پێکەنینی یۆنانی
(چۆن لە ڕێگەی پێکەنینەوە لە عەقڵیەتی کۆمەڵگەیەکی مێژوویی تێبگەین؟)
تاکوو ئێستا، ئەو کتێب و لێکۆڵینەوانەی لەبارەی مێژووی پێکەنینەوە نووسراون، لە زانکۆکانماندا وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و نەخراونەتە بەر باس و توێژینەوەوە. بۆیه به گرنگمان زانی وردتر لهو کایهدا ڕۆ بچین و ههڵوێسته لهسهر یهکێک له گرنگترین ئهو بهرههمه بنهڕهتییانهی ئهو بواره بکهین. ئاشکرایه له دوای باختینهوه یهکێک لهو کتێبه گرنگانهی دهربارهی مێژووی پێکهنین نووسراوه، کتێبی (پێکەنینی یۆنانی: توێژینەوەیەک دەربارەی دەروونناسیی کەلتووری لە هۆمەرەوە هەتا مەسیحێتی سەرەتایی) ستیڤن هالیڤێڵه، که یەکێکە لە گرنگترین ئەو بەرهەمانەی باس لە بابەتی پێکەنین لە ژیاری یۆنانی کۆندا دەکات، نەک وەک دەربڕینێکی هەڕەمەکی یان کات بەسەربردن، بەڵکو وەک کردەیەکی کهلتووری و دەروونیی و کۆمەڵایەتی، کە ڕەنگدانەوەی جیهانبینی کۆمەڵگەی یۆنانییە بۆ خود و ئەوی تر و دەسەڵات و بەهاکان.
ئەم کتێبە گێڕانەوەیەکی نەریتی دەربارەی نوکتە یان شانۆی کۆمیدی پێشکەش ناکات، بەڵکو لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی فەلسەفی و ئەنترۆپۆلۆژییە دەربارەی چەمکی پێکەنین لە ئەندێشەی یۆنانیدا و چۆنێتیی پێکهاتنی ئەو ئەندێشەیە لە تەواوی دەقە ئەدەبی و فیکرییەکاندا، واتە هەر لە هۆمەرەوە هەتا باوکانی کڵێسا.
چەمکی پێکەنینی یۆنانی
هالیڤێڵ ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە پێکەنین لای یۆنانییەکان تەنیا کاردانەوەیەکی غەریزەیی نەبووە، بەڵکو ئامرازێکی کهلتووریی دەربڕین بووە، کە لێوانلێو بووە لە واتاکان. پێکەنین گوزارشتکردن بوو لە شانازی یان گاڵتەکردن، هاوکات چەکێکی کۆمەڵایەتی بوو، دژ بە لادان لە بەها باوەکان، لە هەمان کاتدا وەک دیاردەیەکی جێگەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانکەر لێی دەڕوانرا، کە دەبوو کۆنترۆڵ بکرێت.
وهک له دووتووێی کتێبهکهدا بۆمان دردهکهوێت، پێکەنین لە نێو یۆنانییەکاندا سروشتێکی دووانەیی هەبوو: وەک (نیشانەی زیندوویی) خۆشحاڵی دەکردن، هاوکات وەک (کرداریکی دەرچوو لە یاسا) لێی دەترسان. ئەم دووانەیییە بە ڕوونی لە فەلسەفەی ئەفلاتوندا بەرچاو دەکەوێت، کاتێک دهربارهی کاریگەریی پێکەنین لەسهر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراویی هۆشداری دا و ئەرستۆش کە هەوڵیدا لە سنووری (میانڕەوی) ئاکارییدا ڕێکی بخات.
گرنگی کتێبەکە
وهک هالیڤێڵ ئاماژهی پێ دهکات، (پێکەنینی یۆنانی) پشکدارییەکی ناوازە دەنوێنێت، لە توێژینەوەی هەست و کهلتووری سەردەمی کۆندا. تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە پێکەنین تەنها چالاکیەکی کات بەسەربردن نییە، بەڵکو (دەقێکی کۆمەڵایەتیی زیندوو)ە، کە گوزارشت لە هاوسەنگی هێز و شوناس و پیرۆزی و ناشیرینەکانی سەردەمەکان دەکات.
لە ڕێگەی ئەم شیکارییەوە، هالیڤێڵ ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە پێکەنین لە کۆمەڵگەی یۆنانیدا، لە پرسیارە گەورەکان سەبارەت (بە دەسەڵات و دیسیپلین و جوانیی) دابڕاو نەبووە، بەڵکو لە هەموو ساتێکدا لەگەڵیاندا یەکی بڕیوە و ڕۆڵی لە داڕشتنەوەیاندا گێڕاوە.
هەروەها نووسەر پرسیارێکی قووڵی فەلسەفی دەخاتە ڕوو: ئایا پێکەنین ڕەنگدانەوەی ئازادییە یان کۆتەکان بەرهەم دەهێنێتەوە؟ ئەوە پرسیارێکە کە تەنیا بە یۆنانییەکانەوە تایبەت نیە، بەڵکو لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکانیشدا دەنگ دەداتەوە.
میتۆدەکان
کتێبەکەی هالیڤێڵ بە پەیکەرێکی کرۆنۆلۆژی و شیکارییە وردە دەقییەکەی جیا دەکرێتەوە، لە داستانی هۆمەرەوە، لە ڕێگەی شیعری گۆرانی و تەنزئامێزەوە، بۆ کۆمیدیای کۆن (بەتایبەت ئەرستۆفانیس) دەگوازێتەوە، پاشان لە فەلسەفەی یۆنانیدا دەوەستێت و لە کۆتاییدا باس لەو گۆڕانکارییە گەورانە دەکات، کە مەسیحێتی لە واتای پێکەنیندا هێناویەتییە ئاراوە.
هاوت کە لە شاکارەکەی هالیڤێڵ ورد دەبینەوە، ئەوا میتۆدێکی بەراوردکاریی لە نێوان دەقە کۆنەکان و تیۆرییە مۆدێرنەکانی پێکەنین بەکاردەهێنێت، بەڵام فەزای تەئویلی بە دەقە کلاسیکییەکان دەبەخشێت. واته دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین، کە شیکارییەکانی ئەو ئاڕاستەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی ڕوونی هەیە، واتە وەک (کلیلی تێگەیشتن لە بونیادی عەقڵی بەکۆمەڵ) مامەڵەی لەگەڵ پێکەنیندا کردووه، نەک تەنها وەک کەرەستەیەکی ئەدەبی.
تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی پێکەنینی یۆنانی
هالیڤێڵ ئەوەمان نیشان دەدات، کە چۆن پێکەنین لە شانۆ کۆمیدییەکاندا بۆ (چەسپاندنی داب و نەریتهکان) و (گاڵتەکردن بە سەرپێچیکاران) بەکارهێنراوە، هەروەها ئامرازێکیش بووە بۆ سەپاندنی هەژموونی سیمبولی یان بەرخۆدانی کهلتووری. واته (پێکەنین وەک ئامرازێکی کۆمەڵایەتی).
هاوکات نووسەر جەخت لەسەر (ناوەند)ێتی جەستە لە پێکەنینی یۆنانیدا دەکاتەوە، کە تێیدا غەریزەکان بوونێکی بنەڕەتییان دەبێت، گاڵتە بە ڕووکەش دەکرێت و وێنەی سنوورەکانی (مرۆڤێکی شایستە) دەکێشرێنەوە، ئەمەش چەمکی (کەرنەڤالێتی)ی باختینمان یاد دەهێنێتەوە، هەرچەندە هالیڤێڵ لە هەڵوەشاندنەوەی دەرکەوتە دەقییەکانی پێکەنیندا وردتر بووە. واته چڕکردنهوهی سهرنجهکان لهسهر (پێکەنین و جەستە).
ههروهها کتێبەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن فەیلەسوفەکان – بە تایبەت ئەفلاتون – پێکەنینیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ڕێکخراویی دەروونی و سیاسی دەبینی، لە کاتێکدا ئەرستۆ هەوڵی پاککردنەوەی دەدا، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە (پاککردنەوەی کۆمیدی). واته (دڵەڕاوکێی فەلسەفی سەبارەت بە پێکەنین).
لە کۆتاییئ کتێبەکەدا، هالیڤێڵ لەوە دەکۆڵێتەوە، کە چۆن مەسیحێتی سەرەتایی بە چاوێکی نەرێنییەوە لە پێکەنینی ڕوانیووە، واتە وەک نیشانەی بێ بایەخ، لەخۆبایبوون یان گوناه، ئەمەش بووە هۆی (دابەزینی بەهای پێکەنین) وەک دیاردەیەکی کهلتووری لە بەرژەوەندیی جددییەتی ڕۆحی و پارێزگاریی ئاکاری.
لهکۆتاییدا دهتوانین بڵێین کتێبەکەی ستیڤن هالیڤێڵ تەنیا لێکۆڵینەوەیەک نییە دەربارەی (مێژووی پێکەنین)، بەڵکو توێژینەوەیەکە سەبارەت بە (خودی کهلتووری یۆنانی لە میانەی پێکەنین) ەوە، واتە لە ڕوانگەی دووانەێتییەکەی و ململانێیەکەی و پێگە سیمبولێتییەکەیەوە.
ئەوە بەرهەمێکە، کە نابێت وەک خستنەڕوویەکی مێژوویی بخوێنرێتەوە، بەڵکو وەک بانگهێشتێک بۆ ئەوەی تێبگەین، کە مرۆڤەکان چۆن و بۆچی و بە چ نرخێک پێدەکەنن.
سهرچاوه
- Stephen Halliwell, Greek Laughter: A Study of Cultural Psychology from Homer to Early Christianity, Cambridge University Press, 2008.
10/8/2025