له‌باره‌ی (وەسف)ی پێویست و ناپێویست لە گێڕانەوەدا
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێك له‌باره‌ی پێكهاته‌ی ڕسته و په‌ره‌گراف، پێویستی و ناپێویستی وشه‌كانی نێو پێكهاته‌كه، كارێكه ته‌واو دژ به پڕه‌نسیپی فره‌مانایی و لێكدانه‌وه‌یه. له بنه‌ڕه‌ته‌وه ڕاڤه‌ی تێكست – هێرمۆنتیكا ڕێگه‌مان نادا بڕیار له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی كارێك بده‌ین و مانا و ڕاڤه له قالب بده‌ین. ئه‌م كاره دژ به تیۆرییه‌كانی خوێندنه‌وه و تێكسته. به دیوێكی دیكه‌دا گواستنه‌وه‌ی تێكسته بۆ ڕووبه‌رێكی ده‌سته‌مۆ و ڕووكه‌ش، كه گوایه ئیدی ده‌كرێ وشه و ڕسته‌كان له كۆنتێكستێكدا زیاد و كه‌م بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له ڕۆژان ڕێكه‌وتی تێورییه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌راییی (ژاك دێریدا)، مه‌رگی نووسه‌ری (ڕۆڵان بارت)، یان هێرمۆنتیكا لای (پۆڵ ڕیكۆر)مان كردبێت، ڕێگه به خۆمان ناده‌ین به‌م ئاسانییه مانا سنووردار بكه‌ین و هه‌ست و حه‌زه‌كانمان به‌سه‌ر نووسه‌ردا بیسه‌پێنین. ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی پڕۆسه و پڕهنسیپهكانی نووسینی ئه‌ده‌بی، ده‌كرێ له‌و ئاڕاسته‌یه‌وه قسه له‌سه‌ر تێكنیكه جۆراوجۆره‌كانی نووسین بكه‌ین. له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌مه‌وێت هه‌ندێك سه‌رنج له‌باره‌ی پرسوباسی (وه‌سف) له گێڕانه‌وی ئه‌ده‌بیدا بخه‌مه ڕوو. ده‌مه‌وێت دیالۆگێك دامه‌زرێنین و له پشت ئه‌و قسه سواو و میلییانه‌ی له‌باره‌ی (وه‌سف)ه‌وه ده‌كرێن.
لە ڕۆمانی کلاسیک‌دا وه‌سف بایەخێکی زۆری پێ دراوه. هه‌ندێك له ڕۆمانەکان چەندان بەرگ بوون. باسه‌كه پێوه‌ندی به دیدگا و هزری ئه‌و شوێنكاته‌وه هه‌بووه. دۆخ و ژیانی مرۆڤ ڕێگەی دەدا وردەکارییەکان زیاد لە پێویست باس بکرێن. واقیعی ئه‌وكات، ئه‌وه‌ی خواستووه گێڕانەوەکان درێژ بکرێنەوە. لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و گۆڕانی دۆخی ژیان و ژیار، دەرکەوتنی ڕەوت و شێوازی نوێ، واقیعێكی نوێ دێته پێشه‌وه، به‌تایبه‌ت له پرسوباسه فكری و فه‌لسه‌فییه‌كان. به‌و هۆیه‌وه ئەدەب و هونەریش گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەم باسە لە بزووتنەوەی ئاڤانگاردیزمدا بووە جووڵە و ئاکت. لە ڕۆمانی هاوچەرخدا، بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییەکان و ژیانی مرۆڤ، پێویستی و جۆر و ڕۆڵی وەسف لە گێڕانەوەدا زیاتر قسەی لەسەر کرا و لە لایەن توێژەر و نووسەرانەوە ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆری لە بارەوە درا. واتا ئەم پرسە لینکی هەیە لەگەڵ سەردەم و چۆنیەتیی ناوەڕۆکی ژیانمان. به مانایه‌كی دیكه، واقیعێكی نوێ دروست بوو، كه تێكه‌ڵاوییه‌كی تۆخی له‌گه‌ڵ فكردا هه‌بوو. بێگومان نزیكبوونه‌وه و تێكه‌ڵبوونی سنووری ئه‌ده‌ب و فكر، جیاوازی و واقیعه‌كه‌ی سه‌پاند.
مادام گێڕانەوە به جۆرێك له جۆره‌كان خەڵقکردنەوەی ژیانە، بایەخی وەسف لە دروستکردنی ئەو ژیانەدا دەردەکەوێت. خوێنەر دەتوانێت بەهۆی وەسفەوە وێنای شوێن و کات بکات و خۆی لەنێو کەشوهەوای سیاسی و سۆزداری و دەروونی ببینێتەوە. دەکرێت لە ڕیگەی وەسفی ڕووخسار و جلوبەرگ، کەسایەتی و دۆخی کۆمەڵایەتیی کارەکتەرەکان بناسینەوە. لە ڕێگەی وەسفی هەستەکان باس لە ترس، خۆشی، تەنیایی، خۆشەویستی و ڕق بکەین.
زۆرجار گوێمان لێ دەبێت، دەگوترێت بۆ ئەدەبیات زمان هەموو شتێکە، بەڵام ناڵێن چۆن؟ هەندێکیان زمان له هه‌ڵه‌چنی و ڕێنووس و خاڵبەندی كورت ده‌كه‌نه‌وه، هەندێکیشیان بایه‌خ به شیعریەت و ڕەوانبێژیی ده‌ده‌ن. ئێدیت و كاری ئێدیته‌ر باسێكی دیكه‌یه و پڕۆژه‌یه‌كی زۆر گشتگیرتر و گه‌وره‌تره. وردەکارییەکانی زمان لە ئەدەبیاتدا هەتا بڵێی ئاڵۆز و زەحمەتن. کاتێ دەگوترێ ئەم تێکستە زمانی باشە، یان خراپە، ئەم قسەیە بەم کڵێشەیییەی هیچ ناگەیەنێت و هەموو کەسێک دەتوانێت بیکات. لەپشت هەر وشەیەک کۆمەڵێ وردەکاری هەن، وشه‌كان له‌و ڕووه‌ی ده‌یان بینین، جیاوازتر و فره‌لاترن. وشه‌كان به تێگه‌یشتنی دێریدا فریوده‌رانه‌ن، زیاد له مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرن و خۆیان ناده‌نه ده‌ست یه‌ك تێگه‌یشتنی ڕووت. دروستکردنی ڕستەیەک، واتا گونجاندن و کارکردن لەنێو ده‌یان هاوكێشه‌ی مانایی و وردەکاریی ئێستاتیكی. ئەم کارەیش بە ڕۆژێک و دووان فێری نابین، هه‌موو ته‌مه‌نمان فریای بیركردنه‌وه ڕاڤه‌ی نیوه‌ی ئه‌و تیۆری و كارانه ناكه‌وین، ئیدی چۆن به‌و ئاسانییه‌وه بڕیار و ئه‌نجامێكی ماتماتیكی له ڕاڤه‌ی تێكستێك ده‌خه‌یته ڕوو؟ پڕۆسه‌ی نووسین خاڵێك نییه پێی بگه‌ین یان بڕوانامه‌یه‌ك نییه به ده‌ستی بهێنین، له دنیای نووسین و خوێندنه‌وه ڕاڤه‌كان بێ‌سنوورن. هەروەها کارێک نییە بێهه‌وڵدان و بیركردنه‌وه فێری ببین. ڕەنگە مەعریفەی زمان و ئاڵۆزی و چڕی و زەحمەتییەکانی بە جۆرێک بن، ئەگەر ئامێرێک هەبووایە ئەو ئاڵۆزییانه‌ی دەربخستنایە، کەس ئەو ئازایییەی نەدەبوو بەو ئاسانییە لەبارەی زمانەوە قسە فڕێ بدات، یان هێندە ماتماتیکیانە زمان دابەشی باش و خراپ بکات، به قسه و گوزاره‌ی كڵێشه‌یی لێره و له‌وێ جوانی و ناشیرنی یان ئاڵۆزی و ساده‌یی زمان به‌سه‌ر تێكستی ئه‌و نووسه‌ر و ئه‌م نووسه‌ر ببه‌شێته‌وه.
زمان لە ئەدەبیاتی گێڕانەوە- داهێنەرانە، کارێک نییە تەنیا پشت بە بابەت یان تەکنیک (به هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه) ببەستێت. ئەمانە و دەیان وردەکاریی دیکە، هه‌ر به ئاماده‌یی و جادووی زمان، پێکەوە تێکستێکی داهێنه‌رانه بەرهەم دەهێنن.
لە ڕووی ڕێزمانییەوە، وشەکان وەک کەرەستەن، پێویستە ئێمە وەبەرهێنانیان تێدا بکەین. دارتاشێک با هەموو کەلوپەلە پێویستەکانی لەبەردەم بێت، ئەگەر تەنیا قسه بكات و کات بە فیڕۆ بدات و ئەزموون و بەهرەمەندی نەبێت، هیچ لە باسەکان ناگۆڕێن، یان شتێكی ناته‌واو و ته‌قلیدی دروست ده‌كات و باوه‌ڕیش به خۆی ده‌هێنێت كارێكی داهێنه‌رانه‌ی كردووه. ئه‌مه ئاكتێكی زه‌حمه‌ت نییه. مرۆڤ چۆن كۆششی هه‌یه بۆ فریودانی ئه‌وانی دیكه، ئاوایش هه‌وڵ ده‌دات بۆ فریودانی خۆی. ئەم کارە كۆمه‌ڵێ پێشمه‌رج و ئاماده‌كاری و هه‌وڵدان و ماندووبوونی پێویسته. پاش هه‌موو ئاماده‌كارییه پڕاكتیكییه‌كان، دارتاش لە سەرەتاوە دەبێت نەخشەی ئەقڵیی هەبێت بۆ دروستکردنی کورسییەک یان داهێنانێک، تا بتوانێت کارێک بکات و کەلوپەلەکان لێک بدات و فۆڕمی نوێیان لێ پێک بهێنێت. لێره‌وه دیوێكی كاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه دنیابینی و تێگه‌یشتنی بۆ كار و پڕۆژه‌كه‌ی دامه‌زراو و قووڵ بێت، ڕوانگه و كاره‌كانی به‌رهه‌می ئه‌و فۆڕمه بن، كه به هه‌وڵدان و ڕامان و ئه‌زموون پێی گه‌یشتووه.
ئێمە کاتێک باسی وەسف دەکەین، مه‌به‌ستمان وه‌ستان و ڕامانه له‌سه‌ر ئه‌ركی وشه‌كان. له بازنه‌ی ڕێزماندا، وەسفی ناو (ئاوەڵناو) و وەسفی کار (ئاوەڵکار) مان هه‌یه. ئەمانە لەنێو ڕستەدا لەگەڵ ناو (Noun) و کار (verb) تێکەڵ دەکرێن. هەڵبەت بە هاوکاریی دیالۆگ لەپاڵ وەسفدا، نووسەری بەئاگا لە ڕێگەی (Verb)کارەوە ناهێڵێت وەسفەکان، جووڵەی گێڕانەوە بوەستێنن. لێره‌دا ئامانجمان نییه بڕیار بده‌ین چی زیاده و چی كه‌مه، به‌ڵكوو ئامانجمانه له ڕووی ئه‌ركه‌وه قسه له‌سه‌ر پێویستی و ناپێویستی وشه‌كان (وه‌سف) بكه‌ین. هێشتا ئه‌مه نابێته حوكم، به‌ڵكوو جۆرێك له سه‌رنجه له‌سه‌ر پێكهاته‌ی وشه و ڕسته‌كان.
ئێمه باسه‌كه‌مان گێڕانه‌وه‌یه، وه‌سفی بینین، بیستن، بۆن‌کردن، دەستلێدان و تامکردن گرنگن بۆ گێڕانه‌وه. باسكردنی ئەم هەستانە ئه‌گه‌ر ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئەزموونی زیندوو بۆ خوێنەر دروست دەکەن. ناکرێ ئەم هەستانە لە تێکست لا بدرێن، بەڵام وەسفی زۆر و بێکاریگەر و بێکردار خوێنەر ماندوو دەکەن. لێره‌وه ده‌زانین كێشه له ئه‌ركی وشه‌كان هه‌یه. لەهەمان کاتدا وەسفی کەم (گێڕانه‌وه‌ی ناته‌واو)، گێڕانەوە لە ڕاستەوخۆیی دەربڕین نزیک دەکاتەوە و فۆڕمی ئەدەبی لاواز دەکات و شوێن و کات و کارەکتەرەکان ناڕوون دەهێڵێنەوە.
لای من هاوسەنگی له نێوان وەسف، دیالۆگ و کاردا جێی بایه‌خه. دەتوانین بڵێین وەسف کلیلی دروستکردنی گێڕانەوەیەکی ئەدەبییە بۆ پێشاندان، نەک گوتنی ڕاستەوخۆ، ئەمە بۆ داڕشتنی هەواڵ، گوتاری سیاسی یان کۆمەڵایەتی ئاسایییە، بەڵام ئەدەبیاتی گێڕانەوە جیاوازە. لە گێڕانەوەی ئەدەبیدا وەسف ئه‌ركی ئه‌وه‌یه هەست دروست بکات، نەک تەنها زانیاری بدات. نووسەری بە ئەزموون دوای دڕافتی یەکەم، لە کاتی پێداچوونەوەدا، ئەم پرسیارانە لە خۆی دەکات: ئایا ئەم وەسفە خزمەتی گێڕانەوەکە دەکات؟ ئایا خوێنەر پێویستی بەم زانیارییانەیە؟ ئایا ئەم شوێنکاتە گونجاوە بۆ ئەم وەسفە؟ ئایا ئەم وەسفە خێراییی گێڕانەوەکە چی لێ دەکات؟ بە پشتبەستن بەم هەڵسەنگاندنە، وەسفی ناپێویست لا دەبات و لە شوێن و کاتی گونجاو وەسف زیاد دەکات. ئه‌مه‌یش پڕۆسه‌ی ئێدێتكردنه له لایه‌ن نووسه‌ر خۆیه‌وه، كه گرنگترین قۆناغی نووسینی تێكستی ئه‌ده‌بییه. هەوڵی نووسەر پێویستە بۆ ئەوە بێت ئاوەڵناوەکان تێکەڵ بە دیالۆگ و کار بکات، ئه‌ركیان پێ بسپێرێت. نووسین کارێکی ئاسان نییە، پێویستە ڕەچاوی چەندەها وردەکاری بکەیت، چونکە دروستکردنی هاوسەنگی و هەڵبژاردنی تەکنیک و مۆدی گێڕانەوە لە دەستی نووسەرە. هەڵبەت ئەمانە بە زمان دەکرێن، ناکرێ بە زمانێکی کرچوکاڵەوە، بە ئەزموون و مەعریفەیەکی کەم و سنوورداری زمانەوە، پێت وا بێت داهێنان دەکەیت. نووسەر دەبێت بزانێت تۆنی گێڕانەوە چییە و لە ڕێگەی وەسف، هەستەکان وێنا بکات. دەتوانین بڵێین وردەکارییەکانی وەسف ستایلی تایبەتی نووسەر دەردەخەن. من خۆم بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی نووسه‌رێك بناسمه‌وه، له مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕسته‌سازی و ئه‌ركسپاردن به وشه‌كانی ورد ده‌بمه‌وه. تا قسەکانمان لە ئاستی تیۆریدا نەمێننەوە، چەند نموونەک دەخەمە ڕوو:
یەکەم: نموونەی پەرەگرافێ، کە وەسف ئه‌ركی نییه و زۆرتر زانیارییە: (چوومە نێو باخچەکە. ئاسمان پڕی هەوری ڕەش و تاریک بوو. وەک شەپۆلی کەنار دەریا، هەورەکان دەجووڵان. هەورەکان لە هەندێ شوێن وەک پەڕۆی ڕەنگ کاڵ و تۆخ لە ئاسماندا پەرتەوازە بوون. خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندا وەک تۆپێکی داپۆشراو بە قوماشێکی ڕەش وابوو و نە دەدرەوشایەوە و تیشکەکانی وەک تیرێکی زێڕین نەدەگەیشتنە سەر زەوی. بایەکی نەرم و خۆش دەهات، دارەکان بە گەڵای زەرد و سیسەوە دەلەرزین. باخچەکان پڕ بوون لە گەڵای وەریو و گوڵە زەرد و سپی و شین و سوورەکان نەمابوون…)
کێشەی ئەم پەرەگرافە: وردەکارییەکان زیاتر زانیارین و زۆرن، به وەسفی بێئهرك خوێنەر ماندوو دەبێت، لە هەموویشی گرنگتر، به‌و هۆكاره گێڕانەوە وەستاوە. هەڵبەت دەکرێ بۆ گۆڕانکاری و باشترکردن، نووسه‌ری كه‌مئه‌زموون گوێ له ئێدیته‌ر بگرێت، ئەو ته‌نیا ده‌توانێ پێشنیار بۆ نووسەر بکات، كه وشه وه‌سفییه‌كان یان ئه‌ركیان پێبسپێردرێ یان لابدرێن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای نووسەرە.
بۆ نموونه دەکرێ ئێدیته‌رێك ئەو پەرەگرافە بەم جۆرە دابڕێژێته‌وه: (ڕۆژێکی ساردی پایز بوو. لە باخچەکەی بەرانبەر ماڵمان، لە هەوری ڕەش و گەڵا و گوڵەکان ورد بوومەوە.)
ئێدیته‌ر ڕوونی دەکاتەوە، پەرەگرافەکە ئاوا باشترە، چونکە کورت‌بڕی و وردەکاری پێویست و هاوسەنگی لە نێوان کردار و وەسفدا هەیە. هه‌موو وشه‌كان ئه‌ركیان هه‌یه.
با نموونەیەکیش وەرگرین، کە کورت‌بڕی زۆرە و گێڕانەوەکە پێویستی بە وەسفە:
(ڕۆیشتە ژوورەکەی. ژوورەکە بچووک بوو. دانەنیشت و هاتە دەرەوە.) لەم چەند ڕستەیەدا خوێنەر ناتوانی هیچ وێنا بکات، نووسەر ناڵێ چ جۆرە ژوورێکە، هەستەکان چۆنن، شوێنەکە پێویستی بە وەسفە.
دەکرێ به پێشنیاری ئێدیته‌ر یان پێداچوونه‌وه‌ی خۆی، وەسفی ژوور و دۆخەکە، گێڕانەوەکە تەواو سەرنجڕاکێش بکات. به‌م جۆره:
(ڕۆیشتە ژوورەکەی. لە نیوەڕۆیانیشدا تاریک بوو، تەنیا ڕووناکایییەکی کەم لە کەلێنی پەردەی پەنجەرە بچووکەکەوە دەهات. دەنگی چرکەی کاتژمێر و بۆنێکی ناخۆش بێزاری دەکرد. لەسەر مێزەکەدا کتێبێکی کۆن دانرابوو، تۆزی لەسەر نیشتبوو. دانەنیشت و هاتە دەرەوە.)
لەم پەرەگرافەدا خوێنەر وێنەی ڕوون دەبینێ. کەشوهەوا و هەستەکان دەردەکەون (بینین- بیستن- بۆن‌کردن) بە هۆی ئەو هەستانەوە ماناکانی (تەنیایی، تاریکایی، کۆن، فه‌رامۆشی، دابڕان، دڵتەنگی…) هه‌موو وه‌سفه‌كان ئامانج و ئه‌ركیان هه‌یه. وەسفەکە به‌گشتی هەست و ئاواز دروست دەکات.
لێرەوە کورت و پوخت دەزانین، مەرج نییە هەموو وەسفێک ناپێویست بێت، مەرجیش نییە هەموو وەسفێک پێویست بێت. پێویست به مانای ئه‌رك (function). کاری نووسەر لەگەڵ وشە و ڕستەدا زۆرتر لە کاری ئەندازیاری ته‌لارساز دەچێت، ئامادەکاریی پێویست، پێوانی دروست و هاوسەنگی و دابەشکردن، وێناكردن و خه‌یاڵ و نه‌خشه‌ی ئه‌قڵی دەبنە بناغەی کارێکی داهێنەرانە و دروست. هه‌ر كه‌می و زیاده‌یه‌ك، هه‌ر پارچه‌یه‌كی بێسوود، خاڵێكی نه‌گه‌تیڤه و ئه‌ندازیار ده‌بێت چاره‌ی بكات.