هێز و مێژوو

(لە هەژموونی سەربازییەوە بۆ قۆرخکردنی گێڕانەوە)

ئەم بابەتە شیکارییەکی عەقڵانی و زانستییە دەربارەی ڕۆڵی هێز – بە شێوە جۆراوجۆرەکانی  (سەربازی، ئابووری، میدیایی و کەلتووری)- لە نووسینەوەی مێژوودا، ئەوەش لە ناوکۆی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە هاوچەرخەکاندا، بەتایبەتیش پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل. بۆیە لێرەدا هەوڵ دراوە، لەوە بکۆڵرێتەوە، کە چۆن زلهێزە گەورەکان نەک تەنها واقیعی سیاسی و سەربازیی پێک دەهێنن، بەڵکوو بە قووڵی دەست لە داڕشتنی (گێڕانەوەی مێژوویی) و (بەرهەمهێنانەوەی یادەوەریی کۆمەڵ) و (شەرعیەتی سیاسی) وەردەدەن. لە ڕێگەی سەرنجێکی وردی بەراوردکاری لە سیاسیەتی ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران، تورکیا و ئیسرائیل، ئەوە دەردەکەوێت، کە ئەم هێزە هاوچەرخانە چیتر بە سەرکەوتنەکانیان لە ئێستادا ڕازی نابن، بەڵکوو بەدوای سەرکەوتنەکانیان لە خودی ڕابردووشدا دەگەڕێن.

هێز و مێژوو- لە سەرکەوتنەوە بۆ  نووسینەوە

وتەی (مێژوو لەلایەن سەرکەوتووەکانەوە دەنووسرێتەوە)، تەنها دروشمێکی نەریتی نییە، بەڵکوو ئەمڕۆ بۆ سیاسەتێکی بە ئەنقەست و دامەزراوەیی لە جەنگ و ململانێ نوێیەکاندا گۆڕاوە. دیارە مێژوو چیتر تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ داڕشتنی شەرعیەت و بونیادنانی ناسنامە و چەسپاندنی پڕۆژە سیاسییەکان. لێرەوە مەترسی (هێز) کاتێک دەردەکەوێت، کە نەک تەنها بۆ سەپاندنی واقیع بەکار دێت، بەڵکوو بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕابردوو بەهۆی ئامرازە نوێیەکانەوە بەکار دەھێنرێت، کە داگیرکاریی ڕاستەوخۆ بۆ بوارەکانی ڕاگەیاندن و پەروەردە و لێکدانەوەی ئایینی و یاسایی تێدەپەڕێنێت.

 ئیسرائیل و سڕینەوەی یادەوەریی فەلەستین: داگیرکاری وەک مێژوو

ئیسرائیل لە (نەکبە)وە تا دەستدرێژییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەر غەززە، هەوڵیدا گێڕانەوەیەکی مێژوویی بەرهەم بهێنێت، کە بوونی فەلەستینەکان بسڕێتەوە و  شەرعیەت بە داگیرکاری بدات. سەدان گوند وێران کران، ناوی شوێنەکان گۆڕدران، دەست بەسەر بەڵگەنامەکاندا گیرا و ئەرشیفی فەلەستین سڕدرایەوە. بۆ نموونە قوتابخانەکانی قودس، ئەو گێڕانەوانەی تێدا چەسپێنرا، کە ددان بە گەلی فەلەستیندا نانێن. هاوکات میدیا عیبرییەکان، فەلەستینییەکان تەنها وەک هەڕەشەیەک نیشان دەدەن، نەک وەک بوون و قەوارەیەکی مێژوویی، ئەمەش بەو واتایە دێت، کە هێز لێرەدا نەک تەنها جەستە دەکوژێت، بەڵکوو یادەوەریش دەسڕێتەوە.

ڕوسیا و ئۆکرانیا: یاریکردن بە گێڕانەوەکان وەک پێشەکییەک بۆ داگیرکاری

ئەمڕۆ ڕوسیا تەنها لەسەر بنەمای جیۆپۆلەتیکی پاساو بۆ داگیرکاریی ئۆکرانیا ناهێنێتەوە، بەڵکو پشت بە گێڕانەوەیەکی مێژوویی (ڕوسکرد) دەبەستێت، کە پێی وایە: (ئۆکرانیا دەوڵەت نییە) و بەشێکە لە (ناسنامەی ڕووسیای مەزن). لە وتارەکەی ڤلادیمێر پوتین لە ساڵی ٢٠٢٢دا مێژوو وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەروەریی نوێی ئۆکرانیا دەرکەوت. لکاندنی سەربازی و داڕشتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و لەناوبردنی بەڵگەنامەکان و پەخشکردنی گێڕانەوەگەلێکی تەلەفزیۆنیی کە پشتی بە خوێندنەوەی مێژووییی ئیمپراتۆرێتی قەیسەری و سۆڤێتی دەبەست، واتە لێرەدا هێز بۆ ڕاستکردنەوەی (هەڵەکانی ڕابردوو) بەپێی تێڕوانینی ڕووسیی بەکار هێنرا.

 ئەمریکا: هەژموونی نەرم و داڕشتنی یادەوەریی جیهانی

هێزی ئەمریکا تەنها لە بوونی سوپا زەبەلاح و تەکنۆلۆژیا پێشکەتووەکەیدا نییە، بەڵکوو لە توانای بەرهەمهێنانی (گێڕانەوەی جیهانی)دایە. دەستێوەردانەکانی لە ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان، کە هەمیشە بە چەمکەکانی (ڕزگارکردنی گەلان) و (بڵاوکردنەوەی دیموکراسی) و ( چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ) بیانووی دەهێنایەوە. بەڵام لە ڕاستیدا خەریکی نووسینەوەی مێژوویەک بوو، کە خزمەتی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکرد. فیلمەکانی هۆڵیوود و فیلمە دیکۆمێنتارییەکان و میتۆدی زانکۆ گەورەکان، هەموویان ئامرازگەلێک بوون، کە پشکدارییان لە سڕینەوەی مێژووی ڕەسەنی گەلان و داڕشتنی مێژوویەکی جیهانی بە تامێکی ئەمریکییەوە دەکرد. کشانەوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١، ئەو ساتە بوو، کە سەرلەنوێ گێڕانەوەی خۆی سەبارەت بە (جەنگ لە دژی تیرۆر) داڕشتەوە.

 ئێران: بەرگری وەک گێڕانەوەیەکی فەرمی

ئێران هێزی سیاسی و میدیایی خۆی بۆ نووسینەوەی مێژووی ناوچەکە، لە ڕوانگەیەکی تائیفی و ئایدۆلۆژییەوە بەگەڕ دەخات. (مەزڵومییەتی)ی شیعە و کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٣ی دژ بە موسەدق دەکاتە پاساو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ناوچەیییەکەی. لە گوتارەکەیدا سوریا و عێراق و لوبنان بۆ درێژکراوەی پڕۆژەیەکی بەرگری “دژە ئیمپریالیزم” دەگۆڕدرێن، بەڵام لە واقیعدا، بونیادنانەوەی گێڕانەوەگەلێکی مێژوویی هەیە، کە ئەوی تر (مەزهەبی و سیاسی) بەدەر دەکات و یادەوەرییەکی هەڵبژێردراو دادەمەزرێنێت، کە بوونی ئێران وەک (بکەرێکی مێژوویی) بەهێز دەکات.

تورکیا: عوسمانی نوێ و دووبارە بەکارهێنانەوەی ڕابردوو

حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ پاساودانی پڕۆژە ناوچەیییەکەی، جارێکی تر بانگەشەی بۆ مێژووی عوسمانی کردەوە. گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت و دانانی فراوانخوازییەکانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، تەنها دیاردەیەکی ئایینی نین، بەڵکوو ئامرازگەلێکی سیمبولیین بۆ زیندووکردنەوەی گێڕانەوەیەکی مێژوویی، کە تورکیا بتوانێت خۆی وەک میراتگری خەلافەت پیشان بدات. دەستێوەردانەکان لە لیبیا و سوریا بە گوتارێکی مێژوویی ڕازێنراونەتەوە، کە بانگەوازی (پاراستنی موسڵمانان) دەکات، وەک ئەوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی نەڕووخابێت، بەڵکوو بە هێزی سیاسەتی نوێ دەگەڕێتەوە.

بەراوردێکی مێژوویی: جەنگە جیهانییەکان و بەرهەمهێنانی مێژوو

لە ماوەی دوو جەنگی جیهانیدا، سەرلەنوێ نەخشەی وڵاتانی جیهان داڕێژرانەوە و گێڕانەوەگەلێک سەریان هەڵدا، کە لەگەڵ بەرژەوەندیی سەرکەوتووەکاندا یەکیدەگرتەوە. بۆ نموونه لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم ئەڵمانیا بەتەواوی وەک شەیتان ناسێنرا و  بەشداریکردنی سەربازی داگیرگەکانی وەک ئەفریقا و هیندستان له سوپای هاوپەیماناندا پەراوێز خرا. تا ئێستاش ئەوەی ئێمە لەسەر ئەو دوو جەنگە لێی دەکۆڵینەوە، ئەوەیە کە لەلایەن زلهێزە سەرکەوتووەکانەوە نووسراوەتەوە. جیاوازی ئەمڕۆ ئەوەیە، کە ئامرازەکانی دووبارە نووسینەوەی مێژوو تەنها لە کتێبەکاندا قەتیس نەکراون، بەڵکوو ئێستا لە هەموو مۆبایلە زیرەکەکان و هەموو پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بەردەستن.

مێژوو وەک ئامرازێک بۆ ململانێی ئاکاری: حەقیقەت بەرامبەر بە هێز

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، ساختەکردنی مێژوو ئاسانتر بووە، ئەمەش مێژوونووسانی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئاکاریی گەورەترەوە. مێژوونووسێکی بێلایەن لە سایەی ئەو  حکومەتانەی ڕۆژنامەنووسان زیندانی دەکەن و گێڕانەوەی فەرمی خۆیان دەسەپێنن، چۆن دەتوانێت بەرگری لە ڕاستییەکان بکات؟ ئایا دەتوانین ئەمڕۆ مێژووی غەززە، سوریا، یان ئۆکرانیا بنووسینەوە، بەبێ ئەوەی بکەوینە تەڵەی ئەو گێڕانەوانەی بەزۆر سەپێنراون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە چی خودی ئاکاری پیشەی مێژوونووسیی دیاری دەکات؟

 لە مێژووی هێزەوە بۆ مێژووی بەرگری

مێژووی ڕاستەقینە تەنها ئەوانە نین کە لە ئەرشیفی دەوڵەتەکاندا پارێزراون، بەڵکوو ئەوانەن کە لە یادەوەریی گەلان و  ئازاری قوربانییەکان و ئەو چیرۆکانەی کە دایکان بۆ منداڵەکانیان دەگێڕنەوە و ئەو بەڵگەنامانەی لەژێر داروپەردوودا ڕزگارکراون. لە سەردەمێکدا کە  حەقیقەت بە گێڕانەوەی فەرمی دەگۆڕدرێت، ڕۆڵی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیر و توێژەر و مێژوونووس وەک پارێزەری یادەوەرییەکی هەڕەشەلێکراو دەردەکەوێت. سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژوو بە زەبری هێز قەدەرێکی حەتمی نییە، بەڵکوو مەترسییەکە، کە دەبێت مێژوویەکی ڕاستەقینە و بەرگریکار و سەربەخۆ و مرۆڤدۆستانە ڕووبەڕووی ببێتەوە.

سەرچاوەکان

.1Timothy Snyder, The Road to Unfreedom: Russia, Europe, America, (New York: Tim Duggan Books, 2018).

.2 Mamdani, Mahmood. Good Muslim, Bad Muslim: America, the Cold War, and the Roots of Terror, (New York: Pantheon Books, 2004).

.3Steven A. Cook, False Dawn: Protest, Democracy, and Violence in the New Middle East, (New York: Oxford University Press, 2017).

4 . إدوارد سعيد، الثقافة والإمبريالية، ت: كمال ابو ديب، الطبعة الرابعة، بيروت، 2014.

5. نص خطاب الرئيس الروسي فلاديمير بوتين (وثيقة)، (https://www.aa.com.tr/ar/%”8%A7%D9%84%D8%AA%D9%82%”8%A7%D8%B1%”9%8A%D8%B1/%”9%86%D8%B5-%D8%AE%D8%B7%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D9%8A%”8%B3-%D8%A7%”9%84%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A-%D9%81%D9%84%D8%A7%”8%AF%D9%8A%D9%85%D9%8A%D8%B1-%D8%A8%D9%88%D8%AA%D9%8A%D9%86-%D9%88%D8%AB%D9%8A%D9%82%D8%A9/2511483)

23/6/2025