ڕۆمان و ڕێئالیزمەکانی

ڕایەکی زۆرخواز ده‌ڵێ: “ڕێئالیزمی ئەده‌بی مومکین نییه و ناکرێ به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ بێت”. سه‌ره‌تا با واز  له‌م ڕووانەیە بێنین و ڕێئالیزم وەک ‌هەوڵدان بۆ  له‌خۆگرتنی “لانیکه‌م”ی واقیع وه‌ربگرین.

“ئییان وات” پێی وایە ئەوەی ڕۆمان لە هەموو فۆرمه پێشووه‌کانی گێڕانه‌وه جیا دەکاتەوە، پابەندبوونی بنەڕەتی و هەمیشەییی ئەوە بە ڕێئالیزمه‌وه. ڕۆمان هه‌ر لە سەرەتاوە مه‌یلی سه‌ره‌کیی خۆی بۆ نیشاندان و‌ ڤەنواندنه‌وه‌ی (بازنمایی) ئەزموونی ژیانکردی تاکەکەسی و مێژوویی، نیشان داوه. هەر ئەم تایبەتمەندییە لە حه‌ماسه، ڕۆمانس و ئەدەبیاتی تەمسیلی جیای دەکاتەوە و به واقێع و ڕێئالیزمه‌وه ده‌یبه‌ستێته‌وه. که‌واته به‌م مانایه ڕێئالیزم ته‌نها مەکتەب و ڕێبازێکی دیاریکراو نییە و سێبەرئاسا پێوەی نووساوە. بۆ من ناسه‌لمێ، بەڵام ئادۆرنۆ پێی وایه “ڕێئالیزم لە دڵی ڕۆماندایە؛ تەنانەت ئەو ڕۆمانانەی کە مامەڵە لەگەڵ جیهانی خەیاڵیدا دەکەن، هەوڵ دەدەن ناوەڕۆکیان بە شێوەیەک بخەنەڕوو کە هەستێکی ڕێئالیان لێ دەربکێشرێت”. هەرچۆن بێت ئەو ڕێئالیزمه‌ی کە لە ژانری ڕۆماندا ئامادەیە، چ وەک خسڵەتێکی زاتی و جه‌وهه‌ری بیچمی گرتبێت یان وەک گۆڕانێکی مێژوویی لە پێکهاتنی سوژەی گێڕەوەر و شێوازی بینین و گێڕانەوەی جیهان، شکڵی گرتبێت، (واته له ئەنجامی مێژووییی جۆرێک لە سوژه‌مه‌ندییه‌وه،) ستراتیژی جیاوازی لە پێوەندیی ده‌ق لەگەڵ واقیعدا پێڕەو کردووه. ئەم ڕێئالیزمه مانا سه‌ره‌تایییه‌که‌ی لای فیلدینگ‌ و دێفۆ و پاشان مانا ناسراوه‌که‌ی لای ستاندال و باڵزاک ده‌بینرێت.

‎کاتێک مۆدێرنیزم، ڕێئالیزمی عەینی و دەرەکیی باڵزاکی، بە تێکشکاو و تەنانەت نامومکین دەزانێت، پشت له ڕێئالیزم‌ هه‌ڵناکات، لە ڕاستیدا بەدوای جۆرێکی دیکەی ڕێئالیزمدا دەگەڕێت.  مۆدێرنیستەکان درزێکی پان ده‌بینینن له نێوان ده‌ق و واقیعدا. لێرەوە داڵغه‌ی ڕێئالیزم لە ئاستی دەرەکییه‌وه، بۆ ناوەوەی زه‌ین و هۆشی مرۆڤ ده‌گوازنه‌وه. ئادۆرنۆ و که‌سانی دیکه، ئەمه بە نیشانەی فراوانبوونی خودئاگاییی تاک و داڕمانی سنوورە کۆنەکانی ڤەنواندنه‌وه دەبینن نه‌ک‌ ده‌ستکێشانه‌وه لە ڕێئالیزم.

‎لە بەرهەمی مۆدێرنیستەکانی وەک جۆیس و وۆڵف،  واقیعی ناوەکی و زه‌ینی، جێگەی واقیعی عه‌ینی و کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، یان با بڵێین واقیع ئاوێته‌ی زه‌ین ده‌بێت. بۆیە، ئادۆرنۆ و دیکه‌ی لایه‌نگرانی مۆدێرنیزم، بە پێچەوانەی لوکاچ، باوەڕیان وایە تەنانەت لە بەرهەمەکانی کافکا و بێکتیشدا دەتوانرێت جۆرێک لە «ڕێئالیزمی نێگەتیڤ» یان «ڕێئالیزمی نەرێنی» ده‌ربهێنرێت، ڕێئالیزمێک کە نەک لە نواندنه‌وه و نیشاندانی ڕاستەوخۆی جیهانی عەینی، بەڵکوو ڕێک لە نیشاندانی کەلێن، ڕووخان و بێماناییی ئەو جیهانه‌وه پێکدێت. لای ئادۆرنۆ و مۆدێرنیستەکانی تر، جیهانی مۆدێرن ئەوەندە بێ مانا بووەته‌وه کە تاکە فۆڕمی ڕاستگۆیانه، نیشاندانی ئەو بێمانایییە‌یه. ئەمەش “ڕێئالیزمی نەرێنی”یە، ڕێئالیزمێک کە نەک بە نواندنه‌وه‌ی ئاوێنه‌یی و ڕاستەوخۆی واقیع، بەڵکوو بە نیشاندانی داڕمان و هەڵوەشانەوەکەی پێبه‌ندی ڕێئالیزم ده‌بێت. لەم بۆچوونەدا، بەرهەمی مۆدێرن بە ملبادان له ڤەنواندنه‌وه، ڕاستی و واقیع لە ڕێگەی غیاب و دابڕانه‌وه ده‌رده‌خات؛ واتە خودی بێمانایی، وەک ڕاستیی مێژوویی  و بابه‌تی ڕێئال دەردەکەوێت.

‎بەپێی ئەم لۆژیکە، ته‌نانه‌ت ڕۆمانی پۆستمودێرنیش مه‌یلی بۆ ڕێئالیزم له‌ناو ناچێت، بەڵکوو بەرەو ئاستی زمان و تێکست ده‌یبات، واته واقیع به زمانه‌وه ئالووده و ئاوێته ده‌کات. لەم قۆناغەدا که ڕێئالیزمی عه‌ینی و زه‌ینی، زمانمه‌ند ده‌بێت، ئیتر واقیع نە لە جیهانی دەرەوە و نە لە زه‌ین و  هه‌ناوی تاک، بەڵکوو لە خودی کردەی گێڕانه‌وه و لە یاریی زمانیدایه دروست دەکرێت. بۆیە، به‌پێی بۆچوونی وات، ڕۆمان لە هەموو چه‌شنه مێژوویییەکانی خۆیدا ڕێئالیزم و مه‌یل به «واقیع»ی پاراستووه؛ گه‌رچی پێناسە‌ی ڕێئالیزم و واقیع بەردەوام گۆڕڕاوە؛ لە نواندن و نیشاندانی جیهانی دەرەکییه‌وه، بۆ نیشاندانی زه‌ین، لە ئێسته‌شدا بۆ نواندنه‌وه و‌ نیشاندانی خودی نیشاندان.