بت و بەدگۆڕان
بۆ ئەوەی لە بابەتێک تێبگەین پێویستە خودی بابەتەکە بە کێشە بکەین، لێرەدا “شکاندنی بتەکان” ئەو بابەتەیە کە ڕەخنەیییانە خوێندنەوەی بۆ دەکەین. ئەو ئایدۆلۆژیایە بە کێشە دەکەین کە لە دوای ئاکتی شکاندن بنیاد نرا، یاخود بەجۆرێکی دیکە بەکێشەکردنی ئەو مێژووەیە کە مرۆڤایەتی پیایدا تێپەڕیوە. هەروەها ئەم خاڵە ڕوون دەکەمەوە؛ چۆن لەڕێی فیگەرێکی ئایینییەوە خودی ئایین یان مرۆڤ تووشی بەدگۆڕان بوو؟
لەلای خوێنەوارانی کورد “شکاندنی بتەکان” وەک ئاکتێکی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکاڵانە خوێندنەوەی بۆ کراوە، هەوڵدراوە خوێنەر بەو ئاراستەیەدا ببەن کە هەموو دەست بدەنە شکاندن و وێرانکردنی بتەکان. بەڵام ئایدیای پشت شکاندنی بتەکان شاردراوەتەوە لە خوێنەر. با لێرەدا ئێستێک بکەین و بپرسین: چ بتێک شکێنرا؟ ئایا شکاندنی بتەکان لەلایەن ئیبراهیمەوە شکاندنی بتی ئایدۆلۆژی بوو؟ یان سەرڕێگەخستنی ئایدۆلۆژیایەکی نوێ بوو؟
بە خوێندنەوەیەکی ئایینی، شکاندنی بتەکان واتە نەهێشتن یان لێسەندنەوەی پیرۆزی لە وێنەدانەوەی خودای ناو بتێک و گەڕاندنەوەی ئەم پیرۆزییە بۆ ئاسمان. بەڵام ئایا ئەمە هەموو ماناکەیە؟ ئایا چەمکەکانی ڕق و پیرۆزی، دژەهونەر، چۆن لەم ئاکتی شکاندنەدا خۆیان مانیفێست دەکەن. دەتوانین ناساندنی ئەم ئاکتە وردتر بکەینەوە و کنە و پشکنین بۆ ئەودیو ماناکانی بکەین. شکاندنی بتەکان واتە لێسەندنەوەی پیرۆزی لە وێنەدانەوەیەکی هونەرمەندانە (نەک خودایانە) و پێدانی ئەم پیرۆزییە بە ئاسمان. لە بنەڕەتدا شکاندنی بت واتە: وەرچەرخان لە کۆیلایەتیی دیار بۆ کۆیلایەتییەکی نادیار، لە بتێکی بەرجەستەوە بۆ بتێکی ترانسێندنتاڵی ئاسمانی. وێنەدانەوەی خودا لە بتێکدا گۆڕدرا بۆ وێنەدانەوەی خودایەکی وەهمی. بت ئەگەر بیناکردنی کۆمەڵێک وەهم بووبێت، شکاندنی بتەکان گۆڕینی ئەم وەهمە بوو بۆ وەهمی نوێتر. “لە ترادسیۆنی هیندیدا، ئەوە هەیە کە مەولانا دەربارەی موتریب دەیڵێت: “بڵێ، بڵێ، ئەوەی بیستووتە بیڵێ!”. لەم ترادسیۆنەدا، موتریب، هونەرمەند، شاعیر، هیچ گومانێک لەسەر ئەوە نییە کە لە خوداوە، لە حەقیقەتی باڵاوە ئیلهام وەردەگرن، شاعیر و هونەرمەندی ئەم ترادسیۆنە پێغەمبەرانی ڕاستەقینەن و دەستیان بە دەستی پیرۆز و حەقیقەتەوەیە، بەڵام لە “ترادسیۆنی ئیسلامی”ـدا، ئەمە ئیدی شێواوە و نکوڵیکراوە، هونەرمەند ئەو پێگەیەی خۆی لەدەستداوە و هونەر لە دۆخی نکوڵیکردن لە کارکردن و نکوڵیکردن لە پیرۆزیدا دەژی و بەجۆرێک لە جۆرەکان سادەکردنەوە و ئەبستراکتکردن بە ئاراستەی نکوڵیکردن لە هەر وێنا و هونەرێکدا چووە و باس لە هونەرێکی بێفۆرم و هەندێک جار هونەرێکی گریمانکراو دەکات!”[1] شکاندنی بتەکان، ئەو وەرچەرخانە گرنگە نەبوو کە ڕۆشنبیران پێی سەرسامبوون و گوایە بەم کردارەی ئیبراهیم ئاسۆی ئیمان فراوانتر بووە، بەڵکوو چوونە ناو کەڵتێکی ئایینی و دژەهونەر بوو، چاندنی تۆوی ڕق بوو نەک جۆرێک لە ئێپستیم.
هونەر، لەنێویدا پەیکەرسازی، دەکرێ دوێنەر بێت، گفتوگۆساز بێت لە کۆنسێپتێکی مەعریفیدا. “مەبەستی هەموو جۆرە هونەرێک، بە کاری دەستییشەوە، سازکردنی کەشێک و دروستکردنی دونیابینییەکە، هەر بۆیە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەرکی هونەر بردنەناوەوەی ڕامانەکانە”[2]. بەبێ ئاکتی شکاندنی بتەکان، مرۆڤ بۆ خۆی لەو وێنایە تێدەگەشت کە پیرۆزکراوە، دەیتوانی جیاکاریی لەنێوان دوو مانادا بکات؛ یەکەم/ وێنایەک کە بەرز کراوەتەوە بۆ ئاسمان، دووەم/ وێنایەکی هونەری کە زەمینییە و لەپێناو مرۆڤ خۆیدایە. ئاکتی شکاندن لە سیاقی ئیبراهیمیدا، لێدان بوو لە ڕۆحیەتێکی هونەری و چوونە ناو بەدگۆڕانێکی مێژوویی بوو.
پەیکەرسازی بە دیدگای من، وەستاندنی زەمەن و چرکەساتێکی مێژوویییە لە مێژووەکەیدا. بۆ نموونە پەیکەری “پیتا”ـی مایکڵ ئەنجیلۆ، Pieta, Michelangelo 1568، کە یەسوع لە باوەشی دایکیدایە، دەکرێت وەک کارێکی هونەریی تراژیدی بیبینین. بەڵام چرکەساتی مردنی یەسوع بۆ خۆی گفتوگۆ هەڵدەگرێت؛ یەکێک لەو حەوت وشەیەی یەسوع لەکاتی مردنیدا بە یوحەننا دەڵێ: وەکو دایکی خۆت تەماشای بکە. واتە داوای لە یوحەننا کرد ئاگادار و چاودێری لە مریەم بکات. دەکرێت خوێندنەوەیەکی جیاوازتر بۆ ئەمە بکەین و بپرسین، بۆچی مریەمی نەسپارد بە باوک(خودا)؟ ئایا ئەمە دەکرێت وەک وەرچەرخان لە بیرکردنەوەی مەسیح سەیر بکەین؟ مەبەستمە ئەمە بڵێم: هونەر لە ئاستە مەعریفییەکەیدا ڕێگە بە گفتوگۆ و پرسیار و بیرکردنەوەیەکی ئازادانە دەدات. هەر ئەمەش ئەرکی هونەرە. بۆیە لەناوبردنی هەر جۆرێک لە هونەر، لەناوبردنی بیرکردنەوەیەکی ئازادانەیە یان لەناوبردنی خودی بیرکردنەوەیە.

شکاندنی بتەکان لە نەستی تاکی توندئاژۆی ئایینییدا، ئێستا لە شێوەی دیکەدا خۆی پیشان دەداتەوە، بۆ نموونە؛ شێواندنی ئاسەوارە مێژوویییەکان، بەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرە هونەرێک و ناچارکردن بە ڕوونکردنەوە، کە ئەمەش جۆرێک لە تیرۆر لەخۆیدا پەرە پێ دەدات.
ئەو کاتەی گرووپێک بە ناوی “هونەرگەی وڵات” پێرفۆرمانسێکی هونەری پێشکەش دەکەن، تیایدا مێژووی ڕووداوێک دەگێڕنەوە؛ ساڵی ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە (کە بووبووە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی-داعش-) لەلایەن هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاڤاوە بە هاوکاریی ئەمریکا ڕادەگەیەنرێت. دوای ئازادکردنی رۆژئاڤا لە تیرۆریستان، ژنان پەچەی زۆرەملێ و پۆشاکی داعش فڕێدەدەن. گێڕانەوەی ئەم مێژووە لەڕێی هونەرەوە و بینینی کاردانەوەکان دەتوانێت پێمان بڵێت کە؛ ئەو کات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی توندڕەوی داعش، چەک لە مەیداندا بوو(ئامانجی خۆی بەدیهێنا)، ئێستا لەڕێی هونەرەوە ڕووبەڕووی بیری توندڕەوی دەبنەوە (ئامانجی خۆی بەدی دەهێنێت). نمایشەکە وەک دەستخستنە ناو بینەقاقای ئیسلامییەکان بوو، بۆ ئێمەش بیرهێنانەوەی ئەو بەدگۆڕانە بوو کە لەڕێی فیگەرە ئایینییەکەیانەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنرا. شکاندنی بتەکان، دژبوونە لەتەک هونەردا نەک نەهێشتنی بیری دۆگمایی، ئەوەی ئیبراهیم شکاندی بتی ئایدۆلۆژی نەبوو بەڵکوو بتێکی هونەری بوو، لێسەندنەوەی ئیلهامێکی هونەری بوو لە هونەرمەندان و قۆرغکردن و بەخشینی ئەم ئیلهامە بوو بە پێغەمبەران، بۆیە ئەوکاتەی مرۆڤایەتی تووشی بەدگۆڕان دەبێت ئەوکاتەیە کە دەکەوێتە ناو ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەوە. لە شکاندنی بتەکانەوە، بەدگۆڕان بەم فیگەرە شکێنەرە دەستی پێ کرد، بۆ چوونە ناو قۆناغی دەعەجانی ئایدۆلۆژی. مرۆڤی دژەهونەر، مرۆڤێکە تووشی بەدگۆڕان بووە و ئەوە ڕوونە کە پێویستە چاوەڕێی مەرگێکی کافکایی بکات. کاتێک ئایدۆلۆژیایەکیش نوێنەرایەتی ئەم بەدگۆڕانە دەکات ئەوە دەسەلمێنێت کە لە بنەڕەتدا ئایدۆلۆژیاکە پووکاوەتەوە و ڕووبەڕووی مەرگی خۆی دەبێتەوە.

ئەگەر بازنەی بیرکردنەوەمان بچووکتر و سنووردارتر بکەینەوە، باس لە کوردی باشوور بکەین، یەکێک لە شکستە گەورەکانی حیزبە کوردییەکان لە باشوور، ئەوەیە کە بەدرێژاییی ئەزموونی حکومڕانێتییان نەیانتوانیوە لەڕێی پەروەردەوە تاکێک بخەنە کۆمەڵگەوە کە ئینتیمای بۆ نیشتمانەکەی هەبێت، بۆیە ئێستا ئەو قۆناغەی کورد تێیدا دەژی قۆناغی دەمارگیرییە. قۆناغی دەمارگیریش ئەو قۆناغەیە کە تاک ئینتیمای بۆ خێڵ و حیزب و ئایین هەیە. جێهێشتنی ئەم قۆناغەش بە وەرچەخان لە ئینتیمای خێڵ و ئایینەوە بۆ نیشتمان دەبێت.
نەبوونی ئەم ئینتیمایە لە ئێستادا بۆشایییەکی گەورەی دروست کردووە، ئەو بۆشایییەش لەلایەن گرووپە ئیسلامییەکانەوە پڕ کراوەتەوە، لێرەوە تاکێک دروست بووە کە سەر بە ئەوی دیکەیە، تاکێکی دەمارگیر کە “خۆ” ناناسێت؛ خۆیەکی ڕەسەن، خۆیەکەی سەر بە نیشتمان، بۆیە تەواو دژەکولتوورە. ئەوەی ئایدۆلۆژیای ئیسلام بە کوردی بەخشیوە تەنها گواستنەوەی بەدگۆڕانە لە فیگەرە ئایینییە مێژوویییەکەی خۆیەوە(کە شکاندنی بتەکان بوو) بۆ بەدگۆڕان لە نیشتمان (کە پەروەردەکردنی تاکێکی ئیسلامیی دژە نیشتمانە).
[1] فریتیۆف شۆن، هونەر لە پیرۆزەوە بۆ دونیایی، و. بەختیار گمۆ، سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم، ساڵی٢٠١٩،لا١٣.
[2] هەمان سەرچاوە، لا٤٢.