ئێوارەیەکە
هەوا
بە توونی تەماکۆی نەکێشراوە و
دیمەن
بە ڕەنگی چاییەکی ڕەش و تۆخ
-بێ جگەرە و لە جیاتی چایی، قاوە-
لە کافەیەکی ئەدەبی…:
بیرت ئەکەم.
نازانم ناونیشانی ڕێکی
مەستم ڕەنگە
نازانم زیندووم یان مردوو
شیکاڵی ئەوینێکی خەستم ڕەنگە
نازانم
نا!
بەس ئەبینم، ئەبیسم، ئەزانم
ئەم ئەدەبیاتە کەلاوە لێت!
هەر هەنگاوێکم و هەر هەناسەیەک
هەر شەوێکم و هەر شێعرێک
هەر خەوتنێکم و هەر خەونێک
تۆی تیا نەبووبێ،
ئیمزای (فشقیات)ـم لەسەر کردووە و
وەکوو (گۆران)
منیش:
(گیانم بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە) بەڵام لێرەدا
بەهار تۆیت
باران تۆیت
باخ تۆیت
سەوزایی تۆیت
وەنەوشەکەش..
هەر تۆی.
**
ڕەگەکانم هەموو بدڕی
دڵۆپێکی تر شێعر نادۆزیتەوە
توێکڵی ئەم شێعرەش بگریتەوە،
بەشی ماچێکی تر خوێن نابینیتەوە
هەمووم.. لەسەر ئەوینێ دۆڕاند…
هەموو شتەکانیشم گۆڕاند
بادی شەلی (سەبا)م –کاتی گەنجیی شەل نەبوو-
خانەنشین کرد و
دایرێکتم کردەوە
مۆمم کوژاندەوە و پەروانەم خەواند
فڵانە دڵداری بیابانی و فڵانە ئاشقی کوێستانیم خستە گەنجەوە و
شەرابەکەم ڕژاند و جگەرەم داگرساند
بەڵام
سۆفییانەتر لە سەگ
ئاشقانەتر لە سۆفی
موئمینانەتر لە ئاشق
هەرگیز لاچاوێکیشم..
-ئەستەغفرەڵڵا!-
تۆم لابردایە، نەعوزوبیللا
شێعرییەت چی لێئەما…؟!
بۆ خۆشویستنت چیم نەکرد
پەنام بۆ چە وشەیە نەبرد
ڕەخنەم لە چە زمانێ نەگرت!
-کوردی نەبێ!
ویستم بیگرم بە کوردییەوە بڵێم:
بۆچی بۆ هەر دەنگێ ناوێ هەیە و
بۆ خۆشویستنت فعلێ…
بیرم کەوتەوە، من،
هەڵای بە هەورامی هەوارگەکانە وەشم نەسیانی و
هێشتا وە جافی لە ڕەشماڵەکانا خۆشم گەرەک نەوگی و
هەتا نها ب کورمانجی ژ تە حەز نەکرییە و
وە کەڵهوڕی دوسد نەیاشتمە
**
لە گوێما ئاوازی سەرەفرازی بخوێنە
لە گوێما بجریوێنە
بسریوێنە
من شاعیری شاری شەڵاڵی شەڕم!
شەوانە نە دەنگی جیڕە جیڕی جیرجیڕک گوێم ئەلاوێنێ
دەنگی کامیۆنە بارییەکان گوێم ئەژاکێنێ
ڕۆژانە نە دەنگی چۆلەکە و قاڵاو
دەنگی ژەنگهێناوی درۆزنان گوێم ئەخنکێنێ
من شاعیری شاری شەڵاڵی شەڕم
ئەمەوێ خۆم لەم شارە خاوێن کەمەوە،
لە کڵێسەی ئەوینتدا بە بڵێسەی وجوودت
غوسڵی تەعمید بگرم و بڵێم
بۆ من
ئیتر ڕۆژ
هەڵاتنی خۆر و، تیشک و گزنگ و پرشنگی نییە
ڕۆژ
قووڵایی تاریکترین تاڵەکانی پرچتە
ئیتر شەو
نیشتنی خۆر و، شاڵاوی تاریکی و بارانی تریفە نییە
شەو
خەوی ناو باوەشتە
ئیتر غوربەتیش،
دووری لەو نیشتمانە نییە وا هەڵیانبژارد بۆم
غوربەت دووری لەو نیشتمانەیە وا
خۆم هەڵمبژارد بۆ خۆم…
