مێژووی سۆزەکان
سۆزە فەرامۆشکراوەکان لە گێڕانەوەی نەریتییدا
سۆز و مێژوو… ئاوێزانبوونێکی پێویست
کایەی مێژوونووسی لە کۆتایییەکانی سەدەی بیستەمەوە، گۆڕانکارییەکی قووڵی مەعریفی بەخۆوە بینی، کە سەرنج و گرنگپێدانەکانی لە بونیادە گەورەکانەوە بۆ ئەزموونە تاکەکەسییەکان و لە گێڕانەوە گشتگیرەکانەوە بۆ گێڕانەوە تایبەت و ڕۆژانەیی و هەڵچوونەکان گواستەوە. لەم ناوکۆیەدا (مێژووی هەستەکان) وەک پانتایییەکی نوێی توێژینەوە دەرکەوت، ئامانج لێی تێگەیشتنە لەوەی کە مرۆڤ چۆن هەستەکانی خۆی دەردەبڕێت و چۆن واتای ئەم هەستانە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانی بەسەردا دێت. (باربارا ڕۆزنڤین و ڕیکاردۆ کریستیانی) جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ئەم مێژووە تەنها لە وەسفکردنی هەستدا خۆی قەتیس ناکات، بەڵکوو دەرگایەک بۆ پرسیارکردن لە کولتوور و جەستە و زمان و دەسەڵات دەکاتەوە[1].
ئایا مێژوونووس دەتوانێت مێژووی هەستەکان بنووسێتەوە، وەک چۆن مێژووی سیستەمی سیاسی و جەنگەکان دەنووسێتەوە؟ ئایا سۆزەکان دەتوانن – بە سروشتە خودی و تاکەکەسییەکەیانەوە – ببنە دەرچەی بونیادنانی (گێڕانەوەی زانستی)، واتە هاوتای ئەو گێڕانەوانە بن، کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە و دەستنووسەکان دامەزراون؟ ئەم پرسیارانە هەتا ئەم دوایییانە وەک پرسگەلێکی ئەندێشەیی دەهاتنە بەرچاو، بەڵام ئێستا لە نێوجەرگەی ئەو سەرقاڵییە مەعریفییانەدان، کە یەکێک لە نوێترین کایەکانی توێژینەوە مرۆڤایەتییەکان دەجووڵێنێت، ئەویش (مێژووی سۆزەکان History of Emotion)ە. لەم چەند دەیەی دواییدا مێژوونووسان دەستیان بە لێپرسینەوە لە (مۆرکە تەواو عەقڵانی)یەکەی مێژووی نەریتی کرد، ئەوان میتۆدێکی نوێیان پێشنیار کرد، کە سۆزەکان نەک تەنها وەک دیاردەگەلێکی تاکەکەسی یان دەروونی بناسێنن، بەڵکوو وەک بونیادی کۆمەڵایەتی و کولتووری و مێژوویی پێشکەش بکەن، کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە و لە هەمان کاتیشدا دەکەونە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگەوە و لە ڕێگەی زمان و ڕەفتار و دامەزراوەکانەوە دەنوێنرێن.
لە هەستناسییەوە بۆ مێژووی هەستەکان
ئەم کایە لە ڕووی تیۆرییەوە لەگەڵ کارەکانی (پیتەر ستیرنز Peter N. Stearns) و هاوسەرەکەی (کارول زیسویتز ستیرنز Carol Zisowitz Stearns) و لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە دروست بوو. ئەویش لەمیانەی ئەوەی کە ناوی لێنرا (سۆزناسی Emotionology)، ئەوەش میتۆدێک بوو، هەوڵی توێژینەوەی ئەو (پێوەرە کۆمەڵایەتی)یانەی دەدا، کە زیاتر تەحەکومییان بە دەربڕینە سۆزدارییەکانەوە وەک لە توێژینەوەی خودی سۆزەکانەوە دەکرد[2]. ئەم دامەزراندنە یارمەتیدەر بوو، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی بابەتی بە سۆزەکان ببەخشێت، هەتا بتوانرێت شوێنپێی هەڵبگیرێت. ئەوەش بواری بۆ نزیکخستنەوەیەکی میتۆدی فراوانتر و قووڵتر کردەوە.
دواتر (ویلیام ڕیدی William Reddy) چەمکگەلێکی پێشەنگانەی وەک (سیستەمی سۆزداریی) و (بێژە سۆزدارییەکان)ی هێنایە ئاراوە[3]، ئاماژە بەوە دەکەن، کە گوزارشتکردن لە سۆزەکان تەنها گواستنەوەی بارێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو نواندنێکی زمانەوانییە، کە خودی سۆزەکە پێک دەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدا (باربارا ڕۆزنڤین Barbara Rosenwein) چەمکی (کۆمەڵە سۆزدارییەکان)ی بەکار هێنا[4]، ئەوەش ئەوە نیشان دەدات، کە چۆن کۆمەڵە مرۆیییەکان، لەمیانەی کات و شوێندا، هەندێک شێوازی دەربڕینی سۆزداری بەکار دەهێنن، کە ناسنامە و کولتوور و دەسەڵاتی کۆمەڵەکە پێک دەهێنێت.
لە کتێبە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ (ڕیکاردۆ کریستیانی) بە ناوی (مێژووی سۆزەکان چییە؟) (2020) ڕۆزنڤین هەوڵ دەدات، ڕوانگەیەکی پانۆرامایی بۆ ئەو کایە تیۆری و میتۆدۆلۆژییانە پێشکەش بکات، کە سەبارەت بە سۆز لە مێژوودا دروست بوون، جەختیش لەوە دەکاتەوە، سۆز لە ڕووی بایۆلۆژییەوە وەستاو نییە، بەڵکوو بونیادێکە، لە ڕووی مێژوویییەوە بەپێی سیستەمی کولتووری و کۆمەڵگەیی دەگۆڕێت، تەواو وەک چۆن ئایدیۆلۆژیا و زمان و دامەزراوەکان دەگۆڕدرێن[5].
پراکتیککردنێکی میتۆد
لە کۆتاییی بەشی دووەمی کتێبەکەیاندا، نووسەران (پیتەر ستیرنز و کارول زیسویتز ستیرنز) پراکتیککردنێکی زیندوو بۆ ئەو میتۆدانە دەخەنە ڕوو، ئەویش لە میانەی شیکردنەوەی چەمکی (هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری) لە بەڵگەنامەی (جاڕنامەی سەربەخۆییی ئەمریکا (١٧٧٦)) و لە ناوکۆ سۆزداری و سیاسییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریدا[6].
1. میتۆدی سۆزناسی: ئەم ڕوانگەیە (بەختەوەری) وەک بەشێک لە پێوەرێکی کولتووری دەبینێت، کە لە سەدەی هەژدەهەمدا باڵادەست بوو، ئەویش کولتووری ڕۆشنگەری بوو. دیارە بەختەوەریی بە پێوەری (فەزیلەت) و (ئامانجی ڕێکخستنی سیاسی) دادەنرا. بەم شێوەیە باسکردنی لە جاڕنامەکەدا، گوزارشت لەو پشتگیرییە دەکات، کە بە (پێوەرێکی سۆزداریی باو)ی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرا[7].
2. میتۆدی سیستەمی سۆزداریی (ریدی): لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت خستنەڕووی بەختەوەری وەک مافێک کە شیاوی بە کاربردن نییە (حق غیر قابل للتصرف) و وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەستکردن بە خەمۆکی و ستەمکاری و زەوتکردن لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانییدا لێک بدرێتەوە. واتە (بەختەوەری) گوزراشتکردن بوو لە سیستمێکی سۆزداریی نوێ، کە مەبەست لێی جێگرتنەوەی ئازاری کۆلۆنیالیزم بوو[8].
3. میتۆدی کۆمەڵگە سۆزدارییەکان (ڕۆزنڤین): دەتوانرێت واژۆکارانی جاڕنامەکە، وەک (کۆمەڵگەیەکی سۆزداری) تەماشا بکرێن، کە دیدێکی سۆزداریی یەکگرتوویان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی هەبوو. بۆ نموونە تۆماس جێفرسۆن (بەختەوەری) وەک زاراوەیەکی یاسایی نەنووسیوە، بەڵکوو وەک سەدا و دەنگدانەوەی هەستێکی بەکۆمەڵی دەستەبژێرێک داناوە، کە (ئەلێکساندەر پۆپ)یان خوێندووەتەوە و بەختەوەری بە ئامانجی مرۆڤ دەزانن[9].
جەستە و سۆز و بواری گشتی:
یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی مێژووی سۆزەکان، ئەو گواستنەوەیە بوو، کە لە ڕوانین بۆ دانانی سۆز وەک پرسێکی (خودی ناوەکی) بۆ بینینی وەک دیاردەیەکی (بەرجەستەکراو)ی پەیوەست بە بواری گشتی و ژینگەی ماددییەوە گۆڕا. سۆز لە ڕێگەی جەستەوە پراکتیک دەکرێت، هاوکات بەپێی ئەو ژینگەیەی کە تێیدایە، سنوودار دەکرێت یان هان دەدرێت. لێرەدا پشکدارییەکانی کەسانێکی وەک (مۆنیک شیر Monique Scheer) کە چەمکی (سۆز وەک پراکتیک)ی پەرەپێدا، ئەویش بە سوودوەرگرتن لە تیۆریی کایەی کۆمەڵایەتیی (پیێر بۆردیۆ). بە بڕوای (شیر) سۆز تەنها لە هەناوی دەروونەوە لەدایک نابێت، بەڵکوو لە ڕێگەی سرووت و جووڵە و زمانەوە پێک دێت و دەبێتە خوویەک، کە لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە[10].
لەم ڕوانگەیەوە لێکدانەوەکان جیاوازن: هەندێک لە توێژەران وەک بوونێکی داخراو و سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ جەستەدا دەکەن (bounded body)، بەڵام هەندێکی تر وەک قەوارەیەکی پێکداچوو و تێکچڕژاو لەگەڵ ژینگەکەیدا (prous body) لێی دەڕوانن، کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەندازیاری تەلارسازی و شتەکان و پەیوەندییەکان، ئەمەش ئاسۆگەلێکی نوێ بۆ خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان سۆز و شوێن و یادەوەریی بەکۆمەڵ دەکاتەوە.
شەرمەزاری وەک نموونە
پیتەر ستیرنز لە کتێبی (شەرمەزاری: مێژوویەکی کورت)[11]دا، نموونەیەکی پراکتیکی دەخاتە ڕوو، بۆئەوەی ئەوە پیشان بدات کە مێژووی سۆزەکان دەتوانێت چ (زانین)ێک بەرهەم بهێنێت. ئەو تەنها هەر باسی پەرەسەندنی شەرمەزاری لە کولتوورە جیاوازەکاندا ناکات، بەڵکوو ئەوە شی دەکاتەوە، کە چۆن وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی بەکار هێنراوە، بەتایبەت لە کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکانی پێش سەردەمی نوێ، واتە لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا. دواتر لەگەڵ پەرەسەندنی تاکگەرایی لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ڕۆڵی شەرمەزاری دەستی بە پاشەکشەکردن کرد، بۆئەوەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا بە شێوەگەلێکی نوێی وەک (شەرمەزاریی میدیا) و (شەرمەزاریی جەستەیی) بگەڕێتەوە.
ستیرنز بە وردی مەترسیی بەراوردکردنی ڕەوشتی باو لە نێوان ئەو کۆمەڵگەیانەی کە سەرنج لەسەر (شەرمەزاری) و ئەو کۆمەڵگەیانەی سەرنج لەسەر ( تاوانبار) چڕ دەکەنەوە، ڕوون دەکاتەوە. ئەو وادەبینێت، ئەو کۆمەڵگەیانەی لەسەر چەمکی شەرمەزاری ڕاوەستاون، لەڕووی ئاکارییەوە لە کۆمەڵگەکانی دیکە کەمتر نین، بەڵکوو تەنها ئەوەیە کە ئەوان خاوەنی سیستەمێکی ئاڵۆزی ڕێکخستنی ڕەفتاری بەکۆمەڵن[12]. ئەمەش توێژینەوە لە شەرمەزاری دەکاتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی (دەسەڵات و ناسنامە و دیسیپلینەکان) لە کۆمەڵگاکاندا و لەمیانەی تێپەڕبوونی کاتدا.
ڕەخنە لە دابەشکردنە زەمەنییەکان و بانگەشەکردن بۆ پێکداچوونی مەعریفی
ئەوەی ڕۆزنڤین، ڕیدی، شێر و ستیرنز یەکدەخات، ڕەخنە توندەکەیانە لەو دابەشکارییە زەمەنییە نەریتییەی کە سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست و نوێ لەیەکتر جیا دەکاتەوە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، سۆزەکان ئەو جۆرە پچڕان و دابڕانە زەمەنییانە ناناسن، بەڵکوو بە شێوەیەکی نەرم و نیان بەپێی سەردەمەکان دەجووڵێن و دەگۆڕدرێن و خۆیان دەگونجێنن، بەپێی گۆڕانکارییە سیاسی و ئایینی و تەکنەلۆژییەکانیش دادەڕێژرێنەوە. بۆیە لێکۆڵینەوە لە سۆزەکان ئەوە لە مێژوونووس دەخوازێت، کە خۆی لە سنووری سەردەم (قۆناغ)ە مێژوویییەکان ڕزگار بکات و شێوازێکی مێژووییی ماوەدرێژ بگرێتەبەر.
جگە لەوەش زۆربەی تیۆریستەکانی مێژووی سۆزەکان، داوای (بەیەکداچوونی مەعریفی زیاتر) دەکەن. چونکە ناتوانرێت سۆزەکان بە دابڕان لە دەروونناسی، مرۆڤناسی، زمانناسی، زانستی مێشک و دەمار و… تاد لێی بکۆڵرێتەوە، ئەمەش وایکردووە، ئەم کایە ببێتە یەکێک لە کراوەترین بواری هاوکارییە توێژینەوە هاوچەرخەکان. لەم ناوکۆیەدا (ستیرنز) ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرهەمی مێژوونووسان دەتوانن ڕاستەوخۆ لە پەرەپێدانی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی هاوچەرخدا بەشداری بکەن، هەروەک مێژوو خۆی دەبێتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە ئێستا، نەک تەنها ڕابردوویەکی مردوو[13].
بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین مێژووی هەستەکان تەنها هەوڵێکی ڕۆمانسی نییە، بۆ زیندووکردنەوەی سۆزە لەبیرکراوەکان، بەڵکوو پڕۆژەیەکی زانستی ڕەخنەگرانەیە، کە سەرلەنوێ پرسیار لە بنەڕەتەکانی خودی مێژوونووسی دەکات. ئەویش بە سەرنج خستنە سەر سۆزەکان، تیشک دەخاتە سەر پەراوێزخراو و فەرامۆشکراوەکان، دەنگ و شوێنیش بۆ مرۆڤە بێدەنگەکانی مێژوو دەگێڕێتەوە، وەک: ژن، منداڵ، پەراوێزخراوەکان و تەنانەت جەستەکانیش. ئەوە مێژووی چرپە و فرمێسکەکانە، نەک تەنها مێژووی گوتار و شمشێرەکان.
بەم واتایە مێژووی سۆزەکان تەنها کایەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو بانگهێشتکردنێکە بۆ سەرلەنوێ بەخۆداچوونەوە، بۆ ئەو بیرکردنەوانەی بەرامبەر بە مێژوو هەڵمانگرتووە، و دان بەوەشدا بنێین، کە ئەوەی مرۆڤەکان بە درێژاییی سەردەمەکان دەجووڵێنێت، تەنها بەرژەوەندی و عەقڵانییەت نییە، بەڵکوو خۆشەویستی و توڕەیی و ئازار و ترسیشە.
(٢٨/٦/٢٠٢٥)
[1] (FRANCESCO BUSCEMI: What is the History of Emotions? Barbara H. Rosenwein and Riccardo Cristiani, (https://oajournals.fupress.net/index.php/cromohs/article/download/11714/11236/13335).
[2] ( Barbara H. Rosenwein and Riccardo Cristiani, What is the History of Emotions? (Cambridge: Polity Press, 2018).
[3] ( William M. Reddy, The Navigation of Feeling: A Framework for the History of Emotions (Cambridge: Cambridge University Press, 2001).
[4] ) Barbara H. Rosenwein, Emotional Communities in the Early Middle Ages (Ithaca, NY: Cornell University Press, 2006).
[5] ) Barbara H. Rosenwein and Riccardo Cristiani, What is the History of Emotions? (Cambridge: Polity Press, 2018).
[6] ) FRANCESCO BUSCEMI: What is the History of Emotions? Barbara H. Rosenwein and Riccardo Cristiani.
[7] ) FRANCESCO BUSCEMI: What is the History of Emotions? Barbara H. Rosenwein and Riccardo Cristiani.
[8] ) FRANCESCO BUSCEMI: What is the History of Emotions? Barbara H. Rosenwein and Riccardo Cristiani.
[9] ) FRANCESCO BUSCEMI: What is the History of Emotions? Barbara H. Rosenwein and Riccardo Cristiani.
[10] ) Monique Scheer: Are emotions a kind of practice (and is that what makes them have a history)? A Bourdieuian approach to understanding emotion, (https://philpapers.org/rec/SCHAEA-6), (28/6/2025).
[11] ) Peter N. Stearns, Shame: A Brief History, University of Illinois Press, 2017.
[12] ) Peter N. Stearns, Shame: A Brief History, University of Illinois Press, 2017.
[13] ) Peter N. Stearns, Shame: A Brief History, University of Illinois Press, 2017.