هێردەر ئەندازیاری مێژوو
(فەلسەفەی مێژوو لە نێوان گێڕانەوە و زانیندا)
لە گێڕانەوەوە بۆ سیستەمی مەعریفی
هێردەر تێڕوانینێکی قووڵ دەخاتەڕوو، کە تێگەیشتنی کلاسیکی (گێڕانەوەی مێژوویی) تێدەپەڕێت. ئەو مێژووی وەک گێڕانەوەیەکی کرۆنۆلۆژی ڕووداوە یەک لە دوا یەکەکان بەتەنها نەدەبینی، بەڵکوو بە بونیادێکی مەعریفی دادەنا، کە لەنێو خۆیدا تامەزرۆیییەکی فەلسەفی بۆ دروستکردنی (بونیادێکی تیۆری)ی گشتگیری هەڵدەگرت، کە عەقڵ ڕۆشن دەکاتەوە و ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە[1].
ئهو لە خاڵێکی بنەڕەتییەوە چووه نێو توێژینهوه مێژوویییەکانهوە، ئەویش ڕەخنەگرتن بوو لە تێگەیشتنە ڕووکەشییەکانی مێژوو، وەک بە ڕوونی لە میانەی ڕەخنەگرتن لە پڕۆژەکەی مێژوونووس (وینکلمان) دەربارەی مێژووی هونەر دەردەکەوێت، ئەو پێیوایە کە نابێت مێژوو تەنها لیستی کرۆنۆلۆژی ڕووداوەکان بێت، بەڵکوو بەلایەوە دەبێت زانستێک بێت، کە بەدوای تێگەیشتنێکی قووڵی جووڵەی هونەر و هزر و کۆمەڵگەدا بگەڕێت. دیارە وشەی یۆنانی (Histore) بۆ مێژوو، تەنها واتای گێڕانەوە نییە، بەڵکوو بە واتای (تێبینیکردن) و (زانین) و (پشکنین)یش دێت. بەم واتایە، مێژوو دەبێتە ئامرازێک بۆ پەیبردن بە پەیوەندییەکانی نێوان (هۆکار و ئەنجامەکان) و وردبوونەوە لە هەر واقیعێک وەک گشتێکی تەواو کە بنەڕەت و لێکەوتەی خۆی هەیە[2].
هێردەر باوەڕی وابوو (ماددەى مێژوو) بریتییە لە کار و غەریزە و کەش و ڕۆحى گەل لە ناوەندە جوگرافییەکەیدا، دواتر مێژوو دەبێت وەک (وێنە) بخرێتەڕوو، نابێت بۆ بەگشتیکردن (تعمیمات) شی بکرێتەوە، بەڵکوو ئەفسونى مێژوو لە دیارنەبوون (غیاب) و دوورییەکەیدایە.
هەر بیرۆکەى ئەو دوورییە بوو کە توانى ئەو هێزە پاڵنەرە لە هێردەردا بۆ کار و چالاکییەکان دروست بکات. وەک دەڵێت:” لێرەوە خۆشەویستیم بۆ تێڕامان و گریمانەکردن و لایەنە شاراوەکانى فەلسەفە و هۆنراوە و چیرۆک و هزر و حەزم بۆ سێبەرەکانى سەدە دێرینەکان و ئەو سەردەمە کۆنانەى کە بەسەرچوون و تامەزرۆییم بۆ عیبرانییەکان و یۆنان و میسرییەکان و کلت و سکوت و… تاد دروست بوو. هەر لەم خۆشەویستییەشەوە یەکەم بوارى چالاکى و خەونى گەنجێتیم بە جیهانى ئاوەکانەوە پەیوەست بوو، هەر ئەمەش ناچارى کردم تا بە نهێنییەکانى سایکۆلۆجیا و ئەو هزرە نوێیانەى کە لە دەروونى مرۆڤایەتییەوە دێنەدەرەوە ئاشنا ببم و دواتر شێوازى خۆم لە کۆکردنەوەى ڕوونى و پەنهانییدا دیاری بکەم و تێڕوانیینە گشتییەکانم بۆ بەشەکان و وێنە مێژوویى و بەڵگەنامەکانى ڕەگەزى مرۆیى لێوەى دابڕڕێژرێت”[3].
هێردەر شوێنێکى ناوەندى لە نێوان ڤۆڵتێر و بۆسەوییەدا داگیر کردبوو، وەک ڤۆڵتێر دڵسۆزى زانست و وەک بۆسەوییە دڵسۆزى بەها ئایینییەکان بوو. هەر تێگەیشتنە فراوانە میانەڕەوییەکەى بوو، کە توانیبووى هاوسەنگى لە نێوانیاندا ڕابگرێت. لەسە ڕێبازەکەى ڤۆڵتێر توانى دیوارەکانى مێژووى ئایینى و مێژووى نائاینیى تێکبشکێنێت. هاوکات جوانییەکانى سەردەمى ڕۆشنگەرى وەرگرت، بەبێ ئەوەى ئەو جوانییانە تاریکایییەک بکێشن بەسەر سەدەکانى ناوەڕاستدا. زۆر بەباشى توانى پارێزگارى لە بەهاى هەستەکان و ئەندێشە دژ بە ژیرى و شیکارییەکانى بکات، هەروەها توانى بیرۆکە نوێیەکانى ڤۆڵـتێر دەربارەى مێژووى شارستانێتى بە چێژێکى ئەدەبى گشتگیر فراوان بکات، ئەمە لەکاتێکدا ڤۆڵتێر وایدەبینى کە کاروبارى مرۆڤ بێ یاساییە و (فوضى)ه، بەڵام هێردەر نەخشە و سیستمى تێدا دەبینییەوە، لە تێڕوانینى ئەمدا ئەم سیستمە لە سیستمەکەى بۆسەوییە جیاواز بوو[4].
مێژوونووس وەک فەیلەسوف
هەموو ڕووداوێک هەرچەندە سادە دەرکەوێت، لە هەناویدا تۆڕێک لە هۆکار و ئەنجامەکانی هەڵگرتووە. بۆیە هێردەر پێیوایە مێژوونووسی ڕاستەقینە تەنها گێڕەرەوە نییە، بەڵکوو دەبێت فەیلەسوفێکی مێژوو بێت و لە پاڵنەر و ئەنجامەکان بکۆڵێتەوە و ئەڵقەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئەو ڕێکوپێکی و سیستمە ئاشکرا بکات، کە لە پشێوییە ڕواڵەتییەکەیدا شاراوەتەوە. بەم شێوەیە مێژوو دەبێتە (بونیادێکی فێرکردنی مێژوویی)، واتە نواندنێکی مەعریفی، کە لە ڕێگەیەوە فێربوون و تێگەیشتن دەکرێت، نەک تەنها بیرخستنەوە[5].
هەموو مێژوویەک (بەشێک) لە (گشت)ێکه، هەموو واقیعێک ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی فراوانی کاریگەرییەکاندا. کاتێک ڕووداوەکان لە چەند گۆشەیەکەوە بونیاد دەنێینەوە و لە ناوکۆ (سیاق) ناوخۆیی و دەرەکییەکەیدا لێی تێدەگەین، ئەوا ئێمە تەنها (چی ڕوویدا) ناخەینەڕوو، بەڵکوو نەخشەیەکی مەعریفی دەکێشین، کە وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە کە (بۆچی ڕوویدا؟) و (چۆن ڕوویدا؟)[6]
سنووری زانینی مێژوویی
بەڵام هێردەر سەرەڕای تامەزرۆییەکەی بۆ تێگەیشتن لە مێژوو وەک زانست، بەڵام بەربەستە مەعریفییەکانی پشتگوێ نەخست. ئەو لەوە تێگەیشتبوو، کە مێژوونووس هۆکار و ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ نابینێت، بەڵکوو لە ڕێگەی لێکچوون و تێڕامان و حەدەسی عەقڵییەوە ئاکامگیرییان دەکات. دواتر هەموو بونیادێکی مەعریفی مێژوویی وەک بارمتەی (توانای عەقڵی مرۆیی بۆ خەمڵاندنی لۆژیکی) دەمێنێتەوە. ئەوەی ڕەنگە بۆ هەندێک هۆکارێکی ئاشکرا بێت، ڕەنگە تەنیا لە ئەنجامی خواستێکی قووڵەوە بێت، بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کە دەیانەوێت بیبینن. ئەمەیە کەوا لە مێژوونووسان دەکات، لە ڕاڤەکردنی یەک واقیعدا جیاواز بن، تەنانەت ئەگەر لە هەمان خاڵیشەوە لێی بڕوانن[7].
هێردەر دەپرسێت: ئایا هەتا چەند ئەندێشەی کەسی و کەسایەتی و فێرکردن و کەلتوور دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت کە ئێمە بە (مێژوو)ی دەزانین؟ ئایا باوەڕی پێدەکەین، لەبەر ئەوەی دەیبینین، یان دەبینین لەبەر ئەوەی دەمانەوێت باوەڕی پێ بهێنین؟ ئایا ئێمە بە شێوەیەکی بابەتییانە بڕیار دەدەین، یان ئارەزووەکانمان بەسەر ڕابردوودا دەسەپێنین[8]؟
هێردەر بەم پرسیارانە (ڕەهەندی دەروونی مێژوو) ئاشکرا دەکات و ئەو بیرۆکەیە دادەمەزرێنێت، کە ڕاستییە مێژوویییەکان ڕەها نین، بەڵکوو ڕێژەیین، ملکەچی (میزاج)ی عەقڵ و سنووردارێتی تێگەیشتنە.
مێژوونووس وەک هونەرمەند
هێردەر دەستبەرداری حەزە جوانیناسییەکانی خۆی لە مێژوودا نابێت. لە تێڕوانینی ئەودا، مێژوونووسی گەورە تەنها (ڕووداوەکانی ڕۆژ) یان (گوێزەرەوەی ڕووداوەکان) نییە، بەڵکوو (هونەرمەندێکی مێژوویی)یە، کە تابلۆیەکی گەورەی ڕووداوەکان دەکێشێت و لەیەک تۆڕدا دەیانچنێت و واتایان پێدەبەخشێت، کە وردەکارییەکان تێدەپەڕێنێت. ئەم مێژوونووسە (نیگارکێشێکی گەورە) و (بلیمەتێکی ڕاستەقینە)یە، چونکە تەنها ئەرکی خۆی لە گێڕانەوەدا کورت ناکاتەوە، بەڵکوو بونیادێک، دیدگایەک، پلانێک دروست دەکات. لێرەدا بونیادە تیۆرییەکە دەبێتە جەوهەری مێژوو، مێژوونووسیش دەبێتە دروستکەری مێژوو، نەک تەنها گوێزەرەوەی هەواڵ و ڕووداوەکان[9].
لە کۆتاییدا هێردەر بۆ تێگەیشتن لە مێژوو نەک وەک واقیعگەلێکی مردوو، بەڵکوو وەک کردەوەیەکی هزری زیندوو بانگهێشتمان دەکات، لە میانەی تێڕامانێکی عەقڵانی و هونەرییەوە ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە. مێژوو تەنها ئەوە نییە کە ڕوویداوە، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن دەیبینین و چۆن ڕاڤەی دەکەین و چۆن بەکاری دەهێنین و بۆ بونیادنانی ناسینێکی قووڵتری مرۆڤ و جیهان سوودی لێ دەبینین.
لە نێوان (گومان و باوەڕ) و (گێڕانەوە و شیکردنەوە) و (شاهێدیدان و عەقڵ)دا، مێژوونووس لە پێگەی فەیلەسوف، هونەرمەند، پەروەرشیاردا دەوەستێت، هەمیشە هەوڵ دەدات لە پشت دیاردەکانەوە سیستم و لە پشت ڕووداوەکانیشەوە واتا بدۆزێتەوە.
[1] (Johann Gottfried von Herder, Philosophical Writings, trans. and ed. Michael N. Forster (Cambridge: Cambridge University Press, 2002, p p 257-267.
[2] ) Johann Gottfried von Herder, Philosophical Writings, p p 257-267.
[3] ) ايمرى نف: المؤرخون وروح الشعر (دراسة لاسهام الادب والعلوم الادبية في تدوين التاريخ منذ عهد ظوليتر)، (ت: توفيق اسكندر)، مكتبة الانجلو المصرية، القاهرة 1961، ص 61.
[4] ) ايمرى نف: المؤرخون وروح الشعر، ص 65.
[5] ) Johann Gottfried von Herder, Philosophical Writings, p p 257-267.
[6]) Johann Gottfried von Herder, Philosophical Writings, p p 257-267.
[7] ( Johann Gottfried von Herder, Philosophical Writings, p p 257-267.
[8] ) Johann Gottfried von Herder, Philosophical Writings, p p 257-267.
[9] ) Johann Gottfried von Herder, Philosophical Writings, p p 257-267.