لە گاڵتەوە بۆ بەڵگەنامە
ئەرکی پێکەنین لە مێژوونووسیی باختیندا
هەرچەندە پێکەنین هەمیشە لە پەراوێزی مێژوودا دانراوە و بۆ بوارەکانی ئەدەب، هونەر و دەروونناسی جێهێڵراوە، بەڵام میخائیل باختین لە کتێبی (کارهکانی فڕانسۆ رابلێ و کهلتووری میللی له سهردمی ناوهڕاست و سهرهتای ڕێنیسانسدا) شۆڕشێکی مەعریفیی ڕاستەقینەی بەرپا کرد، کاتێک پێکەنینی بۆ چەقی گوتاری کەلتووری و تێگەیشتن لە خودی مێژوو گەڕاندەوە. لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا، بە ناونیشانی (رابلێ و مێژووی پێکەنین)، باختین دیدگایەکی بێوێنە بۆ پێکەنین، وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی و ئامرازێکی کەلتووریی خاوەن ئەرکێکی مێژووییی ئاشکراکەر پێشکەش دەکات، کە پەیوەندییەکی نزیکی بە کەلتووری میللی لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی ڕێنیسانسەوە هەیە.

چەمکی پێکەنینی مێژوویی لای باختین
باختین پێیوایە کە پێکەنینی میللی تەنها دیاردەیەکی کات بەسەربردن یان ڕەفتاری نەبووە، بەڵکو (دامەزراوەیەکی کەلتووریی سەربەخۆ) بووە، خاوەن سروشتێکی بەکۆمەڵ و میللی و کارنەڤاڵی بووە. ئەو وای دەبینێت، کە پێکەنینی کارنەڤاڵی (Carnivalesque Laughter) ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی لە کەلتووری میللی سەدەکانی ناوەڕاستدا هەیە، کە تێیدا کارنەڤاڵ و ئاهەنگەکان پانتایییەکی کاتییان بۆ ڕەهاکردنی کۆمەڵگە لە ستەمی دەسەڵاتی فەرمی و ئایینی و شکاندنی سیستەمی هەڕەمی باو پێک دەهێنا.
لێرەدا پێکەنین تاکەکەسی و تایبەت نییە، بەڵکو میللی، جەستەیی، گشتگیرە و بە تایبەتمەندییەکی دوولایەنەیی جیا دەکرێتەوە، واتە لەیەک کاتدا گاڵتە دەکات و مژدە دەدات، دەڕووخێنێت و بونیادیش دەنێت، سووکایەتی دەکات و ئازادیش دەکات.
تایبەتمەندییەکانی پێکەنینی کارنەڤاڵی
ئهگهر به وردی له تایبەتمەندییەکانییهکانی پێکهنین له کتێبهکهی باختیندا ڕابمێنین، ئهوا لهوه تێدهگهین، که پێکەنین نەگۆڕەکان تێکدەشکێنێت، بەڵام بانگەشە بۆ ئاژاوە ناکات، بەڵکو بەشێوەیەکی کاتی جیهان سەرلەنوێ ڕێک دەخاتەوە، واتە (دوانەیی و گاڵتەجاڕیی).
هەروەها لە پێکەنینی میللیدا ئاهەنگ بە جەستە دەگێڕدرێت و گەورە دەکرێتەوە، لە خواردن، خواردنەوە، میزکردن، زاوزێ و هەموو شتێکی ماددی و هاوبەش، کە پێچەوانەی پاکێتی و ڕۆحانیەتی فەرمییە. واتە (جەستەییبوونی گرۆتێسکی – سەیروسەمەرە).
هاوکات کارنەڤاڵ شانۆیەکی زیندووی پێکەنینی مێژوویی بوو، کە تێیدا سیمبولە فەرمییەکان دەکەوتن، پاشا دەبووە گاڵتەجاڕ و پیرۆز دەبووە دنیایی. واتە (ئاهەنگی میللی).
دواتر پێکەنین کاردانەوەیەکی کاتی نییە، بەڵکو میکانیزمێکی کەلتووریی خولییە، کە گوزارشت لە لەدایکبوونێکی نوێی جیهان دەکات. واتە (کاتێتی نوێبوونەوە).
ئەرکی پێکەنین لە مێژوونووسییدا
بەپێی بۆچوونی باختین، پێکەنین بە (ئەرشیفێکی نەنووسراو)ی کۆمەڵگە میللییەکان دادەنرێت، چونکە گوزارشت لە هەستەکانیان، تێڕوانینیان بۆ جیهان، ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و مەیلی سروشتییان بۆ نوێبوونەوە دەکات. لەبەرئەوە، باختین پێیوایە خوێندنەوەی دەقەکانی رابلێ، کە دەوڵەمەندن بە شۆخی گرۆتێسک و دیمەنی گاڵتەجاڕی، دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆحی سەردەمی ڕێنیسانس و ڕەگە میللییەکانی.
پێکەنین بەپێی ئەم دیدگایە، دەبێتە ئامرازێک بۆ نووسینەوەی مێژووی (ئەوەی نەنووسراوە)، وەرگرتنەوەی دەنگی کۆمەڵە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا و بەرەنگاربوونەوەی هەژموونە لە ڕێگەی نوکتە و تەنزەوە.
میتۆدی باختین لە لێکۆڵینەوەی پێکەنیندا
باختین پشت بە میتۆدێکی کۆمەڵایەتی- مێژوویی دەبەستێت، کە شیکاریی دەق و کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی تێکەڵ دەکات. ئەو پێکەنین وەک دیاردەیەکی دەروونی ناخوێنێتەوە، بەڵکو وەک گوتارێکی کەلتووری- سیاسی دەبینێت. لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا، ئەوە نیشان دەدات، کە چۆن رابلێ توانایەکی بێوێنەی هەبووە، بۆ گوزارشتکردن لە ڕۆحی پێکەنینی میللی، ئەویش لە ڕێگەی وێناکردنی جەستە گەورەکان، هەڵگێڕانەوەی سیمبولی پلە و پایەکان و دیمەنی گاڵتەبازی کە تەنها بە لۆژیکی کارنەڤاڵ ڕاڤەدەکرێن.
ئەنجامەکان
بەلای باختینەوە پێکەنینی کارنەڤاڵی دەنگ بۆ خەڵکی ئاسایی دەگێڕێتەوە و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ چەقی مێژوو. واتە (گەڕاندنەوەی پێگەی ناوەندیی بۆ کەلتووری میللی). هاوکات لە ڕێگەی پێکەنینەوە، ئەو پیرۆزییەی دەوری پاشا، قەشە و دەستەبژێرەکانی داوە، تێکدەشکێندرێت، واتە (هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی سیمبولی). دواتر چونکە پێکەنین زمانی فەرمی ڕووت دەکاتەوە، کلسیبوون و ملکەچییەکەی ئاشکرا دەکات، واتە (ئاشکراکردنی هاودەنگیی ئەدەبی فەرمی لەگەڵ دەسەڵات)دا. لە کۆتاییشدا پێکەنین لەگەڵ مێژوودا نەساز نییە، بەڵکو یەکێکە لە ڕاستگۆترین دەرکەوتەکانی. واتە (داڕشتنی دیدگایەکی مێژووییی نوێ).
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کتێبی (کارهکانی فڕانسۆ رابلێ و کهلتووری میللی له سهردمی ناوهڕاست و سهرهتای ڕێنیسانسدا)، بەتایبەت لە بەشی یەکەمیدا، دۆزینەوەیەکی زانستیی گرنگە لە مێژووی پێکەنیندا و جەختکردنەوەیەکە لەسەر ئەوەی کە پێکەنین، لە شێوازە میللی و کارنەڤاڵییەکەیدا، وزەیەکی مێژوویی و کەلتووریی ئەوتۆی هەیە، کە هیچی لە وتار و پەخشانی فەرمی کەمتر نییە. باختین نەک هەر بەهای بۆ پێکەنین گەڕاندەوە، بەڵکو کردییە بەردی بناغەی تێگەیشتن لە سەردەمی ڕێنیسانس و هۆشیاریی گشتی و گۆڕانکارییە مێژووییە گەورەکان لە ڕوانگەی گەلەوە، نەک دەستەبژێر.
لێرەوە، باختین لە خوێندنەوەی بۆ رابلێ، تەنها لەسەر پێکەنین نانووسێت، بەڵکو (مێژوو لە خوارەوە) سەرلەنوێ دەنووسێتەوە، کە تێیدا پێکەنین دەبێتە بەڵگەنامە و کارنەڤاڵی گەل دەبێتە ئەرشیفی ئازادی.