(فینۆمینۆلۆژیای “شوێن- کات” له (قه‌سیده‌ی ده‌ربه‌ندی په‌پووله)ی شێرکۆ بێکه‌س)دا”
” ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ک له ده‌روازه‌کانی جه‌هه‌ننه‌مه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی دێنه ژووره‌وه”
به‌یانییه‌ی ژماره 1
(ئێوه که دێنه ژووره‌وه، ده‌ست له هه‌موو هیوایه‌ک بشۆن)
” کۆمێدیای دۆزه‌خ” دانتێ ئالیگیری
پوخته‌ی وتار
هه‌ر دوو دیارده‌ی “مه‌نفا و شوێن- کات” له (قه‌سیده‌ی ده‌ربه‌ندی په‌پووله)ی شێرکۆ بێکه‌سدا له ڕووی پێکهاته و مانا و ڕوانین بۆ جیهانی “بوون” ئه‌زموونگه‌لێکی جیاوازترن له هه‌موو ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییانه‌ی تاکوو ئێستا له ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا بوونی هه‌بووه. شێرکۆ بێکه‌س له‌م تێکسته شیعرییه‌دا هه‌وڵیداوه به جیهانبینییه‌کی قووڵ و ئاگاییی ده‌روونییه‌وه، ئاوڕ بداته‌وه له کانسێپتی “شوێن- کات”. له به‌شی یه‌که‌می ئه‌م تێکسته‌دا، شێرکۆ بێکه‌س له‌گه‌ڵ سێ شاعیری کلاسیکی مه‌نفادا (نالی، حاجی قادری کۆیی و مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی) خۆی هاوتا ده‌کات و وه‌کوو “دانتێ” شاعیری تووسکانی، له سه‌فه‌رێکی خه‌یاڵیدا له دۆزه‌خی مه‌نفاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌نفای دۆزه‌خ. سه‌فه‌رێکی “دانتێ”ئاسا له مه‌نفاوه بۆ سه‌رزمینێکی دۆزخییانه، که هه‌موو شت و دیارده‌کان تیایدا کوژراوه. قاقڕستان و کاولستانێ، که ته‌واوی جومگه‌کانی یه‌کپارچه بۆته دۆزه‌خ و شاعیر خۆی ئاماده ده‌کات بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ئه‌و دۆزه‌خه‌ی که هه‌موو جومگه‌کانی خاپوور بووه و ئه‌م وه‌کوو شاعیرێکی خاوه‌ن کات، به ئاگاییی ده‌روونی له سێ حاڵه‌ت و دۆخی زه‌مه‌ن (ئێستا، ڕابوردوو، داهاتوو) ڕووداوه تراژیکه‌کان و کاره‌ساته‌کان له مکانیسمی خه‌یاڵدا هه‌ڵده‌گرێ و ده‌یبات بۆ مه‌نفاکه‌ی نالی و خه‌ونه‌که‌ی حاجی و سیروانه‌که‌ی مه‌ولانا خالید. کانسێپتی “شوێنکات” له قه‌سیده‌ی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا له مانا و ده‌لاله‌تی ئاسایی خۆی ده‌ترازێ و ده‌لاله‌ت و مانای فه‌لسه‌فی و فینۆمینۆلۆژییانه وه‌رده‌گرێت، بۆیه “شوێن” له ئه‌زموونی مه‌نفای شێرکۆدا چیتر به‌شێک نییه له جوگرافیایه‌کی تایبه‌ت، به‌ڵکوو بارگاوی ده‌کرێت به مانایه‌کی فه‌لسه‌فی و له‌گه‌ڵ مێژوو لێکده‌درێت. (هه‌روه‌ها که شوێن و مێژوو له ئه‌زموونی شێرکۆدا هه‌میشه دوو دیارده‌ی له‌یه‌کدی دانه‌بڕاو بوون.) شێرکۆ بێکه‌س به پێچه‌وانه‌ی شاعیرانی کلاسیکی مه‌نفاوه، کاتێک له مه‌نفاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیشتمان، بۆ سه‌رزه‌مینێک ده‌گه‌ڕێته‌وه “هادسه‌کان” پاسه‌وانی ده‌رگاکانی دۆزه‌خن و هاوکات ته‌واوی دیارده و سرووشت و مێژووی ئه‌و سه‌رزه‌مینه تیایدا سووتاوه.
(ئه‌م شه‌وه سوورانه “تارا”ن یان
بالیفی خوێناوی ژێر سه‌ری که‌ژ و کۆ؟
ئه‌م هه‌موو دووکه‌ڵه دووکه‌ڵی یه‌ک “مانگ”ی سووتاوه
یان مێژووی سه‌رزه‌مین هه‌ر هه‌مووی پێکه‌وه ئه‌سووتێ؟)
ده‌ربه‌ندی په‌پووله .. لا 76
شاعیرله‌م سه‌فه‌ره‌دا به چه‌شنی دانتێ ئالیگیری به ته‌نیا نییه و هه‌موو دیارده و مرۆڤه‌کانی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ش ڕاده‌کێشێت بۆ ناو دۆزه‌خی مه‌نفا و له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و مه‌نفایه‌کی ده‌سته‌جه‌معییان ده‌بات. به‌مه‌وه ئه‌زموونی مه‌نفای شێرکۆ له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا مه‌نفایه‌کی فه‌ردی نییه به‌ڵکوو مه‌نفایه‌کی ده‌سته‌جه‌معییه و ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش وه‌ک مه‌ریوان وریا قانع ده‌ڵێت: (له خاڵه هه‌ره جیاوازه‌کانی ئه‌زموونی مه‌نفای شێرکۆ بێت له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی مه‌نفای نالی و حاجی قادر و مه‌ولانا خالید له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزه‌هه‌م و کۆتاییه‌کانی هه‌مان سه‌ده‌دا.)
هه‌وڵی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه به خوێندنه‌وه‌ی سێ تیۆری و بۆچوونی فه‌لسه‌فی، له چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌که‌وه ئه‌زموونی مه‌نفا و کانسێپتی “شوێن- کات” له قه‌سیده‌ی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا بخوێنێته‌وه.
یه‌که‌م: تیۆری و بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی ئه‌دمۆند هوسرل سه‌باره‌ت به فینۆمینۆلۆژیای زه‌مه‌ن.
دووهه‌م: تیۆری و بۆچوونه‌کانی ژاک دریدا سه‌باره‌ت به بنه‌ماکانی پاش پێکهاته‌خوازی له ڕووی ته‌عبیر و ده‌لاله‌ت و ماناوه.
سێیه‌م: بۆچوون و ڕوانگه‌ی تایبه‌تی مارتین هایدگێر سه‌باره‌ت به پرسی مێژوو و جیاوازییه سه‌ره‌کییه‌کانی نێوان دوو چه‌مکی “مێژوو و ڕووداوی مێژوویی” له پێکهاته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئۆنتۆلۆژیادا.
دیسان له چوارچێوه‌ی باسه‌کاندا باس له دوو پارادیمی فه‌لسه‌فه‌ی پۆزیتیڤیستی و دیارده‌ناسانه له پێوندی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی چه‌مکی کات هاتۆته ئاراوه، که ڕوانینی شاعیر بۆ کانسێپتی کات له ده‌ربه‌ندی په‌پووله و ئه‌زموونه‌کانی پێش ئه‌م تێکسته‌دا ئاشکرا ده‌کات. هاوکات تێڕوانینی شاعیر سه‌باره‌ت به پرسی مه‌نفا به شێوه‌یه‌کی جیاکارانه و جیاواز و ده‌ستنیشانکردنی خاڵه جیاوازه‌کانی پرسی مه‌نفا لای شاعیرانی کلاسیکی کورد له سه‌ده‌ی نۆزدهه‌م و کۆتایییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌خاته به‌ر باس.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان: فینۆمینۆلۆژیا، ئۆنتۆلۆژیا، ئێگزیستانسیالیزم، شوێنکات، ڕووداوی مێژوویی، گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات، دۆنادۆن، عیرفانی کابالایی و گنووسیانه، مه‌نفا.
“دانتێ ئالیگیری” (1265-1321) شاعیری تووسکانی له کۆمێدی دۆزه‌خدا بۆ تێگه‌یشتن له دۆزه‌خ و سرووشتی دۆزه‌خییان، خۆی ئاماده ده‌کات بۆ سه‌فه‌رێکی خه‌یاڵی به‌ره‌و سه‌رزه‌مینه‌کانی دۆزه‌خ. دانتێ له‌م گه‌شته‌یدا به هۆی نائاشنابوونی ته‌واوی به سه‌رزه‌مینه‌کانی دۆزه‌خ، په‌نا ده‌باته به‌ر “ویرجیلیۆس” شاعیری یۆنانی که‌ونارا، وه‌ک ڕێبه‌ر و لێزانێک، هاوڕێی بێت و له دۆزه‌خ و ماناکانی دۆزه‌خ تێیبگه‌یه‌نێت. دانتێ ئالیگیری به دڵه‌ڕاکێ و ترسێکی ئێجگار زۆره‌وه سه‌فه‌ر ده‌کات بۆ ناو دۆزه‌خ، بۆیه به ته‌نیا ناتوانێت ئه‌و سه‌فه‌ره سه‌خته ده‌ست پێ بکات. چونکه ئاشنا نییه به ڕێگاکانی دۆزه‌خ و سرووشتی دۆزه‌خییان. بۆیه کاتێک پێ ده‌خاته نێو دۆزه‌خ و ئاشنا ده‌بێت به سروشتی دۆزه‌خ و “هادس”ه‌کان، (که پاسه‌وانی ده‌رگاکانی دۆزه‌خ و له هه‌مان کاتدا جێبه‌جێکه‌ری فه‌رمانی خوداکانی دۆزه‌خن.) ده‌ڵێت: (ئێوه‌یش که دێنه ژووره‌وه، ده‌ست له هه‌موو هیوایه‌ک بشۆن) شێرکۆیش به هه‌مان شێوه‌ی دانتێ ئالیگیری له سه‌فه‌رێکی خه‌یاڵیدا و له مه‌نفاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رزمینێکی دۆزه‌خییانه. سه‌رزمینێکی ئه‌نفالی، سه‌رزه‌مینێک، که هه‌موو دیارده‌کانی کوژراوه، مێژوو و سرووشتی کوژراوه، شاعیر بۆ مێژوویه‌کی کوژراو ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌وه‌کوو بۆ شوێن و جوگرافیایه‌کی تایبه‌ت، (شێرکۆ به پێچه‌وانه‌ی دانتێ، ته‌واو ئاشنایه به سه‌رزه‌مینی دۆزه‌خ و سرووشتی دۆزه‌خییانه‌ی ئه‌و سه‌رزه‌مینه. دانتێ بۆ تێگه‌یشتن له جیهانی دۆزه‌خ سه‌فه‌رده‌کات، به‌ڵام شێرکۆ نه‌ک هه‌ر به تێگه‌یشتنێکی ته‌واوه‌وه به‌ڵکوو به عه‌شقێکی “برایمۆکانه”وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو دۆزه‌خی نیشتمان و سه‌رزه‌مینی دۆزخییان.) بۆیه من پێم وایه خاڵی هه‌ره جیاوازی نێوان ئه‌م دوو شاعیره ئه‌وه‌یه، دانتێ به هۆی تێنه‌گه‌یشتن و نائاشنا‌بوون له سه‌رزه‌مینه‌کانی دۆزه‌خ و به ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی ئێجگار زۆره‌وه سه‌فه‌ر ده‌کات، به‌ڵام شێرکۆ به ئه‌شقێکی برایمۆکانه‌وه بۆ سه‌رزه‌مینه‌کانی دۆزه‌خ ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونکه شێرکۆ به ته‌واوه‌تی ئاشنایه به هه‌موو دیاره‌ده‌کانی ناو دۆزه‌خ و سرووشتی دۆزه‌خییان. (له نێوان ئه‌زموونی مه‌نفای شێرکۆ بێکه‌س و ئه‌زموونی مه‌نفای “دانتێ ئالیگیری”دا، وێکچوونێکی فینۆمینۆلۆژییانه‌ی گشتیی بوونی هه‌یه، وه‌ک چۆن له نێوان ئه‌زموونی مه‌نفای شێرکۆ و ئه‌زموونی مه‌نفای نالی و حاجی قادر و مه‌ولانا خالید، هه‌مان وێکچۆنی فینۆمینۆلۆژییانه‌ش بوونی هه‌یه) له هه‌ر دوو به‌شی ئه‌زموونی مه‌نفادا و له حاڵه‌تی ئێگزیستانسیالی خودی مه‌نفادا، سزایه‌کی سه‌خت و کوشنده له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ که‌سی مه‌نفیدا بوونی هه‌یه. ئه‌م حاڵه‌تی سزادانه‌ی مه‌نفا به‌ته‌واوی هۆکاره‌کانییه‌وه له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ته‌واوی که‌سه مه‌نفییه‌کاندا (چ ئه‌و مه‌نفییه‌ی که به ڕاوه‌دوونان و زۆره‌ملی و به‌هۆی سه‌رپێچی له ده‌سه‌ڵات و سیسته‌م و گوشاری سیاسی نه‌فی کراوه و دوور خراوه‌ته‌وه، وه‌کوو (دانتێ و شێرکۆ) چ ئه‌و مه‌نفیه‌ش که به خوازیاری خۆی و به هۆکاری تر دوورکه‌وتۆته‌وه له نیشتمانی خۆی، وه‌کوو (نالی و حاجی قادر و مه‌ولانا خالید) بوونی هه‌یه. ئه‌م حاڵه‌ته به نیسبه‌ت هه‌موو مه‌نفییه‌کانه‌وه، له یه‌که‌م مرۆڤی مه‌نفییه‌وه که “ئاده‌م و حه‌وا”یه تاکوو مه‌نفای زۆرێک له پێغه‌مبه‌ره‌کانی دوای ئاده‌میش، به تایبه‌ت پێغه‌مبه‌ر مووسا که هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و مه‌نفا برد و تاکوو مه‌نفای “دانتێ” و شێرکۆ بێکه‌سیش) وێکچوونێکی فینۆمینۆلۆژییان پێکه‌وه هه‌یه. ئه‌ڵبه‌ت با ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌زموونی مه‌نفای شێرکۆ بێکه‌س به ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆیه‌وه له ئه‌زموونی مه‌نفای “مووسا”وه نزیکتره، چونکه شێرکۆیش به هه‌مان شێوه‌ی مووسای پێغه‌مبه‌ر کاتێک ناتوانێت فیزیایی بگه‌ڕێته‌وه بۆ نیشتمانی خۆی هه‌موو سه‌رزمینه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و مه‌نفا ده‌بات، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ته‌نیا له ڕووی فینۆمینۆلۆژییه‌وه وه‌هایه، ئه‌گه‌ر نا ئه‌زموونی مه‌نفای هه‌ر مه‌نفییه‌ک به‌پێی شوێن و سه‌رده‌می تایبه‌ت به خۆی، هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی جیاوازه، بۆ نموونه (جیاوازیی ئه‌زموونی مه‌نفای شێرکۆ له کۆتایییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا که هۆکاری سیاسی له پشته، له ئه‌زموونی مه‌نفای نالی و حاجی قادر و مه‌ولانا خالید که هۆکاری ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری له پشته‌وه‌یه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و کۆتایییه‌کانی هه‌مان سه‌ده‌دا خاڵێکی به‌دیار و به‌رچاوه) بڕوانه وتارێکی مه‌ریوان وریا قانێع (مه‌نفای کوردی له نێوان سێ نه‌وه و سێ ئه‌زموونی مانای جیاوازدا) ڕه‌هه‌ند. ژماره. 12/13
(چ گه‌رده‌لوولێکی سه‌وزه و چ ئه‌سپێکی ئه‌فسانه‌یی باڵداره وا
له‌م کۆتایی ئه‌م دنیایه‌وه به پڕتاو دێ و هه‌ڵم ئه‌گرێ و ئه‌مفڕێنێ و
دوور دوور ئه‌مبات به‌ره‌و هۆبه‌ی ئارانی تۆ.)
چ کڕێوه‌ی حیکایه‌تێ به‌م ناوه‌خته و
له ئاویلکه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌دا
وه‌ک عه‌شقه‌که‌ی “برایمۆک” پێده‌شت پێده‌شت و کۆ به کۆ
ئه‌مخاته ڕێ به‌ره‌و لای تۆ
سه‌فه‌ره، سه‌فه‌ره، سه‌فه‌ر.
سه‌فه‌ری ئازاری زگ‌ماک و سه‌فه‌ری دره‌ختی بێ داڵده وبێریته‌ی زامانی گه‌ڕێده و
ته‌داره‌ک ڕێک یه‌خه‌م!
ده‌ربه‌ندی په‌پووله… ل. 3-4
له‌م سه‌فه‌ره دۆزخییه‌دا شاعیر وه‌کوو دانتێ به ته‌نیا نییه و خۆی هاوتا ده‌کات له‌گه‌ڵ حه‌زره‌تی غه‌ریبان و سێ شاعیری که‌ڵه‌گه‌تی مه‌نفا. شێرکۆ بۆ ئه‌م سه‌فه‌ره دۆزه‌خییه ته‌داره‌کی خۆی ڕێک ده‌خات. له چی؟ (له ئه‌سپی که‌لله سه‌رگڕگرتووی ڕه‌وه‌ند و له جوانووی خه‌مه بزێوه سپییه‌کان و له ته‌ختی که‌ژاوه‌ی زریکه و فه‌ریادی فریشته ڕه‌نده‌کان و له تارای شیعری خۆی) ته‌داره‌ک رێک ده‌خات. شاعیر نه ته‌نیا ئاماده‌یه بۆ وه‌ها سه‌فه‌رێکی سه‌خت و دژوار ته‌داره‌ک ڕێک بخات، به‌ڵکوو ئاماده‌شه ئه‌و سه‌رزه‌مینه دۆزه‌خییه بگێڕێته‌وه بۆ سه‌روه‌رانی مه‌نفا. ئاماده‌یه باسی کوشتنه‌کانیان بۆ بکات، کوشتنی مێژوو و سرووشت و هه‌موو دیارده‌کانی سه‌رزه‌مین. شاعیر کاتێک ده‌ڕوات بۆ بینینی پیری موغان و سه‌روه‌ری غه‌ریبان، دووکه‌ڵی زامانی دوو سه‌ده و ئه‌لبۆمی ڕه‌نگینی ئازار و ژان و سوێی قرچان و سووتان و زریکه‌ی بۆ ده‌بات. رۆژنامه‌ی ڕه‌شه‌بای خوێناویی پڕ له کاره‌ساتی بۆ ده‌بات.
(من که چووم، به نیازم له‌گه‌ڵ خۆم له سنگما
ڕۆژنامه‌ی ڕه‌شه‌بای خوێناویی دوو سه‌ده‌ی کێوانی بۆ به‌رم
یادداشتی دووکه‌ڵی زامانی دوو سه‌ده‌ی پێ ده‌شت و بناری بۆ به‌رم
به نیازم ئه‌لبۆمی ڕه‌نگینی ئازار و ژان و سوێی قڕچان و سووتان و
زریکه‌ی ئاو، گڵ، دار، به‌رد، شار، گوند، ئاژه‌ڵ و باڵدار و بێ باڵی
دوو سه‌ده‌ی بۆ به‌رم
به نیازم وه‌ختێ چووم له گه‌ڵ خۆم له چاوما
به تایبه‌ت ئاسمانی خنکاوی ” هه‌ڵه‌بجه‌ی” بۆ به‌رم. )
” ده‌ربه‌ندی په‌پووله” ل. 189.
شوێن له‌م تێکسته شیعرییه‌دا چیتر شوێنێکی ئاسایی نییه، هه‌روه‌ها به‌شێک نییه له جوگرافیایه‌کی تایبه‌ت، شوێن لێره‌دا، وێرانه‌یه‌کی جوگرافی و مێژوویی و ئێگزیستانسیاله، سه‌رزه‌مینێکی به‌رینه هه‌موو شته‌کان تیایدا کوژراوه، شوێن مێژوویه‌کی کوژراوه، سرووشتێکی کوژراوه به هه‌موو جومگه‌کانییه‌وه. بۆیه لێره‌دا شاعیر به ئاگایی ده‌روونی له کانسێپتی شوێن- کات بۆ خۆی ده‌بێت به مرۆڤێکی “خاوه‌ن شوێن”یش.
“فینۆمینۆلۆژیای هوسرڵ و ئۆنتۆلۆژیای هایده‌گه‌ر”
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ دوو چه‌مکی “شوێن- کات”
فینۆمینۆلۆژیا چییه و ڕوانینی دیارده‌ناسانه بۆ چه‌مک و بابه‌ته‌کان لای فینۆمینۆلۆژیسته‌کان چۆناوچۆنه؟
فینۆمینۆلۆژیا بزووتنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی زۆر گرنگ بوو که له (Phenomenology)
سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له ئه‌ڵمانیا درووست بوو. به‌ڵام زۆر خێرا به ته‌واوی دنیادا بڵاو بووه‌وه و گه‌شه‌ی سه‌ند. فینۆمینۆلۆژیا له وشه‌یه‌کی یۆنانی به ناوی (فه‌ینامه‌ینان) به مانای “ده‌رکه‌وتن” هاتووه. فینۆمینۆلۆژیا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌زموونی تایبه‌تی مرۆڤه‌کان (به مه‌به‌ستی خۆ ده‌رخستنی ئۆبژه‌کان و چۆن خۆ ده‌رخستنیان بۆ ئێمه و ئه‌وه‌ی که زه‌ینی ئاگای ئێمه چۆن چۆنی ئه‌و حاڵه‌تانه له خۆیدا تۆمار ده‌کات) بخوێنێته‌وه و لێکدانه‌وه‌یان بۆ بکات. فه‌لسه‌فه‌ی دیارده‌ناسی له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و له لایه‌ن “ئه‌دمۆند هوسرڵ”ه‌وه پێکهات و دواتر خوێندنه‌وه‌ی چه‌مک و دیارده‌کان به ئایدیای فنۆمینۆلۆژیانه له لایه‌ن چه‌ند بیرمه‌ندێکی تره‌وه په‌ره‌ی پێدرا و گه‌شه‌ی سه‌ند و گواسترایه‌وه بۆ نێو زانسته‌کانی تر، به تایبه‌ت بۆ ناو جیهانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی مودێڕن. هه‌ندێک له نووسه‌رانی مودێڕنی ئه‌ده‌بی جیهانیی وه‌کوو (جیمز جۆیس و مارسل پرۆست و تۆماس مان و ویرجینیاووڵف و زۆر نووسه‌ری تر له نووسینه‌کانیاندا به شێوه‌یه‌کی زۆر باش که‌ڵکیان لێ وه‌گرت. به‌رچاوترین ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی که به شێوه‌یه‌کی قووڵ و شێلگیرانه کاریان له سه‌ر فینۆمینۆلۆژیای هوسرڵ کرد، خوێندکاره‌که‌ی خودی هوسرڵ واته “مارتین هایده‌گه‌ر” بوو، هایده‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه تونده‌کانی له هوسرڵ وه‌کوو بیرمه‌ندێکی شێلگیر و قووڵ به جیدییه‌تێکی زۆره‌وه سه‌رقاڵی ئایدیای فینۆمینۆلۆژیا بوو. دواتر له سه‌ر بنه‌مای بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی هوسرڵ ئایدیای فینۆمینۆلۆژیای به‌ره‌و ئاقارێکی نوێتر برد، که له ئه‌نجامدا “فینۆمینۆلۆژیای ئێگزیستانسیال”ی لێکه‌وه‌ته‌وه. (هایده‌گه‌ر پێی وایه فینۆمینۆلۆژیا توانای تێگه‌یشتنی ژیانی ڕه‌سه‌ن و واقعی هه‌یه. بڕوانه… باسێک سه‌باره‌ت به فنۆمینۆلۆژیا له کتێبی(هایده‌گه‌ر و پرسیاری بنه‌مایی)دا. بابه‌ک ئه‌حمه‌دی. ل. 183.
هوسرڵ له شیکاری و لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆیدا سه‌باره‌ت به دیارده‌ی “زه‌مه‌ن” کات” وه‌کوو بوونێکی ده‌ره‌کی و ئۆبژه‌کتیڤ ره‌ت کرده‌وه و به پارادیمێکی دیارده‌ناسانه‌وه ئاوڕی دایه‌وه له‌م کانسێپته. دواتر هایده‌گه‌ر (له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که به توندی ڕه‌خنه‌ی ئاراسته‌ی هوسرڵ کرد و پێی وابوو خوێندنه‌وه‌کانی هوسرڵ له دیارده‌ناسی “زه‌مه‌ن” شوێنکه‌وته‌ی ده‌یتای زانستی و ده‌روونناسانه‌یه) به‌ڵام له ئه‌نجامدا هه‌مان ڕێچکه‌ی دیارده‌ناسانه‌ی هوسرڵی بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌مکی “کات” په‌یڕه‌و کرد، ئه‌ڵبه‌ت خوێندنه‌وه‌ی هایده‌گه‌ر له “شوێن- کات” زیاتر له‌سه بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی بوونناسانه و ئۆنتۆلۆژیکه تاکوو فینۆمینۆلۆژیا. به گشتیی پرسی “کات” له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا گرنگی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه و ئێمه هیچ سه‌رده‌مێکی گرنگی مێژووی فه‌لسه‌فه نابینین که تیایدا پرسی “شوێن – کات” پرسێکی جیدی و گرنگ نه‌بووبێت و بیرمه‌ندان ئاوڕیان له‌م بابه‌ته نه‌دابێته‌وه، بۆیه هایده‌گه‌ر له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا “بوون و کات” ده‌نووسێت: ڕه‌گی ته‌واوی بوونناسی له ناو “زه‌مه‌ن”دایه) به‌ده‌ر له فه‌لسه‌فه، که هه‌میشه “کات” به‌رده‌وام پرسێکی گرنگ و جیدیی بووه بۆی، “کات” له هونه‌ر و ئه‌ده‌بی مودێڕنیشدا به‌رده‌وام پرسێکی جیدی و سه‌نتراڵ بووه و هه‌ندێک له نووسه‌رانی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی جیهانی وه‌کوو (پرۆست له رۆمانی “گه‌ڕان به دوای زه‌مه‌نی له ده‌ستچوودا”، جیمز جۆیس له ڕۆمانی “ئۆلیس” و تۆماس مان له ڕۆمانی “کێوی جادوو” و ویرجینیا وۆڵف له ڕۆمانی “خانمی دالووی” و به‌شێک له شانۆنامه‌کانی “سامۆئل بێکت و هاوکات له به‌ستێنی سینه‌ماشدا چه‌ند فلیمێکی سینه‌ماکاری ڕووسیا “ئاندرێ تاراکۆفسکی” (که فیلمه‌کانی وه‌کوو په‌یکه‌ر سازکردن له زه‌مه‌ن ناو ده‌برد) گرنگییه‌کی تایبه‌تیان داوه به پرسی “کات”. له پانتاییی ئه‌ده‌بی جیهانی و جیهانی ئه‌دبیاته بچووکه‌کانیشدا پێموایه ئه‌ده‌بی کوردی که‌متر به ئایدیای فینۆمینۆلۆژیانه ئاوڕی داوه‌ته‌وه له پرسی “کات” وه‌کوو توخمی زاڵ. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا تێکستی “ده‌ربه‌ندی په‌پووله”ی شێرکۆ بێکه‌س له‌م حاڵه‌ته ده‌ترازێ و پرسی “زه‌مه‌ن” له‌م تێکسته ئه‌ده‌بییه‌دا ده‌بێته توخمی زاڵ و بابه‌ت و موتیڤه‌کان تری ناو جیهانی ده‌ق به ده‌وری ئه‌م توخمه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه. شێرکۆ بێکه‌س له ته‌واوی ئه‌زموونه شیعرییه‌کانیدا به‌رده‌وام بووه به کارکردن به چوار پرس و بابه‌تی سه‌ره‌کیی (سرووشت، مێژوو، شوێن- کات) به‌ڵام له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا، به جۆرێکی تر و به ڕوانینێکی قووڵ و ئاگایییه‌کی ده‌روونییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م دیاردانه‌دا هه‌ڵسووکه‌ت ده‌کات، بۆیه سرووشت و دیارده‌کانی ناو سرووشت له قه‌سیده‌ی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا، هه‌مان سرووشتی ناو جیهانی “تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست و که‌شکۆڵی پێشمه‌رگه و ئاوێنه بچکۆله‌کان و پاییزه میوان و بۆننامه و ڕه‌نگدان” نییه، ته‌واوی دیارده‌کانی ناو ده‌ربه‌ندی په‌پووله ده‌بن به ڕووداوی کاره‌سات ئامێز و ئێستای شاعیر ده‌به‌نه‌وه بۆ ناو کاره‌ساته‌کان و ڕووداوه تراژیکه‌کان. هاوکات فه‌زایه‌کی کارتێکه‌ر بۆ ئێستای شاعیر دروست ده‌که‌ن، که به ته‌واوه‌تی زه‌ین و هزری شاعیر داگیر ده‌کات، بۆیه گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا بۆ شێرکۆی شاعیر ڕابوردوو نییه، به‌ڵکوو ئه‌و فه‌زا دۆزخی و ترسناکه‌یه که شاعیر به شێوه‌ی ئێگزیستانسیال هێشتا تێیدا ده‌ژی.
( ئێواره.. دوای بانگی برینتان من ئه‌گه‌م.. ئێواره.
ئێواره… دوای شێوه‌ی گریاوتان لاتانم… ئێواره
که هاتم مۆمێکم له قولله‌ی حه‌زره‌تی نالیی دا بۆ هه‌ڵکه‌ن
با ملی دارێ بێ یان په‌نجه‌ی نێرگزێ یان قژی وه‌نه‌وشه
زامێکم له دوندی ” که‌کۆن” ی ” حاجی” دا بۆ پێکه‌ن
با سه‌ری بڕڕاوی شێعرێ بێ یان مه‌مکی ” وه‌سانان” یان باڵای هه‌ڵه‌بجه. )
ده‌ربه‌ندی په‌پووله.. ل..7/ 8
شاعیر له به‌شی یه‌که‌می ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا له دۆخێکی زه‌مه‌نی تایبه‌تدا جێگیر ده‌بێ و سه‌رزه‌مینێکی دۆزه‌خییانه ده‌گێڕێته‌وه، دۆزه‌خی هه‌ڵه‌بجه ده‌گێڕێته‌وه، کوژرانی مێژوو و سرووشت و هه‌موو دیارده‌کانی ناو سرووشت ده‌گێڕێته‌وه، دیاره ئه‌م ڕووداوه دۆزه‌خییانه پێشتر و له ڕابوردوودا ڕوویداوه و شاعیر له ده‌قی خۆیدا ڕه‌وایه‌تی ده‌کات، به‌ڵام له جیهانی ژینراوی شاعیردا ئه‌م ڕابوردووه نه تێپه‌ڕ بووه و نه ته‌واویش بووه. بۆیه کاریگه‌ریی فه‌زای ڕابوردوو له سه‌ر ئێستای شاعیر به ڕاده‌یه‌که شاعیر ئێستای خۆی له هه‌مان فه‌زای ڕابوردوودا ده‌بینێته‌وه. به‌و مانا ڕابوردوو فه‌زایه‌که شاعیر هێشتا تێیدا ده‌ژی. به‌مه‌وه شاعیر ڕابوردوو به درێژکراوه‌ی ئێستا ده‌زانێت، نه‌ک به دیارده‌یه‌کی تێپه‌ڕبوو و ته‌واو بوو، له گێڕانه‌وه‌ی فه‌زای دۆزه‌خییانه و ڕووداوه ترسناکه‌کانی ناو دۆزه‌خدا، ڕابوردوو دێته‌وه ناو ئێستای شاعیر، بۆیه ڕابوردوو بۆ شاعیری ده‌ربه‌ندی په‌پووله ته‌نیا بابه‌تێکی په‌تی مێژوویی نییه که تێپه‌ڕ بووبێت و له ده‌قدا بگێڕدرێته‌وه، به‌ڵکوو ڕابوردوو ته‌واوی ئێستای شاعیر ده‌ته‌نێته‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌مان ئایدیای دیارده‌ناسانه و ئۆنتۆلۆژیکه له کانسێپتی زه‌مه‌ن.
( تاکوو دێم ئه‌و “مانگ”ه زه‌ردانه مه‌نێژن
بوه‌ستن! هه‌تاکوو تریفه‌ی غه‌ریبیی خۆم دێنم ڕاوه‌ستن!
هه‌تاکوو ئه‌گه‌م و خه‌رمانه‌ی هه‌ڵبه‌ستم ئه‌که‌مه پشتێنی ناو قه‌دیان
خۆزگه‌مه بۆ دواجار / ده‌ست که‌مه قه‌ڵبه‌زه‌ی گه‌ردنی هه‌موویان
یه‌ک به یه‌ک خه‌مانیان ڕاژه‌نم/ یه‌ک به یه‌ک به به‌ژنی دار لیمۆی ژه‌هراویی
مارتیاندا هه‌ڵزنێم/ یه‌ک به یه‌ک سه‌ر خه‌مه ناو سنگ و به‌رۆکی به‌فرینیان
یه‌ک به یه‌ک کڕنووشیان بۆ به‌رم/ یه‌ک به یه‌ک فوو بکه‌م به کونی زامیاندا و
شمشاڵی باڵایان لێ بده‌م. حه‌یران… حه‌یرانه…
ده‌ربه‌ندی په‌پووله.. ل: 12
فینۆمینۆلۆژیای گێڕانه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کانی مه‌نفا له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا
له به‌شی دووه‌می قه‌سیده‌ی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا شاعیر دیسان به هه‌مان ڕوانگه‌ی فینۆمینۆلۆژیانه‌وه ئه‌زموونی مه‌نفا و غوربه‌ت به گشتی و به تایبه‌ت ئه‌زموونی مه‌نفای خۆی و شاعیرانی ئه‌دبی کلاسیکی کورد ده‌گێڕێته‌وه، شاعیر هه‌وڵیداوه خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی له ئه‌زموونی مه‌نفای خۆی و شاعیرانی پێش خۆی له سێ سه‌فه‌ری خه‌یاڵی و سێ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تایبه‌ت له مه‌نفاوه بۆ زێد و نیشتمان بگێڕێته‌وه، دوو سه‌فه‌ری ئه‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌یه له مه‌نفاوه بۆ نیشتمان له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سێیه‌میش له کۆتایییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدایه، له گه‌ڵ خاڵه هاوبه‌شه‌کانی هه‌ر سێ ئه‌زموونی مه‌نفا له سێ زه‌مه‌نی جیاوازدا، هه‌ر سێ قه‌سیده‌که له ئاستێکی گشتی و فنۆمینۆلۆژیادا له یه‌کدی ده‌چن و سه‌ر به هه‌مان مێژووی درێژی مه‌نفان که له ئوستووره‌ی مه‌نفای “ئاده‌م و حه‌وا”وه بۆ سه‌ر زه‌مین و هه‌روه‌ها له ئوستووره‌ی مه‌نفای خوداکانی یۆنانه‌وه دست پێ ده‌کا و تاکوو سه‌ر خۆیان درێژ ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌م خاڵه هاوبه‌شانه‌شدا، هه‌رکام له‌م ئه‌زموونانه به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی باس له سه‌فه‌رێکی خه‌یاڵی و گه‌ڕاندنه‌وه ده‌کات له مه‌نفاوه بۆ شوێنی سه‌رده‌می منداڵی و یادەوه‌رییه‌کان و ڕابوردوو. به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره خه‌یاڵییه و ئه‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌یه له مه‌نفاوه بۆ نیشتمان لای شێرکۆ بێکه‌س، گێڕانه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت و ئۆنتۆلۆژیکه له دیارده‌ی مه‌نفا، بۆیه له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا سه‌فه‌ر له مه‌نفاوه بۆ سه‌رزمینێکی وێران و نیشتمانێکی دۆزه‌خ ئاسا له ساته‌وه‌ختێکی مه‌رگئامێزه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات که هه‌موو شته‌کان و دیارده‌کان تیایدا له نێوان مردن و ژیاندا له بێده‌نگییه‌کی ترسناک و ئه‌به‌دیدا نوقم ده‌بن. (سه‌فه‌ر له‌م تێکسته شیعرییه‌دا سه‌فه‌ری ڕۆحێکه له پێشدا ده‌بێت زیندوو بێته‌وه و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو جیهانی بوون، دواتر بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رزمینێکی واقعی که مێژووه‌که‌ی کوژراوه، سه‌رزمینێکی دۆزه‌خئاسا که سرووشت و هه‌موو جومگه‌کانی ناو سرووشته‌که‌ی کوژراوه، دواتر له ناو ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا به دوای که‌رت و پارچه جیاوازه‌کانی یادەوه‌ری خۆی و مێژووی کوژراویدا بگه‌ڕێت، دیاره هۆکاری مه‌یسه‌رکردنی ئه‌م سه‌فه‌ره خه‌یاڵییه و ئه‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌یه بۆ سه‌رزمینی کوژراو، عه‌شقێکی برایمۆکانه‌یه که ئه‌میش له بنه‌مادا بۆ خۆی ئه‌زموونێکی عاشقانه‌ی مه‌یله‌و مه‌رگه.)
ئاماده‌گی مه‌رگ له قه‌سیده‌ی “ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا” ئاماده‌گییه‌کی هه‌میشه ئاماده‌یه و له ده‌سپێکه‌وه تا کۆتایی، ده‌قه‌که ده‌باته پێشه‌وه. وه‌ک هایده‌گه‌ر ده‌ڵێت: مه‌رگ دوا ئیمکانێکه کۆتایی به ته‌واوی ئیمکانه‌کانه‌کانی دازاین ده‌هێنێت و ته‌واوی ئیمکانه‌کانی دازاین قفڵ ده‌کات. ڕوانینی شاعیر بۆ مه‌رگ وه‌کوو دیارده‌یه‌کی پێش وه‌خته ئاماده له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و هاوکات دوا ئیمکانێ که هه‌موو ئیمکانه‌کان تری مرۆڤ قفڵ ده‌کات و کۆتایی پێ ده‌هێنێت، ڕوانینێکی ئۆنتۆلۆژیکه بۆ دیارده‌ی مه‌رگ. به‌ڵام خاڵێکی هه‌ره جیاواز و به‌دیار له نێوان هێز و توانستی هونه‌ری و داهێنه‌رێتیدا له‌گه‌ڵ ڕوانینی فه‌لسه‌فی بۆ جیهانی بوون و دیارده‌کانی زه‌مه‌ن، ئه‌وه‌یه که هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و داهێنه‌رێتی هونه‌ری، به هۆی توانسته هێزه‌کییه‌کانی خه‌یاڵه‌وه زۆر جار له فه‌لسه‌فه و ڕوانگه فه‌لسه‌فییه‌کان به‌رزتره، نموونه‌ی ئه‌مه‌ش هه‌مان بۆچوونی فه‌لسه‌فی بوونناسانه‌ی هایده‌گه‌ره له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دیارده‌ی مه‌رگدا. شاعیر له ده‌سپێکی تێکسته‌که‌یدا و له ساته‌وه‌ختی گێڕانه‌وه‌ی دۆزه‌خی نیشتماندا، به بۆچوونێکی ئۆنتۆلۆژیکه‌وه ئاوڕ له مه‌رگ ده‌داته‌وه (وه‌کوو دوا ئیمکانێک که هه‌موو ئیمکانه‌کانی مرۆڤ قفڵ ده‌کات و کۆتایی به هه‌موو ئیمکانه‌کانی مرۆڤ ده‌هێنێت).
( ئه‌مانه باڵی وه‌ریوی په‌ریه‌کانن یان کۆتره‌کان؟
ئه‌ی ئه‌مانه گلێنه‌من یان دنکه زه‌یتوون و ترێ؟
نازانم ئه‌ز چۆنیان له یه‌کتر جیاوه‌که‌م؟
نازانم ئه‌ز چۆنیان له یه‌کتر
نازانم ئه‌ز چۆنیان
نازانم ئه‌ز.. )
ده‌ربه‌ندی په‌په‌ووله .. ل 39
شاعیر له‌م پاراگرافه‌دا باس له کاره‌ساتێکی تراژیک ده‌کا و مه‌رگ ده‌گێڕێته‌وه، مه‌رگ وه‌کوو دوا ئیمکانێ که کۆتایی به هه‌موو ئیمکانه‌کانیتر هێناوه و هه‌موو شتێک تیایدا بۆته سووتوو و خۆڵه‌مێش. له ساته‌وه‌ختی بینینی ڕووداوه تراژیکه‌کاندا شاعیر به‌ڕاده‌یه‌ک شپرز و سه‌رسام ده‌بێت ناتوانێت شته‌کان له یه‌کدی جیابکاته‌وه. بۆیه به‌رده‌وام پرسیاری گوماناوی ده‌کا له بوونی شته‌کان و له‌وه‌ش گرنگتر پرسیاری چۆن جیاکردنه‌وه‌ی شته‌کان له یه‌کتر ده‌کات. به‌ڵام دواتر و له چه‌ند پاژیتردا له‌م بۆچوونه فه‌لسه‌فییه ئۆنتۆلۆژیکه‌ش لاده‌دا و باس له مه‌رگێک ده‌کات که ئه‌به‌دی نییه و شته‌کان تیایدا دیسان زیندوو ده‌بنه‌وه. شاعیر ئه‌مجار له ڕوانگه‌ی هه‌ندێک له بیرمه‌ندانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێگزیستانسیالیست و به تایبه‌ت بۆچوونه‌کانی “سورن کێرکه‌گۆرد” و (پرسیار له مانای ژیان و باوه‌ڕ به زیندووبوونه‌وه‌ی پاش مه‌رگ) و تا ڕاده‌یه‌کیش فه‌لسه‌فه‌ی (وه‌حده‌تی وجوود) ی ئیبنوو عه‌ره‌بی و باوه‌ڕ به دۆنادۆنی ئایینی یارسان،) ئاوڕ له دیارده‌ی مه‌رگ ده‌داته‌وه، بۆیه ده‌بینین مه‌رگ له هه‌ندێ شوێنی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا مه‌رگێکی ئه‌به‌دی نییه و هه‌موو شته کوژراوه‌کان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه دیسان زیندوو ببنه‌وه و بگه‌رێنه‌وه بۆ ناو ژیان و خۆیان ڕه‌وایه‌ت بکه‌ن.
( – هه‌ڵه‌بجه‌ی ” حه‌للاج”م چیت بینی؟!
له‌م به‌ری که‌ناری گیانمه‌وه به‌هاری ڕمووزن.
گوڵی دڕ/ خۆری کوێر/ به‌فری ڕه‌ش / بای خنکاو/ ڕووباری زۆر زبر.
بارانی وشک و ڕه‌ق/ گری سارد/ خوێنی زه‌رد/ هاژه‌ی که‌ڕ/ گرمه‌ی لاڵ. چیم بینی؟
کۆتری ڕه‌ق/ گه‌دری هه‌ق / تاوانی فه‌ریشته / مناره‌ی جه‌رده و دز.
ئه‌ی له‌و به‌ر که‌ناری گیانته‌وه؟!
بڵێسه‌ی خۆڵه‌مێش/ شۆڕشی مردووه‌کان/ لافاویی وشکانیی/ هاواری بێ ده‌نگیی
پرشنگی تاریکیی / هیوای نائومێدیی/ سه‌وزایی تینۆیه‌تی / تێرێتی برسێتی و
فڕینی کێوانم من بینی!)
ده‌ربه‌ندی په‌پووله .. ل.. 114
ڕوانینی شاعیر بۆ دیارده‌ی مه‌رگ له‌م پاراگرافه‌دا، ڕوانینێکی ئه‌فلاتوونی و تا ڕاده‌یه‌ک دۆنادۆنییه. شاعیر توانا ده‌دات به هه‌موو شت و دیارده کوژراوه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی‌تر مه‌سیح ئاسا زیندوو ببنه‌وه و خۆیان بگێڕنه‌وه، شاعیر هه‌موو دیارده لێکدژ و پارادۆکسه‌کان به فۆرمێکی پاش پێکهاته‌خوازانه و( به گه‌ڕانه‌وه بۆ عیرفانی گنۆسیی و کابالایی) له ته‌نیشت یه‌کدی ڕیز ده‌کات و رۆح ده‌کاته‌وه به به‌ریاندا و زیندوویان ده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باسی چۆن کوشتنی خۆیان بکه‌ن و مه‌رگی خۆیان بگێرنه‌وه. لێره‌دا ئه‌زموونی مه‌رگ ئه‌زموونێکی دۆنادۆنییه و ئه‌وه‌ی ده‌کوژرێت دواتر به هێزێکی گه‌وره‌تره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ژیان، ئه‌وه‌ش ئه‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌یه فه‌راهه‌م ده‌کات ئیراده‌یه‌کی تراژیکه که له شیعردا به‌رجه‌سته‌یه و له‌م تێکسته‌دا، شاعیرێک له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دێت و مه‌نفییه گه‌وره‌کانی مێژووی کورد و ته‌واوی دیارده کوژراوه‌کانی ناو ئه‌م مێژووه به خودی مێژووشه‌وه یه‌ک به یه‌ک زیندوو ده‌کاته‌وه و جارێکی تر ده‌یانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناو ژیان. بۆیه ئاستێکی تری مه‌نفا له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا له ڕووی وجوودییه‌وه ئاستی زیندوو کردنه‌وه‌ی دیارده کوژراوه‌کان و ئینسانه مرددوه‌کانه و سه‌ر له نوێ به‌خشینه‌وه‌ی ژیانه پێیان. ئه‌مه‌ش دیسان به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی دوو ئاستی ناکۆکی مه‌نفایه له قه‌سیده‌ی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا. ئاستێکی دۆزه‌خییانه‌ی مه‌نفا که به‌رهه‌می هه‌ڵهاتن و ڕاوه‌دونانه و که‌سی مه‌نفی تووشی ته‌نیایی دژوار و غوربه‌تی کوشنده و هه‌ست به ئازاری ڕۆحیی و ده‌روونی ده‌کات، ئاستێکی تری مه‌نفا که له گه‌ڕاندنه‌وه و هاتنه‌وه‌ی که‌سی مه‌نفی بۆ نیشتمان و هه‌ستانه‌وه و زیندوو بوونه‌وه‌ی دیارده کوژراوه‌کان و سه‌ر له نوێ به‌خشینه‌وه‌ی ژیانه پێیان.
بۆیه پێموایه، ئه‌مه خاڵی هه‌ره جیاوازی ئه‌زموونی مه‌نفا بێت له نێوان شێرکۆ بێکه‌س و نالی و حاجی قادر دا، ئه‌زموونی مه‌نفا لای – نالی و حاجی قادر- له نووستنی به‌خت و نائارامیی و بێئۆقره‌ییه‌وه ده‌ستپێده‌کات، له حاڵێکدا لای شێرکۆ بێکه‌س ئه‌م ئه‌زموونه له مه‌رگ و زیندوو بوونه‌وه‌وه ده‌ستپێده‌کات. ئه‌مه‌ش درخه‌ری جیاوازیی ئه‌و پێکهاته و وه‌زعیه‌ته مێژوویی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئێمه‌یه له نیوه‌ی دووه‌م و کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه تا کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. (ئه‌زموونی مه‌نفا له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا له زۆر ڕووه‌وه، چه‌ند هه‌ڵاتنه له مه‌رگێکی فیزیایی و چه‌ند ده‌رئه‌نجامی ڕاکردنه له هه‌ڕه‌شه‌کانی مه‌رگ له نیشتماندا، به هه‌مانئه‌ندازه‌ش ڕاکردنه به‌ره‌و مه‌رگێکی مه‌عنه‌وی له ناو جیهانێکدا که شوێنێکی بۆ پێکه‌وه‌بوونی مێژووی شێرکۆ و ئه‌وانیده‌که‌ی تێدا نه‌ماوه‌ته‌وه، بۆیه مه‌نفا له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا شوێنی ته‌نیا که‌وتنێکی ڕه‌هایه و له زۆر ڕووه‌وه له گۆڕستان ده‌چێت، وه‌کچۆن گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ نیشتمان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و گۆڕستان.) .. مه‌ریوان وریا قانیع. ڕه‌هه‌ند ژ.12/13 ساڵی 2001 . ل. 105.
ئاماژه‌یه‌کی پێویست:
ئه‌م وتاره کورتکراوه‌ی وتارێکی درێژتره له ژێر ناو “خوێندنه‌وه‌ی ” شوێن – کات” له قه‌سیده‌ی” ده‌ربه‌ندی په‌پووله” ی شێرکۆبێکه‌سدا، له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی فنۆمینۆلۆژیاوه.