چاوپێکەوتن لەگەڵ ستانلی کوبریک

ئەم چاوپێکەوتنە لە ماڵەکەی ستانلی کوبریک ئەنجام دراوە، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن ڤینسێنتێ مۆلینا فوا. دووبارە چاپ کراوەتەوە لە دووتوێی کتێبێکی گرنگ بە ناوی ئەرشیڤەکانی ستانلی کوبریک، ئەم کتێبە ئەرشیڤەکانی دەرهێنەری بەناوبانگ و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنان و پێشکەشکردنی باشترین ئاست، لەخۆ گرتووە.

هەرچەندە تۆ فیلم دروست دەکەیت و بۆ ماوەیەکی زۆریشە لە بەریتانیا دەژیت، بەڵام هێشتا وەک دەرهێنەرێکی ئەمریکیی ناوزەد دەکرێی. ئایا ئەو هۆکارانەی وات لێدەکەن لە بەریتانیا بژیت هۆکارگەلی کەسیین یاخود پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەیە کە فیلم دروستکردن لە بەریتانیا تێچووی هەرزانترە لە ئەمریکا؟

-سەرەتا گەر بتەوێت فیلم بە ئینگلیزی دروست بکەیت، سێ شوێن هەن وەک چەق و ناوەندی بەرهەمهێنان؛ لۆس ئەنجڵس، نیویۆڕک و لەندەن. و لەوەتەی من کاتێکی زۆرم تەرخان کردووە بۆ ئامادەکردن و بڕینی فیلمێک، وا پێویستی کردووە لە یەکێک لەو شوێنانە بژیم، ئەگینا هەرگیز لە ماڵ نەدەبووم و هەمیشە لە دەرەوە دەمامەوە. نیویۆڕک وەک لەندەن گونجاو نییە، هۆڵیوود کەمێک باشتر گونجاوە، بەڵام لە نێوان چانسی هەڵبژاردنم بۆ ژیان لە هۆڵیوود یان لەندەن، من زیاتر حەزم بە لەندەنە. شارێکی زۆر دڵگیرە و حەز دەکەم لەوێ بژیم. زۆر حەز دەکەم لە نیویۆڕک بژیم، بەڵام شوێنێکی پراکتیکیی نییە بۆ وێنە دروستکردن و فیلمسازی، جگە لەو فیلمانەی لە شوێنی ڕاستەقینە دەگیرێن؛ ئەگەر مەبەستت ستۆدیۆیەکی وێنە بێت وەک بۆ فیلمی “بریسکانەوەکە[i] یان “٢٠٠١: گەشتی بۆشایی[ii]، ئەوا نیویۆڕک ستۆدیۆی زەبەلاح و شوێنی گونجاوی بۆ ئەم کارە نییە. بۆیە بەریتانیا ئەو شوێنەیە کە پێویستە لێی بم.

بەڵام ئایا بوونی پەیوەندی جەنابتان لەگەڵ کۆمەڵێک ڕاستیی جیاواز و پیشەسازیی فیلم وای کردووە هیچ کاریگەریی بەسەر کارەکانتەوە هەبێت؟

پێم وانییە. لەبەرئەوەی تەنانەت ژیان لە ئەمریکاش… گەر لە نیویۆڕک بژیت، ئەوا بەتەواوی جیاوازە وەک لەوەی لە ئەتلانتا، دالاس یان مینیاپۆلیس یان هەر کوێیەکی تری ئەمریکا بژیت. گەر لە نیویۆڕک بژیت، بەڕاستی دەتوانی تەواو دڵنیا بڵێیت “شێوازی ژیانێکی نیویۆڕکی”یانەم هەیە. پێم وایە هەرچەندە لە لەندەن دەژیم بەڵام هێشتا لەسەر شێوازی ژیانی ئەمریکییم، و هەر لەسەر ئەو شێوازە دەبووم گەر لە نیویۆڕکیش ژیابام. بە دڵنیایییەوە لێرە هەستێکی ڕاستیی ترم هەیە بە بەراورد لە هۆڵیوود، کە ناواقیعترین شوێنە. هەموو ڕۆژێک ڕۆژنامەی نیویۆڕک تایمز دەخوێنمەوە، گۆڤارە ئەمریکییەکان دەخوێنمەوە، سەیری فیلمە ئەمریکییەکان دەکەم، هەر بۆیە بەجددی هەست بەوە ناکەم جێگۆڕکێ جیاوازییەکی گەورەی بۆ دروست کردبێتم. لە ڕاستیدا، هەست ناکەم لە ئەمریکا ناژیم. بە هیچ شێوەیەک لە ڕووی فەرهەنگییەوە هەست بە پچڕان یاخود گۆشەگیرییێک ناکەم.

ڕۆژەکەی تر پێت وتم هەمیشە چێژت لەوە بینیوە بچیت سەیری فیلم بکەیت. هێشتا بەردەوامی لە چوون بۆ سینەما و سەیرکردنی فیلم؟

من هەوڵ دەدەم سەیری هەموو فیلمەکان بکەم، خۆم لە ماڵەوە پڕۆجێکتەرم هەیە، بۆیە بۆم ئاسانتر بووە؛ ئەو فیلمانەی وەریان دەگرم، لە ماڵەوە لەبەریان دەگرمەوە و سەیریان دەکەم. ئەوانەشی دەستم پێیان ناگات، دەڕۆم و سەیریان دەکەم، بەڵام دەمەوێت سەیری هەموویان بکەم.

دەمەوێ لەمەڕ هەڵبژاردنەکانت پرسیار بکەم. چ جۆرە؟

حەزم بە فیلمە باشەکانە. (پێکەنین)

ئایا لەگەڵ ئەو کەسانە (بەتایبەت ئەوروپییەکان) هاوڕایت، کە دوای ساڵانێکی زۆر لە ستایشکردنیان بۆ فیلمەکانی هۆڵیوود، ئێستاکە پێیان وایە فیلمسازیی نایاب بەتەواوی ون بووە و نەماوە؟

باشە، بێ شک هەندێک لە فیلمە هەرە چێژبەخش و سەرنجکێشەکان لە هۆڵیوودەوە بەرهەم هێنراون. دڵنیاش نیم لەوەی زۆرینەی فیلمە گرنگەکانی مێژووی سینەما لە هۆڵیوودەوە هاتبن، واتە ئەو فیلمانەی خەڵکی بۆ ماوەیەکی زۆر بیریان دەمێنێ و لە یاد ناکرێن. پێم وانییە. هەندێک لە فیلمەکان پێدەچێ لەوێوە هاتبن.

حەزت بەم ڕێچکە نوێ و شێوازە هاوچەرخانەی بەرهەمهێنانی هۆڵیوودە، کە لە لایەن کۆپۆلا، سکڕادێر، سپیڵبێرگ، سکۆڕسێزی یان دێ پالماوە هەوڵیان لە بۆ دەدرێت و تاقی دەکرێنەوە؟

پێم وابێ یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین فیلمەکانی هۆڵیوود پێش ماوەیەکی زۆر بینیبێتم، هۆڵییود نا، -فیلمە ئەمریکییەکان- ئەوا “هاوڕێ کچەکان”[iii]ی کلاودیا وێیل بووە. پێم وابوو ئەم فیلمە لە دەگمەنترین ئەو فیلمانەیە کە بەراوردم کردووە بە نووسین و فیلمسازییە ڕژد، چڕ و وردەکانی ئەو دەرهێنەرانەی تۆ پێت باشترینن لە ئەوروپا. فیلمەکە سەرکەوتنێکی وای نەبوو، ناشزانم لەبەرچی، بەڵام دەبوایە هەیبووبا. بێگومان فیلمەکەم زۆر پێ نایاب بوو. وا دەردەکەوت گرێچنی فیلمەکە زۆر ڕاستییانە مامەڵە لەگەڵ چیرۆکەکە بکات و هەر بەم شێوەیەش بەردەوام بوو لەگەڵ تێما و هەموو شتەکانی تریش بەبێ هیچ گۆڕانکاریی یاخود کەرتبوونێک.

کەواتە بە ئاشکرا زۆر هۆگری، بابڵێین، ئەو جۆرە فیلمانە نیت کە شێوازی هۆڵیوودیین.

من نەمگوت “هۆڵیوودی”، لام وایە کارێکی قورسە فیلمێک دروست بکەیت هەم لە ڕووی سۆزەکییەوە بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی سەرنجڕاکێش بێت، و هەمیش ئەو ڕاستێتی و قووڵییەی لەخۆ گرتبێت کە تۆ لە ئەدەبیاتێکی مەزن و دانسقەدا پێی ئاشنا دەبیت. وای دادەنێم وەها کارێک زۆر قورس بێت تەنانەت گەر سەرنجی جەماوەریش ڕانەکێشیت… چونکە فیلم تێچووییەکی زۆری پێویستە لە ئەمریکا، فیلمسازەکانیش نیگەرانی ئەوەن چۆناهی فیلمەکە بۆ جەماوەر سەرنجڕاکێش بکەن. ئێستاکە، ڕێی تێ دەچێت شتێک دروست بکەیت هەم درامی بێت و هێشتاش هەڵە نەبێت. بەڵام قورسە.

blank
ستانلی کوبریک (١٩٢٨-١٩٩٩) دەرهێنەری سینەمایی ئەمریکی

نموونەیەکی زۆری ئەم فیلمانە دەزانیت؟

قورسە بیر لە زۆر نموومە بکەیتەوە، چونکە گەر لیستێکت بۆ دە باشترین فیلمەکانت دروست کرد، ئەوا هەرگیز نابنە ئەو دە فیلمانەی زۆرترین داهاتیان هەبووە، وایە؟ بەڵام بێگومان ئەمانە هەمووی پەیوەندییان بە تێچووی دەرهێنانی فیلمەکەوە هەیە، واتە بەدەستهێنانی داهاتێکی باش پەیوەندی بە خەرجییەکی باشی فیلمەکەوە هەیە. کێشە گەورەکە ئەوەیە، ئێستا فیلم بڕێکی زۆر لە تێچووی پێویستە؛ بگرە لە ئەمریکا هەر مەحاڵە فیلمی باش دروست بکەیت. چونکە پێویستە بێئەندازە کاتی بۆ تەرخان بکەیت، وە تەکنیککار و ئەکتەرانی باشت هەبێت زۆر زۆر نرخیان بەرز نەبێت. ئەم فیلمەی کلاودیا وێیل دروستی کرد، پێم وابێ وەک کەسێکی سەرەتا دەستی کرد بە ئەنجامدانی. بۆ ماوەی ساڵێک کاری لەسەر فیلمەکە کرد، حەفتەی دوو یان سێ ڕۆژ. بە دڵنیایییەوە زۆر بە بەخت بوو، چونکە لەو ماوەیەدا بەتەواوی ئەو کاتەی بۆ بیرکردنەوە پێویستی بووە دەربارەی فیلمەکەی، هەیبووە. بۆ ئەوەی تێبگات و ببینێت چی کردووە. لام وایە فیلمەکەی زۆر بەباشی دروست کرد.

هەرگیز گرنگیت بە سینەما “سەربەخۆ”یە ئەمریکییەکان داوە، یان ئەو دەرهێنەرە هزر سیاسییانەی وەک “کرامەر، دێ ئانتۆنیۆ” یانیش ئەو دەرهێنەرە ئاڤانگارد و نوێگەرانەی لە نیویۆڕک بە دیار کەوتوون وەک  “وارهۆل، ئانگێر، مێکاس، مارکۆ پۆولۆس”؟

بەڵێ، ڕاستییەکەی هیچ فیلمێکی سەربەخۆی باشم نەبینیوە. دەمەوێت بڵێم یەکێک لە کێشەکان لەگەڵ فیلم ئەوەیە پێویستی بە چەند خاڵێکی تەکنیکیی کارامەوە هەیە لە پێناو پاراستنی فیلمەکە لەوەی خراپ دەرکەوێت. زۆربەی هەرە زۆری فیلمە سەربەخۆکان بەخراپی دروست دەکرێن. بەڵام من نەموتووە، بۆ نموونە، فیلمی “هاوڕێ کچەکان” فیلمێکی سەربەخۆیە، لە ڕاستییدا تەنیا فیلمێکی نایابی کەم-تێچوو بوو. هەرگیز فیلمێکی سەر بە سینەمای سەربەخۆم نەبینیوە، کە پێم وابووبێت گرنگە یان سەرنجڕاکێشە. دەڵێم بە جۆرێک لە جۆرەکانیش سەرنجڕاکێشن، چونکە دەرهێنەرەکانی سەر بەم ڕێچکەیە کار لەسەر شتانێک دەکەن و پیشانی دەدەن، کە هەرگیز هیچ کەس بیری لێیان نەکردووەتەوە. بەڵام ناتوانم بڵێم بە ڕاددەیەک گرنگ و دڵگرن لە ئافراندنی بیرۆکەگەلی نوێ کە لەلایەن دەرهێنەرەکانی تریشەوە سوودی لێ وەربگیرێت و بەکار بهێنرێت.

blank

زۆربەی فیلمەکانت لە ڕۆمانەوە وەرگیراون. ئایا بۆ فیلم دروستکردن لاتان ئاسانترە ئەدەب بەکار بهێنن وەک خاڵی دەستپێک؟

سوودێکی ئێجگار زۆر لە بەکارهێنانی دەقە ئەدەبییەکاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە تۆ بۆ یەکەمجار هەلی خوێدنەوەی چیرۆکەکەت دەبێت. خۆم هەرگیز سیناریۆیەکی ڕەسەنم نەنووسیوە، کەواتە من تەنیا تیۆریزەی چۆنیەتیی ئەو کاریگەری و جێکەوتانە دەکەم کە لام وایە دروست دەبن. بەڵام وای دادەنێم گەر بیرۆکەیەکی خۆت هەبووبا و لات سەرنجڕاکێش بوایە، و کارت لەسەرت کردبا و پەرەت پێ دابوایە بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەوا بەر لە تەواوکردنی توانای دەربڕینی ئەوەت نەدەبوو بۆ وتنی ئایا چیرۆکەکە باشە یان باش نییە. و دواتر لەسەر ئەو خاڵە، بۆ ئەوەی هەوڵی ئەوە بدەیت بیکەیت بە فیلم، دەبێت تەنیا متمانەت بە هەست و حەزە سەرەتاکانی خۆتەوە هەبێت لەمەڕ چیرۆکەکە. سوودی چیرۆکێک کە دەکرێت بە تەواوی بیخوێنیتەوە لەوەدایە دەتوانیت ئەو هەستانەت لەبیر بێت، کە لە یەکەم ساتی خوێندنەوەی چیرۆکەکەدا ئەزموونت کردوون. ئەمەش دەبێتە ڕێگایەکی زۆر سوودبەخش بۆ یارمەتیدانت لە بڕیاردان لەسەر ئەو شتانەی پێویستن بڕیاریان لەسەر بدرێت لە کاتی دەرهێنانی فیلمەکە، چونکە تەنانەت گەر بۆ ماوەیەک لەگەڵ چیرۆکی کەسێکیش زۆر ئاشنا بیت، ئەوا دواتر ناتوانی بە تەواویی بزانی بۆ کەسێک یەکەمجار سەیری ئەم فیلمە دەکات هەست بە چی دەکات و هەستی چۆن دەبێت. کەواتە بە لایەنی کەمەوە هێشتا هەست و لێکدانەوەی خۆتت هەیە بۆ یەکەم بیرۆکە ڕەسەن و چیرۆکەکانت، کە ئەمەیان زۆر گرنگە.

هەموو ئەو ڕۆمانانەی کارت لەسەر کردوون “لۆلیتای نابۆکۆڤ، سپارتاکۆسی فاست، بێڕی لیندنی ساکێری، بریسکانەوەکەی ستیڤن کینگ” زۆر لە یەکتری جیاوازن. چ شتێک سەرنجت بۆ کتێبێک کێش دەکات و ویستی ئەوەت بۆ دروست دەکات بیکەیت بە فیلم؟

بەر لە هەر شتێک، کۆمەڵێک کاردانەوەی کەسییم هەیە لە بۆ چیرۆکەکە. زۆر سادە دەردەکەوێت، بەڵام شتێک هەیە دەربارەی ئەو ڕاستییەی تەنیا چیرۆکەکەت بە دڵە. پاشان پرسیاری دواتر ئەوەیە، چیرۆکەکە دەتخرۆشێنێت، و گەر بۆ ماوەی دوو حەفتە بیری لێ بکەیتەوە، ئایا هەر بە سەرنجڕاکێشیی دەمێنێتەوە؟ کاتێک بەسەر ئەو خاڵەوە تێپەڕ بووین، ئەوا پرسیاری دواتر بە تەواویی ئەمەیە؛ ئایا ڕۆمانەکە دەکرێت بۆ فیلم وەربگێڕدرێت؟ چونکە بە ڕاستی زۆربەی ڕۆمانەکان گەر باشیش بن، ئەوا ماتەوزەی وەرگێڕانیان تیا نییە بۆ فیلم. ئەوە تایبەتمەندییەکی سروشتی و خۆماکانەی ڕۆمانە، ئەمەش یان بەهۆی قەبارەی ڕۆمانەکەوەیە، یانیش پەیوەندیی بەم ڕاستییەوە هەیە کە باشترین ڕۆمانەکان ئەوەندەی سەرنج دەخەنە سەر ناواخن و ژیانی خۆیەکیی کارەکتەرەکانەوە، ئەوەندە سەرنج ناخەنە سەر ڕووداو و کردە دەرەکی و گشتەکییەکان. هەر بۆیە، هەمیشە مەترسی سادەکردنەوە و ڕووکەشبوون لە ئارادایە کاتێک هەوڵی ڕەنگڕێژکردن و ڕێکخستنی پێکهاتەی تێما و کارەکتەرەکان دەدەیت. کەواتە ئاسایییە، دەشێ هەندێک ڕۆمان هەبن هەرگیز ڕێی ئەوەیان تێ نەچێت بکرێن بە فیلمی باش. بەڵام با بڵێین کارێکی گونجاوە ڕۆمانێک بکرێتە فیلم؛ پرسیارگەلێکی لەم چەشنە دوای ئەم ڕستەیە قوت دەبنەوە؛ ئایا ڕۆمانەکە توانستی بوون بە فیلمی هەیە؟ ئایا بۆ تەماشا کردن سەرنجڕاکێش دەبێت؟ ئایا بەش و ڕۆڵی جوان هەن بۆ ئەکتەرەکان؟ ئایا کەسانی تر چێژ لەم کارەت دەبینن کاتێک تەواوت کرد؟ ئەمانە کۆمەڵە بیرۆکە و پرسیارگەلێکن دێن بە هزرمدا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، من دەڵێم ئەوە هەستێکە پەیوەندیی بە خرۆشانێکی کەسییەوە هەیە دەربارەی چیرۆکەکە، واتە خۆیەکیییە، لەسەر ئەو ڕاستییەی لەگەڵ چیرۆکەکە کەوتوویتەتە داوی عەشقەوە.

چ شتێکت لە ڕۆمانەکەی ستیڤن کینگ زۆر بە دڵ بوو؟

بەڵێ، ڕۆمانەکەم لەلایەن جۆن کالییەوە بەدەست گەیشت، بەڕێوەبەرێکە لە کۆمپانیای وارنێر برۆس. تاکە شت بوو بۆم نێردرابێت و باش بووبێت، یان بە دڵم بووبێت. زۆربەی ئەو شتانەی دەیانخوێنمەوە، هەست دەکەم دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک وازیان لێدێنم و دایان دەخەم. بیر دەکەمەوە، بە خۆم دەڵێم چیتر کات بەمەوە ناکوژم. بەڵام ڕۆمانی “بریسکانەوەکە“ی ستیڤن کینگ زۆر ورد بوو، بۆ من قورس بوو لە خوێندنەوەی ببمەوە. پێم وابوو گرێچن، بیرۆکە و بونیادی ڕۆمانەکە لە کۆی ئەو کتێبانەی لەو ژانرایە خوێندبوومنەوە، داهێنەرتر، جوانتر و خەیاڵئامێزتر بوون. لام وابوو کەسێک دەتوانێت فیلمێکی زۆر باشی لێ دروست بکات.

blank

کارەکانی پێشووتری ستیڤن کینگت خوێندبوونەوە؟

نەخێر. فیلمی “کێڕی[iv]“م بینیبوو، بەڵام هیچ یەکێک لە ڕۆمانەکانیم نەخوێندبوونەوە. دەڵێم توانای ڕاستەقینەی ڕۆماننووس کینگ لە دروستکردنی گرێچندایە. وا پێناچێت زۆر سەرنج بدات لە نووسیندا، مەبەستم ئەوەیە، نووسینەکانی وا دەردەکەون جارێک نووسیبێتی، دواتر خوێندبێتییەوە، پێدەچێت پاشان تۆزێک دەستکاری و گۆڕانکارییەکی تیا کردبێت، و بۆ چاپخانە ناردبێتی. ئەو زیاتر سەری بە ئافراندنی شتی نوێوە قاڵە، کە من پێم وابێت لەم بەشەدا ئەو زۆر بە ڕوونی توانای خۆی پیشان داوە.

باشە بیرت لە دروستکردنی فیلمێکی ترسناک دەکردەوە بەر لەوەی ئەم ڕۆمانەت بەدەست بگات؟

نەخێر. کاتێک فیلمێک دروست دەکەم، هەرگیز فیلمێکی پێشتر نەبووە لە خەیاڵمدا بێت یاخود بیرۆکەی دروستکردنیم هەبووبێت. هەرگیز دوو چیرۆکم لە یەک کاتدا نەبووە. تەنها شت بە هزرمدا دێت دەربارەی ئەو کاتانەی کتێبێک دەخوێنمەوە ئەوەیە نامەوێت فیلمێک دروست بکەم هاوشێوەی فیلمەکەی پێشووترم بێت. جگە لەمە، هیچ بیرۆکەیەکی پێشوەختەم نییە لەمەڕ ئەوەی فیلمی داهاتووم پێویستە چۆن بێت و چۆن نەبێت. بۆ نموومە ئێستاکە نازانم بە نیازی چیم. خۆزگە بە نیازی شتێک بام. ئەمە کاتێکی زۆرم بۆ دەگەڕێنێتەوە.

لە کارەکانی پێشووتدا، لەنێو چەند ژانرایەکی تایبەت کارت کردووە وەک “خەیاڵیی زانستی، مەتەڵاوی، جەنگ و هتد”. ئایا بۆ ئەوە فیلمی “بریسکانەوەکە“ت لا سەرنجڕاکێش بوو چونکە دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندی لەناو پیشەکەی خۆتدا کار لەسەر ژانرایەکی جیاواز بکەیت و یاسا و مەرجەکانی ئەم ژانرایە نوێیە بدۆزیتەوە؟

پێم وابێ سەرەکییترین یاسای پەیوەندیدار بە ژانراکەوە ئەوەیە، کە تۆ پێویست ناکات هەموو شت ڕوون بکەیتەوە یان بەدوای کۆمەڵێک وەڵامی سادە و گونجاو بگەڕێیت بۆ ئەو شتانەی ڕوو دەدەن. وە ئامانجیش لەم کارە ئەوەیە هەستێک لە هاوشێوەی “غەریبە[v]” دروست بکەین. فرۆید لە وتارەکەیدا سەبارەت بە غەریبە دەنووسێت: غەریبە تاکە هەستە جوانتر و ڕوونتر لە هونەردا بەرجەستە دەبێت وەک لەوەی لە ژیان. من ئەوەم زۆر لا سوودبەخش بوو؛ وەک زانیارییەک یارمەتی نووسینی سیناریۆیەکەی نەدەدا، بەڵام بە لای منەوە شێوازێکی زۆر وردە بۆ تيگەیشتن لەم ژانرایە. وتارێکم خوێندەوە لە لایەن مامۆستای گەورە “هاووارد فیلیپ لۆڤکرافت[vi]“ەوە نووسرابوو، دەڵێت هەرگیز نابێت هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەو شتانە بدەیت وا خەریکن ڕوو دەدەن، بە تایبەت گەر ئەو شتانەی ڕوو دەدەن ببنە مایەی چەخماخەدانی خەیاڵێک، یان کاراکردنی هەستی غەریبە، ترس و دڵەڕاوکێ لە ناخی خوێنەر/بینەردا. هەروەها گەر هیچ هاودژییەکی ناوەکیی لەنێو خۆیدا نەبێت، ئەوا تەنیا، وەک پێشووتر، بنیاتنانە لەسەر خەیاڵ (بیرۆکە خەیاڵئامێزەکان، ڕاچڵەکینەکان و …)، واتە کارکردن لەسەر ئەم ناوچەیەی هەستەکان. من وا بیردەکەمەوە ڕەسەنێتیی چیرۆکێکی لەم شێوەیە شتێکە دواجار بینەرەکانیش دەجۆشێنێت؛ بینەر بە ئاشکرا وەک گەڕیدەیەک لەگەڵ ڕۆیشتنی چیرۆکەکە چاوەڕوانی ئەوەیە دواتر دەبێت چی ڕوو بدات، و لە کۆتاییدا کاتێک هەموو شت تەواو بووە، هەستی ڕازییبوونێکی گەورە لایان خۆی دەردەخات. توانای ئەوەت نەبووە پەی بە گشت فۆڕم و ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە ببەیت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەستت بە فریودان یان لە خشتەبردنێک، نەکردووە.

دایان جۆنسۆن کێیە، کێ سیناریۆکەی لەگەڵت نووسی؟

ئەو ڕۆماننووسێکی زۆر باشە، پێنج یان شەش کتێبی بڵاو کردووەتەوە. یەکێک لە کتێبەکانی سەرسامی کردم و دەربارەی کتێبەکە دەستم کرد بە گفتوگۆ لەگەڵی، دواتر زانیم ئەو کۆرسێکی ڕۆمانی جۆری گۆتیک(وێژەی تاریک و ڕەمزاویی)یش لە زانکۆی بێرکلێی کالیفۆڕنیا، دەداتەوە. وا پێدەچوو کارکردن لەگەڵی بۆ نووسینی سیناریۆکە شتێکی سەرنجڕاکێش بێت، کە واشبوو. ئەمەیان یەکەم سیناریۆی بوو.

کەمێک جیاوازی و گۆڕان لە فیلمەکەدا هەن بە بەراورد لەگەڵ ڕۆمانەکەدا. چەند کارەکتەرێک بە شێوەیەکی بەرچاو سادەکراونەتەوە، زۆربەی بەشە سەرووسروشتی، ناواقیعی و دەروونییە داتاشرەوەکانیش، لابرابوون. تەنانەت بنەڕەتییترین بەشی ترسناکییەکەش کەم کراوەتەوە. هەموو ئەمانە لای من گۆڕانکارییەکی گەورەن لەسەر ڕۆمانەکە. ئاخۆ هەوڵی ئەوەت دەدا لە یاسا و مەرجە نەریتی و باوەکان لابدەیت لە پێناو دروستکردنی شتێکی جیاواز، کە هەرچەندە بە دڵنیایییەوە، فیلمەکە هێشتا لای زۆرینەی خەڵک وەک فیلمێکی تەواو ترسناک سەیر دەکرێت؟

تۆ دەڵێیت زۆر دیمەنی ترسناک لە کتێبەکەدا هەن و لە فیلمەکە لابراون، من ڕازی نیم لەگەڵ ئەم بۆچوونە. ئەوەی ڕاستیی بێت، جگە لەو دیمەنەی منداڵەکە بازرەقەی خوێن دەبینێت بەسەر دیوارەکاندا چۆڕاوگەی بەستووە و کاتێک خەریکی یاریکردنە بە بەفر گوێی لە ژاوەژاوێکی کەم دەبێت لە سێڵاوە گەورەکەوە، پێم وایە هەموو بەشەکانی تر، ترسناکیی زیاتریان تیایە بە بەراورد لە کتێبەکە. خەڵکی ئەوەیان گوتووە. بۆ نموونە، لە کتێبەکە هیچ کەسێک ناکوژرێت.

باشە، بەڵام تۆ دیمەنی جووڵەی هەموو ئەو درەختانەی لە شێوەی ئاژەڵ بڕدرابوون لە باخچە پێچەڵاوپێچەکە، بڕیوە…

هەر ئەوەندەیە. کاتێک هاڵۆوران، چێشتلێنەرە ڕەشەکە دەگاتە کۆتایی، درەختە لە شێوە ئاژەڵ بڕدراوەکان هەوڵی وەستاندنی دەدەن. بەڵام ئەوە تاقە دیمەنە لە فیلمەکەدا بڕدرابێت.

تۆ جەختیشت لەسەر پەیوەندیی نێوان کارەکتەرە سەرەکییەکان و هەستی گۆشەگیربوونیان لە هۆتێلەکە، کردووە. بێزاریی جاک وەک نووسەرێک هەموو ئەم شتانە زۆر گرنگ دەبن لە فیلمەکە، بەڵام لە کتێبەکە بەم شێوەیە دەرناکەون.

پێم وایە لە ڕۆمانەکە، ستیڤن کینگ هەوڵی زیادکردنی کۆمەڵێک شت دەدات، کە من ناویان لێدەنێم زڕەکارەکتەر (نیمچە کارەکتەر یان کارەکتەری ساختە) و سەرەداوی دەروونیی ساختە. هەرچۆنێک بێت، چییەتیی ئەوەی کارەکتەرەکان کێن، وەک خۆیشی دروستی کردووە لە ڕۆمانەکەدا، لە فیلمەکە وەک خۆیان بەرجەستە کراونەتەوە. تاکە شت گۆڕانکارییمان تیادا کردبێت ئەوەیە “وێندی”مان زیاتر وەک دایکێک و هاوژینێک دەرخستووە. بەڵام گۆڕان و پەیوەندییە دەروونییەکان، تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ ڕۆمانەکەشدا، بە تەواوی نەگۆڕدراون. گوتت کارەکتەرەکان سادەکراونەتەوە، باشە، بە ڕوونی مەبەستەکە ئەوەیە ئەوان ڕوونتر بوون و کەمتر پەرتن، نەک سادە کرابووبێتنەوە؛ ئا بەم شێوەیەیە، کەمتر پەرتبوون باشترە لە سادەکردنەوە. کاتێک گوتم کارەکتەرەکانم سادە کراونەتەوە، بەتەواوی مەبەستم ئەوەبوو؛ ڕوونتر پیشاندراون. بۆ نموونە، سەبارەت بە کارەکتەری جاک، کۆی ئەو وردەکارییە ئاڵۆزانەی لەمەڕ ژیانی خێزانیی جاک لە فیلمەکە بڕدراون، ئەمەشیان لە پێناو باشتر ڕێکخستنی فیلمەکەیە. پێم وانییە بینەر وردودرشت تێبینی غیابی لاپەڕە زۆرەکانی ڕۆمانەکە بکات کە کینگ بە وردی سەرنجی خستبوونە سەر، وەک کێشەی سەرخۆشییەکەی باوکی جاک یان دایکی وێندی. بۆ من، ئەمانە تەواو ناپەیوەندییدارن. هەروەها لێرەدا کێشەی زیادکردنی ئەو کۆمەڵە وردەکارییە دەروونییانەی لە هەوڵی ڕوونکردنەوەی کردە و مامەڵەکانی “جاک”دان، هەیە، کە بە ڕاستی گرنگ نییە.

ڕاستە. لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، هەمیشە هەستم بەوە دەکرد ڕۆماننووس هەوڵی ئەوە دەدات هەموو ئەو شتە ترسناکانەی ڕوو دەدەن، بەوردی ڕوونیان بکاتەوە. منیش پێم وایە کارێکی لەم شێوەیە هەڵەیە، چونکە شاهێزی چیرۆکەکە لەژێر لێڵی و تەمتومانیی خودی چیرۆکەکەدا ڕاکشاوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، زۆر ئامەژەپێدانت بۆ “ئێدگار ئالان پۆ”، کە لە کتێبەکەدا هەن، فەرامۆش کردووە، بە تایبەت ئاماژەدان بە کورتە چیرۆکەکەی “ڕووبەندی مەرگی سوور[vii]“”، لە ڕاستیشدا فیلمەکەت بە تەواوی لەژێر کارکردی شێوازی ئێدگار ئالان پۆوە دەردەچێت و، بڕاوم وایە، زیاتر لە شێوازی بۆرخێسەوە نزیک بێتەوە، بە تایبەت لە دیمەنی کۆتاییی فیلمەکە. ئەمەیان لای من گۆڕانێکی تەواو گشتەکییە لە چاو ڕۆمانەکە.

ڕاستییەکەی گۆڕانی هەرە گەورە لە سی خولەکی کۆتاییی فیلمەکەدایە، چونکە فەزاکەی ڕۆماننووس لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا تەنیا لە نێوان ڕووبەڕووبوونەوەی جاک و دانییدا چڕ بووەتەوە، دانی شتێکی لەم شێوەیە دەڵێت “تۆ باوکی من نیت“، دواتر جاکیش دەگەڕێتەوە، دەڕواتە خوارەوە بۆ لای سەرچاوەی گەرمکەرەوەکە بۆ چاککردنەوەی، بەڵام هۆتێلەکە دەتەقێتەوە. گرنگترین شت من و دایان جۆنسۆن کردمان، بریتی بوو لە گۆڕینی کۆتاییی چیرۆکەکە، لە پێناو گۆڕینی سەرنج بەم شێوەیەی تۆ باست کرد. لە فیلمەکەدا، کۆمەڵێک سەرەداو هەن سەبارەت بەو شتانەی وەک پەیوەندیی باوکی جاک و پێشینەی خێزانەکەی، کە من پێم وایە تەواو خزمەتی هەمان مەبەست دەکەن؛ کاتێک وێندی بە دکتۆرەکە دەڵێت چۆنچۆنی جاک قۆڵی دانی شکاندبوو، دەتوانیت لێرەدا ببینیت چۆن وێندی هەوڵی ئەوە دەدات لە کاتی باسکردنیدا، ڕووخساری ئاسایی و هێمن دەربکەوێت، بەڵام درک بەوە دەکەیت، کە دەبێت شتێکی زۆر خراپ ڕووی دابێت. یان بۆ نموونە، کاتێک ئۆڵمان، بەڕێوەبەری هۆتێلەکە، ئەم پرسیارە لە جاک دەکات “چۆن خێزان و منداڵەکەت بە دڵیان دەبێت؟“، لێرەدا دەبینیت نیگای چاوەکانی جاک مانایەکی لەم شێوەیە دەدەن “ئەمە چ پرسیارێکی بێمانایە!“، و دواتر زەردەخەنەیەک دەکات و تەنیا دەڵێت “بە دڵیان دەبێت“. لێرەدا مەبەستمە بڵێم، کۆمەڵێک وردەکاریی بچووک و هەروەها چڕ هەن، لانی کەم بە نیمچە ئاگایییانەوە هەمان ئەو تێگەیشتن یان هەستانەت پێ دەبەخشێت کە ستیڤن کینگ بەقووڵی هەوڵدەدات دروستیان بکات. من وا بیردەکەمەوە کینگ کەمێک نیگەرانی ئەوە بووبێت چۆن وا لە ڕۆمانەکە بکات لە ڕووی ئەدەبییەوە شوناسێکی بەهادار و گرنگ وەربگرێت؛ هەر بۆیەشە دەبینین گوتەزاکانی ئێدگار ئالان پۆ و ئاماژەدان بە چیرۆکی “ڕووبەندی مەرگی سوور“ەکەی لە ڕۆمانەکەدا بەکارهێناوە. ئەمانە ئاسایین، بەڵام وا دەرناکەون بۆ چیرۆکەکە پێویست بن. کینگ زۆر نیگەران دەردەکەوێت لێرەدا، وەک ئەوەی بیەوێت بۆ هەمووان بسەلمێنێت ئەوەی نووسیویەتی زۆر بەهادارەو ئەدەبیاتەکەی شتێکی زیاترە لەوەی تەنیا دەقی ژانرایەکی ئەدەبیی بێت.

blank

بە شێوەیەکی ئاسایی چۆن کار لەگەڵ ئەکتەرەکان دەکەیت؟ پێت باشە لە کاتی گرتە تۆمارکردن بەمشێوەیەی بۆیان نووسراوە، بە تەواویی ڕۆڵ نەگێڕن و داهێنەرێتییەکەی خۆیانیش لە سیناریۆکە پیشان بدەن؟

بەڵێ، لام وایە گرنگ نییە چەندە بە وردییەوە سیناریۆکەت نووسیوە، چونکە کاتێک ئەم سیناریۆیە لەلایەن ئەکتەرانەوە پراکتیزە دەکرێت، ئەوا هەست دەکەیت تەواو جیاوازە، و لەوە تێدەگەیت شتانێکی سەرنجڕاکێش لە سیناریۆکەتدا بوونیان هەبووە، کە تۆ هەرگیز بیرت لێیان نەکردووەتەوە، یان کۆمەڵێک بیرۆکە هەبوون و تۆ پێت وابووە ناوازە دەبن، بەڵام بەمشێوەیە دەرناکەون. یانیش دیمەنی کۆمەڵێک لە سیناریۆکە ناهاوسەنگ دەردەکەوێت؛ وەک ئەوەی شتێک زۆر نەگونجاو بێت بۆ کۆی دیمەنەکانی تر، یان تەواو ئاشنا نەبێت، هەر بۆیە من لە کاتی پراکتیزە کردنی سیناریۆکە بە ئەکتەرەکان، دووبارە دەست دەکەمەوە بە نووسینەوە و داڕشتنەوەی سیناریۆکە. هەست دەکەم ئەمە ئەو ڕێگایەیە بە باشترین شێوە هەم سوود لە توانای ڕۆڵگێڕانی ئەکتەرەکان و هەمیش لە لاوازییان وەربگرین. گەر شتێک هەبێت ئەنجامی نەدەن، با ڕوونتر بڵێین توانای ئەنجامدانیان نەبێت (دەبێت ئەوە بڵێم ئەم قسەیە بۆ فیلمی بریسکانەوەکە ڕاست نییە، چونکە هەموویان زۆر بە توانا بوون)، لە ناکاو لە هەبوونی چەند بیرۆکە و ئەگەرێک ئاگادار دەبیتەوە، کە پێشتر بە خەیاڵیشتدا نەهاتوون. لە خوێندنەوەی پلان و سیناریۆی هەندێک لە دەرهێنەرەکان هەمیشە سەرسامی ئەو تایبەتمەندییەیان بووم، کە دەقی سیناریۆکەیان بە تەواوی لەگەڵ پراکتیزەکردنییان بۆ دیمەنەکە دەگونجێت بەبێ پێداچوونەوە یان ڕێکخستنەوەیەکی ورد. دەشێت ئەمە لاوازیی سیناریۆکانی من بێت، ئەوەم لا گرنگ نەبووە چۆن و چەند بە باشیی سیناریۆکە لەسەر کاغەز دەردەکەوێت، چونکە لە چرکەساتی پراکتیزەکردنی سیناریۆکە لە ستۆدیۆ لەگەڵ ئەکتەرەکان، بە ئاشکرایی بۆت دیار دەبێت گەر بێت و دەقاودەق ئەو شتانەی لە سیناریۆکەدا نووسراون دووبارە بکەیتەوە، ئەوا هەرگیز بە تەواویی دیمەنێکی باش دروست ناکەیت.

لەوەش دڵنیابوومەتەوە کاتێک بیر لە گۆشەی کامێرا دەکەیتەوە، یان بیر لە شێوازی گرتنی گرتەکە دەکەیتەوە پێش ئەوەی ئەکتەرەکان پراکتیزەی بکەن، و پێش ئەوەی دیمەنەکە بگاتە ئەو شوێنەی شتێکی گرنگی لێ ڕوو دەدات، ئەوا هەمیشە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەبێتە ڕێگر لەوەی بگەیتە باشترین و قووڵترین ئەنجامی گونجاو بۆ دیمەنەکەت.

blank

هەمیشە لە دروستکردنی فیلمێکدا، هەوڵی ئەوە دەدەیت کۆنتڕۆڵی تەواوت بەسەر هەموو بەشەکانی فیلمەکەت هەبێت. هەستێکی کونجکۆڵانەم سەبارەت بەو یەک دوو لایەنە ورد و چڕانەی کۆنتڕۆڵکردنەکەتەوە هەیە. یەکەمیان پەیوەندی بە ئاڕاستە هونەرییەکەی فیلمەکانتەوە هەیە، و فیلمی “بریسکانەوەکە” بەتایبەتی. تۆ خۆت ڕاستەوخۆ بەشداریت لە بڕیاردان لەسەر ئەم بەشە؟

وایە، بەڵێ. بۆ نموومە لەم فیلمە (بریسکانەوەکە)، ڕۆی واڵکەر، دەرهێنەری بەشی هونەر، بۆ ماوەی مانگێک هەموو ئەمریکا گەڕا بۆ وێنەگرتنی هۆتێل، بینا، و کۆی ئەو شتانەی وەک سەرچاوە بەکارمان دەهێنا لە فیلمەکە. دەبوایە وێنەی سەدان شوێن بگرین. پاشان، لەو وێنانەی بە دڵمان بوون، دیزاینەرەکە لەسەری ئامادەی دەکرد، بەڵام قەبارە و شێوەکانی تەواو وەک لە وێنەکە دەردەکەوتن، بە هەمان قەبارە و شێوە دەکێشایەوە، ڕێک وێنەکە چۆن بوو بەم شێوەیە، نەک هاوشێوەی وێنەکە. کاتێک وێنەکان دەگیران، دیزاینەرەکە لەوێ دەوەستا و ڕاستەیەکیشی لەگەڵ بوو، بۆ ئەوەی بە جوانی قەبارە و جیاوازیی هەموو شتێک پێوانە بکات، ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئەم قەبارە و شێوەی دروستی دەکەین، لە سەرچاوە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە وەرگیرابێت، کە شتێکی زۆر گرنگە. بیر لەو بینایە بکەرەوە لە سەرەتای فیلمەکە لێی دەژین، کۆمەڵێک ژووری بچووک، ڕێڕەوگەلێکی تەسک لەگەڵ ئەو پەنجەرە نامۆیەی کوڕەکەیان کە بەرزییەکەی مەتر و نیوێک دەبێت. لە سەرەتادا، وایە شتێکی گەمژانەیە هەوڵی نەخشەکێش کردنی شتێک بدەیت کە هەموو کەسێک لە ژیانی واقعییدا دەیبینێت و دەزانێت ناڕاستییانە یان کەمێک هەڵە دێتە بەرچاو. لەبەرئەوە، شتانێکی وەک بیناکە و ئەو بینایەی ناو هۆتێلەکە، کە زۆر ناشرینە، لەگەڵ جۆرێک لە نەبوونی دیزاین، و شتەکان بەو شێوەیەی بەبێ دیزاینێکی جوان دروست کراون، گرنگە وەک خۆی و ڕاستییانە پیشان بدرێن لەبری ئەوەی هەوڵی جوانکردنیان بدەیت. بۆیە، ئەو بەشانە پێویستە بە ئاگادارییەوە لەبەربگیرێنەوە هەروەک ئەو ژوورە ناوازە جوانانەی وەک خۆیان پیشانیان دەدەیت و کۆی جوانیی و وردەکارییەکانی لەبەرچاو دەگریت. بە دڵنیایییەوە، لە وەها دۆخێکدا، لەبری ئەوەی دەرهێنەری بەشی دیزاین هەوڵی دیزاینکردنی هۆتێلێک بدات، کە من پێم وایە مەحاڵە و ناتوانێت بە شێوەیەکی واقیعیی پیشانی بدات، چونکە وەک شتێکی سەر ستەیج یان ئۆپێرایەکی لێدێت، باشترە شتێکی ڕاستییت هەبێت و بەم شێوەیەی هەیە، پیشانی بدەیت.

گرنگە چیرۆکەکە لە ژینگەیەکی تەواو واقیعی بسازێنیت بۆ ئەوەی بینەر چیرۆکەکە قبووڵ بکات، و بۆ ئەوەی فیلمەکە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە دەربکەوێت، پێویستە هەمان ئەو ڕووناکییانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا دەیبینین بۆ دیمەنەکانی فیلمەکە بەکار بهێنرێت، نەوەک ڕووناکییەکی ساختە و شانۆیی (زیاد لە پێویست)، کە بە زۆری بینەر لە فیلمە ترسناکەکاندا دەیانبینێت. من ئەم دۆخە بەراورد دەکەم بە شێوازی نووسینی کافکا و بۆرخێس، دەزانی شێوازێکی سادەی بێ گرێ و گۆڵە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا قووڵ. بە مانایەکی دیکە، باس لە شتانێکی ناوازە یان نامۆ دەکەن لە فۆڕمێکی ئاساییدا، وەک ئەوەی بەشێک بن لە ژیانی ڕۆژانە. پێم وایە زۆر گرنگە لە ستۆدیۆ دیمەنی فیلمەکە ڕاستەقینە دەرکەوێت، پێویست بەوەش ناکات لە ڕووی دیزاینەوە جوان دیار بێت، چونکە ڕاستەقینەیی دیمەنەکە و نەبوونی زۆری دیزاین دەرفەتی زۆرتر بۆ گۆشەی کامێرا، ڕووبەر، و تێڕوانینی جیاواز دەڕەخسێنێت. بەڵام هەموو شت دەبێت ڕاستییانە دەرکەوێت. گشت وردەکاریی دیمەنی وێنە گیراوەکانی شوێنە ڕاستەقینەکان بە وردییەکی زۆرەوە لەبەر دەگیرێنەوە. بەشی دەرەوەی هۆتێلەکە لەسەر شێوازی هۆتێلێک لە کۆلۆڕادۆ داڕێژڕاوەتەوە، بەڵام بەشەکانی ناوەوەی لە چەند شوێنێکی جیاوازەوە دیزاینی بۆ کراوە. بۆ نموونە، تەوالێتی هۆتێلەکە لە لایەن فڕانک لۆیید ڕایتەوە دیزاین کراوە، ئەویش شێوازی دیزاینەکەی لە تەوالێتێکی ڕاستەقینەی هۆتێلیکی شاری فینیکیسەوە وەرگرتبوو لە ئەریزۆنا. بەتەواوی وەک ئەو بوو، ڕەنگ و هەموو شتێکی. لە کاتێکدا تەوالێتێکت هەیە و ئەگەرچی نەک هەر قەبارە و شێوەی گونجاوە، بەڵکو سەرنجڕاکێشیشە، کەواتە بۆچی پێویستە تەوالێتێکی نوێ دیزاین بکەیت؟

blank

گەر بتەوێت شوێن بۆ دیمەنەکان دروست بکەیت، زۆر گرنگە بۆشایییەک بۆ بەکارهێنانی ڕۆشنایی و دەرفەتەکان بهێڵیتەوە. بۆ نموونە، هەموو چرا هەڵواسراوەکانی ناو بیناکە زۆر بە ئاگادارییەوە بەسترابوونەوە و کارەبایان بۆ ڕاکێشرابوو، هەر یەک لە گڵۆپەکانی چراکە هەزار واتە، بەڵام لە ڤۆڵتەیجی نزمدا دادەگیرسێت، بۆیە ڕووناکییەکی ڕۆشن، شاهانەیی و ئاسوودەبەخش پەخش دەکات. ئەگەر تێبینیت کردبێت، ڕەنگ و هەموو شتێکی تر لە هۆتێلەکەدا دڵگیر و سەنگینە، لەبەرئەوەی هەریەک لە گڵۆپەکانی هۆتێلەکە هەزار واتن، بەڵام ڤۆڵتەیجەکانیان کەم کرابووەوە بۆ ئەوەی بەم شێوە جوانە دەرکەوێت. ئەو ڕووناکییەی لە پەنجەرەکەوە دەهاتە ژوورەوە بەهۆی شاشەیەکی ڕوو یەکدراوەوە دروست کرابوو، کە درێژییەکەی سیی مەتر و نیو دەبوو و بەرزییەکەشی لە شوێنی دیمەنەکە نۆ مەتر زیاتر دەبوو، تێدەگەیت؟ لە پشت شاشە ڕوو یەکدراوەکەوە ٧٥٠ گڵۆپ بە هەزار وات داگیرسابوون. ئەم شێوازی ڕێکخستنە وا دەکات ئەو ڕووناکییەی لە پەنجەرەکەوە دەهاتە ژوور وەک ڕووناکیی خۆر ڕاستەقینە دەربکەوێت؛ بە ڕاستی وەک ئاسمانێکی ساختە وابوو. بۆیە بەم شێوەیە لە ڕۆژدا وەک ڕووناکی ڕاستەقینە دەردەکەوێت. بێ شک، ڕەچاوکردنێکی وەها پێویستە بەر لە دەستپێکردنی هەر یەکێک لە کارەکانت، چونکە ئەمان بەشێکن لەو بەشانەی پەیوەندییان بە چۆنیەتیی دروستکردنی دیمەنەکانتەوە هەیە؛ ڕووناکیی بەکارهێنان پێویستە لە سەرەتای دیزاینکردندا بە شێوەیەکی ڕێکخستە پلانی بۆ دانرابێت، بۆ ئەوەی لە دەستپێکەوە هەموو بەشەکان لەگەڵ یەکتری هەماهەنگ بن.

لە ئێستادا بیر لە پڕۆژەیەکی نوێ دەکەیتەوە؟

نا، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەستکەوتنی بیرۆکەیەکی نوێم.

سەرچاوە

https://cinephiliabeyond.org/interview-stanley-kubrick-vicente-molina-foix

The Shining. Directed by Stanley Kubrick. 1980. [i]

2001: A Space Odyssey. Directed by Stanley Kubrick. 1968. [ii]

Girlfriends. Directed by Claudia Weil. 1978. [iii]

 

Carrie. Directed by Brian De Palma. 1976. [iv]

 [v]غەریبە: چەمکێکە فرۆید بۆ وەسفکردنی شتێکی نائاشنا، بەکاری هێناوە. هەرچەندە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاشنایە. ئێمە ساتێک غەریبە ئەزموون دەکەین کاتێک لە ناکاو شتێکی ئاشنا بۆمان نائاشنا دەبێت. بە مانایەکی تر، غەریبە گەڕاندنەوەی چەپێندراوەکانمانە.

 [vi] نووسەر و چیرۆکنووسی بەناوبانگی ئەمریکیی. لە ساڵی ١٨٩٠ لە ئەمریکا لەدایک بووە. نووسەر چیرۆکگەلێکی سەمەرەی ترسناکی دەنووسی لە ژانرای فەنتازیا، ترسناک و زانستیی. لە زۆربەی کارەکانیدا، جیهانێکی خەیاڵیی تایبەت بە بوونەوەری سەیر و سەمەرە، دەئافراند. تێمای چیرۆکەکانی بیدەسەڵاتیی و دەستەمۆیی مرۆڤ پیشان دەدەن لە گەردوونێکی فراوان و بێکۆتادا. لە ساڵی ١٩٣٧ لە تەمەنی چل و شەش ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

The Masque of the Red Death: Edgar Allan Poe. [vii]