بەربوورەیی ئۆهایۆ*
گ= گوێگر
خ= خوێنەر
هەردووکیان بە ڕادەی پێویست لەیەک دەچن.
ڕووناکییەکە لەسەر مێزەکەی ناوەڕاستی تەختەی شانۆیە، بەشەکەی تری تەختەکە، تاریکە!
مێزێکی سپی تەختەییی سادەیە، قەبارەکەی با بڵێین ٤*٨ پێیە.
دوو کورسیی سپی تەختەییی ئاساییی بێ دەسک.
گ لە بەرامبەر مێزەکە دانیشتووە، بەرامبەر بە کۆتایییەکەی، لە دیوی ڕاستی بینەرانەوە. سەری بە سەر دەستی ڕاستی شۆڕ کردووەتەوە، دەموچاوی دیار نییە، دەستی چەپی لەسەر مێزەکەیە. چاکەتێکی ڕەشی درێژی پۆشیوە. قژی سپی و درێژە.
خ لە بەرامبەر مێزەکە دانیشتووە، لە ناوەڕاستی ڕووە پانەکەی مێزەکە، لە دیوی ڕاستی بینەرانەوە. سەری بە سەر دەستی ڕاستی شۆڕ کردووەتەوە، دەستی چەپیشی لەسەر مێزەکەیە. کتێبێک لە بەرامبەریدا کراوەتەوە و لەسەر لاپەڕەکانی کۆتایییە. چاکەتێکی ڕەشی درێژی پۆشیوە. قژی سپیی درێژە.
کڵاوێکی پانی ڕەش لە ناوەڕاستی مێزەکەدایە.
ڕووناکییەکە هەڵدەکرێت.
دە چرکە.
خ پەڕەیەک هەڵدەداتەوە.
بێدەنگی.
خ: (دەخوێنێتەوە) تەنها کەمێک ماوە بۆ وتن، لە دوایین هەوڵدا-
(گ بە دەستی چەپی بە مێزەکەدا دەدات).
تەنها شتانێکی کەم ماون بیانڵێم.
(بێدەنگی. گ بە مێزەکەدا دەدات).
لە دوا هەوڵدا بۆ بەدەستهێنانی کەمێک ئاسوودەیی، ئەو شوێنەی بەجێهێشت کە بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە لێی مانەوە، بۆ ژوورێکی تاکەکەسی لە دیوەکەی تری ڕووبارەکە. لە تاکە پەنجەرەکەیەوە دەتوانرێت کۆتاییی ڕێژگەکەی دوورگەی قوڵنگ ببینرێت.
(بێدەنگی).
هیوادار بوو ئاسوودەیی لە نامۆییەوە بڕژێت بە سەریدا. ژوورێکی نامۆ. دیمەنێکی نامۆ. بۆ دەرەوە وەک ئەوەی هیچ شتێک هاوبەشی پێ نەکرابێت. گەڕانەوە بۆ ئەو کاتەی هەرگیز هیچ شتێک هاوبەشی پێ نەکرابوو. لێرەوە ئاواتەخواز بوو بۆ جارێکیش بێت کەمێک ئاسوودەیی بڕژێت بە سەریدا.
(بێدەنگی).
لە خەونەکانیدا-
(گ بە مێزەکەدا دەدات).
پاشان ئاوڕ دەداتەوە و هەنگاوە خاوەکانی دەگەڕێتەوە جێی خۆی.
(بێدەنگی…
گ بە مێزەکەدا دەدات).
لە خەونەکانیدا، لە بارەی ئەم گۆڕانکارییەوە ئاگەدار کرابووە. ڕووخساری (ئازیز**)ـی بینی و گوێی لە وشە نهێنییەکانی بوو، لەو شوێنەی پێکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لێی ماینەوە؛ بمێنەوە، سێبەرەکەم دڵنەواییت دەکات.
(بێدەنگی).
ئاخۆ نەیدەتوانی-
(گ بە مێزەکەدا دەدات).
ڕووخساری (ئازیز)ی بینی و گوێی لە وشە نهێنیەکان بوو، لەو شوێنەی پێکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لێی ماینەوە؛ بمێنەوە، سێبەرەکەم دڵنەواییت دەکات.
(بێدەنگی. گ بە مێزەکەدا دەدات).
ئاخۆ نەیدەتوانی بگەڕێتەوە؟ هەست بە هەڵەکەی بکات و بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی پێکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لێی مانەوە. خۆیان پێکەوە هاوبەشی زۆر شتیان کرد. نەخێر، ئەوەی کردی ناتوانرێت لێی پاشگەز ببێتەوە. هیچ شتێک لەوانەی خۆی بە تەنها ئەنجامی داون توانای پاشگەزبوونەوەی نەماوە لەلایەن خۆیەوە.
(بێدەنگی).
لە خاڵی لووتکەدا، دووبارە ترس لە شەودا دەستی بەسەریدا هێنا. هەڵەیەک دوای ئەو هەموو کاتە، وەک ئەوەی پێشتر ڕووی نەدابێت. (بێدەنگی. بە قووڵی دەڕوانێت). بەڵێ، هەڵەیەک دوای ئەو هەموو کاتە، وەک ئەوەی پێشتر ڕووی نەدابێت. ئێستا، بە هێزێکی دووهێندە لەگەڵ هەموو ئەو کاریگەرییە ترسناکەدا دێت، بە وردی لە پەڕەی چل بڕگەی چوارەم باس کراوە. (بە پەڕەکاندا دەگەڕێتەوە، گ بە دەستی چەپی دەیوەستێنێت. لەو پەڕەیەوە دەست بە خوێندنەوە دەکات کە گوێرایەڵانە بەجێیهێشت). جارێکی تر شەوانێکی سپی لە بەختی ئەودان. وەک چۆن کاتێک دڵێکی بچووکی هەبوو. هیچ خەوێک، هیچ خەوێکی بوێرانە تاوەکو- (پەڕەکە هەڵدەداتەوە)- سپێدە.
(بێدەنگی).
تەنها کەمێکم ماوە بۆ وتن. شەوێکیان-
(گ بە مێزەکەدا دەدات).
تەنها کەمێکم ماوە بۆ وتن.
(بێدەنگی. گ بە مێزەکەدا دەدات).
شەوێکیان، لەکاتێکدا دانیشتبوو کەلـلەی سەری لەنێو دەستەکانیدا بوو، لە تەپڵی سەریەوە تاوەکو پەنجەی پێی دەلەرزی، پیاوێکی بۆ ڕاست بوویەوە و وتی: لەلایەن- لێرەوە ناوی ئازیزی وت- بۆ ئەوەی دڵنەواییت بدەمەوە. پاشان کتێبێکی شڕی لە گیرفانی چاکەتە درێژە ڕەشەکەی دەرهێنا و دانیشت، تا کازیوە خەریکی خوێندنەوە بوو. پاشان بەبێ هیچ وشەیەک ون بوو.
(بێدەنگی).
دواتر؛ لە کاتێکی تر دووبارە دەرکەوتەوە، لە هەمان کات لەگەڵ هەمان کتێب، ئەمجارەش بەبێ هیچ پێشەکییەک دانیشت و هەمووی سەر لە نوێ بەو شەوە درێژە، خوێندەوە. پاشان بەبێ هیچ وشەیەک ونبوو.
(بێدەنگی).
بەبێ ئەوەی یەک وشە لەگەڵ یەک بگۆڕنەوە وەکو یەک کەسیان لێ هات.
(بێدەنگی).
تاکو دوا شەو هات، کاتێک کتێبەکەی داخست و گەیشتبوونە کازیوە، ون نەبوو، وەلێ بێ ئەوەی وشەیەک بڵێت، دانیشت.
(بێدەنگی).
دواجار وتی: قسەیەکم لە- لێرە ناوی ئازیزی وت- وەرگرت کە ئیدی جارێکی تر نەگەڕێمەوە. ڕووخساری ئازیزم بینی و گوێم لە وشە نهێنییەکانی بوو، پێویست ناکات دووبارە بڕۆیتەوە، تەنانەت ئەگەر لە تواناشتدا بوو.
(بێدەنگی).
چیرۆکە خەمگینەکە-
(گ بە مێزەکەدا دەدات).
ڕووخساری ئازیزم بینی و گوێم لە وشە نهێنییەکانی بوو، پێویست ناکات دووبارە بڕۆیتەوە، تەنانەت ئەگەر لە تواناشتدا بوو.
(بێدەنگی. گ بە مێزەکەدا دەدات).
چیرۆکە خەمگینەکە دووبارە وترایەوە، لەکاتێکدا دانیشتبوون وەک ئەوەی بووبن بە بەرد. لە ڕێی تاکە پەنجەرەکەوە کازیوە هیچ ڕووناکییەکی نەنارد. لە شەقامەکەوە دەنگی هەستان لە خەو نەهات. یان کێ دەزانێت ئەو بیرۆکانە لەکوێ نێژراون بێ ئەوەی سەرنجی بدەن؟ بۆ ڕووناکی ڕۆژ. بۆ دەنگی بەخەبەرهاتنەوە. چ بیرۆکەگەلێک، کێ دەزانێت. بیرۆکە! نا، بیرۆکە نا. قووڵایییەکانی دەروون.
لە بێعەقڵیدا، هیچ ڕووناکییەک ناتوانێت بیگاتێ، هیچ دەنگێک، بۆیە دانیشە وەک ئەوەی وەکوو بەردت لێ هاتبێت. چیرۆکە خەمگینەکە بۆ دوایین جار وترا.
(بێدەنگی).
هیچ شتێک نەماوە بیڵێم.
(بێدەنگی. خ دەست بە داخستی کتێبەکە دەکات.
گ لە کتێبە نیوە داخراوەکە دەدات).
هیچ شتێک نەماوە بیڵێم.
(بێدەنگی. خ کتێبەکە دادەخات.
گ بە مێزەکەدا دەدات.
بێدەنگی. پێنج چرکە.
هەردووکیان دەستی ڕاستیان دەخەنەوە سەر مێزەکە، سەریان بەرز دەکەنەوە و سەیری یەک دەکەن، بێ ئەوەی چاو بتروکێنن، بەبێ هیچ کاردانەوەیەک.
دە چرکە.
تاریکی دادێت!
________________
*بەربوورەیی ئۆهایۆ، شانۆیەکی ساموێل بێکیتە، لە ساڵی ١٩٨١ نووسراوە، هەمان ساڵیش لە زانکۆی ئۆهایۆ نمایش کراوە، لە ساڵی ١٩٨٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ناوە ئینگلیزییەکەی (Ohio Impromptu)یە، بە عەرەبیش کراوە بە (ارتجالية أوهايو). لە زمانی کوردی وشەی (بەربوورە)مان بەرامبەر بە (Impromptu) داناوە، کە واتای کارێکی سەرپێیانە دەدات، لە فەرهەنگی مەهاباد ل٩٢، بەربوورە: إرتجال.
**ئازیز، بەرامبەر بە وشەی Dear دانراوە. لێرە بێکیت، نە ڕەگەز و نە تەمەنی ئەو کارەکتەرەی دیاری نەکردووە. چونکە باس لە لەدەستدانی ئازیزێک دەکات، ڕەنگە هاوڕێیەک بێت یان خۆشەویستێک. چۆن لەو چیرۆکەدا کارەکتەرەکە دەیەوێت ئەو قۆناغە بپەڕێنێت. سەرەتا بە گۆڕینی ژوورەکەی دەست پێ دەکات، بەڵام دواجار یادەوەرییەکان خۆیان دەخزێننە باسەکەوە.