لە شەپۆلەکانی چەپ‌ بۆ کەنارەکانی نەتەوە؛ وەرگێڕان وەکوو ئەمڕاز

یەک: دیاسپۆرا، تەنیا حیکایەتی ڕەنج و پەنابەری و غەریبی و دوورەوەتەنی نییە. بەشێک لە دیاسپۆرا خەریکە لە ڕێگەی مێدیا، ئەدەبیات و هونەر تەنیا دیوێک لە دیاسپۆرا بۆ ئێمە ئەنوێنێ؛ دیوە تاریک و دزێو و ناشیرینەکەی مەنفا. ئەو دیوە بۆ دیاسپۆرا و ئێمەی دوور لە دیاسپۆرا ڕاستە و ناسراوە، بەڵام ئایا ئەوە هەمووی دیاسپۆرایه؟

دوو: دیاسپۆرا ئەو مەنفا تاڵ و خراپ‌ئابادە نییە کە بەشێک لە دیاسپۆرا پیشانی ئێمەی دەدات. چوون بۆ بەشێکی کەمینەش لە دیاسپۆرا، جوگرافیای دوورەوەتەن مەیدانی هەوڵدانە بۆ کۆنترۆڵی وەتەن و دەست بەسەر نیشتمانداگرتن. مەیدانێکە بۆ کۆکردنەوەی هەموو جۆرە سەرمایەکان تا بتوانێ شوێن‌پێیەک لە نیشتمان بۆ خۆی پەیدا بکات، تا لە یادەکان ناوێک لە خۆی تۆمار بکات. لە مێژووی دیاسپۆرای کورد، ڕێکخراوەکان سەرەکی‌ترین دەور و دەرکەوتنیان لەو مەیدانەدا بووە. بەڵام ئێستا دامەزراوەکان و کەسەکان خەریکن دەورێکی بەرچاوتر دەبینن.

سێ: ئێمە لە سەدە لەبیرکراوەکاندا ناژین تا مێژوو بزر ببێت. ئێستا و لەو سەردەمەدا، مێژوو ڕۆژانە دەنووسرێتەوە و بەرهەم دێتەوە. لەم سەدەیە ناکرێت لە شەقامەکانی چەپ پیاسە بکەیت و بێ‌دەنگ و سرتە پێ بخەیتە ناو شەقامەکانی نەتەوە؛ ناکرێت سواری شەپۆلەکانی چەپ بێت و بێدەنگ و هەرا لە کەناری نەتەوەیی بوون ئارام بگریت. مەگەر ئەوەی داستانی خۆت بگێرییەوە، مەگەر ئەوەی مێژووی خۆت باس بکەیت، مەگەر ئەوەی باس لەوە بکەی چۆن لە جیهانی ئایدئۆلۆژیکی تایبەت، خۆت دەرباز کردووە و ڕزگاری لە جیهانێکی‌تر ئەدۆزیتەوە.

چوار: باوەڕ بە ئایدئۆڵۆژێکی تایبەت، خەتایەک یان گوناحێکی نەبەخشراو نییە. هەڵبژاردنێکی تاکەکەسییە لە ژێر کارێگەریی کۆمەڵێک فاکتۆری بەربڵاو. دەست‌هەڵگرتن لەو باوەڕەش وەکوو  مەعسییەتێک سه‌یری ناکرێت. بەڵام خراپترین دۆخ، سەرگەردانییە لە ناو ئایدئۆلوژییەکان، جووڵەیەکی پاندۆڵییە لە نێوان دەزگا فیکرییەکان. لەم سۆنگەوە ڕەونق و ڕەواجی دەزگایەکی فیکری و سیاسی دەبێ بە هۆی جووڵەی پاندۆڵی بەرژەوەندی و ویستە تاکەکەسییەکان و تەراتێن لە مەیدانێکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و هێمایی.

پێنج: وردببنەوە لەو هەموو کتێب و نووسراوەیە کە لە لایەن کەسانی تاراوگەنشین بڵاو دەبێتەوە. هەندێک کتێبی زانستی و هەندێکی تر کتێبی بیرەوەری و ئەدەبێ لێ دەرهاوێن، ئەوەی تر هەمووی ئامرازی نواندنەوەی کەسانێکە کە بە شوێن وەدەستخستنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و هێمایین. خاوەنی ئەو نووسراوانە وەکوو نووسەر، وەرگێڕ و کەسایەتی فەرهەنگی و ڕەوشەنبیر پیناسە ناکرێن. بەشێک تاراوگەنشینی لەمێژینەن، بەشێکیش چالاکانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو. بەشێکی بەرچاو لەو چالاکانە سەردەمێک سواری شەپۆلەکانی چەپ بوون، بەڵام هەرەسهێنانی جەمسەری چەپ بوو بە هۆی دوورکەوتنەوەیان لەو جیهانە و ڕووکردنیان بۆ جیهانێکی‌تر. بە وتەی چەپی ئۆرتۆدۆکس لە چەپەوە بۆ راست یان لە چەپبوون بۆ نەتەوەیی بوون.

شەش: کتێب دوای کتێب، نووسراوە بە دوای نووسراوە لە لایەن هەندێک کەس بە ناوی وەرگێڕ و نووسەر بڵاو دەبێتەوە. کتێب هەیە وەکوو “شوانی کورد” ی شەمۆ پێشتر بە هەر دوو زمانی فارسی و کوردی بڵاو بۆتەوە، ئەوان دووباره بە هەر دوو زمان بڵاوی دەکەنەوە. کتێبی دابەشکردنی کوردستانی ڤاسیلیەڤا کە پێشتر لە لایەن کەسانی پسپۆر به کوردی بڵاو بۆتەوە، ئەوان بە فارسی بڵاوی دەکەنەوە. کتێبی ئاکادمیسیەنە ڕووسەکان کە پێشتر بە عەرەبی و کوردی لە چاپ دراوە، ئەوان بە ناوی فارسی دەیخەنە بازارەوە. ژیاننامە دەنووسن، کەشکۆڵ بۆ ناوچەکان کۆ دەکەنەوە و ناوی دەنێن مێژوو. لە تاران، باشوور و ئوروپا کتێب بڵاو دەکەنەوە و ناویان لە هەموو کاناڵ و سایتەکان دەبینرێت. سەیر ئەوەیە لە ئیدیتی ئەو کتێبە ساکارانە، دەبێ ئیدیتۆرەکان فریای ڕاستکردنەوەی نووسراوە فارسی و کوردییەکانیان کەون!

حەوت: کتێبسازی، خۆوەرگێڕ و خۆنووسەر نیشاندان لە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەیی هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و هێمایی، هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵی زەینەکان، جووڵەیەکی پاندۆڵییە بۆ خۆڕێکخستن لە گەڵ سەردەم و ڕەنگەکانی. دیارە لێرەدا مەبەست پێشخستنی زانست و مەعریفە لە سەر کوردستان نییە، بەڵکوو چەسپاندنی ناوەکانە له سەر نووسراوەکان یان ڕاگرتنی ناوەکانە لە مێدیا و مۆنۆپۆڵکردنی چاپ و چاپەمەنییە. بۆ ئەوان ڕەوشەنبیری، ئەندیشە و هزر، وەرگێڕان، کوردناسی، ئەخڵاقی حیرفەیی گرینگایەتێکی ئەوتۆی نییە، ئەوەی لای ئەوان گرینگە پاشکەوت‌کردنی سەرمایەکانە، بەدەست‌گرتنی میدیا و چاپەمەنییەکانە تا لە ژێر ناوی وەرگێڕ بتوانن لە پانتاییی گشتی هەر بمێنن و لە دوورەوەتەن، نیشتمان بە دەستەوە بگرن.

بەڵام بێ‌ئاگا لەو ڕاستییەن کە مانەوە لە پانتاییی گشتی بە جووڵەی پاندۆڵی ناکرێت، ناکرێ لە کەنارەکانیش سواری شەپۆلەکان بیت.