باوەڕ بێنین بە سەرەتای وەرزی سەرما

لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

ئەوە منم

ژنێكی تەنیا

لە ئاستانەی وەرزێكی سارددا

لە سەرەتای فامی خەڵتاوی زەوی و

ناهومێدیی سادە و خەمباری ئاسمان و

بێهێزیی ئەم دەستە بەردینانەمدا.


زەمان تێپەڕ بوو

زەمان تێپەڕ بوو، زەنگی كاتژمێر چوار جاران ژەنرا

چوار جاران ژەنرا


ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی بەفرانبارە

من شارەزای ڕازی وەرزانم

من لە چرپەی چركە دەزانم

ڕزگاریدەر لە گۆڕدا نوستووە

خاكیش، خاكی وەخۆگر

ئاماژەیە بۆ ئۆقرەگرتن.


زەمان تێپەڕ بوو، زەنگی كاتژمێر چوار جاران ژەنرا


لە كۆڵان بای دێ

لە كۆڵان بای دێ و

من ڕادەهزرێم لە پێكەوە جووتبوونی گوڵان

لە لاسكی ناسكی كەمخوێنی خونچەگەل و

ئەم زەمانە لەبڕكەوتووە سیلدارە.

پیاوێكیش بە تەنیشت درەختە خووساوەكاندا دەڕوا..

پیاوێك كە هەودای شینی دەمارەكانی

وەكو ماری مردوو

بەملاولای گەروویدا

هەڵخوشیون و

لە شەویلكە ئاوەژووەكانیدا ئەو بێژە خوێناوییە دەبێژنەوە‌:

-‌ سڵاو

– سڵاو

منیش ڕادەهزرێم لە پێكەوە جووتبوونی گوڵان.


لە ئاستانەی وەرزێكی سارددا

لە كۆڕی تازیەی ئاوێنەكاندا

لە نێو كۆمەڵانی شینگێڕی ئەزموونە ڕەنگپەڕیوەكان و

ئەم زەردەپەڕە ئاوسبووە لە تۆرەی بێدەنگیدا

چلۆن دەكرێ

فەرمانی وەستان بدرێ

بە ئەو كەسەی كە ئاوا

بەسەبر و

لەشقورس و

سەرگەردان

      ڕێ دەبڕێ.

چلۆن دەكرێ بەو پیاوە بڵێی که‌ زیندوو نییە،

                     هەر هیچكاتێك زیندوو نەبووە.


لە كۆڵان بای دێ

قاڵاوە پەڕەوازەكانی تەنیایی

لە پیرەباخەكانی وەڕەزیدا دەخولێنەوە و

بەرزایی پەیژە. چەندە نزمە.


ئەوان هەموو ساویلكەیییەكانی دڵێكیان

لەگەڵ خۆ بردە نێو كۆشكی بەسەرهاتان

ئێستاش ئیتر

ئیتر چۆن كەسێك وەسەما دەكەوێ و

پرچی منداڵیی خۆی

دەپڕژێنێتەوە نێو خوڕێنیی ئاوان

چلۆن سێویش ـــ كە ئاخری ڕنیویەتی و هەڵیمشتووە ــــ

لە ژێر پێیدا پان دەكاتەوە؟


ئەی یار، ئەی تاقانەترین یار!

پەڵەهەوری چەندە ڕەش ڕەش

              چاوەڕوانی ڕۆژی میوانداریی خۆرن.


دەتگوت لە ڕەوگەیەكی وێنای هەڵفڕیندا بوو كە ڕۆژێك

ئەو باڵندەیە وە‌دیار كەوت

دەتگوت لە هێڵە سەوزەكانی خەیاڵەوە سەریان هەڵدا

ئەو گەڵا تازانەی لە هۆكی شنەدا دەیانهانكاند

دەتگوت

ئەو بڵێسە بنەوشەی لە مێشكی پاكی پەنجەرەدا دەگڕا

هیچ نەبوو بێ لە وێنایەكی بێگەردی چرا


لە كۆڵان بای دێ

ئەمە سەرەتای ڕووخانە

ئەو ڕۆژەی دەستەكانی تۆش ڕووخان، هەر بای دەهات.

ئەستێرە ئازیزەكان!

ئەستێرە مقەبایییە ئازیزەكان!

كاتێك لە ئاسمانەوە درۆ هەڵدەكا

چۆن دەكرێ

پەنا بەرییە بەر سووڕەتی نێردراوەیلی دڵسارد؟

ئێمە وەك مردووی هەزاران هەزار ساڵان پێك دەگەین

ئەوسا خۆر

دەبێتە دادوەری بەزایەچوونی جەستەمان.


من سەرمامە

من سەرمامە و دەڵێی هەرگیز گەرم نابمەوە.


ئەی یار، ئەی تاقانەترین یار!

”ئەو شەرابە مەگین چەند ساڵان بوو؟”

بڕوانە لێرە

زەمان چەندە قورسە و

ماسی چلۆن گۆشتمان دەجوون

بۆچی هەمیشە لە بن‌بنی دەریامدا ڕادەگری؟


من سەرمامە و لە گوارەی سەدەف بێزارم

من سەرمامە و دەزانم

كە لە تێكڕای خولیا سوورەكانی گوڵاڵەیەكی كێویلە

بێ لە چەند دڵۆپە خوێن

هیچی دی بەجێ نامێنێ.


هێڵان وێڵ دەكەم

هەروەها دەست لە ژماردنی ژمارەكانیش بەردەدەم

لە نێوان تەنە ئەندازەیییە بەرتەسكەكاندا

پەنا دەبمە بەر پانتا بەرهەستە بەرینەكان.

من ڕووتم، ڕووتم، ڕووتم

وەكو بێدەنگیی نێوان وتەكانی خۆشویستن ڕووتم

هەموو برینەكانیشم لە ئەڤینن

لە ئەڤین، ئەڤین، ئەڤین.

من ئەم دوڕگە سەرگەردانەم

بە نێو لرفەی ئۆقیانووس و

گڕكانی كێودا هێناوە.

لەت‌لەتبوونیش ڕازی ئەو هەبوونە یەكگرتووە بوو

كە لە بچووكترین گەردیلەكانییەوە خۆر لەدایك بوو.


سڵاو ئەی شەوی بێگەرد!

سڵاو ئەی ئەو شەوەی چاوانی گە‌لەگورگی بیابان

دەكەی بە كونەئێسقانی باوەڕ و بڕوا،

ئەی ئەو شەوەی لە تەنیشت جۆگەلەكانی تۆدا

گیانی داربییەكان بۆن بە ڕووحی دڵۆڤانی تەورەوە دەكەن.

من لە دنیای بێهەڵوێستی بیر و وتە و دەنگانەوە دێم

ئەم دنیایە

وەكو كونەماران وایە

ئەم دنیایە

پڕە لە ترپەی پێی ئەو كەسانەی كە ماچت دەكەن و

لە مێشكیاندا پەتی سێدارەت بۆ دەچنن.


سڵاو ئەی شەوی بێگەرد!

لە نێوان پەنجەرە و دیتندا

هەمیشە مەودایەك هەیە.

بۆ سەرنجم نەدا؟

وەكو ئەو كاتەی پیاوێك لە تەنیشت درەختە خووساوەكانڕا دەڕۆیشت…


بۆ سەرنجم نەدا؟

دەتگوت ئەو شەوە دایكم گریابوو

ئەو شەوەی من ژانم گەیشتێ و تۆوێك گوورا

ئەو شەوەی من بووم بە چەپكە ئەقاقی

ئەو شەوەی ئیسفەهان پڕ بوو لە زایەڵەی كاشیی شین و

ئەو كەسەی كە نیوەی من بوو، گەڕابووەوە نێو تۆوی من.


ئەمن دەمدی لە ئاوێنەدا

كە وەكو ئاوێنە پاك و ڕوون بوو

لە ناكاو گازی كردم

من بووم بە بووكی چەپكە ئەقاقی…


دەتگوت ئەو شەوە دایكم گریابوو

چ تیرێژێكی بێهوودە لەم ڕۆچنە ئاخنراوەڕا دزەی كرد

بۆ سەرنجم نەدا؟

هەموو چركە بەختەوەرەكان دەیانزانی

كە دەستەكانی تۆ دەڕووخێن و

من سەرنجم نەدا

تا ئەو كاتەی پەنجەرەی كاتژمێر كرایەوە و

ئەو قەنارییە دڵتەنگە چوار جاران ژەنرا

چوار جاران ژەنرا و

من تووشی ئەو ژنە بچكۆلەیە بووم

كە چاوانی وەك هێلانەی بەتاڵی سیمرخان وا بوو

بە جووڵەی ڕانەكانیشیدا

دەتگوت كچێنیی خولیای شكۆمەندی من

لەگەڵ خۆی دەبا بۆ نێو جێوبانی شەو.


ئاخۆ دیسان بسكم

بەدەم باوە دادێنم؟

ئاخۆ دیسان وەنەوشە لە باخان دەچێنم؟

ئاخۆ دیسان شەمانییەكان لەبەر ئاسمانی دەرەوەی پەنجەرە دادەنێـم؟

ئاخۆ دیسان بە دەوری پیاڵەكاندا سەما دەكەم؟

ئاخۆ دیسان دەنگی زەنگی دەرگا

بەرەو چاوەڕوانیی دەنگێكم دەبا؟


گوتم بە دایكم: ”ئیتر تەواو بوو.”

گوتم: ”هەمیشە بەر لەوەی بیری لێبكەیەوە دەقەومێ.

دەبێ پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ ڕۆژنامە بنێرێن.”


مرۆڤی كلۆر

مرۆڤی كلۆری شایی بەخۆ

لێی بڕوانە چۆن

ددانەكانی لە كاتی جاویندا گۆرانی دەڵێن

چاوانیشی چۆن

لە كاتی ڕوانیندا ‌هەڵدەدڕن و

چۆن بە تەنیشت درەختە خووساوەكاندا دەڕوا:

بەسەبر،

لەشقورس،

سەرگەردان.


لە ساعەت چواردا

لە چركەیەكدا كە هەودای شینی دەمارەكانی

وەكو ماری مردوو بەملاولای گەروویدا

هەڵخوشیون

لە شەویلكە ئاوەژووەكانیدا ئەو بێژە خوێناوییە دەبێژنەوە:

-‌ سڵاو

– سڵاو


ئەرێ تۆ

قەت بۆنی ئەو چوار گوڵاڵە شینەت هەڵمشتووە؟…

زەمان تێپەڕ بوو

زەمان تێپەڕ بوو

شەو كەوت بەسەر پەلكە ڕووتەكانی ئەقاقیدا

شەو لە پشت جامی پەنجەرەكانەوە هەڵخلیسكا و

بە زمانە سڕەكەی

بنكڕەكانی ڕۆژی ڕابردووی قووت دەدا


من لە كوێڕا دێم؟

من لە كوێڕا دێم؟

كە وەها بۆنی شەوم گرتووە؟

هێشتا خۆڵی سەر گۆڕەكەی هەر تازەیە

گۆڕی ئەو دوو دەستە سەوز و گەشە دەڵێم…


چ دڵۆڤان بووی ئەی یار، ئەی تاقانەترین یار!

چ دڵۆڤان بووی ئەو كاتەی درۆت دەكرد

چ دڵۆڤان بووی ئەو كاتەی پێڵووی ئاوێنەكانت لێك دەنا و

چلچراكانت

لە لاسكە تێلینەكان دەڕنی و

بە تاریكایی چاو لە چاوان نەدیودا دەتبردم بەرەو

مێرگی ئەڤین

تا ئەو هەڵمە گێژەی لەدوودراوی گڕی تینوویەتی بوو

بەسەر مێرگۆڵانی خەودا دەنیشت.


ئەو ئەستێرە مقەباییانە

بە دەوری نەبڕانەوەدا دەخولانەوە.

بۆچی وتەیان بەدەنگ دەربڕی؟

بۆچی نیگایان كردە میوانی ماڵی دیدار؟

لاواندنەوەیان لەبەرچی

لە ژێر پرچەكانی كچێنیدا شاردەوە؟

بڕوانە لێرە

گیانی ئەو كەسەی بە وتە دوا؛

بە دیدە تكا و

بە لاواندنەوە لە ڕەو دامركا

چۆن

بە تیرەكانی وەهمەوە

لە خاچ دراوە.

جێگای هەرپێنج پەلی قامكەكانی تۆش

كە وەكو پێنج پیتی هەقیقەت وا بوون

چۆن

شووخاڵیان لەسەر گۆنای ئەو هەر ماوە.


بێدەنگی چییە، چییە، چییە، ئەی تاقانەترین یار!

بێدەنگی چییه،‌ لە وتەی نەگوتراو پتر.

من لە گۆ دەكەوم، لێ زمانی پەڕەسێلكەكان

زمانی ژیانی ڕستە زیندووەكانی جێژنی سروشتە.

زمانی پەڕەسێلكەكان یانی: بەهار، گەڵا، بەهار

زمانی پەڕەسێلكەكان یانی: شنە، بۆن، شنە

زمانی پەڕەسێلكەكان لە كارخانەدا دەمرن.


ئەمە كێیە ئەو كەسەی به ڕێگای ئەبەدییەتدا

بەرەو چركەی یەكبوون دەچێ و

كاتژمێرە هەمیشەیییەكەی

بە ژیربێژیی بیركارییانەی كەمكردنەوە و ناكۆكییەكان كۆك دەكا،

ئەمە كێیە ئەو كەسەی كە بانگی كەڵەباب

بە دەستپێكی دڵی ڕۆژ نازانێ،

بە سەرەتای بۆنی خورێنیی دادەنێ.

ئەمە كێیە ئەو كەسەی تاجی ئیشقی لەسەردایە و

لە جلی بووكێنیدا ڕزیوە.


كەواتە ئاخری خۆر

هاوكات

پڕشنگی لە هەر دوو جەمسەری ناهومێد نەدا

تۆ لە زایەڵەی كاشیی شین بەتاڵ بووویەوە.


كەچی من هێندە پڕم، كە لەسەر دەنگم نوێژ دادەبەستن.


تەرمە بەختەوەرەكان

تەرمە دڵتەنگەكان

تەرمە بێدەنگە ڕاماوەكان

تەرمە خۆشمەشرەب و جوانپۆش و خۆشخۆرەكان

لە وێستگەی كاتە دیاریكراوەكاندا

لە بەستێنی دڕدۆنگی تیشكە كاتییەكاندا

لە چاوچنۆكیی كڕینی میوە بۆگەنیوەكانی بێهوودەییدا…

ئاخ،

چەندە خەڵك لەسەر چواڕێیان چاوەڕوانی ڕووداوەكانن و

ئەم هەموو فیتووی فەرمانی وەستانەش

لە چركەیەكدا كە دەبێ، دەبێ، دەبێ

پیاوێك لە ژێر تگەرەكانی زەماندا بپلیشێ

پیاوێك كە بە تەنیشت درەختە خووساوەكاندا دەڕوا…


من لە كوێڕا دێم؟


گوتم بە دایكم: ”ئیتر تەواو بوو.”

گوتم: ”هەمیشە بەر لەوەی بیری لێبكەیەوە دەقەومێ.

دەبێ پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ ڕۆژنامە بنێرێن.”


سڵاو ئەی نامۆیی تەنیایی

ژوورەكەم ڕادەستی تۆ دەكەم

كە هەمیشە پەڵەهەوری ڕەش

پێغەمبەرانی ئایەتە نوێكانی پاكبوونەوەن و

ڕازێكی ڕووناك

لە شەهیدبوونی مۆمدایە

كە دواین و درێژترین گڕپە

بە جوانی تێی دەگا.


باوەڕ بێنین

باوەڕ بێنین بە سەرەتای وەرزی سەرما

باوەڕ بێنین بە پاشماوەی وێرانی باخەكانی خەیاڵ

بە داسە هەڵواسراوە بێكارەكان و

دانەوێلەی نێو چاڵ.

بڕوانە چ بەفرێك دەبارێ…

ڕەنگە هەقیقەت هەر ئەو دوو دەستە گەنجە بوو

ئەو دوو دەستە گەنجەی

لە ژێر كڕێوەی یەكڕێی بەفردا نێژرا

ساڵێكی دی، كاتێك بەهار

ئاوێتەی ئاسمانی ئەوبەری پەنجەرە دەبێ و

لە جەستەیدا هەڵدەچێ

قه‌ڵبه‌زه‌ی سەوزی لاسكە نەمام چرۆیان دەپشكوێ

ئەی یار، ئەی تاقانەترین یار!


باوەڕ بێنین بە سەرەتای وەرزی سەرما…

photo_2025-08-11_12-55-51