سیمۆن ڤەی، ڕزگاربووی هۆلۆکۆست و خەباتگێڕی مافی ژنان

و: مستەفا زاهیدی

سیمۆن ڤەی (Simone Veil)، ڕزگاربووی ئاشۆڤەیس، وەزیری پێشتری تەندروستی، ئەندامی ئاکادێمیای فەرەنسا و یەکەم سەرۆک پەرلەمانی ئەورووپا بوو. ڕۆژی ٣٠ جوونی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. سەرەتای مانگی جوونی ٢٠١٨ و یەکساڵ دوای مردنی، تەرمەکەی بە ئامادەبوونی ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، گوێزرایەوە بۆ “پانتئۆن”، کە گۆڕستانی کەسایەتییە دیارە کەلتووری و  مێژوویییەکانی فەرەنسایە. لەم بابەتەدا باس ئەکرێت لە ژیان و چالاکییە کەلتووری و سیاسییەکانی سیمۆن ڤەی.

blank

ژمارەیەکی بەتاتۆ کوتراو لە سەر باڵی چەپ

بۆ سیمۆن ڤەی ( لەدایکبووی ١٣ی جوونی ١٩٢٧، بە نازناوی ژاکووبەوە، لە شاری نیس، لە باشووری فەرەنسا) پرسی ‘جوو بوون’ هێشتا پرسێکی کەلتووری بوو. بنەماڵەکەی کە چەند سەدە بوو لە فەرەنسا دەژیان، زۆر گرێدراوی ڕێ و ڕەسمەکان و کەنیسەی جووەکان نەبوون. سیمۆن ڤەی لە کتێبی ژیاننامەکەی خۆیدا نووسیبووی: “ئەوەی کە باوکم سوور بوو لەسەر ئەوەی مافی ئەندامبوون لە کۆمەڵی جووەکانمان ببێت، لەبەر باوەڕە ئایینییەکەی نەبوو، بەڵکوو هۆکاری کەلتووری بوو. ئەو لای وابوو ئەگەر جووەکان نەتەوەیەکی هەڵبژێردراو ماونەتەوە لەبەر ئەوە بوو کە خەڵکانێک بوون خاوەن کتێب، بیرکردنەوەو نووسین”. ئاندرێ ژاکۆب، دایکی سیمۆن ڤەی، باوکی سیمۆن ڤەی، بیناسازێکی سەرکەوتوو بوو و دووهەمین خەڵاتی گەورەی ڕۆمی بۆ بیناسازی بەدەست هێنابوو. هاوژینەکەی، دایکی سیمۆن ڤەی، کوت و پڕ وازی لە خوێندنی لە بواری کیمیا هێنا و هەموو کاتی خۆی بۆ بەخێوکردنی چوار مناڵەکەی دانا: دۆنیز، میلۆ (مادلێن)، ژان، سیمۆن کە نازادی دایکی بوو.

لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووهەمدا، دەوڵەتی فەرەنسا بە بنەماڵەی ژاکۆبی ڕاگەیاند بنەماڵە جووەکان ناتوانن لەگەڵ بنەماڵەکانی تر خاوەن مافی یەکسان بن. ساڵی ١٩٤٠، یاسای پێداچوونەوە بە (دۆخی جووەکان) بوو بە هۆی ئەوەی باوکی سیمۆن لە کار دەربکرێت و ئەمەش یاسایەکی زۆر بێبەزەییانە بوو: ئەم کۆنە سەربازەی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم کوت و پڕ مافی کارکردنی لێ سەندرایەوە. سێ ساڵ دواتر، بنەماڵەی ژاکووبەکان، کە لە نیسی فەرەنسا گیرسابوونەوە و خۆیان شاردبۆوە لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە دەستگیر کران. بەرەبەیانی ١٣ی ئاپریلی ١٩٤٤، سیمۆن لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی سواری ڤاگۆنێکی باری کران (کە زیاتر بۆ گواستنەوەی ئاژەڵەکان بەکار ئەهات) و دوای دوو ڕۆژ و نیو، لە نیوەی شەودا، گەیشتنە بەر دەرگای کەمپی ئاشۆڤەیتس- بێرکناو ( Auschwitz-Birkenau) لە پۆڵەندا. لە ناو ڕیزی دیلەکاندا و لە ناو سەگەکاندا، یەکێک لە سەربازەکان ئامۆژگاری سیمۆنی تەمەن ١٦ ساڵ و نیو ئەکات ئەگەر دەیهەوێت نەنێردرێتە ژووری گازەوە، بڵێت ١٨ ساڵم تەمەنە.

بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، لەسەر باڵی چەپی سیمۆن ژمارەیەکیان تاتۆکرد کە جۆر و شوینی کارەکەی، کە پەرەپێدان و گەورە کردنەوەی شوێنی زیندانییە نوێکان بوو، دیاری ئەکرد. سیمۆن لەگەڵ دایک و خوشکەکەی نێردرانە چەند کیلۆمەتر دوورتر لە کەمپی ئاشۆڤەیتس- بێرکناو.، بۆ ئەوەی کاری تاقەتپڕووکێنی ئیشکردن لە سەر زەوی دەست پێ بکەن. دوای ٩ مانگ، ڕێککەوتی ١٨ی جێنیڤەری ١٩٤٥، ئەڵمانییەکان لەبەر ئەوەی نیگەرانی هێرش و هاتنە پێشەوەی هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت بوون، چل هەزار کەس لە زیندانییەکانیان لە ناو کەمپەکە کۆکردەوە: ئەمە سەرەتای ” ڕێپێوان ( مارش)ی مەرگ”( Death march) بوو. سیمۆن لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی ٧٠ کیلۆمەتر لە ناو بەفر و بۆراندا بە پێ ڕێیان کرد بۆ ئەوەی بگەنە دیلەکانی تر لە شوینی ڤارگۆنەکان، دواتر گوێزرانەوە بۆ کەمپی ماوتهازن ( Mauthausen concentration camp) و دواتر گوێزرانەوە بۆ کەمپی کاری زۆرەملێی بێرگن- بێلزن ( Bergen-Belsen concentration camp).

بیروەرییەکانی هۆلۆکۆست

جەنگ بەرەو کۆتایی ئەچوو، بەڵام بنەماڵەی ژاکۆبەکان کەسێکی وایان لێ نەمابۆوە: سیمۆن ڤەی، لە کەمپی بێرگن- بێلزن بە هۆی نەخۆشی تیفووسەوە دایکی لەدەست دابوو، باوک و،  براکەی، ژان، دوورخرابوونەوە بۆ کەمپەکانی تر. سیمۆن تا چەند ساڵ دواتر نەیزانی چی بە سەر ئەم دوو پیاوەی بنەماڵەکەیدا هاتووە. ساڵی ١٩٧٨، ئەو کاتەی وەزیری تەندروستی فەرەنسا بوو، سێرژ کلارسفێڵد (Serge Klarsfeld) پارێزەری ناوداری فەرەنسی و ڕاوچی نازییەکانئ بینی. کلارسفێڵد ئەگێڕێتەوە: “من ماوەیەک لەوەو پێش کتێبێکم بۆ باسکردن و ڕێزگرتن لە جووە فەرەنسییە دوورخراوەکان بڵاو کردۆتەوە کە ناوی ٧٦٠٠٠ جووی فەرەنسی تێدایە کە دوور خراونەتەوە، ئەم لیستەیە ناو و نازناو، شوێن و ڕێککەوتی لەدایکبوونی ئەو کەسانەی تێدایە. ئەو ڕۆژە لە وەزارەتی تەندروستی پێمگوت باوک و براکەی لەگەڵ گرووپی ٧٣دا فەرەنسایان بەجێ هێشتووە. نێردراون بۆ کۆناس، لە لیتڤانی و ژمارەیەکی لە دوورخراوەکانیان ناردووە بۆ تالین لە ئێستۆنیا. لە ناو ئەندامانی ئەم گرووپەدا کە نێردراون و ٨٧٨ کەس بوون، تەنها ٢٣ کەس توانیویانە ڕزگاریان بێت و نەمردوون. هیچکامەیان نەیاندەزانی باوک و براکەی سیمۆن -ڤەی لە کوێ و کەی کوژراون”.

وەک بەشێکی زۆر لە ڕزگاربووەکانی کەمپەکانی مەرگ، سیمۆن -ڤەی هیچکات ئەوەی نەشاردۆتەوە کە ئەو چەند مانگە زۆرەی کە لە ئاشۆڤەیتس- بێرکناو دیل بووە، زۆرترین کاریگەری لەسەر هەموو تەمەنی داناوە. لە ژیاننامەکەیدا کە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاو کراوەتە نووسیبووی: “لام وایە ئەو دەمەی لە سەرەمەرگدام و کاتی مردنم دێت، تەنها شتێک لە مێشکمدا دەمێنێتەوە بیرەوەرییەکانی هۆلۆکۆستە”. بە پێچەوانەی ژمارەیەک لە ڕزگاربووەکان، سیمۆن-ڤەی پێی باش بوو تاتۆیەک کە بیرەوەری ئاشۆڤەیتس بوو لە سەر باڵی چەپی (ژمارەی ٧٨٦٥١) بهێڵێتەوە. پییەر فرانسوا، کوڕی سیمۆن -ڤەی ئەڵیت: “ژمارەیەک لە ڕزگاربووەکان پێیان باشە ئەو تاتۆیەی کە نازییەکان لە سەر باڵیان کوتاون بسڕنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەنەوە. بەڵام هەندێکیان وایان پێ باشە هەموو ڕۆژێک بەرامبەر بە بیرەوەرییەکانیان بوەستنەوە و لەبیری نەکەن. دایکم لەو تاقمەی دووهەم بوو. بە هاویناندا کە باڵی لە ژێر کراسدا نەدەشاردراویەوە، ئاسانتر لە هەموو کات ئەمانتوانی ژمارە تاتۆکراوەکە ببینین”.

blank

سیمۆن بەردەوام هەوڵی ئەدا بۆ ئەوەی بیرەوەرییەکانی هۆلۆکۆست زیندوو بهێڵێتەوە. ئەو بوو بە سەرۆکی فەخری “دامەزراوەی بیرەوەرییەکانی هۆلۆکۆست” و ساڵی ١٩٩٥، پێشوازی کرد لە ڕیالیست بوونی ژاک شیراک کرد، لەبەر ئەوەی شیراک وەک سەرۆککۆمار بۆ یەکەمجار بەرپرسایەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بەو خەڵکە جووەی کە دوور خرابوونەوە بۆ ئاشۆڤەیتس گرتە ئەستۆ و بە فەرمی ناسی. هۆلۆکاست برینێک بوو کە هێشتا دەبوایە ساڕێژ بکرایەت. سێرژ کلارسفێڵد لە لێکدانەوەکەی خۆیدا ئەڵێت: “دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، ڕزگاربووەکان دەیانزانی لە ڕووداوێکی زۆر تراژێک، ڕووداوێک کە وێنەی نەبوو، ڕزگاریان بووە: هەوڵدان بۆ لەناوبردنی یەکێک لە کۆنترین نەتەوە مێژوویییەکان. هەندێکیان برینەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە لە سەر ڕۆح و دەروونیان مایەوەو تا ئەو کاتەی زیندوون لەگەڵ ئەو ئازارانەدا ئەژین. ژمارەیەکیان بەڵام جۆرێک بەهێز دەرکەوتن و توانیان خۆیان بگرنەوە کە تەنانەت مناڵ خستنەوە و سەرکەوتن لە کارەکانیان، وەک سەرکەوتن بە سەر نازییەکان دەبینی، وەک ئەوەی بیانهەوێت ببن بە هۆی شانازی بنەماڵەیەک کە لەدەستیان چووبوو. بێگومان سیمۆن -ڤەی یەکێک بوو لەو کەسانە”.

تواناکانی ڕزگاربوویەک

دوای ماوەیەک لە گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا، سیمۆن -ڤەی خەڵک و سەردەمەکی خۆی بە هێزە بێ وێنە و تایبەتەکەی خۆی، وەک کەسێک کە ڕزگاربووی ئاشۆڤەیتس بوو، بردە ژێر پرسیارەوە. فرانسوا دو پانافیو، نوێنەری پێشتری پەرلەمانی فەرەنسا ئەڵێت: “سیمۆن غەریزەی مانەوەی زۆر بەهێز بوو، دەیویست بۆ تا هەتایە ناوی بمێنێتەوە. ئەو دەمەی کە دەبین بە ڕزگاربووی گەورەترین کارەساتی سەدەی بیستەم، ڕەنگە نەتوانین ئیتر وەک کەسانی تر ژیان ببینین و دونیا وەک ئەوان نابینین. مناڵەکان، کار و سیاسەت بۆ ئێمە مانایەکی تریان ئەبێت. سیمۆن هەموو کارێکی کردووە شکست بە مەرگ بهێنێت. ئەو دەیویست بەلای مناڵەکانی، خزمەکانی و بەتایبەت ئەوانەی لە دەستی چووبوون وەک نموونە و سەرچەشنێک بمێنێتەوە.” سیمۆن – ڤەی دەستبەجێ و دوای ڕزگاربوون لە کەمپی ئاشۆڤەیتس، لە زانکۆی زانستە سیاسییەکانی پاریس (Sciences Po) ناوی نووسی، دواتر ژیانی هاوسەری پێک هێنا، بوو بە دایکی سێ مناڵ، بڕیاریدا ئەو وانانەی لە دایکیەوە فێری ببوو جێبەجێی بکات:  ژنێک بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت پێویستە کار بکات و خاوەنی ئیش و پیشەی خۆی بێت. دوای مشتومڕێکی زۆری بنەماڵەیی، سیمۆن توانی ئانتوان -ڤەی هاوژینی ڕازی بکات بەوەی ڕازی بێت ئەو لە دادگا کار بکات.

سیمۆن – ڤەی بەشداری چالاکانەی هەبوو لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی (بزووتنەوەی کۆماریخوازی خەڵکی)، حیزبێک کە هاوژینەکەی ئەندامی بوو. بەمەشەوە هەندێجار هەستی ئەکرد زیاتر لە بزووتنەوەی چەپ نزیکە: زۆر شەیدا و عاشقی پییەر مێندس – فرانس (Pierre Mendès France) ڕێبەری “حیزبی ڕادیکاڵ” بوو، چەندجار لە هەڵبژاردنەکان دەنگی بە سۆسیالیستەکان دابوو، پەیوەست ببوو بە سەندیکای یەکیەتییە کرێکارییەکانەوە. سیمۆن-ڤەی ڕێزی لە بوێری خوێندکارەکان لە سەردەمی شۆڕشی مانگی مەی ١٩٦٨ دەگرت و بە ڕێزەوە باسی ئەکردن. لەم بارەوە نووسیبووی: “بەپێچەوانەی کەسانی تر من لام وا نەبوو ئەم گەنجانە هەڵە ئەکەن. ئێمە بە ڕواڵەت ژیانمان باش بوو و لەخۆشیدا ئەژیاین، بەڵام لە کۆمەڵگایەکی چەقبەستوودا ئەژیاین”.

سیمۆن لە هەڵبژارندەکانی سەرۆککۆماری ١٩٦٩ دا دەنگ دا بە ژۆرژ پۆمپێدۆ (Georges Pompidou) ، بێئەوەی بزانێت بڕیار وایە خۆی ببێت بە یەکێک لە ئەندامانی کابینەکەی. سیمۆن یەکەم ژن بوو بوو بە سەرۆکی “ئەنجومەنی باڵای دادوەری”، دوای ئەوەش یەکەم ژن بوو وەک دەستەی بەڕێوبەری  “نووسینگەی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی فەرەنسا ” (ORTF) هەڵبژێردرا. ژان ئەڵیت: “باوک و دایکی ئێمە، باوک و دایکێکی ئاسایی نەبوون. ئەو کاتەی دایکی هاوڕێکانم لە ماڵەوە خەریکی یاری کۆنکەن و وەرەق بوون، یان کاری ماڵەوەیان ئەکرد، دایکم شەو و ڕۆژی ئەخستە سەر یەک و کاری ئەکرد”. پییەر فرانسوا ئەڵێت:” ئەو کاتەی دایکم لە دادگا کاری ئەکرد، ئێمە لە نزیکی گۆڕەپانی “سێنت ئاندرێ- دیزار” دەژیاین. دایکم نیوەڕوان بە پەلە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە نان بخوات، بەڵام زۆربەی کاتەکان خواردنەکەمان لە وێستگەی پاس تەواو ئەکرد، لەبەر ئەوەی درەنگ کەوتبووین!”، ژان – ڤەی ئەڵێت: “دایکمان ئەوەندەی گرینگی بە ئاکار و هەڵسووکەوتمان ئەدا، گرینگی بە وانەکان و ئەرک نووسینەوەمان نەئەدا. ئەو شتەی دایکم لێی ئەترسا و ئازاری ئەدا ئەوە بوو کە ئێمە کاتمان و ژیانمان بەفیڕۆ بدەین و کارێک نەکەین”.

سیمۆن- ڤەی وەک چۆن سوور بوو لە سەر ئەوەی کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە هەمان شێوە دەیوست کات دابنێت بۆ مناڵەکانیشی، هەربۆیە زۆر خێراتر کارە ئیدارییەکانی خۆی تەواو ئەکرد. بەڵام ساڵی ١٩٧٤، کاتێک بنەماڵەی (ڤەی) لەگەڵ هاوڕێکانیان خەریکی خواردنی نانی ئێوارە بوون، خزمەتکارەکە داوای لە سیمۆن کرد مێزی نان خواردنەکە جێ بهێڵێت، بە تەلەفۆن کاریان پێی بوو: ژاک شیراک، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا دەیویست قسەی لەگەڵ بکات. سیمۆن لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا کە ساڵی ٢٠٠٩ چاپ بوو ئەڵێت: “داوای لێکردم ئەگەر حەز ئەکەم وەک وەزیری تەندروستی بچمە ناو کابینەکەیەوە. من دادوەر بووم،  تا ئەو کاتە تەندروستی و بواری تەندروستی ئەو شتە نەبوو کە بووبێت بە گرینگترین کارەکانی ژیانم. بەمەشەوە، دوای دوودڵییەکی زۆر، سەرەنجام ڕازی بووم بە پێشنیارەکەی. لەبەر خۆمەوە وتم: ئااای خوایە، خۆم خستۆتە چ گێژاوێکەوە!”

ئەرکەکانی وەزیری تەندروستی زۆر قورس بوون: ئەنجومەنی “ڕێکخستنی بنەماڵە” بڕیاری بوو پرسی لەباربردنی کۆرپەلە بە شێوەی شاراوە و نایاسایی تاوتوێ بکات. میشێل پۆنیاتۆسکی، وەزیری پێشتری تەندروستی، سیمۆنی ئاگادار کردبۆوە کە ئەبێ زۆر زوو بپەرژێتە سەر ئەو بابەتە و کاری لەسەر بکات. سیمۆن -ڤەی زۆر زوو ڕەشنووسێکی بۆ یاساییکردنی لەباربردنی کۆرپەلە داڕشت، ئەمە وای کرد هەر لە سەرەتای کارەکەوە هێرش بکرێتە سەری و هەزاران نامەی سووکایەتیئامێزی بۆ بچێت. فرانسوا پانافیو (کەسێک کە دایکی، هێلێن میسۆڤ، جێگری وەزیری تەندروستی لەو حکوومەتەدا) ئەگێڕێتەوە: “لەم سەردەمەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانی سیمۆن- ڤەی خۆیان ئەبوار لەوەی کە بیبینن، ئەوانی تریش تا ئەو شوێنەی بۆیان ئەکرا، تەنانەت ناویشیان نەدەهێنا. ئەمڕۆکە زۆر ئەستەمە بتوانیت باس لەو ئاستە لە توندووتیژی و مشتومڕەکانی ئەو سەردەمە بکەیت و وێنای بکەیت کە دۆخەکە چەند قورس بوو”.

blank

رێککەوتی ٢٦ی نۆڤەمبەری ١٩٧٤، کاتێک کە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان بۆ پشتیوانیکردن لە سیمۆن و ڕەشنووسی یاساکە، لەبەردەم کۆشکی بۆربۆن (Palais Bourbon) کۆببوونەوە، سیمۆن بۆ بەرگریکردن لە ڕەشنووسی یاسای پێشنیارکراو لە پەرلەمان ئامادە بوو و قسەی کرد: “ئیتر ناتوانین ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە هەموو ساڵێک سێسەد هەزار کۆرپەلە لەبار ئەبرێن و ژیان و تەندروستی ژنانی ئەم وڵاتە ئەخرێتە مەترسییەوە، ڕووداوێک کە دژی یاساکانی ئێمەیە و ئەوانەی ئەم کارە ئەکەن بە چاوی سووک دەبیندرێن و هەست بە سووکایەتی ئەکەن و دەروون و ڕۆحیان بریندار ئەبیت… من یەکێک نیم لەو تاقمەی لە داهاتوو ئەترسن. نەوەی نوێ و گەنجەکان زۆرجار ئێمە شۆک ئەکەن، لەبەر ئەوەی زۆر جیاوازییان هەیە لەگەڵ نەوەی ئێمە. ئێمەش مناڵەکانی خۆمان جیاواز لە بەرەو نەوەی خۆمان پێ گەیاندووە. بەڵام ئەمانە گەنجانێکی نەترس و بوێرن، ئەوان بەو پەڕی وزەوە ئامادەی هەرجۆرە لە خۆبردوویەکن. با متمانە بەم نەوە و بەرەیە بکەین بۆ ئەوەی بەها بەرزەکانی خۆی لە ژیاندا بپارێزێت.”

لە وەڵامی سیمۆن-ڤەی دا، ڕێنە فیت، یەکێک لە نوێنەرەکانی پەرلەمان وتبووی: “گوێ بگرن لە دەنگی لێدانی دڵی کۆرپەلەکان!” ژان فوایە، نوێنەرێکی تر، ” دروستکردنی “کوشتارگەکان”ی شەرمەزار کردبوو کە “جەستەی کۆرپەلەکانی تێدا لەناو ئەبرێت.” ژان – ماری دایە، یەکێکی تر لە نوێنەرەکان وتبووی: “ڕابردووی سیمۆن-ڤەی وەک یەکێک لە ڕزگاربووەکانی ئاشۆڤەیتس لەبیر بکەن، ئەو کۆرپەلانە بێننە بەرچاوی خۆتان کە فڕێ دەدرێنە ناو ( کورەی مرۆڤ سووتاندنەوە) ! “زۆر قورس بوو ئەم ” تاقیکردنەوەی ئاگرە” تێپەڕێنیت. بەڵام لە هەموو مشتومڕەکاندا، سیمۆن-ڤەی وەک ژنێکی سیاسەتمەداری بەهێز و بە توانا دەرکەوت و سەرەنجام سەرکەوت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا

سیمۆن-ڤەی پێنج ساڵ وەک وەزیری تەندروستی کاری کرد، ئەمە ئەو پۆست و پلەیە بوو کە جارێکی تر لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٥ لە سەردەمی حکوومەتی ئێدوارد بالادۆر (Edouard Balladur) بەدەستی هێنایەوە. ڤەی لەم ساڵانەدا ناوبانگی زۆری پەیدا کردبوو و زۆر خۆشەویست بوو. ساڵی ١٩٧٧، ئەو کاتەی ئانتوان-ڤەی، خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریس هەڵبژاردبوو، دەنگدەرەکان بەردەوام لێیان دەپرسی ئاخۆ ئەو “مێردی سیمۆن-ڤەی”ە، ئەویش بە پێکەنینەوە وەڵامی ئەدایەوە، نا، سیمۆن- ڤەی هاوژینی ئەوە!

blank

ساڵی ١٩٧٩، والیری ژێسکار دێستن (Valéry Giscard d’Estaing)، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا، کە عاشقی کارە سیمبۆلیک و گرینگەکانی سیمۆن بوو، بڕیاریدا سیمۆن-ڤەی، کە ماوەیەک بوو ببوو بە جێگری ئەورووپایی دەوڵەت، بۆ یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بپاڵێویت، سیمۆن-ڤەی بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیبووی: “ئەوەی کە دوورخراوەیەک و کەسێک کە پێشتر لە ئاشۆڤەیتس لە زیندان بووە وەک سەرۆکی پەرلەمانی نوێی ئەورووپا لە ستراسبۆرگ هەڵدەبژێردریت ڕووداوێکی هیوابەخش بوو بۆ داهاتوو.” ژاک دیلۆرز (Jacques Delors) (سیاسەتمەداری فەرەنسی و سەرۆکی پێشتری کۆمیسیۆنی ئەورووپا) کە باس لەو ساڵانە ئەکرێت ئەڵیت: “پەرلەمانی ئەورووپا یەکەم هەنگاوەکانی هەڵدەگرت، هەموو شتێک نوێ و تازە بوو و ئامادە بوو بۆ ئەوەی دروست بکریت و بونیاد بنرێت. ئێمە لە سەرەتای ڕێگەدا بووین و دەمانویست ئەورووپایەکی نوێ و زیندوو بونیاد بنێین، بەڵام سیمۆن-ڤەی لە سەردەمی سەرۆکایەتی خۆیدا، توانا بێ هاوتاکانی خۆی خستبووە ڕوو و سەلماندبووی چەن کەسێکی بەتوانایە، ئەو توانای بڕیاردانی هەبوو. ئەو (سیمۆن-ڤەی) لە وتەکانیدا بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان زۆر بە وردی و بە باشی باسی لە کێشەکانی بەردەم دروستبوونی ئەورووپایەکی یەکگرتوو کردبوو”.

لە ساڵەکانی ١٩٩٠، سیمۆن-ڤەی لە دونیای سیاسەت دوور کەوتەوە بۆ ئەوەی هەموو توانا و کاتی خۆی بۆ ” ئەنجومەنی یاسای بنەڕەتی” دابنیت. لە دوایین ساڵەکانی دەیەی ٢٠٠٠ ( ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠) بەرە بەرە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی کەم کردەوە: ڤەی ساڵی ٢٠٠٧ وازی لە ” ئەنجومەنی یاسای بنەڕەتی” هێنا و دواتر لە سەرۆکایەتی “دامەزراوەی یادکردنەوەی هۆلۆکۆست” کشایەوە. لەم ساڵانەدا (ڤەی) مێرد و خوشکەکەی مردبوون، ئێستا ئەگەڕایەوە بۆ لای بیرەوەرییەکانی خۆی: “بیرەوەریی  بنەماڵە و خزمانی، هەڵبەت یادکردنەوەی قوربانییەکانی هۆلۆکۆست. ئەو وتبووی: “زۆر باش ئەزانم کاری ئێمە لەگەڵ ئەوان هیچکات کۆتایی نایەت، بۆ هەر کوێ بڕۆین ئەوان لەگەڵمانن، زنجیرەیەکی گەورە دروست دەکەن کە ئەوان بە ئێمە، ڕزگاربووەکانەوە، گرێ ئەدەنەوە”.

سەرچاوە:

https://www.aasoo.org/fa/articles/%D8%B3%DB%8C%D9%85%D9%88%D9%86-%D9%88%DB%8C%D8%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%D9%85%D8%A7%D9%86%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D9%87%D9%88%D9%84%D9%88%DA%A9%D8%A7%D8%B3%D8%AA-%D9%88-%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%B2-%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-%D8%B2%D9%86%D8%A7%D9%86