ئەکادیمیستی ئیرەییبەر

شرۆڤەیەکی ورد بۆ دۆزه‌خی ڕۆحیی ئەکادیمیستی ئیرەییبەر

مێژووی مرۆڤایەتی شاهیدی چەندین پەتای وێرانکەر بووە، لە تاعوونی ئەسیناوە کە شارستانێتێکی هەژاند، تا دەگاتە (مردنی ڕەش 1347-1351) کە کیشوەرێکی تاریک کرد. بەڵام پەتایەکی لەوانە سەختتر و میکرۆبێکی مه‌ترسیدارتر هەیە، کە بەبێدەنگی لەنێو هۆڵە پیرۆزەکانی زانستدا ڕیشەی داکوتاوە، نەخۆشییەکی ڕۆحیی کوشندە، کە هیچ پزیشکێک دەرمانی بۆ نادۆزێتەوە، ئه‌ویش (ئیرەییی ئەکادیمی)یە. ئەم دەردە لە هەموو ڤایرۆسێک خۆگونجێنترە و وەک میوانێکی بێشەرەف، بەبێ بانگهێشت، خۆی دەکات بە ژوورە پیرۆزەکانی زانستدا و ئەو مێشکانە ژەهراوی دەکات، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕیار بوو گەردوون ڕووناک بکەنەوە. ئەمە نەخۆشیی ئەو کەسانەیە، کە لەبەر ئەوەی ناتوانن بگەنە لووتکەی شکۆمەندیی فیکری، چێژ لەوە دەبینن، کە قاچ بخەنە بەر پێی ئەوانەی بەرەو لووتکە هەڵدەکشێن.

ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌واو لەو یاسا فیزیکییه‌ نەنووسراوه‌ی‌ گەردوونی بێسنووری بیرکردنەوە ده‌چێت، که‌ له‌ بەرامبەر هەر ئەستێرەیەکی گەش و پڕشنگدار، کە وزەی داهێنان بڵاو دەکاتەوە، کونەڕەشێکی فیکریی چاوچنۆک بوونی هەیە، کە بە هێزی کێشکردنی مامناوەندی بوونی خۆی، هەوڵی هەڵلوشینی ئەو ڕووناکییە دەدات. ئەم کونەڕەشە، کە لە تاریکترین گۆشەکانی ڕۆحی مرۆڤدا لەدایک دەبێت، پێی ده‌گووترێت (ئیرەییی ئەکادیمی). پەتایەکە لە تاقیگەکاندا نادۆزرێتەوە، بەڵکوو لەو ئۆفیسە تەنگ و بۆن ناخۆشانه‌ی زانکۆکاندا گەشە دەکات، کە کتێبەکان لەسەر ڕەفەکان زۆر زیاتر لە مێشکی خاوەنەکانیان جیهانیان بینیوە. ئەمە تراژیدیای ئەو کەسانەیە کە لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن گەردیلەیەک ڕووناکی بۆ جیهان زیاد بکەن، هەموو وزەی خۆیان بۆ کوژاندنەوەی مۆمی ئەوانی تر تەرخان دەکەن.

لێره‌دا وێنەی گۆمێکی مەنگ لە قووڵاییی دارستانێکی چڕ و لەبیرکراودا بهێنەرە بەرچاوت. ئاوەکەی، کە ڕۆژگارێک ڕوون و پڕ لە ژیان بوو، ئێستا بووەتە پەڵەیەکی سەوزی مردوو، کە لەژێر چینێکی ئەستووری قەوزەدا دەخنکێت. ئه‌کادیمیسته‌ ئیرەییبەرەکانیش کتومت وەک ئەم گۆمەن: وەستاو و چاوچنۆک و ڕقئەستوور بەرامبەر ئەو ڕووبارانەی بەردەوامن لە ڕۆیشتن، دیمەنی سروشت دەگۆڕن، چیاکان دادەتاشن و لە کۆتاییدا دەگەنە ئۆقیانووسی بێپایان. بەڵام ئەم ئەکادیمیستانە جووڵان ڕەت دەکەنەوە، لە گۆمە تەنکەکانی خۆیاندا دەمێننەوە، شیوەن بۆ بێدادیی سروشت دەگێڕن و بەردەوام پرسیار دەکەن: “بۆچی ئەوانی تر بۆ پێشکەوتن هەڵبژێردران، کەچی ئێمە لە دواوە جێ ماین؟”

ڤامپایەری خوێنده‌وار: میتۆدۆلۆژیای ڕاوکردنی بلیمەتی

ئەکادیمیستی ئیرەییبەر، لە قووڵاییدا، بوونەوەرێکی شێوە ڤامپایەر‏(1) ە، بەڵام لە جۆرێکی خوێنده‌وار. ئەو بەدوای خوێنەوە نییە، بەڵکوو بەدوای وزەی ژیانی فیکریی ئەوانی ترەوەیە. خۆراکی سەرەکیی ئەو بریتی نییە لە دۆزینەوەی بیرۆکەی نوێ، بەڵکوو بریتییە لە دۆزینەوەی هەڵەیەکی بچووکی ڕێنووسی لە وتارێکی بیست لاپەڕەییدا، یان بیستنی دڵەڕاوکێیەک لە دەنگی ڕکابەرەکەیدا کاتێک لە کۆنفرانسێکدا قسە دەکات. ئەم ساتانە بۆ ئەو وەک بینینی خۆرە بۆ کەسێک کە سەدەیەک لە زینداندا بووبێت.

وردتر پڕۆفیسۆرە ئیرەییبەرەکان یەک خەسڵەتی زۆر دیاریان هەیە، بە شێوەیەکی نەخۆشانە گیرۆدەی ئەوانەن کە خۆیان بەتواناترن. وەک پەپوولەیەک کە بە دەوری مۆمێکدا دەسووڕێتەوە، کە لێی تێناگات، ئەوانیش بە دەوری کەسە بەهرەمەندەکاندا دەخولێنەوە. بە چپەچپ و سرتەسرت، هەموو گۆشەیەکی ژیانی پیشەیی و تایبەتیی ڕکابەرەکانیان شی دەکەنەوە. ئەوەی هانیان دەدات، کۆڵینەوەی زانستی نییە، بەڵکوو قسەی ناو هۆڵی مامۆستایانە، هەڵە گریمانکراوەکانی ڕکابەرەکانیانە و لە هەمووشی گرنگتر، ئەو ساتانەیە کە وەک مرۆڤ هەڵەیەک دەکەن، تا بیکەن بە درامایەکی گەورە.

وردتر پڕۆفیسۆرە ئیرەییبەرەکان یەک خەسڵەتی زۆر دیاریان هەیە، بە شێوەیەکی نەخۆشانە گیرۆدەی ئەوانەن کە خۆیان بەتواناترن.

ژیانی ڕۆژانەی ئەم بوونەوەرە (وه‌ک تاک)، زنجیرەیەکە لە ڕێوڕەسمی سیخوڕی. بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستێت، یەکەم کاری کردنەوەی لاپەڕەی سۆشیال میدیای (قوربانییەکەی)ەتی، دیاره‌ نەک بۆ ئەوەی شتێک فێر بێت، بەڵکوو بۆ ئەوەی بزانێت (ئەو) چی نوێی بڵاو کردۆتەوە. ئەو وەک شیکەرەوەیەکی هەواڵگری، نەک تەنها پۆستەکان دەخوێنێتەوە، بەڵکوو شیکارییەکی سایکۆلۆژییانەی ورد بۆ هەموو لایک و کۆمێنت و ئیمۆجییەک دەکات. لە مێشکی خۆیدا، داتابەیسێکی گەورەی دروست کردووە: “فڵانە کەس لایکی پۆستەکەی کردووە، کەواتە ئێستا لە بەرەی ئەودایە.”، “ئەو ئیمۆجیی پێکەنینەی بەکار هێناوە، دیارە گاڵتە بە نەیارەکانی دەکات، کە مەبەستی منه‌.”

ئەم چاودێرییە تەنها ئەلیکترۆنی نییە، بەڵکوو دەگاتە ئاستی چاودێریی مەیدانی. لەناو زانکۆدا، وەک زانایەکی (مرۆڤناس) کە بەدوای دۆزینەوەی خێڵێکی ونبووەوە بێت، له‌ هەموو جووڵەیەکی ڕکابەرەکەی ورد ده‌بێته‌وه‌. واته‌ چاودێرییەکە ئەوەندە وردە کە سنووری سیخوڕی تێدەپەڕێنێت. دەزانن ئەو پڕۆفیسۆرەی ئیرەییی پێ دەبەن، پێڵاوی ژمارە چەند لە پێ دەکات (بڕوانە چەند پێڵاوێکی گەورەیە، دیارە! بۆیە وا خۆی بە گەورە دەزانێت!)، یان چۆن قەڵەم بە دەستەوە دەگرێت (بڕوانه‌ چۆن پەنجەکانی توند کردووە، دیارە مێشکیشی وا داخراوە!).

شانۆی پۆل: کاتێک نەزانی دەبێتە چەک

پۆلی وانەوتنەوە بۆ ئەم ئه‌کادیمیسته‌، گۆڕەپانی جەنگە. لێرەدایە کە دەتوانێت بەبێ ئەوەی کەس لێی بگرێت، تۆڵەی شکستەکانی خۆی بکاتەوە. کاتێک ناوی مامۆستا به‌هره‌مه‌نده‌که‌ دێتە ئاراوە، زەردەخەنەیەکی سارد دایدەگرێت و بە تۆنێکی پڕ لە بەزەیی ساختەوە دەڵێت: “بەڵێ، بەڕێز فڵان… کارەکانی پۆپیولەرن، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی تازە دەست بە خوێندنەوە دەکەن، بەڵام ئەگەر بتانەوێت لە بابەتەکان قوڵ ببنەوە، پێویستە بۆ سەرچاوە ڕه‌سه‌نه‌کان بگەڕێنەوە.” بەم شێوەیە، بە یەک ڕستە، هەم ئه‌و بچووک دەکاتەوە و هەم خۆی وەک پارێزەری (زانستی ڕەسەن) نمایش دەکات.

کارەکە هەر لێرەدا تەواو نابێت. (هەندێکجار) ئەم پڕۆفیسۆرانە، کە ناتوانن ئیرەیی بە هاوکارە سەرکەوتووەکانیان ببەن، دەست دەکەن بە ئیرەییبردن، بە قوتابییە زیرەک و بەهرەمەندەکانی خۆیان! بەڵام مه‌رگه‌ساته‌که‌ کاتێک دەگاتە لووتکە، کە قوتابییەکی زیرەک و بوێر، لەناکاو پرسیارێکی ورد و به‌هێز ده‌کات، که‌ پڕۆفیسۆره‌که‌ به‌ بیریشیدا نه‌هاتووه‌، بۆیه‌ قەڵا کاغەزییەکه‌ی زانستەکەی دەهەژێنێت. لەو ساتەدا، ئه‌کادیمیسته‌که‌ هەست به‌وه‌ دەکات، لەبەردەم دادگایەکی گشتیدا ڕووت کراوەتەوە. بۆ چرکەیەک بێدەنگ دەبێت، ڕەنگی دەپەڕێت و لە ناخیدا هاوار دەکات: “ئەم بێڕێزە چۆن بوێریی ئەوە دەکات من بخاتە ژێر پرسیارەوە؟” بەڵام خێرا خۆی کۆ دەکاتەوە و بە دەنگێکی باوكانەی ساختەوە دەڵێت: “کوڕم/کچم، ئەمە پرسیارێکی فەلسەفیی ئاڵۆزە، با لە بابەتە سەرەکییەکەمان لامان نەدات.” ئەم ڕستەیە کۆدی نهێنیی نێوان ئه‌کادیمیسته‌ ئیرەییبەرەکانە بۆ گوتنی: “سنووری خۆت بزانە، ئەگینا باجێکی قورس دەدەیت.”

گروپە نهێنییەکان: شانۆی شیکاریی وەهمی

کاتێک ڕۆژ تەواو دەبێت و پڕۆفیسۆرەکە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، قۆناغی دووەمی ژیانی دەست پێ دەکات. ژیانی شەوانەی ناو گروپە نهێنییەکانی سۆشیال میدیا. ئەم گروپانە، کە ناوەکانیان زۆرجار شتی وەک (هاوڕێیانی ئەکادیمی!) یان (دیالۆگی فیکری!)یە، لە ڕاستیدا ژووری نەشتەرگەریی ڕۆحیی ڕکابەرەکانن.

لێرەدا، سکرین شوتی پۆست و وتار و تەنانەت وێنە تایبەتییەکانیش وەک بەڵگەی تاوان بڵاو دەکرێنەوە. یەکێکیان دەنووسێت: “هاوڕێیان، سەیری ئەم ڕستەیەی بکەن! وشەی (ڕەنگە)ی بەکار هێناوە. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە خۆی لە بیرۆکەکەی دڵنیا نییە!” یەکێکی تر، کە خۆی بە پسپۆڕی دەروونشیکاری دەزانێت، وەڵام دەداتەوە: “نەخێر، ئەمە لە ڕوانگەی فرۆیدەوە نیشانەی سەرکوتکردنی ئارەزووی دانپێدانانە بە شکستی خۆی.” گفتوگۆکە تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت و لەسەر خاڵێک یان فارزەیەک، تیۆریی گەورەی پیلانگێڕی دادەڕێژن. ئەوان لەم کارەدا چێژێکی سادیستی وەردەگرن، چونکە هەست دەکەن لەناو جیهانی وەهمیی خۆیاندا، توانیویانە ئەو کەسە مەزنە شلۆق بکەن و بچووکی بکەنەوە.

تراژیدیای بوونی سێبەر: مەرگی مانایی

قووڵترین خاڵی ئەم تراژیدیایە ئەوەیە، ئەکادیمیستی ئیرەییبەر بوونێکی سەربەخۆی نییە. ئەو وەک سێبەر وایە، بوونی بەندە بە بوونی ئەو تەنەی کە ڕووناکییەکەی لێوه‌رگرتووە. ناسنامەی فیکریی ئەو لەسەر بنەمای (دژایەتی) بونیاد نراوە، نەک (داهێنان). ئەو (دژە-فڵان)ـە، نەک (خاوەن-بیرۆکە). ئەگەر سبەی بەیانی لە خەو هەستێت و بزانێت ڕکابەرەکەی چیتر بوونی نییە، ئەویش تووشی مەرگێکی مانایی دەبێت. چیتر بابەتی بۆ چاودێریکردن، شیکردنەوە و ڕق لێبوونەوە نامێنێت. ناچار دەبێت ڕووبەڕووی بۆشاییی ترسناکی ناو مێشکی خۆی ببێتەوە و ئەو کاتە تێدەگات، کە بە درێژاییی ژیانی لە جیاتی ئەوەی ماڵێک بۆ خۆی دروست بکات، لەسەر دیواری ماڵی ئەوانی تر خەریکی کێشانی وێنەی شەیتان بووە.

ڕاشکاوتر ئەم مرۆڤه‌ ئیره‌ییبه‌رانه‌، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە، پێیانوایە، به‌ ته‌نها خۆیان فەیلەسوف و بیرمەندی گەورەی سەردەم و پارێزەری زانستن‌. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوان وەک ئەو (داڵ)انه‌ وان‌، کە دوای تەواوبوونی جەنگ بەسەر گۆڕەپانی شەڕەکەدا دەفڕن و بەدوای پاشماوەی لاشەکاندا دەگەڕێن، هه‌تا سکی خۆیانی پێ تێر بکه‌ن، پاشماوەیەک کە هەرگیز هی خۆیان نەبووە. وانەکانیان، کە لە هەر ئیلهامێک بەتاڵن، زۆربەی کات دووبارەکردنەوەی دەقە کۆنەکانن، کە بە دەسەڵاتێکەوە دەیڵێنەوە، وەک بڵێی زانست تەنها ڕێژه‌ی نه‌گۆڕ بێت. شانازی بە نازناوەکانیانەوە دەکەن، نەک بە دۆزینەوەکانیان، دڵخۆشن بە ئه‌ندامێتی لیژنه‌کان و خەڵاتە ئەکادیمییەکان، نەک بە پێشکەوتنی فیکری.

لە کۆتاییدا، مێژوو دادگایەکی سەنگین و بێلایەنە. داهێنەرەکان وەک ئەستێرە پرشنگداره‌کان لە ئاسمانی مەعریفەدا دەمێننەوە و ڕێنوێنی نەوەکانی داهاتوو دەکەن. بەڵام ئیرەییبەرەکان؟ ئەوان تەنها نەیزەکن، بۆ ساتێکی کورت بەهۆی سووتانی خۆیانەوە لە بەرگەهەوای بلیمەتیی ئەوانی تردا دەبریسکێنەوە، پاشان دەبنە خۆڵەمێش و بۆ هەمیشە لە تاریکیی لەبیرچوونەوەدا ون دەبن. ئەوەی لە دوایان جێ دەمێنێت، نەک کتێبخانەیەک لە زانست، بەڵکوو تەنها چیرۆکێکی تاڵی ئاگادارکەرەوەیە: هەرکەسێک ژیانی خۆی بۆ ڕووخاندنی ئەوانی تر تەرخان بکات، لە کۆتاییدا تەنها خۆی لەژێر داروپەردووی ڕقەکەی خۆیدا دەشاردرێتەوە.

په‌راوێز

  1. ڤامپایەر: (Vampire) بوونەوەرێکی ئەفسانەیییە، بە زۆری لە چیرۆک و فۆلکلۆری ئەوروپاوە سەرچاوەی گرتووە، لە زمانی کوردیدا وشەی (خوێنمژ)یشی پێ دەوترێت. سەرەکیترین تایبەتمەندیی ڤامپایەر ئەوەیە کە بۆ مانەوەی خۆی، پێویستی بە مژینی خوێنی مرۆڤ یان بوونەوەری زیندوو هەیە. بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی کەڵبە تیژەکانییەوە ملی قوربانییەکانی دەگەزێت و خوێنەکەیان دەمژێت.

20/8/2025