مارکس و نیچە: چۆن هونەر دەتوانێ فریادڕەسمان بێت؟

چۆن بە چەکوش و داس و فڵچە، فەلسەفە بئاخنین؟

هاوشێوەیییەکانی نێوان هزری مارکس و نیچە لەوانەیە لە یەکەم نیگادا بەرچاو نەبن. بەڵام هەر کامیان هونەر و، بەتایبەتیتر، دیدگایەکی هونەریان بە تانوپۆی ژیانێکی شیاو دادەنا. هەر بیرمەندێک بە شێوازی جیاواز ڕەخنە لە نوێباوی (مۆدێرنە) دەگرێت؛ نیچە لە ڕێی فەلسەفە و دەروونناسییەوە، مارکس لە ڕێی ئابوورییەوە. کەچی وەک یۆناس چێکا دەیگێڕێتەوە، ئەم دوو کێلەبەردەی مێژوو، دیدگایەکی ئارمانشاریی هاوبەشیان هەیە جا چ دەروونی بێت یان کۆمەڵایەتی، کە زۆر بە چڕی لەسەر چەسپاندنی ژیان لە ڕێگەی هونەرەوە چەقی بەستووە.

فریدریش نیچە لە پێشەکیی یەکەم پەرتووکیدا، هونەری بە “پیرۆزترین ئەرک و کردەی ڕاستەقینەی مێتافیزیکیی ئەم ژیانە” ناو برد، بانگەشەیەک کە ئاوازی بۆ تەواوی ڕێبازە فەلسەفییەکەی دانا. بەڵام ئاسۆبڵندیی ئەم دیدگایە بۆ هونەر بە هیچ جۆرێک لە فەلسەفەی ئەڵمانیی سەردەمی نیچەدا نامۆ نەبوو و، کارڵ مارکس بیرمەندێک کە ناوەکەی بە دەگمەن لەگەڵ جوانیناسیدا دەبەسترێتەوە، لە ڕاستیدا هەمان ئەم ئاواتە گەورەیەی هەبوو. هەردوو فەیلەسووفەکە کردەی جوانیناسییان بە دانەبڕاو لە هەبوونێکی ڕەسەنی مرۆڤانە دەزانی.

بەرەو کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە، فەلسەفەی ئەڵمانی وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە دەبینی. فەلسەفەکەی کانت، نەریتەکانی فەلسەفەی “وشکەباوەڕی” (دۆگمایی) ڕووخاندبوو و زۆرێک لەو گریمانانەی بنکۆڵ کرد کە خواناسیی دامەزراو پەیڕەوی دەکردن. لە کاتێکدا زۆرێک گەشبین بوون و ئەمەیان وەک بەئاگابوونەوەی فەلسەفە لە “خەوی وشکەباوەڕی” خۆی دەبینی، هەندێکی تر دەترسان کە پاشەکشەی خواناسی، ژیان لە واتا و پاساوەکانی دابماڵێت. لەم چوارچێوەیەدا بوو کە زاراوەی “هیچباوەڕی” بۆ یەکەمجار بڵاو بووەوە، کاتێک فەیلەسووف فریدریش یاکۆبی فەلسەفەکەی کانتی بە هیچباوەڕانە تۆمەتبار کرد تا ئەو ئاستەی کە باوەڕ لاواز دەکات. هەندێکی تر هاودەنگ بوون لەگەڵ کانت، بەڵام نیگەرانی ئەو لەتبوونە ئاشتهەڵنەگرەی نێو هزری ئەو بوون: لەتبوونی نێوان فەلسەفەی بیردۆزی (کە مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی سروشتی دەبینی، کە بە یاسا ناچارییەکانی فیزیا دیاریکراوە) و فەلسەفەی کردەیی (کە مرۆڤی وەک بکەرێک دەبینی، کە توانای ئازادی و هەڵبژاردنی ئاکاری هەیە). چۆن دەکرا ئەم دوو لایەنەی هەبوون کە وا دەنواندرا لەگەڵ یەکدا ناگونجێن، پێکبهێنرێنەوە؟

لە وەڵامی کێشەکانی سەرەوەدا بوو کە زنجیرەیەکی درێژ لە بیرمەندانی ئەڵمان هەوڵیاندا چارەسەرەکان نە لە خواناسی، نە لە مەعریفەتناسی یان زانستی سروشتیدا، بەڵکوو لە جوانیناسیدا بدۆزنەوە، و پێویستە دوو کاریگەرترین فەیلەسووفی سەدەی نۆزدەی ئەڵمانیا، کارڵ مارکس و فریدریش نیچە، وەک دانیشتووی ئەم چوارچێوەیە ببینرێن.

 فەیلەسووفە جوانیناسەکانی ئەم قۆناغە بەوە جیا دەکرێنەوە کە دیدگایان بۆ هونەر چەندە ئاسۆبڵندە و، بە لەبەرچاوگرتنی گەورەییی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان ببووەوە، ئەمە تێگەیشتنی سادە بوو: هونەر بۆ ئەوان دەبوو ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە کە بەهۆی مەرگی خوداوە بەجێماوە.

پێش ئەوەی خۆیان بۆ فەلسەفە تەرخان بکەن، هەردوو مارکس و نیچە سەرەتا ویستیان بببنە هونەرمەند. خولیای سەرەکیی نیچە مۆسیقا بوو، و لە تەمەنی لاوێتییەوە تا دەیەی کۆتاییی ژیانی هۆشیاری، ئاوازی دادەنا، لە کاتێکدا مارکس دەیویست ببێتە هۆنەرێکی ڕۆمانتیک. هەندێک لە سەرەتاییترین نووسینە بەردەستەکانی هۆنراوەن، و وەک خوێندکارێکی گەنج، سێ دیوانی هۆنراوەی بۆ جێنیی هاوسەری نووسی. هەرچەندە ئەوان لە شوێنێکی تردا جێپەنجەی هەمیشەییی خۆیان دۆزییەوە، بەڵام هونەر هەرگیز بایەخی لەدەست نەدا بۆیان، نەک تەنها وەک خولیا و حەزێک لە ژیانی تایبەتیاندا، بەڵکوو وەک لایەنێک لە نووسینە فەلسەفییەکانیشیاندا.

نیچە بەناوبانگە بە وتەکەی کە دەڵێت “تەنها وەک دیاردەیەکی جوانیناسییە کە هەبوون و جیهان بۆ هەمیشە ڕەوایەتی پێ دەدرێت.” ئەو باوەڕی وابوو کە، لە نەبوونی خودادا، تەنها هونەر دەتوانێت ڕەوایەتیی جیهانێک بدات کە ئەوەندە پڕە لە ئازار. ئەمەش لەبەر ئەوەی هونەر توانای ئەوەی هەیە کە تەنانەت گەورەترین ژان و ئێشیش بگۆڕێت بۆ شتێکی جوان، و جوانی شتێکە کە خۆی ڕەوایەتیی بە خۆی دەدات. لە بیری گشتیدا، مارکس زۆرجار وەک پێچەوانەی بیرمەندێکی جوانیناس دەبینرێت، کەسێک کە هونەر کورت دەکاتەوە بۆ بارودۆخە ئابوورییەکانی کە تێیدا دادەهێنرێت، یان بۆ تەنها ئامرازێکی بەکەڵک بۆ بانگەشەی سیاسی، بەڵام هیچ شتێک لەمە دوورتر نییە لە ڕاستییەوە. مارکس خەفەتی بۆ ئەو شێوازە دەخوارد کە سەرمایەداری دەبێتە هۆی هەستێکی جوانیناسیی دواکەوتوو، چون جوانیی شتەکان بەهۆی بەهای ئاڵوگۆڕییانەوە پەردەپۆش دەکرێت: “بازرگانی کانزاکان تەنها بەهای بازرگانی دەبینێت نەک جوانی و خەسڵەتی تایبەتیی کانزاکە”.

هەردوو فەیلەسووفەکە سەیری یۆنانی کۆنیان دەکرد وەک قۆناغێکی نموونەیی لە دیرۆکی هونەردا، هەرچەندە نیچە باوەڕی وابوو کە یۆنانییە کۆنەکان لە سەردەمی هۆمیرۆسدا گەیشتبوونە لووتکە، و لەگەڵ سوکراتدا بارودۆخەکە بەرەو خراپی چوو، و بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە کەسەی کە نیچە بە “مرۆڤی سوکراتی” ناوی دەبرد، جۆرێک کە لە سەردەمی نوێباودا دەگاتە لووتکە. مرۆڤی سوکراتی کەسێکە کە گەڕان بەدوای ڕاستیدا دەخاتە سەرووی هەموو شتێکی ترەوە، و لە ڕێگەی ئەقڵی هێمن و دابڕاوەوە بەشداری لەم گەڕانەدا دەکات، و باوەڕی وایە کە ڕاستی چارەسەری هەموو شتێکە کە دەتوانین لە ڕێگەیەوە جیهان و هەموو دەردەکانی بسەلمێنین، ڕەوایەتی پێ بدەین، یان چاکی بکەین. بەم کارە، مرۆڤی سوکراتی بەهای هەستی جوانیناسی کەم دەکاتەوە، کە ناتوانرێت بە شێوەیەکی گونجاو لەلایەن ئەقڵەوە لێک بدرێتەوە، و بەمەش تاکە ڕێگەی گونجاو کە دەکرێت ژیانی پێ پاساو بدرێت جوانیی هونەری کەمنرخ دەکات.

نەک تەنها کردەی جوانیناسی بەوە ناسرابوو کە توانای سەلماندنی ژیانی هەیە، بەڵکوو لەلایەن زۆرێک لە بیرمەندانی ئەڵمانییەوە وەک ئامرازێک بۆ یەکخستنەوەی مرۆڤ و، بە هەمان شێوە، فەلسەفە سەیر دەکرا. لێرەدا سوودبەخشە کە ئاوڕێک لە ڕۆمانتیکی ئەڵمانی فریدریش شیلەر بدەینەوە. ئەمڕۆ، ئەو زیاتر وەک هونەر و شانۆنووسێک لەبیر دەکرێت، کە بە نووسینی “سروود بۆ شادی”، کە لە سیمفۆنیای نۆیەمی بتهۆڤندا بەکار هاتووە، هەروەها شانۆنامەی “ڕێگرەکان”، کە درامایەکی تراژیدیی کاریگەر بوو، ناسراوە. بەڵام لە سەردەمی خۆیدا، ئەو بەهەمان شێوە وەک فەیلەسووفێک کاریگەر بوو، کە بە نووسینەکانی وەک “دەربارەی پەروەردەی جوانیناسیی مرۆڤ”، یەکێک لە ئاسۆبڵندترین فەلسەفەکانی هونەری سەردەمی خۆی پێشکەش کرد. نەک تەنها کارەکانی لە گەشەسەندنی ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا دوای کانت گرنگ بوون، بەڵکو کاریگەریشی لەسەر هەردوو مارکس و نیچە هەبوو.

شیلەر هێزی یەکخستنی دژبەرەکانی کە فەلسەفەی کانتی دایڕشتبوو، دایە پاڵ هونەر، وەک ئاشتکردنەوەی بیردۆز و کردەوە، ئازادی و پێویستی، ئەقڵ و هەستەکان، ماددە و گیان، بکەر و بابەت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە، لە کردەی جوانیناسیدا، مرۆڤ بیرۆکەکان لە گیانەوە هەڵدەهێنجێت، و لە داهێنانی کارە هونەرییەکەدا، لە ماددەدا بەرجەستەیان دەکات. بۆ نموونە، ئەو کانڤاسەی بۆ نیگارکێشان بەکار دێت، یان ئەو بلۆکە مەڕمەڕەی بۆ پەیکەرتاشی بەکار دێت، شتی ماددی و ناچالاکن، کە بە پێویستی (یاساکانی سروشت) دیاری کراون، و لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی هونەرییەوە، دێن و بیرۆکەی گیانی و چالاک دەردەبڕن، کە بە ئازادیی مرۆڤ دیاریکراون. جیهانی ناوەوەی مرۆڤ لە دەرەوەدا بەدی دێت و بابەت بە بکەر ئاوێتە دەبێت. بەم شێوەیە، هونەر ئەوەی کە وا دەنواندرا دژ بەیەکە، ئاشتی دەکاتەوە، و بەمەش مرۆڤ دەکاتەوە بە یەکێکی تەواو. هونەر، بۆ شیلەر، دەرکەوتنی ئازادیی مرۆڤە.

زۆر ئەگەری هەیە کە مارکس ڕێک لەم فەلسەفەیەوە وەریگرتبێت کاتێک لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ساڵی ١٨٤٤دا نووسیویەتی کە “مرۆڤ هەروەها داهێنراوەکانی بەپێی یاساکانی جوانی دەهۆنێتەوە.” کاریگەریی شیلەر بەتایبەتی ڕوونە کاتێک مارکس دەنووسێت کە “تەنها لە ڕێگەی ئەو جیهانە دەوڵەمەند و بەرجەستەیەی کە مرۆڤایەتی دایهێناوە، هەستەکانی مرۆڤیش دەوڵەمەند دەبن و پێدەگەن. ئەمەش هەستە باڵاکان پێکدێنێت: وەک گوێیەکی ئاوازناس، چاوێکی جوانبین؛ بە واتایەکی تر، ئەو هەستانەی کە دەتوانن لە دیاردەیەکی تاکەکەسیدا، جەوهەرێکی گەردوونی بدۆزنەوە.”

‌شوێنەواری ڕوونی هەمان کاریگەری لەلای نیچەش هەیە، کاتێک دەڵێت کە کەسێک لە دۆخی ئازادیی هونەریدا “شتەکان دەگۆڕێت تا هێزی خۆی ڕەنگ بدەنەوە، تا دەبنە ڕەنگدانەوەی تەواوکارییەکەی.” بە واتایەکی دیکە، مرۆڤ تەنها دەتوانێت خۆی بسەلمێنێت بە بەدیهێنانی بوونی ناوەکیی خۆی لە جیهانی دەرەوەدا لە ڕێگەی کردەی جوانیناسییەوە.

هاوشێوەیییەکی بەرچاوی دیکەی نێوان دوو بیرمەندەکە ئەوەیە کە هەردووکیان سەیری هونەریان نەک بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕوانگەی بینەرەوە دەکرد، وەک لەو کاتەدا باو بوو، بەڵکوو لە ڕوانگەی داهێنەرەوە. نیچە نووسیویەتی “کانت، وەک هەموو فەیلەسووفەکان، تەنها لە ڕوانگەی ‘بینەر’ەوە سەیری هونەر و جوانی دەکرد، لەبریی ئەوەی کێشەی جوانیناسی لە ڕێگەی ئەزموونەکانی هونەرمەندەوە (داهێنەر) ببینێت، و بەمەش بەبێ مەبەست ‘بینەر’ی خستە ناو چەمکی ‘جوان’ەوە.” هەر بۆیە، نیچە باوەڕی وابوو، زۆرێک لە فەیلەسووفەکان نەیانتوانیوە لە کاریگەریی ڕاستەقینەی هونەر تێبگەن، ئەوان خۆیان داهێنەری جوانیناس نین، و بەمەش ئاشنا نین بەو تین و تاوە ژیان‌بەخشەی کە تەنها لە دۆخی داهێنانی چالاکانەی جوانیناسیدا دێتە ئاراوە.

بە گۆڕینی جەمسەری ئەم تێڕوانینە، مارکس و نیچە دەستیان ڕاگەیشتە هەڵدانەوەی بارودۆخە ژێرخانییەکانی داهێنانی هونەری، لایەنی دەروونی بۆ نیچە، و لایەنی ئابووری بۆ مارکس، کە ئەمەش وای لێکردن باشتر شیاو بن بۆ گەڕان بەدوای ئەو زەمینەیەدا کە هونەر دەتوانێت بەڕاستی تێیدا ببووژێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، بۆ مارکس وەک بۆ نیچە، کردەی جوانیناسی تەنها لە کاری هونەریی ڕاستەقینەدا سنووردار نابێت، وەک ئەوانەی کە دەتوانیت لە پێشانگایەکدا دایبنێیت. بەڵکوو ئامانجی باڵای ئەوان ئەوەیە کە بە شێوازێکی جوانیناسییانە لە ژیان خۆی نزیک ببنەوە. وەک نیچە لە “زانستی گەش”دا دەیڵێت، “پێویستە ئێمە لە هونەرمەندانەوە فێربین لە کاتێکدا لەوان ژیرترین. چونکە عادەتەن لە حاڵەتی ئەواندا ئەم هێزە ناسکە لەو شوێنەدا دەوەستێت کە هونەر کۆتایی دێت و ژیان دەست پێ دەکات؛ ئێمە. بەڵام، دەمانەوێت ببینە هونەری ژیانی خۆمان.” نیچە جەختی لەوە دەکردەوە کە بە بیرکردنەوە لە ژیانمان وەک پارچەیەکی هونەری، دەتوانین وەک یەکەیەکی جوانی گشتگیر بیبینین کە چیرۆکێکی یەکگرتوو دەگێڕێتەوە. لە لایەکی ترەوە، مارکس جەختی لەوە دەکردەوە کە تەنانەت کاتێک کەلوپەل بۆ بەکارهێنانی کردەیی بەرهەم دەهێنین، بۆ نموونە، کەلـوپەلی ماڵ یان جلوبەرگ، دەتوانین بەپێی “یاساکانی جوانی” دیزاینیان بکەین، و بەم کارە خۆمان دەرببڕین، و خۆمان لەو شتانەدا ببینینەوە کە دروستیان دەکەین و لە ناویاندا دەژین. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ئامانجەکە ئەوەیە کە ژیان لە ڕێگەی چالاکیی داهێنەرانەی خۆمانەوە جوان بکەین.

فەلسەفەکانی مارکس و نیچە بێگومان جیاوازیی گەورەیان هەیە، بەڵام هاوکات هاوشێوەیی بنەڕەتیشیان هەیە کە لە وەرگرتنی باودا زۆر جار تێبینی ناکرێن یان فەرامۆش دەکرێن. بە سنووردارکردنی خۆمان تەنها لەسەر بابەتی جوانیناسی، دەتوانین هاوبەشیی بەرچاو لە نێوانیاندا بدۆزینەوە، هاوشێوەییەک کە تەنانەت دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ پڕۆژەیەکی هاوبەش. هەردوو بیرمەندەکە ڕەخنەگرن لە نوێباوی، و ڕەخنەی لێدەگرن بۆ دواخستنی گەشەی هەستی جوانیی ئێمە، و هەردووکیان ڕزگاری بە شتێک دەبینن کە لایەنێکی جوانیناسیی دانەبڕاوی هەیە. لە کردەی داهێنەرانەدا، ئێمە بیرۆکە ناوەکییەکانمان لە جیهانی دەرەوەدا بەدی دەهێنین، و کاتێک هونەر لە ژیاندا بەدی دێت، ژیان لە هونەردا دەچەسپێنرێت.

سەرچاوەکان (بۆ خوێندنەوەی زیاتر و قووڵبوونەوە):

  • IwY2xjawMLGmZleHRuA2FlbQIxMABicmlkETFLVTY4N0ViTHV6bXBBQXRFAR5O3dAEh_H4J8A50CegBqbLRukITp1I_gsHUbEjAiRAm1V2M5Ofn2b4PgPy7A_aem_SQVQcj
  • نیچە، لەدایکبوونی تراژیدیا (١٨٧٢)، وەرگێڕانی: ڕۆناڵد سپیرز. کامبریج: چاپخانەی زانکۆی کامبریج.
  • مارکس، دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤، وەرگێڕانی: مارتن میلیگان. بەشی سێیەم، موڵکی تایبەت و کۆمۆنیزم، ل. ٤٦.
https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/pdf/Economic-Philosophic-Manuscripts-1844.pdf
  • نیچە، زەردەپەڕی بتەکان (١٨٨٨)، وەرگێڕانی: جودیس نۆرمان، لەناو: ئارۆن ڕیدلی و جودیس نۆرمان (ئامادەکاران) دژەمەسیح، ئەوەتا مرۆڤەکە، و نووسینەکانی تر. کامبریج: چاپخانەی زانکۆی کامبریج. بەشی “پێکدادانەکانی پیاوێکی نالەبار”، ژمارە ٩، ل. ١٩٦.