ونبوونی لوغزی هونەرمەند
هونەر بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی هەر پیرۆز بووە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پێداویستییەکانی دەروونی و فیکری، کە ببینین وەک ئامرازێکی زیندوو و کاریگەر ڕۆڵی خۆی گێڕاوە لە وەرگرتنی شێوە و تێمە جۆراوجۆرە جوانەکانی هونەر، تاوەکو سەرنجی مرۆڤ ڕابکێشێت و باری سایکۆلۆژی و فیکری ئێستێتیکی بە هەموو ژینگە سرووشتی و ئینسانییەوە هەمیشە بە زیندوویی تێدا ڕەنگ بداتەوە هەدەفی سەرەکی پاشخانی هونەری ڕاست کە بە ڕیگە تایبەتەکانی گەورەیی مرۆڤ و زاڵبوونی بەسەر واقیعدا پیشان بدات و زیندوویی نیازەکانی ژیانی بۆ دابڕێژێت. چالاکییە جوانییەکان بنچینەی هەموو چالاکییە ئینسانییەکانی ترن، کە مرۆڤ خۆی پێ بنیاد دەکات و زەنجیرەی ژیانی بەیەکەوە بە حاڵەتە تراژیدیا و دراماتیکییەکانی سرووشتی و کۆمەڵایەتی لە یەک هێڵی ئاسۆیی دەبەستێتەوە و تێگەیشتنی خۆی بۆ ژیان و چەمکی جێبەجێکردنی خود لەسەر ئەو بنچینەیە بونیاد دەکات و هەردەم بەپێی پێوانەی جوانی بەرهەم دێنێت. بەهرەی هونەری پارچەیەکە لە لوغزی مرۆڤ کە دەیەوێ بەدیاری بخات و بیکات بە سروشتێک بۆ (تێربوون لە بینین).
ئێمە دەزانین کەوا گەشەکردنی ئابووری و پیشەسازی و مەدەنیی شار و کوردتکردنەوەی ڕێگا دوورەکانی نێوان وڵاتان، بووە هۆی پێشکەوتنی هونەر و ڕۆشنبیری و شارستانیەتی کۆمەڵگاکانی ئەوروپا، بەلام لایەنێکی گرنگ هەیە کە بووەتە پاڵپشتی سەرەکی پێشکەوتنی هونەر و بەدیارکەوتنی جۆرەها ڕیباز و قوتابخانەی جیاجیا. هەر یەکەو ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی کۆمەڵایەتییە لە زەمەنێکی دیاریکراو هاتووەتە کایەوە، ئەویش پێشکەوتنی چێژی هونەرییە کە لە تێربوونی بینینی خەڵکەوە دێت لەو زەنجیرە مێژووییەی هونەری و ستایلە هەمە جۆرەکان، کە ئیمڕۆ هونەرمەند هەر کارێک ئەنجام بدات نابێتە شتێکی نامۆ و ناڕەوای هونەری بۆ بینینی خەڵک. لێرەدا ئەم تەکامولە دەگەڕێتەوە بۆ هونەرمەندان و مێژووی هونەرییان کە هەموو کەلێنێکیان لە چێژی خەڵک پڕ کردۆتەوە. لەم حاڵەتەدا، لە قۆناغێکی نوێی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوو، هونەری نوێی هاوچەرخ بە هەموو شێواز و ڕێبازەکانییەوە هیچ جۆرە ڕەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە چێژی خەڵک دروست ناکات، بە پێچەوانەوە بە تێڕوانینێکی ئێستێتیکی، لە تێری هەست و بینینیان تەماشای دەکەن. کەچی لە کۆمەڵگەی ئێمە کە هەموومان دەزانین، مێژووی هونەریمان بە شێوە جیاوازەکان و ستایلە زۆرەکان نییە، هونەرمەندان دێن ڕاستەوخۆ بە ستایلە هەرە تازەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو کارەکانیان ئەنجام دەدەن لە کاتی نمایشکرنیشیدا لە پیشانگاکانیان گلەیی ئەوە دەکەن کە بینەری هونەری نییە تەنیا هونەرمەندان خۆیانن دەڕۆن بۆ بینینی. لێرەدا خەڵکی ئێمە ناتوانن ببن بە بینەری چێژوەرگری ئەم جۆرە هونەرە. بەڵکوو بێهیواییەک لە دەروونیان دروست دەبێت، بە ڕەخنە وەڵامیان نادرێتەوە، تەنیا بە ئامادەنەبوونیان و نەگەڕانەوەیان بو بینین، وەک هەڵوێستێکی شاراوەی دەروونێکی بێهیوا وەڵام دەدەنەوە، ئەمەش لەڕاستیدا گەورەترین کارەساتە لەنێوان پەیوەندیی بینەر و هونەر و هونەرمەندان. هونەر لە وڵاتی ئێمە نەیتوانیوە ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە کە بینەری ئێمە ڕچاوی دەکات و تامەزرۆی بینینیەتی و تێری بکات و سەرنجی ڕابکێشێت، هەست و دەروونی پڕ بکات لە جوانی و خۆلیای بینینی بۆ دروست بکات. هونەرمەندانی ئێمە تەبریریان بۆ ئەو مەسەلەیە ئەوەیە کە بینەری ئێمە بێ ڕۆشنبیریی هونەرین، کۆمەڵگایەکی دواکەوتوومان هەیە و پەروەردە نەکراوە، لە هونەرێکی نوێ و هاوچەڕخ ناگەن. بەڵام کێشەکە بەو سادەیی و ساکارییە نییە، چونکە کۆمەڵگا پێکهاتووە لە هەموو توێژەکان، هەروەها هونەرمەندانیش لەنێو هەمان چوارچێوەی دواکەوتوویی ئەو مێژووەن، پارچەیەکی گەورەی ئەم گیروگرفتە پێکدێنن و بەرپرسیارن بەرانبەر بە بینین و چێژی کۆمەڵگا و گەشەسەندنی بواری جوانی و فکری هونەری لەسەر خاکی خۆماڵی و داهێنانی بەرهەمی هونەری. بازدان و سنووربڕین لە ستایل و شێوازی هونەریدا کارێکی ڕەوایە گەر هەموو سنوورەکان لە یەک ئاستی مێژووی چێژی هونەری و تێربوونی بینینی کۆمەڵگا بێت، بەڵام پێکەوەنان و پێکەوەلکاندنی شێوە و ستایلە دەرەکییە پێشکەوتووەکان بە هۆشی هونەری دواکەوتوو و بە بەرهەمهێنانی کارێک بێ بنەمای مێژوویی، لەم کۆمەڵگایە بینەری نابێت، بۆیە زۆربەی نمایشە هونەرییەکانمان تاڕادەیەک چۆڵن و لە سێ چوار ڕۆژ زیاتر درێژەی پێ نادرێت. ئەمەش حاڵەتێکی تر دروست دەکات ئەویش ئەوەیە کە هونەرمەند کاراکتەری ئەندێشەیی خۆی و لوغزی هونەرمەندایەتی لەنێو کۆمەڵگا (کە چۆن لە مێژووی هونەرەوە هاتووە و پلە و پایەیەکی ئەفسانەیی بۆ دانراوە و پیرۆز بووە) لەدەست دەدات و لە پەراوێزی کۆمەڵگەکەی خۆی دەمێنێتەوە.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٣٢ ساڵی هەشتەمی گۆڤاری (شێوەکاری)دا بڵاو کراوەتەوە