خەسڵەتەکانی کارەکتەر و شێوازەکانی گێڕانەوە لە ڕۆمانی پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواودا

دەروازەیەک بۆ ناساندنی ڕۆمانەکە

(پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو) نوێترین ڕۆمانی چاپکراوی (کاروان عومەر کاکەسوور)ە.[1] لە بیست و سێ پەنجەرەی ناتەواو پێک دێت. بە پێکەوەنانی پەنجەرەکان، ماڵێکی نائاسایی دەردەکەوێت، ماڵێک هەمیشە ناتەواو دێتە بەر چاو و ناگاتە خاڵێکی دیاریکراو. هەر پەنجەرەیەک بە شێوازی خۆی ناتەواویی ئەو ماڵە پێشان دەدات. ئەگەر پەنجەرە لە ڕووی فیزیکییەوە ڕۆڵی کردنەوە و ئاشکراکردنی ڕووبەرێک دەبینێت، ئەوە لێرەدا ئاستی فیزیک دەبڕێت و دەگاتە ئاستی ئاماژە، تا گومانی زیاتر بخاتە ناو ئەو ڕووبەرە و هەموو پێکهاتەکانی بگۆڕێت. بەم شێوەیە ڕۆمانەکە وەک چۆن بە سەرەتایەک دەست پێ ناکات، ناگاتە خاڵی کۆتاییش، بەڵکوو لەناو ئەو کاتە بازنەیییەدا بەردەوام ئاڕاستەی نوێی لێ دەبێتەوە. لە جیاتیی سەرەتا، تەقینەوە هەیە، کە لە هەر تەقینەوەیەکدا کۆمەڵێک توخمی نوێ دەردەکەون.

تەقینەوە گەورەکە لە پەنجەرەی یەکەمدا ئاماژەی پێ دەکرێت، کاتێ (ست ژیانەوە) دەردەکەوێت. تەمەنی بووەتە شەست ساڵ، هاوکاتی ئەو ڕۆژەیە سوپای بەعس هەولێر دەگرێتەوە، کە بیست ڕۆژ پێشتر بە هۆی ڕاپەڕینەوە ڕزگار کراوە. چەقۆیەکی دەسکداری لە ناندینەکە خستووەتە ناو جانتاکەی شانی، بە نیازە بچێتە ئەو دەشتە، تا لەوێ دەریبهێنێت و نووکەکەی لە بەشی چەپی سینگی، دروستتر لە دڵی بچەقێنێت.

بە درێژاییی تەمەنی (بەشی ڕاست)ـی، کە سەرچاوەی هەموو بیرۆکەکانە، لە ناوەوە بڕیاری خۆکوشتنی داوە، بەڵام (بەشی چەپ)ـی، کە ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەگرێتە ئەستۆ، هەڵیوەشاندووەتەوە. ئەمجارەیان ناوەوەی (بەشی ڕاست)ـی دەرکەوتووە و دەرەوەی دیار نەماوە، بۆیە دوور نییە خۆکوشتنەکەی سەر بگرێت. پلانەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام مانای وایە سەری نەگرتووە؟ دوو منداڵی ساوا دەدۆزێتەوە و هەڵیاندەگرێتەوە. لە کاتێکدا کەس بیر لەوە ناکاتەوە لە ڕۆژێکی وەها دژواردا کۆرپەیەک هەڵبگرێتەوە، ڕەنگە هیی خۆیشیان فڕێ بدەن، بەوەی دانیشتووان ماڵەکانیان جێ دەهێڵن و ڕێی شاخان دەگرن.

دابەشبوونی ناوەوەی (ست ژیانەوە) بەسەر دوو لادا، یەکێکیان بیرۆکەی خۆکوشتن دەسەپێنێت و ئەوەی دیکەیان هەڵیدەوەشێنێتەوە، نیگەرانییەکی بێسنووری بۆ هێناوە. ئەو لەنێوان خۆکوشتن و خۆنەکوشتن، لەنێوان فەنابوون و مانەوەدا سەراسیمەیە. هێزی هەردووکیان هاوشانە و ئەمیان ناتوانێت ئەویان ببەزێنێت. بەردەوامیی ململانێی ئەوانە بەردەوام ترس و نیگەرانی بەرهەم دێنێت.

بە درێژاییی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بیرت دەکەوێتەوە و دەپرسیت: ئایا (ست ژیانەوە) خۆی دەکوژێت؟ کەی و لە کوێ خۆی دەکوژێت؟ وات لێ دەکات زیاتر لە وەڵامێکی ئەو پرسیارانە بدەیتەوە، بێ ئەوەی هیچیان بە دروست و بە کۆتایی بزانیت. لەمەوە مەرگ ئەوە دەرنابڕێت، کە ناسراوە، بەڵکوو دەبێتە یاری و شتێکی نوێ ڕادەگەیەنێت. بە دەربڕینی (دولووز) و (گوتاری) دەبێتە ئارەزوو (Desire). ئەوان لەم ڕووەوە دەنووسن: ”ئایا دەزانن (ئارەزوو) چەند سادەیە؟ خەو ئارەزووە، پیاسە ئارەزووە، گوێگرتن لە میوزیک و بەرهەمهێنانی میوزیک ئارەزوون، نووسین ئارەزووە. تێکڕای ئەو شتانە ئارەزوون. بەهار و زستان ئارەزوون. پیرییش ئارەزووە، تەنانەت مەرگ هەر خۆی ئارەزووە. ئارەزوو هەرگیز بۆ لێکدانەوە نییە، بەڵکوو تاقی دەکرێتەوە.”.[2] دەکرێت ئەمە بە وەڵامی یەکەمی پرسیارەکان بزانین لەبارەی (ست ژیانەوە)وە، کە ئایا خۆی دەکوژێت، یان نا؟

کاتێ مەرگ دەبێتە یاری و ئارەزوو، ئەوە ژیان لە ناو ناچێت. بە مانایەکی تر مەرگ ژیان ناسڕێتەوە، بەڵکوو دەیخزێنێتە ناو ئەو یارییەوە. ”بەلاوەنانی مەرگ و دوورخستنەوەی لە ژیان، بەلاوەنان و دوورخستنەوەی خودی ژیانیشە، چونکێ شوێنەواری ئەمیان بەسەر ئەوەیانەوە هەیە، کە ژیان لە ڕێی مەرگەوە مانا وەردەگرێت و دەتوانێت هەبوونی خۆی دەربخات.”.[3] کاتێ نە مەرگ بەبێ ژیان هەیە و نە ژیان بەبێ مەرگ دەتوانێت بەردەوام ببێت، ئەوە هەمیشە بەر یەک دەکەون و تێگەیشتنی نوێ دەسەپێنن. دەتوانین ئەمەیان بە وەڵامی دووەمی پرسیارەکان دابنێین.

ئەگەر مەرگ وەک چەمکێک ببینین، کە ئەو چەمکە لەناو ئەو یارییەدا توانای تەقینەوە بە دەست دەهێنێت و دەتوانێت بە کۆمەڵێک شێوەی تر خۆی دەربخاتەوە، ئەوە لەو بەردەوامییەدا بەردەوام مانای نوێ دەدۆزێتەوە. ”چەمکەکان کاتێ لە ئاستی شمەکەوە دەچنە ئاستی ئاماژەوە، سنووریان لەنێواندا نامینێت و بێژمار مانای تر وەردەگرن..[4] ئەمە وەڵامی سێیەمی پرسیارەکانە. گەمەی مەرگ/ژیان نەک هەر لەم ڕۆمانەدا، بەڵکوو لە بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی (کاکەسوور)دا هەیە. (سالار بەگ) کارەکتەرێکی ڕۆمانی (شکستەکانی بنەماڵەی شادماڵ)ە، دەڵێت: (پێویستە لەبارەی ژیانەوە بپرسین، نەوەک لەبارەی مەرگەوە، چونکێ دووەمیان لەناو یەکەمیاندا هەیە، بەڵام یەکەمیان لەناو دوومیاندا شوێنی نابێتەوە. ژیان بریتییە لە خۆی و لە مەرگ پێکەوە، لە کاتێکدا مەرگ تەنیا خۆیەتی، بگرە خۆیشی نییە).[5] ئەوەیش وەک وەڵامی چوارەمی پرسیارەکان.

لە دەروازەی ڕۆمانەکەدا نووسراوە: (لێی پرسیم مەرگ لای تۆ چی دەگەیەنێت؟ گوتم دنیا و ژیان دوو ئاستی جیاوازن. جیاواز، نەوەک دژ. دنیا لە شت و ژیان لە ئاماژە پێک دێت. دنیا هەیە و ژیان دروست دەکرێت، کە هەر تاکێک بە شێوازی خۆی لە دنیا و بە کەرەستەکانی دنیا دروستی دەکات. ئەگەر دنیای هەمووان لە یەک دەچێت، ئەوە ژیانی هەر یەکێک لە هیی ئەوەی دیکە جیاوازە. دنیا سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییی هەن، لە کاتێکدا ژیان بەوەدا ئاماژەیە، دەکەوێتە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیەوە. مەرگ هیی ناو دنیایە، بەڵام کاتێ ژیان هەیە، مەرگ هەر خۆی ژیانە و لە جووڵەی بەردەوامدایە. ناکرێت لەناو ئەو بازنەیەدا خاڵێک بدۆزیتەوە و بڵێیت ئەمە کۆتایییە.)[6]. ئەمەیان وەڵامی پێنجەمی پرسیارەکانە و دەکرێت بە دوای وەڵامی دیکەیشدا بگەڕێین.

هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانەکە:

گۆڕینی مانای کات

واتە گواستنەوەی لە ئاستی زنجیرەیییەوە بۆ ئاستی بازنەیی لە ڕێی (فراگمەنتەیشن)ـەوە. ئەوە وا دەکات ڕووداوەکان لە شێوەی دیمەنی پچڕپچڕدا پێشان بدرێن. ئەو (کات)ە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی هەن؛ پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی)ـی تێک شکاندووە. هەر جارێک بەشێکی کارەکتەر دەردەکەوێت و خوێنەر چاوەڕێی بەشەکانی تری دەکات. لێرەدا کۆمەڵێک تەکنیکی گێڕانەوە بە کار هاتوون. وایان کردووە کات و شوێنە جیاوازەکان بە یەک بگەنەوە. لە (ست ژیانەوە)وە دەگەینە (پەروین)ـی نەنکی و (یەزدانبەخش)ـی باپیری، لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەم دێنە بەغداد و تێیدا نیشتەجێ دەبن. ئەوە بازدان نییە، بەڵکوو پێوەندیی پارچەیەکی کاتە بە پارچەیەکی ترەوە. لەوانەوە مێژووی ئەم خێزانە و دەیان لەو کوردانەی تری بەغداد دەگێڕێتەوە. بۆ نموونە (دڵاوێر یەزدانبەخش)ـی کوڕیان، باوکی (ست ژیانەوە)یە دەبێتە ئەڵقەی پێکبەستنەوەی کۆمەڵێک بازنە. لە بواری خوێندن و سیاسەتدا پێوەندیی لەگەڵ کۆمەڵێک کارەکتەر دروست دەکات، کە هەر یەکەی چیرۆکی خۆی هەیە. (دڵیهان)، (ئەسمەهان)، (ئامال وازن)، (ویداد)، (سمکۆ پەنگرگر) و ئەوانەی تریش هەر یەکەی دەبێتە ئەڵقە بۆ پێشاندانی کۆمەڵێک بازنەی جیاوازی کۆمەڵایەتی. واتە هەر یەکەی دەوروبەرێکی جیاواز دەردەخات. هەر لێرەیشدا شێوازە جیاوازەکانی ژیان دەردەکەون. هەموو ئەوانە خەسڵەتەکانی ڕۆمانێکی فرەدەنگ و فرەڕەنگ پێک دەهێنن. پەنجەرەکان تێکەڵی یەکتر دەبن. هەر پەنجەرەیەک شوێنەواری بەسەر پەنجەرەکانی ترەوە هەیە و شوێنەواری ئەوانەی تری بەسەرەوەیە، چونکە زانیارییەکان بە پچڕپچڕی خراونەتە ڕوو، نەوەک ڕاستەوخۆ و بە جارێ وەک لە ڕۆمانی ئاساییدا هەیە.

ڕۆمانی پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو، کاروان کاکەسوور، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، ٢٠٢٤، چاپی یەکەم

ئاستەکانی زمانی دەربڕین

زمان لەم دەقەدا ئاستی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگەی تێپەڕاندووە و لادانی دروست کردووە. قسەکەر یان (کارەکتەر) ئازادە و بە شێوازی تایبەتی خۆی بە کاری دەهێنێت و هێزی تایبەتی خۆییشی خستووەتە گەڕ. لێرەیشەوەیە بۆ ئاستی ئاماژە دەگۆڕێت و لە ڕێی سیمبۆڵەکانەوە خۆی دەردەخات. پرۆسێسی گێڕانەوە ئازادە و توانای هەیە شتی نەزانراو بدۆزێتەوە. ئەو ئازادییە وا دەکات زمان ئاستی تێگەیشتنی کارەکتەرەکان دەربخات. زمانی (ئەسمەهان) جیاوازە لە زمانی (پەروین). زمانی (دڵیهان)یش وەک هیی (درەختشان) نییە، چونکە هەم ڕوانینەکان جیاوازن و هەم خولیاکانیش. پێگەی کۆمەڵایەتییش ڕۆڵ لەوەدا دەبینێت، کە هەر کارەکتەرێک لە چ ئاستێکی زماندا بدوێت و چ ئایدیۆلۆجیایەک ڕابگەیەنێت، کە زیاتر مەبەست لە ئایدیۆلۆجیا لایەنی کۆمەڵایەتییە. واتە پێشاندانی شێوازی ژیانی کارەکتەر و بۆچوونیان لەبارەی چەمکەکانەوە. ئەو کارەکتەرانەی لە بازاڕن وەک (گوڵچین مەگروون گرمە)، (پەروین)، (درەختشان) جیاوازن لەوانەی خەریکی خوێندن و کاری سیاسەتن، لەوانە (سمکۆ پیران فیلدز)، کە دواتر نازناوی دەبێتە (پەنگرگر)، (دڵاوێر)، (هانا ئیلۆن)، (یووسف تۆما) و (سەمیر سامی). هەروەها (ئامال وازن) و (مازن وازن)، کە ڕۆڵەی ماڵێکی ئۆرۆستۆکراتین دەربڕینیان جیاوازە لە هیی (سمکۆ پەنگرگر)، کە کوڕێکی هەژارە. (ئەسمەهان) زۆر لە (ویداد) جیاوازە. یەکەمیان ڕووبەڕووی دەستەڵاتی باوک دەبێتەوە و گرفتی نییە بە کچی خۆیانی نازانن، بەڵام دووەمیان هێندە شەرمنە ناتوانێت چەند وشەیەک دەرببڕێت. بەم شێوەیە هەر کارەکتەرێک دەنگی خۆی و هیی کۆمەڵێک کارەکتەری دەوروبەریشی دەهێنێت.

ئاستەکانی مانا

لە ڕێی زمانەوە ئەو زمانەی تاکانەی نووسەرە لە دنیای شمەکەوە پەڕیوەتەوە دنیای ئاماژە، وای کردووە ئەو (مانا)یە فرەئاڕاستە، فرەبنەما و ناڕاستەوخۆ بێت. بەرهەمهێنانی مانای نوێ پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە چەمکەکان بۆ دوو بەرەی دژی یەک دابەش ناکرێن، تا پێشتر بڕیار درابێت کامیان جوان و کامیان ناشیرینە، کامیان باش و کامیان خراپە، کامیان گرنگ و کامیان بێنرخە، بەڵکوو ڕێی توخمەکان دەدرێت خۆیان خۆیان دەرببڕن، ئەوانەیش بەپێی دۆخەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. دەکرێت توخمێک لەو توخمانە لە دۆخێکدا باش و لە دۆخێکی تردا خراپ بێت. کاتێ دواڵیزم هەڵدەگیرێت، مانای وایە سەرچاوە لە ئارادا نامێنێت. کارەکتەرەکان ئازادن و بەپێی هیچ سەرچاوەیەک هەڵسوکەوت ناکەن. وەک بینیمان مەرگ و ژیان پێکەوەن. ناکرێت بایەخی یەکێکیان بخەینە سەرووی ئەوەی تریانەوە. مادام (ست ژیانەوە) ئازادە و بەپێی سەرچاوەکان بڕیار لە ژیانی نادات، ئەوە بە تەنیا ڕووبەڕووی پرسیاری ئیکزیستێنشەڵ (وجوودی) دەبێتەوە: (ئایا ڕزگارکردنی منداڵێک لەو پلانەی گرنگترە؟ ئەرێ مرۆڤێک بڕیاری خۆکوشتنی دابێت، تاوان نییە منداڵێکی ساوا هەڵبگرێتەوە؟ با بڵێین بڕیارەکەی بە جێ نەگەیاند، بەڵکوو بە لاوەی نا. ئەرێ بیرۆکەی خۆکوشتن لە خەیاڵ دەردەکرێت؟ بەوەدا دەرناکرێت و پێوەی لکاوە، ئایا بەم شێوەیە ئەرکی گەورەکردنی ساوایەک بگرێتە ئەستۆ، ڕەوایە؟ ڕەنگە بگوترێت ئەمیان پێوەندیی بە ژیان و ئەویان پێوەندیی بە مردنەوە هەیە، کە پێویستە یەکەمیان بخرێتە سەرووی دووەمیانەوە، بەڵام ئایا ڕاستە خۆکوشتن پێوەندیی بە ژیانەوە نییە؟).[7] ” هەستێکی دووفاقییانەیە و دەیتلێنێتەوە. ئەرێ ئەو منداڵەی گەورەیەکی ڕاڕا، گەورەیەک، کە ئارەزووی خۆکوشتن خەیاڵی تەنیوە؛ پێی دەگەیەنێت، هەمان بیرۆکەی خۆکوشتن بەردەوام ڕایناتەکێنێت؟”[8].

شەڕی نێوان (پەروین) و (گوڵچین مەگروون گرمە) لە بازاڕدا دەگاتە ئەوەی خوێنی تێدا بڕژێت، بەڵام (دڵاوێر) ناتوانێت بڕیار بدات ئایا لایەنگری دایکی بێت، یان ئەو ژنەی وا خەریکە دەیخنکێنێت. بە هەمان شێوە ڕێ بە خوێنەریش نادرێت سۆزی بۆ یەکێکیان ببزووێت و دژی ئەوەی تریان بێت، یان بیەوێت بە پێوەری ڕەوشت شەڕەکە هەڵبگیرسێنێت. کارەکتەر خاوەنی چیرۆک و ناسنامەی تاکانەیە و لای ئەوانەی تر سەرنجڕاکێش نییە، بۆیە بوار بۆ خوێنەریش نەماوە لایەنگری لایەک و دژی لایەکی دیکە بێت.

تێکشکاندنی دواڵیزمی (نێر/ مێ) لەم ڕۆمانە و ئەوانەی تریشدا هەیە، کە تا ڕادەیەکی زۆر سنووری نێوان نێر و مێ سڕاوەتەوە. ئەو سڕینەوەیە جاری وا هەیە دەگاتە ڕوخساری کارەکتەریش. زۆرجار گومان دەکەین و دەپرسین ئایا (دڵاوێر) کوڕە، یان کچ؟ نووسیویەتی: ”هەر بە ڕاستی شەیدای خۆی بووە، بگرە پێی وایە تا ئێستا هیچ مێیینەیەک هێندەی ناخی، کە لەو وشانەدا بەرجەستەیە، سەرنجی ڕانەکێشاوە و هەوەسی نەبزوواندووە. (ناخم لە هەموو ژنی ئەم دنیایە زیاتر جوانیی تێدایە و پتر دەمورووژێنێت). ئەم دوو ڕستەیەی چەند جارێک نووسیوەتەوە. بە دەنگ ئەمەیشی دەربڕیوە: (I am full of myself).”.[9]

” هەمیشە گاڵتەی پێ کراوە، گۆیە وەک ناوەکەی ناسکە و لە خەسڵەتەکانی نێرینە بێبەشە. لەشێکی نەرمۆڵەی هەیە و پێستی تەنکە. هەم ڕەنگی لە هیی کچ دەچێت و هەم دەنگیشی. ئەوەتە تەمەنی وا چواردە ساڵە، کەچی هێشتا مووی لێ نەهاتووە. شێوازی ڕۆیشتنی لەگەڵ هیی دایکی جیاواز نییە.”[10]. هەر لە دەقەکەدا هاتووە، کە (ظافری کوڕی عاتیکەی کوبەفرۆش)ـی هاوپۆلی، کە گەورەترین فێرخوازی فێرگەیە، بەو دەستە بەهێزانەی قژی خاوی گرتووە و بە دوای خۆیدا ڕایکێشاوە. ئەو جنێوانەی پێ داوە، کە بە ژن دەدرێن.

(ست ژیانەوە دڵاوێر یەزدانبەخش) ”گەیشتووەتە ئەوەی بڵێت باوکی لە کۆمەڵێک ژن پێک هاتووە. ئەگەر لەوە دوورتر بڕوات، دەڵێت: (باوکم گۆڕستانی ژنانە). دیارە گوتەکە سەیر، بگرە نامۆ دێتە گوێ، بەڵام ئەمە ئەو ئەنجامەیە، لە ڕێی خوێندنەوەی دەفتەرەکانەوە پێی گەیشتووە. ئایا (ویداد) و (ئامال) لەودا نەنێژراون؟”[11].

لەبارەی (گوڵچین مەگروون گرمە)وە گوتراوە ” هەندێک دەڵێن ئەو ژنە لە بنەڕەتدا زۆر ناسک و جوانە، بەڵگەیش (دڵیهان)ـی کچیەتی، کە تەواو لە خۆی دەچێت، بەڵام بەو مەبەستەی دیمەنی شەڕانی بنوێنێت، دەستکاریی ڕووی دەرەوەی کردووە. قژی وەک هیی پیاو دەتاشێت، بە قەڵەم دەمی زل دەکات، چاوەکانی بە شێوەیەک دەنەخشێنێت، تا زەق دەربکەون. بەرگی پیاوانە دەپۆشێت و هەمیشە جووتێ پێڵاوی تۆکمەی لە پێدان، کە دەگوترێت شاخنشینەکان لە چەرمی گورگ دروستیان دەکەن، بەڵام ئەو قاییشە پانەی لەسەر پشتێنی دەبەستێت و بە کۆمەڵێک ئەڵقەی ئاسنین نەخشێنراوە، سامێکی گەورەی پێ داوە.”.[12]

کارەکتەرسازی یان تایبەتمەندێتیی کەسێتی

ڕۆمان کاتێ دەتوانێت فرەدەنگ و فرەڕەنگ بێت، کە کارەکتەرەکانی ئازادن، بە ئازادی بۆچوون دەردەبڕن و هەڵسوکەوت دەکەن. لێرەوەیە بۆچوونی هەر کارەکتەرێک نەک هەر تەنیا لەوانەی تر جیاوازە، بەڵکوو لەگەڵ هیی نووسەریش یەک ناگرێتەوە. کاتێ دەڵێین کارەکتەرەکان بە ئازادی بۆچوون دەردەبڕن و هەڵسوکەوت دەکەن، ئەوە مەبەست لەو ئازادییەی ناو سپەیسی ڕۆمانە، دەنا مەرج نییە هەموو کارەکتەرێک ئازاد بێت. ئەو کارەکتەرانەی بەپێی سەرچاوە بیر دەکەنەوە، ئازاد نین، بەڵکوو پابەندی ئایدیۆلۆجیان، بەڵام بوونیان لەناو ئەو سپەیسەدا گرنگە، چونکە جیاوازی پێشان دەدەن، دەتوانن دەستەڵاتی ڕەهای نووسەر تێک بشکێنن، کە لە ڕۆمانی ئاساییدا ئەو دەستەڵاتەی نووسەر بەسەر هەموو کارەکتەرەکاندا دەسەپێت و تەنیا دەنگی ڕۆماننووس هەیە. ڕەنگە ئەگەر دەستتێوەردانێک لەلایەن نووسەرەوە بکرێت، هەر ئەوە بێت، کە پێویستە چیرۆکی کارەکتەرەکان سەرنج ڕابکێشێت و بە زمانی هونەری دابڕێژرێتەوە، دەنا دەقەکە دەخزێتە ناو زمانی ڕۆژانەوە و توخمی ئیستاتیکای تێدا ون دەبێت. لە ڕۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)دا کارەکتەرەکان ئازادن و دەنگیان بە ڕوونی دەبیسترێت، بۆیە دەکرێت ئەمیان لەویان جودا بکرێتەوە. ئەوەیش وای کردووە ئەو کارەکتەرانە بجووڵێن؛ لەو جووڵەیەدا هەندێکیان گۆڕانیان بەسەردا بێت. واتە کارەکتەر (بوون)ـیەتی هەیە و لە نێو دەقەکە (چیەتی)ـی خۆی دەسەلمێنێت.

چیرۆکەکانیان تاکانەن و بە زمانی تۆکمە دەربڕاون. ئەگەر (دڵاوێر) بە نموونە وەربگرین، ئەوە دەبینین بە کۆمەڵێک قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت. (مازن وازن) بە هەمان شێوە، کە لە کوڕێکی سەرەڕۆی بێباکەوە، لە کوڕێکەوە، کە ژیانی بە ڕابواردن لەگەڵ ڕەگەزی مێیینەدا بە سەر دەبات، دەبێتە ئەندامێکی پارتیی کۆمۆنیست و دەخرێتە زیندانەوە، تەنانەت ژیانی لەسەر دادەنێت. لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نییە بەرەو باشی گۆڕاوە و لە ڕۆمانەکەیشدا ئەو نەکراوەتە خاڵێکی گرنگ، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کارەکتەرەکان ئازادن و لە جووڵەی بەردەوامدان. (دڵیهان بێژان وەیسی)ـی دایکی (ست ژیانەوە) کتوپڕ مردووە، وایان زانیوە خۆیشی نەماوە، بەڵام گیانی هاتووەتەوە بەر، بە (ژیانەوە) تۆمار کراوە، کە پێشتر ناوێکی دیکەیان بۆ هەڵبژاردووە. باوەژنی هەمیشە گوتوویەتی خۆی ناوی لە خۆی ناوە. (سمکۆ پیران فیلدز)، (پیران فیلدز)ی لا بردووە و کردوویەتییە (پەنگرگر). بووەتە (سمکۆ پەنگرگر. ئەو کاتەی (یەزدانبەخش) دەچێتە بەغداد، ناوی خۆی و ژنەکەی دەگۆڕێت و نۆبەرەکەشیان بە (مەنال) لە فایلی دەوڵەتدا تۆمار دەکات. نۆبەرەکەیشیان، ناوی خۆی لە (مەنال)ـەوە بۆ (دڵاوێر) دەگۆڕێت.

(دڵاوێر) لە تارماییی (ئەسمەهان) و (دڵیهان) کارەکتەرێکی لە خەیاڵی خۆیدا پێک هێناوە و ناوی ناوە (هانئەسمەدڵی). هەمیشە لەگەڵیەتی و لە هەموو خەونەکانیدا ئامادەیە. دەیەوێت پێی بگەیەنێت، تا ڕۆژێک دەگاتە لووتکەی هێز و بڕیاری کوشتنی دەدات. بەم شێوەیە کارەکتەری خەیاڵیی (هانئەسمەدڵی) ڕۆژبەڕۆژ زیادتر گەشە دەکات.ئەگەر لە بەرچاوی (دڵاوێر)دا تارماییی دوو کچ یەک دەگرن و دەبنە یەک کارەکتەر، ئەوە دایکی دەبێتە دوو بەش و دوو کارەکتەر. نووسەر ئەم شێوازەی لە ڕۆمانەکانی تریشیدا بە کار هێناوە. (بووکەڵە)کەی (ماڵشۆ) لە ڕۆمانی (شکستەکانی بنەماڵەی شادماڵ)دا دەبێتە مرۆڤ، تەنانەت (ماڵشۆ) بۆ بووکەڵە دەگۆڕێت. بە مانایەکی تر نازانرێت کامیان مرۆڤ و کامیان بووکەڵەیە.

بۆچوونەکانی (سمکۆ پەنگرگر) نە لەگەڵ هیی نووسەر و لەگەڵ هیی هەندێک کارەکتەری ڕۆمانەکەدا کۆکن، بەڵام ڕێی دراوە دەریانببڕێت. ئەو لەگەڵ ئەوەدا نییە هیچ شتێکی شانەکە بە زمانی کوردی بنووسرێت، ”چونکێ مەبەستیانە بڵاوکراوەکانیان بگەنە خەڵکێکی زۆر، تەنانەت پێویستە ئەوانەی بۆ شارە کوردییەکانیش دەنێررێن، بە عەرەبی بنووسرێن، مادام زمانێکە، لە خەیاڵی ئەواندا قورساییی خۆی هەیە. بەڵێ، ئەو زمانە بە زگماک خاوەنی هێزێکی مەزنە و ئەو هێزە ڕێت دەدات چۆن بیرۆکەکان دابڕێژیت. دەشێ لەوێ کەسانێک ئەرکی وەرگێڕانی بگرنە ئەستۆ، بەڵام دەبێت ناوی شانەکە (الشعلة الحمراء) بە عەرەبی بنووسرێت. ئینجا وەک زانیبێتی ئەو بۆچوونەی، کە لەبارەی زمانەوە دەریبڕیوە، لای ئەوان جێگەی ڕەخنەیە، دەڵێت لە مەودای دووردا هەموو زمانەکان دەپووکێنەوە، تا ئەو زمانە شوێنیان بگرێتەوە، کە مرۆڤایەتی دەیخوازێت، بەو مانایەی لە دوا قۆناغی مێژوودا، کاتێ چینەکان نامێنن و موڵکایەتیی تایبەت شوێنەواری دەسڕێتەوە، زمانەکانیش وەک سەهۆڵ دەتوێنەوە و لەو ئاوە زمانێک پێک دێت، کە خاڵییە لە ئاماژەی چینایەتی، بەڵکوو تەنیا ئەوە دەردەبڕێت مرۆڤ چۆن بتوانێت زۆرترین سوود لە سروشت ببینێت و چۆنیش لە پێناوی خواستەکانیدا بیخاتە کار.”.[13] وەک دەبینین (سمکۆ پەنگرگر)ی کۆمۆنیست دەیەوێت تەنانەت ناوی شانەکە هەر بە عەرەبی بنووسرێت.

لە ڕۆمانی فرەدەنگدا وەک چۆن کارەکتەری سادە هەیە و بە زمانی سادە دەدوێت، کارەکتەری هۆشیاریش هەیە، زمانی گەیاندنی جیاوازە، کە ئاستێکی تری هۆشیاری دەردەخات. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمانی فرەدەنگ دەتوانێت فەلسەفی بێت. لەم ڕۆمانەدا هەندێک کارەکتەری وەک (هانا ئیلۆن)، (ست ژیانەوە)، (سمکۆ پەنگرگر)، (دڵاوێر)، (ئەسمەهان)، (مازن وازن) خاوەنی هۆشیاریی بەرزن، زمانیان لە هیی ئەوانەی تر جیاوازە.

(مازن وازن) دەڵێت مرۆڤی هەژار بوونەوەرێکی دەگمەنە، بەوەی بەرگەی ناخۆشییەکانی گرتووە و ماوە. ڕاستییەکەی دەبووایە لە ناو بچێت، بەڵام ماوە و لە مرۆڤی ئاسایی بەهێزترە. دەسا بەو هێزە گەورەیەوە دەژی و ڕووبەڕووی دنیا دەبێتەوە، لە کاتێکدا مرۆڤی دەوڵەمەند هێشتا نەچووەتە تاقیکردنەوەوە، تا بزانین دەردەچێت، یان دەمرێت. وەک ئەوە وایە هێشتا لە دایک نەبووبێت.”.[14]

(ئەسمەهان) هەمیشە گوتوویەتی: ”هیچ کچێک بە تەنیا پێ ناخاتە ئەم دنیایەوە، بەڵکوو بێچووەمراوییەکی لەگەڵ دێت. ڕاستییەکەی دایکێک هەردووکیان لە قەراغی ڕووبارێکدا فڕێ دەدات. بێچووەمراوییەکە دەستبەجێ بەرەو ئاوەکە دەچێت، لە کاتێکدا کچەکە لەو قەراغەدا دەخشێت. زۆرکەم ڕێک دەکەوێت ئەو دایکە بزانێت پێویستە بەر لەوەی مەمکی بخاتە دەم، فێری مەلەی بکات، دەنا ئەو شیرە دەیکوژێت.”[15]

بەلاوەنانی ڤەبێژەری هەمووشتزان و کردنەوەی کۆمەڵێک کەناڵی جیاوازی گەیاندن

لە ڕۆمانی ئاساییدا نووسەر خۆی دەبێتە تاکە ڤەبێژەر و هەموو کارەکتەرەکان بە ویستی خۆی هەڵدەسووڕێنێت. لێرەدا کارەکتەر هەمان زمانی ڕۆماننووسی هەیە، تەنیا بۆچوونی ئەویش دەردەبڕێت. ئەو تێگەیشتن و زمانە ڕەهان. ڕۆماننووس دەبێتە تاکە کەناڵی گەیاندنی زانیاری. زانیارییەکانیش بە یەک ئاڕاستەی دیاریکراودا دەڕۆن، بەر هیچ ئاڕاستە و دەنگی تری جیاواز ناکەون، ناخرێنە ژێر دەستەڵاتی گومانەوە و ڕاڤەی جیاوازیان بۆ ناکرێت. لەبەر ئەوەیشە شێوازی گێڕانەوەی ڕۆمانی تاکدەنگ سادەیە، زمانەکەی ڕۆ ناچێتە قووڵاییی شتەکانەوە؛ تەنیا ئاستی دەرەوەیان دەردەبڕێت. لە ڕۆمانی فرەدەنگدا ڤەبێژەری هەمووشتزان دەشاردرێتەوە. هەر کارەکتەرێک دەبێتە جیهانێکی سەربەخۆ، بەڵام پێوەندیی بە جیهانی کارەکتەرەکانی ترەوە ناپچڕێت، بەڵکوو پێوەندییەکە دەبێتە بازنەیی، کە هەر کارەکتەرێک بە یەکێکی تر دەگاتەوە، هەتا هەم لە ڕووی مێژوو و هەم لە ڕووی جیۆگرافیاوە لە یەکتر دوور بن، چونکە وەک زووتر ئاماژەمان پێ کرد کاتەکە بازنەیییە و تەکنیکی فراگمەنتەیشن لە ئارادایە. ئەگەر هەر کارەکتەرێک زانیاریی جیاواز بگەیەنێت، ئەوە دەستەڵاتی ڕەهای نووسەر و ڤەبێژەری هەمووشتزان نامێنن. ئەو زانیارییانە فرە، جۆراوجۆر، جیاوازن و پڕن لە دژبەیەکی. هەر لەناو دەقەکەدا دەتوانیت زیاتر لە بۆچوونێک بۆ هەر ڕووداو و هەڵوێستێک بدۆزیتەوە. بەگشتی ڕۆمانەکانی (کاکەسوور) بەو شێوەیەن.

لە (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)دا کۆمەڵێک ئاستی گێڕانەوەی جیاواز و کەناڵی گەیاندنی جۆراوجۆرمان هەن، بە هەموویان دەقێکی پڕ لە گومان، نیگەرانی، شپرزەیی و ڕاڕایی پێک دەهێنن. نووسەر ڕێی کارەکتەرەکان دەدات بە ئازادیی خۆیان بۆچوون دەرببڕن، هەتا ئەگەر بۆچوونەکە هەڵەیش بێت، وەک لە کارەکتەری (پیران فیلدز)ی بارهەڵگردا دەیبینین. گوتوویەتی: ”باپیرەگەورەی بەوە ناسراوە، کە توانیویەتی شەوان هەڵبکوتێتە سەر ماڵە دەستەڵاتدارەکان و فیلەکانیان بدزێت. بۆ خۆی نا، بەڵکوو بۆ هەژاران. لەمەوە ئەم هونەرەیان پشتاوپشت بۆ ماوەتەوە. دەسا بە درێژاییی ئەو مێژووە هەر فیلێکیان دەست کەوتووە، بە بازرگانە هیندییەکانیان فرۆشتووە و داهاتەکەیان دابەشی سەر هەژاران کردووە. دزینی فیل ئەوە دەخوازێت تۆ هەم لە ڕووی جەستەوە بەهێز بیت و هەم لە ڕووی ژیرییشەوە، دەنا ناتوانیت لە شەوی ئەنگوستەچاودا ئاژەڵێکی وا زل لە کێڵگەی دەستەڵاتداران دەربهێنیت و دووری بخەیتەوە، تا دواتر بە بازرگانانی بفرۆشیت. مرۆڤ ئەگەر ئەمڕۆ بچێتە هیندستان، ئەوە بە ئاسانی ئەو فیلانە دەناسێتەوە، کە باپیرانی ئەو لە کوردستانەوە بۆ ئەوێیان بردوون، چونکێ هەندێک خەسڵەتی تایبەتیان هەن.”.[16] هەر لە دەقەکەدا (پەروین) سەرەڕای ئەوەی پێی وایە ئەو پیاوە ”ڕاستگۆ، دەستپاک و ئیشکەرە، بەڵام هەر شتێکی لەبارەی فیلەوە گوتووە، چیرۆکە و لێی بووەتە ڕاست. ئینجا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ فیل ئەو ئاژەڵەیە، کە مرۆڤی فشەکەر، بگرە درۆزن پەنای بۆ بردووە، بەو مەبەستەی چیرۆکەکەی پێ بڕازێنێتەوە. هیچ کاتێ نەیزانیوە فیل لە شاخدا ژیا بێت، تا بگەیەنرێتە هیندستان. ئایا لانی کەم بۆمان نییە بپرسین ئەو فیلانە چۆن توانییان ئەو ڕێیە درێژە سەختە ببڕن؟”.[17]

(دڵاوێر) دڵنیا نییە، ئەو وێنەیەی لە ڕێی وشەوە کێشاویەتی، هیی (دڵیهان)ـە، چونکێ هەمیشە (ئەسمەهان)ـی لەگەڵدایە. ”نزیکترین دەستەخوشکیەتی و سەختە ئەمیان بەبێ ئەویان ببینرێت، بگرە چیرۆکی هاوڕێیەتییەکەیان کەوتووەتە سەر زاری خەڵک، کە چۆن بۆ ساتێ لە یەک دانابڕێن. جل، پێڵاو، تۆقەی قژ و هەموو شتەکانی تریان وەک یەک وان، تەنانەت دەگوترێت جووڵەکانی جەستەیان وەک یەکیان لێ هاتوون، بە تایبەتی شێوازی ڕۆیشتنیان، کە نازانرێت کامیان لە کامیانی وەرگرتووە. (دڵاوێر) تەنیا وێنەی ئەو تارمایییەی کێشاوە، هاتووەتە بەر چاوی. بەڵێ، لە دیدی ئەودا هەردووکیان یەک وێنەیان هەیە و ئەویش هیی تارمایییەکەیانە.”.[18]

(پەروین) لەبارەی کوژرانی (یەزدانبەخش)ـی مێردیەوە دەڵێت: ”دوور نییە براکانی خۆی لە هەولێرەوە هاتبن و لێرە بەر خەنجەریان دابێت.”.[19] لە لایەکی ترەوە، ”دوو ژنی ناسیاوی پێیان گوتووە: مێردی بە دەستی کەسوکاری نەکوژراوە وەک خۆی لێی تێگەیشتووە، بەڵکوو دووکاندارێکی دیکەی کورد، کە ناوی (بێژان وەیسی)یە، بە یارمەتیی (گوڵچین مەگروون گرمە)ی ژنی نەخشەکەی کێشاوە و جێبەجێی کردووە، تەنانەت گەیشتوونەتە ئەوەی بڵێن ژنەکە کوشتوویەتی، دەنا (بێژان وەیسی) کەسێکی ترسنۆکە و هیی ئەوە نییە ڕووبەڕووی کەڵەشێرێکی شەڕانی ببێتەوە.”.[20]

لە هەندێک دۆخدا ڤەبێژەر هاوشانی خوێنەر و کارەکتەر لە ڕێی پرسیارەوە بە دوای شتەکاندا دەگەڕێت. (دڵاوێر) لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا لە ڕێی وشەوە، وێنەی (دڵیهان)ـی کێشاوە. ئایا ئەو وێنەیە ڕاستینەیە، یان تەواو لێی جیاوازە؟ خۆیشی نازانێت بۆچی ئەم پرسیارە تا ئەو ڕادەیە دەیترسێنێت. واتە ڤەبێژەر و نووسەریش نایزانن، یان دەیزانن، بەڵام نایانەوێت بە خوێنەری بڵێن.

(ست ژیانەوە) بڕیاری داوە خۆی بکوژێت، بە هەڵکەوت دوو منداڵی ساوا هەڵدەگرێتەوە. ئایا ئەرکی گەورەکردنیان دەگرێتە ئەستۆ؟ یان بە کەسانی تریان دەدات و خۆی دەکوژێت؟ ئایا مرۆڤێک بڕیاری خۆکوشتنی دابێت، تاوان نییە منداڵی ساوا هەڵبگرێتەوە؟ ئایا ڕاستە خۆکوشتن پێوەندیی بە ژیانەوە نییە؟

ساڵیادی لەدایکبوونی (ست ژیانەوە)یە و (ئەسمەهان) دەیگرێتە باوەش و پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایکبوونی لێ دەکات، بەڵام هەمان کاردانەوەی ساڵانی پێشووی نییە. ”ئایا پێوەندیی بە دۆخەکەوە هەیە، یان شتێک لەودا گۆڕاوە؟ خۆیشی نازانێت بۆچی وا چووەتە عەقڵیەوە نایبینێتەوە. لەبەر ئەوە نا، سوپا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشی کردووەتە سەر ئەم شارە، بە ڕادەیەک جگە لە دەنگی بۆمب و هاڕەی فڕۆکە، هیچی دیکە نابیستێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی یەکەمجارە بەو شێوەیە ماڵ جێ بهێڵێت. دەیویست بزانێت ئەو جانتایەی چیی تێدایە، چونکێ بایەخێکی تایبەتی پێ دەدا. شەست ساڵی بە ترس و گومانەوە لەگەڵدا بە ڕێ کردووە، لە کاتێکدا هەموو ئەو ڕابوردووە بە لایەک و ساتی جێهێشتنەکەی بە لایەک. دیسان لە خۆی دەپرسێت ئایا ئەو گۆڕانەی لە سیما و هەڵسوکەوتیدا دەرکەوتووە، پێوەندیی بە دۆخەکەوە هەیە، یان بە ناوەوەی خۆی؟ ئەرێ ویستوویەتی لەم تەمەنەدا بە تەنیا لەناو ئەو مەراقە گەورەیەدا جێی بهێڵێت؟ ئایا سزای داوە و تۆڵەی لێ کردووەتەوە؟ تۆڵەی چی؟ ئەرێ جارێکی دی دەیبینێتەوە؟”.[21]

(دڵاوێر) کاتێ دەبینیت وا دایکی و ئەو ژنە لە بازاڕدا شەڕ دەکەن، نازانێت ببێتە لایەنگری کامیان. ”ئەرێ هیوا دەخوازێت دایکی تێک بشکێت؟ ئەگەر لەو شەڕەدا بیباتەوە، وەک ئازاترین ژنی بازاڕ، بگرە هیی بەغداد دەناسرێت، کە ئەمە مانای ئەوەیە خۆی ئەرکێکی سەختی دەکەوێتە ئەستۆ. هەموو چاوەڕێ دەکەن لە دایکی تێبپەڕێنێت. ئەستەمە بتوانێت بۆکسێک لە یەکێک بدات. دیارە نەک لەبەر ئەوەی توانای نییە، بەڵکوو سەختە بەسەر ئەو هەستیارییەیدا زاڵ ببێت و بهێڵێت جەستەی بەر جەستەیەکی دیکە بکەوێت. کاتێ تۆ بەوە تێک دەچیت سنوور لەنێوان جەستەت و جەستەیەکی دیکەدا هەڵبگیرێت، ئەوسا لێت بدەن، یان لێیان بدەیت، ماچ بکەیت، یان ماچ بکرێیت، بمژیت، یان بمژرێیت، هەمان شتن. دەسا ئەگەر دایکی لەو شەڕەدا بیباتەوە، ئەوە زیان بەم دەگەیەنێت. هەموو پاڵی پێوە دەنێن، تا خۆی ڕووبەڕووی (بێژان وەیسی) و براکانی ببێتەوە. پێویستە دوای ئەوەیش زنجیرەیەک سەرکەوتنی دیکە تۆمار بکات.”.[22]

ئاژەڵ و مەل وەک کارەکتەر

یەکێ لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی فرەدەنگ تێکشکاندنی دەستەڵاتی چەق (سەنتراڵ)ە لە پێناوی کردنەوەی کەناڵی تری جیاوازدا. مرۆڤ لە گەردووندا وا خۆی نمایش دەکات، کە باڵاترین بوونەوەرە. پاساوەکەیشی ئەوەیە عەقڵی بیرکەرەوەی هەیە. دنیای مۆدێرنە زیاتر ئەو خەسڵەتەی مرۆڤی زەق کردووەتەوە و پتر پاساو بۆ ئەو چەقێتییەی دەهێنێتەوە. ڕۆمانی فرەدەنگ لەناو دنیای پۆستمۆدێرندا گەشەی کردووە، بۆیە ئەو تێگەیشتنەی گۆڕیوە، پێی وایە عەقڵ تەنیا لایەنی گەشی نییە، بەڵکوو لە لایەنە تاریکەکەیدا زۆر وێرانکاریی گەورەی لێ کەوتووەتەوە. لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەموو چەقەکان بە لاوە دەنرێن. لێرەوەیە ڕوانین بۆ ئاژەڵ و باڵندەیش گۆڕاوە، تەنانەت زیندەوەرەکانیش لەم گەردوونەدا شوێنیان هەیە.

لە بەرهەمەکانی (کاکەسوور)دا بایەخی بەرچاو بە ئاژەڵ و مەلدا دراوە، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی ببنە کارەکتەر و بەشداری لە بڕیارەکاندا بکەن. ناویان لێ نراوە و چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. لە ڕۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)یشدا ئەو بایەخە بەرجەستەیە. (ست ژیانەوە) پۆلێک مراوی دەبینێت، ”بە ترسەوە لە شەقامەکە دەپەڕنەوە. بەوەدا خێرا ڕا دەکەن، ناوەناوە قاچیان لە بار یەک دەچێت و سینگیان بەو قیرە دەکەوێت. لای ڕوونە لە گەڕەکێکی خوارەوە هاتوون و بێرە گەیشتوون، چونکێ دەزانێت دانیشتووانی (ڕووناکی) بە گشتی پەلەوەر ڕاناگرن. دەشێ باڵندەی وردی وەک کەناری و بلبلی خورما لە هەندێک ماڵدا ببینرێن، بەڵام هیی گەورەی وەک مریشک، قەلەموون، مراوی و قاز زەحمەتە. ڕۆژگارێک مراوییەکانی ئێرە لە بەرزاییدا فڕیون. لەم گۆمەوە بۆ ئەو گۆم چوون. خۆی ئەو دیمەنەی دیوە. دوای ئەوەی شار گۆڕاوە و گۆمەکان پڕ کراونەتەوە، تا خانوویان لەسەر هەڵبچنرێت، ئەوانیش بە ناچاری دەستیان لە باڵیان هەڵگرتووە و متمانەیان کردووەتە سەر قاچیان. باڵ کاتێ باڵە، کە فڕین لە ئارادایە، دەنا بۆ قاچ دەبێتە بارێکی قورس. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دەتەوێت فڕێی بدەیت، مادام ئەوە تەنیا فڕۆکەکانن توانای فڕینیان هەیە.”[23]

ئەو کاتەی (ئامال) بەسەر (دڵاوێر)دا هەڵدەشاخێت، ”پشیلەکە هەڵدەبەزێتەوە و توند پووزی دەگەزێت. ئەو قاچی ڕادەوەشێنێت و دووری دەخاتەوە. ڕاستییەکەی بەوە ناسراوە، کە هەر کەسێک تووڕە ببێت و دەنگی هەڵببڕێت، گاز لەو شوێنەی دەگرێت. پشیلەیەکی دڕە و بەشێکی کاتی لێرە دەباتە سەر. بەیانییەکی زوو بە چاوی خۆی دیویەتی چۆن لەم کۆڵانەدا ڕووبەڕووی مارێکی گەورە بووەتەوە، کە تا نەیکوشتووە، وازی نەهێناوە.”.[24]

قەلەڕەشەکەی (تەیموور باپیرۆ)یش لە ڕۆمانەکەدا ڕۆڵی پێ دراوە. ئەو پیاوە قەلەڕەشێکی ڕاهێناوە لەسەر شان و دەستەکانیدا هەڵبنیشێت. وای لێ هاتووە بۆ هەر شوێنێ دەچێت، دوای دەکەوێت. دەڵێن بە بێچوویی هەڵیگرتووەتەوە و گەورەی کردووە. کاتێ هاتووەتە بەغداد، لەگەڵ خۆیی هێناوە. ئەو مەلە بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکێکی زۆر بیناسن. لە (ڕۆمانی شکستەکانی بنەماڵەی شادماڵ)دا ژمارەیەکی بەرچاو مەل و ئاژەڵ هەن، کە کاریگەریی زۆریان لەسەر ڕووداوەکاندا هەیە. مارەکانی هەردوو گەڕەکی (ڤ…ڵ) و (زەنگۆڵ). کۆترەکانی (سۆزرەت کۆترەوان)، کۆترەکانی (کەیئەزدیا شادماڵ)، مارەکەی (دڵڤین مارەوان)، (ڕزگۆ)، تووتکەسەگەکەی (میدیا) و زۆری تر.

بایەخدان بە زمان و کولتووری جۆراوجۆر

ڕۆمانی فرەدەنگ بەو خەسڵەتە شلەی هەیەتی، سنووری نێوان کولتوور و زمانەکان کاڵ دەکاتەوە. دەرکەوتنی هەر جیاوازییەک لە ڕەنگی پێست، جلوبەرگ، شێوازی پۆشین، شێوازی ئامادەکردنی خۆراک، شێوازی قسەکردن و هیی تر دەبێتە هۆی تێکشکانی چەق و کردنەوەی کەناڵی تری جیاواز. لە بەرهەمەکانی (کاکەسوور)دا کۆمەڵێک نەتەوە، کولتوور و زمانی جیاواز هەن، تەنانەت لە ناو کولتووری کوردیدا ئەو جیاوازییانە تیشکیان خراوەتە سەر. لەم ڕۆمانەدا جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی ئینگلیزی، هیندی و هیی تریش هەن. جوو و مەسیحییەکان لە پاڵ موسوڵماندا بوونیان هەیە و جیاوازییەکانی خۆیان دەردەبڕن. ئەوانەی یەکەم شانەی کۆمۆنیستیی عێراق پێک دەهێنن، بریتین لە سێ کورد، دوو عەرەب، مەسیحییەک و جوویەک. سێ کچ و چوار کوڕن. بازاڕ پڕە لە دووکاندار و بازرگانی جۆراوجۆر. هێنانی کارەکتەری واقیعیی وەک (زەکیە جۆرج) و (ساڵح کوەیتی)، کە دوو هونەرمەندی ئەو سەردەمەن و تێکهەڵکێشی خەیاڵ کراون، زیاتر دەقەکەی بەرەو کرانەوەیی بردووە. چیرۆکی (زەکیە جۆرج) کاریگەرە. ژنێک حەلەب جێ دەهێڵێت و دێتە بەغداد، تا گۆرانی بڵێت. ناوی دەگۆڕێت، نەبادا بناسرێتەوە، تێکەڵی چیرۆکی (پەروین) و (یەزدانبەخش) دەبێت، کە ئەوانیش هەم لە شاری خۆیان ڕاو نراون و هەم ناویشیان گۆڕیوە، بۆ ئەوەی کەسوکاریان نەیانناسنەوە. ڕۆمانی فرەدەنگ لە ڕێی چیرۆکی جیاوازی کارەکتەرەکانەوە بە هەموو لایەکدا دەکشێت و لەو کشانەدا چەق دەستەڵاتی نامێنێت. ئاڕاستەی جیاوازی تێدا دێنە دی و هەر یەکەی بایەخی تایبەتی هەیە.

تێکشکاندنی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام

نەمانی چەق و کردنەوەی کەناڵی تری جۆراوجۆر لە ڕۆمانی فرەدەنگدا مانای تێکشکانی پرینسیپی هۆکار و ئەنجامە، کە وەک ئەوە وایە  پرینسیپی سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییش هەڵبگیرێت. زۆریی ئەو هەموو توخمە وا دەکات گەلێک ئاڕاستەی جیاواز دەربکەون، کە ناکرێت سەرەتایان بدۆزینەوە، چونکە بەپێی پلانی پێشوەختە ناجووڵێن، بەڵکوو هەر لە خۆیانەوە ڕێ دەکەن. نەمانی گرێچن (پلۆت)یش لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەر پێوەندیی بەم ئاڕاستە جیاوازانەوە هەیە. دەق بە هەموو لایەکدا دەکشێت و بەردەوام سەرەتای تر دەدۆزێتەوە. لەو گەڕەلاوژەیەدا هۆکارەکان دیار نامێنن و هەر ئەنجامێک بۆ هۆکار دەگۆڕێتەوە. ئەو پرۆسێسە وەستانی نییە. لەبەر ئەوەیشە توخمی ناکاوی لەم شێوازەی ڕۆماندا بایەخی بەرچاوی پێ دەدرێت. ئەوەیش وا دەکات ڕۆمانی فرەدەنگ ناتەواو بێت. خوێنەر دەتوانێت لە هەر ئاڕاستەیەکدا ئاڕاستەی تر بگرێت و چیرۆکە ناتەواوەکان درێژ بکاتەوە. بوارێک بۆ ئەوە نامێنێتەوە حوکم دەربکات، بەڵکوو دەبێت پەنا بۆ ڕاڤەی بەردەوام ببات. لە بەرهەمەکانی (کاکەسوور)دا ئەم شێوازە بایەخی پێ دەدرێت و بە شێوەی تیۆرییش باسی لێوە کردووە. لە ڕۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)دا گێڕانەوە خۆڕسکانەیە و بە هەموو لایەکدا درێژ دەبێتەوە. هیچ چیرۆکێک تەواو نابێت، هەر چیرۆکێک دەبێتە ئەڵقەیەک بۆ دروستبوونی کۆمەڵێک چیرۆکی تر، بێ ئەوەی ئەوانیش تەواو ببن و لە کشان بکەون. توخمی ناکاوی بەردەوام ڕووبەڕووی خوێنەر دەبێتەوە. دیارترین نموونەی توخمی ناکاوی لەو کاتەدا دەردەکەوێت، کە دەیانەوێت یەکەم شانەی کۆمۆنیستی پێک بهێنن. ئەو (دڵاوێر)ەی بە ناسک و دوورەپەرێز ناسراوە، کەچی یەکەمین کۆبوونەوە لە ماڵەکەیدا دەکرێت و هەر خۆیشی یەکەمین بەیان دەنووسێت. پێشتریش کاتێ پاسەوانانی ئەفسەر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی و (ئامال)یان بردووە، ئەو ڕووبەڕوویان بووەتەوە و یەکێکیانی خەڵتانی خوێن کردووە، تەنانەت گیراوە. ئینجا ئەو هەر خۆی بە چەند خاڵێک ئەو ناکاوییەی دیاری کردووە:

یەکەم: بوونی (دڵیهان) و (ئەسمەهان) لە ماڵەکەیدا، کە هەمیشە وای زانیوە ئەوان دژین، چونکە دایکی (دڵیهان) لە شەڕدا دایکی ئەوی خنکاندووە و ئەویش بە دەستی (لەیلا)ی خوشکی کوژراوەتەوە. (ئەسمەهان)یش نزکترین دەستەخوشکی (دڵیهان)ـه.

دووەم: ”کاتێ (دڵاوێر) بەیانەکە دەداتە (سمکۆ پەنگرگر)، تا بۆ ئەندامانی بخوێنێتەوە، بەو مەبەستەی ئەگەر هەر یەکێکیان سەرنجی هەیە، دەریببڕێت، ئەو چاوانی زەق دەبنەوە و ماوەیەک جووڵەی لێ دەبڕێت. دوایی بۆی دەگەڕێنێتەوە و دەپرسێت: (بە کوردی نووسیوتە؟ بە کوردی؟)… بەڵێ، بە کوردی نووسیویەتی. دەسا لە بیری نەبووە، کە (سمکۆ پەنگرگر) مادام بە عەرەبی خوێندوویەتی، کوردی نازانێت.”.[25]

سێیەم: (دڵیهان) بەیانەکە لە (دڵاوێر) وەردەگرێت و خۆی دەیخوێنێتەوە. هاوکات بۆیان وەردەگێڕێت. کچێک باوانیشی لە کوردستان لە دایک نەبوون، بەڵام کوردی دەزانێت، چاوەڕواننەکراوە.

چوارەم: (دڵیهان) شیعرەکانی (دڵاوێر)ی پێ گەیشتوون و خوێندوونیەتییەوە. ”(دڵاوێر) لای سەیرە و لە خۆی دەپرسێت لە چ ڕێیەکەوە ئەو کچە شیعری ئەوی دەست کەوتووە، تا بیخوێنێتەوە، بگرە لە بەری بکات؟”.[26]

توخمی ناکاوی بۆ نموونە لەوەیشدا دەردەکەوێت، کە لە لاپەڕەکانی کۆتاییی ڕۆمانەکەدا دەزانین (مازن وازن) بووەتە ئەندامێکی دیاری پارتیی کۆمۆنیست و گیراوە. ئینجا بۆ خوێنەر دەردەکەوێت، کە بووەتە هاوسەری (هالە)ی خوشکی (دڵاوێر).

پارۆدی  (Parody)

یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی فرەدەنگ. ”بریتییە لە لاساییکردنەوەیەکی گاڵتەئامێزی ئایدیۆلۆجیایەک، یان کەسێک، یاخود گرووپێکی کۆمەڵگە. بەم شێوەیە دەنگی ئەوانە بە تێکشکاوی دەهێنێت. واتە ئاستێکی دیکەی زمان دەردەکەوێت، بەوەی لە لاساییکردنەوەدا شێوازی قسەکردن و نیشانەکانی تریان دەگۆڕێن، چونکە گاڵتەیان پێ دەکرێت.”.[27] ”(پارۆدی) کاتێ دەردەکەوێت، کە شێوازێکی تری نوێی بیرکردنەوە و هیی دەربڕین هەن، چونکێ زمان و تێگەیشتنی کۆمەڵگە تێپەڕێنراون، بگرە کەوتوونەتە بەر توانج و ڕەخنە.”[28].

لە ڕۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)دا بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم توخمە دەبینەوە، کە گاڵتە بە بۆچوون و هەڵسوکەوتەکان دەکرێن. (هانا ئیلۆن) بە (سمکۆ پەنگرگر) پێدەکەنێت، ”کاتێ بەم چەند وشەیە (بە ناوی سۆڤیەت، لینینی مەزن و شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەردەوام) دەست پێ دەکات، ئەو پێدەکەنێت، بەڵام خێرا دەیشارێتەوە. دەسا (دڵاوێر) خۆی ئەو قەشانەی دێنەوە بەر چاو، کە لە بۆنەکاندا خاچ هەڵدەبڕن و دەڵێن: (بە ناوی باوک، کوڕ و گیانی پیرۆز، یەک خودای تاک و تەنیا… ئامین). ئینجا خۆی و (سمکۆ) لەگەڵ (یووسف تۆما)ی هاوپۆلیان، کە ئەوەتە ئەندامێکی دامەزرێنەری شانەیە و لێرەیە، چوونەتە کەنیسە، بەوەی (ماریا)ی دایکی لەوێدا پیانۆژەنە. هەر بە ڕاستی پێشەکییەکەی (سمکۆ پەنگرگر) مرۆڤی دەهێنایە پێکەنین، بە تایبەتی، کاتێ گوتی: (سڵاوت لێ بێت، سۆسیالیزم! لامان ڕوونە ئێستا دەنگمان نابیستیت، تا وەڵاممان بدەیتەوە، بەڵام سڵاوی شۆڕشگێڕی وایە. سەرەتا نابیسترێت، بەڵکوو دوای ئەوەی دەتەقێتەوە و گرمە لە شاخ، لە دۆڵ، لە ڕووبار، لە دارستان، لە کانی و لە هەور هەڵدەستێنێت، ئینجا گوێی هەمووان پڕ دەکات.”.[29]

ناونیشان

ناونیشان لە ڕۆمانی فرەدەنگدا بایەخێکی گەورەی هەیە، چونکە وەک ئاماژەم پێ کرد لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز پێک دێت. چۆن ناونیشانێک بە تەنیا بتوانێت ئەو هەموو ئاڕاستەیە لە خۆی بگرێت؟ چۆن نەبێتە ئاماژەی زەق و بە شێوەی ڕاستەوخۆ مانا شاراوەکان دەرنەخات؟ چۆن ببێتە دەرەوازەیەک و لێیەوە بچینە ناو دەقەکەوە؟ چۆن لایەنی ئیستاتیکیی دەق بپارێزێت؟ لەبەر ئەوەی سنووری نێوان ئەدەب و فەلسەفە کاڵ بووەتەوە، ناونیشان لەوە دەرچووە بە زەقی دەربکەوێت و ئاشکرا بێت، بەڵکوو ئاماژەدار و فرەئاڕاستەیە. ناڕاستەوخۆیە لە گەیاندنی مانادا. لێرەیشەوە بێژمار مانای دیکەی دەبن. دال چەسپاو نییە، بەڵکوو ئاماژە بە مەدلوول (signified)ی تر دەدات. (کاکەسوور) جاری وا هەیە زیاتر لە ناونیشانێک هەڵدەبژێرێت، بۆیە لێرەیشدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێشتر ڕۆمانەکە ناوی (ژنە مەلەوانەکە) بووە. نایشارمەوە، ئەگەر (ژنە مەلەوانەکە) ناونیشانی ڕۆمانەکە بووایە، ساناتربوو تا لە بارەیەوە بدوێم.

(پەنجەرەکان) دەشێ ئەندامانی شانەی (مەشخەڵی سوور: الشعلة الحمراء) بن. (ماڵ)ـیش شانەکە. بۆچی ناتەواوە؟ لەبەر ئەوەی (شانە)کە نەگەیشتە ئامانجێکی دیاریکراو. لە حەفت ئەندامەکە چواریان بڕیاری سێدارەیان بۆ دەرچوو. (پەنجەرەکان) لەوانەیە (پاژ)ەکانی ڕۆمانەکە بن. (ماڵ)ـیش، ڕۆمانەکە. ئەدی بۆچی ناتەواوە؟ چونکێ نووسین خۆی پڕۆسێسێکی ناتەواوە. (پەنجەرەکان) ڕەنگە بیرەوەرییەکانی (دڵاوێر)بن. (ماڵ)ـیش دەفتەری بیرەوەرییەکان. ناتەواون، چونکێ تەنیا نۆیان ماون و ئەوانی تر ونن. تەواوی بیرەوەرییەکانی (دڵاوێر)مان لە بەردەستدا نییە. (پەنجەرەکان) دەکرێت ئەو (دوو منداڵە ساوا)یە بن، کە (ست ژیانەوە) هەڵیگرتنەوە. (ماڵ)ـیش، (ست ژیانەوە) خۆی. لەبەر چی ناتەواوە؟ ست ژیانەوە بڕیاری نەداوە، ئایا ئەرکی گەورەکردنیان دەگرێتە ئەستۆ، یان بە هیی تریان دەدات و خۆی دەکوژێت؟

ـــــــــــــــــــــــــــــــ


[1] کاکەسوور، کاروان عومەر، پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو، (٢٠٢٤)، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، زنجیرەی کتێب (٥٢)، چاپی یەکەم، دانیمارک

[2] کاکەسوور، کاروان عومەر، ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی، (٢٠٢٤)، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، زنجیرەی کتێب (٥٤)، چاپی یەکەم، دانیمارک، ل. ١٣٩_١٤٠

[3] هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ١٤٢

[4] هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ١٧٥

[5] کاکەسوور، کاروان عومەر، شکستەکانی بنەماڵەی شادماڵ (مێژووی ئەو بنەماڵەیە لە سۆزرەت کۆترەوانەوە تا دڵڤین مارەوان)، (٢٠٢٤)، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، زنجیرەی کتێب (١٢٣٨)، چاپی یەکەم، سلێمانی، ل. ٣٦

[6] کاکەسوور، کاروان عومەر، پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو، ل. ٧

[7] کاکەسوور، کاروان عومەر، پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو، ل.١٧

[8] کاکەسوور، کاروان عومەر، پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو، ل. ١٥٢

[9] کاکەسوور، کاروان عومەر، پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو، ل. ٥٣

[10] هەمان سەرچاوە، ل. ٣٥_ ٣٦

[11] هەمان سەرچاوە، ل. ١٥٣_١٥٤

[12] هەمان سەرچاوە، ل. ٥٠

[13] هەمان سەرچاوە، ل. ١٥٦_١٥٧

[14] هەمان سەرچاوە، ل. ١٣٩_١٤٠

[15] هەمان سەرچاوە، ل. ١٧

[16] هەمان سەرچاوە، ل. ١١٤

[17] هەمان سەرچاوە، ل. ١١٧

[18] هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠_٧١

[19] هەمان سەرچاوە، ل. ٢٨

[20] هەمان سەرچاوە، ل.٣١

[21] هەمان سەرچاوە، ل. ١٩٤

[22] هەمان سەرچاوە، ل. ٥١

[23] هەمان سەرچاوە، ل. ٢١_٢٢

[24] هەمان سەرچاوە، ل. ١٣٥_١٣٦

[25] هەمان سەرچاوە، ل. ١٥٦

[26] هەمان سەرچاوە، ل. ١٥٧_١٥٨

[27] کاکەسوور، کاروان عومەر، ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا، (٢٠٢١)، بڵاوکراوەی کۆمەڵگای پەروەردەیی مارگرێت، چاپی یەکەم، ل. ٣٧

[28] ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی، ل. ١٠٦

[29] پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو. ل. ١٦١