گێڕانەوەی برین، برینی گێڕانەوە
خوێندنەوەیەکی "پاشگێڕانەوەیی" بۆ نۆڤلێتی "میاو"ی جێگر به‌ختیار
پێشەکی
ئەدەبیات، زیاتر لەوەی ڕەنگدانەوەی جیهان بێت، ڕێگەیەکە بۆ ئافراندنه‌وه‌ی جیهان؛ جیهانێک کە هاوکات، واقیعی، دەروونی، سیمبۆلیک، مێژوویی و زمانییە. لەم نێوانەدا، گێڕانەوەی چیرۆک بە تایبەتی چیرۆكی درێژ، ئەو دەرفەتە فەراهەم دەکات کە ئەزموونەکانی مرۆڤ لە قووڵترین توێژەکانی بوونیدا پیشان بدرێن؛ بە تایبەتی کاتێک دەق لە فۆڕمە ئاسایییەکان تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو قەڵەمڕەوی برینی دەروونی، تێكشاندنی زمانی، قەیرانی ناسنامە و یادەوەرییه سانسۆرکراوەکانه‌وه. نۆڤلێتی “میاو”[1] ڕێك لە هەمان ئەو قەڵەمڕەوەدا هەناسە دەدات: دەقێکی چەندتوێژ، تاریک، بریندار و به‌رخۆده‌ر، کە نەک تەنیا لە ئاستی گێڕانەوەدا، بەڵکوو لە ژێر پێکهاتەی خۆیدا، خوێنەر بەرەو ئاڵنگارییه‌كی بوونخوازانه، کولتووری، دەروونی و سیاسی بانگهێشت دەکات.
لەم نێوه‌نده‌دا، ناونیشانی “گێڕانەوەی برین، برینی گێڕانەوە” نیشاندەری دوو ڕووی بنەڕەتیی بەرهەمەکەیە: لەلایەکەوە، نۆڤلێته‌كه برینێک ده‌گێڕێته‌وه ـ برینی کەسی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و دەروونی— لە لایەکی دیکەشه‌وە، خودی گێڕانەوە له‌م ده‌قه‌دا وەک پێکهاتەیەکی زمانی و فۆڕمی، بریندار، ناتەواو و لێكپچڕاو ده‌رده‌كه‌وێت. ئەم دژیه‌كی و هاویه‌كییه، شێوه به بناغەی شیکردنەوەکەمان دەدات: “گێڕانەوەی برین” لە هه‌ناوی «برینی گێڕانەوە”دا. چوونكه هەر وشەیەک، هەر وچانێک، هەر بێدەنگییەک لەم دەقەدا هەڵگری جۆرێک لە ئازار، نكۆڵی‌كردن، یان فره‌زمانییه؛ وەک ئەوەی زمان ئامرازێك نه‌بێت بۆ نواندنه‌وه، بەڵکوو خودی خۆی وەک شوێنێك بێت بۆ قەیرانێك.
بۆیە، ده‌توانرێت ئه‌م شیکردنەوەیه به “خوێندنەوەیەکی پاشگێڕانەوەیی”(post-narrative) دابنرێت؛ شیکردنەوەیەک کە گێڕانەوە، نه‌ك وەک کارێکی سه‌پێنراو و جێگیر، بەڵکوو وه‌ك كرده‌یه‌كی پرۆبلێماتیک، داڕوخاو و لەرزۆک لەبەرچاو دەگرێت. لەم خوێندنەوەیەدا، ئامانج گەڕاندنەوەی مانای لەدەستچوو نییه، له ڕاستیدا ئامانج، ڕووبەڕووبوونەوەیه لەگەڵ لێكپچڕانه پێكهێنه‌ره‌كان، بێدەنگییه ڕیشه‌كه‌نكراوه‌كان و زمانگرتنه دەروونییەکاندا. “میاو” لەم خوێندنەوەیەدا، ئیتر تەنیا چیرۆکێک نییە له‌بارەی کەسێک یان دۆخێکه‌وه، ئه‌مه ده‌قێكه خودی گێڕانەوە وەک مەیدانی ناکۆکی زمانی، دەروونی و مێژوویی ده‌خاته‌وه ڕوو؛ دەقێک کە به‌ته‌نیا ناگێڕێته‌وه، بەڵکوو گێڕانەوە ده‌خاته بەردەم سووانه‌وه، تا لە هه‌ناوی هەمان ئەم سووانه‌دا، دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە لە بوون و زمان بڕه‌خسێت.
ئەم سیسته‌می پاشگێڕانەوەیییە لە “میاو”دا، لە ڕەخنەیه‌كی ئەدەبی سه‌رتره؛ ئەمە پرۆژەیەکی جوانیناسانەیە، کە پرسیاری بنه‌ڕه‌تی لە سەر ئەرکی ئەدەبیات لە سەردەمی ئێمەدا ده‌خاته ڕوو. کاتێک زمانە نەریتییەکانی دەسەڵات، سیاسه‌ت و کو‌لتوور لە قەیراندان، ئەدەبیات چۆن دەتوانێت وه‌ك دەنگێکی ڕاستگۆ بمێنێتەوە؟ وەڵامی نۆڤلێتی “میاو” ئەوەیە کە بە تێکدانی خۆی، بە ئاشکراکردنی برینەکانی خۆی، بە ڕەتکردنەوەی هەموو شێوەکانی دڵنیایی، دەتوانێت بگاتە ڕاستییەکی نوێ ـ ڕاستیی برین، ڕاستیی ژان و ڕاستی بێدەنگی.
هه‌ربۆیه، “میاو” تەنیا چیرۆكێك نییه، بەڵکوو مانیفێستێکی جوانیناسانەیە بۆ ڕۆڵی نوێی ئەدەبیات لە جیهانی پۆستمۆدێرندا؛ جیهانێک کە تێیدا مانا پارچەپارچەیە، ناسنامە لەرزۆکە و زمان لە قەیراندایە. لەم ڕووەوە، “برینی گێڕانەوە” لە “میاو”دا ته‌نیا نیشانەی شکست نییه؛ نیشانەی ئازاییشه ـ ئازایی بەرەنگاربوونەوەی زمان لەگەڵ سنوورەکانی خۆیدا، ئازایی ئاشكراكردن و دۆزینه‌وه‌ی دەرفەتە نوێیه‌کان لە ناو داڕووخانی کۆندا.
ئه‌م نۆڤلێته‌ی جێگر به‌خیتار، چیرۆکی تێكشكانه، به‌ڵام ئه‌م تێكشكانه گێڕانەوەیی یان تەکنیکی نییه، بەڵکوو شکانی جیهان، شکانی مانا، شکانی پەیوەندی و شکانی زمانه. لەم بەرهەمەدا، ئێمە لەگەڵ جۆرێک لە “ئەدەبیاتی شکست”دا ڕووبەڕووین، کە وەک دەرفەتی بەرەنگاری، بیرکردنەوە و پێناسەکردنه‌وه‌ی ئەزموونەکانی مرۆڤ دەردەکەوێت. لە “میاو”دا، جەستە ته‌نیا هەڵگری ئارەزوو نییه، له هه‌مان كاتدا گۆڕه‌پانی جەنگە؛ زمان، ته‌نیا ئامرازی پەیوەندی نییه، گۆڕه‌پانی زمانگرتن، دووبارەبوونەوە و بێده‌نگیشه؛ یادەوەرییش، ته‌نیا شوێنی یادهێنانەوە نییه، له ڕاستیدا خۆڵەمێشی لەبیرچوونه‌وه و سانسۆرە. ئەم نۆڤلێته بە تێکدانی پله‌به‌پله‌ی گونجانه کەسێتی، کاتی و زمانییه‌كان، دەگاتە ئافراندنی دەقێک، کە به‌ر له‌وه‌ی گێڕەره‌وه بێت، خودی گێڕانەوەیە؛ واته له‌بریی ئه‌وه‌ی ببێته ئاوێنەی واقیعییەت، ئافرێنه‌ری ڕاستییەکی نوێیه لە دڵی کەلاوەکانی واقیعییەتەوە.
لە زەمینەیەكی وه‌هادا، ناتوانرێ به‌تەنیا لە ڕوانگەی نەریتی ڕەخنەی ئەدەبییەوە مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م نۆڤلێته‌دا بكرێت. چونكه ئەم دەقە پێویستی بە ئامرازی تیۆری و شیکاریی فره‌چه‌شن و پێشکەوتووە؛ لە ڕەخنەی بونیادخوازییه‌وه بگره، کە پەیوەندییەکانی ناوەوەی پارچەکانی دەق لەبەرچاو دەگرێت، تا ڕێبازه‌كانی پاش بونیادخوازی، کە جه‌خت له نەبوونی یەکگرتوویی، لێكپچڕان و چەندكاره‌كته‌ری و فره‌مانایی (polyvalence) لە دەقدا دەکەنەوە. لە تیۆرییە دەروونشیکارییەکانه‌وه بگره، بە تایبەتی ئەوەی لە فرۆید، لاکان و کریستێڤاوە فێر بووین له‌بارەی نه‌ست، ئۆبژەی ئاره‌زوو و زمانی برینداره‌وه؛ تا شیکردنەوە فێمینیستییەکان کە جەستە، ڕەگەز و ئارەزوو وەک بوارەکانی زەوتکردن و بەرەنگاری لە ناوەندی سەرنجدا دادەنێن. لە پاڵ ئەمانەوە، ڕەخنەی پاشئیمپریالیستی و کولتووری، بە تایبەتی لە به‌ستێنی زمان و ناسنامەی کوردی‌دا، دەرفەتی زۆرتر بۆ کۆدشکاندنی گێڕانەوەكه ده‌ڕه‌خسێنێت.
له‌به‌ر ئه‌مه، ئەم نووسینە هەوڵی داوە بە پشتبەستن بەم سیستەمە تیۆرییه جۆراوجۆر و ئاڵۆزانە، خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە، ورد و چەندتوێژ له‌باره‌ی نۆڤلێتی “میاو”ی جێگر به‌ختیاره‌وه بخاته ڕوو. هه‌ربۆیە، پێکهاتەی ئەم ڕەخنەیە لەسەر حەوت تەوەری سەرەکی دامەزراوە: پێکهاتە و گێڕانەوە، کەسایەتییەکان، شێواز و زمان، بابەتمه‌ندی (تێماتیك)، زەمینەسازی مێژوویی و کولتووری، چەمکی ده‌ئقاوێزان و له كۆتاییشدا به‌ره‌نجامێك. هەر یەکێک لەم بەشانەش، بە دیدێكی شیکاری و بە سوودوەرگرتن لە دەستەواژە تەکنیکییەکان (لە كه‌وانه‌دا بە زمانی فڕەنسی) نووسراون، تا هاوكات له‌گه‌ڵ ڕامان له ده‌قه‌كه، لە ئاستێکی بەرزتردا، خوێندنەوە، لێکدانەوە و ئه‌فراندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت.

له سایه‌ی ئه‌م تێڕوانینه ڕه‌خنه‌یییه‌دا، له درێژەدا دەیبینینەوە كه “میاو” به‌ته‌نیا بەرهەمێک نییه بۆ خوێندنەوە، بەڵکوو فەزایەکه بۆ ژیان و ئەزموونکردنی سنوورەکانی تێگەیشتن. به‌جۆرێك لە ڕێگەی وشەکانیەوە، ئازارە زەوتکراوەکان، برینە مێژوویییەکان و بێدەنگییە کۆنەکان دێنه گۆ و به‌رده‌نگ بەرەو جیهانێک ڕادەکێشن، کە تێیدا، گێڕانەوە بێجگه له‌وه‌ی ده‌بێته ئامرازێک بۆ هەڵاتن لە واقیعیەت، هه‌روه‌ها ده‌شبێته ئامرازی دۆزینەوە، ئاشکراکردن و ڕاگرتن لە بەرامبەر ئه‌و واقیعیه‌ته‌دا. له كۆتاییدا ده‌بێ بڵێم كه ئەم پێشەکییە، بانگهێشتێکە بۆ چوونە ناو دڵی ئەم جیهانە ئاڵۆز، بریندار و گڕگرتووه‌وە.
نابه‌رده‌وامی و لێكپچڕان: پێكهاته‌ی ناجێگیر و ناكرده‌یی له گێڕانه‌وه‌دا
نۆڤلێتی “میاو” وەک گێڕانەوەیەکی داڕمانی ناوەوە، خاوەنی پێکهاتە (structure)یه‌كه، کە بێجگه له‌وه‌ی بە مەبەست، لە نەخشە کلاسیکییەکان و سیسته‌مه نەریتییەکان دابڕاوە، له هه‌مان كاتدا بە شێوەیەکی ڕیشه‌یی دەیاننووسێتەوە و ده‌یانخاته‌وه ژێر پرسیاره‌وه. ئەم گێڕانەوە چەندچینییە، بە ئاگایییەوە گونجان و یه‌كگرتوویی ده‌قه‌كه هه‌ڵده‌په‌سێرێت و بە هەڵبژاردنی شێوازی شه‌پۆلی هۆش، به‌رده‌نگ فڕێ ده‌داته قووڵاییی دەروونی شێواو و زه‌ینی پارچەپارچەبووی کەسایەتیی سەرەکییه‌وه. لەم گێڕانەوەیەدا، کات نە هێڵه‌كی (linéaire)یه و نە تەنانەت بازنەیی (circulaire)؛ بەڵکوو ته‌پۆڵكه‌یه‌كه لە ساتە په‌رتوبڵاوه‌كان و بیرخه‌ره‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان، ترس، خەیاڵ، تراوماکانی منداڵی و وەسوه‌سەکانی مێشک، کە لە جیاتی په‌ره‌دان به چیرۆكه‌كه، كه‌ڵه‌كه‌بوونی دەروونی دروست دەکەن.
نۆڤلێتی “میاو” دەبێت وەک دەقێک دابنرێت کە به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵته‌كێنه‌ر ڕووبه‌ڕووی گێڕانەوەی کلاسیک ده‌بێته‌وه و بە سوودوەرگرتن لە ستراتیژییە ئاڵۆزەکانی گێڕانەوە، پێکهاتەیەک ده‌خاته به‌رده‌ممان کە هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دەربڕی ناوەرۆکه ده‌روونشێواوه‌كه‌ی چیرۆكه‌كه‌یه، خودی پێکهاتەكه، هەڵگری دەروونشێواوی لێكپچڕانیشە. وه‌ك گوتمان، گێڕانەوە لەم چیرۆکەدا نە هێڵه‌کی، نە هۆکارەیی ـ کاته‌كی (chronologique-causale) یە، گێڕانه‌وه لێره‌دا لەسەر لۆژیکی نابه‌رده‌وامی (discontinuité) و كه‌موكورتی لەبه‌دوایه‌كداهاتنی گێڕانه‌وه بونیات نراوه؛ واته سیسته‌مێك کە خۆی لە ناو ئاژاوەدا ده‌پارێزێت.
گۆشه‌نیگا لەم نۆڤلێته‌دا بەزۆری یەکەم کەسە، بەڵام ئەم یەکەم کەسە، لە زۆرێك لە ساتەکاندا دەبێتە سوژەیەکی ناجێگیر، کە سنوورەکانی نێوان “منی گێڕەره‌وه” (je narratif) و “منی ڕووداوەیی” (je événementiel) لەناو دەبات. لێرەدا لەگەڵ شێوەیەکی تایبەتی لە “مۆنۆلۆگی ناوەكیی بریندار”دا ڕووبەڕووین، کە گێڕانەوە لە ئاستی واقیعگەرایانەوە بەرەو ئاستێکی دیارده‌ناسانه و زمانی بەرز دەکاتەوە. گێڕەره‌وه لێره‌دا، ڕاپۆرتەری واقیعیەت نییه، بەڵکوو جەستەیەکی بریندارە، کە لە گەڕان بەدوای مانادا، وشە بە وشە پێش دەچێت و هاوکات لەگەڵ گێڕانەوەدا، خۆی دروست دەکاتەوە.
گێڕەره‌وه‌ی یەکەم کەس، کە هەندێک جار بە شێوەیەکی هه‌ستپێنه‌كراو لەگەڵ سێیەم کەسی ده‌روونیبوو (intériorisée)دا تێکەڵ دەبێت، دەبێتە ئامرازی نمایشکردنه‌وه‌ی دەروونشێواوی و قەیرانی ناسنامە. ئەم سنوورده‌ستنیشانكردنه ناڕوونه‌ش لە نێوان جێناوی یەکەم و سێیەمدا، ڕەنگدانەوەیەکە لە كه‌لێنی بوونناسانه‌ی خۆئاگایییه تاکەکەسییەکەی گێڕەره‌وه‌دا؛ كه‌لێنێك کە لە نێوان تێگەیشتن و نمایشکردنه‌وه‌دا، لە نێوان جەستە و زماندا، لە نێوان یادەوەری و واقیعیه‌تدا درزی بردووه و خه‌ریكه ده‌ڕووخێت.
گۆشه‌نیگا لە “میاو”دا بە شێوەیەکی ڕیشه‌یی ناجێگیر و بزۆكه. گێڕانەوە لە دۆخی بەردەوامترینی گواستنەوەدایە لە نێوان ڕاستی و خەیاڵ، یادەوەری و وه‌هم و ئێستا و ڕابردوودا. هیچ دڵنیایییەک لە گێڕانەوەدا بوونی نییە؛ ئەوەی دەرکەوتووە، لەرزینه لە پێکهاتەی تێگەیشتنی کەسایەتی و داڕووخانی سنوورەکانی نمایشکردنەوه‌دا. ئەم شێوازە، ئەزموونێکی ئەدەبیی وا ده‌سته‌به‌ر دەکات، کە لە یاسا و ڕێسا کلاسیکییه‌كان خۆی به‌دوور ده‌گرێت و دەچێتە ناو بواری ناپارێزراوی ئەدەبیاتی پاشپێكهاته‌خوازانه و دەروونشیکارانه‌وه؛ شوێنێک کە گێڕانەوە ئیتر هەڵگری ڕاستی نییه، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی داڕووخانی ڕاستییە لە مێشکی سوژەی قەیرانمه‌نددا.
لە ئاستی ڕێکخستنی کاتی‌دا، “میاو” بە ئاشکرا لە لۆژیکی هێڵه‌کیی نابه‌رده‌وام جیا دەبێتەوە و دەچێتە ناو پێکهاتەی ناهێڵه‌کی(structure non-linéaire) یه‌وه. گێڕانەوە بە پاشگه‌ڕانه‌وه یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كان و پێشچوونه ناتەواوەکان، به جێگیری نامێنێتەوە. کات، پارچەپارچە، شکاو و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵه و لەبری ئەوەی ئامرازی دەربڕینی ڕووداوەکان بێت، ئامرازێکە بۆ دروستکردنەوەی دەروونی گێڕەره‌وه. لەم کاتە تێكشكاوه‌دا، ڕابردوو و ئێستا تێکەڵ دەبن و سنوورەکانی نێوان یادەوەری و ڕووداو ده‌ڕووخێن؛ بەجۆرێک کە گێڕانەوە به‌درێژاییی چیرۆكه‌كه، زیاتر گێڕانەوەیه‌كی خەونه‌كی(récit onirique) یە تا باسكردنی ژیانێك.
ته‌كنیكێكی سه‌رنجڕاكیش لای نووسه‌ری ئه‌م ده‌قه، سڕینەوەی به‌مه‌به‌ست و شکستی ئاگامه‌ندانه‌یه لە گێڕانەوەدا. جێگر به‌ختیار، چه‌ندین جار گێڕانەوە به ناتەواوی جێ دەهێڵێت، لە گوتن دەوەستێت، یان دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێک کە پێشتر تێیدا بووە. ئەم دووبارەبوونەوە شێوه دڕدۆنگییه لەلایەکەوە نیشانەی به‌ركه‌وتنی زیانی دەروونیی به گێڕەرە و لەلایەکی دیکەوە، ته‌کنیکێکه بۆ ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەیه‌كی دڵنیا و جێگیر. گێڕەره‌وه، لەجیاتی ئەوەی لە ڕێگای هۆکارەوە بەرەو مانا بجووڵێت، بەردەوام تووشی خولانه‌وه‌یه‌ك دەبێت، کە نە دەگاته بەردەوامی و نە ده‌بێته لێكپچڕانێكی ته‌واو.
لایه‌نێكی تری پێکهاتەی گێڕانەوەی ئه‌م نۆڤلێته، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دژواریی نێوان به‌دەنگهاتن و بێدەنگییە. چیرۆکه‌كه پڕە لە شوێنانێک کە گێڕەره‌وه دەگاتە لێواری گوتن، بەڵام دەگەڕێتەوە، بێدەنگ دەبێت، یان بە دركه و ئاماژەوە لێی تێدەپەڕێت. ئەم گێڕانەوەیه‌ی بێدەنگی(narration du silence) یه نیشانەی بێتوانایی نییه، بەڵکوو هەڵبژاردنێکی جوانیناسانەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کاری نەکرده‌ی زمانی‌دا؛ واتە کارگه‌لێكی وەک ئازار، شەهوەت، ترس و گوناھ کە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ بگێڕدرێنەوە.
لە ئاستی فۆڕمیدا، نۆڤلێتی “میاو” فۆڕمێكی گێڕانەوەی داخراوی نییە، له ڕاستیدا گێڕانەوەیەکی کراوە و دینامیكیی هەیە، کە ڕێگە بە خوێنەر دەدات بۆ دەستتێوەردان، لێکدانەوە و دروستکردنەوەی گێڕانه‌وه. ئەم فۆڕمە، پێکهاتەیه‌كی پۆستمۆدێردنی گێڕانەوە وه‌بیر دێنێته‌وه؛ واته شوێنێک کە گێڕانەوە نەک تەنیا لە وشەکاندا، بەڵکوو لە بۆشایییەكان، لێبڕینەکان و به‌رهه‌مه نەنووسراوەکانیشدا ئامادەیە.
بەڵام توێژێكی قووڵتر، کە شیکردنەوەی پێکهاتەی گێڕانەوەی “میاو” ده‌كاته شتێكی پێویست، پەیوەندیی گێڕانەوە لەگەڵ لێكپچڕانه جوانیناسانه‌كان و كه‌لێنه مانایییەکانە. ئێمە لەم چیرۆکەدا لەگەڵ جۆرێک لە “گێڕانەوەی داڕووخاو”دا ڕووبەڕووین كه له جیاتی ئه‌وه‌ی چیرۆكێك به به‌ڵگه و لۆژیك بگێڕێته‌وه، خودی هه‌مان ڕێڕه‌وی چیرۆكه‌كه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و لۆژیكه‌كه‌ی لێ تێك ده‌دات. له هەر شوێنێکدا کە چاوەڕوانی پەیوەندییەکی گێڕانەوەیی یان كردنه‌وه‌ی گرێیه‌ك دەکەین، تووشی ڕۆچوون لە وردەکاریی دڕدۆنگییانه، گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکی لاوه‌كی یان كه‌لێنی فۆڕمی دەبینه‌وه، کە مەبەست لێی بێده‌نگبوون، ڕامان و داڕووخانە.
گێڕانەوە لە “میاو”دا دیاردەیەکە، کە هاوکات لە باری پەرەسەندن و لە باری ڕەتکردنەوەشدایە؛ ئەم دووانه‌ییبوونه دەتوانرێت به جۆرێک بە “دژەگێڕانەوەخوازیی پێکهاتەیی” ناوببرێت
جگە لەوەش، گێڕانەوە لە “میاو”دا دیاردەیەکە، کە هاوکات لە باری پەرەسەندن و لە باری ڕەتکردنەوەشدایە؛ ئەم دووانه‌ییبوونه دەتوانرێت به جۆرێک بە “دژەگێڕانەوەخوازیی پێکهاتەیی” (anti-narrativité structurelle) ناوببرێت، کە گێڕانەوە تێیدا جگه له‌وه‌ی وه‌ك شێوەی گواستنەوەی ئەزموونیش ده‌رده‌كه‌وێت؛ له هه‌مان كاتدا وەک گۆڕه‌پانی ناکۆکیی نێوان یادەوەری، لەبیرچوونه‌وه، ترس و وشە شکستخواردووەکانیش خۆی پیشان دەدات.
بۆیه ده‌توانین بڵێین كه پێکهاتە و گێڕانەوە لە نۆڤلێتی “میاو”دا خۆیان بوونەتە پرسیارێک له‌بارەی توانای گێڕانەوەوه. ئەم دەقە، بەدوای حیکایەتخوانی و گونجانی مانایییه‌وه نییه، بەڵکوو بەدوای ئاشکراکردنەوه‌یه: ئاشکراکردنی بێپەنایی زمان، ڕیشه‌كێشكردنی گێڕەره‌وه و نابه‌رده‌وامیی بنەڕەتی نێوان ئەزموون و دەربڕین. لەم ئاشکراکردنەشدا، “میاو” دەبێتە دەقێک، کە هه‌م ده‌گێڕێته‌وه و هه‌م گێڕانەوەش دەنووسێتەوە؛ ئه‌مه‌ش بۆ پیشاندانی برینی مانایه، نه‌ك دروستکردنی مانا.
بە گشتی، پێکهاتەی چیرۆکه‌كه بە دووری لە گێڕانەوەی هێڵه‌كی و بە بەکارهێنانی فێڵەکانی چنینی تاكپارچه‌یی، تاکوێژیی ناوەكی، گەڕانەوە به‌رده‌وامه‌كانی کات، دووبارەکردنەوەی وشە سەرەکییەکان و تێكشكانه به‌دوای یه‌كه‌كانی گۆشه‌نیگا، جۆرێک لە “نووسین لە سنوور” دروست دەکات، کە ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی ئەزموونی ژیاوی سوژەیەکی لاکەوتە و په‌راوێزی، دەروونشێواو و تراوماتیزەکراو لە به‌ستێنی زمانێکی نادڵنیا و نائارامه.
کارەکتەر یان برین؟: ئارشیتێكتی برینە دەروونییەکان و داڕمانی من لە گێڕانەوەدا
“میاو” لە ناوکەی خۆیه‌وه، گێڕانەوەیەکە لە داڕوخانی کەسایەتیی مرۆیی لە بەرامبەر كه‌ڵه‌كه‌بوونی یادەوەریی لەبیرنەکراو و قەیرانە چارەسەرنەکراوەکاندا. کەسایەتیی سەرەکی، پیاوێکە لەنێو دۆخێكی دەروونیی دژوار‌دا، گیری به‌ده‌ست تێکچوونی دووجه‌مسه‌ری (trouble bipolaire) و پارانۆییده‌وه خواردووه، کە هەموو کردار، تێگەیشتن و تەنانەت یادەوەرییەکانیشی لە به‌ستێنێكی دەروونشێواوانه‌ی درێژخایه‌ندا (psychose chronique)دا ڕەنگی داوه‌ته‌وه. ئەو به‌رجه‌سته‌بووی خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌یه‌كی برینداره، کە لە سەردەمی منداڵیی خۆیدا بە ڕه‌تكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دایک و باوک، سوودلێبینی خراپی سێکسی، میزبه‌خۆداكردنی شه‌وانه، سووکایەتی جەستەیی و دەروونی و توندوتیژییه‌كانی ماڵەوە، هه‌ڵسوكه‌وتی خراپی هاوڕێكانی قوتابخانه و زانكۆ، شێوه‌ی خۆی وه‌رگرتووه و هەرگیز دەرفەتێكی بۆ بونیادنانەوە نەبووە.
شیکردنەوەی دەروونشیکارییانه‌ی ئه‌م کەسایەتییه ئه‌وه دەردەخات، کە مێشکی بە توندی سەرقاڵی پیشاندانه‌وه‌ی نه‌ستی سه‌ركوتکراوە. ئەوەی لە گێڕانەوەكه‌دا دەردەکەوێت، ئاوێنەی واقیعییه‌تێكی دەرەكی نییه، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیەکی سیمبۆلیكی منی ناوه‌كیی هه‌ڵوه‌شاوه‌یه. پەیوەندی ئەو لەگەڵ ژناندا – بەتایبەتی کەسایەتییەکانی وەک ئەسرین، نەشمیل، مامۆستا چنار، دایک و تەنانەت هاوسەری پێشوو – لە قاڵبی کرده‌وه‌گه‌لێكی نێوان خۆشەویستی و توندوتیژی، ئارەزوو و ڕق، پەرستن و ترس و نزیکایەتی و تەنیاییدا دەردەکەوێت. ئەم ژنانە، لە ڕاستیدا، بێجگه له‌وه‌ی سوژەی سەربەخۆن، له هه‌مان كاتدا “پارچەكانی دەروون”ی کەسایەتیی سەرەکین، به‌جۆرێ کە هەریەکەیان ده‌ركه‌وتنی یەکێک لە قەیرانە چارەسەرنەکراوەکانی ئەون.
کەسایەتیی ئەسرین، دەتوانرێت وەک ڕەنگدانەوەی پێداویستی بۆ ڕزگاری و نزیکایەتیی سۆزداری ببینرێت، ئه‌مه لە کاتێكدایه، نەشمیل بە جەستە منداڵانەکەیه‌وه، برینی قووڵی سه‌ركوتکردنی ئارەزووی سێکسی و ده‌ستدرێژیی شاراوە بیری مرۆڤ ده‌خاته‌وه. دایک، دووالیزمێكی ئاڵۆزە: لەلایەکەوە هێمای خۆشەویستیی سەرەتایی و پەناگای منداڵانەیە و لەلایەکی دیکەوە دەبێتە ئۆبژەیەکی سێکسی و توخمی خیانەت، کە لە نه‌ستی تاکدا، ناسنامە و سنوورە ڕه‌وشتییه‌کان لێك ده‌ترازێنێت. هاوسەریش، به‌رجه‌سته‌كه‌ری پەیوەندییەکی شکستخواردووە لە جیهانی دەرەوەدا، لە کاتێكدا نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەودا لە شکستی قووڵی سوژەوه دێت لە بەستنەوەی لەگەڵ واقیعیه‌تدا.
کەسایەتییەكانی دیكه‌ی وەک کاک سلێمان، كاك عه‌باس، باوك، هاوڕێ هاوژووره‌كانی به‌شه‌ناوخۆیی و تەنانەت ئه‌و منداڵانه‌ی لە هه‌ندێ شوێندا دەردەکەون، لە سیستەمی گێڕانەوەی چیرۆکه‌كه‌دا، تەنیا کەسانێكی په‌راوێزی نین، بەڵکوو هەریەکەیان ڕۆڵێکی خوزاه‌كییان هەیە. بەتایبەتی کاک سلێمان، کە لە نه‌ستی کەسایەتیی خۆیدا، بووەتە دڕندەیه‌كی ده‌ستدرێژكار و هاوکات لە زمانی چیرۆکه‌كه‌دا، وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ یەکگرتووییی زه‌ینی و ڕه‌وشتیی سوژە کار دەکات. بۆیه ئەو بێجگه له‌وه‌ی هۆکاری لادانی ڕه‌وشتییه، توخمێكیشه بۆ تێکدانی بنچینەی خێزان، پێکهاتەی دەسەڵات و سنوورەکانی متمانە.
بە دەربڕینێکی وردتر، ئەم کەسایەتییانە لە قاڵبی ئارشیتێكتی ده‌روونبرینی (architecture des traumatismes)[2]دا شێوەیان پێ دراوە، نه‌ك لەسەر بنەمای کردارە کلاسیکییەکانی چیرۆک‌نووسی. هەریەکێ له‌مانه، دەنگدانەوەی خوازه‌كیی برینێکی دەروونییە، جا ئەو برینە لە یادەوەریی زەوتکراوەوە هاتبێت، یان لە ئەزموونێكی بینراوه‌وه. بەم شێوەیە، په‌یڕه‌وی کەسایەتی دروستکردن لە “میاو”دا لەسەر بنەمای تەکنیکی دەروونپه‌رتی (dissémination psychique)[3] و گێڕانەوەی ناسنامەی پارچه‌پارچه(fragmentation identitaire)[4] دامەزراوە. سوژەی چیرۆکه‌كه، لە جیاتی دروستکردنی پەیوەندییەکی دەرەكی لەگەڵ جیهاندا، بەردەوام لە باری گەڕاندنەوەی پارچە داڕووخاوەکانی دەروونی خۆیەتی و لەم نێوانەدا، هەر کەسایەتییەک ئامرازێکە بۆ ناسینەوە یان كولاندنه‌وه‌ی ئەو برینانە.
بە گشتی، كاره‌كته‌رسازی لەم چیرۆکەدا هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لە خزمەتی به‌ره‌وپێشبردنی پلۆته‌كه‌دایه، ڕەنگدانەوەی دەروونناسییەکی ڕەخنەگرانە و سوبژێکتیڤیشە. به‌رده‌نگ، لە پێگه‌ی چاودێره‌وه، له جیاتی گێڕانه‌وه، لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کەسایەتییانه‌دا، ڕێگه بۆ دەروونشیکاریی گێڕانەوە خۆش ده‌كات.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌كرێ بڵێین لە نۆڤلێتی “میاو”دا، کەسایەتییەکان سەرچاوەی دەروونشێواوی، قەیرانی ناسنامە و شەڕی کولتووری ـ کۆمەڵایەتین. ئەوان وەک خاڵگه‌لێكی وەرچەرخان لە پانتاییی نه‌ستی چیرۆکه‌كه‌دا کار دەکەن و نەک هەر ئەوەی كه هه‌ن، بەڵکوو ئەوەشی ناتوانن ببن، گرنگییه‌كی تایبه‌تی دەبێت. شیکردنەوەی کەسایەتییەکان لەم چیرۆکەدا دەبێت لە چوارچێوە ئاسانکراوەکانی دەروونناسی یان شیکردنەوە کلاسیکییەکان بپه‌ڕێته‌وه و دزه بكاته ناو هه‌ناوی ئاڵۆزییەکانی زمان، جەستە و یادەوەرییه‌كانه‌وه.
کەسایەتیی سەرەکی، کە لە پانتاییی دەقه‌كه‌دا تەنانەت ناوێکی یه‌كلاكراوه و بەهێز و جێگیری نییە، لە ڕاستیدا خۆی سوژەیەکی له‌رزۆكه[5](sujet vacillant) ؛ ناسنامەیەکی ناجێگیره، کە ناوەوەی شوێنی یه‌كتربڕینی زمانێكی شکستخواردوو، یادەوەرییه‌كی كه‌موكورت و جەستەیه‌كی سزادراوە. ئەو نە قاره‌مانه، نە دژەقاره‌مان، بەڵکوو شایەتێكی برینداری مێژوویه‌كی كه‌سه‌كی و گشتییه. گێڕانەوەکانی پڕن لە بێتوانایی له گوتن و لە سه‌رگه‌ردانی له نێوان یادەوەرییه گۆڕدراو و ئەزموونە سانسۆرکراوەکاندا.
لە دەروونشیکاری لاکانیدا، سوژە لە پەیوەندی لەگەڵ زماندا شێوە دەگرێت و هەمیشە لە له‌ده‌ستدان و گەڕان به‌دوای ئۆبژەیەکی لەدەستچوودا دەژی. ئۆبژه‌ی ئاره‌زوو (objet petit a)[6]ی کەسایەتییه‌كه‌ی “میاو”یش لە سەرتاسەری گێڕانەوەكه‌دا، بەدوای شتێکه‌وه‌یه کە نە دەزانێت چییە و نە توانای ناولێنانیشی هەیە. ئەم ئارەزووە بێ‌ئامانج و پەرته‌وازه‌یه، ئه‌و به‌ره‌و پانتایییه‌كی پروێنه‌ر به‌كێش ده‌كات، کە تێیدا جەستە، ئارەزوو، یادەوەری و ناسنامە له‌باری هه‌ڵپه‌سێراندان. هه‌ربۆیه کەسایەتیی سەرەکی دەبێتە شوێنی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ترس، تاوان، ئارەزوو و بێزاری؛ به‌جۆرێك كه ده‌كه‌وێته پێگەی سوژەیەکه‌وه کە بەهۆی زیانی بەردەوامەوە، لە شێوەی سروشتی تێگەیشتن له خود و کەسانی دیکە دەرچووە.
پەیوەندییەکانی کاره‌كته‌ری سەرەکی لەگەڵ كاره‌كته‌ره‌كانی دیکەشدا، هه‌ر لەسەر بنەمای کردار نییه، بەڵکوو لەسەر تەوەری په‌رچه‌كرداری تراوماتیك[7] شێوەی خۆی ده‌گرێت. ئه‌وانی تر، جا باوک، دایک، برا، خوشک یان دڵدار بن، زیاتر سێبەرن تا مرۆڤ؛ ئەوان لە دەروونی گێڕەره‌وه‌دا زیاتر وەک سێمبۆله ونبووه‌كان، له‌ده‌ستچوونه بنەڕەتییەکان و ڕەنگدانەوەی ئاوێنەیی لە قەیرانەکەی ئه‌ودا ئامادەن. دایکێ، کە هیچ کاتێک بە تۆنێكی ڕاستەوخۆ قسە ناکات، باوکێ، کە یا نادیاره یان ته‌مێكه‌ر، دڵدارێك، کە هەمیشە له‌وبه‌ری بۆشایییه‌كه‌وه ده‌وه‌ستێت و دوورییه‌ك ده‌پارێزێ – هەموویان لە جیاتی ئەوەی کاره‌كته‌ری سەربەخۆ بن، بوونه‌ته خولگه‌ی ناكامیی دەروونی و کۆمەڵایەتی گێڕەره‌وه.
ئەم كاره‌كته‌رانه هەروەها لە ڕوانگەی کولتوورییەوە هەڵگری نیشانەکانی زەوتکردنن. ژن لە چیرۆكه‌كه‌دا، نەك هه‌ر سوژەیەکی بڕیاردەر نییه، ته‌نانه‌ت جەستەیه‌كی نیگەران (corps inquiet)یشه[8]؛ جەستەیەک کە لە نێوان بێده‌نگی، ئارەزوو، هەڕەشە و بەزەییدا دەجووڵێتەوە. هه‌روه‌ها کەسایەتیی پیاو، جا گێڕەره‌وه بێت یان کەسانی دیکە، هەمیشە لەگەڵ قەیرانی پیاوەتیدا ڕووبەڕووه؛ پیاوێک کە یا بێدەنگە یان توندوتیژ، یا لاوازە یان هێرشکار. لە هەردوو باره‌كه‌شدا، لە بونیادنانەوەی خۆیدا وەک بكه‌ری ئاكارمه‌ند و مرۆیی ڕووبه‌ڕووی كێشه ده‌بێته‌وه. بەم شێوەیە، قەیرانی ڕەگەز لە نۆڤلێته‌كه‌دا، تەنیا گرفتێكی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو پێکهاتەیییە؛ پێکهاتەیەک کە هاوکات، پیاو لە بەندی دەسەڵات و ژن لە بەندی ترس‌دا گیرۆده ده‌كات.
لە لایەکی دیکەوە، کەسایەتییەکان لە جیاتی ئەوەی گەشە بکەن، زیاتر لەناو پوكانه‌وه، سووان و بێگانەبوون لە خۆیاندان. لە چیرۆکە کلاسیکییەکاندا، گۆڕانكاری له کەسایەتیدا نیشانەی مانایە؛ بەڵام له “میاو”ی جێگر به‌ختیاردا، کەسایەتییەکان هەرچی زیاتر لە کۆتایی نزیک دەبنەوە، زیاتر لە مانا بەتاڵ دەبنه‌وه. ئەم دۆخە، به‌رجه‌سته‌بوونی تەواوی سوژەی ڕووخانه: واته کەسایەتییەک کە خۆی نە لە قسەدا، نە لە یادەوەریدا و نە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا ده‌بینێتەوە.
لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین کە کەسایەتییەکانی ناو ئه‌م نۆڤلێته ئاوێنەی شکاون. نە وێنەیەکی تەواو پیشان دەدەن، نە ڕێگه دەدەن به‌رده‌نگ خۆیانی تێدا بناسنەوە. ئەوان پڕن لە گۆشەی كوێر و نادیار، دەنگی لەدەستچوو و وێنه‌ی پارچە؛ هەر ئەم بابەتەشە کە ڕاستییەکی قووڵ و پچڕاویان پێ دەبەخشێت. ئەوان لە مەیدانی شکستی مانادا ئاماده‌ن، نەك لە به‌ستێنی هۆکاریدا. شکست لە قسەکردن، شکست لە پەیوەندی و شکست لە بووندا. ڕەنگە هەر ئەم شکستەش، لوتکەی ڕاستگۆیی کەسایەتییه‌كان بێت.
زمانی ده‌روونشێواو: شێوازی گێڕانه‌وه‌ی برینئاسا
زمان لە “میاو”دا ته‌نیا ئامرازێک نییه بۆ گواستنەوەی مانا، بەڵکو خودی ئەو بوارەیە کە دەروونشێواوی گێڕەره‌وه تێیدا ئاشکرا ده‌بێت و ئەزموون دەکرێت. زمانی په‌خشانیی چیرۆکه‌كه بە شێوەیەکی ئاگایییانە لە یاساکانی زمانی پێوەر لا دەدات؛ له‌توكوت، خەیاڵاوی، تەقینەوەیی و ناهاوتەریبە. زمان لەم گێڕانەوەیەدا هه‌ر ڕەنگدانەوەی جیهان نییه، خودی جیهانیشە؛ جیهانێک کە هەندێک جار وەک گرێكوێره‌كانی زمانی فرۆیدی لە پێکهاتەی ڕستەکاندا ئاشکرا دەبێت. سودوه‌رگرتن له ڕستەی کورت، دووبارەبووەوە و ڕسته‌سازیی تێكشکاو، هاوکات هەڵگری خێرایی ناوەكی گێڕەره‌وه و پیشاندەری پارچەپارچەبوونی دەروونیی ئەوە.
شێوازی نووسین لە نێوان پەخشانی شاعیرانە و زمانی دەروونشێواوانه‌دا له‌جووڵه‌دایه. گێڕانەوە هەندێک جار لە ئاستی زماندا نزیك ده‌بێته‌وه له گۆڕه‌پانی گوتاری خەیاڵشێواوی (discours hallucinatoire) ، واته ئه‌و شوێنه‌ی کە وشەکان تێیدا دەبنە ئۆبژەی دەروونی. دووبارەبوونه‌وه‌ی سیمبۆل و وێنەکانی وه‌ك “پشیلەی ڕەش”، “چاوی سەوز”، “مەمکی دایک”، “سەما”، “هەنار”، “میزبه‌خۆداكردنی شه‌وانه”، “ده‌مانچه”، باری سێمبۆلی و نه‌ستی سه‌ركوتكراو دەردەخه‌ن و لە پێکهاتەی دەقدا، تۆڕێک لە وێنە ئەفسانەیی و سیمبۆلییه‌كان دروست دەکه‌ن، کە به نه‌ستی حیكاتخوانه‌وه گرێ دراون.
چیرۆکه‌كه بە شێوەیەکی ئامانجدار كه‌ڵك لە شێوه‌ی چەندشێوازی (hétéroglossie) وەردەگرێت؛ واتە لەتەنیشتیەکدانانی زمانە جۆراوجۆرەکان، لەوانە زمانی وەسفکردن، زمانی خۆمانی، زمانی سوبژێكتیف ـ شاعیرانە و زمانی وڕێنه‌یی. ئەم چینچینەكیبوونه‌ی زمان، لە یەکەم تەماشادا ڕەنگە هه‌ڕه‌شه له یەکگرتووییی شێوازی ده‌قه‌كه بکات، بەڵام لە کرداردا، یارمەتی یەکگرتووییی دەروونشێواوی (cohérence psychotique) دەقه‌كه دەدات؛ یەکگرتوویییەک، کە لە ناوەوە پچڕاوە، نەک لە دەرەوە.
یەکێک لە به‌رچاوترین تایبەتمەندییەکانی شێواز لە “میاو”دا بەکارهێنانی گێڕانەوەی خەیاڵشێواوی و لێكپچڕانی واژه‌یییە؛ واته شوێنێک کە وشەکان چیدی مانا هەڵناگرن، ته‌نانه‌ت لە مانا بەتاڵ دەبنه‌وه و له شوێنی خۆیاندا دەبنە دەنگ، ڕیتم، دووبارەکردنەوە و دەنگدانەوەکانی زه‌ین.
یەکێک لە به‌رچاوترین تایبەتمەندییەکانی شێواز لە “میاو”دا بەکارهێنانی گێڕانەوەی خەیاڵشێواوی (narration hallucinatoire) و لێكپچڕانی واژه‌یی (dérive lexicale)یە؛ واته شوێنێک کە وشەکان چیدی مانا هەڵناگرن، ته‌نانه‌ت لە مانا بەتاڵ دەبنه‌وه و له شوێنی خۆیاندا دەبنە دەنگ، ڕیتم، دووبارەکردنەوە و دەنگدانەوەکانی زه‌ین. لەم بارودۆخەدا، زمان وەک جەستەیەکی نەخۆش دەردەکەوێت، واته زمانێکه کە تەنگەژە، ئازار، ئارەزوو و برینە دەروونییەکان پیشان ده‌داته‌وه.
بەتایبەتی دەبێت ئاماژە بە ڕۆڵی دووبارەکردنەوەی پاتۆلۆژیكی لە پێکهاتەی زماندا بکرێت. لێره‌دا دووبارەکردنەوە، تەنیا ڕه‌گه‌زێكی جوانیناسییانه نییە، له ڕاستیدا دەربڕینی دڕدۆنگیی زه‌ینی (obsession mentale) و ئاره‌زووی قووتدراوه (désir refoulé)یە. واته وشە و وێنەکان، بە دووبارەکردنەوەیان، یادەوەرییه‌كان زیندوو دەکەنەوە و قه‌تماخه‌ی برینیش هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
لە ده‌روونشیكاریدا وا ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌م دوو چه‌مكه دوو دیاردەی جیاواز بن له‌ڕووی ڕواڵه‌ته‌وه، بەڵام له ناوه‌رۆكدا پەیوەندییەکی ناوەکی و پێکهاتەیییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. ئاره‌زووی قووتدراوه، ئەو ئارەزووەیە کە لەلایەن دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانه‌وه یان ئه‌ودیوی خود (surmoi)ه‌وه وەک قەدەغە یان مەترسیدار ناسراوە و بەرەو نه‌ست پاڵ نراوه؛ بەڵام ئەم ئاره‌زووه، هەرگیز بە تەواوی ناکوژێتەوە، بەڵکوو لە توێ نادیاره‌كانی دەرووندا به چالاکی دەمێنێتەوە. لە زۆربەی باره‌كاندا، گەڕانەوەی ئەم ئارەزووە قووتدراوه بۆ ئاستی ئاگایی، لە چوارچێوەی دڕدۆنگیی زه‌ینید‌ا ڕوو دەدات، نه‌ك به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ؛ واتە ئارەزووی قوودراوه ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە تا بە شێوەیەکی ئاڵۆز، شاراوە و زۆرجار ناڕەحەتکەر، باری خۆی به‌سه‌ر زه‌یندا بسه‌پێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، ده‌كرێت دڕدۆنگیی زه‌ینی وەک ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ڕێده‌رچوو و دڵەڕاوکێدروستكه‌ری ئارەزووی قووتدراوه تەماشا بکرێت، کە لە جیاتی به‌دیهاتن، گۆڕاوه بۆ دووبارەبوونه‌وه‌یه‌كی نەخۆشیئاسا لە ئاستی ئاگاییدا. بە ده‌ربڕینی فرۆیدی، ئەوەی سه‌ركوت دەکرێت، به ناچاری دەگەڕێتەوە – جا ئەم گەڕانەوەیەش، هه‌ندێك جار لە به‌رگی دڕدۆنگی‌دا، زه‌ین داگیر ده‌كات.
كه‌واته ده‌كرێت بڵێین كه زمان لەم چیرۆکەدا، لە کۆتاییدا دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی جیهانێكی ناوەكی، نەک نمایشکردنه‌وه‌ی جیهانێكی دەرەكی. هه‌ربۆیه ده‌بینین كه نووسەر كه‌ڵكی له تواناكانی زمان بۆ دروستکردنی كه‌شێكی ده‌روونكرژ (neurotique) و تێکەڵ بە كه‌لێنه بوونناسییه‌كان وه‌رگرتووه. لە ئەنجامدا، شێواز و زمان لە “میاو”دا به‌ته‌نیا ئامرازی گێڕانه‌وه نین؛ خودی بابەتی گێڕانەوەن؛ دەربڕی ئەزموونێكی ناوه‌كیی سوژەیەکن کە لە لێكپچڕانه زه‌ینییه‌كان، زمان و جەستەدا په‌رته‌وازه بوون.
قه‌یرانی شوناس و تراوما : تێمه ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان
نۆڤلێتی “میاو” لە چینه جۆراوجۆرەکانی خۆیدا، ده‌په‌رژێته سه‌ر تێمگه‌لێكی به‌رفراون و ئاڵۆز، قەیرانته‌وه‌ر و چەندئاستی، کە سه‌رباری لایه‌نی دەروونی و تاکەکەسی، لە ئاستی کۆمەڵایەتی، کولتووری و زمانناسیشه‌وه شایانی شیکردنەوەن. له‌وانه ده‌توانرێت سه‌رنجێكی خێرا له‌م بابه‌تانه‌ی بدرێت:
1. لێكپچڕانی ناسنامه و پارانۆیا: نۆڤلێته‌كه پڕە لە نیشانەکانی منی له‌رزۆك (je instable) و ڕووخانی سنوور لە نێوان سوژە و ئۆبژەدا. گێڕەره‌وه ناتوانێت جێپێی خۆی جێگیر بکات و لە جیاتی کردار، لە ڕەنگدانەوەکان و تەماشاكردنه‌كانی ئه‌وانی دیکەدا ده‌توێته‌وه. سه‌رنج ده‌ده‌ین كه پارانۆیا لە به‌دگومانییه‌كانی بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و لێکدانەوه خەیاڵاوییه‌کانی بۆ دەنگەکان، شتەکان و دەموچاوەکانی ده‌وروبه‌ریدا دەبینرێت. ئەم باره، ده‌ركه‌وتنی ڕوونی قەیرانە لە خۆنمایشكردنه‌وه‌دا. دەستەواژەی “منی له‌رزۆك” لە گێڕانەوەی پاشپێکهاتەخوازیدا نیشانەیەکە لە ڕووخانی سوژەی کلاسیک؛ سوژەیەک کە چیتر یەکگرتوویی، یەکێتی یان ناوەندێتی تێدا نییە. ئەم سوژە له‌رزۆكه، بەرهەمی زمانێكه کە خۆی سه‌ر له مانا ده‌شێوێنێ و ئیتر ئامرازێک نییە بۆ دەربڕینی ناسنامە، بەڵکوو خۆی هۆکاری شکاندن و چەندپارچەکردنی ناسنامەیە. دێریدا بە چەمکی “جیاوازی” و لاکان بە تیۆریی “سوژەی درزبردو” دەری دەخەن کە هەر جۆرە جێگیرییه‌كی دەروونی یان زمانی، وه‌همێكه کە پێکهاتەی زمان و ئارەزووی ناته‌واو، بەردەوام تێکی دەدەن. بۆیه “منی له‌رۆزك” وەک خودێکی ناجێگیر، وێنەی سوژەیەکە کە لە نێوان ئارەزوو و زمان، ئاگایی و نائاگاییدا، هەمیشە لە جموجووڵدایه. لەم دۆخەدا سنووری نێوان سوژە و ئۆبژه‌ش چی دی ڕوون نەماوە. ئەو ئۆبژەیە کە سەردەمانێک بڕیار بوو ئۆبژەی زانین یان خاوەندارێتی بێت، ئێستا دزه‌ی كردووه‌ته ناو بابەتەکەوە و لە ناوەوە بەتاڵ و ناجێگیری کردووە. گێڕانەوەی پاشپێكهاته‌خوازی، لەبری ئەوەی لە دەرەوە نوێنەرایەتی واقیعێکی بابەتی بکات، وێنای خۆئاگایی لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و پارچەپارچەبوون و تێکەڵبوون لەگەڵ ئەوی دیکەدا دەکات. حیكایه‌تخوانی گێڕانەوەیه‌كی وەها، گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هەمووشتزان نییە، بەڵکوو دەنگێکی لەرزۆکه کە هەندێک جار شکست دەهێنێت لە جیاکارییەکی پتەو لە نێوان خود و ئەوی تر و واقیع و فانتازیادا. لێرەدا سوژە لە یەک کاتدا دەبینێت و دەبینرێت، دەنووسێت و دەنووسرێت.
2. تراومای منداڵی و پاته‌بوونه‌وه‌ی له گه‌وره‌ییدا: گێڕەره‌وه‌ی سەرەکیی چیرۆکه‌كه دیلی ئه‌و برینە دامركاوانه‌یه کە لە منداڵییەوە لە كۆڵی نابنه‌وه. ده‌ڵه‌میزبوونی شه‌وانه، ده‌ستدرێژی، ڕەتکردنەوەی له‌لایه‌ن دایک و باوک و نەبوونی ئه‌وینی سەرەتایی. هەموو ئه‌مانه لەودا بە شێوەیه‌كی خولگەیی دووبارە دەبنەوە. یادەوەری، ڕابردوویه‌کی تێپەڕیو نییه، ئێستایه، بارێكی زیندووه و هه‌میشه ئه‌گه‌ری بۆگەڕانەوەی هه‌یه، هه‌ربۆیه لە هەر بەشێکی چیرۆکه‌كه‌دا دەردەکەوێته‌وه. ئەم دووبارەبوونه‌وه پاتۆلۆژیكه کارکردنێکی دەروونشیکارانەی هەیە و دەربڕی بێتواناییی گێڕەرەوه‌یه لە تێپه‌ڕین به‌ره‌و قۆناغەکانی جێگیرکردنی باره دەروونییەکەی.
4. سه‌ركوتكردنی سێکسی، سوکایەتی پیاوەتی، پەیوەندی لەگەڵ جەستە و ڕەگەز: لە “میاو”دا، جەستە شوێنی سه‌ركوتکردن، ئارەزوو، ترس و نکۆڵیکردنە. مردنی سێکسیی حیكایه‌تخوان و ترسی به‌ركه‌وتن، ئه‌ندام، یان ده‌ستلێدان، نیشانەی ڕووخانی پەیوەندی تەندروست لەگەڵ ڕەگەزە. ئەزموونی سەرەتاییی ئەو لەگەڵ “نەشمیل” و دواتر لەگەڵ “ئەسرین”، لە خولگه‌ی شەرم، تاوان و ترس‌دا دروست ده‌بێت، نەک لەسەر بنەمای خۆشی. بۆیه لێره‌دا جگه له‌وه‌ی ئارەزووی سێکسییەکەی قبوڵ ناکات، ته‌نانه‌ت ڕقیشی لێی دەبێتەوە – واته جۆرێک لە خۆسووکایەتیی سێکسی کە پێکهاتە نێرینەکەی دەلەرزێنێت.
5. پەراوێزنشینی و ئەوی تربوون لە خێزان و زانکۆ و کۆمەڵگادا: گێڕەرەوە لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا هەست بە “ئەوی تربوون” دەکات؛ جا چ لە ماڵەوە، کە خوشک و برا دووانەکەی ڕەتی دەکەنەوە، یان لە زانکۆ و به‌شه‌ناوخۆیی کە هاوپۆله‌كانی گاڵتەی پێ دەکەن و گۆشەگیری دەخەن. ئه‌و هەرگیز ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو چاودێرێکی بریندار و دەربەدەره لە زێدی خۆیدا و قوربانیی زمانی زۆرینەیە. هه‌ربۆیه هەستی بێماڵوحاڵبوونی سیمبۆلیک بابەتێکی دووبارەبوونەوەیە لە گێڕانەوەکەدا.
6. هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی خێزان و نائاساییبوونی دایک و باوک: لەم به‌رهه‌مه‌دا دامەزراوەی خێزان شوێنی پشتیوانی نییە، بەڵکوو جێگەی سەرنجی بریندارکردن و داڕمانە. باوک کەسایەتییەکی نادیار، بێدەسەڵات یان توندوتیژە؛ دایکیش خیانەتکار، پاسیڤ یان هاوبەشە لە ستەمکردندا. ماڵەکە، لەبری پەناگەیەک، بووەتە مه‌یدانی دیمەنی تراوماتیك. پێکهاتەی چیرۆکەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خێزان چیتر یەکەیەکی مانادار نییە، بەڵکوو شوێنی بەرهەمهێنانی گۆشەگیری و پشێوی و داڕمانە.
7. یاریکردن له نێوان سنووره‌كانی واقیع و فانتازیادا: تەواوی گێڕانەوەکە لە نێوان سنووری واقیع و فانتازیادا دەسوڕێتەوە. کارەکتەری سەرەکی نەک هەر نازانێت ئەوەی دەیبینێت ڕاستەقینە یان وەهمە، بەڵکوو نووسەر بە ئەنقەست لە ڕێگەی تەکنیکەکانی ده‌ستێوه‌ردانی گێڕانەوە (superposition narrative) و شکاندنی کات (anachronie) ه‌وه خوێنەر لەم دوودڵییه‌دا نوقم دەکات. بوونی توخمە سوریالییەکانی – وەک پشیلە سەوزەکە، ئەو ژنە قژ سوورەی کە دەبێتە پشیلە، یان ده‌مانچه‌ی خەیاڵی – هەموویان ئاماژەن بۆ داڕمانی ده‌رككردن.
بۆیه بەیەکەوە، ده‌كرێ بڵێین تێمه‌كانی “میاو” تۆڕێکی ئاڵۆز پێک دەهێنن، کە نەک تەنیا ئاماژە بە ئازاری تاکەکەسی دەکه‌ن، بەڵکوو ئاماژە بە قەیرانە ئۆنتۆلۆژی و ڕەگەزی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەکه‌ن. بۆیه گێڕانەوەکە بێجگه له ئاستی ڕووداو، لە ڕووی زمان و کات و جەستە و یادەوەریشەوە سه‌رله‌نوێ تراوما دروست دەکاتەوە.
ئه‌ده‌بیاتی تراوما: “میاو” له به‌ستێنی مێژوو و كولتووری په‌راوێزیدا
لە “میاو”دا، زەمینەی مێژوویی و کولتووری تەنیا پاشخانێک نییە بۆ ڕووداوە گێڕانەوەییه‌کان، بەڵکوو کۆنتێکستێکی ئۆنتۆلۆژیشە کە کردار و برین و زمان و یادەوەرییەکان ڕه‌گی تێدا داده‌کوتێت. ئه‌م چیرۆکە لە شوێنێکدایە کە دەتوانرێت پێی بڵێین “دەرکەوتنی نووسینی پەراوێزخراو لەناو پەراوێزخستندا”. لەم ڕوانگەیەوە چیرۆکەکە نە ده‌كه‌وێته ناو نەریتی کلاسیکیی کوردییه‌وه و نە لەناو ئەدەبیاتێکی ناوه‌ندخواز و فەرمیدا جێی ده‌بێته‌وه؛ له‌ڕاستیدا ئه‌م نۆڤلێته لە یەکتربڕی ئاوارەبوونی کولتووری، تراوماكانی بێده‌نگیی قوتداراوه و ئه‌و برینە دەروونییانه‌دا هەڵکەوتووە کە لە ڕێگەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، ئاین، زمان و ڕەگەزەوە بەرهەم دەهێنرێنەوە. لە پێکهاتەی كولتووری نەریتیی کوردی‌دا، خێزان وەک بنەڕەتیترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتی، ناوەندی گواستنەوەی بەها و ڕۆڵ و بێدەنگییە. كه‌چی لەم چیرۆکەدا پێکهاتەی خێزان نەک هەر به‌شێوه‌یه‌كی لێكپچڕاو بەڵکوو وەک یه‌كه‌یه‌كی ژەهراوی وێنا کراوە؛ چونكه چیرۆکەکە به دانانی خێزان له چه‌قی دامەزراوەی کولتووری نەریتیی كورددا دەست پێ دەکات، بەڵام لە ناوەوە هه‌ڵیده‌وه‌شێنێته‌وه. باوک، بەرجەستەكه‌ری نه‌ریتی پیاوسالاریی سه‌ركوتكه‌ر، دایک، دایک، لە یەک کاتدا ئۆبژەی ئارەزووی سێکسی و توخمی خیانەتکارە؛ هەڵگری دژایەتییه‌كه له نێوان مێینەیی و ئێرۆتیزمدا و منداڵەکانیش، قوربانیانی بێدەنگی خولانه‌وه‌كانی نكۆڵیلێكردن و سووكایه‌تین. ئەم خێزانه، لە دڵی گێڕانەوەیەکدا کە ده‌توانرێ وه‌ك “ئەدەبیاتی تراوماتیك” ناو بنرێ، دەبێتە قۆناغێک بۆ نواندنه‌وه‌ی برینە مێژوویییەکان. ئەو برینانەی کە بەرهەمی تاک نین، بەڵکو پێکهاتەیەکی کولتوری توندوتیژن. چیرۆکەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پەیوەندیی باوک و کوڕ بۆ چوارچێوەیەک ده‌گۆڕێت كه تێیدا برینه وجودییه‌كان دروست ده‌بن؛ ئەو برینانەی کە نەک هەر لە کولتووری بێدەنگی و شەرمەزاری کوردی‌دا ساڕ‌ێژ نابن، بەڵکوو به‌رده‌وام ده‌كولێنه‌وه.
زمانی كولتووری لەم چیرۆکەدا، شوێنی توندوتیژیی سیمبۆلیكه؛ زمانێک کە لە جیاتی پەیوەندیکردن، دابەشبوون دروست دەکات؛ زمانێک کە لە دڵی کولتووری پیاوسالارانه‌ی کوردی‌دا، دەسەڵات ده‌چەسپێنێت و جەستە سه‌ركوت ده‌كات. وشەکان بارگرانییەکی قورسی کولتووری هەڵدەگرن و هەر وشەیەک هەڵگری مێژوویه‌ك له شەرم و تاوان و نكۆڵییه. کارەکتەری سەرەکی، لە ململانێی نێوان زمانی دایکی و زمانی نەریتی پیاوسالاری و ئاینیدا، ناتوانێت بابه‌تیبوونی خۆی پێک بهێنێت. جەستەی وەک زمانەکەی پەرتەوازە و سەرکوتکراوە و بێدەسەڵاتە.
لە ڕوانگەی كولتوورییشه‌وه، چیرۆکەکە وێنەیەکی تاریک و تاڵ لە “پیاوی کورد لە قەیراندا” دەخاتە ڕوو؛ پیاوێک کە لەبەردەم ژن و ئارەزوو و لاوازی و جەستە و یادەوەریدا دەڕوخێت. نە هێزی کۆنترۆڵکردنی هەیە و نە ئازایەتی هەڵهاتنی هەیە؛ ته‌نیا هێنده‌یه پیاوسالاری خۆی لە خۆداڕمانێكی تووڕە و شەرمەزاردا دەنێژێت. گێڕانەوەکە، وێنەیەکی شاراوەی توندوتیژییه‌كی ناوەکیبوو (violence intériorisée)[9] دەخاتە ڕوو؛ توندوتیژییه‌ك کە ڕەگوڕیشەكه‌ی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەکردنی ڕەگەزیدا هەیە و لە جەستە و دەروونی گێڕەرەوەدا بەرجەستە ده‌بێت.
کولتووری بێدەنگبوون، کە لە کۆمەڵگەی نەریتیی کوردی‌دا به‌دامەزراوە کراوە، بە درێژاییی چیرۆکەکە ئامادەیە. کارەکتەرەکان ناتوانن بە زمان قسە بکەن، ڕاستییەکان دەر بخەن و ئەزموون دەرببڕن. ئەم بێدەنگییە زۆرەملێیە به‌ته‌نیا ئاماژەیەك نییه بۆ نەبوونی ئازادی، له هه‌مان كاتدا جۆرێكه له بێتواناییی پێکهاتەیی بۆ ڕووداوگه‌لێك كه مل به گێڕانەوە ناده‌ن. چیرۆکەکە بە شکاندنی ئەم بێدەنگییە، لە ڕاستیدا فۆڕمێک لە به‌رخۆدانی کولتووری پێشکەش دەکات.
له نۆڤلێته‌كه‌دا، دژایەتی نێوان فەزای کولتووری – شار و گوند – وەک دوو بواری سیمانتیك دەردەکەوێت. لە گونددا جەستە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئارەزوو سەرکوت دەکرێت و زمان له‌گۆ ده‌خرێت. لە شاردا، جەستە ئازادە، بەڵام ناجێگیره و تووشی پووچی ده‌بێت
هه‌روه‌ها له نۆڤلێته‌كه‌دا، دژایەتی نێوان فەزای کولتووری – شار و گوند – وەک دوو بواری سیمانتیك دەردەکەوێت. لە گونددا جەستە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئارەزوو سەرکوت دەکرێت و زمان له‌گۆ ده‌خرێت. لە شاردا، جەستە ئازادە، بەڵام ناجێگیره و تووشی پووچی ده‌بێت. هیچ کام لەم دوو شوێنە ئاسایشی سوژه دابین ناکەن؛ ئه‌و لە هەردوو شوێنەکەدا، وەک دەربەدەرێك له وڵاته‌كه‌ی خۆیدا دەمێنێتەوە. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، دەتوانرێت ئەم نۆڤلێته وەک مانیفێستێكی گێڕانەوەیی “بوونی پەراوێزه‌كی لە پەراوێزی کو‌لتووردا” بخوێنرێته‌وه؛ گێڕانەوەیەک كه شوناسی کوردی لە برین، جەستە، ژن، شەرمەزاری، دەستدرێژی و زمانە گۆنه‌كردووه‌كه‌یدا وەبیر دەهێنێتەوە. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌یه كه لێرەدا گێڕانەوە ئامرازێک نابێت بۆ نواندنه‌وه‌ی کو‌لتوور، بەڵکوو كرده‌یه‌كی نەشتەرگەرییە لەسەر جەستەی؛ کردەیەکی بە ئازار، بەڵام پێویست بۆ دەربڕینی ئەوەی کە چەندین سەدەیه سەرکوت کراوە: ئازاری بێناوی مرۆڤی پەراوێزخراو.
له‌به‌ر ئه‌مه‌یه لێره‌دا شار و لادێ، وەک دوو کایەی کو‌لتووریی دژبەیەک، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. لەلایەکه‌وه لادێ شوێنێکە بۆ سەرهەڵدانی خورافات و گوشاری کۆمەڵایەتی و ده‌ستدرێژیی شاراوه و نەبوونی گوتاری سێکسی؛ لە لایەکی دیکەوە، شارەکەش – بە هەموو دەرکەوتە مۆدێرنەکانیەوە – بووەتە فەزایه‌كی پڕ له گۆشەگیری، توندوتیژی و ناسەقامگیری دەروونی. هیچ کام لەم دوو فەزایە پەناگە نین؛ بەڵکوو گۆڕەپانێکی شێواون کە تێیدا سوژە مەحکومە بە لەدەستدانی ناسنامە و ڕەتکردنەوە. یەکێک لە لایەنە کولتوورییە گرنگەکانی چیرۆکەکە، پیشاندانه‌وه‌ی “ترس لە ژنانی مۆدێرن”ە. ژنانێكی وەک ئەسرین و نەشمیل و تەنانەت دایکه‌كه‌ش هەرگیز لە پێگەی سوژەی چالاکدا دەرناکەون، بەڵکو هەمیشە لە دۆخێکی هەڵپەساردندان لە نێوان حه‌ز و هەڕەشە، شتشاردنه‌وه و ئاشكرایی، خۆشەویستی و توندوتیژیدا. ئەمەش ده‌توانرێ وەک ڕەنگدانەوەی “قەیرانی پیاوسالاری لە کولتووری هاوچەرخی کوردی‌دا” لێك بدرێته‌وه؛ قەیرانێک کە پیاوان نە توانای کۆنترۆڵکردنی ژنانیان هەیە و نە توانای دروستكردنی پەیوەندییەکی تەندروست و پڕسۆز لەگەڵیاندا.
نۆڤلێتی “میاو” ڕەگێکی قووڵی لە به‌ستێنی کولتووری کوردی‌دا هه‌یه، بەڵام وەک نواندنه‌وه‌یه‌كی نۆستالژیکی ڕابردوویەکی شکۆمەند یان وێنەیەکی په‌سه‌ندی ژیانی گوندنشین نییە. ئەوەی لەم گێڕانەوەیەدا به‌رچاوه، نواندنه‌وه‌ی “دیوه تاریکه‌كه‌ی کو‌لتوور”ە؛ بوارێکی لاكه‌وته و داڕماو و ڕەتکراوەی ژیانی مۆدێرنی کوردی، کە لە چوارچێوەی سنوورە شاراوه و قەدەغەکراوەکانی گوتاری گشتیدایە. ئەم چیرۆکە بوێرانە خۆی لە گێڕانەوەی فەرمی و نەتەوەسەنتەری کوردی دوور دەخاتەوە و لەبری ئەوەی “ناسنامە”یەکی کولتوری بنیات بنێتەوە، په‌رده له‌سه‌ر ئەو درز و دژایەتی و برینە زیندووانه هه‌ڵده‌داته‌وه کە لە خێزان و جەستە و زمان و یادەوەریدا خۆیان حه‌شار داوه.
ده‌قئاوێزان: گفتوگۆی بریندار له‌گه‌ڵ ده‌قه كولتووری، ده‌روونشیكاری و ئه‌فسانه‌یییه‌كاندا
لە چیرۆکی “میاو”دا، ده‌قئاوێزان (intertextualité) نەک تەنیا وەک ئامرازێک بۆ ئاماژەکردن بە دەقەکانی دیکە، بەڵکوو وەک پێکهاتەیەکی ناوەكی و سروشتی لە گێڕانەوەدا کار دەکات؛ میکانیزمێک کە دەق لە ڕێگەیەوە، لە جیهانی دەوروبەری خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌كانی بژێویی خۆی وه‌رده‌گرێ، به‌كێشی دەکات، خۆی لێ دوور ده‌خاته‌وه و لە کۆتاییشدا سه‌رله‌نوێ خۆی ده‌ئافرێنێته‌وه. ئەم ئه‌م ئه‌فراندنه‌وه‌یه لەسەر بنەمای لاساییكردنه‌وه نییه، بەڵکوو لەسەر بنه‌مای بەرەنگاری، نکۆڵیکردن، بونیادنانه‌وه و لادانی داهێنەرانە لە مانا ڕوو دەدات.
چیرۆکه‌كه بەو شێوەیە دیزاین کراوە کە وه‌ك ئه‌وه‌ی لە گفتوگۆیەکی بەردەوامدایە لەگەڵ مێژوویەکی نەنووسراودا؛ مێژوویەک كه لە یادەوەرییه سه‌ركوتكراوه‌كان، وشە قەدەغەکراوەکان، هەستە خنکێنراوەکان و جەستە په‌راوێزخراوه‌كاندا بوونی هەیە. ئەم مێژووە لە ئاستی دەقه‌كه‌دا بە شێوەی تێم، زمان، وێنە و فه‌زاكانی گێڕانەوە ڕەنگ دەداتەوە و ڕۆڵی دەقگه‌لێك دەگێڕێت کە ده‌قه‌كه‌ی ئێمه لەگەڵیاندا لە گفتوگۆی ناخودئاگادایە.
بۆ نموونە، هەر جارێک حیكایه‌تخوان باسی مەمکی دایک، ده‌مانچه، مه‌قه‌ستی ده‌لاك، بۆنی میزبه‌خۆداكردنی شه‌وانه یان تەماشای ژنی قژسوور دەکات، ئێمە لەگەڵ تۆڕێک ئاماژه‌ی کولتووری، سیمبۆلیک و دەروونی ڕووبەڕوو دەبینەوە، کە گێڕانەوەكه لە ئاستی هێڵه‌كی و گێڕانەوەیی ئه‌ولاتر ده‌بات و دەیخاتە دووتوێی بواری ڕامانه جیاوازه‌كانه‌وه. ئەم توخمانه هه‌روەک “گرێی ده‌قئاوێزان” (nœuds intertextuels) کار دەکەن، کە یادەوەری، ڕەگەز، زمان و توندوتیژی له‌ده‌ور کۆ دەبێتەوە.
ده‌قئاوێزان لە “میاو”دا زیاتر بە شێوەی به‌كێشكردنی ناخودئاگای دەقە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان كار دەکات. گێڕانەوە، زمانی نەریتیی دینی، فێركارییه پەروەردەییەکان، ئەفسانە خێزانییەکان و سیستەمە بەهایییە باوەکان به‌كێش دەکات، بەڵام یەکسەر لە ناوەوە وێرانیان ده‌كات. ئەم پرۆسەیە “ده‌قئاوێزانی ڕەخنەیی” (intertextualité critique) دەهێنێتەوە یاد، کە تێیدا دەق بە بەرهەمهێنانەوەی مانای هەڵبژێردراو و خولگەیی، بەرەنگاری پێکهاتەکانی ده‌سه‌ڵات و زاڵێتی دەبێتەوە.
تەنانەت فۆڕمی گێڕانەوەی چیرۆکەکە – پچڕانەکان، پاته‌بوونه‌وه‌ی دڕدۆنگانه، بزوتنێكی به‌رزونزم لە نێوان ڕابردوو و ئێستا، بازدانی کاته‌كی و زمانی – دەتوانرێت وەک جۆرێک لە ده‌قئاوێزانی پێکهاتەیی (intertextualité structurelle) لێك بدرێته‌وه؛ چونکە ئه‌م فۆڕمه، شێوازەكانی گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمی و دامەزراوەیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و لەبری ئەوە په‌یڕه‌وێكی نوێ، بەڵام پڕئاژاوه و بریندار پێشکەش دەکات. لە ڕوانگەی ڕێبازی ده‌قئاوێزانه‌وه، دەتوانین بڵێین “میاو” دەقێکە کە بە بەکارهێنانی توخمە کولتوورییە هاوبەشەکان، ئەزموونە تاکەکەسییەکان بە ئاستی دەستەجەمعیەوە دەبەستێتەوە. دەنگی گێڕەرەوە تەنیا یەک دەنگ نییە، بەڵکوو دەنگدانەوەی زۆرێک لە دەنگی سەرکوتکراوە کە هەرگیز دەرفەتی گێڕانەوەیان نەبووە. گێڕانەوەی ئەو لە کاتێکدا تاکەکەسییە، بارگرانیی كۆیادەوەری کولتوورییش هەڵدەگرێت؛ یادەوەرییەکی پارچەپارچە و شەرمەزار و چه‌پێنراو کە تەنیا لە تاریکی و كه‌لێنه‌كانی زماندا سەرهەڵدەدات.
لە ئەنجامدا ده‌قئاوێزان لەم چیرۆکەدا نه‌ك هه‌ر ئامرازێكی ئەدەبییه، بەڵکوو شێوازێکی ژیانیشە لە جیهاندا. چیرۆکەکە لە ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات شوێنێک بدۆزێتەوە بۆ قسەکردن، شوێنێک بۆ دەستلێدانی مانا، تەنانەت ئەگەر ئەو مانایە برینێک بێت. ئەم ده‌قئاوێزانبوونه هاوكات له‌گه‌ڵ ئاستی تێگەیشتن لە گێڕانەوەدا، به‌رده‌نگ فڕێ دەداتە ناو قووڵاییی ئەزموونی حیكایه‌تخوانیشه‌وه؛ ئەزموونێک کە لە نێوان سنوورە کولتووری و زمانی و دەروونییەکاندا هەڵواسراوە.
لە ڕووی ده‌قئاوێزانه‌وه، “میاو” له پێكهاته‌ی مانا شاراوه‌كانیدا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و ئاڵۆزترین گێڕانەوەکان، لە گفتوگۆدا لەگەڵ تۆڕێک لە دەقەکانی تردا. ئەم گفتوگۆیه نەک تەنیا لەگەڵ دەقە ئەدەبییەکان بەڵکوو لەگەڵ سیستەمی دەروونشیکاری، فەلسەفی، ئەفسانەیی، ئاینی و فۆلکلۆریی کوردیش‌دا بەردەوامە. ئاماژەی ڕاشکاوانە و ناڕاستەوخۆ بۆ دەقەکانی پێشوو، بەتایبەتی شیعری کلاسیکی کوردی، ئەدەبیاتی دەروونشیکاری، بەرهەمە مۆدێرنیستییە ئەوروپییەکان و هێما ئارکیتایپییەکان، وای کردووە کە کۆنتێکستی واتاسازیی گێڕانەوەکە بۆ لێکدانەوە فرە چین و کراوە بێت.
یەکەم و دیارترین نمونەی ئاماژە، بوونی شیعری شاعیری کلاسیکی کورد نالییە. ئاماژەکردن بە بەیتێكی نالی نەک تەنیا لە ئاستی وشەکاندا ئامادەیە، بەڵکوو لە کەشوهەوای نۆستالژیک و لێكپچڕاو و تەنیاییی گێڕانەوەکەشدا ئامادەیە. نالی وەک سیمبۆلی “من خۆشەویستێکی گۆشەگیری بێدەسەڵاتم”، لە دڵی کارەکتەری گێڕەرەوەدا ڕەنگ دەداتەوە. شیعری نالی دەبێتە دەنگدانەوەیەکی زمانی بۆ نیشاندانی شکستی پەیوەندی سۆزداری و دوودڵی سوژە لە بەرامبەر لەدەستدانی خۆشەویستدا.
پاشان، ئاماده‌یی گیانی دەروونشیکارییانه‌ی کلاسیک – بە تایبەت فرۆید و لاکان – لە ڕووی خوازه‌یی و پێكهاته‌ییه‌وه گێڕانەوەکەی ته‌نیوه‌ته‌وه. تێمه‌كانی “گەڕانەوەی چه‌پێنراوان” (retour du refoulé)[10]، “وڕێنه وەک هەقیقەتی دەروون” (hallucination comme vérité psychique)[11] و “ئاوێنە وەک دروستکەری من” (le stade du miroir)[12] هەموویان لە زمان و فەزا و پێکهاتەی دەروونی گێڕانەوەکەدا دەردەکەون. پشیله‌ی ڕەش، ئاوێنە، مەمکی دایک، نه‌شمیلی منداڵ و چه‌ك لە گێڕانەوەکەدا هەموویان هاوتای سیمبۆلیكی ئەم چەمکانەن کە لە زمانی فرۆیدییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
هه‌روه‌ها هۆنای گشتیی چیرۆکەکە، لە ڕووی پێکهاتەی گێڕانەوەوه، بە توندی شێوازی مۆدێرنی ئەوروپی و بە تایبەتی بەرهەمەکانی فرانز کافکا و دۆستۆیڤسکی بیر دەخاتەوە. فەزای داخراو و سوبژێکتیڤی لەرزۆک و نەبوونی دڵنیایی و باڵادەستی وڕێنه و دڵەڕاوکێ، بەرهەمە مۆته‌كه‌ئاساكانی کافکا بەبیر خوێنەر دەهێننەوە. وەک چۆن پاڵەوانەکانی کافکا لە ژێر کۆنترۆڵی میکانیزمە نەناسراو و ستەمکارەکاندا بێدەسەڵاتن، بە هەمان شێوە لە نۆڤلێتی “میاو”دا کارەکتەری سەرەکی لە بەرامبەر پێکهاتەکانی دەسەڵاتی خێزانی و ئاینی و کولتووریدا بێدەسەڵاتە و بریندارە.
سه‌رباری ئه‌مانه پەیوەندیی گێڕانەوەکە لەگەڵ جیهانی ئەفسانەیی و فۆلکلۆری کوردی‌دا زۆر ئاڵۆز و فرەچینە. پشیلەی سەوز یان ژنەی پشیلە ـ قژ سوورەکە، بوونەوەرە نیمچە ئەفسانەییەکانی نێو حیكایه‌ته زارەکییەكانی گوندنشینەکان دەهێنێتەوە یاد. ئەم بوونەوەرانە بەزۆری هەڵگری دووانەیی دنه‌دان و هەڕەشەن؛ ختوكه‌ی دڵ ده‌ده‌ن، بەڵام کوشندەن. لەم ڕوانگەیەوە، کارەکتەری ژنەپشیلە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ژولیا کریستیڤا پێی دەڵێت “مێینەیی ئەهریمەنی” (féminin monstrueux)[13]. له‌لایه‌كی تره‌وه، لەسەر ئاستی زمان و تەکنیکی گێڕانەوە، پەیوەندی بە بەرهەمی نووسەرانی وەک ویلیا‌م فاکنەر و جەیمس جۆیسیشەوە هەیە. بەکارهێنانی مۆنۆلۆگی ناوەوە و پچڕانی کاته‌كی و دووبارەکردنەوەی وڕێنه‌ئاسای وشەکان، تاقیکردنەوە ئەدەبییەکانی شه‌پۆلی هۆش بیر دەخەنەوە کە لە سەدەی بیستەمدا لە ڕۆژئاوا پەرەی سەندووە. بەڵام لە “میاو”دا ئەم تەکنیکانە له‌جیاتی به‌كارهێنانیان وه‌ك فۆڕمێکی ئەدەبی مۆدێرن، زیاتر وەک ئامرازێک بۆ ڕەنگدانەوەی دەروونناسیی بیركردنه‌وه‌ی تراومایی بەکارهێنراون.
دواجاریش، گێڕانەوەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە لە گفتوگۆی ئاگامه‌ندانه‌دا بێت لەگەڵ نەریتە جیاوازەکانی گێڕانەوە و دەقی کولتووریدا. ئەم گفتوگۆیه لاساییکردنەوە نییە، بەڵکوو قەیران و لێكپچڕانە. نووسەر بە بنیاتنانەوە، نكۆڵیکردن، یان ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەقانە، لە ڕاستیدا دۆخی کولتووری خۆی دەنووسێتەوە؛ دۆخێک لە نێوان یادەوەری و زمان و جەستە و سنوورە قەدەغەکراوەکاندا دەژی.
به‌رئه‌نجام: گێڕانه‌وه له په‌راوێزی شكستدا
لە ڕوانگەیەکی نوێ و هەمەلایەنەوه، ئەوەی نۆڤلێتی “میاو” دەباتە دەرەوەی سنووری گێڕانەوەیەکی دەروونشێواوانه یان ئەزموونێکی تەواو تاکەکەسییه‌وه، ئەو شێوازەیە کە دەق لەگەڵ جەستە و زمان و یادەوەریدا، وەک ئامرازی بەرخۆدانی کولتووری و وەرگرتنەوەی سوژە لە جیهانێکی پارچەپارچەدا، گفتوگۆ دەکات. ئه‌م به‌رهه‌مه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه چیرۆكێكه، دەبێتە پرۆژەیەک بۆ ئاشكراكردن و په‌رده‌له‌ڕووهه‌ڵماڵین، ناسینه‌وه و شکاندنی سووڕەکانی دووبارەبوونەوەی سەرکوتکردن و قەدەغەکردن و خه‌ساندنی بوونه‌كی.
خاڵێک کە بە درێژاییی ئەم تێڕامانه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاستەوخۆ كه‌متر باسی لێ كراوه، بەڵام لە بنەڕەتدا لە تانوپۆی گێڕانەوەکەدا ئامادەیە، لۆژیکی “ئه‌ڵقه ونبووه‌كانه”. چونكه ئه‌گه‌ر ورد سه‌رنج بده‌ین چیرۆکەکە لەسەر بنەمای نادیاره‌كان دامه‌زراوه: نادیاره دروستکەره‌كان، نادیاری دایک، نادیاری دەنگی ئه‌ویندارانه، نادیاری ڕزگاری، نادیاری گفتوگۆ، كه هەموویان له‌جیاتی “ئاماده‌بوون” به‌جۆرێك لە جۆرەکان پێکهاتەی گێڕانەوە لەسەر “کەلێنەکان” بنیات دەنێن. ئەم كه‌لێنانه‌ش، وەک ئه‌وه‌ی له تیۆریی دەروونشیکاریدا هاتووه، دەبنە هۆی دروستبوونی ئارەزوو و گێڕانەوە و تەنانەت ماناش. چیرۆکەکە، كه‌لێنه‌كان پەروەردە دەکات، گوێیان لێ دەگرێت و لە ڕێگەیەوە زمان دروست دەکات.
لەلایەکی دیکەوە جێگر به‌ختیار له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتووه كه فۆڕمێک لە به‌ره‌نگاری لە بەرامبەر زمانی دامەزراو و باڵادەستدا دروست بكات. ئه‌مه‌ش نەک لە ڕێگەی دروشم و کردەی ڕاستەوخۆوە، بەڵکوو لە ڕێگەی باشگۆنه‌كردن، سەرلێشێواوی، بێدەنگی و پووانی زمانی فەرمییه‌وه. زمان لەم چیرۆکەدا، تا ئاستی مردن دەڕوات، بەڵام هەر لەم سنوورەدا، ئەگەری لەدایکبوونه‌وه‌یه‌كی دیکەش دێته پێشه‌وه؛ لەدایکبوونه‌وه‌یه‌ك کە زوڵاڵ نییە، بەڵام برین و سێبەر و دڵەڕاوکێی لەگەڵدایە. ئەمەیە کە دەتوانین ناوی “زمانی تراوماتیك”ی لێ بنێین: زمانێک کە خۆی بریندار بووە و لەگەڵ ئەوەشدا ئامرازێک نییە بۆ چاکبوونەوە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ ئاشکراکردن و وەستان لە لێواری شکستدا.
لە ڕوانگەی جوانیناسییەوە، ئه‌م نۆڤلێته جۆره گێڕانه‌وه‌یه‌كی نوێ پێشکەش بە ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی دەکات، واته تێپەڕین لە گێڕانەوەی ئیپیکی یان شکۆمەندكردنی ئازار و چوونە ناو ئه‌و ئەزموونانه‌ی كه ناتونرێ بگێڕدرێنه‌وه، ناو قه‌ڵه‌مڕه‌وی زمانێكی لێكهه‌ڵوه‌شاوه و خه‌یاڵگه‌لێكی له‌گرێژنه‌چوو. لەم دەقەدا شوناس لەسەر بنەمای مێژوو یان خوێن نییه، بەڵکوو لەسەر بنەمای گرژییە دەروونییەکان و ئایکۆنە ونبووەکان و سنوورە شاراوەکان بنیات نراوه‌ته‌وه. ئەم گۆڕانکارییەش، جۆرێکە لە گۆڕانی بنەڕەتی لە پارادایمی گێڕانەوەی هاوچەرخی کوردی‌دا.
لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین “میاو” ته‌نیا چیرۆکێک نییە بۆ خوێندنەوە، له‌ڕاستیدا دەقێکە کە دەبێ ئەزموون بکرێت؛ ئه‌زمونكردنێك بۆ بوێریی خوێنەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی له‌گه‌ڵ نەگوتراوەکاندا، بۆ جووڵەکردن بەناو عەقڵێکی تاریک‌دا، دواجاریش بۆ به‌ركه‌وتنی ئەو ڕاستییەی کە لە نه‌گوتراوه‌كاندا شاراوەتەوە. ئەم چیرۆکە نه بەڵێنی ڕزگاری ده‌دات نه دڵنه‌وایی، بەڵام بوێری ئاشکراکردنی هەیە. ئەمەش بۆ خۆی جۆرێک لە هه‌قیقه‌ته. “میاو”، نوسینه‌وه‌ی خه‌یاڵێكه کە هەوڵی داوە خۆی لە سنووری شکست ڕزگار بکات؛ تەنانەت ئەگەر ڕزگارییه‌كیش له‌ئارادا نه‌بێت، ئه‌وا له پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا شوێنپێی خۆی بەجێ بهێڵێت. ئەم شوێنپێیه، ڕەنگە لەرزۆک بێت، یا ناجێگیر، به‌ڵام زیندووە. هەر ئەم زیندووبوونەش، شتێكه کە ئەدەب بە بوونەوە دەبەستێتەوە.
پەراوێزەکان:
[1] جێگر به‌ختیار، میاو، هه‌ولێر: ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی مه‌م و زین، 2025.
[2] زاراوەیەکی مێتافۆریک و چەمکئاسایه، زۆرجار لە ڕەخنەی دەروونشیکاری، فەلسەفی، یان هونەریدا بەکار دەهێنرێت، كه ئاماژەیەكه بۆ پێکهاتەیەکی دەروونی یان گێڕانەوە کە کارەکتەرێک یان بەرهەمێکی هونەری لەسەر بنەمای برینە دەروونییەکان و ئەزموونە تراوماییه‌كان لە قاڵب دەدات، نەک لەسەر بنەمای لۆژیکی کلاسیک، هۆ و هۆكاری، یان یەکگرتوویی هێڵه‌كی.
[3] دیاردەیەکه کە دەروون یان عەقڵی مرۆڤ تێیدا یەکگرتوویی خۆی لەدەست دەدات و پەرش و بڵاو دەبێتەوە، یان هەڵدوەشێتەوە و پارچەپارچە دەبێت.
[4] ناسنامەی پارچەپارچە یەکێکە لە گرنگترین چەمکە هاوچەرخەکان لە تێگەیشتن لە بارودۆخی مرۆڤی مۆدێرن، جا چ کۆچبەر بێت، چ کۆڵۆنه‌كراو بێت، یان لە فەزای فرەکولتووریدا بژی. ئەم زاراوەیە یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی له‌وه تێ بگەین چۆن مرۆڤەکان ڕەنگە چیتر نەتوانن پێناسەی “خود” به گشتی بکەن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چۆن ناسنامەکانیان تێکەڵ بە ململانێ، هەڵپەساردن یان پارچەبوون دەبن.
[5] زاراوەیەکە بۆ ئاماژەکردن بە بابەتێک کە لە پێکهاتەی دەروونی، کۆمەڵایەتی، یان فەلسەفیی خۆیدا لە دۆخی لەرزین، ناسەقامگیری، پچڕان، یان هەڵپەساردندایە. بە پێچەوانەی وێنەی کلاسیکیی “سوژەی عەقڵانی جێگیر و خۆئاگا”وه، ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ بارودۆخی ئاڵۆز و پارچەپارچە و ناجێگیری مرۆڤی هاوچەرخ؛ بابەتێک کە لە نێوان هێزە دژبەیەکەکانی ناوەوە و دەرەوەیدا دێت و ده‌چێت.
[6] لە تیۆریی لاکانیدا (objet a)، ئۆبژەیەکی خەیاڵی و دەستپێڕانه‌گه‌یشتووه کە ئارەزووی مرۆیی ده‌خاته جموجووڵه‌وه. ئەم ئۆبژەیە نە ڕاستەقینەیه و نە توانای به‌خاوه‌نبوونی هه‌یه، ئه‌و “شتێکی ونبوو”ە کە سوژە هەمیشە بەدوایدا دەگەڕێت. ئاره‌زووی مرۆڤ لەبری ئەوەی بگاتە ئەم ئۆبژەیە، خۆی لە فانتازیا و گەیشتن پێیدا ده‌بینێته‌وه. لە ڕاستیدا (objet a) نوێنەرایەتیی ئەو بۆشایییە دەکات کە ناسنامە و ئارەزووی مرۆڤ پێک دەهێنێت و بەردەوامی پێ دەدات.
[7] بریتییە لە وەڵامدانەوەی ئاڵۆز و چەندچینیی مرۆڤ بۆ ئەزموونە تراومایییه‌كان، کە دەتوانێت مێشک، جەستە، یادەوەری و ڕەفتاری مرۆڤ بۆ ماوەیەکی کورت یان درێژ تێک بدات. ئەم کاردانەوانە نیشانەی لاوازی نین، بەڵکوو هەوڵی جەستە و دەروونن بۆ مانەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەزموونێکی بەرگەنەگیراودا.
[8] واتە جەستەیەک کە تووشی نائارامی، دڵەڕاوکێ، لێكپچڕان، یان تووشی گوشاری دەرەکی و ناوەکی دەبێت؛ جەستەیەک کە چیتر ناتوانێت بە سادەیی “خۆی” بێت. ئەم چەمکە زۆرجار لە ڕەخنەی هونەری، دیاردەناسیی جەستە، شیکاری دەروونی و تیۆرییە هاوچەرخه‌كانی شوناسدا بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی جەستە وەک شوێنی برینداربوون و ململانێ و مێژوو سەیر بکرێت، نەک تەنها وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی بایۆلۆژیی په‌تی.
[9] توندوتیژیی ناوەکیبوو ئاماژەیە بۆ ناوەکیکردنی شێوازەكانی بیرکردنەوە، ڕەفتارەکان، یان نۆرمە باڵادەسته‌كان لەلایەن تاکێکەوە؛ ئه‌و نۆرمانه‌ی کە لە ڕاستیدا زیانبەخشن بۆ تاک. ئەمەش دەتوانێت بیروباوەڕی نەرێنی سەبارەت بە گروپەکەی خۆی یان لێکدانەوەی هەڵە بۆ پەیوەندییەکانی باڵادەستی لەخۆ بگرێت. ئەم چەمکە بە تایبەتی لە په‌یوەندی لەگەڵ توندوتیژیی سیمبۆلیدا کاری پێ ده‌كرێت، کە ژێردەستەکان نۆرم و ستاندارەکانی سەرووترەکان لەناو خۆیاندا ناوه‌كی ده‌كه‌نه‌وه و ڕه‌وایه‌تییان پێ دەدەن، بەمەش په‌یڕه‌وێكی کۆمەڵایەتیی نایەکسان دێته ئاراوه و به‌رده‌وامی به‌خۆی ده‌دات.
[10] چەمکێکی سەرەکییە لە ده‌رونشیكاریی فرۆیددا. ئاماژەیە بۆ دیارده‌ی ناوەرۆکێکی چه‌پێنراو له نه‌ستدا، كه بە شێوەیه‌كی گۆڕاو و نه‌ویستراو و ناڕاستەوخۆ، دەگەڕێتەوە نێو دەروون. ئه‌م چه‌مكه له ڕاستیدا واته پاڵنانی شتێک به‌ره‌و نه‌ست به‌هۆی قبوڵنەکرانی یان ئازارده‌رییه‌كه‌یه‌وه (بۆ نموونە ئاوات، ئارەزوو، یادەوەری یان خەیاڵ)، كه لە فۆڕمە گۆڕاوه‌كانی وەک خەون، خزینی زمان، بیرچوونەوە، نیشانەکانی دەمارگیری، یان تەنانەت کردەی ڕەفتاری سەیروسه‌مه‌ره‌دا خۆیان نیشان ده‌دات.
[11]ئاماژەیە بۆ ئەزموونێک کە ئەگەرچی لە جیهانی دەرەوەدا ڕاستەقینە نییە، بەڵام نوێنەرایەتی واقیعێکی ناوەکی و نه‌سته‌كی و سۆزداری بۆ تاک دەکات. لای فرۆید و لاکان، وەسوەسە یان وڕێنه‌ك دەتوانێت گەڕانەوەی ئارەزووی چه‌پێنراو یان یادەوەرییەکان بێت، کە لە شێوەی دەنگ یان وێنەی خەوناویدا دەردەکەون، نەک ڕاستەوخۆ دەرببڕدرێن. ئەم ئەزموونە تەنیا به‌هەڵەدتچوونێكی دەروونی نییە، بەڵکو فۆڕمێکە لە دەرکەوتنی هه‌قیقه‌تێكی دەروونی چارەسەرنەکراو لە نه‌ستدا.
[12] قۆناغی ئاوێنە یان دروستتر “ئاوێنه وه‌ك دروستكه‌ری من” چەمکێکی لاکانییە کە ئاماژەیە بۆ قۆناغێک لە گەشەکردنی منداڵدا (نزیکەی ٦ بۆ ١٨ مانگ) کە تێیدا منداڵ لەگەڵ بینینی وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا، سەرەتا “خۆ” وەک کۆیەکی یەکگرتوو دەناسێتەوە. ئەم ئەزموونە سەرەتای دروستبوونی “ئیگۆ”یە، بەڵام لەسەر بنەمای واقیعی ناوه‌كی نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای وێنەیەکی دەرەکی و خەیاڵییە، کە دەبێتە هۆی نامۆبوون. منداڵ خۆی لە وێنە یان لە نیگای کەسێکی تردا (وەک دایک) دەبینێتەوە و ئەم پشتبەستنە بە “ئەوی تر” دەبێتە هۆی ئەوەی ناسنامەکەی هەمیشە تا ڕادەیەک ناتەبا و ناجێگیر بمێنێتەوە. ئەم قۆناغە خاڵی چوونەناو ڕیزبەندی خەیاڵییە و بناغە بۆ پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ لە تیۆریی لاکانیدا ده‌سته‌به‌ر دەکات.
[13] چەمکێکە کە ئاماژە بە نوێنەرایەتییە کولتووری و دەروونشیکارییەکانی ژنان دەکات وەک شتێکی نهێنی، بزواندن، یان هەڕەشەئامێز؛ ئەو ژنانەی کە وا بیردەکرێتەوە کە ئارەزوو، جەستە یان دەسەڵاتیان لە دەرەوەی سیسته‌می مرۆڤسەنتەری بێت و هەربۆیە وەک ئەهریمەن، جادووگەر یان فیتنه‌گه‌ر وێنا دەکرێن. ئەم نوێنەرایەتییانە ڕەگیان لە ئەفسانە و هونەر و شیکاری دەروونیدا هەیە (وەک تیۆریی لاکان سەبارەت بە ژنان وەک “ئەوی تری ڕادیکاڵ”) و زۆرجار لە ترسێک لە ژنانە، وەک شتێکی تێنەگەیشتوو یان کۆنترۆڵنەکراو سەرچاوە دەگرن. جولیا کریستیڤا باس لەوە دەکات کە مێینەیی و جەستەی مێینە، بەتایبەتی پرسەکانی وەک سوڕی مانگانە و منداڵبوون، زۆرجار لە کولتورە پیاوسالارەکاندا وەک ئەهریمەنیی یان هەڕەشەئامێز سەیر کراون بەهۆی پەیوەندییان بە “ناپاک”ه‌وه (واته ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی بێزاری و ڕەتکردنەوە). ئەم نوێنەرایەتییانە کاردانەوەن بەرامبەر بە ترس لە شتێک کە په‌یڕه‌وی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی پیاوسالاری تێک دەدات و هەرس ناکرێ. بە سادەیی، مێینە لەم ڕوانگەیەدا شتێکە کە هەم پێویستە و هەم دەترسێنێت، هەر بۆیەش لە کولتورەکاندا وەک ئەهریمەن دەردەکەوێت.