دوای نیوسەدە بۆ (نامۆ) هەر نامۆیە؟
(سەرنجێک لەسەر دواهەمین پیشانگەی نامۆ ڕۆستەمزادە)
“مرۆڤ لە قووڵایی خۆیەوە هاوار دەکات هەمووی ئەم سەردەمە بووەتە زریکەیەکی گوێکەڕ کەر، هونەریش دەقیژێنێت لەنێو زونگاوێکی لیخن، هاواری بێ کۆتا، هاوارێک بۆ ڕۆح.”
ئێکسپرسیۆنیزم ئەمەیە[1]
هێرمان باڕ
گەلەریی کەونارا بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی گۆتە لە ڕۆژانی ١٦ی٦ تا ٢٣ی ٦ ی ٢٠٢٥ پیشانگەیەکی تایبەتییان لە ژێر ناوی (بەرهەمە نەبینراوەکانم) بۆ هونەرمەند نامۆ ڕۆستەم زادە کردەوە و ئەم نووسینە سەرنجێکە لەسەر بەرهەمەکانی ئەو پیشانگەیە.

مرۆڤێک لە زەلکاوێکدا بە شێوەیەکی تێکشکاو و داڕماو هاوکات کە هێزی ئەوەی تیایە بتوانێت وا سەرنج بدات، وات لێ بڕوانێت و وات لێ بکات کە لە خۆت ڕابمێنی و بترسیت، ترسێک لەوەی کە بۆ دەبێت مرۆڤێک لەم ئاستە لە گرۆتێسک کە ئێستاش لە هەناسە نەکەوتبێت کە هیچ، تەنانەت بە سەرنجدانی قامچی بارانت بکات. وات لێ بکات هاوکات کە سەرنجی ئەو دەدەیت بگەڕێیتەوە و لە خۆت ڕابمێنی کە من چیمە؟ بۆ وا سەرنجم دەدات؟ بۆ وا لێم دەڕوانێت؟
ئەم تێڕوانینەی ئەو بۆ خۆی گەورەترین پرسیار لە تۆدا دروست بکات مرۆڤی نامۆ مرۆڤێکە پرسیارمەند کراوە و تووشی پرسیارت دەکات. ئەمە ئەو مرۆڤەیە کە لە بەرهەمی (نامۆ)دا لە بەرامبەرت ڕاوەستاوە.
ئەگەر مرۆڤی ناو تابلۆکانی (نامۆ) وەک نامۆ باس بکەین، تووشی چەند پرسیار دەبین: تۆ سەرنجی چی دەدەی؟ ئەم مرۆڤانە بۆ وان؟ ئەم مرۆڤە تێکشکاوانە لە چی ڕاماون؟ من چیمە کە ئاوا سەیرم دەکەن؟ پرسیاری چی و داوای چیم لێ دەکەن؟ دەیان پرسیاری دیکەش کە بە هەر جارێک لە تێڕوانین تووشی دەبین و لە هەر بەرهەمێکدا تووشی دەبین، جارێک بە تاک لێمان دەپرسنەوە، جارێک بە کۆمەڵ.
مەبەستی ئێکسپرسیۆنیزم دیتنەوەی ڕێگایەک بوو بۆ دەربڕینی هەستەکانی مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت دۆخێک کە ئینسانی سەردەم تیا گیری کردووە باشتر بناسێنێت.
ئەو هێڵانە کە لە بەرهەمهێنانی ئەو مرۆڤەی کە لە تابلۆکاندا دەبینرێت، هاوکات ئەو ڕەنگە زەقانەی کە شێوەکار هەوڵی داوە بۆ ئەو فیگۆرانە کەڵکی لێ وەرگرێت تەنیا بۆ ئەوە نەبووە کە بتوانرێت بەرهەمێکی شێوەکاری پێشکەش بکات، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەک کەڵکی لێ وەرگیراوە کە بەردەنگی پێ بترسێنێت، بەردەنگی پێ هۆشیار بکاتەوە لەو دۆخەی کە هونەرمەند باسی دەکات. دۆخێک کەوا دەردەکەوێت هەڵکێشراوێک بێت لە هەستی هونەرمەند و ڕوانینی کۆمەڵگا.

لە ڕاستیدا ئەو فیگۆڕ و پۆرترێتانەی کە لە بەرهەمەکان دەبینرێن تەنیا بە شێوەیەک لێی تێدەگەین کە ئەمە لە مرۆڤ دەچێت بەڵام ئەرخەیان نین کە مرۆڤیش بێت لە جێگەیەک بەولاوە ناتوانرێت ناوی بنێین مرۆڤ.
بۆیە من لێرەدا دەستی یاری بۆ لای هایدێگەر درێژ دەکەم و ناویان دەنێم داڕماو ئەو ئەو مرۆڤەی کە بە تێڕوانینی هایدێگەری لە دازاین [2]دوور کەوتووەتەوە و داڕماوە لە نێو ئەو شتەی کە پێی دەڵێت ڕۆژانەی نادیار، ئەو جێگەیەی کە تاکەکان پێیان خۆشە بە شێوەیەک بە ڕۆژانەیی ژیان بەسەر ببەن. لە سەردەمێکدا بێ ڕەخنە و بێ سەرنجدان لە خۆیان، لەگەڵ هەموو شتێکی کۆمەڵگا ڕێک کەوتوون و سازاون، لێرەدا پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ڕەچەڵەکی جەوهەری خۆیان لە دەست داوە. تەنیا بۆئەوەی یەک دەست بن، لەگەڵ شەپۆلی کۆمەڵگا پێش دەڕۆن و نوقمی کۆمەڵگاێکی تووش بوو بە هێدۆنیزم- Hedonism ئەوەی دەیان بینین لە ڕاستیدا مرۆڤێکی بێ ڕەچەڵەک و دوور لە جەوهەرەی خۆیانن و دۆخ کردوونی بە مرۆڤێکی بەکارهێنەر و خولیایان بەکارهێنانی هەر شتێکە.

ئەمە بوونەوەرێکی مرۆڤ ئاسایە کە وەک قوڕی دەستی گڵێنەسازێک خەریکە بە دەستی کۆمەڵگا و بێ گرینگیدانی دۆخی خۆی بە هەر شێوەیەک پێیان خۆش بێ فۆرمی دەدەن و دروست دەکرێت و کەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ ئامرازەکانی خۆیان بێ ئەوەی سەرنج لە خۆی بدات و خۆی بوروژێنێت و
خۆی بخاتە ژێر ڕەخنە خەریکە ژیانێکی مایەپووچ بەسەر دەبات.
ئێستا بەردەنگ بەرامبەر ئەم مرۆڤە ڕاوەستاوە، کە بە تاک و بە کۆمەڵ دیارە لە تابلۆکاندا بەڵام ئەوەی کە بۆ ئەو نامۆیە خۆی نییە، بەڵکوو تۆی! بۆیە ئەوەی کە دەبێ خۆی بخاتە ژێر پرسیار و سەرنج، تۆی نەک مرۆڤی بەرامبەرت بۆ ئەوەی ئەو چینی سەردەستی کۆمەڵگایە و ئەوەی خراوەتە کەمینەوە لە سەردەمی هەنوکەییی مرۆڤی دازاینە ئەگەر هونەرمەند بێت.
ئەوە هونەرمەندە بە شێوەیەکی بەرچاو و لە ڕەوتێکی سەرنجڕاکێشی سەردەمیانە توانیویەتی هەستەکانی خۆی بخاتە ڕوو چون لەناو کۆمەڵگایەک دەژی کە پەراوێز خراوە. ئەم پەراوێزخستەش تێگەیشتن بێ یا ژیانی ڕۆژانەیی یا هەمووی ئەمانە پێکەوە.
هونەرمەند بە باشی کەڵکی لە ئێکسپرسیۆنیزمێک وەرگرتووە کە مرۆڤی تووشبووی هێدۆنیزمی سەردەم تێک بشکێنێت. وەک نامرۆڤێک کە لەناو زەق و دەقی ڕەنگەکان و دێفۆرمەبوونی هێڵەکان بێ بیرکردنەوە لەناو زەلکاوی ڕۆژانەدا لە چێژێکی بێ بنەمای بێکۆتایی خەریکە لاقەفرتە و دەستەفرتە دەکات.
هەر کەسیش ئەگەر لەو نەچێت قامکەی بۆ ڕادەکێشێت و لێ وەڕمێنێت وەکوو ئەوەی بیهەوێ ئەو وەک ریسوای کۆمەڵگا بناسێنێت. جێی باسە ڕەوتێک لە تێڕوانین لە شێوەکاری لەم سەردەمە خۆی دەرخستووە باسی تێپەڕبوونێک لەم دۆخە فەرعی یاخود ناڕاستەوخۆیە کە سەرنجەکان دەخاتە سەر خودی شێوەکار دەکات. دەڵێت چیدی شێوەکاری نموونەیەک نییە بۆ بیرکردنەوە لە سۆبجێکتێک بەڵکوو خودی سۆبجێکتەکەیە و دەبێتە کانگای تێفکرین و هەڵگۆزین و هزری نوێ. لەم ڕەوتە بە جێگەی ئەوەی بچین بە شوێن ڕێچکێکی تایبەت کە بتوانین بە یاریدەی ئەو بەرهەم ڕاڤە بکەین؛ لە دڵی خودی ئەزموونی بەرهەم و شێوەکار باوەڕی نوێ خەلق دەکرێن. کە بەم شێوە شێوەکاری خۆی دەبێتە کەرەستەیەکی هاوتەریب لەگەڵ دەروونشیکاری و فەلسەفە و زمان.
بەرهەمی ڤیلاسکێز فۆکۆ لە سەرنجێک لەسەر قەرەواشەکان
Las Menines» بەرهەمی ڤیلاسکێز-Diego Velázquez یاخود جیل دولوز-Gilles Deleuze لە شیکردنەوەی بەرهەمەکانی فرانسیس بەکۆن-بێکێن- Francis Bacon هەروەها ژاک دێریدا-Jacques Derrida لە سەرنجدانەوەی لەسەر سنووری چوارچێوە و بەرهەم.

شێوەکاری وەک پانتایییەک یاخود گۆڕەپانی دەستپێکی ئەندیشەی تێگەیشتنێکی نوێ دێننە ئاراوە. جیا لەم بیرمندانە تەنانەت خودی ئەو شێوەکارانە وەک هاکنی- David Hockney و ماتی- Henry Matisse و بێکن-Francis Bacon خۆیان لە هەوڵی داڕشتنی بیرێکی نوێ بۆ شێوەکاری بوون. بیرۆکەیەک کە تەنیا لە شێوەکاریدا بۆیان نەڕوانیوە و تێکۆشانێک بووە لە چێوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مێژوو، فۆرم، ڕەنگ و هێڵەکان کە ئەمە بە ڕوونی لە وتووێژ و لێکچێرەکانیان دیارە.
مەسەلەکە یاخود باشترە بڵێم کێشەکە لێرەدایە، کە هونەری کوردی بە تایبەت بەشی هونەری بیناری یاخود دیداری- Visual Art لە کوردستان نەیتوانیوە کە لە زمانی وێناو لەو چوارچێوە کە تەنیا خەریکی گێڕانەوەی نائاکادیمی رێئاڵیزمێکی زۆر خراپ لە نۆستالیژیای کولتوور تەوەر و کۆپی کردنێکی تەواوە، هەنگاو بەرەو دەروشیکاری هونەری ناوەرۆکدار بنێت کە خۆی خولقێنەری زمان بێت، زمانێک بۆ خوێنەری خۆی دروست بکات. هونەری سەردەم لە ئەمپرسیۆنیزم تا ئیکسپرسیۆنیزم لە کوبیزم تا دواهەمین ڕەوتەکانی لەندەن- بە شێوەیەک هەوڵێک بوو کە خودی زمان بگۆڕن، نەک لە ڕێگەی وێنایی و نۆستالیژیاکردنی کۆپی ئاساییانەوە، بەڵکوو لەدەست بردن و گۆڕینی هەموو سووچەکان بۆ دروستکردنی زمانێکی نوێ لە قالبی هونەری Visual Art یاخود دیداری-بیناری.

لەم سۆنگەوە (نامۆ) دوای نیو سەدە تێکۆشان هەر نامۆیە. چون ئەم هەوڵە لەو ئاستەدا پێک نەهاتووە کە Visual Art بەردەنگ دروست بکات یاخود.بەردەنگێک کە توانیبێتی ئەم هانگاوەی کە باسمان کرد هەڵی بێنێت. دروستکردنی ئەم بەردەنگە تەنیا پرۆژەیەک نییە بەڵکو پێویستی بە ژیانێکی هونەرییە. ژیانێکی هونەری کە شەپۆلێک لە تێکەڵاوییەکی ڕۆژانەی لەگەڵ بێت چ لە کۆمەڵگا چ لە زانکۆکان، ژیانێک کە کۆمەڵی بەردەنگ ناچار بە ئەندێشە دەکات و ناچار بە بیستن و دیتن کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ئەندێشەی کۆمەڵایەتیی هونەری. ئەکادیمیای کورد دوای چەند دەیە ئێستا نەیتوانیوە تێڕوانینێکی هونەری بۆ کۆمەڵگا دروست بکات بە هۆی ئەوەی خۆی لە کۆمەڵگا پەراوێز خستووە و هەموو شتێکی کردووەتە بۆنە و مەراسیم.
دروستکردنی کۆمەڵگای بەردەنگ بۆ هونەر پێویستی بە بەرهەمی تیژە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەنگ بجووڵێنێت و ئەو مرۆڤەی لە تابلۆکانی (نامۆ)دا سەرنجمان دەدەن بە ئاگا بێنێتەوە و هونەرمەند هەست بە ترس و دڵەڕاوکە نەکات لە بەرامبەر کۆمەڵگادا.
ئەم خاڵبەندییەی نێوان کۆمەڵگا و هونەرمەند ئەو سنوورەیە کە نامۆ بەهێڵە ڕەق و ڕەنگە زەقەکانی ویستوویەتی بیورووژێنێت و بۆ هونەرمەندی داهاتوو بە پڕۆبڵەماتیک یاخود پرسیار واژۆی بکات.
نامۆ باس لە بۆشایییەک دەکات کە لەناو ئارتیست و کۆمەڵگادا دروست بووە. بە شێوەیەک کە ئەوە مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگان کە تەنگیان بە نامۆ وەک هونەرمەند هەڵچنیوە و بەردەوام خەریکن بە سەرنجەکانیان و بە تێڕوانینەکانیان وا دەکەن کە هونەرمەند خۆی بخاتە مەحکەمی خۆیەوە. یانی هونەرمەند لەگەڵ خۆی تووشی کۆنتاکت بێتو بە سەرسامی ئەم پرسیارە لە خۆی بکات: بە ڕاست من لە کۆمەڵگام یا لە کۆمەڵگا نیم یا ئەوان لە کۆمەڵگا نین و من لە کۆمەڵگام؟!!
لێرەدایە کە ئەو مرۆڤانەی کە ئارتیست دروستی کردوون لە ڕاستیدا ئارتیستیان بە سەرنجەکانیان بریندار کردووە بۆیە لە فۆڕمی مرۆڤیشدا نەماون چون لە جەوهەرەی رەچەڵەکی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و هەر کەس لەوان نەچێت دەیخەنە مەحکەمەوە.
Theorder of Thins:An Arechaeology of the Human Sciences
- Francis Bacon:Logique de laSensation – 1984 – Continuam
- The Truth in Paintin. – 1987 – U.N of Chicago Press – The Parergon
[1] Expressionismus – Hermann Bahr – 1916 – Judischer Verlag Athenaum (Frankfurt)
[2] Dasein- Sain und Zeit 1927