“ئاگرکەوتنەوەکان”، هەنگاوێک لە دۆزەخەوە دوورە

نموونەی دەقێکی "وەجدی معەوەد" لەنێوان واقیع و شیعرێکی خەونەئامێزدا

“ئاگرکەوتنەوەکان”، یەکێکە لە شانۆنامە دیارەکانی شانۆنامەنووس و دەرهێنەر “وەجدی معەوەد”، کە تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمان و لەسەر بەشێک لە شانۆ گرینگەکانی ئەوروپا نمایش کراوە. ئەم شانۆنامەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٣دا نمایش کراوە.

بە کورتی، پوختەی دەقەکە باسی خوشک و برایەک دەکات؛ ژان و سیمۆن، کە تازە دایکیان مردووە و وەسێتنامەیەکی بۆ بەجێ هێشتوون. لەو وەسێتنامەیەدا دایکیان، کە ناوی “نەوال”ە داوایان لێ دەکات بگەڕێن بە دوای باوکیاندا، کە لەوان وایە مردووە و بیدۆزنەوە، چونکە لە ژیاندا ماوە، هەروەها برایەکی لێوانلێو لە ڕاز و نیازی نەناسراویشیان هەیە، نامەیەکی بۆ داناوە، کە ئەویش بدۆزنەوە و نامەکەی بدەنێ. دایکیان لە ئەنجامی شەڕێکی درێژی ناوخۆیدا، لە زێدی خۆی هەڵهاتووە. “ژان” دەڕوات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئاماژەکان بۆ لوبنانە، بێ ئەوەی ناوی ئەم وڵاتە، یان هیچ وڵاتێکی تر بهێنێت، تا بە دوای ڕابردووی خۆی و هەروەها دایکیشیدا بگەڕێت. ئەم خوشک و برایە، خۆیان دەگەیەننە ئەو وڵاتەی دایکیانی لێوە هاتووە: بە ناو گوندە دوورە سووتاوەکان، دایەنگە کاول و چۆڵ و هۆڵەکان، بەندیخانە داخراوەکان و ڕێگا پر مەترسییەکاندا دەڕۆن و دەچنە ناو تاریکییەوە. ئەم سەفەرەی “ژان”، و دواتریش “سیمۆن” گەشتێک دەبێت بۆ ناو ڕەشاییی دڵ، بۆ شوێنێکی قووڵی پر لە توندوتیژی و جەنگێکی درێژخایەنی بێ کۆتا، بۆ تونێلەکانی شەڕ، هاوکات بۆ خۆشەویستییەکی بێ سنوور. ئەم گەشتە گەشتێکی پڕ مەترسییە سەبارەت بە شووناس؛ هاوکات باسی چیرۆکی ژیان و مەرگ، هاوکات کۆمەڵگە دەکات، کە لە ئەنجامی شەڕدا هەڵوەشاوە، بەڵام تروسکەی هیوایەکیشی تیایە بۆ لێبوردەیی.

“وەجدی معەوەد” نووسەرێکی بە نەژاد لوبنانییە و لە کەندا گەورە بووە، جگە لە نووسین، ئەکتەر و دەرهێنەریشە و ناوێکی دیارە لە شانۆی کەندی/فەڕەنسیدا، ئەمەیش بە تایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ شانۆنامەی “ئاگرکەوتنەوەکان”، کە ڕەهەندێکی سیاسی چڕ و بەهێز لەخۆ دەگرێت و بە شێوەیەکی سمبۆلی کار لەسەر زەمەن دەکات؛ هەموو کات و شوێنەکان تێک دەشکێنێت و بە وریایییەوە تێکەڵاویان دەکات. لەم بونیادە شانۆیییە سەختەوە وێنای چەند نەوەیەکمان لەو مرۆڤە تێکشکاوانه‌ بۆ دەکات، کە جەنگە یەک لە دوای یەکەکان وێرانی کردوون. هەر لەنێو ئەم چیرۆکە تراجیدیاوە ئەو خۆشەویستییەشمان بۆ دەردەخات، کە دەبێتە هەڵگری هەموو ئازارەکان و هۆکاری بەشێک لە کارەساتەکان و شاهێدی ئەو مێژووە خوێناوی و دڵرەقەشی داب و نەریت و شەڕەکان دەیخوڵقێنن. ئەوەی لەم شانۆنامەیەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت، ئەوەیە، کە مرۆڤ پێکەوە هەڵگری مێژوویەکن، زۆر لە ویستی تاکەکەس گەورەتر و سەخترە. لەم مێژووەدا، زۆر بە ئاسانی مرۆڤ بریتییە لە پوختەی شەڕێکی بەردەوام، ڕق و کینە، بەڵام خۆشەویستی و لێبوردەیش بەشێکە لەو مێژووە.

“وەجدی معەوەد” خۆی نەوەی جەنگە، لە ساڵی ١٩٦٨ لە لوبنان لە دایک بووە، لەگەڵ خێزان و بنەماڵەکەیان، بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە ڕادەکەن و بۆ ماوەیەک لە فەڕەنسا دەمێننەوە، بەڵام دواتر مافی پەناهەندەیی وەرناگرن و دەیانگەڕێننەوە بۆ لوبنان، سەرلەنوێ ڕادەکەنەوە لە کەنەدا و لە شارێ مۆنتریاڵ دەگیرسێنەوە. گرینگترین دەقە شانۆییەکانیشی بریتین لە: “باڵندەکان، ڕۆژی زەماوەند لە کرۆماگنۆن۱، هێڵی کەنار، دارستانەکان، ئاسمانەکان، ئاگرکەوتنەوەکان۲.”

“وەجدی معەوەد” لەنێوان ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٤ بەڕێوبەری هونەری شانۆی Montreals Theatre de Quat´Sous بووە لە کەندا، هەروەها بەڕێوبەری هونەری سەنتەری شانۆی نەتەوایەتی فەڕەنسی بووە، هەر لە کەنەدا، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەڕێوبەری شانۆی Théatre national de la Colline یە لە پاریس. تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی وەرگرتووە.

شانۆنامەی “ئاگرکەوتنەوەکان” چەندین توێژ لەخۆ دەگرێت، کە پێکەوە تراجیدیایەک دەخوڵقێنێت، یان دۆزەخێک دەکرێ کەسانێکی زۆر لە خەڵکی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، خۆی تیا ببینێتەوە. یەکێک لە پرسیارە گرینگەکان، بۆ نموونە ئەوەیە “نەوال”، کە یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ده‌قه‌ و کە شانۆنامەکە دەست پێ دەکات، ئەو تازە مردووە، بۆچی لە پێنج ساڵی کۆتایییەکانی ژیانیدا بێدەنگ دەبێ و بە هیچ شێوەیەک یەک وشەیش لە دەمی نایەتە دەرەوە؟ چ نهێنییەکی خێزان و بنەماڵەکەیانی هەڵگرتووە؟ دوای مردنەکەی، بەپێی ئەو وەسێتنامەیەی لە دوای خۆیەوە بەجێی هێشتووە و لە ڕێگای پاڕێزەرەکەیەوە، کە لە هەمان کاتدا هاوڕێیەکی نزیکیشی بووە، دەگاتە دەستی منداڵەکانی، داوا لە کچ و کوڕەکەی، کە دووانەن و بە سکێک لە دایک بوون، “ژان و سیمۆن”، دەکات بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و نهێنی و ڕاز و نیازی نەژادی خۆیان بدۆزنەوە. چەندە ئەم خوشک و برایە، نزیک دەبنەوە لەو بێدەنگییەی دایکیانەوە، هێندە نزیک دەبنەوە لە ئاشکرا کردن و پەردە هەڵماڵین لەو تراجیدیایەوە، کە سەرلەبەری ژیانیان دەگۆڕێت و ئەو دنیایەی ئەوانی تا ئەو کاتە تیا ژیاون، سەرەولێژ دەکات. ئەم خوشک و برایە، بێ ویستی خۆیان، ئازارێکی گەورەیان بە میراتی بۆ دەمێنێتەوە، کە بەشێکی لە بیرکراوی ئەو تراجیدیایەیە، “نەوال”ی دایکیانی بۆ هەتاهەتایە بێدەنگ کردووە، کە ئەوانیش ناچار دەکات گوێ لەو بێدەنگییە بگرن و لەگەڵی بژین. لە کۆتاییی شانۆنامەکەیشدا، “سیمۆن” دەڵێت: “ژان، با جارێکی تر گوێ لە بێدەنگی دایکم بگرم.” “ژان و سیمۆن گوێ لە بێدەنگی دایکیان دەگرن.”

گەڕانی “سیمۆن و ژان” بە دوای باوک و برایەکی نەناسراودا، هاوشانە لە گەڕانەوەی زەمەندا، بە گەڕانی “نەوال” بە دوای کوڕەکەیدا. لەم گەڕانەدا زەمەن، ئێستا و ڕابردوو لە تێکەڵاو بوونێکی بەردەوامدایە و هیچ سنوورێک نە بۆ کات و نە بۆ شوێن نامێنێت. ڕووداوەکانی دەقەکە، بە دوو هێڵی ئاسۆیی و لەسەر دوو ئاستی جیاواز بەرجەستە دەبن، لەلایەک ئێستایە و “ژان و سیمۆن” بە دوای ڕابردووی خۆیان و دایکیاندا دەگەڕێن، لە لایەکی تریشەوە ڕابردووە، کە “نەوال” لەگەڵ “سەودا”ی هاوسەفەریدا، بەناو ئاگری شەڕەکەدا دەڕۆن، بێ ئەوەی بزانرێت ئەم شەڕە بۆ دەکرێ و لەسەر چییە! ئەم دوو ژنە بەدوای کوڕەکەی “نەوال”دا دەگەڕێن، کە بە گەنجی و بەر لە شەڕەکان، لە ئەنجامی خۆشەویستییەکی گەورەوە لە دایک بووە، بەڵام لە “نەوال”ی دوور دەخەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو منداڵەی بە ناشەرعی لە کەسێک بووە، کە سەر بە تیرە و دینێکی تریشە. کورپەکەی ون دەکەن و خۆشەویستەکەشی ڕادەکات. لەم گێژاوەدا، لەنێو ئەم تراجیدیایەدا، ڕووبەرووی “نیهاد” دەبینەوە، کە کوڕەکەی “نەوال” و برای “سیمۆن و ژان”ە، بووە بە پیاوکوژێکی سادیزمی پلە یەک، ئەشکەنجەی خەڵکی داوە، ژن و پیاو و منداڵی کوشتوە و دەستدرێژی کردۆتە سەر ژنان. کە “نەوال”یش دەکەوێتە بەندیخانەوە، کوڕەکەی ئەشکەنجەی دەدات و دەستدرێژی دەکاتە سەری و دووگیانی دەکات، بێ ئەوەی کەسیان بزانن، کە دایک و کوڕن.

سەلیقە و توانای “وەجدی معەوەد” لەم پێکەوە بەستنەوە دراماتۆرگییەدا دەردەکەوێت، کە لە هەمان کاتدا هەڵوەشانەوەی ئەو زەمەن و شوێنە درامییەیە، کە بنەماکانی دەقەکەی پێکهێناوە. “نەوال” دایکی ئەم خوشک و برایە، لەنێو ئاگری ئەم شەڕە خوێناوییەدا، خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین و بیرکردنەوە دەکات، تا بتوانێت ڕووبورووی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارییەی، کە چەندین نەوەیە، دایک و کچەکان دەچەوسێننەوە و دەیان کوژن، ببێتەوە. “نەوال” لەم شەڕە خوێناوییەدا، بەردەوام گۆرانی دەڵێت و “بەو ژنەی گۆرانی دەڵێت” ئاماژەی بۆ دەکرێت؛ هێزی ئەو ئاوازەی لە قورگیدایە، سمبولی ئەو بەرگری و بەرگەگرتنەیە، کە نەوەی “نەوالەکان” و نەوەکانی تر کردوویانە.

هەموو شانۆنامەکە، لە فۆرمێکی خەونەئامێزدا، کە نزیکە لە جیهانێکی شیعرییەوە، یەک لە دوای یەک توێژەکانی دادەماڵێت و چیرۆکێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە خێزان دەبێتە قوربانی داب و نەریت. شەڕ و خۆشەویستی، وەک دوو تەوەری دژ بەیەک، چی لە کۆمەڵگە و مرۆڤ، بە گشتی و ژن بە تایبەتی دەکات. “ئاگرکەوتنەوەکان” ئەو چیرۆکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە چۆن تەنگەژە دەروونییەکانی جەنگ لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەمێنێتەوە و وەک نەفرەتێک ژیانی نەوەکان وێران دەکات. ئەوەشمان لە بیر نەچێت، کە ئەم دەقە باسی بەرگری دەکات، کە چارەنووسی مرۆڤەکان لەسەر ئەو بەردە هەڵدەکۆڵێت، کە دواجار لە ژوور سەری گۆرەکانماندا بەرز دەبێتەوە.

“وەجدی معەوەد” لەم دەقەیدا، لەسەر ئاستێکی بەرز پەردە لەسەر چیرۆکی ئەو پاشخانە مێژوویی و کولتوورییەی خۆی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵدەماڵێت، کە لێوەی هاتووە. باسی خۆی و هەزارەها کەسی تر دەکات، کە لەناو جەنگە یەک لە دوای یەکەکاندا لە دایک بوون و گەورە بوون، باسی ئەو هەزارەها پەناهەندەیە دەکات، کە بە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و هەستی قوربانی و جەلاد، لە شوێنێکی تر و کاتێکی تردا، تێکی شکاندوون. ئەو چیرۆکانەی پەناهەندەکان ناتوانن بۆ کەسی بگێڕنەوە، ئەو نهێنییانەی، کە تەنانەت ناکرێت بۆ کەسە زۆر نزیکەکانی خۆشیانی باس بکەن و هێدی هێدی لەنێو بێدەنگیدا دەمرن. چیرۆکی ئەم خوشک و برایە، کە دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، دوای مردنی دایکیان تا ڕووبەڕووی ئەو جیهانە ببنەوە، کە خۆیان لێوەی هاتوون و ئەو وەڵامەشیان بۆ دەربکەوێت، کە دایکیان بۆ لەپڕ بۆ هەتا هەتایە بێدەنگ بوو. لەم گەشتی “خوشک و برایەدا” هاوتەریب لەگەڵ ئەو ژیانەی خۆیان، کە لە دەرەوەی وڵات و دوور لە زێدی خۆیانەوە بەسەریان بردووە، نهێنییەکانی ژیانی دایکیان “نەوال”مان لەنێو ئاگری شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی و کاره‌ساتباری توندوتیژەوە بۆ دەردەکەوێت، کە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی لەخۆ ناگرێت. یەکێک لەو حیوارە گرینگانەی ئەم دەقە، کە بەردەوام لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بە تایبەتی لەسەر دەمی “نەوال”دا، لە کۆنتێکستی ڕووداوەکاندا، دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیە: “ئێستا هەست دەکەم زۆر باشترە، کە هەموو پێکەوەین.” ئەمەیش گوزارشت لەو پەڕتەوازەییە دەکات، کە کۆمەڵگە بە هۆی شەڕەکانەوە دووچاری بووە.

ئەوەی لە “ئاگرکەوتنەوەکان”دا بە ڕوونی دیارە، بڕوای “وەجدی معەوەد”ە بە هێزی وشە و زمانێکی شیعری، بە خوڵقاندنی چیرۆکێک دەستپێکی لە وشە و شیعرەوە سەرچاوەی وەرگرتووە، هاوکات بە توانای مرۆڤ لە خوڵقاندنی پەیوەندییەکان لە کەشێکی پڕ لە سەربەستیدا، تەنانەت لەو شوێنانەشدا، کە بەهۆی جەنگەوە، هەموو شتێک لەنێو ڕق و توندوتیژییەکی بێ سنووردا وێران بووە. “وەجدی معەوەد” توانیویەتی زمانێک ببەخشێت بە شتێک، کە باس ناکرێت، بە تراجیدیایەک، کە لە توانای مرۆڤدا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەرگیز هەستی لێبووردەیی و خۆشەویستی لە دەست نادات.

وەجدی معەوەد (١٩٦٨-) نووسەر و دەرهێنەری لوبنانی-کەنەدایی

نووسەر لە شانۆنامەی “ئاگرکەوتنەوەکان”دا دراماتۆرگییەک بەکار دەهێنێت، کە لە زۆربەی دەقەکانی تریدا کاری لەسەر کردوون، لەنێوان دوو هێڵی جیاوازی دوو زەمەنی جیاوازەوە چارەنووسی ژیانی کەسانێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەشێکە لە مێژوویەکی گەورە، کە ئەویش ئەو هەموو جەنگی ناوخۆیی و شەڕە یەک لە دوای یەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە کۆتایی نییە. کارەکتەری “نەوال” ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە مێژوو پارچە پارچە بووە، کە دەکرێت پارچە پارچە چارەسەر بکرێتەوە، ئەمەیش پەیامی دەقەکەیە، کە دەبێت مرۆڤ ئەو توانا و بوێرییەی هەبێت، هەندێک جار بڕیاری سەخت بدات، کە وەک نۆشکردنی ژەهر وایە، تەنیا بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت.

“وەجدی معەوەد” لە نووسینی ئەم دەقەیدا سروشی لە درامای گرێکی وەرگرتووە، بەتایبەتی لە مەسەلەی چارەنووسە تراجیدیاکاندا، هەروەها بنەماکانی خێزان بۆ کۆنتێکستێکی درامایەکی تراجیدی مۆدێرن. مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت لە ڕەگ و ریشەی خۆی و لە نەژاد و مێژووی خۆی ڕابکات، بەڵام دەتوانین، وەک کارەکتەری “نەوال” لەم دەقەدا زمانێک بۆ خۆمان دەستەبەر بکەین، تا بتوانین بیر بکەینەوە، شاهێدی ئەوە بین، کە بەسەرمان هاتووە، هاوکات لەگەڵ هەموو ڕق و کینە و کارەساتەکاندا، دەتوانین بڕوا بە خۆشەویستییەکی بێ سنووری بێ سازش بکەین. دەقەکە زۆر بە قووڵی باسی سێبەری ئەو گوناهانەمان بۆ دەکات، کە وەک میراتی بۆ نەوەکان دەمێننەوە و ژیانیان ژەهراوی دەکات، هاوکات ئەو کاریگەرییە زۆر خراپەی بەسەر منداڵی نەوەکانەوە بەجێی دەهێڵێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە، لە سەفەری ئەم خوشک و برایەدا جۆرە شەڕێکی ناوەکی هەڵدەکشێت، بە تایبەتی، کە ڕاستییەکان دەبێتە بارێکی گەورە و گران، بۆ بەرگری و بەرگەگرتن.

ژان: سیمۆن چیت لە من دەوێ؟ بۆچی هاتووی بۆ لای من؟

سیمۆن: لەبەر ئەوەی هەموو لەو بڕوایەدان تۆ مردوویت!

ژان: من باشم. دەتوانی بڕۆی.

سیمۆن: نەخێر، تۆ باش نیت و منیش ناڕۆم.

ژان: هاوار مەکە.

سیمۆن: تۆ وات لێ هاتووە، وەک دایکم ڕەفتار دەکەی.

ژان: سیمۆن، من چۆن ڕەفتار دەکەم پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە.

سیمۆن: نەخێر. پەیوەندی بە منیشەوە هەیە! تۆ تەنیا منت هەیە و منیش تەنیا تۆم هەیە. تۆ وەک دایکم ڕەفتار دەکەیت.

ژان: من هیچ ناکەم.

سیمۆن: هیچ ناڵێیت. وازت لە قسەکردن هێناوە. وەک ئەو. ڕۆژێک گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و لە ژوورەکەی دەرگای لەسەر خۆی داخست. لە پشت دەرگاکەوە دانیشت. ڕۆژێک. دوو ڕۆژ. سێ ڕۆژ. هیچ ناخوات. هیچ ناخواتەوە. ون دەبێت. جارێک. دوو جار. سێ جار. چوار جار. دەگەڕێتەوە. هیچ ناڵێت. ناو ماڵەکەی دەفرۆشێت. تۆ هیچ ناو ماڵێکت نەماوە. کە زەنگی تەلەفۆنەکەی لێ دەدات، وەڵام ناداتەوە، زەنگی تەلەفۆنەکەی تۆ لێ دەدات، وەڵام نادەیتەوە. ئەو دەرگای لەسەر خۆی داخست. تۆیش دەرگات لەسەر خۆت داخستووە. تۆ هیچ ناڵێت.

ژان: سیمۆن، وەرە لە تەنیشتمەوە دابنیشە. گوێ بگرە. گوێ لەمە بگرە.

“ژان، یەکێک لە هێدفۆنه‌کانی دەدات بە سیمۆن و سیمۆن دەیخاتە گوێیەوە، ژان-یش ئەوی تریان دەخاتە گوێی خۆیەوە. هەردووکیان گوێ لە بێدەنگی دەگرن.”

“وەجدی معەوەد” لە خێزانێکی مەسیحیدا لە دایک بووە، خێزانەکەیان لە حەفتاکانی شەڕی ناوخۆی لوبنان ڕادەکەن، “وەجدی معەوەد” لەنێو ئەم شەڕانە و ئەم ڕاکردنانەدا، لە تاراوگە و لەناو پەناهەندەکاندا گەورە دەبێت. ئەم نووسەرە هەردەم شانۆی وەک ئامڕازێک بۆ ئەوە بەکار هێناوە، کە مرۆڤ مافی ئەوەی هەبێت، خۆی بتوانێت خوێندنەوەی بۆ ڕووداوە سەخت و پڕ لە کێشەکاندا هەبێت. بە شێوەیەکی گشتی شانۆنامەکانیشی، کە لە ڕووی زمانەوە ده‌وڵه‌مه‌ندن، باسی مرۆڤ ده‌که‌ن، وەک ئیندیڤید، کە هەوڵی دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و پاشخانە کولتوورییەکەیان دەدەن. زمانەکەی “وەجدی معەوەد” لەنێوان قسەی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە و ئاستێکی بەرزی شیعریدا، مێژووە بچووکەکانی کارەکتەرەکانی، سەبارەت بە بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، دەبەستێتەوە بە چیرۆکە گەورەکانەوە.

ژان و سیمۆن بەرامبەر یەک دانیشتوون.

سیمۆن: ژان. ژان.

ژان: سیمۆن!

سیمۆن: تۆ هەمیشە وتوتە یەک و یەک دەکاتە دوو. بە ڕاست وایە؟

ژان: ئا… ڕاستە…

سیمۆن: درۆت لەگەڵ نەکردووم؟

ژان: نا! یەک و یەک دەکاتە دوو!

سیمۆن: هەرگیز نابێتە یەک؟

ژان: سیمۆن، چیت زانیووە؟

سیمۆن: وەڵام بدەرەوە! دەکرێ یەک و یەک بکاتە یەک؟

ژان: ئا.

سیمۆن: چۆن چۆنی؟

ژان: سیمۆن.

سیمۆن: بۆم ڕوون بکەرەوە!

ژان: نەفرەت، ئێستا کاتی ماتماتیک نییە، باسی بکە چیت زانیووە!

سیمۆن: بۆم ڕوون بکەرەوە چۆن یەک و یەک دەکاتە یەک. تۆ هەمیشە وتوتە من هیچ تێناگەم. ئیستا ئەو شانسەت هەیە! بۆم ڕوون بکەرەوە!

سەرچاوە:

Wadji Mouawad, Bränder, översättning av Katrin Ahlgren.


۱-کرۆماگنۆن، بە مانای چاخی بەردین دێت.

۲ -ئاگرکەوتنەوەکان لە ساڵی ٢٠١٠ بە فەڕەنسی کراوە بە فیلم. لە سوید ناونیشانی فیلمەکەیان کردووە بە “نهێنییەکانی نەوال”