هونەری شێوەکاری

تراژیدی و کۆمیدی

هەر لە سەردەمی گریکی کۆنەوە بابەتی هونەرەکان دوو شێوازی هەبووە و دوو لایەنی ژیانی گشتی مرۆڤی لەخۆ گرتووە، تاوەکو ئیمڕۆش ئەم دوو لایەنە بە درێژایی مێژوو هاتووە و دوو چەمکی هونەری لە نێو جیهانی فەلسەفە و تیۆرییدا دروست کردووە، چەمکی تراژیدی و کۆمیدی. لێرەدا ئێمە کە باس لە بابەتی ناوەڕۆک و شێوە جیاوازەکانی دەربڕینی هونەری دەکەین دەبێ بزانین لە نێو چوارچێوەی کامە چەمک مامەڵە لەگەڵ بابەت دەکەین و جیاوازی لە نێوانیان چییە و هەر لایەنێک چ جۆرە بەرهەمێک دێنێتەکایەوە.

هونەری شێوەکاری لەسەر ئاستێکی زۆر بەرزی ڕۆحی و ویژدانی هاتۆتە کایەوە و مامەڵەی لەگەڵ کراوە، مرۆڤی تایبەتمەند و بەهرەدار کە هەمیشە خاوەن ژیانی تایبەتی و جیاوازە لەگەڵ خەڵکی تر بەم کارە هەڵساوە و کاری هونەری وەک دەربڕین لە قووڵایی تراژیدیای ژیانی ئەنجامداوە. کێشەی مرۆڤ لەگەڵ سرووشت و نهێنییەکانی، هەوڵ و تێکۆشانی لە پێناو هەست بە بوونکردنی خۆی، ناسین و زانیاری وەرگرتن، پیربوون و مردن لە نێو زەمەنێکی دیارکراودا، دروستکردنی جۆرەها فکر و ئەندێشەی زیندووبوونەوە و بە هیوای بەدیهێنانی ژیانێکی تر لە دونیایەکی تر، هەموو ئەوانە ئادەمیزاد لە نمایشەکانی جیاجیای خۆی، بە درێژایی مێژوو لە نێو تراژیدیاوە گەڵاڵەی کردوو و دەبێتە مێژووی هەرە جدی هەموو ئاواتەکانی. ئەم بارودۆخەی مرۆڤ بە شێوەیەک لە شێوەکانی دەربڕین لە پێناو زاڵبوون بەسەر هەموو گیروگرفت و بارە نهێنییەکان و ئێش و ئازارەکانی ژیان دایڕشتۆتەوە. لە سەردەمی گریکی کۆن شانۆ دەربڕینێکی ڕاستەقینەی کێشە فەلسەفییەکانی مرۆڤ بووە، کێشەی بوون و نەبوون، ژیان و مردن، نهێنییەکانی سرووشت، کێشەی سایکۆلۆژی (گەڕان بە دوای هۆ و ئاکام)، دروستکردنی خواوەندەکان و گەڕان بە دوای نەمری. پاڵەوانی ئەم نمایشانەش لە شانۆکان، هەروەها لە نێو کۆمەڵگاش هەمیشە سەرکەوتووە و خاوەن وزە و بەهرەیەکی بێ وێنەیە، لە هەمان کاتیشدا ئینسانێکی پڕ ئێش و ئازارە.

پەیکەری (پیەتا) بەرهەمی هونەرمەندی سەردەمی ڕینیسان مایکل ئەنجیلۆ (١٤٧٥-١٥٦٤)

هونەری جدی ئەو هونەرەیە کە لایەنی جدی لە ژیانی مرۆڤ و سەرقاڵییەکانی وەردەگرێت، ئەمەش هەڵبەتە دەکەوێتە نێو تراژێدیای ژیان و بە پێویست هونەرمەند داوێتە نێو لێکۆڵینەوەکانی فەلسەفی کە پەیوەستە بە چارەنووسی مرۆڤ و مێژووی بوون و نەبوونی. ئەو هونەرمەندانەی کە بۆ ئەم لایەنە چ بواری شانۆ، مۆسیقا، هەروەها شێوەکاری کاریان ئەنجامداوە لە ئەبەد ژیاون، هەردەم هەوڵی جێبەجێکردن و داهێنانی خودیان داوە بۆ گەیشتن بە مەرامی سەرەکی ئەویش یەکلاکردنەوەی مەسەلەی بوون و نەبوونە یاخود ژیان و مردنە، کە بە شێوازێکی تۆکمە و مێژوویی و تەکنیکێکی بەرز و پڕ توانایی داڕشتنی هونەری کاری بۆ کراوە و جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ بابەت و پێکهاتەی کاری هونەری کراوە کە مایەی سەرنج و بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت لە هەموو کاتێک و شوێنێک، وەک لە پەیکەرەکانی میکێل ئانجلۆ، تابلۆکانی لیۆناردۆ، ڕافایێل، تاخود ڤێلاسکێز، گۆیا، دیلاکرۆ، تاوەکو دەگەین بە قۆناغە نوێیەکان و ئیمڕۆش، کە لە هونەری نوێ ئەم جۆرە توانایە بەپێی زەمەن و بارودۆخی کۆمەڵگای مەدەنی، بەدی دەکرێت، وەک ڕۆبێرت ڕۆشێنبێرگ، ئەنسلم کیفەر، میگێل بەرشەلۆ و زۆرانی تر کە بە گشتی بیرکردنەوە و فەلسەفەی هونەرییان لەسەر بنچینەیێکی چارەنووسی مرۆڤەوە داناوە و کات و شوێنیان نییە. بە پێچەوانەی ئەوە، هونەرێک هەیە پێی دەڵێن کۆمیدی کە لایەنی ڕووپۆشی ژیان وەردەگرێت، دوور لە قووڵاییەکانی فەلسەفی و مەرامەکانی ئینسان، بەڵکو زیاتر لایەنی هەست و سۆزی کاتی مرۆڤ ڕەچاو دەکات، بۆ خۆشگوزەرانی و هەڵخەڵەتاندنی وەهمەکانی مرۆڤ بە ڕێگای ئەو شێوازە تایبەتیانەی داڕشتن و پێکهێنانی بەرهەم کە مرۆڤ بەرامبەر بە شێوە ڕووپۆشەکەی ڕادەگرێت و سەرسامی دەکات، بێ ئەوەی بچێتە نێو قووڵایی، یاخود بێ ئەوەی بابەتێکی فەلسەفی کە چارەنووسی ئەوی لە پشتەوە بێت پیشان بدات. ئەم جۆرە هونەرەش هەر لە کۆنەوە هونەرێکی گشتی کۆمەڵایەتی چینە نزمەکان بووە لە لە کاتێکی دیاریکراو دێتە ئەنجام و بە ژیانێکی کورت لە ئاسۆی هونەر ون دەبێت. ئەم جۆرە هونەرە لەو شێوازە نزیک دەبێتەوە کە خەڵکی سادە و ساکار پێیەوە سەرسام دەبن. ئەو داڕشتنانەش لە ڕووی تەکنیک و پێکهاتەی کارەکان، زیاتر بازاڕی و بێ بەرپرسیاری چارەنووسی ئینسانی و فیکریی هونەری دێنە ئەنجام. لێرەدا گرینگ نییە هونەر تا چ ڕادەیەک دەکەوێتە نێو کێشەی وجودی و ململانێی ڕواڵەت و بارودۆخی مرۆڤ و دەوروبەرەکەی.

هونەری شێوەکاری جیاواز لە هونەرەکانی دی وەک شانۆ، مۆسیقا، شیعر، تراژێدیا و کۆمیدیای وەرگرتووە، شێوەکاری بە ڕێگای وەهمی شێوە بەدوای برینەکانی وجودیی هەمیشە زیندوودا دەگەڕێت، بەم جۆرە ئەم هونەرە مەعریفەیێکی ویژدانییە.

ژیانی ئادەمیزاد لەسەر زەمین زەمەنێکی ئەبەدییە، زەمەنیش دیاردە و ڕووداوەکانی بەرچاوی مرۆڤە کە پێی دەڵێت واقیع و حەقیقەت، بەڵام لە ڕاستیدا ”واقیع و حەقیقەت وەهمی مرۆڤن”، لە پێکهاتەکانی خەیاڵییەتی، یاخود دروستکردنی خۆیەتی، چونکە مرۆڤ پارچەیەکە لەو جیهانە گەورە و مەزنەی کەون و ”ئەو جیهانەی کە تیایدا دەژی، ئەو جیهانەیە کە کاریگەری خەیاڵی دایهێناوە، کەواتە هونەرییە، بە زەمانەوە بەستراوە”.

blank
تابلۆی هونەرمەندی شێوەکار و گرافیستی ئەمریکایی ڕۆبێرت ڕۆشێنبێرگ (١٩٢٥-٢٠٠٨)

مرۆڤی هونەرمەند ئەو شێوە خەیاڵانە دادەڕێژێت کە لە وەهمی خۆیدا زادەی قووڵایی وجودی ڕەسەنی خۆیەتی، لە نێوان کەسایەتی دیۆنیزی و ئەپۆلینی وەک دوو جیهانی ژوورەوە و دەرەوەی شێوەکان بابەتی تراژیدی دەهێنێتە کایەوە کە زەمەنێکی دیاریکراوی نییە و لە قۆناغێک ناوەستێت. بەم جۆرە هونەری شێوەکاری لە بنەڕەتدا هونەری زەمەنە، ئەو زەمەنەی کە بەستراوە بە کەینونەی ئادەمیزاد، بێ کۆتاییە. مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئیمڕۆ پاڵەوانی هەموو ڕووداوەکانە، هەروەها ویستوویەتی و دەیەوێت بەسەر هەموو مەسەلەکانی ژیان زاڵبێت، تەنانەت گەر هەرەس هاتوو و دۆڕاویش بێت وەک سەرکەوتوو و زاڵ بوو بەدیار دەکەوێت، چونکە بوونەوەری مرۆڤ تەکامولێکی ئینسانی نەکردووە و زۆری ماوە بگات بەو مەرامە بنەڕەتییەی کە لە وەهمیدا هەیە. نیتشە دەڵێ: ”مرۆڤ پەتێکی بەستراوە لە نێوان ئاژەڵ و سوپەرمرۆڤ، پەتێک بەسەر دۆزەخدا”.

شێوەکارانی بە توانا و ڕەسەن لە سەردەمی گریک و قۆناغی ڕێنسانس و ڕۆمانتیکی لە کارەکانیان نهێنییەک هەیە ئەویش ئەو ڕەسەنایەتییە تاکەییەی بوونە کە بە شێوە بەدیاری دەخەن (دەڵێم شێوە، چونکە شێوە بەرگی وەهمی مرۆڤە کە چۆن دەیەوێت بابەتی تراژیدی کە دروستکەری دڵەڕاوکێی فکری و کەڵکەڵەی بوون و نەبوونی کەسایەتی خۆیەتی بە شێوەیێکی پیرۆز ببیندرێت). ئەمەش ئاستێکی ئۆنتۆلۆژییە کە پاڵەوانان هەر لە کۆنەوە بە ڕێگای نمایشکردنی شانۆیی خەونەکانی خۆیان پێشانداوە. لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە مرۆڤی هونەرمەند بە ڕێگای داڕشتنی شێوە وەهمی سوپەرمرۆڤایەتی نێو خەیاڵی خۆی بهێنێتە ئەنجام و پاڵەوانیێتیی بەرامبەر ئەو دۆزەخە کە زەمەنی ژیانییەتی، بۆ تەکامولبوونی بنوێنێت.

گرینگی و پیرۆزی کاری هونەری ڕاستەقینە تەنیا لەوەدا نییە کە خەڵکی بینەر چێژی شێوەیی لێ وەربگرن و بۆ ڕازاندنەوە و پڕکردنەوەی دیواری ماڵەکانیان، هەروەها بە گوێرەی هونەرمەندیش، دەبێ بزانێ کە ئەنجامدانی کاری هونەری تەنیا پڕکردنەوە و داڕشتنی ڕووبەری کارەکەی بە ڕەنگ و هێڵ و فۆڕم و فیگەر نییە، بەڵکو لە یەکگرتنێکی کۆنکرێتی فیکریی کەسایەتی هونەرمەندەوەیە. وەک ئەرستۆتالیس دەڵێ: ”پیاوە گەورەکان جیان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی، وەک چۆن جوان و ناشیرین، ئەوان هەمیشە وەک تابلۆیێکی هەرەباشی ڕاستەقینەن، چونکو ئەوەی زۆر پەرش و بڵاوە لە یەک یەکەی یەکگرتوو کۆ دەبێتەوە”.       

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ١٦ ساڵی چوارەم ٢٠٠٦ (گۆڤاری شێوەکاری)دا بڵاوکراوەتەوە.