ڕەخنەی ھونەری لە کوێوە دەست پێ بکات؟

ھەموو ھونەرمەندانی کوردستان دەزانن کە ھونەری شێوەکاری لە ھەموو وڵاتانی جیھان پێشکەوتووترە و زیاتر خاوەنی مۆرکی کەسایەتیی خۆیانن، بگرە لە خوارووی ئەفریقیاوە، خواروو و ناوەڕاستی ئاسیا، ھیندستان، تا دەگەیتە ناوەندی ئەمەزۆنیا کە میللەتی زۆر سەرەتایین، (ئەوا باس لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی ھەر ناکەم کە خاوەنی ھەیکەلێکی کۆنکرێتی شارستانی و مێژوویەکی دووری ھونەرین)، ئینجا لێرەدا ئەگەر بمانەوێ مێژووی پەرەسەندن و گەشەی ھونەری شێوەکاری وڵاتانی خاوەن کەسایەتیی ھونەری باس بکەین و ھەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەیان بۆ بکەین، تاکوو بزانین چۆن و بە چ ڕێچکەیەک بەم ئاستە ھونەرییە گەیشتوون، چ کاریگەرییەکی گرنگ ھەبووە بۆ پاڵنانی ڕەوڕەوەی ئەم گەشەسەندنانە.

ئاشکرایە وڵاتانی ئەوروپی (ئیتالیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، بەریتانیا… ھتد) لە ھەموو بوارەکانی، پیشەسازی و تەکنۆلۆژی، زانستی و زانیاری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەمیشە لە پێشکەوتن و گەشەسەندندان (ئەمەش پێویست بە بەڵگە ناکا)، ئەم پێشکەوتنەش لە عەقڵ و ھۆشی کەسایەتیی میللەتێک دێت کە خاوەن بەھرە و فیکر و فەلسەفەی بەرفراوانی کۆمەڵایەتیی خۆی بێ، ھەروەھا بوارەکان کراوەن و بێ سنوورن، ھیچ کۆسپێکی سیاسی یا ئایینی، یاخود کۆمەڵایەتی، ڕێگا لە بەردەوامی ئەم پێشکەوتن و گەشەسەندنە ناگرێت. بەم جۆرە لە بواری ھونەر بە گشتی و شێوەکاری بە تایبەتی چەند ھۆکارێکی گرنگ ھەن بۆ پەرەسەندن و بەرزبوونەوەی ئاستی گشتی ھونەر و ڕۆشنبیری کە دەبن بە پاڵپشتی ھونەرمەندان تاوەکو لە ھەر کاتێکی مێژووییدا بتوانن ھونەرەکەیان بگەیەنن بە ئاستێک کە شیاوی قۆناغەکە بێت.

یەک لەم ھۆکارانە ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی ھونەرییە، کە ھونەرمەند دەخاتە نێو چوارچێوەی جددی و بەرپرسیاری لە جۆری کارکردن و شێوە و ناوەرۆکی بەرھەمەکان و پلەی ھونەری پێ دەبەخشێت، لەنێو کێشەیەکی ھونەریی شێوازگەریی پڕ تەکنیک و فیکری دادەنێت و بەرپرسیاری مێژوویی دەخاتە بەردەم ھونەرمەندان لەڕووی لیاقەت و خووڕەوشتی کەسایەتیی ھونەری بەرانبەر بە کۆمەڵگا و ھونەرمەندانی دوای قۆناغی ئەوی تر.

ئێمە کە باسی ھونەر و ھونەرمەندانی وڵاتێک دەکەین و دەبنە جێگای سەرنجمان و خۆشحاڵی و ڕەزامەندی خۆمان پیشان دەدەین، تەنیا ئەوە ناگەیەنێ کە ھونەرمەندانی ئەم وڵاتە یا ئەوی تر بەھرەمەندی گەورەن و بیروبۆچوونی فەلسەفی تایبەت بە خۆیان ھەیە و دەتوانن لەسەر بنەمایەکی مێژوویی کۆنکرێت کاری ھونەری ئەنجام بدەن و تیۆریای ھونەریشیان ھەبێت، بەڵکو لایەنێکی تری زۆر گرنگ ھەیە کە بوار و کەشوھەوایەکی دیموکراسی و ھارمۆنی، ئازادیی دەربڕین، سنگ فراوانی ڕەخساو لەم کۆمەڵگا کراوانە ھەیە کە ڕەخنە و ھەڵسەنگاندن، یاخود لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی ھەمیشە لەپێناو دەوڵەمەندترکردنی ھونەرن. لێرەدا ترسی ئەوە نییە کە ھونەرمەندێک ڕەخنە ڕاپێچی بکات و لە گۆڕەپانی ھونەری بیسڕێتەوە، چونکە پێشەکی ئەو ھونەرمەندە کە بەرھەمی داھێنان ئەنجام دەدات دەزانێت ڕەخنە و ھەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دەکرێت، ئەمەش ئەو پردەیە کە بینەر و ھونەرمەند لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە، لە کوردستان بە کۆمەڵ ھونەرمەندی شێوەکاری ھەیە، کەچی ڕەخنەگرێک نییە بتوانێ ھەڵسەنگاندێک بکات، بە بینەر ڕابگەیەنێت باش و خراپ چۆنە، ئەوەش ھەڵبەتە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ڕۆشنبیری و تیۆریی ھونەری لەلایەک و نەبوونی مرۆڤی ڕۆشنبیری تایبەتمەند لە بواری ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی بەرھەمی ھونەرمەندان و خووڕەوشتیان لەلایەکی ترەوە، جگە لەوەش زۆر ھۆکاری تری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی ھەیە وەک ڕۆحی موجامەلەی دووانەیی، ترسی گازەندەکردنی ھونەرمەند و شکانی پەیوەندیی برادەرایەتی، لێکزویربوون و لۆمەکردنی یەکتری و… ھتد، کە بەداخەوە ئەم خەسڵەت و ڕەوشتانە ھەموو کاتێک دەخرێنە سەرووی گەشەسەندنی ھونەر و پێشکەوتنی ھونەرمەندان و تێکدانی یەکسانی و لەنگکردنی باری ڕۆشنبیریی ھونەری لە وڵات.

ئێمە دەزانین مێژووی ھونەر و ڕۆشنبیریی ھونەری لە کوردستان تەمەنێکی ئەوەندە درێژی نییە و خاوەن ھیچ قۆناغێکی تایبەتی نییە، ئەوەی ھەبێت کاریگەریی مێژووی ھونەری وڵاتانی ڕۆژئاوایە کە ئێمەی دروست کردووە و ھەمیشە پەیوەستین بەو زنجیرە قوتابخانە ھونەرییانەی لەم وڵاتە پێشکەوتووانە سەرچاوەی گرتووە و بۆتە جیھانی. بەم جۆرە ھونەرمەندانی پێشەنگی ئێمە ئەوانەن کە مێژووی ھونەری شێوەکارییان لە جیھان بنیادناوە وەک: جیۆتۆ، مازاشیۆ، لیۆناردۆ داڤنشی، میکێلئانجلۆ، ڕافایێل، تیسیان، کاراڤاجۆ، ڕامبرانت، گۆیا، ڤێلاسکیز و زۆری تر، تا دەگەیتە ئەم زەمەنە ھاوچەرخەی ئێستامان، بەڵام لە کوردستان کە وێنەکێشێک (دەڵێم وێنەکێش نەک ھونەرمەند) دێت وەک پێشەنگی ھونەریی خۆی ڕەپێشی واقیعی ئێستامان دەکات بێ ئەوەی ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر گۆڕەپانی گشتی ھونەری ھەبووبێت، یاخود کاریگەریی تەکنیکی و فیکری بەسەر ھونەرمەندە گەنجەکانی ھاوچەرخی حۆی یا نەوەکانی دوای قۆناغی خۆی ھەبووبێت، لێرەدا ھەژاری و پەککەوتوویی ڕۆشنبیری و فیکریی ھونەری بەدیاردەکەوێت کە ئەویش خۆی لە خۆیدا کۆسپێکە لەپێش وتاری ڕەخنەی ھونەری.

دوایین پیشانگای هونەرمەند قەرەنی جەمیل (١٩٥٤-٢٠٢٥) لەژێر ناوی جێهێشتن لە هۆڵی میدیا ساڵی ٢٠٢٣

ئێمەی کورد خاوەن کولتوورێکی ھەمەچشنی ناتەواوین، واتە زۆر جۆرە ڕۆشنبیری و ڕێچکەی فەلسەفی و تیۆریی ھەمەجۆری لاییدا و بەشێوەیەکی قوت و قوندە و شێواو بەڕێگەی زمانەکانی دەوروبەرمان گواستراوەتەوە نێو زەینی ئێمە، کە بۆتە ھۆی پەرتبوونی فیکری و بێ ئۆقرەیی ڕۆشنبیری و دروستبوونی جۆرێک لە دووانەیی (تا ڕادەیەکیش شێزۆفرێنیای فیکری)، لەبەر ئەوەشە تاکی ڕۆشنبیری ئێمە نەیتوانیوە بە چاوێکی ڕەسەنی ھاوکات و کراوە تەماشای جموجووڵەکانی ھونەری و ڕۆشنبیری بکات، یا بە زەینێکی فراوان و ڕاست و دروست شتەکان شی بکاتەوە و ھەڵیانسەنگێنێت. لێرەدا مرۆڤی یەک ڕەھەندبینمان بۆ دروست دەبێت، ئەو ڕەھەندە کورتبینەی کە ڕەنگدانەوەی ھزری کۆنی وێنەکێشی فۆلکلۆر گوزاری ھەڵاتوو لە ھەموو گیروگرفتەکانی قۆناغ و بێ توانایی لە قووڵبوونەوەی فیکرییە، لە ئەنجامی ئەم ڕەوشە ھەستکردن بە مەزنی و پێشەنگی ھونەر لە ناوچەیەک دروست دەبێت (بەوەھمەوە)، وەک بڵێی بیابانە و ھێشتا سەرەتای ژیانی تێدا دروست نەبووە.

لە جیھانی ھونەریی ئەمڕۆ پێشەنگ و ئەوی تر نییە، بەڵکو داھێنان ھەیە کە قووڵبوونەوەیە لە جوانی، ڕاستەقینەیی، پاکی، ئازادیی ڕۆحی، بۆ ئەوەی (لە ئێشوئازار دەرباز بین) تاوەکو (ژیان نەرم و ئاسانتر بێت)، لەپێناوی ئەم مەبەستە پیرۆزە ڕەخنەی ھونەری ھاتۆتە کایەوە بۆ ئەوەی ھونەرمەندان ڕێگەی ڕاستی و پلەی تەکنیکی بەرز و ڕێک بگرن، ڕێچکەی فیکری شاقووڵی و ڕۆشنبیرییەکی ڕاستی ھەڵبگرن نەوەک خۆپەرستی تاکەکەسی (پێشەنگانە).

لوغزی کاری ھونەری داھێنراو لە نھێنییەکانی زمانی شێوەکاریدایە، چۆن و بە چ شێوازێک فیکرەی ناوەرۆک داڕێژراوە، چ کەرستە و تەکنیکێک بەکارھێنراوە، فۆرمی دەربڕین لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و بە چ مەبەستێک ھاتۆتەکایەوە، ئەم بەرھەمە ھونەرییە لە چ کاتێک و لەچ شوێنێک ئەنجام دراوە؟ ھەموو ئەو پرسیارانە و ھی تریش ڕەخنە شییان دەکاتەوە و پارچە پارچەیان دەکات، لەدواییدا بەیەکەوەی دەبەستێتەوە و ھەڵیان دەسەنگێنێت تاوەکو ئەو بەھا ئێستێتیکییەی کە ڕەنگە ھونەرمەندەکە بۆی نەچووبێت لەنێوان توخمە سەرەکییەکان و فۆرمە تایبەتییەکانی ھونەرمەندەکە دەریبھێنێت.

بێ گومان ڕەخنەی باش و خراپیش ھەیە، بەڵام ئەوەی لێرە مەبەستمانە ئەوەیە کە پێویستمان بە ڕەخنەی ھونەری ڕاستگۆ ھەیە ھونەرمەندان ھەڵسەنگێنێت و ھەڵیانبژێرێت، ھەڵە شێوەییەکان پیشان بدات، فیکری ھونەرمەندەکە دەربێنێت و بە بینەری ڕابگەیەنێت، قۆناغەکانی ھونەری لە چەکمەجەکانی مێژووی خۆیان دابنێت. ھەموو قۆناغەکانی ھونەر ھەر لە سەردەمی ڕێنسانسەوە ئاڵوگۆڕی پەیوەندییە پۆزەتێڤ و نێگەتیڤەکانی نێوان ھونەرمەندان و ڕەخنەگران (داھێنان و شیکردنەوە)، بەم جۆرە لە مێژوودا ڕێچکەی گرتووە بەبێ ئەوەی ھیچ کامیان ڕێگا لەوی تر بگرێت. ڤازاری، دی پلێنیۆ کە ڕەخنەیان لە ھونەرمەندانی سەردەمی خۆیان وەکو لیۆناردۆ و میکێلئانجلۆ و رافایێل دەگرت و کارەکانیان شی دەکردنەوە، ھەمیشە ململانێیان لەسەر ئەوە بوو کە ئەو ھونەرە بەرەو تۆکمەتر و دروستتر بڕوات و ئاگاداریان دەکردنەوە لەوەی کە بینەر ھەڵنەخەڵەتێنن، (چونکە چاوی بینەر ھەموو کاتێک ھەڵە ئەکادیمییەکان نابینێت)، ئەگەر بێتو مەزەندەی ئەوە بکەین کە پەیکەری (داوود)ی میکێلئانجلۆ شان و ملی تێکچەقیوە و قۆڵ و دەستەکان بچووک و باریک، ڕێژەی تۆێکاری قاچ و سەری نەگونجاو بوایە ئەمڕۆ کێ باسی ئەو ھونەرمەندەی دەکرد؟ یاخود ھەمان پەیکەر ئەو پیرۆزییەی کە ئەمڕۆ ھەیەتی و بە درێژایی مێژوو باسی لێکراوە، لێی دەوەشاوە؟ بەڵام پێشەنگەکانی ئێمە لایان گرنگ نییە ئەگەر فیگەری ئافرەتێکی کورد بکێشن سەرتاپا پڕبێت لە ھەڵەی ئەکادیمی، ڕێژەی دەموچاو ناڕێک، شان و مل تێکچەقیو، دەست و پەنجە سەقەت وەک تەختەدار، بێ بەرپرسیاری ھونەری بە ھیچ شێوەیەک داڕشتنێکی ڕێکوپێک نابیندرێت.

لێرەدا چاوە ھەڵخەڵەتاوەکانی بینەر تەنیا کوتلەی گشتی فیگەری ئافرەتێکی کورد دەبینێت، جگە لەوە فیکرەیەکی قووڵ، ھاوچەرخ لە ناوەرۆکی کارەکەدا نییە لە سادەیی و ساکاری چێژی جوتیارانە زیاتر نەبێت. بەم جۆرە ھونەرمەندی (میللی) ڕەچاوی تۆکمەیی تەکنیک و مۆنۆمێنتالیی کارە ھونەرییەکەی ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕێچکەیەکی تەسک و بێ ڕەھەند دەگرێت و لە بازنەی ڕابردوو دەخولێتەوە، وەک (دۆن کیشۆت) بە چەک و جبە و بیروباوەڕی کۆنی لەبیرکراو دێتە نێو گۆڕەپانی نوێ، لەم حاڵەتە ئەم جۆرە ھونەرمەندە ھەموو جۆرە بزاڤێکی نوێی لا سەیرە و بەدژایەتی خۆی دادەنێ بێ ئەوەی دەوروبەر ئاگاداری (پەڕانۆیا)ی ئەو ببن.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارەی ١٠ ساڵی سێیەمی گۆڤاری شێوەکاری ٢٠٠٥ بڵاو کراوەتەوە.