ڕووتییەکەی ڤینۆس

دەربارەی تابلۆی "لەدایکبوونی ڤینۆس"ی ساندرۆ بۆتیچیێلی

ئەو ئەفسانەیە بەناوبانگە کە هیزیۆد سەبارەت بە چۆنیەتیی لەدایکبوونی ئەفرۆدێتە بۆی گێڕاوینەتەوە: کرۆنۆس، لەسەر داوای “گایا”ی دایکی، چووکی ئۆرانۆسی باوکی دەبڕێت و فڕێی دەداتە نێو دەریا، لە نێو دەریادا کەفوکوڵێک دروست دەبێت کە ئەفرۆدێتە (لای ڕۆمانییەکان: ڤینۆس)ی لێوە لەدایک دەبێت. تابلۆی “لەدایکبوونی ڤینۆس”ی بۆتیچیێلی، گەرچی ناوی “لەدایکبوون”ـی هەڵگرتووە، کەچی لە ڕاستیدا ساتی دواتر پیشان دەدات، ئەو کاتەی ڤینۆس دەگەیەنرێتە کەناری دەریاکە. لەمەدا پێدەچێت مەتەڵێک هەبێت.

فووی خەلق: عەتری ڕۆح

لە ناوەندی وێنەکەدا ڤینۆسی تازەخوڵقاو لەنێو قەپێلکی مروارییەکدا ڕاوەستاوە. لە لای چەپی دیدەنیکەری وێنەکەوە کە دەبێتە لای ڕاستی تابلۆکە، زێفیرۆسی خواوەندی باو و کلۆریسی ڕۆحی “مێینەیی” بەرەو ڤینۆس فوو دەکەن. فوو لە چی دەکەن؟ لە کولتووری ڕۆژئاوادا تەنانەت پێش فووەکەی جوبریل لە دامێنی مەریەم و خەلقی عیسای مەسیح، پەیوەندییەک لەنێوان “فوو” و “خەلق”دا هەیە. فوو داهێنەرە، کردەی خەلقە، یان با بڵیین ڕۆحە. فوو ئەوەیە ڕۆح بە بەری “هیچ”دا دەکات و دەیکات بە شتێک، یان ڕۆح بە بەری ماتریاڵی بێگیاندا دەکات و دەیکات بە بوونەوەر. یۆنانییەکان بۆ ئەمە وشەیەکان هەبوو: پێنیوما penuma.  پێنیوما بە واتای “فوو” هاتووە، فوویەک کە ژیان دەبەخشێت؛ واتە بە بڕوای ئەوان پێنیوما “فووی خودا” یان “ڕۆح”ـە. بەو پێیەی کاریگەریی یۆنان لە هەموو مێژووی ڕۆژئاوادا درێژبۆتەوە، کەوایە دەتوانین بڵێین کاتێک خواوەندەکان فوو دەکەن، لە ڕاستیدا ڕۆح بە بەری ڤینۆسدا دەکەن، ڕۆحی ژیان. بەڵام ڕۆح لە ڕۆژئاوا وەک “لۆگۆس” پێناسە کراوە؛ لە کاتێکدا ڤینۆس پتر “ڕۆحی ئیرۆسی”ـیە، یان هارمۆنیای نێوان “لۆگۆس” و “ئیرۆس”ـە. کەواتە ئەبێ فووەکە ئیرۆس بە ڤینۆس ببەخشێت، نەک تەنها “لۆگۆس”، لەبەر ئەمەیە لە وێنەکەدا دوو خواوەند فوو دەکەن نەک یەک خواوەند. وەک بڵێی یەکێکیان لۆگۆس دەبەخشێت و ئەوی تریان ئیرۆس، یان ڕۆحی مێینەیی، کە کلۆریس دەینوێنێتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کلۆریس ناسکتر لە زێفیرۆس فوو دەکات. کەواتە ئەو ڕۆحەی بە ڤینۆس دەبەخشرێت تێکەڵ بە ئیرۆسە، بەجۆرێک بڵێین ڕۆحی گوڵە کە لە جەستەی ئەودا دەبێت بە گوڵاو، ئەوەش لەوەدا دەبینین کە گوڵەکان تەنیا لە ئاراستەی زێفیرۆس و یارەکەیەوە بە شنەشن لە هەوادا بەرەو ڤینۆس دێن. ئاخۆ لەڕۆحی مێینەدا گوڵاو نییە؟ گەر نییە بۆچی عەتارەکەی پاتریک زوسکیند سیحریترین عەتری خۆی لە گوڵاوی ڕۆحی ۲٤ کچ دروست دەکات و ڕۆحی کۆتاییان شتێکە وەک هی ڤینۆس؟ ئەو فووەی دەکرێت گوڵاو دەکات بە ڕۆحی ڤینۆس، مێینەیی و جوانی ڕەهای پێدەبەخشێت. گەر وابێت ناونیشانی تابلۆکە هێشتا هاوتایە لەگەڵ وێنەکە.

تابلۆی “لەدایکبوونی ڤینۆس” ساندرۆ بۆتیچێلی لە مۆزەخانەی ‘ئۆفیزی’ی فلۆرەنسا، فۆتۆ: هاوار محەمەد

دۆخی جەستە

لەگەڵ ئەم پەیوەندییەی نێوان فوو و ڕۆحدا، بەڵام لەڕاستیدا خواوەندەکانی نێو وێنەکە “فووی خەلق” ناکەن، شتێکی زۆر سادەتر ئەکەن. فوو لە ڤینۆس دەکەن، تا بە فشاری با، وەک کەشتییەکی چارۆکەدار ڕەوانەی کەناری دوورگەی بکەن، بیگەیەننە سەر وشکانی. زێفیرۆس وەها فوو دەکات وەک بڵێی هاکا زانیت هەوا لە سییەکانیدا نەما و هەموو هێز و تینی لەگەڵ ئەو فووەدا هاتە دەرێ، ئەوەش لەوەدا دەبینین کە شین و مۆر هەڵگەڕاوە و نێوچەوانی گرژ بووە و چاوی دەرپەڕیووە، وەختە لە هۆش خۆی بچێت (قورسیی لۆگۆس)، بۆیە کلۆریس باوەشی پێدا کردووە و جەستەی خۆی لە هەوادا داوەتە ژێری، تاوەکو لە هەڵگرتنی لەشی زێفیرۆسدا، هاوکار بێت و یارەکەی بەر نەبێتەوە (سووکەڵەیی ئیرۆس). بە کاریگەریی فووەکان، پرچە زێرینە بریقەدارەکەی ڤینۆس، بەلای چەپی ڤینۆسدا پەخشوپەرێشان بووە و کەمێکیش دەشنێتەوە. بە هەمان شێوە، بە کاریگەری فووەکە لە لای ڕاستی ڤینۆسەوە، جەستەی ڤینۆس لە سنگ و کەمەر و ڕانەوە کەمێک بە لاکەی دیکەیدا کەوتووە و قورساییی لەشی کەوتۆتە سەر قاچی چەپی. بەوەش جەستەی ڤینۆس شێوەی کەوانی وەرگرتووە. هەمان فوو بۆتە هۆی دروستبوونی وردە شەپۆلەکان لەسەر ڕووی ئاوەکەش. لەو کاتەدا با خەریکە قاچی ڕاستی ڤینۆس هەڵدەگرێت و  پاڵی پێوە دەنێت بەرەو وشکانییەکە. بە مانایەکی تر، جوانی دەنێرنە سەر زەوی. بەم شێوەیە دەشێت مەبەستی هونەرمەندەکە لە ناونیشانی شاکارەکەی، لەدایکبوونی جوانی بێت لە جیهانی مرۆڤدا.

 جوانی؛ چێژ و شکۆ:

کلۆریس، کە جەستەی هاوڕێکەی هەڵگرتووە، بەتەواوەتی هۆشی لای ڤینۆسە؛ نیوە مەست و نیوە ئەبڵەقە؛ بە سەرسامی و بە حەپەسانەوە، بگرە بە نیگەرانی و بە ترسەوە لەوە دەڕوانێت کە فووی پێدا دەکرێت یان فووی لێ دەکرێت. ئەمەش شتێکی سەیرە، لە کاتێکدا ئەوەی لە دایک دەبێت “جوانی”ـیە، کەچی خواوەندەکان بە سامناکی لێی دەڕوانن. با بڵێین جەوهەری جوانی تەنها چێژ نییە، سامناکیشە. کە ڤینۆس لەدایک دەبێ چی ڕوو دەدات؟ گەر جوانی بگاتە سەر زەوی، سەرلەبەری نەزمی شتەکان و جیهان گۆڕانی بەسەردا دێت، و هیچ کەس نازانێت هاتنی جوانی بۆ نێو جیهان چی گۆبەندێک دەخوڵقێنێت یان چ جوانییەک پەخش دەکاتەوە. بەم مانایە جوانی لە زانین یان لە قیاس بەدەرە، ئەوەشی لە قیاس بەدەرە هەستکردنە بە شتێکی مەزن. “ئیمانوێل کانت’یش لە تیۆرییە جوانیناسییەکەی خۆیدا ئەم دوو ڕەهەندەی “جوانی” و “شکۆ”ی پێکەوە بەستۆتەوە، بەو مانایەی کە جوانی لە ئاستە بەرز و لەوەسفنەهاتووەکانیدا دەبێت بە جوانییەکی سامدار، بە جوانییەکی باڵا یان شکۆمەندانە.

لەنێوان حەوا و ڤینۆسدا

بەڵام ئێمە دەزانین، ڤینۆسی خوابانووی جوانی، هاوکات خواژنی “خۆشەویستی و “سێکس”یشە. لە تابلۆکەدا تازەکی، لەشی ڤینۆس لە دەریاوە دروست بووە و بە جەستەیەکی ڕووتەوە ڕاوەستاوە. یەکەمجار وا هەست دەکەین لە ئەزەلەوە هەست بە “شەرم” دەکات لەوەی سنگ و خوارەوەی ناوکی دەربکەوێت، بۆیە وەک حەوا سنگ و دامێنی خۆی داپۆشیوە (بێگومان ئەم تێڕوانینە لە ژێر کاریگەریی هونەری مەسیحیەت و جوودایزمدا، واتە لەژێر کاریگەریی وێنای خۆداپۆشینی ئادەم و حەوادا، دوای گوناهی یەکەم، ڕەوایە). لەو کاتەدا ڤینۆسیش هەر وەک حەوا ڕووتە و تەنیا بە چمکێکی قژ و دەستەکانی، خۆی داپۆشیوە. بەڵام لە وێناکردنە مەسیحی-عیبرانیەکانی حەوادا هیچ ئیرۆتیکایەک بوونی نییە، تەنیا شەرم و خەجاڵەتی و هەستکردن بە تاوان بوونی هەیە. بەڵام ئەوەی لە ڕوخساری ڤینۆسدا دەردەکەوێت شەرم نییە، غەمگینییە، یان جۆرێک نادڵنیایییە. سووکە شەرمەکەی ڤینۆس کە لە خۆداپۆشینیدا دەردەکەوێت پێدەچێت فێڵێکی لە خواوەندەکانیش تێدا بێت، ئەوەش لەوەدا دەبینین کە دەستی ڕاستی بە جۆرێک خستۆتە سەر سنگی کە لەبریی ئەوەی دایپۆشێت، مەمکی چەپی قووت کردۆتەوە، وەک بڵێی بۆ بانگهێشت، بۆ وەچەخستنەوە، بۆ سێکس و شیردان و مژین ئامادەی کردووە بەر لەوەی فڕێ بدرێتە نێو ئەو عەبایەوە کە لە تەنیشتەوە، یەکێک لە کچە زەمینییەکانی زیۆس بۆی ئامادە کردووە.

blank
فۆتۆ: هاوار محەمەد

جوانی لە ڕووتی و حیشمەتدا

نیگای ڤینۆس وا دەردەکەوێت سارد و بێهەستە و  تەنانەت ئاگای لەو فیگورەی لای چەپی نییە کە وا بەپەلەیە بە عەبایەک پۆشتەی بکاتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە جۆرێک نیگای نادڵنیاییی “پۆشتەکردنەوە”یە. ڤینۆس جوانییە؛ ئاخۆ جوانی ڕووتە یان پۆشتە؟ جوانی دەرکەوتووە یان شاراوە؟ ئایا جوانی بە زەروورەت ڕووتە و ڕووتییە؟ گەر ڤینۆس ڕووت بمێنێتەوە جوانە؟ یان گەر پۆشتە ببێتەوە جوانە؟ کامیان جوانترە؟ ڕووتی یان حیشمەت؟ هیچ گوناهێک و شەرمێک لەوێدا بوونی نییە، مەسەلەکە ڕووتی و پۆشاکی نێو تیۆلۆژیا نییە، بەڵکوو ڕووتی و پۆشاکی نێو ئێستاتیکایە کە لە ڕوانگە مەسیحییەکەدا دابڕاو لەیەک نین.

 ڤاڵتەر بنیامین (کە ڕوانگەکانی تاڕادەیەکی زۆر تیۆلۆژیای عیبرانی لەسەریان زاڵە) لە “ئولفەتەکان-ی گۆتە”دا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە جوانی “داپۆشراوی”ـیە، بەڵام ئەو داپۆشراوییەی کە بە ناچاری دەردەکەوێت. جوانی پۆشاکی هەیە، بە حیشمەتە، کەچی هەر لەم حیشمەتەوە وەک “جوانی” خۆی بەیان دەکات. جوانی پێویستی بەوە نییە “خۆی ڕووت بکاتەوە” تاوەکو جوان و سێکسی و سەرنجڕاکێش بێت، کە جوانی خۆی ڕووت کردەوە، باڵایەتی لەدەست دەدات؛ بەڵام باڵایە گەر بێ ڕووتبوونەوە و وێڕای داپۆشراوییەکەی هەر دەربکەوێت. جوانی ئەوەیە هەرچۆن داپۆشرێت هەر تیشکەکانی بۆ دەرەوە پەخش دەبێتەوە. بە یەک وشە: دەرکەوتنی جوانی بەرپێنەگیراوە. جوان ئەوەیە کە خۆی بۆ دەرکەوتن جوان ناکات، بە پێچەوانەوە، هەر بە داپۆشراوی جوانە و ئەم جوانییەشی بێ ویستی خۆی دەبینرێت و دێتە بەرچاو. تەنیا بەم جۆرەیشە ئێمە هەست بە جوانی دەکەین، واتە “جوانی بە بەرگەوە”، “جوانیی بەحیشمەت”، بەڵام جوانی لە دەرکەوتنەکەیدا ئەوە دەشارێتەوە کە ڕووت نییە.

بیۆنگ چوول-هان ئەم ڕوانگەیەی بنیامین وەردەگرێت و دەیکاتە پنتێکی تیۆری تا لێیەوە داکۆکی لە عەبا و حیجاب و داپۆشراوی و نێگەتیڤیتە بکات، دژ بە شەفافیەت و ڕووتی و دەرکەوتنی گۆشت و پیشاندانی جەستە و مەمک و سمت لە دنیای دیجیتاڵیدا.

blank
نووسەری ئەم بابەتە لە تەنیشت تابلۆی ‘لەدایکبوونی ڤینۆس’ لە مۆزەخانەی ‘ئۆفیزی’ی فلۆرانسا

شیکپۆشی وەک هونەر

لە تابلۆکەدا پۆشاکێک دەستبەجێ چاوەڕوانی ڤینۆسە و هەر پێ بخاتە سەر زەوی، پێی پۆشتە دەکرێتەوە، وەک بڵێی جوانی دەبێت یەکسەر قووماتە بکرێت. بەڵام تابلۆکە یەک لەحزەی پێش ئەوە پیشان دەدات، ئەو لەحزەیەی کە هێشتا ڤینۆس پۆشتە نییە. ئێمە نازانین ساتی دواتر چی ڕوو دەدات، بەڵام بە ڕوانین لە ڕوخساری ڤینۆس دەتوانین بڵێین ئەو بەم پۆشاکە شاد نییە و دەیەوێت ڕووت بمێنێتەوە و کەچی هاوکات خۆی بەشێک لە لەشی خۆی داپۆشیوە. لێرەدا ڤینۆس نیگەران یان دوودڵە. ئەمەیش ڕوانگەکەی بنیامین تووشی کێشە دەکات.

ئەم دۆخە ناڕوونە مەتەڵئاسایە لێرەدا بابەتی جوانی تەنیا لەو پرسیارەدا یەکلا ناکاتەوە ئاخۆ جوانی ڕووتییە یان پۆشتەیی، بەڵکوو پرسی “هونەری ڕووتی و پۆشین”ـە پێکەوە: پۆشتەیییە بە جۆرێک کە ڕووتی ببێتە بەشێک لە جوانی، یان ڕووتییە بە جۆرێک پۆشین ببێتە بەشێک لە جوانی.

نە ئەوەی داپۆشراوە جوانە و نە ئەوەی ڕووتە جوانە، بەڵکوو ئەوە جوانە کە جەستە و پۆشاک لەگەڵ یەکدا بەجۆرێک ڕێک دەخات کە پێکەوە جوانتر بن وەک لەوەی هەریەکێکیان ئەوەیتریان بشارێتەوە؛ ئەمە پێی دەوترێت “شیکپۆشی” یان “کەشخەیی” (ئیتاڵییەکان بە نموونە). شیکپۆشی، کە جوانی تێیدا دەردەکەوێت، ئاودامانپۆشین و حیجاب نییە، بەڵکوو هونەری پێکەوەسازاندنی پۆشاک و جەستەیە، بەجۆرێک کە جوانی بەتەواوی لەژێر باری سەرپۆش و عەبادا خەفە نەکراوە، بەڵکوو پۆشاکەکە ڕێکی و ناڕێکی و کرانەوەی ئەوتۆی هەیە لەگەڵ جەستەدا دەبێتە جۆرێک ڕیتم و موزیک. کەواتە شیکپۆشی جۆرێک سەلیقەی پۆشینە کە ناهێڵێت پۆشاک ببێت بە حیجابێکی سەراپاگری ئەوتۆ جەستە تێیدا ون ببێت؛ بەڵکوو جوانی تێیدا خۆی پەخش دەکاتەوە، جا مەرج نییە ئەوەی لەم پەخشبوونەوەیەی جوانیدا دەردەکەوێت تەنیا “لەشولار” یان “گۆشت”بێت، بەڵکو ڕەنگە ئەو “نیگا”یە بێ کە جارێکیان گۆرانی شاعیر لە “درزی پەچە”وە بینی.

فەتحە: کراوەی داخراو

لەگەڵ ئەوەشدا پەچە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی “ئەوی تر” زۆر زۆرە؛ دەبێتە زاڵێتیی ڕەهای پۆشین لەسەر ڕووتی یان دەبێتە ویستی شاردنەوەی سەراپای ڕووتی، هەروەک چۆن ڕووتییەکەی ڤینۆس بەرامبەر “ئەوی تر”ی مرۆیی زۆر زۆرە، دەبێتە زاڵێتی ڕەهای ڕووتی لەسەر پۆشتەیی.

لە ڕاستیدا مەرجی جوانی ئەوە نییە بە پۆشتەیی دەربکەوێت وەک بنیامین بۆی چووە و ئەوەش نییە کە حیجابی هەیە وەک چول-هان دەیەوێت؛ جوانی وەک ژان-لوک نانسی دەڵێت، ئەوەیە کە “فەتحە”ی هەیە.

لە تابلۆکەدا بەرگی ئامادەکراو بۆ ڤینۆس “کەوا”یە، واتە پۆشاکێکی فەتحەدار و کراوەیە (هەر وەک کەوای جلی کوردی). بەڵام “فەتحە” یان “کراوە” ئەو جۆرە شۆرتە تەواو کورتانە نییە کە لەمڕۆدا بازاڕەکان لە ئەوروپا برەوی پێ دەدەن، جۆرە شۆرتێک کە گوایە “پۆشاک”ـە، بەڵام هێندە کورتە کە کورتترە لەوەی خەتەکانی خوارەوەی سمت بشارێتەوە. ئەمە فەتحە نییە. فەتحە بۆ نموونە ئەو کراوەییانەن کە لە قۆڵ و سنگ، پشت و باڵای پۆشاکێکدا هەن، فەتحە ڕۆک و مینی ڕۆکە، فەتحەی عەزییەکانە، یان هەر جۆرە فەتحەیەکی تری لەو جۆرە. فەتحە کراوەیییە کە گەمەی دەرکەوتن و کشانەوە، دیاربوون و غیاب دەڕەخسێنێت، خۆی بۆ پێشوازی لەوە دەکاتەوە و هەستیار دەبێت بۆی کە خۆی ئارەزووی دەکات و هاوکات بە ڕووی ئەوەدا داخراو و بێهەست دەبێت کە پێشوازی لێ ناکرێت. فەتحە خۆی کراوەیییەکی داخراوە، هەمیشە کراوە نییە، بەڵکوو دەبێت وەک کراوەیەک بکرێتەوە؛ ئەو کەس/هێزە دەیکاتەوە کە دەتوانێ بۆ نموونە بە عەشق بۆ خۆی ئاوەڵای بکات، ئەوەش ناتوانێت بیکاتەوە کە تەنانەت وا دەزانێت کراوەیە و کەچی ناشتوانێت هیچی تر ببینێت و بەدەست بهێنێت جگە لە داخراویی فەتحەکە. لە ڕاستیدا ئەوەی قەستە ڤینۆسی پێ پۆشتە بکرێتەوە، پەچە و حیجاب نییە، شتێکە وەک “ڕۆب”، وەک “کەوایەکی شکۆداری ڕازاوە”کە ئاودامانە، بەڵام فەتحەکەشی ئاودامانە کە هاوکات دەرفەتی داپۆشینی تەواوەتی بەرامبەر ئەوانی تری نەویستراو و کرانەوەی ڕەهاش بۆ ئەوی تری ویستراو دەڕەخسێنێت. ئیرۆسی ڤینۆس تەنیا ڕووتی نییە، حیشمەتیشە، تەنیا کراوەیی نییە، داخراویشە، تەنیا سێکس نییە، عەشقیشە، بێ ئەوەی هیچ یەک لەم جووتانە لە یەکتری دابڕاو بن. ڤینۆس واتە ئەمیان و ئەویشیان.