بە کوردیکردنی فەلسەفە

(سەبارەت بە بیرکردنەوە، جووینەوە و داهێنان)

ئاشکرایە لە مێژووی ئەدەبیاتی ئێمەدا و لە پاشخانی کولتووری کوردیدا، هەمیشە ڕقێکی گەورە دەرهەق بە فەلسەفە ئامادەگیی هەبووه؛ هەمیشە ڕقئەستووریەک دژ بە بیرکردنەوەی جدی لە ئارادا بووە، ئەم ڕقە بە ئەندازەیەک بەربڵاوبوو کە تا دەیەی حەفتاکانی سەدەی بیست، هیچ کەسێک زاتی ئەوەی نەکردووە بە ئاشکرا ستایشی فەلسەفە و بیرکردنەوەی فەلسەفییانە بکات و دژ بە سادەگۆیی و ڕواڵەتخوازیی هزری بوەستێتەوە. ئەم ڕقە لە فەلسەفە پێش هەموو شتێک بەرهەمی تێنەگەیشتنی تاکی کورد بووە لە فەلسەفە خۆی، بەوەی کە ئەوپەڕی دونیابینی ئێمە تا ئەم دواییانەش درابووە دەستی شیعر. شیعریش بە سروشتی خۆی هیچ کات ناتوانێت تەبا بێت لەگەڵ سیستەمێکی جێگیر و ڕێکخراویی وەک فەلسەفەدا، هەرچەندە بەشێک لە شاعیرانی ئێمە خۆیان خوڵقێنەری بیری نوێ و لێکدانەوەی فەلسەفییانەش بوون بۆ ژیان، لێ دواجار ئەوەی ئەوان پێوەی دەنازان شیعر و شێوازی ڕەوانبێژی و باڵادەستیان بوو لە هونەری شیعردا، نەک واتا و ئاماژە فەلسەفییەکانی نێو دەقەکانیان. ئەم دیدە دوژمنکارانەیە لە هەمبەر بیرکردنەوەی قووڵ و فەلسەفییانەدا، دەرخەری ئەو ترسە دەستەجەمعییەیە لە فەلسەفە کە نەک تەنها کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکوو تەواوی کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکانیشی گرتۆتەوە. لە ڕاستیشدا بۆ ئینسانێک کە بیرکردنەوە بکاتە شاڕێی خۆی، ژیان لە نێو ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا دەبێتە دۆزەخ. هەڵبەت کۆمەڵگە بە سروشتی خۆی ڕقی لە کەسێکە لەو ڕێکی و هاوتەبایییە گشتییە بدات کە بۆتە پایەیەک و کۆڕایی کۆمەڵگەی لەسەر ڕاوەستاوە، چونکە دەزانێت ئیشی فەلسەفە دروستکردنی کۆڕایی نییە، بەڵکەو ئیشی فەلسەفە لێدانە لەو کۆڕایییە و نەهێشتنی تەنبەڵیی هزرییە.

 ئێمە لەبەردەم جەهلێکی گشتیداین کە لە سەرێکەوە ڕقی لە دانایی دەبێتەوە و دژایەتی دەکا و لە سەرێکی دییەوە خوازیاری بەدەستهێنانی دانایییە. نالەباری و ناسازی ژینگەی کوردی بۆ فەلسەفە، کرۆکی کێشە بنەڕەتییەکانی نێو مێژووی ئەم نەتەوەیەش پێک دێنێت، بەوەی کە تۆ نەتەوەیەکت هەیە بەدەست دەیان کێشەی سیاسی و کولتووری و ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت، کەچی بۆ چارەکردنیان بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و لێکدانەوەی فەلسەفییانە، له بریی ئەوە پەنا دەباتە بەر سادەگۆیی و ڕاڤەکاریی هەرزەیییانە و لە بەرزترین ئاستیشدا شینی ئەدەبییانە. بۆ نموونە: کارەساتێکی وەکوو ئەنفال کە دەکرا ببێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ ڕاچڵەکین و بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ عەقڵی فەلسەفییانە و ڕێگاکانی لە ڕاڤەکردنی دۆخە تراژیدییەکاندا، کەچی ئەوپەڕی کاردانەوەکانی ئێمه وەک نەتەوەیەکی کارەساتبار لە چەند تێکستێکی شیعری و چەند پەخشانێکی سەرەتایی تێپەڕی نەکردووە و هیچ هەڵێنجاندنێکی فەلسەفیمان لێ بەرهەم نەهێناوە! تەنانەت نەمانتوانیوە لە بە دۆکیۆمێنتکردنی کارەساتەکانیشدا و هێشتنەوەیان بۆ مێژوو وەکوو خۆی سەرکەوتوو بین، گشت ئەوەی پێی هەستاوین نووسینگەلێکی زۆر سەرەتایی و دووبارەن دەربارەی ئەنفال و کارەساتەکانی دی، کە بۆچی ڕوویانداوە و چۆن ڕوویانداوه و دەرئەنجامەکانیان چی بوون، بە بێ ڕاڤەکاریی هزری و گەڕانەوە بۆ پێگەی فەلسەفەی مێژوو لە نووسینە مێژوویییەکاندا.

ئەم پشتگوێخستنەی فەلسەفە و پەراوێزخستنی، وای کردووە کە سادەبێژی و ڕووکەشبینی بۆ ڕووداو و کێشە جدییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی، تەواوی ئاستەکان بگرێتەوە و هەر لە مامۆستایەکی زانکۆوە بگرە بۆ ڕۆژنامەنووس و نووسەر و شرۆڤەکارێک تا دەگاتە سیاسییەک، تێکڕا لە نزمترین ئاستی ڕاڤەکارییدا لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان بکەن. غیابی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە و دانایی لەچارەکردنی کێشە بنەڕەتییەکاندا، وای کردووە کە کێشەکان کەڵەکە بن و کێشه بە کێشەی نوێ بگۆڕدرێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش چارەسەرکردنیان ئەستەمتر بێت. ئەوەی کەمێک جێی دڵخۆشییە ئەو هەوڵە تاک و تەرایانەیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دراون و خەریکە فەلسەفە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە لێکدانەوەی ڕووداو و کێشە بنەڕەتییەکانی نێو ئەم دونیا ئاڵۆز و پڕ لە کێشەیەی ئێمە. بەڵام ئەمەش بۆ خۆی هەوڵگەلێکی بێ کێشە و ڕێکخراو نین و نەبوون، بەڵکوو زۆرجار خۆیشیان بوونەتە بەشێک لەو هەراسازییە و ئاستەنگی زیاتریان دروست کردووە، بەوەی ئەوان زۆرجار ناڕێکانە بوون بە گوێزەرەوەی ئایدیا و فەلسەفەی ڕۆژئاوایی بەنیوەناچڵی و بێ گرێدانەوەی بە دونیای کوردییەوە. واتا ئەوەی ئەوان هاوردەی دەکەن بۆ نموونە: سارتەرێکی فەرەنسییە بۆ ڕۆژئاوایییەکان و هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی کوردییەوە نییە، هیگڵێکی ئەڵمانییە و لە هیچ جێیەکدا نەلکێنراوەته ژینگەی کوردییەوە. ئەمە بۆ تەواوی فەیلەسوف و قوتابخانە فیکرییەکانی دیکەش دروستە. واتا ئەوەی کە وای کردووە فەلسەفە بەم شێوە مەترسیدارە دابڕێنرێت لە کورد، نەبوونی هاوئاهەنگییە، نامۆبوونی زاراوه و هەوڵە فیکریییەکانە بە ژینگەی کوردی.

 لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی فەلسەفە کوردییانە بێت و ببێتە بەشێکی گەورە لە دونیابینیی ئێمە دەبێت بکوردێنرێت و لەگەڵ دۆخی ئێرەدا بگونجێنرێت. کوردێک کە خەریکی ڕاڤەکاریی هزری و کردەی فەلسەفییانەیە، دەبێت ئاشنای تەواوی مێژووەکەی خۆی بێت، دەبێت ئاشنای ئەدەبیات و نەریتی بیرکردنەوەی کوردییانەی پێش خۆی بێت، نەک بۆ ئەوەی ستایشیان بکات و بەرهەمیان بێنێتەوە، بەڵکوو بۆ ڕەخنەلێگرتن و دەرخستنی کێشە بنەڕەتییەکانی ئەو بیرکردنەوەیە و مێژووەکەشی. ئەوە بۆ خۆی جەهلێکی کوشندەیە بتەوێت کێشە ئەڵمانی و فەرەنسییەکان بکەیتە کێشەی کوردی و بە هەمان لۆژیک و شرۆڤەکاری فەیلەسوفەکانی ئەوێوە باسی دۆخی ئێرە بکەیت. ئایا ئەمە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە (هیگڵ، مارکس، نیتشە، هایدیگەر و سارتەر و ژیژەک و سلۆتەردایک و زۆری دی)، بە کەڵکی ئێمە نایەن و نابێت بیانخوێنینەوە؟ بێگومان نەخێر، ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە هەرگیز بەو مانایە نایەت، بەڵکوو ئەمانە ئەو فەیلەسوفانەن کە دەشێت شوێنیان بکەوین و لە ڕێیانەوە کۆمەڵگەی کوردی بخوێنینەوە و بە یاریدەی ئەوان لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئێرە ورد ببینەوە و لێیان تێبگەین، بەڵام نەک شوێنکەوتنێکی نەزانانە و ئەشهەدووانە؛ بەڵکوو شوێنکەوتنێک بەرمەبنای تێگەیشتن بێت لە ڕادەی گرنگی و پێویستی هزر و ڕوانینی ئەو فەیلەسوفانە بۆ کێشە هەنووکەیییەکانی ئێرە. فەلسەفەکاری کورد دەبێت ئەو ڕاستییە بزانێت کە وەکوو چۆن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەی پرسە هەنووکەیییەکانی ئێرە پێویستمان بە گەڕانەوە هەیە بۆ فەیلەسوفەکانی ڕۆژئاوا، بە هەمان شێوە و بگرە زیاتریش پێویستمان بە تێگەیشتن هەیە لەو دۆخە تایبەتییەی کە ژینگەی کوردی هەیەتی؛ لەو مێژووەی کە کورد هەیەتی؛ لە ئەدەبیاتەکەی؛ لە ئەفسانە و ئاینە دێرینەکانی؛ لە هەڵکەوتە جوگرافییەکەی؛ لە زمان و کولتوور و پەندی پێشینانەکەی. تاکو لەمانە تێنەگەین و هەڵوەستەیان لەسەر نەکەین، ئەستەمە بتوانین فەلسەفەیەک بەرهەم بهێنین کە خۆماڵییانە و خۆکرد بێت و بە کەڵکی ژینگەی کوردی بێت.

هەڵبەت جەختکرنەوە لە بە کوردیکردنی فەلسەفە بەو مانایەش نایەت کە ئیدی هەموو نووسین و لێکدانەوەکانمان تەنها لە چوارچێوەی ژینگەی کوردییانە بێت و تەنها بۆ کورد بشێن. فەلسەفاندن بە کوردی واتا بە خۆییکردنی هزر و دوورکەوتنەوە لە لاساییکردنەوەی بێ مفا؛ واتا نووسین بە داهێنانەوە و زیادکردنێک لەو خەرمانەی کە ڕۆژئاوا هێناویەتیە بوون. ئەگەر نووسەرێکی کورد دەیان کتێبیش لە بواری فەلسەفەدا بنووسێت و ڕاڤەی چەمک و زاراوە فەلسەفییەکانی ڕۆژئاوا بکات بە هەمان نەفەسی نووسینی ئەوانەوە، ئەوە تەنها خۆی ماندوو کردووە و هیچ خستنەسەر و داهێنانێکی هزری نەخوڵقاندووە. فەلسەفە گرنگییەکەی لەوەدایە وات لێ بکات ئیزافەیەکی گرنگت هەبێ بۆ دونیا و بۆ شتەکان و لە ڕاڤەکردنیاندا دیدی نوێ بخەیتە ڕوو، نەک ببێتە جووینەوە و دووبارەکردنەوەیەکی سارد و سڕی ناوبەتاڵ.

فەلسەفە جووینەوە نییە؛ خستنەسەرە، ڕاڤەکردنێکی خودییانەیە بە سوودبینین لە ڕاڤەکردنەکانی پێشتر. دەشێت بۆ مامۆستایەکی زانکۆ کە فەلسەفە وەکوو وانە دەڵێتەوە، ئاسایی بێت هزر و تێڕوانینەکان وەکوو خۆی بگوێزێتەوە و هیچ ئیزافەیەکی نەبێت، بەڵام توێژەرێکی فەلسەفی ڕاستەقینە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی دیدی فەلسەفیانەی تایبەت بە خۆی؛ بۆ ئەوەی لەباریدا بێت فەلسەفە بەرهەم بهێنێت و چەمکی نوێ دابڕێژێت، پێویستی بەوەیە خۆی لەم جووینەوانە بپارێزێ و بپرسێت: (من چۆن ئەم جیهانەی خۆم کە تێیدام شی بکەمەوە؟)، (چۆن خوێندنەوەیەکی جیاواز و پڕ مفام بۆ دۆخی ئێرە هەبێت؟)، (لە هەمبەر کێشەیەکی خۆماڵییدا کام فەیلەسوف ببێتە ڕێنیشاندەرم و چۆن لە ڕێی ئەوەوە گرێ کوێرەکان بکەمەوە؟) ئیشی ڕاڤەکاری هزرییە کە ئاوها فەلسەفە دابڕێژێتەوە و بەو شێوەیە دونیابینی خۆی فراوانتر بکات، بۆ ئەوەی خستنەسەرێکی هەبێت و بتوانێت لە ڕێی بۆچوونەکانیەوە سوودێک بە کۆمەڵگە و بە تاکیش بگەیەنێت و ببێتە هەوێنی پێشخستن و کرانەوەیان. بۆ ئەوەی نەتەوەکەشی لە ڕێی ئەوەوە ببێتە خاوەنی ناسنامەی فەلسەفییانەی تایبەت بە خۆی و زمانەکەشی ببێتە زمانێک کە شیاو بێت بۆ فەلسەفەکاری.