ئاڕاستە جیاوازەکان

وێنەی زەمەنێکی جیوەیی لە سەردەمێکی جه‌نجاڵدا

نەمایشێکی بێدەنگ


شەقامێکی سەرەکیی شارێکی قەرەباڵخ و جه‌نجاڵه‌، لە پشتەوە خانووبەرە و رێستۆرانت و قاوەخانە دەبینرێت. باران بە خوڕ دەبارێ، پیاوێک بە ڕاکردن کورسییەکانی سەر شۆستەی شەقامەکە کۆ دەکاتەوە و له‌به‌رچاو ون دەبێت.

لە هەموو لایەکی شانۆکەوە، کۆمەڵێک ژن و پیاو بە چەترەوە بەسەر شەقامەدا دەڕۆن. پیاوێك یەخەی پاڵتۆکەی تا بناگوێکانی بەرز کردۆتەوە و لەم سەری شانۆکەوە، بۆ ئەو سەر ڕادەکات و له‌به‌رچاو ون دەبێت. ژنێك بە منداڵێکەوە، بەخێرایی ڕێ دەکات، منداڵەکەی بووکەڵەیەکی بە دەستەوەیە و لە دەستی ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌ بۆ ناو بارانه‌که‌، ژنەکە دەگەڕێتەوە، بووکەڵەکە هەڵدەگرێتەوە. ئینجا منداڵه‌که‌ ده‌کاته‌ باوەشییەوە و بە خێرایی لە پشت قاوەخانەکانەوە دیار نامێنێت. کوڕێکی گەنج جانتایەکی سەفەری پێیە و لە بری چەتر به‌سه‌ر سه‌رییه‌وه‌ ڕایگرتووه‌، زۆر بە خێڕایی تێدەپەڕێت. پیاوێکی گەنج بە کەمانچەیەکەوە، لە یەکێك لە دەرگای ڕێستۆرانت و قاوەخانەکانەوە دێتە دەرەوە و سەیری ئاسمان دەکات، لە پەنایەکدا دەوەستێت و چاوەڕوانی ئەوەیە بارانەکە خۆش بکاتەوە.

پیره‌مێردێك، پاڵ بە عەرەبانەیەکەوە، کە پڕە لە پرتەقاڵ، دەنێت و دەیەوێت بە زووترین کات لەم سەری شانۆکەوە بڕوات بۆ ئەو سەری شانۆکە، هاوکات کوڕێکی گەنج له‌ولای شانۆکەوە، بە ڕاکردن بە لای پیره‌مێرده‌که‌دا تێ دەپەڕێت و لە لاکەی ترەوە دەڕواتە دەرەوە. دوو کوڕی گەنجی تر بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە دێنە سەر شانۆکە و ڕادەکەن، یەکێکیان خۆی دەکێشێت بە عەرەبانەی پیره‌مێرده‌که‌دا و پرتەقاڵەکانی په‌رش و بڵاو دەکاتەوە. یەکێک لە کوڕە گەنجەکان هەوڵ دەدات یارمەتیی پیاوە پیرەکە بدات و پرتەقاڵەکانی لەگەڵ کۆ بکاتەوە، ئەوی تریان هیچ ناوەستێت و ڕادەکات، پاش تۆزێك هەر بە ڕاکردن دەگەڕێتەوە و پەلی کوڕەکەی تر دەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە دەرەوە. پیره‌مێرده‌که‌ سەیری ئاسمان دەکات و هەناسە هەڵدەکێشێت. دوای ئەوەی پرتەقاڵەکانی کۆ دەکاتەوە، پاڵ بە عەرەبانەکەیەوە دەنێت و ده‌چێته‌ دەرەوە.

(وچانێکی کورت.)

(ڕووناکی گوڕانکاری بەسەردا دێت و سەر شانۆکە زیاتر ڕووناك دەبێتەوە.)

پیاوێکی نابینا بە گۆچانێکەوە دەڕوات و منداڵێك دەستی گرتووە، پیاوێکی که‌مانچه‌ژه‌ن، سەیریان دەکات، دەڕواتە ژوورەوە و بە چەترێکەوە دێتەوە دەرەوە، دەڕوات بۆ لای نابیناکە و چەترەکەی بۆ ڕادەگرێت، بۆ ئەوەی زیاتر تەڕ نەبێت و لەگەڵ نابینا و منداڵەکە ده‌چێته‌ دەرەوە. پیاوە کەمانچەژەنەکە دێتەوە ژوورەوە و دەچێتەوە جێگاکەی خۆی، لەسەر کورسییەکە دادەنیشێتەوە.

 دوو ژن و پیاوێك، بە جانتای سەفەرەوە، زۆر بە خێرایی بەسەر شانۆکەدا دەڕۆن و له‌به‌رچاو ون دەبن، لە هەمان کاتدا، کۆمەڵە خه‌ڵکێك بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە بە چەترەوە دێنە ژوورەوە، کەسێك ڕێ نواییان دەکات و دەیەوێت ڕێگای چوونە دەرەوەیان پیشان بدات. لەگەڵ چوونە دەرەوەیاندا، یەکێك لەو چەتربەدەستانە ناڕواتە دەرەوە، سەرەتا سەیری ئاسمان دەکات، دواتر لە پیاوە کەمانچەژەنەکە دەچێتە پێشەوە، وەك ئەوەی بیەوێت پرسیاری شتێكی لێ بکات، بەڵام دەگەڕێتەوە و سەیری ئاسمان دەکاتەوە. دواتر سەیری سەعاتەکەی دەستی دەکات. لەپڕ ئەو کەسەی ڕێنمایی کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ چەتربەدەستەی دەکرد، دەگەڕێتەوە سەر شانۆکە، ئەو کەسەی تریش پێش خۆی دەدات و دەچنە دەرەوە. پیاوە کەمانچەژەنەکەیش خۆی دەکات بە یەکێك لە دەرگاکاندا و بۆ ماوەیەکی کورت سەر شانۆ تەواو چۆڵ دەبێت.

(وچان.)

کەمانچەژەنەکە دێتەوە دەرەوە، کورسییەکی پلاستیکی بە دەستەوەیە، لە پەنایەکدا دایدەنێت و لەسەری دادەنیشێت. کچێك لەلایەکی شانۆکەوە دێتە ژوورەوە، ڕۆژنامەیەکی به‌سه‌ر سه‌رییه‌وه‌ ڕاگرتووه‌ بۆ ئەوەی تەڕ نەبێت، سەیری ئەملا و ئەولای خۆی دەکات، ترسی پێوە دیارە و لە کابرای کەمانچەژەن دەچێتە پێشەوە، بەڵام کەمانچەژەنەکە، بەر لەوەی ئەو بگاتە لای‌، هەڵدەستێت و دەچێتە ژوورەوە و دیار نامێنێت. کچەکە دەگەڕێتەوە نێوەڕاستی شانۆکە و هەر سەیری ئەملا و ئەولای خۆی دەکات، تەواو شپرزە دیارە. جگەرەیەك لە جانتاکەی دەردەهێنێت و دەیەوێت بیکێشێت، بەڵام چەرخی پێ نییە، هەرچەندە ناو جانتاکەی دەگەڕێت، هیچ چەرخ یان شقارتە نادۆزێتەوە و بارانەکەیش جگەرەکەی تەواو تەڕ دەکات، ناچار فڕێی دەدات و بە پێی پانی دەکاتەوە. لەولاوە دوو کەس دێنە ژوورەوە، گسک و ئامڕازەکانی پاککردنەوەیان بە دەستەوەیە، قنە جگەرەی ژنەکە هەڵدەگرنەوە و سەیری دەکەن و دەیخەنە ناو تەنەکەی خۆڵ و خاشاکەکەیانەوە، کە لەسەر عەرەبانەیەکی بچووکە و دواتر دەچنە دەرەوە. بارانه‌که‌ کچەکەی تەواو تەڕ کردووه‌ و هەر دێت و دەچێت، تا لەپڕ تەلەفۆنێك دەردەهێنێت و بە دەم ژمارە وەرگرتنێکەوە دەچێتە دەرەوە.

(بارانەکە خۆش دەکاتەوە.)

(ڕووناکی بەهێز دەبێت و وەك تیشکی بەتینی خۆر سەر شانۆکە بەتەواوی ڕووناك دەکاتەوە.)

(وچانێکی کورت.)

کەناسەکان دێنەوە سەر شانۆکە و تا له‌به‌رچاو ون دەبن، شوێنەکە پاک دەکەنەوە. لەگەڵ چوونە دەرەوەی ئەوان کوڕێکی گەنج دێتە سەر شانۆ، سەرەتا قه‌یتانی پێڵاوەکانی توند دەکاتەوە، دواتر شانەیەك دەردەهێنێت و قژی دادەهێنێت و بەدەم فیکەلێدانەوە، لەوسەری شانۆکەوە دەچێتە دەرەوە.

 پیاوە کەمانچەژەنەکە دێتە ناوەڕاستی شانۆکەوە و سەیری ئاسمان دەکات، هەناسەیەکی خۆشی هەڵدەکێشێت. بە پەلە دەچێت کەمانچەکەی دەهێنێت و لە ناوەڕاستی شانۆکەدا دەوەستێت. ئینجا دەست دەکات بە ژەنینی ئاواز و میلۆدییەکی پڕ لە جۆش و خرۆش. کچێکی گەنج دێتە سەر شانۆکە و سەیری کەمانچەژەنەکە دەکات، دەچێتە ناوەڕاستی شانۆکەوە و پێڵاوەکانی دادەکەنێت و سەما دەکات، دوایی پێڵاوکانی هەڵدەگرێت و بە ڕاکردن دەچێتە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە دوای چوونە دەرەوەی کچکەکە، لە ژەنینی کەمانچەکەی دەوەستێت و سەیری ئەو ئاڕاستەیە دەکات، کچەکەی لێوە دەچێتە دەرەوە. وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت، دەست دەکاتەوە بە ژەنینی کەمانچەکەی. لەپر کورێكی گەنج بە جلی سەبازییەوە دێتە سەر شانۆ، ماندوو دیارە، جلە سەربازییەکانی چڵکنە و خۆیشی هەندێك پیس و پۆخڵ دەنوێنێ، به‌تانییه‌کی گەورەی پڕ لە سەمونی داوە بە کۆڵیدا و سەمونێکیشی بەدەستەوەیە و وەك هار دەیخوات. بە ڕێگاوە چەند سەمۆنێك لە بەتانییەکەوە ده‌که‌ونه‌ خوارەوە، سەربازەکە هیچ گوێ بە کەوتنی سەمونەکان نادات و دەیەوێت بڕواتە دەرەوە، کوڕێکی گەنج بەرەوڕووی دێت، سەربازەکە وەك ئەوەی کەسێكی نزیکی خۆی دوای چەندین ساڵ بینیبێتەوە، لە شوێنی خۆی دەوەستێت و چاودەبڕێتە کوڕە گەنجەکە، بە تانییەکەی لە کۆڵ دەکەوێتە خوارەوە و هەموو سەمونەکان بڵاو دەبنەوە. کوڕە گەنجەکە بە سەرسوڕمانەوە لە سەربازەکە دەڕوانێت و دەڕوات. چەند کەسێك سەمونەکانی بۆ کۆ دەکەنەوە و دەیخەنەوە ناو بەتانییەکەی. سەربازەکە، بە شێوەیەکی میکانیکی و ڕۆبۆتئاسا، بەتانییە پڕ سەمونەکە دەداتەوە بە کۆڵیدا و دەڕواتە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە بە هاتنە ژوورەوەی ئەم سەربازە لە ژەنینی ئاوازەکەی دەوەستێت و سەیری سەربازەکە دەکات تا بە تەواوی دەچێتە دەرەوە، ئینجا یه‌کسه‌ر دەست دەکاتەوە بە ژەنینی ئاوازە پڕ لە جۆش و خرۆشەکەی. ڕێك له‌و کاته‌دا، کچێك بە شپرزەییەوە دەردەکەوێت و کوڕێک دوای کەوتووە. بەر لەوەی لە چاو ون بن، کچەکە نامەیەک فڕێدەداتە سەر زەوییەکە و بە خێرایی دەڕواتە دەرەوە. کوڕە گەنجەکە نامەکە هەڵدەگرێتەوە و بە قاقای پێکەنین و خۆشییەوە ڕادەکاتە دەرەوە. هاوکات ژن و پیاوێکی پیر دێن و نه‌ختێك گوێ لە ئاوازی مۆسیقای کەمانچەژەنەکە دەگرن، قۆڵ لەناو قۆڵدا، بە دڵێکی خۆشەوە دەچنە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە دەوەستێت و لە یەکێک لە دەرگاکانەوە دەچێتە ژوورەوە و لە چاو ون دەبێت.

(وچان.)

ژن و مێردێك، لەگەڵ کچەکەیان دێنە ژوورەوە، هاوکات پیاوێك دەردەکەوێت، ژمارەیەکی زۆر مەسینەی ڕەنگاوڕەنگی هەڵگرتوە، بەشێکی بە جەستەیدا هەڵواسیوە، بە شێوەیەك تەنیا هەر سەری بەدەرەوەیە. بە هێواشی ڕێ دەکات و وێنەگرێکیش بە دواویەوەیە بە هەموو شێوەیەك و لە هەموو سوچێکەوە وێنەی دەگرێت. کابرای مەسینەهەڵگر هیچ ئاگای لە وێنەگرەکە نییە و هەر دەڕوات تا لە چاو ون دەبێت. وێنەگرەکە دەگەڕێتەوە و وێنە دەگرێت، بێ هیچ پلانێك وێنە بە هەر چوار لای خۆیدا دەگرێت. ژن و مێردەکەیش، لەگەڵ کچەکەیان بێ جووڵە سەیری مەسینەهەڵگرەکە و کابرای وێنەگر دەکەن و بە پێکەنینەوە دەچنە دەرەوە.

ئافرەتێکی ڕه‌شپۆش، لەگەڵ ئافرەتێکی دووگیاندا پێکەوە دەڕۆن، لە شوێنەکە ورد دەبنەوە و سەیری هەر چوار لای خۆیان دەکەن، وەك ئەوەی نامۆ بن بە شوێنەکە و ئەو شوێنە نەدۆزنەوە، کە دەیانەوێت بۆی بڕۆن. کچێکی گەنجی جوان بەرەو ڕوویان دێت، لە ژنە ڕەشپۆشەکە دەڕوانێت، دەیەوێت شتێك بە ژنە دووگیانەکە بڵێت، بەڵام لەپڕ دەقیژێنێت و ڕادەکاتە دەرەوە. ژنە ڕەشپۆشەکە و ژنە دووگیانەکە شێتانە پێدەکەنن و دەڕۆنە دەرەوە. تا لە چاویش ون دەبن، گوێمان لە پێکەنینە ناشرین و بەرزەکەیان دەبێت. کوڕ و کچێك، دێنە ژوورەوە و دەستی یەکترییان گرتووە، بە ووردی سەیری دەوروبەرەکەیان دەکەن، وەك ئەوەی بترسن و نەیانەوێت کەس بییان بینێت؛ بە خێرایی بەسەر شانۆکەدا تێدەپەڕن و دەچنە دەرەوە. 

  کەسێك بە پەیژەیەکی گەورەوە دێتە ژوورەوە، بە هەر لایەکدا ئاوڕ دەداتەوە، ئەوەی لەسەر شانۆیە، ڕادەکات و خۆی لە پیاوەکە لا دەدات. هەر لەم کاتەدا پیاو و ژنێک هه‌ریه‌که ‌و بە بەرماڵێکەوە دێنە سەر شانۆکە و لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا بەرماڵەکانیان ڕاده‌خه‌ن و دەست دەکەن بە نوێژکردن. پیاوێکی پیر بە گۆچانەوە دەڕوات، سەیرێکی ژن و پیاوەکە دەکات، کە نوێژ دەکەن، سەرێکی پڕ لە گومان بادەدات و دەڕوات. هاوکات کۆمەڵێك کوڕ و کچی قوتابی بە کتێبەکانی دەستییان و جانتاکانی شانیانەوە، بە شەقامەکەدا دەڕۆن، هەندێکیان پێدەکەنن و هەندێکیان قسە دەکەن. کە لە چاو ون دەبن، ژن و پیاوەکە نوێژەکەیان تەواو دەکەن، بەرماڵەکانییان هەڵدەگرن و دەچنە دەرەوە.

(ڕووناکی کەمێك گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەو تیشکە بەتینەی سه‌ره‌تای نامێنێت.)

شێتێك چاکەت و پانتۆڵێکی زۆر لە قیاسی خۆی گەورەتری لە بەردایە، چڵکن و ریشن، دەردەکەوێت، جگەرە دەکێشیت و بێباکانە هەنگاو دەنێت، کەمانچەژەنەکە دێتەوە دەرەوە، ئاوازێکی غەمگین دەژەنێت، شێتەکە سەمای بۆ دەکات. سەرخۆشێک دێت و بەدیاریانەوە دەوەستێت، دواتر دەست دەکات بە گریان، شێتەکە سەیری دەکات و پێدەکەنێت. سەخۆشەکەیش هەر دەگری تا ئەویش دەست دەکات بە سەما. شێتەکە و سەرخۆشەکە قۆڵ دەکەن بە قۆڵی یەکتریدا و پێکەوە دەچنە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە سەیرییان دەکات و پێدەکەنێت. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێك خەڵکی بە چاویلکەی ڕەشەوە دێنە سەر شانۆ، لە کوڕە کەمانچەژەنەکە نزیک دەبنەوە و سەیری دەکەن، چواردەوری دەگرن و کەمانچەژەنەکەیش بە کەمانچەکەی دەستییەوە بە هەر چوار لای خۆیدا دەسوڕێتەوە و سەیرییان دەکات. یەکەیەکە چاویلکە لە چاوەکان دەڕۆنە دەرەوە و کەمانچەژەنەکەیش بە دەم قاقای پێکەنینەوە دەچێتەوە سەر کورسییەکەی خۆی و لە پەناکەدا لێی دادەنیشیت.

یەك دوو سەرباز سەیری شوێنەکە دەکەن، وەك ئەوەی بۆ تاوانبارێك بگەڕێن، لە هەموو شتێك ورد دەبنەوە، کەسێكیش، که‌ لە ڕۆژنامەنووس دەچێت، دەفتەرێکی بچووکی بە دەستەوەیە، دوور و نزیك لە دوای سەربازەکانەوە دەڕوات و جار جارە شتێك لە دەفتەرەکەیدا دەنووسێت. بەر لە سەربازەکان ئەو دەڕوات و لە چاو ون دەبێت. پیاوێکی شەل بە سەگێکەوە لەم سەری شانۆکەوە دەڕوات بۆ ئەو سەر، تا لە چاو ون دەبێت، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم پیاوە شەلەدا، هیچ جووڵەیەك لەسەر شانۆکە نامێنێت، هەر پیاوە شەلەکە لەگەڵ سەگەکەی دەچنە دەرەوە، هەموو شتێك دەکەوێتەوە جووڵە و سەربازەکانیش دەڕۆنە دەرەوە.

(تیشکی ڕووناکییەکە کزتر دەبێت.)

چەند لێبوکێك دەردەکەون، گەمە دەکەن، تۆپ بە ئاسماندا هەڵدەدەن، مۆسیقا لێ دەدەن، هەموو جۆرە جووڵەیەك، کە دەبێتە هۆی پێکەنینی خەڵکی ئەوان دەیکەن. دەکەون و هەڵدەستنەوە، باز دەدەن و یەکتری ڕادەکێشن و سەرمە و قولتان دەدەن. لەم کاتەدا، وەك دیمەنی فیلمێك، کۆمەڵێك گەنج و بە تەمەن، کە هەموویان ئامێری تەلەفۆنی گەورەیان بە دەستەوەیە، دێنە سەر شانۆ، بە تووڕەیی و بە پەلە ژمارە وەردەگرن و بە خۆشی قسە دەکەن، پێدەکەنن، هەندێك جاریش خەمبار دەبن، بێ ئەوەی کەس تێیان بگات. تێکەڵاوی لێبوکەکان دەبن و پێکەوە دەچنە دەرەوە.

(وچان.)

(ڕووناکی کزتر دەبێت.)

بۆ ساتێك شه‌قامه‌که‌ چۆڵ دەبێت، تا شێتێك ڕادەکات، کۆمەڵێك پەرستاری ژن و پیاو، بە سەدرییە سپییەکانیانەوە دوای کەوتوون، شێتەکە ڕادەکات و ئەوان بە دوایدا، چەند جارێك بە شێوەی بازنە، وه‌ك ئابڵۆقه‌ی بده‌ن، ڕادەکەن و دەسوڕێنەوە، بۆیان ناگیرێت، هەر چۆنێك بیانەوێت بیگرن ئەو لە دەستیان دەرباز دەبێت. منداڵێك لە یەکێك لە دەرگاکانەوە دێتە دەرەوە، زەرفێکی کاغەزی بە دەستەوەیە و وەك میزەڵدان فوی تێ دەکات تا وەك تۆپێکی لێ دێت، هەر کە پڕ بوو لە هەوا، بە هەموو هێزی خۆی پێدا دەکێشێت و دەیتەقێنیت. لەگەڵ زرمە و دەنگی تەقینی زەرفەکە، سەر شانۆ لە جووڵە دەکەوێت، شێتەکە لە جێگای خۆیدا و پەرستارەکانیش لە جێگای خۆیاندا بێ جووڵە دەوەستن. منداڵەکە لە هەمان دەرگاوە دەچێتەوە ژوورەوە. پەرستارەکان قۆڵی شێتەکە دەگرن و بەبێ هیچ کێشە و دەنگێك دەچنە دەرەوە.

(ڕووناکی گۆڕانکاری بەسەردا دێ و ڕەنگێکی شینی کاڵ دەردەکەوێت و ڕووناکییە بەهێزەکە کزتر دەبێت.)

کۆمەڵێك کەس وەك ئەوەی لە پرسەدابن، بە گریان و خەمبارییەوە دەردەکەون، پیاوە کەمانچەژەنەکە، لەگەڵ منداڵەکەی زەرفەکەی تەقاند دێنە دەرەوە، هه‌ر یه‌که‌و گوڵێکی گەورەی سپییان بە دەستەوەیە و دەیدەن بە ئەو خەڵکەی بە گریان و خەمبارییەوە هاتونەتە سەر شەقامەکە. لە کاتێکدا دەڕۆنە دەرەوە، کۆمەڵە کەسێکی کورتە باڵا، بە جلی جوانەوە بە دوای ئەو کۆمەڵە کەسە خەمبارەدا دەڕۆن و لەگەڵ ئەوان لە چاو ون دەبن. پاش ساتێکی کورت، کورتە باڵاکان دەگەڕێنەوە، گوڵە سپییەکانیان بە دەستەوەیە و دەیدەنەوە دەست پیاوە کەمانچەژەنەکە و منداڵەکە. لە کوێوە هاتبوونە ژوورەوە، هەر لەوێشەوە دەچنەوە دەرەوە.

کۆمەڵێك منداڵ و گەنج، کە لە شێوەی دوو تیپدا ده‌رده‌که‌ون، فتبۆڵێن دەکەن. هەموو سەر شانۆکە داگیر دەکەن، پاس ده‌ده‌ن بەیەك و هێرش دەبەن و گۆڵ لە یەك دەکەن، پیاوە کەمانچەژەنەکە و منداڵەکە سەیریان دەکەن و دەبن بە هەواداریان، بە ئاشکرا دیارە منداڵەکە هانی چ تیپێك و پیاوە کەمانچەژەنەکە هانی چ تیپێك دەدەن. یارییەکە بێ هیچ براوەیەك تەواو دەبێت و یەکێك لە تیپەکان لە لای ڕاست و ئەوی تریان لە لای چەپەوە دەچنە دەرەوە.

(ڕووناکییە شینەکە بەرەو ڕەش بوون و تاریکی دەڕوات.)

بووك و زاوایەك به‌ڕێ دەکرێن، خەڵکێکی زۆر بە دوایانەوەیە، هەندێك چەپڵە لێ دەدەن و هەندێك گۆرانی دەڵێن و چەند کەسێکیش مۆسیقا دەژەنن. کورتەباڵاکان، بە سەماکردن بە ئاڕاستەی پێچەوانەی ڕەوتی ئەوانەوە دێنەوە ژوورەوە. شاییەکە خۆشتر دەبێت. کەسێك لە شوێنێکەوە دێتە ژوورەوە و لەپڕ جانتای دەستی ئافرەتێك دەفڕێنێت و ڕادەکات. کورتەباڵاکان بە دوای دزەکەدا ڕاده‌که‌ن. شاییەکە بەردەوام دەبێت و بە چەپڵە و گۆرانی و مۆسیقاوە دەچنە دەرەوە.

بۆ ساتێك سەر شەقامەکە چۆڵ دەبێت، تا لەپڕ چەند کەسێکی شه‌پقه‌به‌سه‌ر، کە لە تەمەنی جیاوازدان دەردەکەون. هەندێکیان چاویلکەی ڕەشیان لە چاودایە و هەندێکیشیان کامێرایان بە دەستەوەیە. دێن و دەچن. وێنە دەگرن و سەرنجی یەکتری بۆ شوێنی جیاوازی سەرشەقامەکە ڕادەکێشن. لە هەمان کاتدا ده‌نگی فرۆکه‌یه‌کی هێلێکۆپته‌ر دێ. دەنگی چەند تەقینەوەیەك. کامێرا بەدەستەکان دەیانەوێت وێنەی چەند شوێنێکی نادیار بگرن، سەربازەکان دەردەکەونەوە و ڕێگایان لێ دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەیانبەنە دەرەوە.

(بێدەنگی.)

(سەر شانۆ تاریکتر دەبێت.)

(باران دادەکاتەوە.)

(کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێك بە چەترەوە لە هەموو شوێنێکی سەر شانۆکەوە دەردەکەون، هەندێکیان بەرەوڕووی پێشەوەی شانۆکەوە دێن.)

(ڕووناکی بەرەو شینێکی ڕەشباو دەڕوات و تەواو تاریك دەبێت.)

(دەنگی هەورەگرمەیەکی زۆر بەهێز دێت، دواتر تیشکی بروسکەیەك شانۆکە بۆ ساتێکی کورت، بە شێوەیەکی ترسناك ڕووناك دەکاتەوە.)

(دەنگی خوڕەی باران لە تاریکییەدا دێت.)

٢٢/٦/٢٠٢٢

ستۆکهۆڵم