شاری خامۆشان

تێکڕای جیهان تەختی شانۆیەکە …

شێکسپیر

(١)

‌ئارق سەگی

– دەرگاکە بکەرەوە.

– تۆ کێی؟

– من بێ‌هیواییم!

بێ‌هیوایی دەرگاکەی دابووە بەر شەق و وەها لەناکاو داچڵەکیم و هەڵیتەکاندم کە یەکسەر شیعرێکی تازەم نووسی و ناوم نا “من نەخۆشم” و خێرا لەگەڵ دیوانی مەولەوی و تابلۆکەی “لازارۆس”ی ڕامبرانت خستمە جانتاکەمەوە.

ئینجا جانتاکەم پڕ کرد لە گوێز و چەکێکی مەترسیدارم لەژێر کراسەکەم شاردەوە و خێراتر ڕامکردە دەرێ. دەمویست خولگەی زەوی بەجێ‌بهێڵم. ڕامکرد و ڕامکرد تا گەیشتمە سەر سنوور. ئامبۆڵانسێک بەخێرایی لە تەنیشتمەوە وەستا و وەک بۆمبێکی ئەتۆمی تەقیبێتەوە، تەپ‌وتۆزێکی گەردەلوولی ساز کرد! دەنگێک وتی:

– سوار بە.

بە سەختی دەرگاکەم دۆزیەوە و سوار بووم. شۆفێرەکە و ژنێک لەپێشەوە و من و تەرمێک لە پشتەوە دانیشتبووین. شۆفێرەکە لە ئاوێنەوە سەیری تەرمەکەی کرد و وتی: “ئەم چارەڕەشە بۆی نایە! هەر جارێ خۆی دەکوژێ، زیندوو دەبێتەوە…”.

پاشان ڕووی کردە من وتی: “بۆ کوێ دەڕۆی؟”

 وتم: “بۆ هیچ جێیەک”.

 وتی: “من بۆ هەموو جێیەک دەڕۆم، دەچمە ڕابردوو، دێمەوە بۆ داهاتوو”.

کە لە ئاوێنەکەیەوە سەرنجم دا، شۆفێرەکە لە حەسەن زیرەک دەچوو. لێم پرسی:

– تۆ حەسەن زیرەکی؟

– نەخێر، نەوەی حەسەن زیرەکم.

ڕێگاکە تەنگ و تاریک بوو، شۆفێرەکە وتی: “بۆ تویتا هەموو شوێنێک ژاپۆنە!”

پاشان وتی: “چی بکەین؟”

تەرمەکە کەوتە جووڵە و وتی: “هیچ ناکرێ”.

تەرمەکە کز و لاواز بوو، نەمدەزانی تەرمی پیاوە یا ژن! لێم پرسی:

– بۆ خۆت دەکوژی؟

– ژمارەی دانیشتوانی جیهان زیادی کردووە، بۆیە …

ئەو ژنەی کە لە پێشەوە دانیشتبوو وتی: “ئاهەنگ بگێڕین”.

شۆفێرەکە، بوتڵێک “ئارەق سەگی” لەژێر کورسییەکەی دەرهێنا. من تۆبەم کردبوو چیتر مەی نەخۆم، بەڵام ڕێگاکە هەور بوو و بایەقوشێک لە ناخم بەستبووی هێلانە و سروودی مەرگی دەخوێند.

شۆفێرەکە وتی: “بخۆرەوە گوڵ خاڵوی، بێ‌هیوایی گوناحە”.

تۆبەم شکاند و وتم: “منیش مەزەم پێیە”.

دەستمان کرد بە شکاندنی گوێزەکان، هەندێک لە گوێزەکان کوێر بوون!

بە شۆفێرەکەم وت:

“باوەرە وەشوەش سا دەی هەی پەی کەی

تافی قەڵوەزەی سافی شیشەی مەی

مەوجش بنچینەم بدۆ وە هەمدا

هەستیم دۆ وە بەرد هەردی عەدەمدا”

تەرمەکە زۆر بێ تاقەت و بەپەلە بوو، بەردەوام بە شۆفێرەکەی دەوت:

– تێکە …

شۆفێرەکە بوتڵێکی تری لەژێر کورسییەکەی دەرهێنا.

بە شۆفێرەکەم وت: “لەسەدا چەندە؟”

وتی: “١٠٠٠”.

وتم: “ئێوە ساحێرن؟”

شوفێرەکە وتی: “بخۆرەوە گوڵ خاڵوی، کارت نەوێ!”

خواردمەوە و خواردمەوە و خواردمەوە، بەگشتی ٤ پەرداخم خواردبووەوە،

ژنەکە لە ئاوێنەکەوە سەیری کردم و وتی: “خاڵی ژێر چاوت جوانە!”

وتم:

“چون برسی بە کوی ما خاموشی است خوی ما

زآن کە زگفتگوی ما گرد و غبار می رسد”

ژنەکە لە ئاوێنەدا ماچێکی بۆ ناردم و پاشان “چارەی خەمی من مەی نییە، مەیخانە بڵێ چی”ی خوێند و ئێمە بۆمان ئەستاندەوە و لەگەڵیا دووپاتمان کردووە. ئەمبۆڵانسەکە بەخێرایی دەڕۆیشت، ئێمە گەرم بووین، کەچی “لە کوێستان دەبارڕ باران/ دەیدا لە گۆنای ناسک و نازداران!”

شۆفێرەکە دانی بەوەدا نا کە ناوی ڕاستەقینەی؛ (جێمس وێب)ـە. ژنەکە دانی بەوەدانا کە ناوی (لارا فابیان)ـە و منیش دانم بەوەدا نا کە فەرامۆشکارم. تەرمەکە سەیری کردم و وتی:

– تۆ نەخۆشی بەڵام ئەم نەخۆشینە کوشندە نییە.

پاشان جگەرەیەکی لە گیرفانی دەرهێنا و وتی:

– ئارەق سەگی و ئەم جگەرەیە، واتە بەزوویی شەڕ دەست پێ دەکا!

جگەرەکەمان کێشا. من خاڵەکەی ژێر چاوم و ئەو شیعرەی تازە نوسیبووم، هەر دووم دا بە ژنەکە. ژنە وتی:

– دەتەوێ چ بکەی؟

– دەمەوێ بەلەمێک دروست بکەم.

– ئەی لەژێر کراسەکەت چیت شاردۆتەوە؟

کراسەکەم هەڵداوە و نیشانم دا. بەڵام هیچم نەدەبینی، تاریکی دەوری دابووم. بە شۆفێرەکەم گوت: “بوەستە دەمەوێت نمایشەکە بەجێبهێڵم!”

دەرگای ئامبۆڵانسەکەم کردەوە و جانتاکەم هەڵگرت و لە نمایشەکەوە بازم دایە دەرەوە…

(٢)

time

ئەکتەرەکە چووە سەر تەختی شانۆ و وتی:

– زەمەن، زەوین، بێ‌هیوایی، دڵەڕاوکێ، تەنیایی، قیژە، قۆربوون، ون‌بوون، کەڕبوون، کوێربوون، گومان، دوودڵی، خۆکوشتن، خنکان، لەبیرچوونەوە، پێکەنین، گریان، لافاو، گەردەلوول، دیسان گومان … گومان … گومان، سوووتان، بازدان، کات‌نەمان، ئیمان و …

ئەکتەرەکە کەوتە یاوولەرز و چووە ژوورەکەی و لاڵ بوو. دایکی مرد و ئەو هەر نەهاتەدەرەوە! هەموو ناسیاو و نەناسیاوی مرد و ئەو هەر نەهاتەدەرەوە. پاش ١٠٠٠ ساڵ ڕۆژێک لەپڕ لە ژوورەکەی هاتەدەر و لە شانۆکە بازیدایە دەرەوە.

ئەمە شانۆنامەیەکی کورت بوو سەبارەت بە ڕووخانی خێزانێک و ئەکتەرێک کە سوێند دەخوا “بێدەنگ بێت و هیچ نەڵێت!” من هەرکات دەنووسم دەکەومە نێو بەحری گومان و بە خۆم دەڵێم “ئاخری خێر بێ!”

کاتێک براکەم شانۆنامەکەمی منی بینی وتی:

– دوودڵی و دڕدونگی ئیرادەی مرۆڤ کاول دەکا… کات نەماوە، دەبێ بڕیاڕ بدەی و باز دەیت!

پاشان براکەم بازی دا و ڕۆیشت…

براکەم، ساڵانێک لەمەوبەر، بازی دابوو و ڕۆیشتبوو بۆ شاری خامۆشان. هەرچەندە لێی تووڕە بووم و لەبیری کردبووم، هاتەوە… زۆر درەنگ هاتەوە، هێندە کە ئەستێرەی ژیانی من لە ترووسکان کەوتبوو و گەیبووە ئاخری و ئۆخری.

دەمی بە کانیاوەکەی تەنیشت دارگوێزەکە لکاندبوو و ئاوی دەخواردەوە و تێراو نەدەبوو. نەمدەزانی چی خواردووە کە ئەوەندە تینووی بووە! لە نۆح دەچوو، لە تاریکییەوە سەیریم کرد، لە کونێکی بچووکەوە. چونکە تەنها لە تاریکیدا دەتوانی ئەستێرەکان ببینی.

– تەنها لە تاریکیدا دەتوانی ئەسێترەکان ببینی.

ئەمە قسەی من نییە، قسەی ئەفلاتوونە. ئەفلاتوون لە لابەلای کتێبخانەی براکەمدا دەژی. براکەم دڵێ: “ڕستەکە هی هەر کەس بوو، ناوی بێنە. بەڵام هەندێ جار لە بەر دەوامی کات، پێویست ناکا بیڵێی … ڕستە جوانەکان دیارن هی کێن!”

پێشتر لە کتێبخانەی برا تەنیا و خەونبینەکەمدا دەژیام. لەوێ لەدایک بووم. کە لەدایک بووم، لەبری ئەوەی بگریم، پێکەنیم، براکەم پێی وتم:

– بەخێر بێن بۆ خێزانێکی خەیاڵی!

قژمی سوور کرد و پاشان دەموچاومی بە خاڵ داپۆشی و ئینجا یەکێک لە خاڵەکانی دەموچاومی هەڵگرت و خستیە ژێر چاوی خۆی و پێی وتم: “ئێستا تۆ بوویتە (ئان شێرلی)”.

پاشان وتی: “ئێستا باز دە‌!”

هەزاران جار لە کتێبخانەکەیەوە بازم داوە … بازرەقەم بەستووە!

پێی دەوتم: “باز بدە پێش ئەوەی نمایشەکە کۆتایی بێت”.

من و براکەم لە کتێبخانەکەیدا یاریمان دەکرد. لە ڕۆڵێکەوە بۆ ڕۆڵێکی تر بازمان دەدا. بەبێ مەشق یاریمان دەکرد. براکەم ڕۆڵی شێت، سەرباز، سوپەرستارێک، گورگ و شای دەگێڕا. هەندێک جار دەترساین … هەندێک جار پێدەکەنین … هەندێک جار ڕامان دەکرد و …، لە کۆتاییدا کە ماندوو دەبووین، دەچووینە دەرەوە و لە لوتکەی دارگوێزەکەی تەنیشت کانییەکەوە سەیری ئاسمانمان دەکرد و لە سەرووی دارەکەوە بازمان دەدایە خوارەوە.

دەیوت: “پێویستە خۆت بۆ بازدانی گەورە ئامادە بکەی”.

جارێک لەسەر دارگوێزەکە وتی: “باز دە!”

من بازم دا و مردم، براکەم منی ناشت و خاک و خۆڵی کرد بەسەرمدا. براکەم منی لەبیر کرد و پاش ماوەیەکی زۆر هات و زۆر بە ساردی وتی:

– هەڵسە!

و من بەخەبەر هاتم .

هۆکاری لەبیرچونەوەی من دوای ماویەکی زۆر، هاتنی (لارا) بوو. ئەو لە من گەورەتر بوو و نەمدەزانی لە کوێوە هاتووە؛ لە کام هەسارە و کاکێشانەوە. لارا خەڵکی جیهانی دەرەوە بوو و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نمایشەکە بگۆڕێت و وایکرد براکەشم بگۆڕێت!

کاتێک بەلای مندا تێپەڕین، وتم:

– ئەمە کێیە؟

– ئەمە لارا فابیانە.

– لەگەڵ ئێمە نافڕی

چاوەڕێی وەڵامم نەکرد و بازم دا!

لەگەڵ هاتنی لارا بێ ماڵ و هێلانە کەوتم و لە ناو دارگوێزەکەدا دەژیام. شەو و ڕۆژ دەچوومە سەر لوتکەی دارگوێزەکە و بازم دەدا؛ بە تەنیایی بازم دەدا. براکەم گۆڕابوو و ڕەنگی سوور هەڵگرا بوو. هەموو ڕۆژێک بۆنی ئەشقی لە خۆی ئەدا و جل‌وبەرگی نوێی لەبەر دەکرد: جلی شێت، جلی سەرباز، جلی سوپەرستارێک، جلی گورگ، جلی پاشا و …

جارێک، بەلای مندا تێپەڕین و وتم:

– پێویست ناکا بۆ کەسێکی نامۆ، ئەم هەموو بەرگە بگۆڕیت!

– ئەم قسانە دەرئەنجامی خەوتنە لە ماڵی دێوەکان.

براکەم بە دارگوێزەکە دەڵێ (ماڵی دێوەکان) و بە شیعر وەڵامی هەموو شتێکی دەداتەوە. گەر لێت پرسیبا: “ناوت چییە؟” دەیوت: “ئەشق”!

کەچی هەرگیز وەک ئەو جارەم نەبینیبوو، بەزەییم پێیدا دەهات!

دەستی لارای دەگرت و دەیبردە ناو کتێبخانەکە و قژی ڕەنگ دەکرد. لەوێشەوە دەهاتنە دەرەوە و دەچوونە سەر دارگوێزەکە و گوێزیان بۆ یەکتر دەشکاند و لە ئاوێنەدا سەیری یەکتریان دەکرد و ماچیان بۆ یەکتر دەنارد. ئینجا براکەم دەستی دەکرد بە گۆرانی‌وتن و دەبووە شاعیر و بۆ هەزارەمین جار لە ئاوێنەدا ئەم شیعرەی بۆ لارا دەخوێندەوە:

“خۆشم دەوێی، خۆشم دەوێی

وەک شێت، وەک سەرباز، وەک سوپەرستارێک!

خۆشم دەوێی، خۆشم دەوێی

وەک گورگ، وەک پاشا وەک مرۆڤێک کە نیم.

دەزانی؟

من بەم شێوەیە خۆشم دەوێی…”

کاتێک شیعرەکە کۆتایی هات، لەناکاو دەستی خودا لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە و کەوتە سەر لارا، لارا ون‌بوو و خاڵەکەی کەوتە خوارەوە. من خاڵەکەم گرتەوە و براکەیشم دەستی خودای لە ژێر کراسەکەیدا شاردەوە!

ئەو ڕوژانە براکەم زۆر کزولاواز ببوو، وەک تەرمێکی لێهاتبوو. بەڵام لێی بەگومان بووم. هەستم دەکرد بەمزووانە چەکی نهێنی خۆی ئاشکرا دەکات. کەچی ئەو پەیتا پەیتا گۆرانییەکانی خەمناکتر دەبوون و تاوولەرزی لێ نیشتبوو. منیش بە دەیتنی ئەم حاڵەی خەمبار دەبووم و ئەوسا دەمزانی چەکی نهێنی من لە دژی بێ‌هیوایی، بیرەوەرییەکانی (ماڵی مردووان)ی دۆیستۆیفسکی بوو!

ڕێگەم پێدرا جارێکی تر لە کتێبخانەکەدا بژیم و ئاگاداری بم. هەر کاتێک تاوی هەبوو، کتێبخانەکە دەبوو بە ئاگر و هەر کاتێکیش دەلەرزی کتێبخانەکە دەبوو بوو بە بەستەڵەک. شەوێک تاوەکەی هێندە زۆر بوو، کتێبخانە گڕی گرت و هەموو کتێبەکان بوون بە خەلووز، جگە لە یەکیان و ئەویش دیوانەکەی مەولەوی بوو!

لەگەڵ ئەوەی حاڵی براکەم ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو، وێنەکێشێک هات و خۆی لێمان نزیک کردەوە و وتی: “بخۆرەوە گوڵ خاڵوی، بێ‌هیوایی گوناحە!” پاشان وێنەی براکەمی گرت، من چوومە ناو وێنەکە! وێنەکێشەکە وتی: “ئەو قژسوورە کێیە؟”

براکەم وتی: “ئان شێرلییە!”

– خوشکێکی خەیاڵی؟

– وێنەکەم لەسەر مەیخانە هەڵواسە.

پاشان وێنەکێشەکە بە لای من و براکەمدا تێپەڕی و ڕۆیشت…

لە ژێر داڕگوێزەکە خەوتبووم. تازە خەریک بوو گەرمم دەبۆوە، هات و وتی: “کات نەماوە؛ تا کورتتر، جوانتر!” پاشان چووینە ژوورەکە و چیرۆکێکی پێدام و وتی:

“نە قەترەی ئەسرین مەندن نە چەمدا

نە نوختە نە حەرف ئینشای ماتمدا”

هەرکات مەولەوی دەخوێندەوە، دەگریا. سەیری چیرۆکەکەم کرد، چیرۆکێکی بێ خاڵی نووسیبوو بە ناوی (شاری خامۆشان). کاتێ چاوم گێڕا لە ژوورەکەدا چەکی نهێنی براکەمم بینی: دەستی خودا لە تەنیشتی قەڵەمەکەی بوو…

کە لە ژوورەکە چووینە دەرەوە، یەکسەر چووینە سەر لوتکەی دارگوێزەکە. وتی:

– کاتی هاتووە، باز دە!

منیش بازم دا. ڕەنگی سووری قژم ڕژایە ناو کانیاوەکە و خاڵەکانم بەر بوونەوە. براکەم منی لەژێر دارگوێزەکەدا ناشت و خاک و خۆڵ و گوڵاوی کرد بەسەرمدا و بەدەم گریانەوە ڕۆیشت. منیش لەژێر دارگوێزەکەدا خۆم دا بەدەم کرم و مارەوە و نەمدەزانی من میوانم یان خاوەنماڵ! لقەکانی دارگوێزە ١٠٠٠ساڵەکە بەهێزتر و زیاتر بوون و منیان داپۆشی.

کە تێراو بوو هاتە ژێردارگوێزەکە و وتی:

– هەستەوە لەو گۆڕە!

دەستم گرت و هاتمە سەرەوە. ڕووناکی چاوەکانمی ئازار دەدا. هەر بۆیە دەستێکی گرتە بەر چاوم و بە دەستی تر دای لە دارگوێزەکە و دارگوێزە بوو بە بەلەم و ئێمە دووقۆڵی سواری بووین و ڕۆیشتین. کاتێک گەیشتینە خولگەی زەوی وتی: “باز …” هێشتا “… بدە”کەیی نەوتبوو، کە بازم دا و لە شانۆکە چوومە دەرەوە…