کەشتیی ڕزاو

پارەکانی گیرفانم ژماردن
بە توندیی کۆخیم
بەرلەوەی مەرگ فیکە لێدا
هیچ بیرم لە تۆ نەدەکردەوە!


سڵاوم لە تابووتی شاعیرێک کرد
بە بان ئۆتۆمبێڵی پۆلیسەوە
تا ببینن ئەمنیش لێرەم!
بە ئەستێرەکانم گوت
ناخوازم بزانم هەنووکە چ دەمێکە!
بەر لەوەی سەرما لێوانم بقڵیشێنن
لە مەیخانەیێ کێوییانە مەیم هەڵدەقوڕاند
بە یادەوەرییەکی غەمگین تێر بووم…
پاشان وەک کوڕێکی جوان و خورت
لە تەشتی جل شوشتنی ماڵی هاوڕێیەکم
زۆر بە توندی ڕشامەوە…
هیچ بیرم لە تۆ نەدەکردەوە!


مانگ ئەژنۆی دا
سنگم دەتگوت کەشتییەکی ڕزاوە
تژییە لە کۆچبەر
لێ هیچ بیرم لە تۆ نەدەکردەوە


هیچ بیرم لە تۆ نەدەکردەوە
شەوێکی سەگ بە حەساری
سەرباز ڕژانە نێو کۆڵانەکانی پەیڤان
نەبادا یاخییەکان لە پەراسووەکانمەوە دەربچن
شەڕی نێوخۆ دەست پێ بکا..
سەرباز ڕژانە نێو کۆڵانەکانی پەیڤان
ئەو پەیڤانەی کرێکارن، کۆیلەن وەک خۆم
شەو و ڕۆژ لە کارگەکاندا
ئارەق دەڕێژن، خوێن چک دەکەن
کە ماندوو دەبن لەسەر ڕێڕەوێک لێی دەخەون
خۆیان بە ئومێد دادەپۆشن…

 *سەگ بە حەسار، سەگێک کە ڕاوەدوو دەنرێت و لە کەلێنێک دەپەسترێ و ئازار دەدەرێت.

قق