۆرتەکان… هتد هەموو ئەمانە لەئێستادا مەترسین بۆ لەناوچوونی ڕایەڵەی بەردەوامی مرۆڤایەتی بە خودی ژیانەوە. ئەمانە لە شانۆی ئەڵمانیدا، بابەتی شانۆیین، لە ئێستادا شانۆکاران پەنا دەبەنەوە بەر میتۆدە شانۆیییەکانی پیسکاتۆر و برێخت و پیتەر ڤایس. گەر لە هەر دەقێکی دیکەدا کار بکەن، ئەوان ناتوانن ئەو بابەتانە نەهێننە ناو نمایشەکانیانەوە و نەیکەنەوە بە تێکستێکی زیندووی ئێستای ئەڵمانیا.
دەتوانین لە کۆتاییی ئەم باسەدا، پوختەی شانۆی بەڵگەنامەیی بەم شێوەیە بخەینە ڕوو: شانۆی بەڵگەنامەیی پشت بەچەند سەرچاوەیەک، وەک چیرۆکی ڕاستەقینە، تۆماری ڤیدیۆیی، چاوپێکەوتن، ڕاپۆرتی مێژوویی، گوزارشت لە ئێستای ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ میدیا وەک گەڕان و دۆزینەوەی سەرچاوە پێویستەکان دەبەستێت، بە مەرجێک کار لەسەر ئەم سەرچاوانە، وەک خۆی، کە هەیە بکرێت.
دەستکەوتی داهێنەرانەی نووسەریش لەوەدایە، کە لەو پێکهاتە خامەی لەبەر دەستیایەتی، جەختکردن بێت لەسەر کردارە سەرەکییەکە، ڕووداوە لاوەکییەکان وەلا نێت، بۆ بەدەستهێنانی ڕووبەڕووبوونەوە، بەرگریکردن، وروژاندن، ئامانجیش لەمە فۆرمێکی ڕیالیزمە نەک سروشتگەرایی. مەبەستیش ڕوونکردنەوە و وروژاندنە سیاسییەکەیە، بۆ نموونە، کاتێک باس لە دادگاییکردنی کەسێک لە دەقێکدا دەکرێ، جەخت لەسەر پرۆسەی دادگاییکردنەکە بکرێت و ڕووداوە گرینگەکە و کەسی سەرەکی لەناو ڕووداوە مێژوویییە سیاسییەکەدایە، نەک بینەرانی ناو دادگاکە.
سەرچاوەکان:
1-Michael Bachman: Dokomentardrama. In Handbuch Drama, Theori, Analyse, Geschichte. Stuttgart 2012.
2-Das Theater der Gegenwart: Andreas Englhardt: C, H, Beck Wiessen.2013
3-Der jasagaer und Der Neinsager. Rowhlt Theater: Edition Suhrkamp, SV
4-Michael Batz, Horst Schroth: Theatergrenzenlos: Handbuch für Spiel und Programme. Rowohlt Taschenbuch Verlag bei Hamburg 1985
۱-Horst Schroth
٢ -Michael Batz
٣ -Kortner
٤ -Erwin Piscator
٥ -Peter Weis
٦ -Rolf Hochhuth
٧ -ئەم شانۆنامەیە باس لە هەڵوێستی ڤاتیکان دەکات بەرامبەر بە هۆلۆکۆست. شانۆنامەکە لە پێنج پەردە پێکهاتووە و هەوڵەکانی قەشە “ڕێکاردۆ فۆنتانا” نیشان دەدات بۆ ئاگادراکردنەوەی سەرۆکی کلێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی “پاپا پیۆسی دوانزەهەم” لە دیپۆرتکردنەوەی و قڕکردنی بە کۆمەڵی جووەکەکان لە لایان ئەڵمانیای نازییەوە. لەم ڕووەوە، قەشە “ڕێکاردۆ” وەک بەرهەڵستییەک مردن هەڵدەبژێرێت و دەچێتە ناو جووەکانەوە.
٨ -Peter Brook
٩– Hans-Werner Kroesinger
١۰ – Andres Viel
۱١ -Rimini Protokoll
١۲ – Now Hanau
۱٣ -Werner Schretzmeier