دوونادوون[1]
نێوان من و تۆ
ئالزایمەرێك!
ڕووبارێک
نەماوە بەرماڵەکەم بکێشمە ئاودا.
حەلاج یان جەحاڵ
نایەتە بیرم کامەیان لە سێدارە درا و
خۆڵەمێشەکەی ڕژایە جیلدە یان دیجلە.
هاتوچووی هەستەکان لە ناو نەستمدا
جەنگێک لە فەرامۆشی ئەخاتە ڕێ.
دەنگی چپەی ماچەکەت، یان ڕەنگە قەوچەی بنێشتەکەت
لە گوێمدا ئەزرنگێتەوە:
- ئاغەی شاکری … ئەمناسیتەوە؟؟
- نە بەداخەوە.
- زریانم زریان.
ئەها هاتەوە یادم
لە دوونی نۆسەد و نەوەد و نۆیەممدا
پشیلەی دراوسێیەکەمان بوویت.
- پشیلەی چی کوڕی باش؟! من ئەڵێم زریانم.
ئەها، پێش ئێستا، لە دوونی هەزارەممدا، داپیرەم بوویت.
هاتیتە خەونمەوە
چەڵەمەیەکت پێدام و وتت:
“لەگەڵ خۆتدا یاری بکە و مەرج ببەستە
ئەگەر دۆڕاندت
هیچ بیرەوەرییەکت لەبیر نەکەیت.”
کە چەڵەمەکەم شکاند
لە یادم چوو ئەبێ بیبەمەوە یان بیدۆڕێنم!؟
لقە چەڵەمە شکاوەکەی دەستی ڕاستمم
دا بە دەستی چەپمەوە و
دۆڕاندم!
بۆیە جوان لە یادم ماوە کێیت.
- ئاغەی شاکری، لەمانە گەڕێ
تۆزێ تەموورەم بۆ بژەنە.
- تەموورە؟؟ زۆر ئاشنایە…
کام دوون بوو؟ بیستەم، سییەم…
لە کێوی توور بوو یان لە سەر تەختی پاشایەتی داوود؟
نا… ئەوە مزمار بوو، هاتەوە یادم:
لە کەشتییەکەی سەر جوودی کە دابەزیم، زۆرم تینوو بوو.
مەڕێکم دۆشی، پەرداخێ لە شیرەکەیم خواردەوە و پاشماوەکەیم لە مەشکەدا ژەند.
جارێکیش خۆم ژەند بە ڕووباری فوراتدا
لە دوونی هەشتا و هەشتەممدا، لە یادمە لە ناو فڕۆکەیەکدا بووم
سیاسییەکان منیان ئەژەند
دەستم نا بە دوگمەیەکدا و ژێر پێم بوو بە دووکەڵ و
پێنج هەزار ڕۆحم بینی کە لە مەشکەی جەستەیانەوە ئەهاتنە دەر.
- ئاغەی شاکری شێت بووگیت!
- تێکە بخۆرەوە و دەنگ مەکە خانم، کەسێکی تر ئەمانژەنێت.
سات یانی حاڵ، ساڵ یانی تاڵ
خاو بگرە لێو، خوار و نشێوی لێ بگرە و بیکە بەخێو
لە دوونی ‘نایەتە بیرم’ براکەی خۆمم کوشت
لە یەکێکی دیکەدا خۆمم کوشت
لە چل و پێنجەمدا ‘هیرۆهیتۆ’ [2]بووم و شکەستم قەبووڵ کرد
چەن جاریش بووم بە جڕوجانەوەر
مێروولە بووم، گەڵابەیەک بە سەرمدا ڕەت بوو، بووم بە گورگ
شوانێک و دوو سەگەکەی کوشتمیان و بووم بە هەڵۆیەکی باڵشکاو
چوار قاڵاوی ڕشکن کوشتمیان و
بووم بە… بە… بە…
زەمان، قەتیس ماوە
قەیرەکچێکی مەند
پیرەپیاوێکی خەساو
بارانێکە هەوری تۆراندووە
ئاشەوانێکە دەستوشک، ددانی کێڵاوە بۆ کۆترەکان
ڕاوچییەکە نەگریس، دەندووکی داناوە بۆ شێرەکان
خەریکی ڕابواردنە
بەڵام خۆم حەزم ئەکرد سەفەرێک بام
کە نەچوونی بە قەد خاڵێک بێت
جادەیەک کە لە ژێر پێی مێروولەدا بچووک بێت
قیرتاوەکەی لە پێستی ‘مێرلین مۆنرۆ’ بێخەوشتر و لە مافی کورد بێبەشتر
لە دوونی بیست و چوارمدا پێمخۆشبوو کوڕێکی سنەیی بام:
“سڵام ڕۆحی خۆخوەر، بێزیاگ لە ناو و دەر”
لە دوونی دووهەمدا کچێک بووم
ناوم زریان بوو
لە شەقامێکدا ئاغەی شاکریم بینی، گۆرانیبێژە ڕیشنەکە
شێت ببوو بەش خوا
ئادەم هاتووە و بەرد ئەڕوا.
[1] لە ئایینی یارساندا دووناودوون بە واتای پوختەبوونەوەی ڕۆحە لە ڕێگای گووران و ئەزموونکردنی هەزارو یەک ژیانی جۆراوجۆرەوە.
[2] ئیمپراتووری یابان لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا