له‌باره‌ی ئێدیت و ئێدیتەرەوە
پێوەندیی نێوان نووسەر و ئێدیته‌ر لە هەموو پێوەندییە پیشەیییەکانی دیکه جیاوازە، چونكه لەسەر متمانەی قووڵ و هاوکێشه‌یه‌کی دەروونی بنیات نراوە. نووسەر کارە زۆر تایبەت و خۆشه‌ویسته‌که‌ی خۆی دەخاتە به‌رده‌م ئێدیته‌ر، کارێک کە لە قووڵاییی هزر و هەستی خۆیەوە هاتووە.
ئه‌لفبێی ئه‌م کاره له متمانه‌وه دروست ده‌بێت، چونکه ئێدیته‌ر دەستی دەگاتە کاری ناته‌واوی نووسەر، بە وێنه سەرەتایییه‌کان و هەڵەکان؛ بۆیه ئه‌مه بەرپرسیاریه‌تییه‌کی گەورەیە. ئێدیته‌ر دەبێت نهێنییەکان بپارێزێت و هەرگیز بە کاریان نەهێنێت بۆ مەبەستی تاکەکەسی، بانگه‌شه و بازرگانی. هه‌ر درکاندن و پرسوباسێکی وابه‌سته به کاره‌که، بۆ ئه‌وانی دیکه، پێویستە به ڕه‌زامه‌ندیی نووسه‌ر بێت.
له‌باره‌ی سێکوچکه‌ی ئێدیته‌ر- نووسه‌ر- تێکست-ەوە:
یەکێک لە زه‌حمه‌تترین کاره‌کانی ئێدیته‌ر، دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئیگۆی نووسەردا. کاره‌که زۆر هه‌ستیاره، چونکه ئێدیتکردن جۆرێکه له ڕەخنە؛ نابێت کاره‌کانی ئێدیته‌ر وه‌ک دۆخێکی تایبه‌تی و هێرش بۆ سه‌ر تێکست لێک بدرێنه‌وه. ئێدیته‌ری لێهاتوو دەزانێت چۆن ڕەخنە له نووسه‌ر ده‌گرێت؛ بە شێوەیەک زەوینە بۆ نووسەر بڕەخسێنێت، تا نووسەر به کراوه‌یی دیالۆگ له‌بارەی ڕه‌خنه و سه‌رنجه‌کانەوە بکات.
ناکۆکی لەنێوان نووسەر و ئێدیته‌ردا کارێکی ئاسایییه، تەنانەت پێویستیشه. ئەم ناکۆکییانە دەتوانن ببنە هۆکار بۆ بیرکردنه‌وه‌ی قووڵتر و دۆزینەوەی چارەسەری نوێ، بەڵام ئەوەیش گرنگە ناکۆکییه‌که به دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتن بەڕێوە بچێت، تا وه‌ک به‌شێک له پڕۆسه‌که ته‌ماشا بکرێت. پاش هه‌موو ناکۆکییه‌کان، بڕیاری کۆتایی هەمیشە بۆ گشت ڕه‌خنه و سه‌رنجه‌کان هیی نووسەرە؛ چونکە نووسه‌ر ئەو کەسەیە وا ناوی لەسەر بەرگی کتێبەکەدا ده‌نووسرێت.
لە قووڵاییی هەر تێکستێکی ئەدەبیدا، که به ڕێڕه‌وی ئێدیته‌ردا ڕۆیشتبێت، دیالۆگێکی نهێنی له‌نێوان دوو ده‌نگدا به‌ڕێوه چووه. دەنگی نووسەر و دەنگی ئێدیته‌ر. له‌م دیالۆگانه‌دا هه‌وڵ هه‌یه، تا تێکست به ئاستێک بگات، که هه‌ردوو لا لێی ڕازی ببن. ئەم پێوەندییە لە هەموو هونەرەکانی دیکە جیاوازترە؛ چونکە لە پێداچوونه‌وه و چاککاریی ئەدەبیدا دوو عه‌قڵ و بیرکردنه‌وه پێک ده‌گه‌ن و به‌ره‌و یه‌ک خاڵ ده‌ڕۆن.
ئێدیته‌ر نە نووسەرە، نە خوێنەرە، بەڵکوو که‌سێکه لەنێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا دێت و ده‌چێت؛ وەک پردێکە لەنێوان خواستی نووسەر و تێگەیشتنی خوێنەردا، وەک شاخه‌وانێکه له چیایه‌کی پڕ سه‌ختی و مەترسیدا- هەم ڕێگای نووسەر و هەم ڕێگای خوێنەر دەزانێت.
ئێدیتکردن لە بنەڕەتدا یارییەکی پارادۆکسییە؛ چونکە دەبێت لە یەک کاتدا دوو کاری پێچەوانە بکرێن: ئێدیته‌ر کۆشش بکات، تا دەنگی ڕەسەنی نووسەر بپارێزێت و لە هەمان دەمدا دەستکاریی ئەو دەنگەیش بکات و بیخاتە ئاستێکی باڵاترەوە.
ماکسوێل پێرکینز- ئەو ئێدیته‌رە بەناوبانگەی کاری لەگەڵ ئێرنست هێمینگوەی و فیتزجیرالددا دەکرد- باوەڕی وا بوو لە کاتی ئێدیتکردندا نابێت ئەمە لە یاد بکرێت: »کتێب هی نووسەرەکەیەتی، نەک هیی ئێدیته‌ر. «
ئەم ڕوانگەیە بنەمایەکی سەرەکی و ڕوونە بۆ ئیگۆ و مامەڵەی ئێدیته‌ر؛ لێرەوە هیچ ڕێگەیەک نامێنێتەوە، تا ئێدیته‌ر دەنگ و ڕەنگی خۆی بەسەر تێکست و ئایدیای نووسەردا بسەپێنێت. دەبێت ئێدیته‌ر هەوڵی تەواو بدات، تا بینین و تێگەیشتنی نووسەر تۆکمەتر بکات.
ده‌بێت بزانین کاری ئێدیته‌ر هه‌ر وا ساده و ساکار نییە. ئێدیته‌ری لێهاتوو، نازانێت کەی چاککاری له تێکستدا ده‌کات، به‌ڵام دەزانێت چۆنی بکات. کاری ئێدیته‌ر هه‌تا بڵێی ورد و هه‌ستیار و مه‌ترسیداره؛ زۆر نزیکه له کاری ئه‌و پزیشکه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی هه‌ناوی ده‌کات. ده‌بێت پزیشکه‌که ته‌واو شاره‌زا بێت و نەهێڵێت بچووکترین هه‌ڵه ڕوو بدات. پێویستە بزانێت چی ده‌بڕێت و چی ده‌هێڵێته‌وه.
دەکرێت بپرسین: ئایا دۆخ یان ساتێک هەیە ئێدیته‌ر بێتە پێگەی نووسەر؟ واتا، دەسەڵاتەکان چۆن پێناسە کراون؟ دەسەڵاتی ئێدیته‌ر دەسەڵاتێکی جێگیرە؟ دەکرێت بڵێین سنوورەکانی پێداچوونەوە و چاککردنی تێکست، نە ڕوون و دیاریکراون و نە جێگیر و نەگۆڕن، بەڵکوو بەپێی سروشتی تێکست، شێوازی نووسەر، و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوانیان، کار و دەسەڵاتەکانی ئێدیته‌ر دەگۆڕێن.
دەکرێت پێوەندی و گرێبەست لەنێوان نووسەر و ئێدیته‌ردا تەواو ڕه‌ها و ڕێگەپێدراو بێت، بە جۆرێک کە ئێدیته‌ر چی بە باش بزانێت بیکات. بەڵام ئەم جۆرە گرێبەستە کێشەی لێ دەکەوێتەوە و ڕەنگە لایەنە نەرێنییەکانی زیاتر بن لە دیوە ئەرێنییەکانی؛ چونکە ئێدیته‌ر دەشێت دەنگ و سەدای نووسەر تێکەڵ بە دەنگی خۆی بکات و ڕوانگە و دنیابینیی نووسەر بخاتە شوێنێکەوە، کە ناسینەوەی ئاسان نەبێت.
پێویستە ڕامان و خوێندنەوەی ئێدیته‌ر بۆ تێکستی ئەدەبی بە جۆرێک بێت، کە جیاواز بێت لە هيی خوێنەری ئاسایی و نووسەرەکەیش. ئێدیته‌ر لە سەرەتادا وەک خوێنەرێکی ئاسایی تێکستەکە دەخوێنێتەوە، تا هەست و ڕامانی یەکەم بەرکەوتنی بە تێکستەکە بزانێت. لێرەوە، واتە دوای یەکەم خوێندنەوە، پرسیار و ڕامانەکانی بۆ تێکستەکە دەست پێ دەکەن و چەند جارێکی دیکە تێکستەکە دەخوێنێتەوە، تا وەڵامی پرسیارەکانی خۆی بداتەوە سەبارەت بە: فۆڕم، زمان، ڕێزمان، تەکنیک و دەیان وردەکاریی دیکە. ئامانج لەم کارەدا ئەمەیە: ئێدیته‌ر خۆی بخاتە شوێنی خوێنەرێکی ورد، بەئاگا و دۆزه‌ره‌وه (کەشفکار)، تا بزانێت کەلێن، کێشە و پرسیارە بێوەڵامەکانی ئەم تێکستە چین.
به‌م مامه‌ڵه‌یه ئێدیته‌ر ده‌کارێت له زیاد له دیوێکه‌وه تێکسته‌که هه‌ڵبسه‌نگێنێت و ببینێت. له پڕۆسێسی ئێدیتکردندا پێویستە ئێدیته‌ر له یه‌ککاتدا دڵسۆز و هاوسۆزی نووسه‌ر بێت، ڕه‌خنه‌گر و نه‌یار و هه‌روه‌ها بێلایه‌نیش بێت.
ئێدیته‌ری بەهرەمەند لە خاڵێکەوە هەوڵی دۆزینەوەی کۆدەکانی نووسەر دەدات، تا بزانێت خواستی نووسەر چییە و ویستوویەتی لە ڕێگەی ئەو تێکستەوە چی بڵێت، بەڵام وەک پێویست تێیدا سەرکەوتوو نەبووە. لێرەوە، دەبێت ئێدیته‌ر شارەزایی لە سایکۆلۆژیادا هەبێت، تا لەو نهێنییانە تێبگات کە نووسەر بە ناڕاستەوخۆ کاری لەسەر کردوون. وەک دەزانین، ئەدەبیات بەگشتی و ئەدەبی گێڕانەوە بەتایبەتی، مامەڵەیە لەگەڵ ئاماژەکان؛ هەوڵە بۆ خۆپاراستن لە زمانی ڕاستەوخۆ. بۆیە، بۆ تێگەیشتن لە کۆد، هێما و مانا دووەمییەکان، یەکێک لە کلیلەکان وردبوونەوەی سایکۆلۆژییانەیە لە ماناکانی پشت تێکست. تێگەیشتن لە چۆنیەتیی بیرکردنەوەی نووسەر هاریکار دەبێت، بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن بیرۆکەکان بوونەتە ڕستە و چۆن خوێنەر تێکست وەردەگرێت.
ئێدیتەر پێویستە توانای ناسینەوەی مانا شاراوەکانی هەبێت، کە نووسەر بە مەبەست یان بێ مەبەست کاری تێدا کردوون. هەڵبەت، بۆ تەواوی پڕۆسەی ئێدیتکردن، شارەزایی و قووڵبوونەوە لە زمان مەرجێکی پێشوەختەیە، تا کاری ئێدیتکردن بە شێوەیەکی باش بە ڕێوە بچێت؛ واتا پێویستە ئێدیته‌ر لە زیاتر لە لایەکەوە شارەزا و بەهرەمەند بێت. ئێدیتەرێک، کە تەنیا زانیاری لە هەڵەچنی، نژوه، خاڵبەندی و ڕێنووسدا هەبێت، ناتوانێت بە تەواوی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی زمان، چۆن مانا دروست دەبێت، و جیاوازیی نێوان مانای وشەیی و مانا دووەمییەکان، بایەخێکی زۆری هەیە؛ چونکە پێوەندیی نێوان وشە و شتەکان لە واقیعدا زۆرجار پێوەندییەکی ڕێککەوتننامەییە، نەک سروشتی. زانیاری دەربارەی چۆنیەتیی پێوەندیی زمان بە کو‌لتوور و کۆمەڵگاوە، وردبوونەوەی دەوێت. وشەکان لە کولتوورێکی دیاریکراودا مانایەکیان هەیە و لە کولتوورێکی دیکەدا هەمان ئەو وشانە ڕەنگە ما‌نایان جیاواز بێت. بەگشتی، گرنگە ئێدیتەر ئاگای لە مانا کولتووری و مێژوویییەکان بێت.
بەرپرسیاریه‌تییه‌کی گرنگی دیکه‌ی ئێدیته‌ر، پاراستنی دەنگی تایبەتی نووسەرە. هەر نووسەرێک دەنگێکی جیای خۆی هەیە. شێوازێکی تایبەت لە بەکارهێنانی وشە، ڕسته‌ی تایبەت، بینینێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ جیهان. ئێدیته‌ر دەبێت ئەم دەنگە بناسێت، ڕێزی لێ بگرێت و پارێزگاریی لێ بکات. به‌شێک له نووسه‌ران ترسیان هه‌یه، ئێدیته‌ر نائاگایانه دەنگی خۆی بخاتە شوێنی دەنگی نووسەرەوە. ئێدیته‌ر پێویستە ئاگاداری ئەم مەترسییە بێت و هەمیشە لە یادی بێت، کە ئەرکەکەی یارمەتیدانی نووسەره، تا بە باشترین شێوە دەنگی خۆی بەرهەم بهێنێت؛ نەک گۆڕینی ئەو دەنگە بۆ دەنگێکی تر. گەرچی ئێدیته‌ر وه‌ک هاوڕێ و هاوبه‌ش لەگەڵ نووسەردا کار دەکات، بەڵام هاوشێوه‌ی نووسه‌ر، بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر خوێنەر و که‌لێنه‌کانی تێکست. ئێدیته‌ر پێویستە دڵنیا بێته‌وه، کە تێکسته‌که بە ڕوونی و بە وردی گەیەنراوە، زانیارییەکان دروستن و ناوەڕۆکەکە شێلوه‌تی و چاڵ و خەڵەتاندنی تێدا نین. ئێدیته‌رانی پسپۆڕ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێک هاوڕان، به‌م جۆره:
ئێدیته‌ر سەیری باڵەخانەی تێکستەکە دەکات؛ ئایا گێڕانەوەکە چۆن بەرەو پێشەوە چووە؟ ئایا بەشەکان بە باشی پێکەوە بەستراون؟ ئێدیته‌ر دەتوانێت پێشنیازی گۆڕانکاریی گەورە بکات: لابردنی بەشێک، زیادکردنی بەشێکی نوێ، گۆڕینی ڕیزبەندیی بەشەکان، یان تەنانەت دووبارەدانانەوەی دەستپێکردن یان کۆتایی.
پرسی لابردن و زیادکردن ئاستەنگێکی ڕاستەقینەیە. ئێدیته‌ر پێویستە بێبەزەیی بێت، بەڵام بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکات. هەندێک نووسەر دڵیان بە وشەکانیانەوەیە و دەیانەوێت ڕستە و پەرەگرافەکان وەک خۆیان بمێننەوە. ئێدیته‌ر دەبێت ڕوونکردنەوە بدات، کە «کوشتنی خۆشەویستەکانت» – واتە وشە و ڕستەکان- بەشێکی پێویستە لە پڕۆسەی ئێدیتکردن و نووسین، لە بەرانبەردا کاتێک ڕستە و پەرەگراف زیاد دەکرێن، ئێدیته‌ر پێویستە بزانێت لە چ شوێنێکی تێکستەکەدا بۆشایی هەیە: ئایا خوێنەر پێویستی بە زانیاریی زیاتر هەیە؟ ئایا لە کوێ گێڕانەوەکە پێویستی بە هەناسە و پشوودان هەیە؟
ئێدیته‌ر ته‌ماشای وردەکارییەکان دەکات. ئایا کارەکتەرەکان باوەڕپێکراون؟ ئایا دیالۆگەکان سروشتین؟ زه‌مینه‌سازی بۆ ڕوودانی ڕووداو و دیالۆگ کراوه؟ ئایا وێنەکان کار لە خوێنەر دەکەن؟ ئەمە قۆناغێکە کە تێیدا ئێدیته‌ر وەک خوێنەری یەکەم و هەستیارترین هەڵسەنگێنەری تێکست مامه‌ڵه ده‌کات. لە ئاستی ڕستەدا ئێدیته‌ر سەیری ڕێزمان و شێواز ده‌کات. ئەمە هونەریترین قۆناغە، چونکە ئێدیته‌ر هەوڵ دەدات ئێستاتیکا و ڕوونی بپارێزێت.
کۆتا قۆناغ، فۆکه‌سه لەسەر هەڵە تەکنیکییه‌کان، ڕێنووس، خاڵبه‌ندی، نژوە، ڕێکخستنی په‌ره‌گراف، ئه‌مه وه‌ک به‌شی په‌راوێز و کۆتاییی پڕۆژه‌که ته‌ماشا ده‌کرێت. گەرچی ئەم قۆناغەیش بایه‌خی خۆی هه‌یه، چونکە زۆرجار هەڵە تەکنیکییه‌کان دەتوانن خوێنەر لە تێکسته‌که بتۆرێنن.
پێوەندیی نووسەر و ئێدیتەر تەنیا پێوەندییەکی کارکردنی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو یارییەکی دیالێکتیکیی قووڵیشە. نووسەر خەون دەبینێت، ئێدیتەر ڕاستی دەبینێت. نووسەر دەڕوا، ئێدیتەر ده‌وه‌ستێت بۆ دڵنیابوونه‌وه ته‌ماشای ئاسۆی به‌رده‌می نووسه‌ر ده‌کات. لە کۆتاییدا نووسەر و ئێدیتەر هەر یەکێکیان نیازی جیاوازیان نییە. هەردووکیان خزمەتی هەمان پڕۆژه دەکەن. نووسەر پەیامی هەیە، ئێدیتەر وەک یاریدەدەرێک ڕۆڵ ده‌گێڕێ پەیامەکە بە ڕێگای دروست بگات بە عەقڵ و دەروونی خوێنەر، بۆیە ئەمە تەنیا پێوەندیی نێوان دوو کەس نییە، بەڵکوو پێوەندیی نێوان دوو جیهانی جیاوازیشە، کە پێویستییان بە یەکتری هەیە بۆ دروستکردنی جیهانی سێیەم، کە ناوی کتێبە. نووسەر پێویستە له بایه‌خی ئێدیتەر تێبگات، ئێدیتەریش دەبێت ڕێز له هەستی و ویستی نووسەر بگرێت. لە کۆتاییدا ئەوان دەبنە دوو باڵی باڵندەیەک (کتێب)، کە پێکەوە ده‌فڕن بەرەو تۆقه‌ڵانی واتا.
له‌باره‌ی هونه‌ری خۆ- ئێدیتکردن (Self-Editing)
لەنێو نووسەرانی دنیادا پڕۆسەیەک هەیە: پێش ئەوەی بەرهەمەکەیان بگاتە دەستی ئێدیتەر، خۆیان ڕۆڵی ئێدیتەر پەیڕەو دەکەن. دوای خۆ-ئێدیتکردن، ئینجا بەرهەمەکە دەدرێتە ئێدیتەری پرۆفیشناڵ.
پرسیارەکە ئەوەیە: لە ئەگەری نەبوونی ئێدیتەری پرۆفیشناڵ و کاری ئێدیتەری وەک پیشە، نووسەران ناچار دەبن خۆیان زۆرینەی ئەرکی ئێدیتەر جێبەجێ بکەن. ئەم کارە (Self-editing) بۆ هەموو نووسەرێک پێویست و گونجاوە. پڕۆسەی خۆ-ئێدیتکردن پێویستی بە کۆمەڵێک هەنگاوە و چوارچێوە و ڕێنماییی تایبەت بە خۆی هەیە. چەندان کتێب هەن کە لەو بارەیەوە نووسراون؛ بۆ نموونە، یەکێک لە کتێبە گرنگەکان، کە شرۆڤە، نموونە و ڕوونکردنەوەی وردی تێدایە، کتێبەکەی (ڕێ‌نی بڕۆون و دەیڤید کینگ)ـە
لە کتێبی «Self-Editing for Fiction Writers»دا، نووسەران (ڕێ‌نی بڕۆون و دەیڤید کینگ) لەبارەی خۆ-ئێدیتکردنەوە دەڵێن: «لە کاتی پێداچوونەوەدا، پێویستە چاودێریی پێکهاتە و پلۆتی گشتیی گێڕانەوە بکرێت؛ چارەسەر بۆ کێشەی کەسایەتییەکان و دیالۆگ بدۆزرێتەوە؛ بۆ باشترکردنی شێوازی نووسین و زمان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕێزمان و تایپکردن، بەدواداچوونی ورد بکرێت؛ و لە کۆتاییدا، تێکستەکە بدرێتە خوێنەری ئاست جیاواز، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ وەرگرتنی ڕەخنەی بێلایەن. «
بەکورتی، خۆ- ئێدیتکردن بەکارهێنانی توانای خۆتە، تا هەستەکانت لە نووسەرەوە بگۆڕیت بۆ ئێدیتەر و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری کارەکەی خۆت بکەیت. لەم کارەدا، پێویستە جەخت لەسەر مۆدێلی “پیشاندان” بکرێتەوە، نەک “گێڕانەوە”ی ڕووت و ناهونەری؛ هەروەها سەرنج بخرێتە سەر چەند توخمێکی سەرەکی: کەسایەتیی کارەکتەرەکان، بینین، هاوسەنگی، دیالۆگ، دەنگدانەوە، مۆنۆلۆگ، جووڵەی ئامانجدار، هونەری شاردنەوە و ئاشکراکردن.
ڕاهێنەر و نووسەر، سارا گریبڵ، لە وتارێکدا بە چەند هەنگاوێک باس لە خۆ-ئێدیتکردن دەکات، بەم جۆرە:
دوای ڕەشنووسی یەکەم پشوو بدە! ئەمە یارمەتیدەرە، تا بە چاوی نوێی ئێدیتەرەوە بگەڕێیتەوە بۆ لای تێکستەکەت. پاشان لە خوێندنەوەی یەکەمتدا بگەڕێ بەدوای کێشە گەورەکاندا: وەک گرفتی پێکهاتە، کەسایەتییەکان و چاڵەکانی پڵۆت. دواتر پلانەکەت بخوێنەوە، تەنانەت ئەگەر داتنه‌ناوە، دایبنێ! پلان وەک نەخشەیەکە هەموو چیرۆکەکەت پیشان دەدات، تا ئاسانتر بزانیت چی لا دەبەیت و چی زیاد دەکەیت.
ئینجا دوای تۆمارکردنی تێبینییەکان، دەتوانیت دەستکاریی ڕەشنووسەکە بکەیت؛ سەرنجت لەسەر کێشە گەورەکان بێت. پاشان دیسان ڕەشنووسەکە بخوێنەرەوە، ئەم جارە بگەڕێ بەدوای کێشەکانی زمان و شێوازی نووسیندا! باشترە پرێنتی بکەیت، تاکوو تێبینییەکانت لە پەراوێزدا بنووسیت. پاشان بە دەنگی بەرز بیخوێنەرەوە، چونکە گوێ هەڵەکان باشتر هەست پێ دەکات.
دوای ئەو هەنگاوانە، ئێدیت دەست پێ بکە! لێرەدا زۆر دەستکاریی وشە و ڕستە بکە. پاش ئەوە، دەستنووسەکە بنێرە بۆ کۆمەڵێک نووسەر و خوێنەری جیاواز، تا پڕۆژەکەت ببینن، تەنانەت بە هەموو هەڵەکانیشەوە. دوای کۆکردنەوەی سەرنج و تێبینییەکان، هەڵەکانی تایپ، ڕێزمان و وشەهەڵبژاردن ڕاست بکەرەوە! دیسان بە دەنگی بەرز بیخوێنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕستەی ناتەواو و نامۆ.
هەڵبەت، هەموو تێکستێک ئەم هەنگاوانەی خۆ- ئێدیتکردنی پێویستە، بەڵام لە وڵاتاندا دوای خۆ- ئێدیتکردن، ئینجا کتێبەکە دەدرێت بە ئێدیتەری پرۆفیشناڵ؛ واتە کارەکە پڕۆژەیەکی دوورودرێژە و کات و ماندووبوونی زۆری پێویستە. لە کۆمەڵگەی کوردی‌دا، جگە لەوەی کە ئێدیتەرمان نییە، نووسەرانیش بە پڕۆسەیەکی کرچ‌وکاڵ و ناتەواوی خۆ-ئێدیتکردن کتێبەکانیان بڵاو دەکەنەوە.
لەم وتارەدا ئامانجمان خستنەڕووی هەندێک وردەکاری بوو بۆ پڕۆسەی ئێدیت و پیشەی ئێدیتەر لە بازنەی ئەدەبیدا، بەتایبەت ئەدەبی گێڕانەوە. لێرەوە دەزانین پڕۆسەی ئێدیت لە زۆرینەی کایەکانی بڵاوکردنەوەدا هەیە: لە وێبسایت و ڕۆژنامەکان، لە کارە زانستی و فیکرییەکاندا؛ بەڵام هیچ ئێدیتکردنێک وەک ئێدیتی ئه‌ده‌بی و پڕ ورده‌كاری و زه‌حمه‌تی نییه.