گۆزە سەوزەکەی نەنکم

گۆزە سەوزەکەی نەنکم،

حیکایەتی هەموو ژنەکانی گەڕەکی لە ناو خۆیا هەڵگرتبوو!

سەری بە ماڵی هەموو نەهامەتییەکانیانا کردبوو

و

سەرگوزشتەی هەموو ئاسەوارە ڕەشەکانی ئەبینی…

وەلێ هەرگیز پەی بە فڕینی پەپوولەکان نەبردبوو!

من مناڵ بووم،

نەنکم هەرگیز گۆزەی لەسەر ناوکم نەنا

نەبادا مەقامی نێوچەوانم ڕەشکا!

و

هەرگیز پێی نەوتم فڕین بەدەم ئاشووبەوە

لاسارییە!

ئەو پێی نەوتبووم فڕینی دوو پەپوولە

شادەماری تین هەڵەپڕووکێنێ

 و

لە بنڕا دڵم دەردێنێ!

ئەو پێی نەوتم 

سەفەر بەناو ئەو بەردەڵانەیا نەکەم!

لە گەڕانەوەیا تەنیا فیراق لە باوەش دەگرم!

پێی نەوتم…

چنگە بەردەکانی دەستم فڕێدەم

و

هیچ جارێکیش چەپۆکێکیشی پیانەکێشام و بڵێ:

ئەم خۆشویستنی لمەت لە چی؟

ئا من لمم خۆش دەوێ.

ئەو پێی نەوتم:

 پاڵمەدە بە سنگی شاخەوە

 نوقمی غەزەلی دەریا

و

حیکایەتی نەورەسەکان مەبە!

سەروبەستەکەی نەنکم…

هەموو ئاشووبەکانی لە خۆیا هەڵگرتبوو

نەبا بەرببنە گیانی کوڕەکان

و

ئەنفالیانکەن..

وەلێ قەت دەنکە مێخەکێکی لە حەتحەتۆکەیا بۆ کچەکان هەڵنەگرتبوو

پێیان بڵێ حیکایەتی شاژنەکانیان لەبیر بچێ!

من لە نەنکم خۆش نابم

ئەو پێی نەوتم

ختوورەی ئاورەبرووسکەکە گوزەر بەناو دڵا ئەکا

ئیمان ئەکوژێ و لەبن قەدی داربەڕوویەکا ئەینێژێ.

ئەو قەت نەیوت:

کە شەختەی هەناسەیەکی سارد جوانییەکان هەڵەوەرێنێ..

ئیدی وجوودی تەفروتونا دەبێ

و

ڕۆح فەنا دەبێ…

نەنکم تەنها وتی:

چەند جوان ئەبوو ئینسان “عیسا”ن بوایە.

 وەک ژانی قەدی دارێک

کە بە سەوزی ئاگریان تێبەرداوە!

وەک سەرمەدی کۆڵەوارێک

سەفەری دابێت بە نەڕەی شانیا!

وەک تەوارێکی غەریبە لە خوا زیاتر کەسی نەبێت!

وەک مناڵێک دەستی لە ئاسمانێک بەربووبێت!

وەک ئەو پرسیارەی کە خودای تووڕە کردبێت!

کفرێک جەرگم لە شیش ئەدات

 و

وەک کەبابی سەر ڕەژوویەکی هار

 تک تک ئەیتوێنێتەوە…

وەک دەروێشێك،

لە تاریکیا سەمای گوناحێک بکا

خەیاڵ تەنیومی…

خەیاڵێک:

خودایەکی میھرەبان

بە باوەشێکی پڕ لە نوور

مۆسیقایەک چەشنی سروشت

دەنگێکی ئاسمانی…

تەواف تەواف بەدەوریانا

مەست بۆ لوتفی خودا

ئاشتمکاتەوە…

من ڕەنگاڵه بووم

 لە باخەڵی چرۆ و گەڵای دار

 من لە ڕەگی خاکەوە ھاتم و

ئولفەتم بە ڕەنگەوە گرتبوو!

 خەتای نەنکم بوو، نەنکم

ئەو پێی نەوتم

سبەینان گوڵێکی سوور لە ئینجانەی عەشقم وەردەم

ئێواران…

 وەنەوشەیەک بە ئەرخەوان بسپێرم

و

 ڕەیحانەیەکی ڕەش لە بەرۆکم دەم

 ئەو پێی نەوتم

نغرۆبم وێنەی کەسیرەیەک،

و

خۆم بە ڕەنگ بخافڵێنم

نەوەک تاریکی بمدۆزێتەوە…

یان خۆم بە دەنگ سواخ بدەم

نەبادا

ئاشووب پەی بە ماتی ڕۆحم بەرێت…

ئەو پێی نەوتم

 سەلاری ئیماندارییە!

من لە گوناهی نەنکم خۆش نابم

ئەو پێی نەوتم

جەرگم ئەسووتێ

و

دڵم پەڕ پەڕ هەر ڕۆژە و توێکڵێکی بێ ئیمانیم فڕێئەدا!

گۆزەکەی نەنکم حیکایەتی هەموو ژنەکانی لەناوخۆیا هەڵگرتبوو

تەنها حیکایەتی من نەبێت.

من لە گوناحی نەنکم خۆش نابم

ئەو هەرگیز نەیوت:

ئەم ئاسمانە زۆر تووڕەتاوە..

تەمی ئەمانبەستێ

و

بارانی هەتکمان ئەکا.


من لە گوناحی نەنکم خۆش نابم،

ئەو پێی نەوتم

تۆ لە جوانییەوە دێی

و

بەناو ڕوحما گوزەر دەکەی.


ئەی تاقانە ئاشناکەی ڕۆحی من..

کوڵۆشەکرێکی  بکەرە ساتەوەختی ئەم ئێوارەیەوە…

و

وەک کراسێکی وەنەوشەیی بە بەری ئەم ڕۆژگارە مەحاڵەیدا بکە 

با تا ئەمرم لە بەرما داڕزێ.


شتێک بڵێ لەم کاروانی سەفەرەمدا 

با بمهێنێتەوە بۆ لای تۆ

با فێرم کات بژیم…

با زۆبایانە وەک تۆ ڕەنگ ببینم…

با

باڵ بگرمەوە بەسەر مینای زەمەندا کە تەنیایی تەنیویەتی…


شتێک بڵێ

ڕەنگێکم لە ژیان بەشدە

من لە تاووتوێی ئەم ئەفراندنەدا 

ڕەنگی مەرگم گرتووە…


شتێک بڵێ 

با بەر لە مردن لە بیرم بێت و 

 تەنیا 

نەمرم!


شتێک بڵێ

ئەم قەدەری پڕ لە نەهامەتیەم 

پڕە لە نامورادی

تۆ ئەتویست شتێ بڵێی

وەلێ فریای قسەیەک نەکەوتی

ئاسان نەبوو بیستنم لە فەزا و غەوغای خەلیقەتدا!

تۆ بە بێدەنگی باڵت گرتەوە و

بە هێمنی …

لە ئێوارەیەکی زوڵمەتا منت جێهێشت

تۆ منت شێواند!


شتێک بڵێ

با گوێم لە دەنگت بێت،


ئەو ئێوارەیە

ڕووبارێک بردمی

و 

شیعرێک ڕفاندمی 

و

نەفەسێک ئاڵۆزاندمی

و

تاشە بەردێک کوشتمی

و  

دەریایەک خنکاندمی!


دارسنەوبەرەکان بۆ ئەبەد تاساندمیان.


لەو ئێوارەیەوە لە خۆمدا مۆمیام کردوویت 

دێوەزمەی هیچ زەمانێ قەت ناتگاتێ.


من هاوڕێیەکم هەبوو… هاوڕێ

هاوڕێیەک ڕەنگ بردی…

شنەبایەک لەخۆی لوول کرد…

تۆفانێک لە باران

 لە دەنکە گەنمێکا

خنکاندی

و

وەرزی غەدرێ 

هەڵیوەران. 


خوشکێکم هەبوو خوشکێ

 با سووتاندی

گوڵەشێرێ دەستی بڕی 

و

لاولاوێک لە گەردەنی ئاڵا و

بۆ ئەبەد بە خاچی تووبایەکەوە

هەڵیواسی


مناڵێکم هەبوو مناڵ

لە تەنگەساتی تەمەندا 

“تووایەک” بەرەو ئاسمان بردی


دایکێکم هەبوو

لە چاوەکانیا خۆم دەبینی!


دە تۆ وەرە

ئەوە هەر خۆتی

لە وشکە ماڵی عومردا 

بە دەوری وجوودمدا سەما ئەکەیت

بۆیە من هەم!


دەستەمۆم کە 

وەک گەڕیدەیەکی سەرلێشێوا و 

لە تاریکیدا… شانێکی بچکۆلانەم بۆ داگرە 

لەگەڵ خۆت بمبەرەوە بۆ ئاسمان

با هەرچی گلەییم هەیە بیدەم بە نێوچەوانی خوادا


تۆ لە جوانیوەوە هاتی

و

بەناو ڕوحا گوزەرت کرد

به چاوەکانت بڵێ با پڕمکەن لە خۆیان

بە دڵت بڵێ لەبەر خۆیم بکات

و

برینەکانم فڕێدات.

من بەدرێژايیى ڕۆژ بير و ھۆشم لاتە…

لە كاتى ڕازانا 

دێيتە خەوم

كە بەدەم ڕێدا دەڕۆم لە خەياڵمى

و

كە  گوڵێك دەبينم 

دێيتە پێش چاوم…

تۆ چ ھەناسەيەكى كە بەبێ تۆ ناژيم

چۆن وەنەوزێكى كە بەرگەى ئەم ھەموو سوێيەى دڵم دەگرى!

تۆ 

لە دووريشتا! چ  ئاوەدانیيەكت ڕشتۆتە ڕوحمەوە!

بە یادگارە بەجێماوەكانت بڵێ با غەدرمان لێنەکەن

و

لێمانگەڕێن با لەم تاوتوێيەدا پێکەوە بژین.

من هەڵگرى گوناحى ميهرەبانيیەكانى تۆم

ئەو گوناهانەی خوداش ئيرەييان پێ دەبات!

من له دامێنى ڕۆژە هەڵوەریوەکانی تۆدام

تۆ واتدەزانى من كێم تا ئەم هەموو بارى ميحنەتەم بۆ جێبێڵی؟

ئەم هەموو ته ليسمه ئاسمانيیەت له کوێ هێنا؟!

من پاشماوەى هيوايەكى نەهاتەديم

كە نە دەمبینی و نە دەتبينمەوه 

تا 

پێت بڵێم 

بەجێتهێشتم

و

 ئەمێستاكه 

من

له 

خودا 

تەنياترم…

لەگەڵ باران ئاشتمكەوه

با سووژدەى ئەو تووڕەیییانە تووڕدەم

 که هەنگاوەکانی چەقاندووم

با خۆى به مەغدوور نەزانى

بە دڵۆپەکانی باران بڵێ

 با دەست لە ملى ئەم غەریبییەم بکەنەوە

تا گوڵ لە چاومەوە دابارێ!

لەگەڵ باران ئاشتمكەوە و

 پێى بڵێ

دوا پاییز بوو من دوو هەناسەم دا بە ئەو

ئەو دوو هەنسکى لا جێهێشتم

لەگەڵ باران ئاشتمكەوه و 

پێى بڵێ

حزوورى با

له بورکانێکی چەقبەستوو ئەچێ

پڕه له ڕق و ئیرەیی

دوو هەناسه

 و

 دوو هەنگاو

و

هەردوو هەنسكم پێماوه…

وەرەوە و لەگەڵ باران ئاشتمكەوه

ئەى نيشتمانم..

ئای چەند ژەهراويم به تۆ

نه پێت دەمرم و نه لێت ساڕێژ دەبم.

٢٥/١٠/٢٠٢٥

دەری