مێژووی پێکەنین
گاڵتەجاڕ وەک مێژوونووس
پێکەنین، ئەو کاردانەوە مرۆیییە سروشتی و گشتگیرەیە، کە لە سپێدەی مێژووەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بوونی هەبووە، زۆرجار وەک بابەتێکی لاوەکی و کەمبایەخ لە توێژینەوە مێژوویییەکاندا لێی ڕوانراوە. بەڵام، ئایا بەڕاستی پێکەنین هێندە سادە و بێواتای مێژویوییە؟ ئایا دەکرێت مێژوویەک بۆ پێکەنین هەبێت، کە گێڕانەوەی تەنها پێکەنینەکانی مرۆڤ نەبێت، بەڵکوو گوزارشت بێت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتوورییەکان؟ ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای ئەم بواره نوێ و سەرنجڕاکێشەی نێو مێژوونووسی، کە بریتییە لە (مێژووی پێکەنین).
ئەم کایە پرسیارگەلێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئایا پێکەنین دەتوانێت وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ ئایا دەتوانین لە ڕێگەی شیکردنەوەی نوکتە، گاڵتە، کۆمیدیا و شێوازەکانی تری پێکەنین لە سەردەمە جیاوازەکاندا، نهێنی و ڕازە شاراوەکانی مێژوو ئاشکرا بکەین؟ بۆ نموونە، پێکەنینی کۆیلەیەک لە گەورەکەی، یان گاڵتەی جوتیارێک بە دەسەڵاتدارێک، چ مانایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت؟ ئایا جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی مرۆڤەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست بە چی پێدەکەنین و لە سەردەمی مۆدێرن بە چی پێدەکەنن؟
گرنگیدان بە مێژووی پێکەنین وەک کایەیەکی ئەکادیمی، مێژوویەکی هێندە دوور و درێژی نییە. لەگەڵ سەرهەڵدانی قوتابخانە نوێیەکانی مێژوونووسی وەک قوتابخانەی ئاناڵز لە فەرەنسا، کە بایەخیان بە ژیانی ڕۆژانە و لایەنە کەلتووری و دەروونییەکانی مرۆڤ دەدا، وردە وردە سەرنج خرایە سەر بابەتە پەراوێزخراوەکانی وەک پێکەنین. مێژوونووسان دەستیان کرد بە پرسیارکردن لەبارەی ڕۆڵی پێکەنین لە کۆمەڵگەکانی ڕابردوودا. لەم بوارەدا، هەوڵی چەندین مێژوونووسی دیار وەک (میخائیل باختین) و (ستیڤن هالیوێل) و (ماری بێرد) بەدی دەکرێت، کە بە بەرهەمەکانیان بناغەی ئەم کایەیان داناوە.
ئەم نووسینە هەوڵ دەدات بەدواداچوون بۆ ئەم پرسیارە بنەڕەتییانە بکات و لە ڕێگەی شیکردنەوەی نموونە مێژوویییەکانەوە، بایەخی پێکەنین وەک کەرەستەیەکی خاو بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو بخاتەڕوو. ئایا پێکەنین هەمیشە ئازادکەر و یاخیگەرانە بووە، یان دەسەڵاتەکانیش توانیویانە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بەکاری بهێنن؟ چۆن دەتوانین لە ڕێگەی پێکەنینەوە لە پەیوەندیی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا تێبگەین؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، تەنها تێگەیشتنێکی نوێمان پێنابەخشن دەربارەی پێکەنین، بەڵکوو ڕوانگەیەکی نوێشمان بۆ خوێندنەوەی مێژوو بە گشتی پێشکەش دەکەن.
چەمکی مێژووی پێکەنین لە لێکۆڵینەوە مێژوویییەکاندا
مێژووی پێکەنین تۆمارکردنی ئەوە ناگەیەنێت، کە لە کەیدا خەڵکی پێکەنیون، بەڵکوو وەک شیکارییەکی کەلتووری بۆ کۆنتێکستەکانی ئەم پێکەنینە و بۆ ئەو گرژییە کۆمەڵایەتییانەی کە ئاشکرایان دەکات، دەخوێندرێتەوە. لێرەدا پێکەنین وەک ئەرشیفێکی نا نهریتیی بۆ میزاجی گشتی و وەک نێوەندێک بۆ گوزارشتکردنی کۆمەڵ لە خود و سنوورەکانی دەخوێندرێتەوە. لە ڕێگەی پێکەنینەوە، دەسەڵات پەیڕەو دەکرێت، کۆمەڵگە گاڵتە بە تابۆکانی خۆی دەکات و سیستەمە باوەکانی پلەبەندیی تێکدەشکێندرێن.
ئەم چەمکە لە ڕێگەی کارەکانی پێشەنگانێکی وەک (هێنری بێرگسۆن)ەوە دەرکەوت، کە پێکەنینی وەک ئامرازێکی کۆمەڵایەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی وەستان (جمود) و جەختکردنەوە لەسەر زیندوویی دەبینی، هەروەها فرۆید کە نوکتە و پێکەنینی وەک دەرچەیەک بۆ سەر چەپێنراوە نائاگاکان لێکدەدایەوە. بەڵام ئەم ڕوانگانە سەرەڕای گرنگییان، بەشێوەیەکی بەشەکی (جزئي) مانەوە، هەتا باختین هات و قووڵایییەکی مێژوویی و فەلسەفیی نوێی بە پێکەنین بەخشی.
میخائیل باختین و (رابلێ و جیهانەکەی)
کتێبی (کارهکانی فڕانسۆ رابلێ و کهلتووریی میللی له سهردمی ناوهڕاست و سهرهتای ڕێنیسانسدا) – که وهرگێڕانه ئینگلیزییهکهی به ناوی (ڕابلێ و جیهانهکهی) بڵاوکراوهتهوه – (١٩٦٥)ی میخائیل باختین، وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەیە لە مێژووی پێکەنیندا وەک کایەیەکی زانستی. لە لێکۆڵینەوەکەیدا بۆ ئەدەبی میللی لە سەردەمی ڕێنیسانسدا، بەتایبەت کارەکانی فرانسوا رابلێ، باختین چەمکە بەناوبانگەکەی (کارنەڤاڵێتی) و (پێکەنینی میللی) وەک دوو هێزی دژەباو لە بەرامبەر دەسەڵاتی فەرمی و زمانی ستاندارددا پێشکەش کرد.
باختین پێیوایە پێکەنینی میللی کارنەڤاڵی، ڕۆحێکی بەکۆمەڵ دەنوێنێت، کە ئاڵنگاریی هەموو شتێکی فەرمی، جددی، پیرۆز و کۆتایی دەکات. لە کارنەڤاڵەکاندا، پاشا و خزمەتکار یەکسان دەبن و بەربەستی نێوان جەستە و دەسەڵات و زمانی باڵا و زمانی نزمدا نامێنێت. لێرەدا پێکەنین کات بەسەربردن و رابواردن نییە، بەڵکوو کردارێکی سیاسی و کەلتووریی بەرگریکارانەیە، کە ئاسۆی ئازادی لە بەردەم جەستە و وشەدا دەکاتەوە.
(رابلێ و جیهانەکەی) هەوڵێکی دوولایەنە بوو: هەم نووسینەوەی مێژووی پێکەنینی میللی، هەم هەڵوەشاندنەوەی پلەبەندیی کەلتووری بوو. باختین نیشانیدا کە چۆن ئەدەبی کارنەڤاڵی، لە پێکەنینە جەستەیی و گرۆتێسکییەکەیدا، جۆرێک لە کەلتووریی دژەباوی پێکدەهێنا، کە لە ڕواڵەتدا ڕێگەپێدراو بوو، بەڵام لە قووڵاییدا مەترسیدار بوو، چونکە ئەرکی ڕەتکردنەوەی ڕەخنەگرانەی دەسەڵاتی جێبەجێ دەکرد.
سەرهەڵدانی کایەکە و پەرەسەندنی لە توێژینەوە مێژوویییەکاندا
لەدوای باختینەوە، توێژینەوە مێژوویی و کەلتوورییەکان گرنگیدانێکی تایبەتیان بە پێکەنین دا، نەک وەک پەراوێزێک، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ خوێندنەوەی (ناوەندی دەسەڵات) و (زەوقی کۆمەڵایەتی). بەرهەم گەلێک دەرکەوتن، وەک کتێبی (پێکەنینی یۆنانی)ی ستیڤن هالیوێڵ، کە شیکارییەکی دەروونی و کەلتووری بۆ پێکەنین لە یۆنانی کۆندا پێشکەش کرد، دواتر کتێبی (پێکەنین لە ڕۆمای کۆندا)ی ماری بێرد، کە پەیوەندییەکانی نێوان پێکەنین و گوتار، سیاسەت و چینە کۆمەڵایەتییەکانی خستەڕوو.
هەروەها دوو دەیەی ڕابردوو شایەتحاڵی گرنگیدان بوون بە ئەرشیفە تەنزئامێزەکان، وەک کاریکاتێر، نوکتە و ئەو دادگاییکردنانەی کە پێکەنین تیایاندا چەکێک بووە دژی دەسەڵات یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکاری. لە کتێبی (پێکەنین لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێرن)، چەندین توێژینەوە کۆکراونەتەوە، ئەوە نیشان دەدەن، کە چۆن مانای پێکەنین لە ڕێوڕەسمێکی بەکۆمەڵەوە بۆ مەترسییەکی سیاسی گۆڕاوە.
تایبەتمەندییەکان
مێژووی پێکەنین جەخت لەسەر دەستەبژێر ناکاتەوە، بەڵکوو سەرنج لەسەر کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان و کەلتووریی میللی چڕ دەکاتەوە. واتە (مێژوویەکی نامەرکەزی)یە. هەروەها پێکەنین تەنها ڕەتکردنەوە نییە، بەڵکوو ڕێگایەکی ناوخۆییە بۆ تێکشکاندنی ئەوەی باو و پێوەرییە و داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان من و ئەوی تر، واتە (ڕەخنە لە ناوەوە). هەروەها جەستە – بە خواردن و خواردنەوە و گاڵتەکانییەوە – چەقێک پێکدەهێنێت، لە توێژینەوەکانی باختیندا بۆ پێکەنین، بە پێچەوانەی مێژووی نەریتییەوە، واتە (ڕەهەندی جەستەیی). دواتر پێکەنین وەک هەستێک دەخوێندرێتەوە و بەمەش دەخرێتە ناو مێژووی سۆزەکانەوە، کە لە چۆنێتیی پەرەسەندنی هەستی کۆمەڵگە دەکۆڵێتەوە، واتە (مێژووی سۆزداری).
میتۆدەکان
ئهو میتۆدانهی که دهتوانرێت بۆ توێژینهوهی مێژووی پێکهنین بهکار بهێنرێن، فرهن و تاک نین، واته میتۆدگهلێکی جۆراوجۆر بهکار دههێنرێن، ئهویش بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه، که پێکهنین ڕهههندگهلێکی جیاوازی لهنێو کایه مهعریفییه جیاوازهکاندا ههیه. لهو میتۆدانهش دهتوانین ئاماژه بۆ ئهمانهی لای خوارهوه بکهین:
١. میتۆدی باختینی: لە پەیوەندیی نێوان پێکەنین، کارنەڤاڵ و دەسەڵاتی سیمبولی دەکۆڵێتەوە، هەروەها لە ڕێگەی چەمکەکانی وەک هەڵگێڕانەوە و دوانەیی، شیکاری بۆ دەقەکان دەکات.
٢. شیکاریی گوتار: گوتاری پێکەنین بە درێژاییی کات هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمەش بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانی ئەرکەکانی، لە کۆمیدیای شانۆییەوە بۆ نوکتەی سیاسی.
٣. میتۆدی ئەنترۆپۆلۆژیی کەلتووری: جەخت لەسەر سرووتەکانی پێکەنینی بەکۆمەڵ و چۆنێتیی پێکهێنانی ناسنامەی کۆمەڵگە دەکاتەوە.
٤. میتۆدی ئەرشیفی بینراو و زارەکی: وێنەی کاریکاتێری، نوکتە و یاداشتەکان وەک بەڵگەی مێژوویی بەکار دەهێنێت.
٥. میتۆدی بەراوردکاری: لێکۆڵینەوە لە جیاوازییەکانی پەیڕەوکردنی پێکەنین لەنێوان کەلتوورەکاندا دەکات، وەک بۆ نموونه پێکەنینی ئیسلامی و پێکەنینی مەسیحی.
نموونەکان
بۆ زیاتر ئاشنابوون بهو مێژووه به گونجاوی دهزانم چهند نموونهیهکی کورت بهێنمهوه: لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئاهەنگەکان ئامرازێک بوون بۆ پێکەنینی بەکۆمەڵ، کە ڕێگەی دەدا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتی ئایینی بشکێنرێت و کەسایەتیی (گاڵتەجاڕی پیرۆز – المهرج المقدس) هێمای هەڵگەڕانەوەی بەهاکان بوو.
لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیشدا، پێکەنین بۆ گاڵتەکردن بە سیستەمی پاشایەتی و کڵێسە بەکار هێنرا و دیارترین نموونەش وێنە کاریکاتێرییەکان بوون، لە ڕۆژنامە شۆڕشگێڕییەکاندا.
لە سیستەمە تۆتالیتارەکانیشدا، وەک یەکێتیی سۆڤێت، نوکتەگهلیکی نهێنی بڵاوبووەوە، کە گاڵتەی بە سیاسەت و سەرکردەکان دەکرد، وەک نوکتەی: “ئایا دەتوانرێت کۆمۆنیزم بونیاد بنرێت؟ بەڵێ، بەڵام لە سویسرا.”
لە ناوکۆی عەرەبیشدا، دوای شۆڕشەکانی بههاری عهرهبی ٢٠١١، شەپۆلێک لە کۆمیدیای تەنزئامێز لەسەر شانۆ و یوتیوب دەرکەوت، وەک بەرنامەی (البرنامج)ی باسم یوسف کە ڕۆڵی سیاسی بۆ پێکەنین گەڕاندەوە. لە ئەدەبی میللیشدا، کەسایەتی (جوحا) وەک هێمای زیرەکیی تووڕە بەکار هێنراوە، کە لە ڕێگەی تەنزەوە ڕەخنە لە دەسەڵات و واقیع گیراوه.
بهم شێوهیه مێژووی پێکەنین مێژووی جێگرەوەکانە، مێژووی ئەوانەیە، کە لە گوتارەکانی دەسەڵاتدا نەوتراون و لە ڕێگەی نوکتە، چاوداگرتن و زەردەخەنەوە وتراون. ئەگەر مێژووی نەریتی لەلایەن سەرکەوتووەکانەوە نووسرابێتەوە، ئەوا پێکەنین لەلایەن خەڵکەوە نووسراوە. پێکەنین (مێژووی سێبەر)ە، تێیدا زیندوویی مرۆڤ، ناسکی و ئازایەتی لە گاڵتەکردن بە دەسەڵاتەکانی – و بە خودی خۆی – دەردەکەوێت. ئەگەر باختین ڕێگایەکی بۆ توێژەران ڕووناک کردبێتەوە بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پێکەنین، واتە وەک گوتارێکی بەرگریکارانە، ئەوا توێژینەوە نوێیەکان هێشتا وزە مێژوویییەکەیان لە لابردنی جددییەت و لە داڕشتنەوەی دەسەڵات لە ڕێگەی گاڵتەوە دەدۆزنەوە.
سهرچاوه
- ميخائيل باختين، أعمال فرانسوا رابليه والثقافة الشعبية في العصر الوسيط وإبان عصر النهضة، ترجمة شكير نصر الدين، منشورات الجمل، (بغداد – بيروت، ٢٠١٥).
- باسم یوسف: بەرنامەی (البرنامج)، 2011-2013.
- Bergson, Henri. Laughter: An Essay on the Meaning of the Comic. Translated by Cloudesley Brereton and Fred Rothwell. New York: The Macmillan Company.
- Stephen Halliwell, Greek Laughter: A Study of Cultural Psychology from Homer to Early Christianity, Cambridge University Press, 2008.
- Mary Beard, Laughter in Ancient Rome: On Joking, Tickling, and Cracking Up, University of California Press, 2014.
- Albrecht Classen (ed.), Laughter in the Middle Ages and Early Modern Times: Epistemology of a Fundamental Human Behavior, Its Meaning, and Consequences, De Gruyter, 2010.
29/7/2025