ڕابردووگه‌رێتی له گێڕانەوەی کوردی‌دا
هەرگیز مەهێڵە ته‌نانه‌ت ڕاستی و حه‌قیقه‌ت، ڕێگری لە گێڕانەوەی باشی چیرۆکێکی باش بکات.
مارک تواین
۱- ماوەیەک لەوە پێش، داوەری خه‌ڵاتێک و فێستیڤاڵێکی ئەده‌بی بووم، تێکڕا کۆمەڵێک ڕۆمان و چیرۆکی کوردیم خوێندەوە. باسی ئەوە ناکه‌م ده‌قه‌کان لەبارەی ئەدەبییەوە چه‌نده سەرکەوتوو بوون، یان نەبوون. ئەوەی هانی‌دام ئەم یادداشته بنووسم زاڵبوونی جۆرێک لە ڕابردووگه‌رێتی ( Past-orientation ) بوو که بڕێکی باشی چیرۆکەکانی بڕیبووه به‌رخۆی، هانده‌ری دیکه ته‌شه‌نه و چاپی به‌لێشاوی هەندێ ڕۆمانی تیراژداره که به لۆژیکی حیکایه‌ت، ڕابردووی جوانکراو و نۆستالژیک به ناوی ڕۆمانی مێژوویی، یان هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕابردوو، ده‌به‌شنه‌وه.
ناپرسم بۆچی “ئێستا“ و “داهاتوو“ له چیرۆک و ڕۆمانی ئێمه‌دا غایبه، پرسیار ئەمه‌یه بۆچی له ده‌قی ئێمه‌دا ڕابردوو هێنده جوان و ئارام ده‌نوێنرێت، واته بۆچی ڕابردوو نۆستالژیک ده‌کرێته‌وه؟
۲- لە سەدەی بیستەمدا زۆرجار ئەدەبیات ئایندەی دەکردە به‌ستێنی خەیاڵی خۆی؛ لە یۆتۆپیای «ڕیالیزمی سۆسیالیستی»یه‌وه تا دیستۆپیای “ساینس- فیکشێن” نووسه‌کان. نووسەر ڕۆڵی «ڕەخنه‌گری ئێستا و بیناسازی داهاتوو»ی ده‌بینی. بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی ڕۆمان و چیرۆکە کوردییه‌کان و ته‌نانه‌ت به زۆری سریاڵ و شانۆکانیش، لە ناو ڕابردوویه‌کی گوڵبژێردا سەرگەردانن: گەڕەک و کۆڵانە کۆنەکان، ئاوایی و ماڵە ڕووخاوەکان، خانه‌قا و عیماره‌ته نه‌خشین و مێژوویییه‌کان، حیکایه‌ت و به‌سه‌رهاته ڕۆمانسی و ناسراوه‌کان، خاتره خاوه‌کانی منداڵی و داستانه سڕه‌کانی بنه‌ماڵە و یادەوەریی دایک و باوک.
له‌م نێوانه‌شدا گه‌ر ڕابردوو وه‌ک به‌هه‌شتی لەکیسچوو نیشان نه‌درێت، به نیگای حه‌سره‌تبارانه، له چاو «ئێستا و داهاتوو»، خۆشتر و ته‌ندروستتر وێنا ده‌کرێت.
۳-نۆستالژیا تەنیا گەڕانەوەیەکی سادە نییە بۆ ڕابردوو؛ ڕابردوو لە ڕەوایەت و گێڕانەوەی نۆستالژیکدا هەمیشە هەڵبژێردراو و ته‌ڵچن‌کراوه. واته نووسەر، یان کۆمەڵگا تیشک دەخاتە سەر هەندێک بڕگە و بەشی گه‌ش و بەشانێکی‌تریش دەسڕێتەوە. له زۆربه‌ی ئەو چیرۆکانه‌دا سەرەڕای چنینی هەندێ کێشە‌ی ناو ده‌ق (که زۆرجار بە خێروخۆشی چاره‌سه‌ر ده‌کرێت)، ڕابردوو جوان و دڵخواز نیشان ده‌درێت. ئیدی دواکه‌وتوویی، هەژاری، جیاکاری و سته‌می جنسیه‌تی و سیاسی و… نه‌دیوده‌گیرێن. ئەم جۆرە هەڵبژاردنە که بەڕواڵەت بێ زیانە، ئەزقه‌زا مه‌ترسیدار و کردەیەکی ئایدیۆلۆژیکە، چونکوو مێژوو وا دەنووسرێتەوە کە له ڕەشی و تاڵییەکەی خاوێن بکرێته‌وه و وێنە سانتیمانتاڵ و کارت‌پۆستاڵییەکه‌ی بمێنێتەوە. له کاتێکدا به وته‌ی والته‌ر بنیامین مێژوونووسی ڕاستەقینە ئەو که‌سه‌یه که ڕەنجه نه‌دیتراوه‌کان ده‌ربخات و ته‌نانه‌ت بۆ ڕزگارکردنی ئێستاش ده‌بێ سەرەتا ڕابردوو ڕزگار بکات.
٤- ئەم ڕزگارکردنه بە مانای گەڕانەوەی نۆستالژیک و ڕۆمانسی نییە بۆ “ڕۆژانی خۆشی تێپه‌ڕیو” بەڵکوو گەڕانە بەدوای چرکه‌ساتەکانی بەره‌نگاری و شکست و ئیمکان و ئەگەرە سەرکوتکراوەکانی ناو مێژوو.
بۆیە لێرەدا لێپرسینه‌وه و یەخه‌گرتنی مێژوو، لەگەڵ ڕزگارکردنی مێژوو لە یەک دابڕاو نین و یه‌کێکن. پرۆسەیەکی لەو شێوەیە ئیتر ناگاته سپیاو و جوانکردنی ڕابردوو؛ واتە ڕابردوو، لەبری ئەوەی “بەهەشتێکی ونبوو” بێت، شوێنی لێپرسینەوە و لەقاودانی ڕەنج و ڕاستییە ونبوو و سه‌رکوتکراوه‌کانه.
وێنەی ڕابردووی جوان و پاقژ، نه‌ک هه‌ر ده‌رگای ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو دادەخات، تەنانەت دەتوانێت ببێتە ئامرازێک لە دەستی دەسەڵات و گوتاری کۆنەویست و به سانایی بڵێن: “ڕابردوو جوان و خوازراو بوو، کێشەکە ئەمڕۆ و داهاتووه که‌واته با بگه‌ڕێینەوە بۆ دواوه.”
٥- نۆستالژیا لە ڕواڵەتدا یادکردن و گەڕانەوەیەکی بەسۆزە بۆ ڕابردوو، بەڵام لە پراکتیکدا دەستکاریکردن و شێواندنی بیرگه و یادەوەرییە نەک وەیادهێنانەوە. واتە ڕابردوو بە شێوەیەک دەگێڕێتەوە کە ئازار، شکست و ململانێ ڕاستەقینەکان بسڕدرێته‌وه و وێنەیەکی نەرم و ویستراو جێی بگرێته‌وه. بەم مانایە میکانیزمی نۆستالژیا زیاتر “فه‌راموشکردن و بیرسڕینەوەیە”، نەک “وه‌بیرهێنانەوه”. وه‌ک چۆن گه‌ڕانەوە و خۆفڕێدانی ده‌قه‌کی (textual) بۆ ڕابردوو، لای زۆربەمان بۆ ئەوە نییە لە ژێر تیشکی ئێستەدا نادیاریی ڕابردوو وه‌دیار بخرێت یان ئێستە باشتر که‌شف بکرێت، بەڵکوو ڕێک بۆ فەرامۆشکردنی ڕابردوو و نه‌دیوگرتنی ئێستایە.
کاتێک ئەدەب دەکەوێتە ناو ئەم تەڵەیەوە، مێژوویش دەبێتە بەرهەم و کاڵایەکی کولتووری. واته ئەده‌ب، مێژوو سانتیمانتاڵ و لووکس ده‌کاته‌وه و لە ئازار و نا‌دادپه‌روه‌ری و ململانێ واقعییه‌کان دووری ده‌خاته‌وه.
٦- با بگه‌ڕێمه‌وه بۆ پرسیاره‌که؛ بۆچی خەیاڵی ئەدەبی کوردی لە «ئێستە و داهاتوو» پاشەکشەی کردووە و پەنای بۆ ڕابردوو بردووە، که وایش ده‌کات ئەی بۆچی ڕابردوو قه‌یراناوی و پرابلماتیک ناکاته‌وه؟
به‌ڕای من به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نائەمنی و نامسۆگەریی «ئێستا»، هه‌میشه «ئێستا» پڕە لە ئاژاوه و شپرزیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هه‌رده‌م لەگەڕ و جووڵەیە و به سانایی خۆ بە ده‌سته‌وه نادا، ئیتر نووسه‌ری پشووکورت خۆی لە قه‌ره‌ی ئەو قه‌یران و ئاڵۆزییە نادا که درک و تێگەیشتن و به‌ده‌قکردنی هه‌روا سانا و بێ کێشە نییه. به‌م پێیە وێناکردنی ئایندە‌یش دژوارتره، لێڵ و مەترسیدارە و بارگاوییه به دیستۆپیا که سەیرکردنی بوێریی ده‌وێت.
لەم هەلومەرجەدا ڕابردووی ڕۆمانتیک شوێنێکی خۆشتر و هێورتره، بۆ نووسینی ساکاریش زووخێز و له‌بارتره، هه‌ر لێرەوە نۆستالژیا له قامه‌تی ئایدیۆلوژیادا و وه‌ک کاڵا (حه‌بی هێورکه‌ره‌وه و هۆشبه‌ر و…) ده‌رده‌که‌وێت. “کاڵا و بەرهەمی نۆستالژیک”یش چاکتر و خۆشتر دەفرۆشرێت.
۷- کاتێک ئەدەب تەنها ڕابردوو بنیات دەنێتەوە، هه‌م هێزی پێشبینیکردن و هێنانەدیی ئەگەر و ئیمکانەکانی لەدەست دەچێت و هه‌م خیانه‌ت له ڕەنجی ڕابردوو و ئومێد و هۆشداری داهاتوویش ده‌کات. به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌کیی (متنی) یۆتۆپیا، یان دیستۆپیا تەنیا خەیاڵکردن نییه، به‌ڵکوو ڕێگەیەکه بۆ ڕەخنەگرتن لە ئێستا و ڕابردوو و پێشنیارکردنی ئالتێرناتیڤ و جێگرەوە.
تا دۆخەکه وابێت پێش هەر باسێکی فۆرماڵ ئەم پرسیارە تێماتیکه ئاماده‌یه: ئایا گێڕانه‌وه و ئەدەبیاتی کوردی دەتوانێت هێزێک بێت بۆ ڕەخنەگرتن و ڕزگارکردنی ڕابردوو و نیشاندانی کورتی و ناقسیی ئێستا و هۆشداریدان سه‌باره‌ت به داهاتوو، یان جارێ مەحکوومە به‌وه‌ی له به‌هه‌شتی ساخته و جه‌علکراوی ڕابردوودا بژیه‌ت؟